پرسیاره ڕه‌خنه‌ییه‌كان له نمایشی (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی)
كاتێَ ڕه‌خنه وه‌ك ڕووبه‌رێكی ده‌لالی بۆ زمان بیه‌وێ نمایشی شانۆیی بخوێنێته‌وه، ئه‌وا پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه له‌ناو زمانی ووتراو ناوه‌ستێت، به‌ڵكو زمانی ووتراو ئه‌بێ به ئه‌یقونه‌یه‌ك بۆ چوونه ناو زمانی بینین، تاوه‌كو شانۆ وه‌ك پڕۆسه‌ی بینین وچێژ و ڕه‌خنه وه‌ك میتۆد وزانست بخوێنینه‌وه، ئه‌وه‌ش ڕزگاركردنی نمایشه له‌ناو ستایشكردن ویاخود هه‌ر تۆمه‌تێك كه توانای سه‌لماندنی نیه، لێره‌وه ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ڕزگاركردنی شانۆیه له‌ستایشی بێبنه‌ما وهه‌روه‌ها وه‌ستاندنی تۆمه‌ت وناشیرین كردنیشه، ڕه‌خنه دێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی پێكهاتی نمایش بخوێنێته‌وه، له‌م ڕوانینه‌وه، ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی شانۆیی هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین، كه به‌ڕێوبه‌رایه‌تی شانۆی سلێمانی تیایدا میوانداری شانۆگه‌ری (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی) كردووه، ڕۆژانی 29 و30 ی ته‌موزی 2010 له‌سه‌ر شانۆی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كورد له سلێمانی نمایش كرا، نوسینی (ته‌لال نه‌سره‌دین) وه‌رگێڕانی (ره‌ئوف بێگه‌رد) نواندنی (میدیا ره‌ئوف بێگه‌رد) سینۆگرافیا (حه‌یده‌ر ئه‌بوحه‌یده‌ر) ئه‌م شانۆگه‌ریه یه‌كه‌مجار له 1998 له‌ده‌رهێنانی (هادی ئه‌لمه‌هدی) له سوریا نمایش كراوه و دواتریش له‌چه‌ندین ووڵاتی تری دنیا پێشكه‌ش كراوه، تا سه‌ره‌نجام ئه‌م هه‌وڵه له‌و سه‌فه‌ره درێژه‌یدا گه‌یشته‌وه ئامێزی شانۆی كوردی.
نووسینه‌وه‌ی تێكستی مه‌رگی ژن
چاره‌سه‌ركردن بۆ كێشه‌ی ماڵ، به‌ته‌نیا گرفتێكی كولتوریی نیه، به‌ڵكو ئهفسانهییشه، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری ئۆدیب ده‌ست پێده‌كات، كه له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ماڵ گه‌وره‌ترین تراژیدیا ده‌خوڵقێنێت، ئۆدیب یه‌كه‌م كاره‌كته‌ری ناو شانۆیه كه گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ماڵ.. بۆی ده‌بێت به له‌دایكبوونی تراژیدیا، له‌نمایشی (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی) ماڵ تراژیدیای مه‌رگ ده‌خوڵقێنێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاكه كاره‌كته‌ری نمایشه‌كه، ئه‌و ژنه‌ی به‌هۆی عه‌شقه‌وه له‌ماڵ دێته ده‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ژیان ده‌باته سه‌ر و به‌ره‌و ماڵێكی تر ده‌ڕوات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وه‌ك عاشقێك نامێنێته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك پیاوێكی ترسنۆك به‌دوای ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سكی پڕ بووه به‌جێی دێلێت.
