
وڕێنه‌ی ئایدیۆلۆژیی یان شۆڤینیزمی سۆرانیی!
کامیار سابیر
“شۆڕشه‌کان وه‌ک دره‌ختن، به به‌روبوومه‌کانیاندا باشیی و خراپییان ده‌رده‌که‌وێ”
Ignazio Silone
ئه‌م وتاره هه‌وڵده‌دات، ته‌شه‌ره ئایدیۆلۆژییه‌کانی کاک ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له‌مه‌ڕ زمانی فه‌رمیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ته‌ته‌ڵه بکات. ماوه‌یه‌که ناوبراو زنجیره وتارێک ده‌نووسێت و له‌ژێر سه‌ردێڕی” شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی” له (ژماره‌ی 24ی هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگ که ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ده‌ریده‌کات 31/03/2010) بڵاکراوه‌ته‌وه که به‌پاره‌ی بودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستان چاپ ده‌کرێت و به مفت ده‌به‌خشرێته‌وه. له نووسینی ئه‌کادیمییدا له‌خۆوه به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌مکانه جۆرێکه له‌جوێندان( سلێمانییانه جنێو). ناوبراو هه‌ر سه‌ردێڕی وتاره‌که‌ی جوێندانه‌و سووکایه‌تیی به زمانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی و پۆسته ئه‌کادیمییه‌که‌ی خۆیشی ده‌کات.
زۆرکه‌س بۆچوونه ناواقیعیی و نازانستیی و نازمانه‌وانییه‌کانی ئه‌ویان شرۆڤه کردووه و شێرپه‌نجه‌ی دووستانده‌ردیی و چه‌ندستانده‌ردییان له‌زمانی کوردییدا به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه داوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره ده‌ڵێی کورده نامووسیی ده‌کات، نه‌ک به‌سه‌ر خۆی ناهێنێ به‌ڵکو تادێت کرۆکی بابه‌ته‌که زیاتر ده‌جه‌ڕێنێ و له ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمدا زیاتر ده‌یخوسێنێته‌وه و بوختانیش بۆ هه‌موو ئه‌وانه ده‌کات که داوایه‌کی زۆر عه‌قڵانییان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کرد بۆ به‌فه‌رمییناسین و ساغکردنه‌وه‌ی زمانی کوردیی له‌کوردستانی عێراقدا، به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له‌هه‌موو زاراوه‌کانی تر و گرینگییدان به زاراوه‌کانی تر له ئینستیوته‌کاندا، داواکارییه‌کان که له دوو خاڵدا کۆکرابوونه‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک جێگه‌ی تۆمه‌ت دروستکردنی تێدا نابێته‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێ کۆمۆنیستی فه‌ناتیک، تۆمه‌تی شۆڤینیزمی سۆرانیی و فاشیزمی سۆرانیی لێده‌ده‌ن.
ناوبراو به‌دیدی ستالینیستانه ئه‌و هه‌وڵ و توێژینه‌وه‌و نووسینانه به شۆڤینیزمی سۆرانیی ده‌چوێنێ. له‌کاتێکدا زمانی کوردیی ( ئاوێته‌ی کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو) له‌رووی زمانناسییه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌کی به تێرمێکی سه‌قه‌تی ” سۆرانیی” یه‌وه نییه، که‌چیی ئه‌و کورده نامووسیی و کۆمۆنیستبوونه‌که‌ی وایلێده‌کات، زۆر ئایدیۆلۆژییانه و به‌مه‌به‌سته‌وه به‌رده‌وام وه‌ک جوێن به‌تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ چه‌مکی شۆڤینیزمدا به‌کاری بهێنێ. له‌کاتێکدا کۆمیدیا لینگویستییه‌که‌ی ئه‌و، رێکوڕه‌وان کورد به‌سه‌ر چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاوازدا له‌ناو ماڵی زمانه‌که‌یه‌وه دابه‌ش ده‌کات.
