Skip to Content

Sunday, November 10th, 2024
پرۆژەیەك بۆ گەڵاڵەكردنی پەیماننامەی شەرەفی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان

پرۆژەیەك بۆ گەڵاڵەكردنی پەیماننامەی شەرەفی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان

Closed
by January 1, 2008 گشتی

 

…*هێرش ره‌سوڵ..

چه‌مكی ئێتیكی پیشه‌ (أخلاقیات المهنه‌- Professional Ethics) واتای هه‌ڵسوكه‌وتی خاوه‌ن پیشه‌‌و ره‌فتاره‌كانی له‌میانی پیاده‌كردنی پیشه‌كه‌یدا، ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ ده‌كرێ وادابنێین، رێسای ره‌فتار رێساگه‌لێكه‌ بۆ رێكخستنی پیاده‌كردنی كار له‌چوارچێوه‌ی ره‌سمیدا كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یگرێته‌خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی، به‌رێكخستنه‌كه‌‌و مه‌رجه‌كانی، پابه‌ندده‌بن.
وه‌كچۆن ئێتیكی میدیا‌و رۆژنامه‌نووسی-ش، كۆمه‌ڵێك چوارچێوه‌‌و رێسا‌و یاسایه‌، كه‌ ده‌بێت رۆژنامه‌نووس‌و كاركردوانی بواری میدیا، خۆویستانه‌‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ویژدانیی خۆیان، له‌ كاتی ئه‌نجامدانی كاره‌ پیشه‌ییه‌كانیاندا له‌به‌رچاوی بگرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچاركرابن، یان فشارێكی ده‌ره‌كیان له‌سه‌ر بێت، یاخود له‌ كاتی ره‌چاونه‌كردنی یان سه‌رپێچیكردن لێی، تووشی سزای یاسایی بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌ گرنگی پابه‌ندبوونی رۆژنامه‌نووس به‌ ئێتیكی پیشه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌مناكاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی په‌یڕه‌ویكردنی پیشه‌یی پابه‌ندبوونه‌ به‌و سیستمی ئێتیكی‌و ده‌ستورییه‌ی پیشه‌وه‌ كه‌ هه‌موان راشكاوانه‌ له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.
بنه‌ما ئێتیكیه‌كان بۆ پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی، بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای رێنوێنی‌و ئاراسته‌كاریی رۆژنامه‌نووسی، له‌كاتێكدا یاسا ئه‌وه‌ دیاریده‌كات، له‌ ره‌وشێكی دیاریكراودا ده‌توانیت چی بكه‌یت‌و ناتوانیت چی بكه‌یت، ئه‌مه‌شه‌  بنه‌ما ئێتیكیه‌كان له‌ بنه‌ما یاساییه‌كان جیاده‌كاته‌وه‌.
پره‌نسیپه‌ ئێتیكیه‌كان، له‌سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌های كه‌سی، پیشه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئێتیكی پێشانت ده‌ده‌ن پێویسته‌ چی بكه‌یت، كه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دروسته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، بڕیاردانی ئێتكییش واته‌ پاراستنی ئه‌و به‌هایانه‌ له‌ كاری رۆژانه‌دا.
رۆژنامه‌نووسی پیشه‌یه‌كی ئابڕوومه‌ندانه‌یه‌، به‌ هه‌موو پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌نده‌‌و ده‌ربڕی راسته‌قینه‌ی واقیعه‌كه‌یه‌، وه‌كچۆن به‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌رده‌وام كراوه‌ به‌سه‌ر ئه‌قڵ‌و ویژدانی خه‌ڵك ده‌چوێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ كاركردوانی ئه‌و پیشه‌یه‌ پێویستبوو پشت به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ها‌و نه‌ریت ببه‌ستن كه‌ رێسایه‌كی بنچینه‌یی پێكده‌هێنێت بۆ پارێزگاریكردن له‌ كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ، پێیده‌وترێت (ئێتیكی پیشه‌)‌و دڵنیایی‌و پابه‌ندبوونی پیشه‌یی به‌رامبه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌كان دروستده‌كات بۆ پاراستنی شه‌ره‌فی وشه‌‌و شه‌ره‌فی پیشه‌ له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی پیشه‌یی هاوكاریكراو به‌ ئێتیكی په‌یڕه‌وكردن پێویستیه‌كی باشه‌ بۆ پێكهێنانی واقیعی رۆژنامه‌نووسی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی‌و دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری پێشكه‌وتنی له‌لایه‌ك‌و به‌ره‌وپێشبردنی دۆخی ئه‌و ئازادییه‌ی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ده‌ربڕینی بیروڕاكان له‌ رێگه‌ی كایه‌ی رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌، دروستده‌كات.
