
كورته چیرۆك ..ڕێبواری پیاده…. ڕه‌یمۆند داگڵاس (ڕه‌ی برادبری)
ڕه‌یمۆند داگڵاس (ڕه‌ی برادبری)….
له فارسییه‌وه: كه‌ریم تاقانه (سوید)….
ئه‌و شته‌ی (لیۆنارد مید) زۆری مگێز لـێ بوو، گه‌یشتن به بیده‌نگیی سه‌عات هه‌شتی شه‌وه ته‌مومژه‌کانی مانگی نوامبر بوو. واته، به ڕێڕه‌وه چهمهنتۆکراوهکاندا پیاسه‌کردن، هه‌ردوو ده‌ست له گیرفاننان و له بیده‌نگیدا ملی ڕێگرتن، به ڕێگا باریکه سه‌ر سه‌وزه‌کاندا تێپه‌ڕین و ڕێی خۆ دۆزینه‌وه. "مید" زۆرجار لای چوارڕێیانێك ڕاده‌وه‌ستا و له هه‌رچوار لاوه له‌و شه‌قامانه ورد ده‌بۆوه که تریفه‌ی مانگیان وێ ده‌که‌وت. پاشان بڕیاری ده‌دا به‌ره‌و کام لا هه‌نگاو هه‌ڵێنێته‌وه. له ڕاستیدابۆ وی هیچ جیاوازی نه‌بوو. ئه‌و، له‌م دنیای ساڵی دوو ههزاروپهنجاودووهدا هه‌ر ده‌تگوت تاق و ته‌نیایه. له‌ئاکامدا، دوا بڕیاری خۆی ده‌دا و ڕێگایه‌کی هه‌ڵده‌بژارد و له‌کاتێکدا هه‌ڵمی ده‌می وه‌ک دووکه‌ڵی جگه‌ره به ئاسماندا بڵاو ده‌کرده‌وه ، ده‌که‌وته‌وه ڕێ. جاروبار چه‌ندین سه‌عات و چه‌ندین کیلۆمیتر ڕێگای ده‌بڕی، پاشان نیوه‌شه‌و ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌که‌ی خۆی. به ده‌م ڕێوه، زۆر ماڵی ده‌دیت په‌نجه‌ره‌کانیان تاریک بوون.
جار نا جارێک له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌کانه‌وه ترووسکایییه‌ک وه‌ک گوڵئه‌ستێره پرته پرتی ده‌کرد. تێپه‌ڕین بێره‌دا، وه‌ک ئه‌وه وا بوو به نێو گۆڕستاندا بڕۆی. جاروبار و له‌پڕ، تاپۆی ڕه‌ش و دزێو له سه‌ر دیواری ئه‌و ژوورانه‌ی په‌رده‌کانیان به ڕووی شه‌ودا نه‌کێشابوو، ده‌رده‌که‌وتن، یان له په‌نجه‌ره‌ی نه‌به‌ستراوی خانووبه‌ره‌یه‌کی گۆڕئاساوه ده‌نگی سرته‌سرت و بۆڵه‌بۆڵ دهگهیشتهگوێ.
له‌م کاتوساتانهدا، لیونارد مید گتێکی ده‌کرد، سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی، گوێی شل ده‌کرد و پاشان هه‌نگاوی هه‌ڵده‌هێنایه‌وه. ترپه‌ی پێی، له‌م گوزه‌ره ناله‌باره‌دا، قه‌ت نه‌ده‌بیسترا. ئه‌و ده‌مێک بوو، پاش بڕیارێکی ژیرانه، پێڵاوی وه‌رزشیی له پێ ده‌کرد. ئاخر ئه‌گه‌ر پاژنه‌ی پێڵاوه‌کانی ده‌نگیان لێوه هاتبا، گهلهسهگ دوای ده‌که‌وتن و به حه‌په‌حه‌پ پیاسهکهیان لـێتێک ده‌دا. بیگومان له‌م کاته‌دا ڕه‌نگه چه‌ند چرایه‌ک داگیرسابان و که‌سانێک ده‌رکه‌وتبان.. ئه‌وجا به دیتنی بوونه‌وه‌رێکی تاقوته‌نیا، له کاتێکی ئه‌وتۆی مانگی نوامبردا، واقیان وڕ ده‌ما و ده‌ورووژان.
