Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
تۆفیق فیكره‌ت …… ئـاری عوسمان خه‌یات

تۆفیق فیكره‌ت …… ئـاری عوسمان خه‌یات

Closed

كورته‌چیرۆك:

“مامۆستا تۆفیق، كاك تۆفیق.. تۆ.. فیق.. گیان.. “
دوێنێ له‌نێو بازاری كفری، به‌و جۆره‌ی سه‌رێڕا، ته‌وفیق فیكره‌تم بانگ ئه‌كرد. من به‌ هه‌نگاوی زبر و لۆقنه‌وه‌ دووی كه‌وتبووم و ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی تری دنیا، له‌نێو خه‌یاڵه‌كانی خۆیدا نوقم ببوو.
سه‌یره‌، ئه‌و هه‌موو بانگكردنه‌، له‌نێو كپی ئه‌م بازاڕه‌ ساردو سامناكه‌دا، نه‌یتوانی ده‌زووله‌ی خه‌یاڵی ئه‌و كابرایه‌ بپچڕێنێ! له‌ ئه‌نجامی هاوار و گازكردن، هێند شه‌كه‌ت بووم، كه‌ (تۆ)م له‌ ده‌م ده‌رئه‌چوو، (فیق)ه‌كه‌م به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت بۆ ئه‌وترا. خه‌یاڵوانییه‌كه‌ی ئه‌و، قسه‌ی ڕه‌فیقه‌ كه‌پووقولاپییه‌كه‌ی خۆمی بیرخستمه‌وه‌، كاتێ سه‌رده‌مانێك تا ڕاده‌ی ئیدمانبوون خووم به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبانه‌وه‌ گرتبوو و جارجاره‌ش خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ده‌دیت ئه‌مڕۆ نا سبه‌ینێ، ببمه‌ شتێك: له‌وانه‌یه‌ شاعیر یان ڕۆماننووسێك یان.. نازانم ئیتر بیرم له‌و شته‌ قۆڕانه‌ ئه‌كرده‌وه‌.
ڕه‌فیقه‌كه‌م هه‌میشه‌ ده‌یگوت: “ده‌ست له‌م ئه‌تواره‌ هه‌ڵگره‌ با ئه‌و تۆزه‌ ده‌ماغه‌یش هه‌ته‌ له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ی، شاعیر و ماعیره‌كان شێت و كه‌ر و كه‌وده‌نن” ئه‌و كه‌ وای ده‌گوت زیاتر له‌ خه‌می سیحه‌تباشی مندا بوو، به‌ڵام من هه‌رگیز گوێم نه‌دایه‌و حه‌زم به‌وه‌ بوو بزانم كه‌ریی و كه‌وده‌نی ڕاسته‌قینه‌ چۆنچۆنییه‌، چونكه‌ پێشتر هه‌موو كه‌رێكم هه‌ر به‌وه‌ی حه‌زره‌تی نالی ده‌زانی، به‌ڵام ورده‌ورده‌ خه‌ریكه‌ بۆم ده‌رئه‌كه‌وێ: ئه‌م شاره‌ی ئێمه‌ هه‌ر به‌ ته‌بیعه‌تی حاڵ خه‌ڵكی كه‌ر و كه‌وده‌ن و زۆرجاریش كه‌وش و كڵاش ئه‌خوڵقێنێ. كه‌ری به‌ جووته‌ی وای هه‌یه‌، به‌ كه‌ڵكی ڕه‌فاقه‌ت ناشێ و كڵاشی ئه‌وتۆیش هه‌رگیز به‌ پێی كه‌سه‌وه‌ ناچێ! كه‌ره‌كانی ئێره‌ به‌ خوێی هه‌ویریش ناچنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی نالی و كڵاشی هه‌ورامانیش هه‌قیه‌تی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ، بچێ له‌ ئینته‌رپول شكایه‌تمان له‌ سه‌ر تۆمار بكا.