پرسیاركردن له ئێرهبوون له‌ناو ئه‌م نمایشه پرسیار نیه لهكارهكتهر به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پرسیاره له‌ناسینی ماڵ، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه شوێن كه ماڵه وه‌ك ڕووبه‌رێكی ترسناك خۆی ده‌خاته ڕوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوانی هاتنی برای ئه‌و ژنه ئه‌كه‌ین كه بێت خوشكه‌كه‌ی بكوژێت، ئه‌و ترسه بۆ كاره‌كته‌ری ژنه‌كه پرسیاری ئه‌وه‌مان ڕووبه‌روو ئه‌كاته‌وه، كه ئه‌و كاره‌كته‌رێكه ئه‌و توانای یاخی بوونه‌ی تیا نه‌بووه، به‌تایبه‌ت كه ده‌بینین ئه‌و له‌ده‌ست بونیاده ته‌قلیدیه‌كانی ماڵ وزه‌بروزه‌نگی خێزان ڕای نه‌كردووه، به‌ڵكو ته‌نها عه‌شق هۆكارێك بووه بۆ ڕه‌دووكه‌وتنی وبهجێهێشتنی ماڵ، دواتر ده‌بینین براكه‌ی نایه‌ت، چونكه وه‌ك له‌گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه براكه‌ی كه‌سێكی ترسنۆك و بێده‌سه‌ڵاته، له‌كۆتاییشدا دوای ئه‌وه‌ی مناڵی ئه‌بێت وبه‌ره‌و ماڵ ئه‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ته‌سلیمبوونه به مردن، بۆیه كۆرپه‌كه‌ی ئه‌كوژن وخۆشی ته‌سلیمی مردنێكی مه‌جازی ئه‌بێت، چونكه ئه‌و مردنه‌ی ژنه‌كه وون بوونه له‌ناو دوو پارچه قوماشی سوور وسپی ناو چوارچێوه‌یه‌ك كه مردنێكی جه‌سته‌یی نه‌بوو، به‌ڵكو مردنێكی فكریی بوو، ئه‌وه‌ش كوشتنی توانای ژنه وه‌ك بوونێك، نه‌وه‌ك وه‌ك جه‌سته، چونكه مردنی خود واته مه‌رگی ڕه‌گه‌زێتی، به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌رگی جه‌سته كه ته‌نیا زه‌بروزه‌نگ بنیات ئه‌نێت، ئه‌وه‌ش ده‌نگی توڕه‌بوون دێنێته كایه‌وه، بۆیه ئه‌و مه‌رگه‌ی كاره‌كته‌ر مه‌رگێكی خودیی بوو نه‌ك جه‌سته‌یی.
دیاره نووسه‌ری ئه‌م تێكسته (ته‌لال نه‌سره‌دین) ناوێكی تازه‌یه بۆ شانۆی كوردی، پێشتر به كاره‌كانی ئاشنایه‌تیمان نه‌بووه، هه‌ڵبه‌ت، ئه‌و تێكسته‌ش ناتوانین وه‌ك تێكستێكی فه‌لسه‌فی قووڵ سه‌یر بكه‌ین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی تێكستێكه سه‌رباری نه‌بوونی مانای كرنۆلۆژی بۆ به‌دوا یه‌ك نه‌هاتنی ڕووداوه‌كان، به‌ڵام تێكستێكه ساده‌بوونی وای كردۆته‌وه، له‌زۆر شوێندا وه‌ك تێكستێكی ریالیستی خۆی بخاته ڕوو، ئه‌گه‌رچی دیدی نمایشكار ویستبێتی ئه‌و ریالیستی بوونه له‌زۆر شوێندا ڕه‌نگ نه‌داته‌وه، كه له ئێستادا دێینه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته.
جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر له‌نێوان كرده‌ی بایه‌لۆژی وپرۆسه‌ی شانۆیی
تاكه ئه‌كته‌ری ئه‌م نمایشه (میدیا ره‌ئوف) له‌ڕێگه‌ی گوزارشتی ده‌نگ و جه‌سته ده‌یه‌وێت شانۆیه‌كمان پێشكه‌ش بكات كه بریتی بێت له (ووشه، گۆرانی، سه‌ما، ترس، شادی، توڕه‌بوون، ڕق، خۆشه‌ویستی) ئه‌وه‌ش كارێكی ئاسان نیه و ئه‌ركی ئه‌وی زۆر سه‌خت كردبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه سه‌ره‌تا له ڕیتمێكی كزه‌وه نواندن ده‌ست به جوله‌كانی ده‌كات، له مۆسیقایه‌كی نزم ئه‌چێت، مۆسیقایه‌ك پڕیه‌تی له ترس، بۆیه كه‌متر هه‌ست به جوله ئه‌كه‌ین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه ئه‌بیستین، بهواتایهكیتر گێڕانه‌وه كرده‌ی ووتنه نه‌وه‌ك ڕووداو بێت، ئه‌وه ببووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانین تواناكانی ئه‌و ئهكتهرهمان بۆ ده‌ربكه‌وێت كه تاچه‌ند گوزارشته‌كانی ئه‌مانخاته ناو ئه‌و سرووته شانۆییه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی مناڵه‌كه كه جوانترین وێنه‌ی ناو ئه‌م نمایشه‌یه تواناكانی ئه‌كته‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گۆرانیهكان، جه‌سته گوزارشته‌كانی به‌ره‌و چه‌ندین فره ئاماژه‌یی ئه‌بات، ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی میدیایه بۆ ڕزگاركردنی تێكست له‌ناو دیدگای ریالیستیانه و هێنانی به‌ره‌و پرۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ له گه‌یاندنی مانادا، چونكه دیدی نووسه‌ر وای كردبوو به‌شێكی زۆری نمایشه‌كه به‌تایبه‌ت له سه‌ره‌تاوه له‌ناو تێگه‌یشتنێكی تهبایانهدا نه‌توانێ ره‌هه‌ندێكی كراوه به ئه‌كته‌ر ببه‌خشێت، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئاماده‌بوونی جه‌سته‌وه، چونكه سه‌پاندنی ساده‌یی لهووشهدا وای كردبوو، جه‌سته بكه‌وێته ناو ده‌سه‌ڵاتی ووشه‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر میدیا ره‌ئوف ئه‌كته‌رێكی به‌تواناو به‌ئاگای ئێمه نه‌بوایه نمایشه‌كه به‌ره‌و داخران له‌ناو ووشه‌دا وه‌ك خستنه ڕووی كارێكی ئه‌ده‌بی ده‌مایه‌وه، به‌ڵام تواناكانی ئه‌م ئه‌كته‌ره توانی به‌شێكی تێكسته‌كه ڕزگار بكات، لێره‌دا پێویسته هه‌ڵه‌یه‌كی میتۆدی ڕاست بكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌كارهێنانی جه‌سته‌یه كه هه‌ندێك پێیان وابوو دیمه‌نی سێكسكردنه‌كه ئاماده‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی جه‌سته‌یه له‌ناو نمایشدا، له‌ڕاستیدا ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به ئاماده‌بوونی جه‌سته نیه له شانۆدا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی توانا وبوێری ئه‌و خانمه ئه‌كته‌ره به سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رز خستیه ڕوو، جگه له‌وه هه‌موو ئه‌و ناوبردنه به كاری جه‌سته‌یی پێویستی به‌وه‌یه جیاوازی جه‌سته له‌نێوان شانۆ وبایهلۆژیا جیا بكه‌ینه‌وه، چونكه سێكسكردنه‌كه گوزارشتێكی بایه‌لۆژیی بوو وه‌ك ده‌رخستنی دیدێكی خودگه‌رایی، به‌ڵام ئه‌وه ئاماده بوونی جه‌سته نه‌بوو، به‌ڵكو له‌و ئاسته‌دا جه‌سته نائاماده بوو، چونكه ته‌نیا ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌خسته ڕوو، به‌بێ كاریگه‌ری بۆ به‌رهه‌م هێنانی پرسیار له جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر، كه ئه‌وه‌ش زیاتر ڕووبه‌رووی ده‌رهێنه‌ر ده‌بێته‌وه نه‌وه‌ك ئه‌كته‌ر، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌ناوی جه‌سته له‌شانۆدا لای هه‌ندێك له بینه‌ران ڕاڤه كرا له‌ڕاستیدا ئه‌وه كرده‌یه‌كی بایه‌لۆژیی جه‌سته‌یی بوو نه‌وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی شانۆیی.