هه‌روه‌ها پێوه‌ر‌و پره‌نسیپه‌كانی ئێتیكی كاری میدیاییش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی‌و له‌ناو رۆژنامه‌نووسانی زۆربه‌ی وڵاتاندا خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكدا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌مه‌ وێڕای هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندێتیی كۆمه‌ڵگا‌و ژینگه‌ی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌، گرنگترین ئه‌و پێوه‌رانه‌ش بریتین له‌: به‌رپرسیارێتی، راستگۆیی‌و وردبینی، سه‌ربه‌خۆیی، ئازایی‌و ئازادی، بێلایه‌نی‌و جیاكارینه‌كردن، ده‌ستپاكی‌و بابه‌تیبوون، ره‌چاوكردنی تایبه‌تیبوونی ژیانی كه‌سه‌كان، دادوه‌ری‌و خراپ به‌كارنه‌هێنان، نهێنیپارێزی، خۆناساندن‌و ده‌مپاكی، رێزگرتنی به‌هاكان، هاوكارینه‌كردن…
له‌و ده‌سپێكه‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ی ئێتیكی كاری رۆژنامه‌نووسی، له‌ واقیعی میدیای كوردی بڕوانین، هه‌ست به‌ سه‌رپێچی‌و لادانێكی زۆر له‌ پره‌نسیپه‌ ئێتیكیه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بینین رۆژنامه‌نووسان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌متر بنه‌ما ئێتیكیه‌كانی پیشه‌كه‌یان ره‌چاوده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك گرفتی دروستكردوه‌، گرفتگه‌لێك له‌ رووی لاوازی ئه‌و بابه‌ت‌و مه‌تریاڵه‌ی پێشكه‌شی خوێنه‌ر ده‌كرێت له‌لایه‌ك‌و لاوازبوونی متمانه‌ی خوێنه‌ر به‌و میدیایانه‌ له‌لایه‌كیتره‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێكجار میدیاكان له‌ سنوره‌كانی رۆژنامه‌نووسیی زه‌رد (الصحافه‌ الصفرا‌و-Yellow Journalism ) نزیكده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌وجۆره‌ میدیایه‌ش پێوه‌ر‌و پره‌نسیپه‌كانی ئێتیكی پیشه‌ ره‌چاوناكات‌و گوێی پێنادات، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسان له‌و ته‌رزه‌ی رۆژنامه‌نووسییدا، ویژدان‌و بڕوای مرۆڤدۆستی‌و ئێتیكیی خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانیی سه‌بقێكی رۆژنامه‌نووسی، یان وروژاندنی شه‌قام‌و زیادكردنی تیراژی رۆژنامه‌كه‌یان‌و هه‌رچی زۆرتر په‌یداكردنی بازاڕ بۆ رۆژنامه‌كه‌یان.
له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ئه‌و رێسایانه‌ش، به‌ بڕوای من په‌یوه‌ندیی به‌ چه‌ند هۆكارێكی گه‌وهه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان: به‌ ده‌سه‌ڵاتنه‌بوونی میدیا له‌ كوردستان‌و نه‌بینی رۆڵی چاودێر به‌سه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ كاریگه‌ریی هۆكارگه‌لی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و… تاد. دوه‌م: پرۆفێشناڵنه‌بوون‌و لاوازی كاری پیشه‌یی‌و كه‌م شاره‌زایی، چونكه‌ تا ئێستا لای ئێمه‌ رۆژنامه‌نووسی زیاتر حه‌ز‌و ئاره‌زووه‌، نه‌ك پیشه‌‌و خوێندن. سێیه‌م: نه‌بوونی په‌یماننامه‌یه‌كی شه‌ره‌فی پیشه‌، كه‌ كۆی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ری كۆكبووبن‌و پابه‌ندبن پێیه‌وه‌. هه‌روه‌ك نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نێكی باڵای رۆژنامه‌نووسی یان راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی كاری میدیا بكات‌و په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف گه‌ڵاڵه‌ بكات‌و به‌ مه‌به‌ستی زامنكردنی ئازادیی راده‌ربڕین له‌ رۆژنامه‌نووسییدا، دیسانه‌وه‌ بۆشاییه‌كی تری ناوه‌ندی میدیایه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ رۆژنامه‌نووسان‌و ئه‌كادیمیان ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بن‌و له‌ رێگه‌ی سه‌ندیكا‌و كۆمیته‌‌و گروپ‌و رێكخراوه‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كانه‌وه‌ كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر په‌یمانێكی شه‌ره‌ف پێشان بده‌ن‌و بیكه‌نه‌ ده‌ستوری په‌یڕه‌وكردنی پیشه‌یی