
سه‌رنجێکی کورت سه‌باره‌ت به که‌مپینه‌که‌ی کۆمپانیای وشه
کۆمپانیای وشە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کەمپینێکی بە ناوی “بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستانی عیراق” دەستپێکردووە، کە دەهێنێت چەند قسەیەکی لەسەر بکرێت. دیارە گوشار و تهنگهبهریهک که ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ میدیای ئه‌هلی دروست کردووه، مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و ئیدانه‌یه. ئه‌و سیاسەتەی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای نه‌ریتی هه‌میشه‌ییان له سه‌رکوتگه‌ریی و ملهوڕی به‌رانبه‌ر نه‌یارانی خۆیان، له پێداویستیه‌کانی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و هێشتنه‌وه‌ی نایه‌کسانیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. دانانی بڕه پاره‌ی خه‌یاڵی و که‌مه‌رشکێن له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کان، هەروه‌ک کرده‌وه تیرۆریستیه‌کانی کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسان، ڕێگایه‌که بۆ خنکاندنی ده‌نگی ڕه‌خنه‌گرو نه‌یارو بارودۆخی کۆمه‌ڵگا به‌ئاراسته‌ی داسه‌پاندنی ئیستیبدادێکی تاریک‌دا ده‌بات.
له‌م ڕوه‌وه هه‌ر نووزەیەک که بۆ به‌ره‌نگاری و ناڕه‌زایه‌تی به‌رزده‌بێته‌وه کارێکی پۆزەتیڤە و جێگای پشتیوانیه. به‌ڵام پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک بۆ بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین نابێت بەمانای شوێنکەوتنی هەر کەمپینێک و هەڵخەڵەتان بە ڕواڵەتەکانیان بێت. کەمپینی کۆمپانیای وشە ئەگەرچی لە تێبینی یەکەمدا و بە ئەندازەی بێزاری لە سەرکوتگەری دەسەڵات سەمپاتی بۆ خۆی ڕادەکێشێت، بەڵام زۆرتر لە هاوسۆزی شایانی سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی جیددیە.
یه‌که‌مین سه‌رنج ئه‌وه‌یه، که ناوی “به‌رگری له ئازادی ڕاده‌ربڕین” بۆ ئه‌م که‌مپینه زۆره. چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته هه‌موو پێشێلکاریه‌کانی ئازادی ڕاده‌ربڕینی (ئه‌گه‌ر باسی ئازادی ده‌ربڕین نه‌که‌ین که فراوانتره له ئازادی ڕاده‌ربڕین) ڕه‌خنه‌و پرۆتێست نەکردووە، مه‌سه‌له‌ی تەنها ئه‌و گوشارانه‌یه که خراونه‌ته سه‌ر میدیای ئههلیو داکۆکی له ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له کۆمه‌ڵگادا ئامانجی ئه‌م که‌مپینه نییه. چونکه گه‌ر وابووایه نه‌ده‌کرا په‌لاماری مزگه‌وته‌کان بۆ سه‌ر ڕه‌خنه‌گرانی دین‌و ئیسلام، په‌لاماری ناسیۆنالیسته ده‌مارگیره‌کان بۆ سه‌ر ڕه‌خنه‌گرانی سرودی ئهیڕهقیب و ئاڵای کوردستان‌و ناوی پێشمەرگە، په‌لاماری حزبه‌کان بۆسه‌ر ئه‌وانه‌ی که سیمبوله بهپیرۆزکراوهکانیان ده‌خه‌نه ژێرپرسیاره‌وه، له هه‌مووشی به‌رجه‌سته‌تر کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسان سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه حه‌مه‌و عبدالستار طاهر شریف(یان لانی که‌م ئاشکرانه‌کردنی بکوژانیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه)، نه‌گرێته‌وه. جێگای پرسیاری زۆر جیددیە کە: ئەگەر کۆمپانیای وشە بە ڕاستی بۆ داکۆکی لە ئازادی دەربڕین کەمپین دەکات، بۆچی ئەم جارە دەزگاکانی سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەم جۆرە مات‌و مەلولن؟ بۆچی وا خۆیان کەڕ کردووە؟ ئایا بەسیناریۆکەی پارتی قانعن؟
دووه‌مین سه‌رنج سه‌باره‌ت به ته‌وقیتی ڕاگه‌یاندنی که‌مپینه‌که‌یه، ئه‌م کاره لهسهرووبهندێکدا ڕاگه‌یه‌ندرا، که زۆرێک له چاوه‌کان چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی تری بێزاری جه‌ماوه‌ر بوون سه‌باره‌ت به ئه‌نجامه‌کانی لێکۆڵینه‌وه له که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان. ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌و ڕاگه‌یاندنه هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌که‌ی خۆی که ئاراسته‌ی ئازادی ده‌ربڕین و قسه‌کردن له کوردستاندا کردوه ته‌ئکیدکرده‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر بێتوو سهربگرێتو به مەرامی خوازراوی بگات، لافاوی سه‌رکوت هه‌موو ڕۆژنامه‌و کۆمپانیاو گرده‌کان نغرۆ ده‌کات. لێره‌دا ده‌کرێت ئه‌و پرسیاره بکه‌ین، ئایا به‌ڕاستی به‌رپرسانی کۆمپانیای وشه مه‌سه‌له‌که ئاوا نابینن؟ یاخود ئه‌وانیش وای ده‌بینن به‌ڵام به‌م ته‌وقیتی که‌مپینه‌یان خه‌ریکن په‌یامێکی دوو دیو بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نێرن. پەیامێک که دیوێکی سوودوه‌رگرتنه له‌و فه‌زای ناڕه‌زایه‌تیه‌و به‌هێزکردنی مه‌وقفی تەفاوزیی خۆیانە و دیوه‌که‌ی تریشی خۆجیاکردنه‌وه‌یه له ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان، کە بێدەنگیەکەی کۆمپانیای وشە سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەم بابەتەوە زۆر شت دەڵێت.