ماتریاله‌كان لهچڕبوونهوهی زه‌مه‌نی ده‌رهێناندا
به‌هۆی ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه شانۆیه‌كی مۆنۆدرامیه بۆیه شێوازی ده‌رهێنان ڕاسته‌وخۆ پشت به تواناكانی ئه‌كته‌ر ده‌به‌ستێ، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كرده‌ی ده‌رهێنان له‌رێگه‌ی ماتریاله‌كانی (چوارچێوه، قوماش، كورسی) پرسیاری جیاواز له‌سه‌ر كێشه فه‌لسه‌فیه‌كانی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ وماڵ ئه‌خاته ڕوو، دیدی ده‌رهێنان له‌به‌رده‌م تێكستدا دیدێكی تۆكمه نیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌زۆر شوێندا له به‌رده‌م تێكست ده‌وه‌ستێت وڕێگا به‌وه ده‌دات تێكست قسه بكات وده‌رهێنان بێده‌نگ بێت، ئه‌و بێده‌نگیه‌ش سووڕانه‌وه‌یه به‌ناو بازنه‌ی ده‌یالۆگ وده‌رهێنه‌ر تیایدا وون ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م نمایشه ناوی هیچ ده‌رهێنه‌رێك نابینین، جگه له‌وه‌ی ئاماژه بۆ یه‌كه‌م نمایش كراوه كه هادی ئه‌لمه‌هدی ده‌رهێنه‌ری بووه، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م نمایشه‌ی ئێمه بینیمان هه‌ر هادی ده‌رهێنه‌ری بوو؟ یاخود ئه‌كته‌ر خۆی ده‌رهێنه‌ر بوو؟ یا كه‌سیتر؟ ئه‌وه‌ش ڕوون نه‌بوو، هه‌رچۆنێك بێت له‌هه‌ندێك شوێن به‌تایبه‌ت سه‌ره‌تای ده‌ست كردن به نمایشه‌كه هه‌ست به غیابی ده‌رهێنه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام دواتر له‌ئه‌نجامی قووڵ بوونه‌وه له‌ناو وێنه شانۆییه‌كه‌و سه‌ماو گۆرانی جوله‌كان چڕده‌بنه‌وه سه‌ر سیستمێكی ده‌لالی، كه ئه‌كته‌ر له‌ته‌ك ماتریاله‌كان ده‌یه‌وێ پرسیاری تراژیدیی ماڵ بخاته ڕوو، یه‌كێك له‌و ماتریالانه كه شوێنگه‌یه‌كی به‌هێز ده‌خاته ڕوو (كورسی) ه كه هێمایه بۆ ده‌سه‌ڵاتی نێرینه، هه‌میشه هه‌موو تاوان وگوناههكهی ڕووبه‌روو ده‌كرێته‌وه، لێره‌دا كورسی ئه‌بێت به ڕه‌مزی پیاو، قوماشه‌كان له‌ڕێگه‌ی ڕه‌نگی جیاوازه‌وه هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا ده‌لاله‌تی خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو “سوور، سپی، ڕه‌ش” ده‌شێ پرسیاره‌كه‌ی ئێمه لێره‌دا له‌وه‌وه ده‌ست پێبكات كه بۆچی ڕه‌نگ توانای گۆڕینی ده‌لاله‌تی نه‌بوو، وه‌ك چۆن مناڵ ئه‌بێت به قوماش، ئه‌ی بۆچی پاكیزه‌یی ئه‌بێت له‌ناو ڕه‌نگی سپی‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، له‌لایه‌كیتره‌وه كاتێ ئێمه چوار چوارچێوه‌مان هه‌یه سێ قوماش و ڕه‌نگی جیاواز چوارچێوه‌كانیان داپۆشیووه، چوارچێوه‌یه‌كی به‌تاڵمان هه‌یه كه ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ چاوه‌ڕوانی، چاوهڕٍوانی هاتنی برا بۆ كووشتن یاخود ڕزگاركردنی له‌لایان خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه كورسی بووه به ڕه‌مزه‌كه‌ی، ئه‌گه‌رچی قوماشه سپیه‌كه وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو، ڕه‌نگه ئه‌وه ناو ببرردرێت بۆ نه‌بوونی پاكیزه‌یی له‌ناو ماڵ، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ بڕوا پێهێنانمان، چونكه ئه‌وه توانای به‌شێكی چالاكی هه‌بوو بۆ داڕشتنه‌وه‌ی پانتایی، وه‌ك چۆن كۆكردنه‌وه‌ی سێ چوارچێوه‌كه وداپۆشینیان به قوماشی ڕه‌ش هه‌وڵێكی بینراوی دیاره بۆ شاردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ماڵ كه تیایدا زه‌مه‌ن بوونی نامێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش میدیا سه‌عاته‌كه‌ی فڕێ ده‌دات، بۆیه كۆتایی نمایشه‌كه فڕێدانی كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌كی بینراوه بۆ پرسیاركردن له تراژیدیای ماڵ ئه‌وه‌ش توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌رگایه‌كی تر بكاته‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی فێمێنیستیانه بێت بۆ نمایشی (خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی) ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌یه‌ك نیه ئێمه خۆمانی لێ بدزینه‌وه، به‌ڵكو ئه‌یكه‌ینه دوا ته‌وه‌ری ئه‌م نووسینه.