مه‌سه‌له‌ی زمانی ره‌سمیی و ستانده‌رد له‌کوردستانی عێراقدا زۆری له‌سه‌ر نووسراو گوترا، به‌ڵام وه‌ک یادهێنانه‌وه‌یه‌ک، ئێمه ده‌ڵێین له‌کوردستانی عێراقدا، ئه‌وان ده‌ڵێن له کوردستانی مه‌زندا، ئێمه ده‌ڵێین وه‌ک نه‌ته‌وه پێویستمان به‌یه‌ک زمانی نووسینی نیشتمانیی هه‌یه، ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌موو زاراوه‌کان پێکه‌وه ده‌دۆشین و پێکه‌وه به قه‌یماغیان ده‌که‌ین! ئێمه ده‌ڵێین له‌عێراقدا عه‌ره‌بیی و کوردیی زمانی ره‌سمییه، ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌بێ زمانی کوردیی دوو پێچکه‌ی گه‌وره‌و چه‌ندینی بچکۆله‌یشی له‌ژێردا بێت، که هیچیشیان پێ نامێنێ په‌نا بۆ ناووناتۆره ده‌به‌ن و به‌خه‌ڵک ده‌ڵێن فاشیست و به‌زمانی نه‌ته‌وه‌که‌یشیان ده‌ڵێن شۆڤینیزم . له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌م وتاره له‌و جوێنه ئایدیۆلۆژییانه‌ی ئه‌وان ده‌کۆڵێته‌وه. با تاوانه‌کانی شۆڤینیزم و فاشیزم و نازیزم و ناسیۆنالیزم و پانیسلامیزم له‌لایه‌ک دابنێین و ته‌نها به‌تاوانه‌کانی کۆمۆنیزم که له‌سه‌د ساڵی رابردوودا روویان داوه به‌راوردیان بکه‌ین.
به‌نموونه‌یه‌کی خۆماڵیی ئه‌گه‌ر ده‌ست پێبکه‌ین، ئایا به‌ڕاستیی کام سه‌رۆک جاشی کورد له‌کوردستانی عێراقدا هه‌یه که زۆر تاوانبار بێت، له هه‌زار که‌سی زیاتر فه‌وتاندبێ؟ زۆربه‌ی سه‌رۆک جاشه تاوانباره‌کان، به‌ده‌یان که‌س یان زۆر زۆر به‌سه‌دان که‌سیان له‌ڕێی خزمه‌تکردنی به‌عس و پاره‌دا بۆ مه‌رگ ره‌وانه کردووه. به‌ڵام چه‌ندین سه‌رکرده‌ی کورد هه‌ن له چل په‌نجا ساڵی شه‌ڕی ناوخۆدا، راسته‌وخۆ له کوشتنی ده‌یان هه‌زار گه‌نجی کورددا به‌شدارن. دوا شه‌ڕی ناوخۆی پارتیی و یه‌کێتیی چه‌ندین هه‌زار قوربانیی لێکه‌وته‌وه. مه‌گه‌ر ژماره‌ی قوربانییه‌کان، گه‌وره‌یی تاوانه‌کان ده‌رناخه‌ن؟ ئایا دوو که‌س یه‌کێکیان سه‌دان که‌س بکوژێ و ئه‌ویتریان هه‌زاران که‌س بکوژێ، تاوان و سزای زۆرکوژه‌که‌یان گه‌وره‌تر و قه‌به‌تر نییه؟ ئایا ئه‌گه‌ر دادوه‌ریی له‌سه‌ر تاوانباران بدرێ و دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆو ئازاد دادوه‌ریی بکات، سه‌رۆک جاشه‌کانی زوو یان هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی سیاسیی کورد تاوانه‌کانیان سامناکتره ؟
به‌هه‌مان میتۆدیش، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی قوربانییانی ده‌ستی ئه‌و حیزب و لایه‌ن و ده‌وڵه‌تانه‌ی شۆڤینیزم و نازیزم و فاشیزمبوونیان کردبووه ئه‌جێندای سیاسیی وئایدیۆلۆژییان، له‌گه‌ڵ قوربانییانی ده‌ستی کۆمۆنیزم ( به‌قه‌ولی ستالینیسته‌کان زانستی رزگارییبه‌خشی به‌شه‌رییه‌ت) به‌راورد بکرێن، دوو ژماره‌ی زۆر جیاواز ده‌رده‌چن! ئایا قه‌باره‌ی جێنه‌سایده‌کان (جینۆسایده‌کان) و ده‌ربه‌رده‌رکردنی خه‌ڵک له‌شوێنی ره‌چه‌ڵه‌کی ژیانیان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ده‌سترێژیی سێکسیی و قاتوقڕکردنی مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی به‌ده‌ستی کۆمۆنیسته‌کان ئه‌نجام دراون، به‌ده‌ست هیچ هێزو ده‌وڵه‌ت لایه‌نێكی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیایه‌کی تر کراوه؟