"مید" له‌م شه‌قامه تایبه‌ته‌دا، به‌ره‌و ڕۆژئاوا و ده‌ریای نادیار ڕێی گرتبووه به‌ر. له ده‌سپێکی وه‌رزێکی سارددا، ساردیی هه‌وا لووتی مرۆڤی ده‌رزیئاژن ده‌کرد و له نێوه‌وه سیی چه‌شنی داری نۆئیل داده‌گیرساند. ئه‌و هه‌ستی ده‌کرد نوورێکی سارد به‌رده‌وام له‌ودا ده‌مرێ و پاشان ده‌دره‌وشێته‌وه. وه‌ک گه‌ڵای داره‌کان که به‌فری نادیاریان پۆشیبوو.
(مید) به‌دڵخۆشی گوێی له‌و ده‌نگه هێمنه ده‌گرت که پێڵاوه‌کانی له‌سه‌ر گه‌ڵا وه‌ریوه‌کان ده‌یانهێنایه گۆڕێ و له‌نێوان ددانه‌کانیه‌وه فیکه‌یه‌کی ئارام وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وت. جاره جاره به ده‌م ڕێوه گه‌ڵایه‌کی وه‌ریوی هه‌ڵده‌گرت و له‌به‌ر ترووسکه لاوازه‌که‌ی شه‌قامدا ئهمدیووئهودیوی ده‌کرد و لووتی پێوه ده‌نا تا هه‌ست به نمه‌که‌ی بکا. هه‌ر له‌و کاته‌دا، به به‌ر ده‌رکی هه‌ر ماڵێکدا تێده‌په‌ڕیی، له‌به‌ر خۆوه سڵاوێکی ده‌کرد و ده‌یگوت: ((ئه‌مشه‌و که‌ناڵی چوار چ به‌رنامه‌یه‌کی هه‌یه؟ ده‌نگوباس له که‌ناڵی حه‌وت و که‌ناڵی نۆ چییه؟ ئه‌دی کاوبۆیییهکان له کوێ خه‌ریکی غار غارێنن؟ سوارچاکانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کان له سه‌ر گردی دواتردا، له حاڵی ڕزگاریدا ده‌بینم))!..
شه‌قامه درێژه‌که، چۆڵوهۆڵ بوو. ته‌نیا سێبه‌ری مید وه‌کوو سێبه‌ری شه‌هێنێک به سه‌ر شاردا له بزووتندا بوو. ئه‌گه‌ر له‌و ساته‌دا، هه‌ر دوو چاوی لێک نابا و له‌وێ، له‌و بێده‌نگی و سه‌رمایه ڕاوه‌ستابا ، ده‌یتوانی خۆی له ده‌شتی سارد‌و سڕی "ئاریزۆنا"دا وه‌پێش چاو بێنێ. ده‌شتێکی به‌رفراوانی کاکی به کاکی، چۆڵه‌وانی و دوور له ئاوه‌دانی. پاشان سه‌یری سه‌عاته‌که‌ی کرد و له ماڵه‌کانی پرسی: ((ئێستا که سه‌عات ههشتونیوه، کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه یه‌کێک له فیلمه جینائییه نایابه‌کان پیشان بده‌ن، یاخود کاتی پێشبڕکێ نییه؟ یاخود کاتی ئه‌وه نییه دهلقهکێک له سه‌ر سه‌کۆی نمایشدا خۆبنوێنێ؟)
قاقای پێکه‌نینێکی گه‌یشته گوێ. داخۆ ئه‌و قاقایه له‌و ماڵهڕا ده‌هات که تریفه‌ی مانگی وێ ده‌که‌وت؟ نه‌ختێک ڕاوه‌ستا، به‌ڵام هیچ نه‌بوو؛ بۆیه هه‌نگاوی هه‌ڵێنایه‌وه. پاشان له‌به‌ر خواروخێچیی ڕێگاوبانه‌که، پێی خلیسکا و له‌ترێکی دا. سه‌وزه‌ڵانی و چه‌مه‌ن، سیمانی شه‌قامه‌که‌یان له‌نێو بردبوو. بیری که‌وته‌وه که ده ساڵه شه‌ووڕۆژ ڕێ ده‌پێوێ و هه‌زاران کیلۆمیتر ده‌بڕێ، به‌ڵام قه‌ت تاکه که‌سێکی ڕێبواری له په‌نای خۆیدا نه‌دیتووه. گه‌یشته چوارڕێیانێک که دوو شاڕێی ئه‌سڵیی بۆ شار لـێجیا ده‌بۆوه. په‌مپی به‌نزین ڕۆژ تا ئێواره له‌م ناوچه‌یه واز بوو. ماشێن شهپۆلـی ده‌داو دووکه‌ڵی ئهکزووس و هه‌راوهوریا وه‌ک گیزه گیزی به‌رده‌وامی مێشووله به هه‌وادا په‌رشوبڵاوبوون. به‌ڵام ئێستا ئه‌م شاڕێیانه چه‌شنی به‌ستۆڕه چۆن له هاویندا ئاوی لـێ ده‌بڕێ و به‌رد و زیخه‌که‌ی ده‌مێنێته‌وه و تیشکی مانگیان وێ ده‌که‌وێ، وا بوون.