شانۆی فێمێنیستی
گه‌ڕان به‌دوای شانۆی فێمێنیستی ده‌بێت له شانۆی كلاسیكیه‌وه سه‌یری بكه‌ین، كاره‌كته‌ره ژنه‌كانی وه‌كو ئه‌نتیگۆنا به‌نموونه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ژن ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه ڕه‌گ داكووتینه بۆ له‌دایكبوونی شانۆیه‌كی فێمێنیستی، یاخود له‌تێكسته شانۆییه‌كانی یۆرپیدس، ئاماده‌بوونێكی پته‌وی ژن له‌ناو ئه‌فسانه‌وه ده‌بینین، كه ده‌بنه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ له‌دایكبوونی هێزی ژن له شانۆدا، ده‌توانین ئه‌و هه‌نگاوانه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك سه‌یر بكه‌ین، ئه‌وه ده‌بێته دهرگاكردنهوهیهكی پته‌و بۆ نوسه‌رانی وه‌كو هنریك ئه‌پسن، له شانۆگه‌ری (ماڵی بووكه شووشه) كه كاره‌كته‌ری نورا وه‌ك ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ژنانه له‌كۆتایی شانۆگه‌ریه‌كه‌دا ماڵ به‌جێدێلێت، چونكه چیتر ڕازی نابێت وه‌ك بووكه شووشه سه‌یر بكرێت، یاخود لای لۆركا له شانۆگه‌ری (ماڵی به‌رنادا ئه‌لبا) ژنان شانۆ داگیر ده‌كه‌ن، هه‌موو هه‌وڵه‌كان چه‌نده گرنگی خۆیان هه‌بووه، به‌ڵام شانۆی فێمێنیستی كه بووه به خاوه‌نی گروپ و نوسه‌رو ده‌رهێنه‌ری تایبه‌ت به خۆی، له‌جۆری كه‌سانی وه‌كو جۆزیف فیرال، شانۆیه‌كه به‌رهه‌می تێگه‌یشتنه له تێكسته فه‌لسه‌فیه‌كان، به‌تایبه‌ت كتێبه‌كه‌ی سیمۆن دی بۆفوار به‌ناوی (ڕه‌گه‌زی ئه‌ویتر) هه‌رچه‌نده له‌ئێستا شانۆی فێمێنیستی زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری بۆچوونه فێمێنیستیهكانی ژۆلیا كریستیفا زیاتر نزیكه.
