Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

Closed

ئەمجەد شاکەلی:
بزاڤی جه‌لالی یه‌که‌م فێرگه‌ی جوێندان و تۆمه‌تبارکردنی بارزانی بوو

شاکەلی:
ئه‌وه‌ی قانیعیفه‌رد گوتوویه‌تی به‌شێکه‌ له‌و تێزه‌ی له‌ 1964ه‌وه‌ بره‌وی پێ ده‌درێ و قانیعیفه‌رد هه‌رگیز له‌ جه‌لالییان پتری به‌ بارزانی نه‌گوتووه‌

ئه‌و تێزه‌ی بره‌و به‌ خراپیی نێوان بارزانی و قازی موحه‌ممه‌د ده‌دا قانیعی فه‌رد داهێنه‌ری نییه‌ ئه‌و قسه‌قۆڕانه‌ له‌مێژه ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و پێڕۆیانی و عیسا په‌ژمان، بانگه‌شه‌یان بۆ کردووه‌ و ده‌که‌ن

لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل رۆشنبیری دیاری کورد ئەمجەد شاکەلی لە قسەکانی قانعی فەردو مێژوی دژایەتیی بۆ بارزانی دەدوێ.

رزگار رەزا چوچانی: ده‌كرێت بۆ ‌مێژووی كورد پشت به‌ ئه‌رشیفی ئه‌و لایه‌نانه‌ ببه‌سترێت كه‌ مێژوییه‌كیان لە به‌ره‌و روبونه‌وه‌ هەیە لەگەڵ كورد‌؟

شاکه‌لی: له‌ کوردستانێکدا، که‌ حیزب و ده‌سته‌ و گرۆ، باڵی به‌ سه‌ر هه‌موو شتێک و هه‌موو که‌سێکدا، کێشاوه‌، له‌ ژینگه‌یه‌کدا، که‌ مرۆڤ هه‌ناسه‌ی حیزب هه‌ڵده‌مژێ و به‌ حیزب ڕۆژده‌کاته‌وه‌ و شه‌و له‌گه‌ڵ حیزبدا ده‌نوێ، ئه‌گه‌ر بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوو، ته‌نێ پشت به‌و سه‌رچاوانه‌ ببه‌سترێ، که‌ هی خۆنه‌ یا هی که‌سانێک و ده‌سگاگه‌لێکن، که‌ له‌ ژێرده‌ستی خۆنه‌ یا هه‌وادار و گرێدراوی خۆنه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ نابێته‌ مێژوونووسین، به‌ڵکه‌ ده‌بێته‌ خڕکردنه‌وه‌ی په‌سن و پێداهه‌ڵدان، چونکه‌ که‌سان و ده‌سگا و سه‌رچاوه‌گه‌لی خۆیی زۆرجاران، به‌ کاریگه‌ریی پێوه‌ندی، ناسیاوی، ده‌مچه‌ورکردن و ده‌مشیرینکردن، پاره‌وپووڵ، به‌ڵێن و ده‌یان به‌زمی دیکه‌وه‌، له‌ په‌سن و پێداهه‌ڵدان زیاتر شتی دیکه‌ ناڵێن و نانووسن. تۆ ئه‌گه‌ر قسه‌وباسی خه‌ڵکی ده‌ره‌کی و ڕای خراپ و کرێتی ئه‌وان و ڕه‌خنه‌ و ته‌شه‌ری ئه‌وان نه‌بیسی و نه‌خوێنییه‌وه‌ و نه‌بینی، هه‌رگیز خۆت ناناسیت و کێماسییه‌کانی خۆت نابینی. به‌ بینینی شه‌ل، کوێر، که‌ڕ، لاڵ، که‌مئه‌ندام، دز، ته‌نبه‌ڵ، خوێڕی، خاووخلێچک، ترسنۆک، گه‌نده‌ڵ، جاش، خۆفرۆش، ساخته‌کار، نه‌خۆش، تۆ ده‌زانیت لاقساغ، چاوساغ، بیسه‌ر، زماندار، له‌شساغ، ده‌ستپاک، زیره‌ک، ئازا، گورجوگۆڵ، بوێر، خاوێن، پێشمه‌رگه‌، سه‌رڕاست، ساغ هه‌ن. ناشیرینی و دزیوی، به‌ها ده‌داته‌ جوانی لای هه‌موو مرۆڤێک. بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوو، مرۆڤ بۆی هه‌یه‌ په‌نا به‌رێته‌ به‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌ک، نه‌یار یا یار، ده‌ره‌کی یا ناوه‌کی. مێژوو ته‌نێ دۆکیۆمێنتی نووسراو و کتێبیش نییه‌، به‌ڵکه‌ قسه‌ و گێڕانه‌وه‌ و یاده‌وه‌ری و گه‌واهیی خه‌ڵکیشه‌. من ده‌ڵێم: به‌ڵێ بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌ک هه‌ر کورد، به‌ڵکه‌ هی هه‌موو گه‌ل و وڵات و جڤاکێکی دیش، ده‌کرێ و فره‌خاسیش ده‌کرێ سوود له‌ سه‌رچاوه‌ی دۆست و دوژمن وه‌ربگیرێت.