(مید) له کۆڵانه‌که لای دا‌و ڕێی ماڵی گرته به‌ر. زۆری نه‌مابوو بگاته ماڵ، له‌پڕ، تاقه ماشێنێک که به‌وێدا تێده‌په‌ڕیی، چرا تیژه‌کانی وه‌نێو چاوانی خست‌و له شوێنه‌که‌ی خۆیدا چه‌قاندی. وه‌ک گوڵئهستێرهیهکی لـێهاتبوو که تیشک و ڕووناکی و ڕوگێژیان کردبێ.
ده‌نگێکی سارد تێی خوڕی: ڕاوه‌سته! جووڵه نه‌که‌ی!
پیاوه‌که ڕاوه‌ستا:
ـ به‌ڵام…
ـ هه‌ر دوو ده‌ستت هه‌ڵبڕه.. خێرا که ، ئه‌گینا ده‌تده‌ینه به‌رده‌سڕێژ..
له دڵی خۆیدا گوتی: ((ههبێو نه‌بێ پۆلیسه..)) به‌ڵام سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو. داخۆ له شارێکدا که حه‌شیمه‌ته‌که‌ی سـێ ملیۆنه، ته‌نیا ماشێنێکی پۆلیس مابۆوه؟. له ساڵی ڕابوردووه‌وه ته‌نیا ئه‌م یه‌ک دانه‌یه هه‌یه. له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی(2051)ه‌وه هێزی ئینتیزامی له سێ دانه، یه‌کی ماوه‌ته‌وه. پۆلیسی نه‌ده‌ویست. ڕه‌نگه تاوانیش که‌م بووبێته‌وه. هه‌ر ئه‌م ماشێنه به‌س بوو تا به شه‌قامه خهڵوهتهکاندا بسووڕێته‌وه.
ـ نـــاوت؟
ئه‌م پرسیاره ده‌نێو ماشێنه‌که‌وه ده‌گه‌یشته گوێ.
( مید) به‌هۆی تیشکی چراکه‌وه نه‌یده‌توانی که‌سانی نێو ماشێنه‌که ببینێ.
لیونــارد میـد..
ـ بــــهرزتــر!
ـ لیـونـارد میـد.
ـ کار‌و کاسپیت؟
ـ پێموایه ده‌کرێ بڵێم نووسـه‌ر.
ده‌نگی نێو ماشێنه‌که وه‌ک له‌گه‌ڵ خۆی بدوێ، گوتی: بێــکار.
تیشکی چراکه به‌شێوه‌یه‌ک له شوێنی خۆی دایکوتابوو، ده‌تگوت په‌یکه‌ری نێو مۆزه‌خانه‌یه و سنجاخیان له به‌رۆکی داوه تا نه‌بزوێ!
ـ ده‌کرا وابڵێی ـ له‌مێژ بوو بابه‌تێکی نه‌نووسیبوو. گۆڤار و کتێب بازاڕیان نه‌مابوو.
پاشان بیری که‌وته‌وه که ئێستا شهوهوکاتی ئه‌وه هاتووه خه‌ڵک له ماڵه گۆڕئاساکانیاندا سه‌رنجی به‌رنامه‌کان بده‌ن. ئێستا گۆڕه‌کان ته‌نیا به تیشکی ناجۆری ته‌له‌ڤیزیۆن ڕۆشنایییان ده‌دیت و مرۆڤه‌کانیش وه‌ک مردوو له به‌رده‌م ده‌زگاکان داده‌نیشتن. تیشکی که‌مڕه‌نگ، یان ڕه‌نگاوڕه‌نگیش سه‌ره‌مڕ به‌ر ڕوومه‌ته‌کان ده‌که‌وت. به‌ڵام له ڕاستیدا قه‌ت پێوه‌ندییان له‌نێواندا دروست نه‌ده‌بوو. ده‌نگه‌که له بڵیندگۆکه‌وه دووپات بۆوه:
– بێکــار.. به‌م ناوه‌خته چ ده‌که‌ی؟
– پیــاســهدهکــهم.
