تاڵەبانى یارى بەئاگر دەكات… چالاك قەرەداخی
چی لەوە مەرگەساتتر هەیە؛ وڵاتێك پێویستى بە قارەمان بێت و قارەمانیش دەرنەكەوێت. چی لەوە گاڵتەجاڕتر هەیە وڵاتێك پڕ بێت لە سەركردەى فسس پاڵەوان و گرگن و كەچی وەك رۆستەمى زاڵیش خۆیان نیشان بدەن…!! جا ئەو وڵاتەش كوردستان بێت…
پەتاى دەسەڵاتخوازی و خۆبەزلزانین و فراوانخوازی چەندین سەركردەكانى باشوورى بەرەو زەڵكاوى خیانەت و ملكەچی بردووە. ئەو سەركردانە بۆ چەندین ساڵ شەڕی كورد كوژیان كرد و دەسەڵاتێكی تا سەر ئێسقان گەندەڵیان بەسەر خەڵكی ستەمدیدەى باشووردا سەپاند، هەرچی توانست و هێزى رۆژهەڵاتى كوردستان هەبوو لەژێر ناوی پاراستنى دەسكەوتەكانى باشوور بەقوربانى چڵێسی خۆیان كرد، بەداخەوە هێز و لایەنەكانى رۆژهەڵاتیش هەم لەترسان و هەم لەبرسان ملكەچی فشار و گوشارەكانی هێزەكانى باشوور بوون و لەئاكامیشدا چارەنووسیان وەك چارەنووسی ئاردی ناو دڕكانیان لێهات.. خواستیان هەمان چارەنووسیش دووچارى پەكەكە بكەن. كە پەكەكە ملكەچی فشارەكانیان نەبوو و نەكەوتە نێو پیلانە گڵاوەكانیان، چەندین شەڕ و شۆڕیان بەسەردا سەپاند، چەندین جار خۆیان كردە كەوا سووری بەرلەشكری تۆرانییەكان، بەڵام پەكەكە هەر ملكەچیان نەبوو، رۆڵێكى بەرچاویان لە دەستگیركردنى بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبوو، بەڵام پەكەكە هەر ملكەچیان نەبوو، ئەمجارە خواستیان لەرێگەى خیانەتى ناوخۆییەوە پەكەكە پارچەپارچە و لاواز بكەن، كەچی پەكەكە نەك هەر پارچەپارچە و لاواز نەبوو، بەڵكو ئەمڕۆ بەشێوەیەكى ئەفسووناوى لەنێو بەرخۆدان و گیانبازیدا بەرگرى لە باكوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواى كوردستان دەكات و ڤێتنامێكى خوێناوى بۆ سوپاى توركیا سازداوە. ئەمریكا و ئیسرائیل و بریتانیا هاوكارییەكى بێسنوورى توركیا دەكەن، كەچی كچ و كوڕانى ئاپۆیی چاڵە زەڵكاوێكى بێبنی بۆ لەگۆڕنانى خەونە نەزۆكەكانى ئەو دەوڵەتانە هەڵكەندووە و هەرچییەك دەكەن لێی دەرناچن.
بەڵام ئەوەى لەنێو ئەو پیلانگێڕییانەدا زۆر چڵێس و بێویژدانانە یاری دەكات جەلال تاڵەبانییە. ئەو پیاوە بەدرێژایی تەمەنى خۆی جگە لەخیانەت و كار كردن لە خزمەتی دەوڵەتانى داگیركەر و هێزە چەوسیێنەرەكانى دونیا هیچی دیكەى لەهەگبەى ژیانى سیاسی خۆیدا هەڵنەگرتووە. ئەمڕۆش ئەو پیاوە جارێكى دیكە یارى بەئاگر دەكات، بەڵام ئەمجارەیان زۆر زۆر كاڵفامانە ئەو یارییە مەترسیدارە دەكات، چونكە لەو یاریەیدا خۆیشی دەسووتێنێت.نەك هەر خۆی بەڵكو (ی ن ك) و هەموو ئەوانەش كە بەزووڕناكەى ئەو پیاوە دەكەونە نێو هەلەكە سەماوە.!!. تاڵەبانى كە بێباكانە لەلایەك كەركوكى فرۆشت و لەلایەكى دیكەشەوە یارى بەو ئاگرە دەكات كە ناوى ئیرادەى ئازاد و سەربەخۆی پەكەكە و گەلی كوردستانە، ئەمجارە هەروا بەئاسانى لێی دەرناچێت و چارەنووسی خۆی و پارتەكەی خستۆتە دەستى تۆرانییەكانەوە. بێشك ئەم شەڕ و داگیركارییە سەرى خۆی و كۆمارە شلۆقەكەی دەخوات… ئەو رۆژگارەو پەتى خیانەت و ملكەچبوون كورت و رزیوە و زوو دەپسێ و سەرى ساحێبی دەخوات. ئەمڕۆ ئیرادەی هەڵكشاو و پۆڵایینى گەل لە شاری ئامەد هاوار دەكات و بەسەر خیانەتكاراندا دەقیڕێنێ:" پەكەكە گەلە و گەلیش وا لێرەیە"یان دەڵێن:" پەكەكە ئاگرە و ئاگریش هەرچی پیسی هەیە دەسووتێنێ"
chalak_karadagi@yahoo.com