Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ئیسماعیل بێشکچی له‌به‌رده‌م نۆبڵ یان دادگا؟؟

ئیسماعیل بێشکچی له‌به‌رده‌م نۆبڵ یان دادگا؟؟

Closed
by August 11, 2010 گشتی

 هه‌میشه‌ بۆپشتیوانیکردن له‌دۆزی سیاسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک جگه‌ له‌هه‌ڵخڕاندنی ڕای ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکراو ،پشتیوانیکردن و نوسین و ووتاره‌کانی ڕۆشنبیران ونوسه‌رانی  نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌بێته‌ هاوپشتی و پشیوانی باوه‌ڕپێکراو له‌ ناو ده‌زگاو مه‌حفه‌له‌نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا . کورد له‌ قه‌ده‌ری  نه‌ته‌وه‌و جوگرافیایه‌کی  داگیرکراودا پێویستی یه‌کجار زۆری به‌م پشتیوانییه‌ له‌ نوسه‌ران  و ڕۆشنبیران وئه‌کادیمیانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی  هه‌بووه‌  و هه‌یه‌.

ئیسماعیل بێشکچی  یه‌کێک له‌نوسه‌ر وئه‌کادیمیسته‌ ڕاستگۆکانی جیهان به‌هۆی نوسینی وتارێکی له‌سه‌ر مافه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و کورد  له‌ تورکیا له‌م مانگه‌دا  ڕاپێچی دادگا کرا وته‌ئێستا دۆسییه‌که‌ی به‌کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ ،ئه‌م ڕاپێچکردنه وه‌ستانه‌وه‌ی ڕژێمی ئه‌مڕۆی تورکیامان پێده‌ڵێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ونوسه‌ره‌ بوێر وجه‌سورانه‌ی  به‌ده‌سه‌ڵاتی هاونه‌ته‌وه‌کانی خۆیان ده‌ڵێن نه‌ته‌وه‌و گه‌لێک له‌م ووڵاته‌دا  نابه‌رابه‌ری و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌کرێت.

بێشکچی هه‌مووجارێک له‌نووسین وئه‌نته‌رڤیوکانیدا  ئه‌وسیگناڵه‌ی به‌ووڵاتانی ناوچه‌یی داوه‌ که‌ پێویسته‌  به‌خۆداچوونه‌وه‌ له‌هزری نه‌ته‌وه‌چێتی و نکوڵیکردن له‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک  بکه‌ن  که‌ چوارهه‌مین نه‌ته‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ ،که‌ڕه‌گه‌زه‌کانی خاک ،گه‌ل،ڕووبه‌ری جوگرافیایی،زمان و  مێژوو و که‌ڵچه‌ڕی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و ناکرێ له‌وه‌زیاتر خۆمان له‌گێلی بده‌ین، بێشک تاهه‌نوکه‌ ئه‌م عه‌قڵ وبیرکردنه‌وه‌ لۆژیکیانه‌ی ڕێزدار بێشکچی و هاوهزره‌کانی لای ڕژێم وپیاوانی سیاسی و بڕیاربه‌ده‌ستی ووڵاتانی ناوچه‌که‌  چه‌که‌ره‌ی نه‌کردووه‌ و نه‌بووه‌ته‌ به‌شیک له‌که‌ڵچه‌ڕی سیاسی و ئینساندۆستی بۆ پێکه‌وژیانی هه‌مووان.

 له‌ساڵی 1990 له‌ دیمانه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا   یه‌کێک له‌سه‌رکرده‌کانی کورد له‌ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی تورکیا ده‌ڵێت ئه‌و دیموکراسییه‌ی له‌تورکیادا هه‌یه‌ له‌ عێراقدا هه‌بووایه‌،(واته‌ کوردستانی  باشوور ) هه‌رگیز ئێمه‌ خه‌باتی چه‌کداری و شه‌ڕه‌ته‌قه‌مان  نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چه‌ندمانگ دوای  ئه‌م دیمانه‌یه‌ ئیسماعیل بێشکچی کتێبه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی (کوردستان کۆڵۆنێکی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ) بڵاوده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی پڕ ویژدان وڕیالیستیانه‌یه‌ له‌ گۆشه‌نیگای  نوسه‌رێکی عه‌قڵانی  تورک ‌ که‌به‌لۆژیکی  عه‌قڵ  هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ باری ئابووری و سیاسیی وکۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لێکی  کۆلۆنیالکراو ده‌کات.

له‌وکاته‌دا و له‌ ئه‌مڕۆشدا  هیچ کوام له‌ هێزو ڕه‌وته‌ سیاسییه‌کانی عه‌ره‌بی عێراق ، ڕژیمی  سوریای عه‌ره‌بی و کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیای نیوه‌عه‌لمانی و ئیسلامی ئه‌مڕۆدا  ناتوانن له‌ به‌رامبه‌ر ناونیشانی ئه‌وکتێبه‌دا(کوردستان کۆڵۆنێکی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ) بۆچرکه‌یه‌ک   ئارامبگرن و تووشی  هیستریای سیاسیی  نه‌بن و خاوه‌نی ئه‌و ناونیشانه‌ش نه‌ خه‌نه‌ چوارگۆشه‌ی ده‌ستی  ده‌ره‌کی وبه‌کرێگیراوی ،که‌ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی و دیوه‌ ڕیالیزمییه‌که‌ی بوێری  و ڕاستگۆیی  بێشکچی و هاو هزره‌کانییه‌تی.له‌کاتێکدا هه‌رچوار ووڵاتی ناوچه‌یی که‌ کورد له‌گه‌ڵیاندا له‌ململانێی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی دایه‌   به‌فاکته‌ری کێشه‌ی ئابووری وناسه‌قامگیری سیاسی و قه‌یرانی ئه‌تۆمی و کێشه‌ی هاونیشتمانی له‌به‌رده‌م ده‌رگایه‌کی کڵۆم دراودا وه‌ستاون .

