Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
گه‌مه‌كردن به‌ چاره‌نووسی ئه‌وانیدی

گه‌مه‌كردن به‌ چاره‌نووسی ئه‌وانیدی

Closed

؛؛ مێرووله‌كه‌م گواسته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر خۆی نه‌بوو مێرووله‌یه‌كی تریشی له‌گه‌ڵ بوو. من پێموایه‌ چاكه‌م له‌گه‌ڵ كردبێت، به‌ڵام پێده‌چێت ده‌ستم خستبێته‌ شێوه‌ی ژیانیانه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوای بۆن و له‌زه‌ته‌كانیان لێتێكدابن. به‌هه‌رحاڵ خراپم كرد. ؛؛
“هیوا قادر: بۆنی شه‌ربا له‌ هه‌ناسه‌م دێ‌”

ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌ست وه‌رده‌ده‌ین له‌ كاروباری ئه‌وانیتر و ناهێڵین وه‌ك خۆیان ده‌یانه‌وێ‌ ئاوا بژین. هه‌میشه‌ وا ڕاهاتووین سنووری جوڵه‌و ڕه‌فتاره‌كانی ئه‌وانیتر دیاری بكه‌ین و هێڵی سووریان بۆ دابنێین، ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین و به‌ موو چییه‌ لێیلاناده‌ین و ئاماده‌ش نین به‌ خۆمانا بچینه‌وه‌.. ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هه‌ر دیاره‌ی ناو ڕۆحی هه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ ئێمه‌ی گه‌وره‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆمان به‌سه‌ر بچوكه‌كانیدا ده‌سه‌پێنین، له‌كاتێكدا خودی خۆشمان بۆ گه‌وره‌یه‌كی تر بچوكین. واتا بێئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌ین، یان كاتێكیش هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ده‌چینه‌ نێو گه‌مه‌یه‌كی كوشنده‌ی ئه‌وتۆوه‌، كه‌ به‌ درێژایی عومری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ سیستماتیزه‌كراوه‌ و كوشته‌ی ده‌ستی وه‌ها چاره‌نووسێكین. خۆزگا مرۆڤ تێده‌گه‌شت له‌و گوناهه‌ی ده‌یكات به‌رامبه‌ر ئه‌ویدی.. گوناهێك كه‌ به‌ هیچ ئاوێك پاك نابێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت من چه‌مكی گوناه به‌ مانا ته‌قلیدییه‌كه‌ی و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاین و شه‌ریعه‌ته‌كان پێناسی ده‌كه‌ن، لێره‌دا به‌كاری ناهێنم. 
ئێمه‌ كۆمه‌ڵێكین ئاماده‌گییه‌كی ته‌واومان هه‌یه‌ بۆ ده‌ستكاریكردنی ژیانی به‌رامبه‌ره‌كانمان و هیچ حیسابێك بۆ توانا و بیركردنه‌وه‌كانیان ناكه‌ین، بێئه‌وه‌ی بزانین چی ده‌كه‌ین بڕیاری ئاراسته‌كردنی برا، خوشك، هاوڕێ‌، دۆست، خۆشه‌ویسته‌كانمان ده‌ده‌ین و كه‌مجاریش نه‌بێ‌، زۆربه‌ی جاره‌كان له‌كاتی ته‌نگانه‌دا له‌ ئاستی لێپرسراوێتیدا نین و نابین. ئه‌و ته‌نگانانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌خاله‌ته‌كانی ئێمه‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كانی بخوڵقێنێ‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌موو مرۆڤێك ئازاده‌ له‌وه‌ی چۆن ده‌ژێت و چۆن بڕیاری خۆی ده‌دات و چۆن ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و چاره‌نووسی خۆی چۆن دیاری ده‌كات، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بڕوامان وابێت، كه‌ ئینسان مه‌خلوقێكی سه‌ربه‌سته‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و بڕیارداندا. وه‌گه‌رنا ئه‌وا ئه‌بێ‌ بیرمان نه‌چێ‌، كه‌ زۆربه‌مان پێمانوایه‌ ئێمه‌ دیلی قه‌ده‌رێكی ئیلاهی گه‌وره‌ترین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای هزرین و سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆمانه‌وه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاماژه‌ جیاوازه‌كانیدا.
ناكرێ‌ هیچ مرۆڤێك له‌بری مرۆڤێكی دیكه‌ بیربكاته‌وه‌ و بڕیار بدات، چونكه‌ پێده‌چێ‌ ئه‌وه‌ی من بۆ تۆ پێمباشه‌ و به‌سه‌رتدا ده‌یسه‌پێنم، هیچ نه‌بێ‌ به‌ده‌ر له‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامگیری پێشوه‌خت، كه‌ من له‌ خه‌یاڵدانی تایبه‌تی خۆمه‌وه‌ هه‌ڵمهینجاوه‌ و كارم له‌سه‌ر كردووه‌ و دواتر له‌ شێوه‌ی ئه‌و بڕیاره‌دا به‌تۆی ده‌فرۆشمه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو به‌شدارییه‌كی من له‌ هه‌ر بڕیارێكی تۆدا، له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیار و داخواز بێت، نه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ، ئه‌گینا بێهیچ ئه‌ملاولایه‌ك تۆ ده‌بیته‌ قوربانی و منیش هه‌موو سیماكانی جه‌للاد وه‌رده‌گرم.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ كه‌لتووره‌وه‌ ئاماده‌یه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ بنه‌مادا له‌چركه‌ساتێكدا له‌دایكبووبێت، كه‌ تێفكرین و دیدی ده‌سته‌جه‌معییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، له‌ حاڵه‌تی پێوابووندا بووبێت به‌وه‌ی كرده‌یه‌كی چاكه‌كارانه‌ی كردووه‌، بێئه‌وه‌ی ئاگاهی ئه‌وه‌ی له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بووبێت، كه‌ ئه‌وه‌ یاریكردنه‌ به‌ ئاینده‌ی ئه‌ویدیكه‌ و ده‌ستكاریكردنی ژیانییه‌تی بێئه‌وه‌ی ئه‌ویدی داوای لێكردبێ‌. ئیتر ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ شۆڕبۆته‌وه‌ نێو سه‌رانسه‌ر توخمه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا و دواجار ئه‌و كه‌لتووری سنووربه‌زاندنی ئازادییه‌ی لێوه‌هاتۆته‌ به‌رهه‌م، كه‌ هیچ لۆژیكێك پێیقه‌بوڵ نییه‌ و نه‌ویستانه‌ ژیانمان لێده‌كاته‌ جه‌هه‌ننه‌م.
به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئێمه‌، زۆر به‌ زه‌قی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی تێدا باوه‌ و هه‌میشه‌ گه‌وره‌كان خۆیان به‌ ده‌مڕاست ده‌زانن و خۆیان وا پێناسه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كانیان (واتا بۆ بچووكه‌كان)، كه‌ مافی بڕیاردان و دیاریكردنی ئاینده‌ی ئه‌وانیان هه‌یه‌، چونكه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونی زۆرترن و به‌ تووناوتوونه‌كانی ژیاندا تێپه‌ڕیون.

ئاری عوسمان خه‌یات
arikhayat@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.