هه‌رکه‌س کتێبه ره‌شه‌که‌ی کۆمۆنیزم – The black book of Communism بخوێنێته‌وه ئه‌وسا تێده‌گات دیکتاتۆره‌کانی کۆمۆنیزم چه‌ند دڕنده‌و شۆڤینیست و فاشیست بوونه له‌ئاست کرێکاران و چینه زه‌حمه‌تکێشه‌کان و ئه‌فسانه‌ی نه‌یاره چینایه‌تییه‌کانیاندا؟ ئه‌وسا به‌ئامار و فاکته‌وه تێده‌گات که چۆن کۆمۆنیسته‌کان پتر له سه‌د میلیۆن مرۆڤیان به‌ره‌و دۆزه‌خی کۆمۆنیزم ناردووه و چۆن سه‌دان میلیۆن مرۆڤی تریشیان له‌شار و دێهاته‌کانی خۆیان ده‌ربه‌ده‌رکردووه‌و سه‌دان میلیۆنیشیان له ئۆردووگا زۆره‌ملێکان و زیندانه سیاسییه‌کاندا ئه‌شکه‌نجه داوه‌و ده‌یان میلیۆنیشیان بێسه‌روشوێن کردوون؟ کۆی تاوانه‌کانی هیتله‌رو مۆسۆلۆنیی و ئه‌تۆمبارانی ناکازاکی و هێرۆشیما و هۆلۆلۆکۆست و جێنه‌سایدی ئه‌رمه‌نییه‌کان و قه‌سابییه‌که‌ی روانداو هه‌رسێ شه‌ڕی که‌نداو و تاوانه‌کانی سۆهارتۆ و یه‌حیا خان و سه‌دام و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئه‌لقاعیده و ته‌واوی ئیسلامییه سیاسییه‌کان و ناسیۆنالیسته‌کان و ئیمپریالیزمی ئه‌مێریکا…..تاد به‌داتا و ئاماره‌وه هێشتا به نیوه‌ی تاوانه‌کانی لێنین و ستالین و ماوتسی تۆنگ و پۆلپۆت و کیم ئیل سۆنگ و کۆمۆنیسته شۆڕشگێڕه‌کانی تر ناگه‌ن!
ئه‌وانه‌ی مێژووی ئه‌و دیکتاتۆرانه له کۆمۆنیزم داده‌بڕن، وه‌ک ئه‌وه‌یه هه‌ندێ ئیسلامیی رادیکاڵ، مێژووی قه‌تڵوعام و ئه‌نفاله‌کانی سه‌رده‌می خه‌لیفه‌کانی ئیسلام له مێژووی ئیسلام داده‌بڕن. وه‌ک ئه‌وه وایه ئیسلامییه پاسیفیسته‌کان سه‌ید قوتب و حه‌سه‌نلبه‌نا و وخومه‌ینی و بنلاندن له‌مێژووی ئیسلام ده‌که‌نه‌وه. ئێستا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ جۆرج ته‌رابیشییدا بڵێین نازیزم پێشوه‌خت وه‌ک ئایدیۆلۆژیا تاوانباره به‌ڵام کۆمۆنیزم په‌یامی ئازادیی و ئاشته‌وایی و برایه‌تییه! به‌ڵام له‌پراکتیکدا و له‌مێژووی 70 ساڵ له ته‌مه‌ن و ره‌ونه‌قی کۆمۆنیزم رێك پێچه‌وانه‌که‌ی روویدا. ئه‌ی چۆن ده‌کرێ به زه‌خیره‌ی کۆمۆنیزم و شۆڤینیزمی ستالینیزم و فاشیزمی ماویزمه‌وه جوێنی ئایدیۆلۆژیی به‌زمانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق و ئێران بدرێ؟ که زمان سیمبۆڵی داڕشتنی چه‌مکی نه‌ته‌وه‌ی کورد له کوردستانی عێراقدا ده‌گه‌یه‌نێت. به‌دڵنیاییشه‌وه ئه‌گه‌ر زمانی فه‌رمیی له‌کوردستانی عێراقدا عه‌ره‌بیی بووایه، هه‌رگیز ئه‌م سکۆلاره کۆمۆنیسته ختووکه‌ی پێدا نه‌ده‌هات! ئه‌وسا نه‌یده‌گوت شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی ( یان قوڕه‌یشیی که زمانی عه‌ره‌بیی له زاراوه‌ی قوڕه‌یشه‌وه تانوپۆی گرت) و ئه‌فسانه‌کانی، یاخود شوێنکه‌وتووانی رانه‌ده‌سپارد تا بڵێن فاشیزمی سۆرانیی راوه‌سته!