دیاره ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه ئێمه توێژینه‌وه‌یه‌كی تیۆریمان نیه له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه، ئه‌وه‌ش ناچاری كردین به‌م شێوه ڕاگوزه‌ره ئاماژه بۆ ئه‌م شانۆیه بكه‌ین، نه‌بوونی توێژینه‌وه له‌م بواره‌دا خه‌وشێكی ترسناكی ئێمه‌یه كه زۆر هه‌وڵی شانۆییمان فه‌رامۆش كردووه، چونكه ئێمه زۆرجار لهڕٍابردوودا هه‌وڵی له‌م شێوه‌یه‌مان هه‌بووه، به‌ڵام نه‌بوونی توانا بۆ خوێندنه‌وه‌ی فێمێنیستی وای كردووه ئه‌و تێگه‌یشتنه ڕه‌خنه‌ییه فه‌رامۆش بكرێت، هه‌ڵبه‌ت كاتێ لاپه‌ڕه‌كانی قۆناغی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری كوردی ههڵئهدهینهوه ده‌بینین چه‌ند هه‌وڵێكی شانۆیی هه‌بووه ئه‌توانرا لهرٍِوانگهی ڕه‌خنه‌ی شانۆی فێمێنیستی بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام له‌و ڕۆژگاره‌دا ئێمه ڕه‌خنه‌گرێكی وا به ئاگامان نه‌بووه تا ئه‌و هه‌وڵانه‌مان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بۆ بخوێنێته‌وه له‌وانه “رۆژی سێیه‌م له‌چاوه‌ڕوانی گۆدۆ، له‌چاوه‌ڕوانی سیامه‌ند” هه‌روه‌ها زۆربه‌ی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانی هاوڕێیانی گه‌زیزه كه له‌و دیده‌وه نه‌خوێنراوه‌ته‌وه.
خوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ك شانۆیه‌كی فێًمێنیستی
ئه‌و كاتانه‌ی خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌م نمایشه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌رگا له‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شانۆیه‌كی فێمێنیستی نمایشه‌كه بخوێنینه‌وه، به‌ڕاستی نازانین خۆمان له‌و خوێندنه‌وه‌یه به‌دوور بگرین.
ئه‌م نمایشه له‌ته‌وه‌ری ژنبوونه‌وه پرسیار ده‌خوڵقێنێت، پرسیار له‌باره‌ی شوناسی ڕه‌گه‌زیه‌وه، ئه‌گه‌رچی پرسیارگه‌لێك كه زه‌بروزه‌نگی پیاو وبه‌رپرسیاریه‌تی كردنی له‌هه‌موو ئاسته‌كانی ژیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژیانی نوێ ئه‌بێته هۆی زه‌بروزه‌نگ، ئه‌وه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌مان ڕووبه‌روو ئه‌كاته‌وه كه ژن بۆچی ماڵی باوك به‌جێ دێلێت، ئاخۆ عاشق بوون تاكه هۆكارێكه، بۆ یاخی بوون له‌ماڵ؟ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ئه‌بێت له پرسیاری بابه‌تیه‌وه به‌ره‌و خودگه‌رێتی شانۆ بڕۆین، چونكه ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه بزانین تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م نمایشه وه‌ك شانۆیه‌كی فێمێنیستی ته‌نیا له بابه‌ته‌وه‌یه یاخود لهبونیاده پێكهاتووه‌كانی شانۆ؟
ئێمه ژنێك له‌سه‌ر شانۆ ده‌بینین، گۆرانی ئه‌لێت.. سه‌ما ئه‌كات.. یاده‌وه‌ری ئه‌گێڕێته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی ئێستا له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری باس ده‌كات، ئێستا هیچ نیه جگه له گه‌مه‌یه‌كی یاده‌وه‌ری هه‌موو ئه‌مانه پێویستی به چڕبوونه‌وه‌یه له‌ناو ماتریاله‌كان و یه‌كه‌ی گوتاری بابه‌ت، ئه‌وه‌ش پێویستی به دیدێكی ده‌رهێنانی ڕێكخه‌ر هه‌یه كه په‌یوه‌ندیه‌كه له ئاماژه‌وه بگۆڕێت بۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت، تێكشكاندنی وێنه‌ی باوی ده‌لاله‌ت ئاماژه بۆ ده‌لاله‌تی جیاواز وفره ده‌لاله‌تی به‌خشینه‌وه به ئاماژه، چونكه