Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
له‌نێوان مه‌نسوری ته‌یفوری و قانعی فه‌رددا

له‌نێوان مه‌نسوری ته‌یفوری و قانعی فه‌رددا

Closed

دوای ئه‌وه‌ی قانعی فه‌رد له‌ گۆڤاری لڤیندا باسی سه‌ركرده‌ كوردیه‌كانی كرد، شه‌قامی كوردی پڕ بوو له‌ ده‌نگه‌ده‌نگ و به‌جۆرێك باس له‌وه‌ده‌كرا كه‌ مێژوومان خه‌ریكه‌ ده‌شێوێندرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژوومان هێنده‌ جوان نوسرابێته‌وه‌ كه‌  به‌ كتێبێك ناشرین بكرێت. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت گه‌نجێكی كوردستانی ئێران به‌ناوی شاره‌زایی له‌ مێژووی كورددا دێته‌ كوردستانی عیراق و له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی تاڵه‌بانیدا ئه‌خوات و ئه‌خه‌وێت و تاڵه‌بانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگی له‌ كلۆره‌ داردا دۆزیبێته‌وه‌ قسه‌ بۆ ئه‌م براده‌ره‌ ده‌كات و هه‌ر له‌ڕێی ئه‌ویشه‌وه‌ چاوی به‌ بارزانی و چه‌ندین سیاسه‌تمه‌نداری جیهانی ده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌و سه‌رباری ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت بارزانیش به‌ڵێنی به‌خشینی حه‌فتا هه‌زار دۆلاری پێ ده‌دات.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌ نیه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانمان ده‌یانه‌وێت مێژوو چۆن ده‌نوسرێته‌وه‌، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌نجێك چۆن توانی وا به‌ئاسانی گۆڵ له‌ سه‌ركرده‌كانمان بكات و وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچێت. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كان چۆن پێشوازی له‌ گه‌نجێك ده‌كه‌ن و هه‌رچی هه‌یانه‌ ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ستی، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ركردانه‌ چۆن به‌ قسه‌كردن و مانه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌ماڵه‌كانیاندا نه‌یاتوانی ئه‌م براده‌ره‌ بناسن؟ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانمان بۆ تۆزقاڵێكیش ئاماده‌ نه‌بوون گوێ له‌ ڕۆشنبیرانی هه‌رێم بگرن كه‌چی ئاماده‌ن ده‌رگاكانیان بۆ قه‌له‌مه‌ بچوكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بخه‌نه‌ سه‌ر پشت.
با وا دابنێین ئه‌وان گرنگی به‌ نوسه‌رانی ناوخۆناده‌ن. با دوو نوسه‌ری كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ نمونه‌ وه‌ربگرین كه‌ ئه‌وانیش یه‌كیان  قانعی فه‌رد و ئه‌ویتریشیان نوسه‌رو وه‌رگێڕ مه‌نسوری ته‌یفورییه‌.
قانعی فه‌رد به‌ قسه‌ی زۆرێك له‌ چاودێرانی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌ قسه‌ی یه‌كێتی و پارتیش گومانی جاسوسی لێده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا نوسه‌ر و وه‌رگێڕی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات مه‌نسوری ته‌یفوری كه‌ گه‌نجێكی خوێنده‌واری كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاته‌ و ساڵانێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ئینسانێكه‌ به‌ مانای كه‌لیمه‌ خه‌ونی ڕوناكبیری هه‌یه‌ و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ دید و بۆچوونه‌كانی مارشاڵ بێرمه‌ن و سلاڤۆی ژیژه‌ك و چه‌ندانی تر ئاشنا ده‌كات، به‌ڵام نه‌ك سه‌ركرده‌كان ئاماده‌ نین ده‌رگاكانیان بۆ ئه‌م گه‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر پشت، به‌ڵكو ئه‌م گه‌نجه‌ ماندووه‌ ده‌بێت ڕوو له‌ زۆرێك له‌ چاپه‌مه‌نیه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ بكات تا كتێبێكی بۆ چاپ بكه‌ن. به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ قانعی فه‌رد خۆی ده‌كات به‌ ماڵی تاڵه‌بانیدا و ئیمزا له‌سه‌ر كتێبه‌ مێژوویه‌ درۆزنه‌كه‌ی ده‌كات و به‌ هه‌زاران دۆلاریشی بۆ سه‌رف ده‌كات.
ئه‌وه‌ مه‌نسوری ته‌یفوریه‌ نایه‌وێت وه‌ك پاڵه‌وانی ناو ڕۆژنامه‌كان ده‌ربكه‌وێت و ئیش له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی مێژوویه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ئاراسته‌كراو ناكات، به‌ڵكو وه‌ك مرۆڤێكی گه‌ڕیده‌ به‌ خۆی و لاپتۆپه‌كه‌ی شانیه‌وه‌ بیرده‌كاته‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه‌ قانعی فه‌ردده‌ له‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ وخۆی ده‌كات به‌ ماڵی تاڵه‌بانیدا و له‌ وێنه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ بارزانی وا قاچی خستۆته‌ سه‌رقاچ وه‌ك ئه‌وه‌ی وا خۆی ده‌ربخات كه‌ ده‌بێت ئه‌وان مه‌منون بن گه‌ر مێژووه‌كه‌یان بۆ بنوسێته‌وه‌.
نمونه‌ی مه‌نسوری ته‌یفوری و قانعی فه‌رد باشترین نمونه‌ن بۆ ناسینی عه‌قڵی سه‌ركرده‌ كورده‌كان، ئه‌وان جیاوازی له‌نێوان ئه‌م دوو قه‌ڵه‌مه‌دا ناكه‌ن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا كوردستانی باشور و یه‌كێتی كه‌سی تیا نیه‌ تاكو مێژووی تاڵه‌بانی بنوسێته‌وه‌ كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت؟ من دڵنیام نه‌ تاڵه‌بانی و نه‌ بارزانی تا ئێستا نوسینێكی مه‌نسوری ته‌یفورییان نه‌خوێندۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی كاره‌ساته‌ سه‌ركرده‌ی كوردی هێنده‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیری بیر بكه‌نه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو قه‌ڵه‌مه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا نه‌زانن كامیان خزمه‌ت به‌ فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌كه‌ن.
لێره‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خاوه‌نی سه‌ركرده‌گه‌لێكه‌ كه‌ ناتوانن جیاوازی له‌نێوان قه‌ڵه‌می جدی و سیخوڕدا بكه‌ن. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خاوه‌نی به‌رپرسگه‌لێكه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ فراوانكردنی پێگه‌ ڕووناكبیریه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌نه‌وه‌، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ چۆن به‌ كتێبێك ببێته‌ پاڵه‌وان و مێژوو به‌ ئاره‌زووی خۆی بنوسێته‌وه‌. ئاخر گه‌ر تاڵه‌بانی بیه‌وێت مێژووی خۆی به‌ ئاره‌زووی خۆی بنوسێت ئه‌وه‌ مێژوو نیه‌ و گومان له‌ ڕاستی ئه‌و مێژووه‌ ده‌كرێت. به‌ڵكو ئه‌وه‌ خه‌ڵكانی مێژوونوس وئه‌كادیمیه‌كانن ده‌بێت مێژوو بێلایه‌نانه‌ بنوسنه‌وه‌.

عه‌زیز ڕه‌ئووف
Azizrauf2003@yahoo.com

 

Previous
Next