له مێژووی کۆن و نوێ‌دا زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه و وڵاته‌کان کاریان بۆ ستانده‌ردکردنی زمانی خۆیان کردووه، دواجاریش که‌س هه‌وڵ و ته‌قه‌لا‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وانه‌ی به “شۆڤینیزم”ی فڕا‌نسیی، ئینگلیزیی، سوێدیی، ئیتاڵیی، عه‌ره‌بیی و فارسیی … تاد ناودێر نه‌کرد و ناکات، ئه‌دی خێره کورد که یه‌کێک له هۆیه‌کی سه‌ره‌کییه‌کانی لێکدابڕانی سیاسیی و کو‌لتووریی به هۆی زمانه‌وه‌یه که که‌س له که‌س ناگات و شتی یه‌کتر ناخوێننه‌وه، بۆ ده‌بێ هه‌وڵی به ستانده‌ردکردن و به‌فه‌رمییکردن، به “فاشیزم” و ” شۆڤینیزم” ناودێر بکرێت؟ ئه‌مه له‌کولتووری کۆمۆنیزمدا نه‌بێ له‌کولتووری کێدا هه‌یه.؟ ئه‌مه له ئایدیۆلۆژیای دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا‌دا نه‌بێت له‌کوێی تردا هه‌یه؟
به‌ڵام وه‌ک کۆرتۆیس Stéphane Courtois پسپۆری فڕا‌نسیی له‌و جێنه‌سایدو ئێسنۆسایدانه‌ی کۆمۆنیزم ئه‌نجامی داون، باسیده‌کات که جیاوازییه‌کی مۆراڵیی له‌نێوان دڕنده‌ییبوونی راست و چه‌پدا نییه! له‌نێوان کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی ره‌گه‌زه‌کان و کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی چینه‌کاندا نییه! هه‌روه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی دژی کۆلاک و جووتیاره‌کانی سۆڤێت کرا. کۆرتۆیس که خۆی به‌شداری سه‌ره‌کیی و خاوه‌نی پرۆژه‌ی کتێبه‌که‌شه، ده‌ڵێ کۆمۆنیسته‌کان ده‌یانه‌وێ سوود له هۆلۆکۆست وه‌ربگرن بۆ شاردنه‌وه‌ی جێنه‌سایده‌کانی خۆیان و هه‌میشه به‌گه‌وره‌ترین تاوان له‌مێژوودا تۆماری ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌ڕاستییدا چه‌ندین جێنه‌سایدو ئێسنۆسایدی تر له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمۆنیسته‌کانی سۆڤێت و چاینه ( چین) و که‌مبۆدیا و کۆریا کراون، له هۆلۆکۆکست و قوربانییه‌کانی ده‌ستی شۆڤینیزمه جۆراوجۆره‌کانی راست و فاشیزمی راستڕه‌وه‌کان زۆر زۆر گه‌وره‌تر و سامناکتره.