خۆیان. (ئه‌گه‌رچی گۆڤاری "لڤین" خاوه‌نی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌نووسانی خۆیه‌تی‌و ساڵی رابردووش "گروپی راچه‌نین" به‌هاوكاری به‌شی میدیای ئازاد له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ICSP ‌و به‌شداری كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس‌و رۆشنبیر په‌یماننامه‌یه‌كیان گه‌ڵاڵه‌كرد‌و داوایانكرد رۆژنامه‌نووسان ئیمزای ره‌زامه‌ندبوونی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیاریی من، پێشوازییه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌كرا).
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌، وه‌كو پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان، لێره‌دا چه‌ند خاڵێك (به‌ سودوه‌رگرتن له‌ جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ‌و پێوه‌ره‌ گشتیه‌كانی ئێتیكی كاری رۆژنامه‌نووسی له‌ دنیا‌و خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی: په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسی كه‌ یونسكۆ گه‌ڵاڵه‌یكردوه‌، په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان، په‌یماننامه‌ی یه‌كێتیی رۆژنامه‌نووسانی جیهانی "سوێندی رۆژنامه‌نووس"، په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌ پرۆفێشناڵه‌كان، بنه‌ماكانی ئێتیكی رۆژنامه‌نووسیی كۆمه‌ڵه‌ی سه‌رنووسه‌رانی رۆژنامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌نووسانی ئێزگه‌/ ئه‌مه‌ریكا، په‌یماننامه‌ی ئێتیكی هه‌واڵی ئێزگه‌یی رێكخراوی ده‌رهێنه‌رانی هه‌واڵی ئێزگه‌‌و ته‌له‌فزیۆن، رێساكانی كاری ئێتیكی رۆژنامه‌نووسیی به‌ڕێوه‌به‌رانی نووسین له‌ ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس، په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسانی چه‌ند وڵاتێكی ده‌وروبه‌ر) پێشنیار ده‌كه‌م‌و ده‌خوازم رۆژنامه‌نووس‌و رۆشنبیر‌و ئه‌كادیمییان گفتوگۆی جیددی له‌سه‌ر بكه‌ن، تاكو دواجار بكرێته‌ په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسانی ئه‌م هه‌رێمه‌.
ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێموایه‌، بوونی په‌یمانی شه‌ره‌فی كار بۆ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، به‌ ته‌نها نابێته‌ تاكه‌ پێوه‌ر بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی ئێتیكی رۆژنامه‌نووسیی له‌ راگه‌یاندنی كوردیدا، ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسان خۆیان لایه‌نی ویژدانی‌و ئێتیكی مرۆیی خۆیان ره‌چاونه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌به‌رچاوگرتنی پره‌نسیپه‌كانی ئێتیكی پیشه‌‌و بوونی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسی، پتر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئێتیكی‌و بڕوابوونێكی ویژدانیی خودی رۆژنامه‌نووس خۆیه‌تی، وه‌ك له‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی پابه‌ندی‌و سزادار.
     1-رۆژنامه‌نووس له‌ میانی په‌یڕه‌وكردنی كاره‌كه‌یدا ره‌چاوی به‌رپرسیارێتی ده‌كات، ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی، كه‌ په‌یامه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ خستوویه‌ته‌ ئه‌ستۆ.
2- رۆژنامه‌نووس له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵ‌و زانیارییدا راستگۆ ده‌بێت‌و وردبینی زۆر به‌كارده‌هێنێت، له‌پێناو سه‌بقی رۆژنامه‌نووسی‌و وروژاندنی شه‌قام‌و زیادكردنی تیراژ‌و فرۆش‌و بازاڕ په‌یداكردن متمانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر وه‌رگر له‌ ده‌ستنادات.
3- رۆژنامه‌نووس له‌ داڕشتنی هه‌واڵ‌و پێشكه‌شكردنی زانیارییدا، سه‌ربه‌خۆیی خۆی ده‌پارێزێت.
4- رۆژنامه‌نووس داكۆكی له‌ ئازادی ده‌كات‌و له‌ به‌ده‌ستهێنانی داتا‌و زانیارییدا ئازا ده‌بێت‌و ئه‌و ئازایه‌تییه‌ش له‌ راده‌ربڕیندا، دواجار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی راده‌ربڕین به‌كاردێنێت.