رزگار رەزا چوچانی:به‌ڵام وه‌ك ده‌بینی قانعی فه‌رد ته‌نها باسی به‌ڵگه‌ی ئینگلیز ئه‌كات كه‌ بارزانی له‌كاتی نوری سه‌عید و حه‌مدی پاچه‌چی شۆرشی به‌رپاكردووه‌ باسی به‌ڵگه‌كانی ساواك ده‌كات كه‌بارزانی دوای روخانی كۆمار ئاماده‌یی نه‌بوو ته‌سلیمیان بێت و شه‌ریكردن ئایا به‌ته‌نها پشت به‌ستن به‌و به‌ڵگانه‌ و لێنه‌كۆڵینه‌وه‌و وردبینی نه‌كردن له‌ئان و سات و هۆكار و زه‌روره‌تی تاكتیكی ئه‌وكات ده‌بێته‌ نوسینه‌وه‌ی مێژوو؟ ئایا گواستنه‌وه‌ی یه‌ك لای كێشه‌دار بێ وردبونه‌وه‌ له‌راكانی هه‌مبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ناكاته‌ راگه‌یاندنكارێكی ته‌ره‌فگیر له‌جێی مێژوونوس؟

شاکه‌لی: ڕاسته‌ دیرۆکنووس وێنه‌ی ڕووداو و که‌سه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌گوێزێته‌وه‌ و فره‌جاران بێلایه‌نانه‌ لێیان ده‌کۆڵێته‌وه‌، لێ باسکردن له‌ ڕووداوێک،که‌سێک یا سه‌رده‌مێکی دیاریکراو، له‌ یه‌ک ڕووه‌وه‌ و بێ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌گه‌لی دیکه‌ی پێوه‌نددار به‌و ڕووداو و که‌س و سه‌رده‌مه‌وه‌ و بێ وه‌رگرتن و له‌به‌رچاوگرتنی بۆچوون و دید و ڕای جیاواز، خوێندنه‌وه‌یه‌کی تاڕاده‌یه‌ک هه‌ڵه‌ و یه‌کلایه‌نه‌ی لێ ده‌رده‌چێت و زانستیه‌تی و ڕاستگۆیی له‌ده‌ست ده‌دات.

رزگار رەزا چوچانی: عیرفان ده‌ڵێت ریوایه‌تێكی نوێنه‌رێكی ئینگلیز هەیە كه ‌ده‌ڵێت ئینگلیزه‌كان بارزانییان هه‌ڵفڕاند بۆ تێکدانی کۆماری کوردستان بەڕێزت لەم بارەوە چی؟