– پیــاسـه ده‌کــه‌ی؟
– به‌ڵــێ، ته‌نیــا پیــاسه..
– تهنیــــا پیــاســه؟
وه‌ڵامه‌که‌ی دووپات کرده‌وه. له‌رزی لـێهاتبوو.
– به چ مه‌به‌ستێ پیــاسـه ده‌کـه‌ی؟
– به مه‌به‌ســتی حــهســانهوه..
– ناوونیشـــانت؟
– شه‌قامی سه‌ینت جه‌یمزی باشووری ــــ ژماره یانزه.
– کهشو هه‌وای ماڵه‌که‌ت لهبـاره.. لانیکه‌م ((ده‌زگای په‌خشی هه‌وا)) تیش له ماڵدا هه‌یه.. وانییه؟
– بــهڵـــێ.
– ئــه‌ی تهلهڤیــزیۆن؟.
– نیــمــه.
بێده‌نگییه‌کی ورووژێنه‌ر که میدی پێتاوانبار ده‌بوو، باڵی به سهرداکێشان.
– هــاوســـهر؟.
– نیـــمه.
– ژنیشت نه‌هێناوه؟!.
مانگ ههڵاتبووو له نێو ئه‌ستێره‌کاندا ده‌دره‌وشایه‌وه. ماڵه‌کان کڕو کپ بوون. مید به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه درێژه‌ی دا:
– هه‌ڵبه‌ت تائێستا دڵخوازم نه‌بووه!.
– که قسه‌یان له‌گه‌ڵ کردی ، بدوێ!
مید ناچار بوو له‌به‌ر ئه‌و سه‌رمایه هه‌روا چاوه‌ڕوان بێ.
– ئێستا گوتت ته‌نیا پیاسه ده‌که‌ی؟
– بــهڵـــێ..
– به‌ڵام نه‌تگوت به چ نیازێک؟
– گوتم به نیازی حه‌سانه‌وه‌و چاوگێڕان.. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی قاچێک نه‌رم بکه‌م.
– پیشه‌ی هه‌میشه‌ییته؟
– به‌ڵـێ، ساڵانێکهو.. پیشه‌ی شه‌وانه‌مه.
ماشێنی پۆلیسه‌که، وێڕای ویزه‌و خشه‌یه‌ک که له بێسیمهکهیهوه ده‌گه‌یشته گوێ، هه‌روا له نێوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌دا ڕاوه‌ستابوو. پاشان ده‌نگێکی لێوه‌هات:
– کاک مید، زۆر چاکه.
مید به‌حورمه‌ته‌وه گوتی: تــــه‌واو؟
ده‌نگه‌که گوتی: به‌ڵـــێ..
ده‌رگای ماشێنه‌که له‌گه‌ڵ ناڵه‌یه‌ک کرایه‌وه. گوتی: ســوار بــه.
– ڕه‌خنه‌م هـه‌یـه.
– کاکه فه‌رمــوو.
مید وه‌کوو سه‌رخۆشان که‌وته ڕێ. کاتێبه لای په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌که‌دا تێپه‌ڕیی، سه‌یری نێوه‌وه‌ی کرد. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرا، که‌س له سه‌ر کورسیی پێش دا نه‌نیشتبوو، ماشێنه‌که هه‌ر هیچ که‌سی تێدا نه‌بوو!
ـ ســـوار بــه.
مید ده‌ستی به ده‌رگاکه‌وه گرت‌و چاوێکی به دوای ماشێنه‌که‌دا گێڕا که دروست سلوولێکی بچووکی میلهدار بوو. بۆنی کانزای کوتراوو بۆنی تیژی دژگـهن* ده‌هات. هه‌موو شتێبۆ وی دیار و دژوار و سارد بوو.