دەڵێن نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەندێک لە لایەنگرانی خۆی بە ڕاشکاوی وتوویەتی کە ناتوانین لەم بابەتەوە قسە بکەینو ئەگەر زۆری لەسەر بڕۆین پەلامارمان دەدەن‌و کۆمپانیاو گردو مردمان لێ دەسێننەوە. ئەم وتانە لێرەولەوێ لە لایەن لایەنگرانی کۆمپانیای وشەوە دەوترێتەوەو بەمە وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەنەوە کە لە بێدەنگی‌و بێهەڵوێستیان لەسەر مەسەلەی سەردەشت دەگیرێت. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مەسەلە لەم نێوەدا ترسی کۆمپانیای وشە لە لقی چواری پارتی نییە کە پەلاماریان بدا‌و گردەکەیان لێ بگرێت!!، بەڵکو لە بڕانی ئەو بەشە بودجەیەیە کە جاری پێشوو پاش بەکارهێنانی کەیسی سەردەشت توانیان بەڵێنی وەرگرتنی مانگانەی لە دەسەڵات بسێننو تازە ناتوانن لەو کۆنتراکتە نەنوسراوەش پاشگەزببنەوە. دیارە ئەمە سەرباری تێگەیشتنی کۆمپانیای وشە سەبارەت بە ئازادی دەربڕین کە لە ناوەرۆکدا شتێکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوەی پارتیدا جیاواز نییە.
سه‌رنجی سێهه‌میش له‌سه‌ر شێوازی کارکردنی که‌مپینه‌که‌یه، هیچ شتێک له‌وه ئاسایی تر نییه که که‌مپینه‌کان به ئیمزا کۆکردنه‌وه ده‌ستپێبکرێن و هه‌وڵبدرێ به‌ره‌و فراوانبوونه‌وه‌و جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه بچن، به‌ڵام کاتێک هه‌ر چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵک به ڕیزی ده‌یان هه‌زاریی خۆی بۆ ئه‌م خواسته هاته مهیدانو هوتافی ئازادی …ئازادی جەماوەر له هه‌موو جێگایه‌کدا ده‌نگی ده‌دایه‌وه، بردنه‌وه‌ی کهمپینو خه‌بات بۆ ناو ژووره داخراوه‌کان و وه‌لانانی تاکتیکی جووڵاندنی شه‌قام له ده‌ستوری کار، ته‌نها ده‌توانێ ئاکاری هێزێک بێت که پێناسه‌یه‌کی زۆر سنووردار‌و به‌رژه‌وه‌ندی-خۆ پارێزانه‌ی بۆ ئازادی ده‌ربڕین هه‌بێت. کاتێک ئازادی ده‌ربڕین بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین دادهشکێنرێتو ئازادی ڕاده‌ربڕینیش تا ئاستی ئازادی ڕۆژنامه‌نووسی دادهبهزێنرێتو ئازادی ڕۆژنامه‌نووسی‌و ڕه‌خنه‌ش ده‌کرێته ناونیشانی که‌مپینێک بۆ ده‌ربازکردنی ڕۆژنامه‌و کۆمپانیاکان له حوکمه که‌مه‌رشکێنه‌کانی غه‌رامه، ئاساییشه که خه‌بات بۆ ئازادی سیاسی قهتیسو زیندانی هۆڵه‌کان بکرێت. دەکرێ هەر بکرێته کێشه‌ی ئه‌وانه، و ته‌نها ئه‌وانه‌ی، که پیشه‌ی نووسین‌و داڕشتن موماره‌سه ده‌که‌ن، نه‌ک جه‌ماوه‌رێک که پێش و پاش گوشاره‌کان بۆ سه‌ر کۆمپانیای وشه، له‌سه‌ر ڕهخنهگرتنو ناڕه‌زایه‌تی جه‌زره‌به‌و شه‌قی خواردووه.
کۆمپانیاکان “کۆمپانیان” و ده‌توانن به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بکه‌ن. ئازادی ڕاده‌ربڕینی هه‌موو که‌سیش، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که ئەگەر ده‌ستیان ڕۆیشتبێتو ده‌ستیان بڕوات زمانی ڕه‌خنه بەرانبەر خۆیان ده‌بڕن، ده‌بێ پارێزراو بێت. پەلامار بۆسەر کۆمپانیای وشەش مەحکومەو دەبێ ناکام بکرێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵەی کۆمپانیای وشە بۆ بەرگری لە خۆیانەو هیچی تر، کەمپینی کۆمپانیا زۆر بەرتەسکتر لەوەیە کە ناوی ئازادی ڕادەربڕینی بەو فراوانیەی خۆیەوە لەسەربێ. چۆلەکەمان به بولبول پێ مه‌فرۆشن، ئامانجی پشت نەخشەدانەرانی کهمپینەکەتان داکۆکی لە ئازادی ڕادەربڕین نییه.
2010-09-22
شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com