شاکه‌لی: له‌و ڕۆژه‌وه‌ قسه‌کانی قانیعیفه‌رد له‌ گۆڤاری لڤیندا بڵابووه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری و ڕای جیاواز لای قانیعیفه‌رد و خه‌ڵکی دیکه‌ په‌خش بوونه‌وه‌. ئه‌و پیاوه‌ به‌ “لڤین” چی گوتووه‌ و به‌ “هه‌ولێر”‌ چ گوتووه‌ و به‌ یه‌کێکی دیکه‌ چی گوتووه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی و ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌‌ بزانن. ڕه‌نگه‌  قانیعیفه‌رد قسه‌ی ئه‌و کابرا ئینگلیزه‌ی له‌ جێیه‌کدا دیبێت، لێ من ئه‌و قسه‌یه‌م نه‌دیوه‌. هه‌رچی پێوه‌نده‌ به‌ چوونی بارزانی(مه‌لا مسته‌فا) و بارزانییانه‌وه‌ بۆ مه‌هاباد و به‌شدارییان له‌ کۆماری کوردستاندا، ده‌یان سه‌رچاوه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ بارزانی و بارزانییان، دوای تێکشکانی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی بارزانی ساڵی 1945 و پێش دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان چوونه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. بارزانییش، که‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بارزان ڕابوو، دژی ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی پاشایه‌تی عیراق جه‌نگا. حوکوومه‌تی ئه‌وده‌مه‌ش، سه‌ر به‌ ئینگلیز بوو و هه‌موو بزاڤێک دژی ئه‌و حوکوومه‌ته‌، ده‌یکرده‌ دژایه‌تی ئینگلیز. ئینگلیز به‌ فڕۆکه‌کانی خۆیان ڕاوی بارزانی و بارزانییانیان نا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌وجا چۆن ئینگلیز دژی خۆی، بارزانی به‌کار ده‌بات! ڕاسته‌ ئینگلیز، بارزانی و بارزانییانیان هه‌ڵفڕاند، به‌ڵام نه‌ک بۆ‌ ڕووخان و تێکدانی کۆماری کوردستان و به‌ کوشتدانی قازی موحه‌ممه‌د، به‌ڵکه‌ بۆ له‌نێوبردنی بارزانی و دوورخستنه‌وه‌ی چالاکی و بزێوی و یاخیبوونی ئه‌و له‌ عیراق و حوکوومه‌تی عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئینگلیز له‌ عیراق. فازیل ئه‌لبه‌راک(فاضل البراك)ی که‌ونه‌ ڕێبه‌ری ئاساییشی به‌عسیش، دیتنێکی له‌و جۆره‌ی هه‌بوو و ڕاپه‌ڕینه‌کانی بارزان و بارزانی و ئه‌وانی دیکه‌یشی به‌ نه‌خشه‌ و ده‌ستکردی ئینگلیز داده‌نا. بارزانی و بارزانییه‌کان، له‌ لایه‌ن کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و دواتر قازی موحه‌ممه‌د و سه‌رانی بزاڤی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ باشترین پێشوازییان لێکرا. بێجگه‌ له‌وه‌ش بارزانی له‌ یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمار و ده‌سه‌ڵاته‌ بوو و ته‌واوی هێز و توانستی خۆی و هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون، خستبووه‌ ژێر ڕێبه‌ریه‌تی کۆمار و قازی موحه‌ممه‌ده‌وه‌.

رزگار رەزا چوچانی: تۆ په‌یوه‌ندی قازی محه‌مه‌د و بارزانی چۆن ده‌خوێنیته‌وه‌؟ ئایا شتێك هه‌بووه‌ به‌ناوی دژایه‌تی یه‌كدی له‌نێوانیان ؟ تاچه‌ند به‌دروستی ده‌زانی كاتێك عیرفان قسه‌ی عیسا په‌ژمان ده‌كاته‌ نمونه‌ و ده‌ڵێت مه‌لامسته‌فا رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ به‌كوشتدانی قازیی محه‌ممه‌ددا‌؟