حه‌وت ده‌ققه‌یه‌، هاوڕێ له‌گه‌ڵ تۆفیق فیكره‌ت، ئه‌م شاعیر و بیرمه‌نده‌ گه‌وره‌ی توركدا، پیاسه‌ ئه‌كه‌م. به‌ده‌م هه‌نگاونانه‌وه‌ جارنه‌جارێ خشه‌ی پێیه‌كانی ئه‌بیستم. كوردبوونم بچوكم ئه‌كاته‌وه‌ تا ئاستی پێڵاوه‌كانی، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی پێی چه‌پی. هه‌مانوه‌خت بیر له‌وه‌ ئه‌كه‌مه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ وه‌كچۆن مێژووی ئه‌و پڕه‌ له‌ هاشوهوش له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌وره‌كراوه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌رئاوایش پیڵاوه‌كانی گه‌وره‌ بن بۆی.. ئه‌نجا به‌خۆم ئه‌ڵێم نا، هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامی پرسیاری “ئه‌وه‌ چۆنه‌ به‌ ئه‌سته‌نبولت وتووه‌ قه‌حبه‌؟” ته‌واو مژوڵی كردووه‌، به‌ڵام هه‌مدیس ئه‌م خۆ به‌ بچوك و كه‌مزانییه‌ی لێمبووه‌ته‌ سه‌ڕه‌تان، دغدغه‌ی ده‌روونم ئه‌داو ناهێڵی خۆم بم و ئه‌ڵێم: “كوو ئه‌توانی له‌ حزوری ئه‌م شاعیره‌ گه‌وره‌و ئه‌م پیاوه‌ توركه‌ پایه‌داره‌دا، بیر له‌ شتی وابكه‌یه‌وه‌؟” هه‌ر له‌و كاتانه‌شدا، ده‌نگێكی كزۆڵه‌ی شه‌رمۆك، له‌ ناوه‌وه‌م به‌رز ده‌بوویه‌وه‌: “یه‌عنی بۆناكرێ پرسیاری كه‌سێكی وه‌ك من، پیاوێكی وا هیلاك بكا؟ خۆ قابیل چییه‌؟ من چیمه‌؟ با ئه‌و تۆفیق فیكره‌تیش بێ، مادام ئیستا وا له‌م شاره‌یه‌ و وه‌ك ئێمه‌ ده‌سبه‌تاڵ پیاسه‌ ئه‌كاو ئه‌سوڕێته‌وه‌، ئه‌ویش كه‌ر و كه‌وش و كه‌وده‌ن و كڵاشه‌!
سه‌رم هه‌ڵبڕی، ئه‌وه‌ كۆتایی ئه‌و كاته‌ بوو، كه‌ به‌درێژایی ڕێگاكه‌، توانیبووم بوێرم له‌ ئاست بوونی خۆمدا ڕابمێنم. كات و ڕێگا و خه‌یاڵ، گه‌یاندبوومیانه‌ به‌رده‌م دوكانی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ جاری واهه‌یه‌ خۆی، یان یه‌كێ له‌ كوڕه‌كانی، به‌دوای لاپه‌ڕه‌ی بابردووی جه‌ریده‌یه‌كا ڕائه‌كه‌ن، تا نه‌كه‌وێته‌ نێو جۆگا بۆگه‌نكردووه‌كانی بازاڕه‌وه‌. جه‌ریده‌یه‌ك كه‌ ساتێك دوای ده‌ركردنی له‌ گه‌رووی با، مامۆستایه‌كی چرووك، له‌وانه‌ی له‌ ژیانیاندا بۆ جارێكیش چییه‌، دڵیان نه‌هاتووه‌ دوو عانه‌ بده‌نه‌ ڕۆژنامه‌ یان هیچ نه‌بێ تڕه‌ گۆڤارێك، (خۆ باسی كتێبمان هه‌ر نه‌كردووه‌)، بێئه‌وه‌ی بزانێ هه‌ر سه‌رله‌ئێواره‌ كه‌شفه‌، له‌ خاوه‌ن دوكانی ئه‌دزێ وخۆی له‌ گێلی ئه‌داو دوو هه‌نگاو ئه‌ولاتر، به‌ نۆته‌ی ده‌نگێكی ناخۆش، له‌ مامۆستایه‌كی تری وه‌كخۆی ئه‌پرسێ: “ئه‌رێ مه‌عاشه‌كه‌ نه‌هات؟”و خه‌یاڵی هه‌زاری وه‌ك من و تۆ ئه‌شێوێنی و هه‌ر بیریشمان ئه‌باته‌وه‌ تابزانین ئه‌وه‌ تۆفیق فیكره‌ت له‌ كوێوه‌ قوسته‌نتینییه‌ی جاران و ئیسته‌نبولی ئێستای گاوه‌، وا به‌و هه‌موو ویقاره‌وه‌ پێیده‌ڵێ: قه‌حبه‌ و فاجیره‌ گه‌وره‌كه‌ی دونیا؟

ئـاری عوسمان خه‌یات
arikhayat@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.