چوارچێوه‌كان وقوماشهكان جگه له ئاماده‌بوونیان وه‌ك بینراو پێویستیان به كه‌شف كردنی نه‌بینراو هه‌بوو بۆ بێزاربوون له‌سیستمی زه‌بروزه‌نگی پیاو، به‌تایبه‌ت كورسی كه ده‌بوو وێنه‌یه‌كی قێزه‌ونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ڕه‌گه‌زیه بخاته ڕوو، كه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تێكشكاندنی وێنه‌ی ماڵ نیه، به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مانا مه‌جازیه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ری گوتاری پیاو بوونه، به‌ڵام كاتێك كورسی وه‌ك مانایه‌كی ڕه‌مزی بۆ ئاماده‌بوونی دهسهڵاًتی ڕه‌گه‌زی نێرینه تێكناشكێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك تارماییه‌ك ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش دوورمان ده‌خاته‌وه له‌ره‌هه‌ندێكی ئاماژه‌كاری بۆ بونیادی ده‌لاله‌ت، به‌ڵكو وه‌ك بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌خاته ڕوو، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێ به بنه‌ما بۆ شانۆیه‌كی فێمێنیستی، به‌ڵام پێویستی به ده‌قی فراوانتر وپته‌وتر هه‌یه له‌ڕووی زمان وداڕشتنه‌وه، چونكه ئه‌وه‌یه ده‌مانگه‌یه‌نێته وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشوو، كه پرسیار نیه له نووسه‌ر، به‌ڵكو ئیدی پرسیاره له كاره‌كته‌ری نمایشه‌كه‌مان، كه ئه‌و هۆكاره‌ی ژن ماڵی باوكی تیا به‌جێ دێلێت، ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كی ڕهدووكهوتنهوه په‌یوه‌سته نیه به بونیاده ته‌قلیدیه‌كانی ماڵه‌وه؟ ئاخۆ ئه‌وه ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به عه‌شقه‌وه هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌ی زۆربه‌ی تێكسته فۆلكلۆریهكانی ئێمه‌ش هه‌ر له‌و ته‌وه‌ره‌وه یاخی بوونی ژنی كورد بانگه‌شه ناكه‌ن؟ ئایا شانۆی فێمێنیستی (كوردی) ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌وێت، به‌و ئاگاییه‌وه خۆی ده‌خاته ڕوو؟ ئاخۆ ئاگایی ژنی كوردی بۆ یاخی بوون له سیستمی ماڵ خه‌ونی ئازادی ته‌نیا وابه‌سته ئه‌كات به ژیان له‌گه‌ڵ پیاوێك و دواجار پیاوه‌كه‌ش ئه‌بێت به جه‌للاد؟ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه پێویسته له‌و نمایشه ولهدیدی نمایشه فێمێنیسته‌كانی كوردی بكه‌ین، چونكه سه‌فه‌ری هاتنه ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ له‌ماڵ هه‌ر له ئۆدیبه‌وه تا نورا وكارهكتهرهكانی شانۆگه‌ریه‌كانی هنری میشۆ ولاش نۆرین وسترێندبێری وئهپسن، سه‌فه‌ره له‌پێناو ڕزگاربوون له‌ماڵ، به‌ڵام كاتێ ڕزگار بوون له‌ماڵ هیچ هۆكارێكی فه‌لسه‌فی له‌پشته‌وه نه‌بێت پێویسته به‌دوای دیدی تێكستی فه‌لسه‌فی ودهرهێنانیدا بگه‌ڕێین تاوه‌كو تواناكان له‌ناو ده‌نگ وجه‌سته‌ی ئهكتهردا له‌پاڵ بونیاده‌كانی تر یه‌كبخه‌ین، به‌تایبه‌ت بۆ شانۆكارێكی جدی وه‌كو میدیا ره‌ئوف كه به‌یه‌كێك له‌ده‌نگه چالاكه‌كانی شانۆ سه‌یری ده‌كه‌ین، بۆیه جدیه‌ت بوونی پڕۆژه‌كه‌ی میدیا وا ده‌كات سووربوونی ئێمه له‌سه‌ر نمایشه‌كه وله‌سه‌ر گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كه ئه‌و تێگه‌یشتنه ڕه‌خنه‌ییه بێنێته بوون، كه به‌یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه ده‌ركه‌وت كه توانای گفتوگۆ وپرسیاری له‌لای نێوه‌نده شانۆییه‌كه هێنایه بوون.
نیهاد جامی