شاکه‌لی: ئه‌و تێزه‌ی که‌ بره‌و به‌ خراپیی نێوان بارزانی و قازی موحه‌ممه‌د ده‌دا، تێزێکی نوێ نییه‌ و  قانیعیفه‌ردیش داهێنه‌ری نییه‌. ئه‌و تێزه‌ و ئه‌و قسه‌قۆڕانه‌ زۆر له‌مێژه،‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و پێڕۆیانی و عیسا په‌ژمان، بانگه‌شه‌یان بۆ کردووه‌ و ده‌که‌ن و بره‌ویان پێداوه‌ و ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و تێزه‌ ڕاست بووایه‌، چما بارزانی ده‌چووه‌ کن که‌سێک یا ڕێبه‌رێک، که‌ خۆشی نه‌وێ و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵدا خراپ بێت! خۆ بارزانی ده‌یتوانی هه‌ر ئه‌وده‌می، که‌ چووه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و مه‌هاباد، هه‌ر له‌وێ جێگیر نه‌بووایه‌ و هه‌رچۆن دواتر چووه‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، ئه‌وده‌مێ بچووبایه‌ سۆڤیێت. دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پاشخانی ئه‌و دوو ڕێبه‌ره‌(مسته‌فا بارزانی و قازی موحه‌ممه‌د) له‌به‌رچاو بگرین و بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌و دووه‌ له‌ دوو ژینگه‌ی جودادا گه‌وره‌بوون. قازی موحه‌ممه‌د، مرۆڤێک بوو، له‌ ژینگه‌ی جه‌نگ و توندوتیژی و هه‌ڵاتن و زیندانیدا مه‌زن نه‌بووبوو، هه‌رچی مسته‌فا بارزانییه‌، له‌ ژینگه‌یه‌کی زیندانی و جه‌نگ و هه‌ڵاتن و ڕاپه‌ڕین و بومبباران و له‌سێداره‌دان و فه‌رهه‌نگی شه‌ڕ و هه‌موو ئه‌وانه‌دا مه‌زن بووبوو و به‌و پاشخانه‌وه‌ چووه‌ نێو کۆماری کوردستانه‌وه‌. بێگومان ئه‌وه‌ش وا ده‌کات، که‌ جیاوازی له‌ دیدی ئه‌و دوو ڕێبه‌ره‌دا به‌رانبه‌ر ژیان، به‌رخودان، جه‌نگ و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ بووبێت. بارزانی مرۆڤێکی جه‌نگاوه‌ر و شه‌ڕکه‌ر و یاخی و قاڵبووی ڕابوون و چه‌ک بووه‌ و قازی موحه‌ممه‌دیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بووه‌ و ئه‌وه‌ش شتێکی سروشتییه‌. ئه‌و جوداوازییه‌شیان هه‌رگیز کاری نه‌کردووه‌ته‌ سه‌ر پێکه‌وه‌ کارکردنیان و دڵسۆزی و باوه‌ڕیان به‌ ڕه‌وایه‌تی پرسی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌که‌یان.

رزگار رەزا چوچانی: به‌گشتی رۆڵی بارزانی و بارزانییه‌كان چۆن ده‌بینی له‌ دروست بونی كۆماری كوردستان و دواتر داكۆكی كردن له‌كۆماری كوردستان؟

شاکه‌لی: هه‌ر له‌ ده‌سپێکی دا‌مه‌زراندنی کۆماری کوردستانه‌وه‌، بارزانی و بارزانییه‌کان وه‌ک به‌شێکی گرنگی له‌شکری کۆمار و له‌ ژێر ڕێبه‌ریه‌تیی قازی موحه‌ممه‌دا داکۆکییان له‌ کۆمار کرد. بارزانی، پله‌ی له‌شکریی ژه‌نراڵی پێ به‌خشرا. له‌ کاتێکیشدا، که‌ به‌شێکی زۆر له‌ ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و خێڵ و هۆزه‌ کورده‌کانی موکریان و ڕۆژ‌هه‌ڵاتی کوردستان، پشتیان کردبووه‌ کۆماری کوردستان و نه‌یاری بوون و ڕێگه‌ی جاشایه‌تییان هه‌ڵبژاردبوو، تاکه‌ هێزێکی پڕچه‌ک و کارامه‌ و توانا و جه‌نگاوه‌ر و ئازا، که‌ تا دواساته‌کانی کۆماری کوردستان، داکۆکی له‌و‌ کۆماره‌ و ڕێبه‌رانی کرد و ده‌کرد، هێزی پێشمه‌رگه‌ بارزانییه‌کان بوو، به‌ سه‌رکرده‌یه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و ئه‌گه‌ر بارزانی و هاوڕێیانیشی نه‌بووایه‌ن، کۆماری کوردستان، هه‌رگیز ئه‌و چه‌ند مانگه‌ش نه‌ده‌ژیا.
رزگار رەزا چوچانی: زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی باسی ئه‌و مێژووه‌ ده‌كه‌ن تائكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌سێداره‌دان قازی محه‌ممه‌د و بارزانی دیداریان هه‌بووه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا بارزانی تكای كردووه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری كورد خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات و دواتر دوای بێ ئه‌نجامبونی قازی په‌رچه‌می كوردستان ته‌سلیمی بارزانی ده‌كات و داوای لێده‌كات هه‌ركات ده‌رفه‌ت هه‌ڵكه‌وت له‌سه‌ر خاكی كوردستان هه‌ڵی بدات به‌ڵام عیرفان ده‌ڵێت” خه‌ڵك تكایان له‌ بارزانی كردووه‌ به‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ قازی محه‌ممه‌د رزگار بكات ئه‌و وتویه‌تی كاری من نییه‌ و له‌ده‌شتی مهاباد چووبوه‌ ده‌رێ” به‌ڕێزت خوێندنه‌وه‌ت چییه‌ ئایا راستی ئه‌و مێژووه‌ چییه‌ و تۆ چۆن لێی ئه‌دوێی؟