ده‌نگه‌که گوتی: خۆ ئه‌گه‌ر ژنیشت ههبـا، ده‌بووه بهڵگــه، به‌ڵام…
ـ بۆ کوێـــم دهبـــهن؟
ماشێنه‌که گتێکی کرد. ده‌نگێک که له‌هی کونده‌به‌بوو ده‌چوو، بیسترا. وه‌ك بڵێی کۆمه‌ڵێک زانیاری له‌سه‌ر کارتێک ده‌رکه‌وتن و درایه ده‌زگایه‌ک که چاوی ئه‌لیکترۆنی هه‌بوو.
ـ ده‌تبه‌ینه ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه ده‌روونییه‌کان له‌مه‌ڕ خواست و ئاره‌زووی دواکه‌وتووانه.
(مید) سوار بوو. ده‌رگاکه له‌سه‌رخۆ پێوه درایه‌وه.
ماشێنی پۆلیس به چرایه‌کی کهمتیشکهوه به شه‌قامه تایبه‌ته‌کانی هاتوچۆی شه‌وانه‌دا که‌وته ڕێ. پاش چه‌ند ساتێک، به به‌رده‌م ماڵێکی سه‌رشه‌قامه‌که‌دا تێپه‌ڕین. ئه‌م ماڵه، ده‌نێو ئه‌و هه‌موو ماڵه تاریکانه‌ی شاردا، تاقه ماڵێک بوو گشت چراکانی داگیرسابوون. تیشکی زێڕینی ڕۆشنایی، له په‌نجه‌ره‌کانیه‌وه، سه‌رما و تارماییی شه‌وی ده‌ڕه‌وانده‌وه.
(لیــونارد میــد) گوتی: ئــا ئه‌وه ماڵه‌که‌ی منه.
وه‌ڵامی نـهدرایـهوه.
ماشێنه‌که به‌و شه‌قامانه‌دا تێپه‌ڕیی که له شوێنیویشک و ڕه‌ق و ته‌قی به‌ستۆڕه ده‌چوون. شه‌قامه خهڵوهتهکان و گوزه‌رگه چۆڵ‌و هۆڵه‌کانی به‌جێهێشت.. به‌ڵام، به‌درێژاییی ئه‌و شه‌وه سارده‌ی پاییز، ده‌نگێک یان بزووتنێک له‌که‌سێکه‌وه نــههــــات…
*دژگهن: ضد عفونی
وته‌یه‌ك له‌مه‌ڕ نووسه‌ر
(ڕه‌ی برادبری)، که ناوی ئه‌سڵیی (ڕه‌یمۆند داگڵاس) Raymond Douglas ـه، ساڵی 1920 له (ئیلینوینز)ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کان هاتۆته دنیاوه. له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا ده‌ستی داوه‌ته نووسین؛ سه‌ره‌تا سیناریۆی بۆ تیئاتر و ته‌له‌ڤیزیۆن و پاشان بۆ سینه‌ما ده‌نووسی.
ناوی هێندێک له ڕۆمانه‌کانی:ـ چیرۆکه ئه‌ویندارییه‌کانی ڕۆڵ و هــاردی ـ گۆڕستانی شێتهکـــان ـ مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌رگ ـ کوڕی سبهینــێ…
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و ده‌رهێنه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌ک "جان هوستن" و "ئێرسن وێڵز"دا هاوکاریی نێزیکی هه‌بووه. له ساڵی 1985دا به‌رنامه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی له ته‌له‌ڤیزیۆنی ئامریکادا ئاماده ده‌کرد و هه‌رخۆیشی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. هه‌روه‌ها هێندێک له شانۆنامه‌کانی خۆیشی بۆ شانۆ ده‌رهێناوه و بردوونیه‌ته سه‌ر سه‌کۆی نمایش. له تهڕاحیی به‌شێک له "دنیای واڵت دیسنی" شدا ڕۆڵی هه‌بووه.
لایه‌نگران، (برهدبری) به لوئی ئارمسترانگ ـی ڕۆمانه زانستی- خه‌یاڵییه‌کان ناو ده‌به‌ن و پێیانوایه (برهدبری)، نووسه‌ری ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی دنیایه و هه‌رگیز هیچ که‌سێک له سه‌ده‌ی ئێمه‌دا چه‌شنی ئه‌و، زه‌نگی پڕمه‌ترسیی لــێنهداوه؛ هه‌روه‌ك له‌م چیرۆكهیدا ده‌یخوێنینه‌وه…
سه‌رچاوه:
گۆڤــاری (( آرش))، ژمـاره 53 ، ل. 51-52، ساڵی 1995، وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: ((شهلاحمـزاوی))