سه‌رئه‌نجام ئه‌گه‌ر به فاکت بنووسین، ئایا ژماره‌ی جێنه‌سایده‌کان و قه‌تڵوعامه‌کان و قاتوقڕیی و له‌که‌مپ-ئاخنینه‌کان و زیندانییه سیاسییه‌کانی ده‌ستی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان به‌به‌راورد به قوربانییانی ده‌ستی هه‌موو جۆره‌کانی راست( له فاشیزم و شۆڤینیزم و نازیزم و ئیمپریالیزم و فه‌نده‌مێنتالیسته ئیسلامییه‌کان و هه‌موو ده‌وڵه‌ته ناسیۆنالیسته توندڕۆ‌کان و گرووپه تێرۆریستییه‌کانی تر ) ، کامیان زیاترن ؟ کامیان سامناکترن؟ ئایا به‌ڕاستیی تاوان نییه شۆڤینیزمی کۆمۆنیزم به‌گشتیی و ستالینیزم و ماویزم به‌تایبه‌تیی به ئه‌فسانه‌ی ئایدیۆلۆژیی ” شۆڤینیزمی سۆرانیی” به‌راورد بکه‌یت؟ به‌ناوی مافی زمانیی و مافی مرۆڤ و مافی ئێره‌و ئه‌وێ داکۆکییش له شۆڤینیزمی له‌هجه‌یی( کۆمۆنیزمی له‌هجه‌یی) بکه‌یت. ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی فره ستانده‌ردیی و بۆچوونه نالینگویستییه‌کانیان و کۆمیدیای جووتستانده‌ردیی زمانی کوردیی له هه‌رێمی کوردستاندا به‌ر ره‌خنه دراون و وڕێنه زمانه‌وانییه‌کانیان و ئارگیومێنته چینایه‌تییه‌کانیان خاڵیی خاڵیی کراونه‌ته‌وه.
ئاخر چیی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کی لێنین و ستالین و ماوتسیتۆنگ و ترۆتسکییدا ده‌ڵێی که زمانی ناوچه‌یه‌کی به‌رینی دوو پارچه‌ی کوردستان به‌جوێن و ته‌وسه‌وه به”سۆرانیی” ناوزه‌د ده‌کات؟ له‌که‌رکوک و هه‌ولێره‌وه بیگره تا سنه‌و سابڵا‌غ به نۆرمێک له کرمانجیی ناوه‌ڕاست و خواروو ده‌نووسن، زۆر ئایدیۆلۆژییانه‌و نالینگویستییانه له‌ژێر کارتێکردنی هه‌ندێ خڵته‌وخاشی کۆمۆنیزمی له‌هجه‌ییدا، زمانی کوردیی به ” سۆرانیی” بچوێنێ! بۆ ناشیرینکردن و سووکایه‌تیی پێکردنیش جوێنی ئایدیۆلۆژیی بده‌یت و به شۆڤینیزمی سۆرانیی مه‌حکومی بکه‌یت. به‌ڕاستیی ئه‌و ئاوێزانبوون و تێکه‌ڵوپێکه‌ڵکردنه زۆر به‌مه‌به‌سته یان ساخته‌کارییه یاخود نه‌زانییه و کورده نامووسیشی له‌سه‌ر ده‌کرێ.
ئایا به‌روبوومی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و شۆڕشه چینایه‌تیی و کۆمۆنیستیی و گه‌ریلا چه‌په‌کانی دنیا هێشتا بۆ مرۆڤایه‌تیی ئه‌وه‌نده لێڵیی و ناڕۆشنیی تێدایه، به‌س یه‌خه‌ی فاشیزم و شۆڤینیزم بگیردرێ له‌سه‌ر کارنامه ره‌شه‌کانیان و کۆمۆنیزم وه‌ک په‌روانه باس بکه‌ین؟ ئایا ئه‌وه شۆفینزم و فاشیزمی ئایدیۆلۆژیی نییه، که شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی و تورکیی ده‌خاته ریزی شۆڤینیزمی زمانی کوردییه‌وه! ئه‌م هه‌موو جوێندان و سووکایه‌تییکردن و کۆمیدیا لینگویستییکییانه له‌ژێر چه‌تری بۆڵشه‌فیزمدا که‌ی خزمه‌ت به‌زمانی کوردیی و زمانناسیی ده‌که‌ن؟ ئاخر مافی مرۆڤ و مافی زمان و مافی کرێکار که‌ی بۆ یه‌ک ساتیش له ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمدا ئۆقره‌ی گرتووه؟ که‌ی شۆڤینیزمی کۆمۆنیزم پێوه‌ندیی به زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ زمانی! وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه هه‌یه.