5- رۆژنامه‌نووس بۆ مه‌رامی دزێو و به‌رژوه‌ندیی تایبه‌تی سود له‌ ئازادیی راده‌ربڕین‌و مافی ره‌خنه‌گرتن وه‌رناگرێت.
6- رۆژنامه‌نووس له‌ داڕشتن‌و بڵاوكردنه‌وه‌دا بێلایه‌نی پیشه‌یی ده‌پارێزێت‌و جیاكاری له‌نێوان بابه‌ت‌و روداوه‌كاندا ناكات. 
7- رۆژنامه‌نووس سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ‌و زانیاریی ئاشكرا ناكات‌و نهێنیپارێز ده‌بێت.
8- رۆژنامه‌نووس بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌واڵ‌و زانیاری‌و وێنه‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌ رێگای دروست‌و ره‌وا ده‌گرێته‌به‌ر.
9- رۆژنامه‌نووس له‌ روماڵكردنی روداو ‌و گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كاندا ده‌ستپاك‌و سه‌رراست ده‌بێت‌و دڵنیایی‌و بابه‌تیبوون له‌به‌رچاو ده‌گرێت‌و زانیاریی گرنگ ناشارێته‌وه‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌كان ناشێوێنێت‌و بابه‌تی رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ ناكات به‌ هی خۆی‌و له‌ كات‌و شوێنی پێویستدا ئاماژه‌ به‌ ناوی سه‌رچاوه‌ ده‌كات.
10- رۆژنامه‌نووس هه‌وڵی جیددی ده‌دات بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نادروست بڵاوكراونه‌ته‌وه‌‌و زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌گه‌یه‌نن، هه‌روه‌ك مافی راستكردنه‌وه‌‌و رونكردنه‌وه‌‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ش بۆ ئه‌و كه‌س‌و گروپ‌و لایه‌ن‌و ده‌زگایانه‌ش ده‌سته‌به‌رده‌كات كه‌ پێیانوایه‌ له‌ میانی بابه‌تێكه‌وه‌ زیان به‌ ناو و ناوبانگیان گه‌یشتوه‌، یان زانیاریی ناو بابه‌تێك له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تێدابوه‌.
11- رۆژنامه‌نووس تایبه‌تیبوونی ژیانی كه‌سه‌كان ره‌چاو ده‌كات.
12- رۆژنامه‌نووس دادوه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌تریاڵه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كان ده‌كات‌و هه‌وڵنادات حه‌زی ئه‌نجامدان یان دووباره‌كردنه‌وه‌ی تاوان‌و توندوتیژی‌و كاری دزێو لای وه‌رگر دروست‌و گه‌وره‌ بكات .
13- رۆژنامه‌نووس پیشه‌‌و ناسنامه‌كه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیدا به‌كارناهێنێت‌و ساخته‌كاری ناكات، وه‌كچۆن هه‌موو به‌رتیل، دیاری، بانگهێشتێك كه‌ نێگه‌تیڤانه‌ كاربكاته‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی، قبوڵناكات‌و له‌ رێگه‌ی پیشه‌كه‌یه‌وه‌ هاوكاریی ده‌زگایه‌كی سیخوڕی یان لایه‌نێك ناكات دژی لایه‌نێكی دیكه‌، به‌ جۆرێك كاربكاته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی.
14- رۆژنامه‌نووس رێز له‌ راستی‌و پره‌نسیپی مافی زانین‌و مافی خه‌ڵك له‌ گه‌یشتن به‌ زانیاریه‌كان‌و هه‌موو دید‌و ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی كاركردن‌و بیركردنه‌وه‌ ده‌گرێت‌و مافی راده‌ربڕینیشیان به‌بێ جیاوازی بۆ فه‌راهه‌مده‌كات.
15- رۆژنامه‌نووس مافه‌كانی مرۆڤ‌و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌پارێزێت‌و هه‌وڵی قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی دیموكراسی، سه‌روه‌ریی یاسا، لێبورده‌یی، ته‌بایی، پێكه‌وه‌ژیان، رزگاری نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی، پێشكه‌وتنی كورده‌واری‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كوردستان ده‌دات.
16- رۆژنامه‌نووس هه‌رگیز بیر له‌ وه‌رگرتنی پۆستی هاوكارێكی ناكاته‌وه‌، یان ئه‌و جێگه‌یه‌ به‌ مه‌رجێكی كه‌متر وه‌رناگرێت‌و رێگا بۆ ده‌ركردنی هاوپیشه‌كه‌ی خۆشناكات.
17- رۆژنامه‌نووس ره‌چاوی ئه‌و پره‌نسیپه‌ یاساییه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت: "تۆمه‌تبار بێ تاوانه‌، تا ئه‌و كاته‌ی تۆمه‌تباركردنی له‌ داگا ده‌سه‌لمێنرێ".
18- رۆژنامه‌نووس كار له‌سه‌ر بزواندنی هه‌ست‌و سۆزی وه‌رگر ناكات‌و له‌ روداو و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا چه‌واشه‌یان ناكات.

* رۆژنامه‌نووس‌و مامۆستای زانكۆ
Herish82@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.