شاکه‌لی: بارزانی داوای له‌ قازی موحه‌ممه‌د کردووه‌، که‌ خۆی ڕاده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ئێران نه‌کات، لێ قازی موحه‌ممه‌د پێی باش بووه‌، که‌ خۆی ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بکات و ته‌نانه‌ت، که‌ له‌شکری ئێرانیش هاتووه‌ بۆ مه‌هاباد، بۆ ڕووخاندنی کۆماری کوردستان، قازی موحه‌ممه‌د تا میاندوواو وه‌پیری ئه‌و له‌شکره‌وه‌ چووه‌ و خۆی ڕاده‌ستی وان داوه‌. دیاره‌ پاساوی قازی موحه‌ممه‌د له‌و کاته‌دا بۆ ئه‌و کاره‌ی، واته‌: خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێران، ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ئه‌و نایه‌وێ خه‌ڵکی کورد به‌ گورگانخوارد بدات و جێیانبهێڵێت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌وان بێت. ئه‌و پێیوابووه‌، که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکی مه‌هاباد جێبهێڵێ، ئه‌وا له‌شکری ئێران وه‌نێو شار و ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌که‌وێت و قڕانیان تێده‌خات، لێ به‌ خۆوه‌ده‌سته‌وه‌دانی وی، ته‌نێ ئه‌و و سه‌رانی کۆماره‌که‌ تێدا ده‌چن، ئه‌وجا ئه‌و ڕێگه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی هه‌ڵبژارد. خۆ ئه‌گه‌ر قازی بیویستبا، ئه‌وا له‌گه‌ڵ بارزانی و پێشمه‌رگه‌‌کانیدا ده‌ڕۆیشت و به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رده‌چوو و بارزانییش ئه‌و و ڕێبه‌رانی دیکه‌ی کۆماری له‌گه‌ڵ خۆ ده‌برد و ڕزگاریان ده‌بوو. ئه‌و باسی ئاڵایه(وه‌ک پارچه‌ قوماشێک)‌، که‌ گوایه‌، قازی موحه‌ممه‌د داویه‌تی به‌ بارزانی، من بۆ خۆم بڕوام پێی نییه‌ و به‌ ڕاستیشی نازانم. ئه‌و ئاڵایه‌شی، به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێک له‌ بۆنه‌یه‌کدا، له‌ هه‌ولێر، عه‌لی قازی، دایه‌ ده‌ست نێچیرڤان بارزانی،گوایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ئاڵایه‌یه‌، که‌ قازی موحه‌ممه‌د دابووی به‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی، هه‌رگیز وانییه‌ و ئه‌وه‌‌ ئاڵای کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد نه‌بووه‌، چونکه‌ ئاڵای ئه‌و کۆماره‌ له‌بری ئه‌و خۆره‌ی نێوه‌ندی ئێستای ئاڵای کوردستان، گوڵه‌گه‌نم و چیا و قه‌ڵه‌م و خۆرێکی گچکه‌ی تێدا بووه‌. ئه‌و ئاڵایه‌ی عه‌لی قازی، ئاڵای ئێستای کوردستان بوو و نێچیرڤان بارزانییش، له‌به‌رچاوی کامیراکان، سه‌ره‌وخوار، پێشانی دا، ڕه‌نگه‌ که‌سکه‌که‌ی خسته‌ سه‌رێ و سووره‌که‌شی وه‌ژێرێ خست.

رزگار رەزا چوچانی: پێت وایه‌ وروژاندن ده‌ست بردن بۆ مێژوی كورد و هانابردن بۆ قسه‌و دیكۆمێنتی ناحه‌زانی كورد تاچه‌ند له‌خزمه‌تی كورددایه‌ ئایا ئه‌وه‌ به‌ئازادی رۆژنامه‌وانی ده‌بینی یان چۆن خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆی هه‌یه‌؟