به‌ڵام وه‌ک نوسین و تێزه‌کانی  ئیسماعیل بێشکچی   به‌ گوێی ئه‌وڕژێمانه‌ ده‌دات ،تاکه‌ فاکته‌ر و ڕێگه‌چاره‌ بۆژیانێکی باشتر بۆهه‌موان و ئابوورییه‌کی  به‌رزو ئاسایشێکی سه‌قامگیرله‌ناوچه‌که‌و ووڵاته‌کانیان، دانپێدانان وباوه‌ڕهێنانه‌ به‌مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی وسیاسییه‌کانی  نه‌ته‌وه‌ی کورد. که‌واته‌نوسه‌ری مه‌زن و ڕاستگۆ له‌تورکیا ڕژێمی سیاسی  ئه‌و ووڵاته‌ی خستۆته به‌رده‌م  ئیحراجییه‌کی زۆر بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ی سیاسی و مێژوی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌و نکوڵیکردن له‌مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیی ودیموکراسییه‌کانی  گه‌لێکی ده‌یان ملێۆنی.

 نیو سه‌ده‌یه‌  بێشیکچی ژیانی ئه‌کادیمی خۆی بۆ دۆزی کورد ته‌رخان کردووه‌. هیچ کاتێک پارچه‌کانی کوردستانی لێک جیانه‌کردۆته‌وه‌و دانیشی به‌وسنوره‌ده‌ستکردانه‌شدا نه‌ناوه‌ و هه‌میشه‌ ده‌ڵێت که‌ مافی ڕه‌وای کورده‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت. تائه‌مڕۆکه‌ به‌تاوانی پشتگیری له‌ کورد حوکمی سه‌دان ساڵ سزای به‌ندکردنی بۆ ده‌رکراوه‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وهه‌ڵوێستانه‌ چه‌ندین  ساڵ ژیانی خۆشی له‌زینداندا به‌سه‌ربردووه.

کورد له‌باشوری کوردستاندا له‌م دیفاکتۆسیاسییه‌ی ئه‌مڕۆدا  ده‌کرێت وه‌ک پاداشت  ده‌زگایه‌کی  چاپه‌مه‌نی گه‌وره‌ و سه‌نته‌ری  لێکۆڵینه‌وه‌  له‌به‌رڕۆشنایی تێزو هزره‌کانی بێشکچی دا  بۆ په‌ره‌دان به‌ دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیان به‌ناوی ئیسماعیل بێشکچی یه‌وه‌ دابمه‌زرێنێت ،چوون بێشکچی به‌قه‌ڵه‌مه‌ بویره‌که‌یه‌وه‌ ئه‌که‌دیمیانه‌و جه‌سورانه‌ له‌پٍٍٍٍٍٍٍٍِِِشت دۆزی کورده‌وه‌ وه‌ستاوه‌و له‌مێژه‌ به‌هه‌رچوار ووڵاتی ناوچه‌یی ده‌ڵێت ئه‌وها هه‌نگاونانی سیاسی به‌رخوردی ووڵاتێکی  کۆلۆنیال و داگیرکاره‌،بیرله‌ڕێگه‌چاره‌ی دیموکراسی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌کان بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌نه‌وه‌..  له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌م هه‌ڵوێستانه‌ جارێکی تر ده‌وڵه‌تی تورکیا  له‌ 28/7/2010 بێشکچی ده‌کێشرێته‌وه‌ ناودادگا.به‌ڵام ئاینده‌ وه‌ڵامێکی تر ده‌ست سیاسییه‌ توندڕه‌وه‌کان ده‌که‌وێت له‌تورکیا ئه‌ویش خه‌ڵاتکردن وبه‌جیهامی بوونی  ڕاستگۆیی  بێشکچی یه‌ له‌سه‌رئاستی جیهاندا،بۆبه‌رگریکردن له‌مافی نه‌ته‌وه‌کان  تائاستی نزیک بوونه‌وه‌ له‌ خه‌ڵاتی نۆبڵ،وه‌ک  چه‌ندساڵ پێش به‌خه‌ڵاتکردنی نوسه‌ری تورک ئۆرهان پامۆک بینیمان ،به‌ڵام عه‌قڵیه‌ته‌ دۆگماو توندڕه‌وه‌کان له‌ ووڵاته‌ توشی شۆک و هستریابوون، بۆیه‌ هه‌موومان له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وڕۆژه‌داین که‌بێشکچی یه‌کێک له‌خه‌ڵاته‌کانی نۆبڵ وه‌ربگرێت، دیموکراسیخوازو ئازادایخوازه‌کانی کورد وناوچه‌که‌ پیرۆزبایی لێبکه‌ین و نه‌ته‌وه‌چییه‌کانیش  توشی شۆک و هستریابن

 

فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید

faraidun_73@hotmail.com

ئه‌م وتاره‌ له‌ژماره‌  651 ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی دا  بڵاوکراوه‌ته‌وه‌
نووسه‌ر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.