Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
یادەوەرییەكانی… تۆ….. كامەران سوبحان

یادەوەرییەكانی… تۆ….. كامەران سوبحان

Closed
by February 26, 2008 ئەدەب

 ئەكتەری بێ یادەوەری، سەربازی بێ چەكە لە جەنگدا! (ستناسلافسكی)        
 كاتێك لە لابۆرە تایبەتییەكەیدا سەرقاڵی مەشقێكی بەردەوام بوو، دوای تێگرتنی نیگایەكی بەردەوام و ماندووبوونێكی زۆر، هەموویان بەشێوەی بازنەیەكی داخراو، لە دەوری كۆدەبوونەوەو دەكەوتنە پرسیاركردن لە ستانسلافسكی، ئایا ئەمڕۆ ڕۆڵەكەم باش بوو؟ توانیم كارەكتەری (بەپۆڤا)ت نیشاندەم؟ ئەی من توانیبووم وەك زاخار ئیڤانۆڤیچ نواندن بكەم؟ كێ لە هەموومان باشتربوو؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر، بەردەوام لە دوای مەشق و لە كاتی پڕۆڤەدا خوێندكارانی نواندن، ئاڕاستەی ستانسلافسكیی مامۆستایان دەكرد، ئەویش وەك پیشەی هەمیشەیی، بەردەوام قسەكانی هەڵدەگرت بۆ دوای پشوودان، زۆر ئامۆژگاریی ئەكتەرەكانی دەكرد لەسەر (چۆنیەتیی جوڵە لەسەر شانۆ، پەروەردەكردنی دەنگ، مامەڵەكردن لەگەڵ كەرەستەكانی سەر شانۆ، چۆنیەتیی خوێندنەوەی ڕستە و وشەكانی نێو تێكستی نمایشەكە…)، بەڵام ئەوەی ئەو زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە، پەروەردەكردنی یادەوەریی ئەكتەر بوو، هەر بۆیە لە كتێبە بەناوبانگەكەشیدا (پێگەیاندنی ئەكتەر) یەك بەشی سەرەكیی بۆ (یادەوەرییەكانی…تۆ) تەرخانكردووە.لای ئەو، یادەوەری چەكێكی بەهێزی  ئەكتەرە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات، یادەوەریی تۆی ئەكتەر ئەو بەشە میتافیزیكی و نادیارەیە، كە تۆ لە ڕەگەزەكانی تری پیشەكەت جیادەكاتەوەو لە كاتی نواندندا دەبێتە فریادڕەست و لە ونبوون دەتپارێزێت، هاوەڵە ئەكتەرە سەر ماشوبرنجییەكەت ئەمانەی لە یاد كرد، بۆیە ستانسلافسكی بە دەنگێكی نزم پێیووت 🙁 قسەكانت هیچ كاریگەرییەكیان نەبوو، چونكە تەنها ڕستەكانت خوێندەوەو نەتتوانیبوو سوود لە یادەوەریت وەرگریت، بۆ جوانكردنی ڤاسیلی).
 بەهێزترین چەكی ئەكتەر بۆ بەرجەستەكردنی ڕۆڵ، یادەوەرییە، ئەكتەری بێ یادەوەری هەرگیز ناتوانێت (هاملێت و ئۆڤیلیاو بەپۆڤاو زاخار ئیڤانۆڤیچ) بەشێوەیەكی راستگۆیانە نمایشبكات، دیارترین گرفتی بەشێكی زۆری ئەكتەری كورد، نەبوونی یادەوەرییەكی قوڵ و بەهێزە، كەم ئەكتەری ئێمە هەیە كارەكتەرێكی بەرجەستەكردبێت و پاش چەند ساڵێك لە یادەوەریماندا مابێتەوە. ئەكتەری ئێمە دەق دەخوێنێتەوەو لەبەری دەكات و بە غروورەوە خۆی نمایشدەكات، ڕێز لە ئەزموونی خۆی ناگرێت، یادەوەریی بەتاڵە، هۆشیاریی بەرامبەر كارەكەی لاوازە، بە بۆچوونی گۆردن گریگییەكەی بووكەڵەیەكە و هیچی تر! زۆرجار لە شكستیدا پاساو دەهێنێتەوەو گوناهەكەی ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەكات.
  تۆ لەوە ناترسیت كاتێك دەست بۆ پیتەر ڤایس دەبەیت و دەتەوێت (دی ساد) بۆ من نمایشبكەیت، لەو كاتەدا (مارا) سەرزەنشتت بكات و پێت بڵێت: تۆ ئەی ئەكتەری بەتاڵ و بێ یادەوەری، شەرم لە خۆت ناكەیت وا لە (دی ساد)ی هاوڕێم دەكەیت؟!.. ئەی ئەگەر لەبری لۆرانس ئۆلیڤەر، ڕۆڵی (شالیر)ت بینی ناترسیت، (كێنت)ی نێو دەقەكە شەرمەزارت بكات بەوەی دووكەڵی جگەرەت نایەڵێت دەنگت بگات بە (كۆردیلیا و گۆنرێلو ڕێگن)؟!.. ئەی گەر وا ڕێككەوت قەدەر خستیتی بەسەر گۆدۆداو ڕۆڵی فلادیمێرت بینی، دڵنیایت لەوەی بەو یادەوەرییە بە تاڵەوە ستراگۆن گاڵتەت پێ ناكات؟!.. ئەمانە كۆمەڵێك ئەگەرن و لە ئەنجامی بیركردنەوە لە بێ یادەوەریی تۆوە دروست بوون، دڵنیایت لەم تاقیكردنەوەیدا سەركەوتوودەبیت؟!..

 kameransubhan@yahoo.com

 گۆشەیەكی تایبەتە دوو هەفتە جارێك كامەران سوبحان لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ دەینوسێت.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.