شاکه‌لی: وه‌رامی ئه‌م پرسیاره‌م تاڕاده‌یه‌ک له‌ پێشدا داوه‌ته‌وه‌ و من ئێستاش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و پێموایه خه‌ڵک ئازادن‌ له‌وه‌ی چ ده‌ڵێن و چ ده‌نوسن و چۆن بیرده‌که‌نه‌‌وه‌. به‌ هیچ بیانوو و مه‌به‌ستێک نابێ و ناشێ ڕێگه‌ له‌ قسه‌ی خه‌ڵک بگیرێت. با خه‌ڵک قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و چی له‌ دڵیاندایه‌ بیڵێن. من پێشتریش به‌ نووسین گوتوومه‌، که‌ مێژووی کورد، پێویستی به‌ ته‌ته‌ڵکردن و له‌بێژنگدان هه‌یه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاست و درۆ و دزێو و جوانیی، لێکدی جودا بکرێنه‌وه‌. هه‌ڵچوون و ده‌مکوتکردنی خه‌ڵک، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چ ده‌ڵێ و چۆن ده‌هزرێ، کارێکی باش نییه‌ و ئه‌نجامێکی باشی نابێت. ڕۆژانه‌ ده‌یان کتێب و سه‌دان گوتار و نووسین له‌مسه‌ری جیهانه‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری جیهان په‌خش ده‌بنه‌وه‌، که‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئایین ده‌گرن و جوێن به‌ ئایین و خودا و په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌ده‌ن، یا دژی ڕێبه‌ر و سیاسه‌تکارانی جیهان ده‌دوێن. ئه‌مه‌وییه‌کان به‌ فه‌رمانی خه‌لیفه‌کانیان له‌ میناره‌ی مزگه‌وته‌کانیانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌موو بانگ و نوێژێکدا، سه‌دان جوێن و نه‌فره‌تیان بۆ ئیمام عه‌لی و ئالولبه‌یت ده‌نارد. عه‌وامی شیعه‌، به‌ ته‌نه‌که‌ و به‌ مه‌نجه‌ڵ و شه‌و و ڕۆژ جوێن به‌ عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب ده‌ده‌ن‌. تۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ و جوێن و قسه‌ و بیری جیاواز و دیدی جیاواز، بکه‌ویته‌ وێزه‌ی خه‌ڵک، ئه‌وا تاکه‌ که‌سێک به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رناچێت و کۆمه‌ڵگه‌ و وڵات ده‌بنه‌ که‌لاوه‌.
من ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم، که‌ زۆرێک له‌وانه‌ی ئێستاکه‌ دێنه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و له‌ میدیاکانی کوردستاندا، داکۆکی له‌ بارزانی ده‌که‌ن و له‌ سه‌ر گڵکۆی بارزانی فرمێسکی تیمساحانه‌ ده‌ڕێژن، ڕۆژانێک بوو، بۆ خۆیان، پیاوی ساواک و به‌عس و ده‌سگا سیخوڕی و هه‌واڵگرییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی داگیرکارانی کوردستان بوون. بزاڤی جه‌لالی، به‌ هه‌موو باڵ و ده‌سته‌ و گرۆیه‌کیانه‌وه‌، له 1964ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ هه‌رچی ناو و ناتۆره‌ و شتی خراپ و ناڕه‌وایی هه‌یه‌ به‌ بارزانییان گوتووه‌ و ده‌ڵێن و داویانه‌ته‌ و ده‌یده‌نه‌ پاڵ بارزانی. بزاڤی جه‌لالی، یه‌که‌م فێرگه‌ی جوێندان و تۆمه‌تبارکردنی بارزانی بوو و ته‌واوی دژایه‌تی بارزانی له‌نێو کورددا و کورد به‌ کورد، له‌و ده‌مییه‌وه‌ ده‌ستپێکرد. جه‌لالی میلیۆن جاران پتریان به‌ بارزانی گوتووه‌ و ئه‌وان خه‌ڵکیان فێری ئه‌و قسه‌ دزێوانه‌ کرد. به‌شێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی، ئێستاکه‌ داکۆکی له‌ بارزانی ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن، که‌ دوای هه‌ره‌سی 1975، هه‌موو هه‌ڵه‌کانی ڕابوونی ئه‌یلوول و هه‌ره‌س و شته‌کانی دیکه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی بارزانی. به‌شێکی دیکه‌شیان،‌ سه‌رده‌مانێک داوای ده‌رکردنی بارزانییه‌کان و کوردانی باشووریان، له‌ خاکی ئێران، له‌ حوکوومه‌تی ئێرانێ ده‌کرد و هه‌ر ئه‌وانیش بوون، که‌ کتێبی”خیانه‌ته‌کانی قیاده‌ی مووه‌قه‌ته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد”یان له‌ ساڵی 1981دا نووسی. ئه‌وانه‌ هه‌موو، ئه‌و فرمێسکهه‌ڵڕژتنانه‌یان بۆ بارزانی و ئه‌و داکۆکی و په‌سنه‌ی ئێستایان بۆ بارزانی، له‌ خۆشه‌ویستی بارزانی نییه‌، به‌ڵکه‌ له‌به‌ر خوانی چه‌ور و به‌رین و هه‌میشه‌ پڕ و ئاوه‌دانی بارزانییه‌، که‌ نه‌ک هه‌ر پێڕۆیان و دۆستان و موریدانی بارزانی له‌ سه‌ری ده‌خۆن، به‌ڵکه‌ ته‌واوی سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان و نه‌یاران و ناحه‌زانی بارزانییش له‌ سه‌ری ده‌له‌وه‌وه‌ڕێن. ئه‌وانه‌ هه‌موو نانی بارزانی ده‌خۆن. ئه‌گه‌ر ڕۆژگار به‌مجۆره‌ی ئێستا نه‌بووایه‌، ئه‌وان  ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، هه‌رگیز ددانی خێریان به‌ ناوی بارزانیدا نه ‌ده‌نا و نه‌ ده‌نێن. ئه‌وه‌ی قانیعیفه‌رد گوتوویه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئینگلیز و ساواک و به‌عس و داگیرکارانی کوردستان و نه‌یارانی کورد زۆر له‌مێژه‌ ده‌یڵێن و به‌شێکه‌ له‌و تێزه‌ی، که‌ له‌ 1964ه‌وه‌ بره‌وی پێ ده‌درێ و قانیعیفه‌رد هه‌رگیز له‌ جه‌لالییان پتری به‌ بارزانی نه‌گوتووه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌میش قسه‌کانی ئه‌وان دووپات ده‌کاته‌وه‌. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، له‌و کتێبه‌یشیدا، که‌ قانیعیفه‌رد له‌مه‌ڕ ژیانی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌ نووسیویه‌تی، ته‌واوی ئه‌و قسانه‌ی له‌مه‌ڕ بارزانییه‌وه‌ گوتووه‌ و ئه‌و کتێبه‌ش به‌ فلته‌ری ده‌ستوپێوه‌ند و میرزاکانی جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌یدا، تێپه‌ڕیوه‌ و هه‌رگیز ناچێته‌ عه‌قڵه‌وه‌، که‌سێک کتێبێک له‌باره‌ی ژیانی که‌سێکی دیکه‌وه‌‌ بنووسێت، ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه کتێبه‌که‌ نووسراوه‌، کتێبه‌که‌ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خوێنێته‌وه‌، یا هیچ نه‌بێ هاوکار و هه‌ڤاڵه‌ حیزبی و خه‌ڵکی سه‌ر به‌ ده‌سته‌که‌ی خۆی، هه‌روا به‌ ئاسانی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیبێت، به‌ تایبه‌ت که‌سێکی خوێندوو و زیره‌کی وه‌ک تاڵه‌بانی، که‌وابوو ئه‌وه‌ی قانیعیفه‌رد ده‌یڵێ، نه‌ نوێیه‌ و نه‌ش له‌ پشتی تاڵه‌بانی و خه‌ڵکی دیکه‌ی پێوه‌نددار به‌و کتێبه‌وه‌ نووسراوه‌ و گوتراوه‌.

پرۆفیل
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی:

له‌ باشووری کوردستان، له‌ که‌لار له‌دایک بووه‌.
خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ له‌ که‌لار و کفری و کۆلیژی کارگێڕی و ئابووری(به‌شی ئابووری) له‌ زانستگه‌ی به‌غدا ته‌واو کردووه‌.
چه‌ند ساڵێک له‌ کارگێڕی ئامار له‌ که‌رکووک و سلێمانی و هه‌ولێر، کارمه‌ند بووه‌.
له‌ ساڵی 1980ه‌وه‌ کوردستانی جێهێشتووه‌ و له‌ 1981ه‌وه‌ نیشته‌جێی سوێده‌.
چه‌ند کتێبێکی چاپ و بڵاوکردووه‌ته‌وه‌، که‌ وه‌رگێڕان و دیدار و لێکۆڵینه‌وه‌ن و له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ کوردییه‌کانی وڵات و ئه‌وروپا و ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کاندا، گوتار و نووسینی جیاوازی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.

www.civilmag.com
rzgarchuchani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.