له‌کۆتاییدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌عاتیفه‌و حه‌ماسی شۆڕشگێڕانه ئه‌م وتاره لێکنه‌درێته‌وه‌و هه‌ستی هه‌ندێ شیوعیی و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق و ئێران نه‌ڕووشێنێ، ده‌بێ ئه‌وه روون بکه‌مه‌وه که شیوعییه‌کانی حه‌فتاکان و کۆمۆنیسته‌کانی هه‌شتاکانی هه‌ردوو کوردستانی عێراق و ئێران، زۆرترین قوربانییانی ده‌ستی به‌عس و کۆماری ئیسلامیی بوونه و نموونه‌ی ئه‌وپه‌ڕی خۆڕاگریی و ئازایه‌تیی بوونه، به‌ڵام ناکرێت به بیانووی ئه‌وان قوربانیی بوونه‌و هه‌میشه له‌ژێر چه‌پۆکدا بوونه و گووناه بوونه، ئیتر ره‌خنه له‌تاوانه‌کانی کۆمۆنیزم نه‌گیردرێ. کێ گه‌رانتیی ئه‌وه ده‌دات، که چێگیڤارای سیمبۆڵی چه‌په‌کان له‌ژیاندا بمایه وه‌ک کاسترۆ به‌دیکتاتۆر نه‌ده‌بوو. کێ گه‌رانتیی ئه‌وه ده‌توانێ بدات که شیوعییه‌کان و تووده‌کان و کۆمۆنیسته‌کان ( له‌عێراق و ئێران‌دا ) ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووایه له‌به‌عس و کۆماری ئیسلامی‌یان خراپتر ناکرد. به‌تایبه‌ت ئه‌و حیزبانه به‌مه‌رجه‌عێکی توندی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی به سۆڤێته‌وه به‌سترابوونه‌وه، یان لای که‌م پێڕۆی دیکتاتۆریی بۆڵشه‌فیزم و یه‌کحیزبیی و یه‌ک “سیستمیی”ان ده‌کرد.
مارکسیزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌ک و دنیابینییه‌ک کۆمه‌ڵی شتی باش و خراپی هێنایه ناو مێژووه‌وه. خودی مارکس وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی مه‌زن له‌مێژوودا ناوبانگی هه‌یه. به‌ڵام به‌ڕاستیی لێنین، مارکسیزمی ناشیرینکرد و به‌شێوه‌یه‌کی دیفاکتۆ، دیکاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریای کرد به دێوه‌زمه‌یه‌ک که گه‌وره‌ترین جێنه‌سایدی له‌مێژوودا تۆمار کردووه‌و خۆراکی جێنه‌سایده‌کانی کۆمۆنیزمیش هه‌میشه کرێکار‌و جوتیارو که‌سانی ئازادییخواز و ئۆپۆزیسیۆن بوونه. هه‌ندێ کۆمۆنیستی کوردستانی ئێران که هه‌نووکه له تاراوگه‌ن، چاویان به‌رایی نادات، کورد له‌کوردستانی عێراق خاوه‌نی زمانێکی ستانده‌ردو فه‌رمیی بێت. نابێ بهێڵرێ هه‌ژار موکریانییه‌کی تر دروست بێته‌وه. رۆشنبیرانی کوردستانی عێراقیش زۆر له‌وه به‌ئاگاترن که جارێکی تر بهێڵن هه‌ژار موکریانییه‌کی تر په‌یدا بێته‌وه و راستییه مێژووییه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێک و حیزبێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیایه‌کی دیاریکراو پێچه‌وانه بکاته‌وه.