
جه‌مشید خانی مامی به‌ختیار عه‌لی یان گێله پیاوی عه‌زیز نه‌سین
جه‌مشید خانی مامی به‌ختیار عه‌لی یان گێله پیاوی عه‌زیز نه‌سین
(چه‌ند سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌یی)
ئــاری عـوسمان خه‌یـات
arikhaya@yahoo.com
نكۆڵی له‌وه ناكه‌ین كه (به‌ختیار عه‌لی) یه‌كێكه له‌و نووسه‌رو ڕوناكبیـره جیدیانه‌ی دنیای ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بینینی ئه‌و وه‌ك كه‌سێك كه هیچ ههڵهوپهڵهیهكی نه‌بێ، كارێكه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو لۆژیكێك ده‌كه‌وێته‌وه. مه‌به‌ستمان له‌هه‌بوونی هه‌ڵه‌وپه‌ڵه، ده‌قه ئهدهبییهكانیهتی چونكه ژیانی تایبه‌تی موڵكی ته‌نیا خۆیه‌تی. له‌نێو ده‌قه ئهدهبییهكانیشیدا، ڕۆمانه‌كانی پشكی زۆری ئه‌و ههڵهوپهڵانهیان به‌ركه‌وتووه، كه ناخۆشبه‌ختانه له دوابه‌رهه‌می خۆیدا (جه‌مشید خانی مامم كه هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)، مۆری له‌و مه‌سه‌له‌یه داوه، به‌وپێیه‌ی نه‌یتوانیوه به‌سوود وه‌رگرتن له‌و پێشنیارانه‌ی له ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه، له به‌رهه‌مه‌كانی پێشووی، خۆی له هه‌ڵه‌كان به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌ی زمان ببوێرێت، كه وایان كردووه خهوشگهلێك له سیاقی گشتی ده‌قه‌یدا به‌رهه‌م بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ی كه له زمانی ڕۆمانه‌كانی به‌خیتار عه‌لیدا، به‌گشتی هه‌ن و به‌رچاو ده‌كه‌ون، به‌رابه‌ر به‌و سه‌لیقه و توانایه‌ی ئه‌و، له ڕۆماننووسیندا، ئه‌وه‌نده نین، تا هێڵی ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ڕۆمانه‌كانیدا بهێنرێت، چونكه ئاشكرایه، كه ئه‌و هه‌ندێ ته‌كنیك شێوازی تازه‌ی به‌كارهێناوه، كه پێشتر به‌وشێوه له ڕۆمانی كوردیدا به‌رچاو نه‌بوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌زموونی ڕۆماننووسی به‌ختیار عه‌لی له‌دوای (شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)ه‌وه، ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، چونكه نه‌یتوانیوه ئه‌و جوغزه‌ی خۆی تێپه‌ڕێنی و شتی نوێ به خوێنه‌رانی ببه‌خشێت، چوون ئه‌وه‌ی له‌دوای ئه‌و به‌رهه‌مه‌وه كه‌وتبێته سه‌رده‌می خۆجوینهوهوه، كه بێگومان ئه‌مه‌ش بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك ئه‌و زۆر زووه. ئه‌وه‌ی له دوای شاری مۆسیقاره سپییه‌كانه‌وه خوێندمانه‌وه، له‌چاو ئه‌ودا، ته‌واو له ئاستێكی نزمدایه. بۆیه هه‌قی خۆیه‌تی بپرسین: ئه‌م پاشه‌كشێیه له‌پای چی؟ ئایا نه‌ده‌بوو نووسه‌رێكی وه‌ك به‌ختیار عه‌لی ده‌قێكی تازه‌ی پێشكه‌شی خوێنه‌ره‌كانی بكردایه؟ هه‌رهیچ نه‌بێ، نه‌ده‌بوو غه‌زه‌لنووس و كۆشیكی باڵنده‌كانی له‌و ئاسته‌ی شاری مۆسیقاره‌كان نههاتبایهنه خوارێ؟ ئه‌ی چی بڵێین، ئه‌و ده‌مه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ده‌قێكی ته‌واو لاوازی وه‌ك (جه‌مشید خانی مامم..)دا، خۆمان ده‌بینینه‌وه؟
دیاره ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم له‌كاتێكدایه، كه ئه‌زانم ده‌قی ئه‌ده‌بی به (قه‌پانی به‌قاڵان) ناپێورێت، تا به‌و ئاسانییه وه‌ها بڕیارێك بده‌ین، به‌ڵام خوێنه‌ری هۆشیار ده‌زانێ مه‌به‌ستمان له چییه، چونكه ئێمه هه‌ڵكشانی پله‌به‌پله‌ی به‌ختیارمان له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ڕۆمانییه‌وه (مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م) تا شاری مۆسیقاره‌كان بینی، بۆیه ته‌واوه‌ن بڕواموایه، ئه‌و پرسیارانه له جێگه‌ی خۆیاندان و هه‌قه به‌ختیار عه‌لییش بۆخۆی بیریان لێبكاته‌وه.
من كه (جه‌مشیدی مامم) خوێنده‌وه، هه‌ستم كرد كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی جه‌مشید خان، وێنه‌یه‌كی كتومتی كه‌سایه‌تی (گێله‌پیاو)ه‌كه‌ی (عه‌زیز نه‌سین)ه، به‌ڵام هاتۆته كوردستان ده‌ژی! ئه‌وه‌ی كه چاره‌نووسی (گێله‌پیاو) به‌ده‌ست خۆیه‌وه نییه و هه‌رجاره‌ی ژیان به‌لایه‌كدا ده‌یبات، ته‌واو له‌و چاره‌نووسه ده‌چێت، كه جه‌مشید خانی تێدایه و به‌ڵام لای به‌ختیار (با) وه‌ك سیمبۆلێك له‌بری (ژیان) به‌كارهاتووه‌و هه‌میشه جه‌مشید له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات. ئه‌م لێكچوونه‌ش حه‌رام نییه، چونكه لێكچوونی كه‌سایه‌تی و ڕووداو و شوێن و ته‌نانه‌ت بابه‌ته‌كانیش له‌نێوان ده‌قی زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانی دنیادا، به‌دی ده‌كرێت، كه دواجار به‌پێی هه‌ر تیۆر و پێوه‌رێكی ڕه‌خنه‌یی بێت ئه‌كرێ به‌جیا، قسه‌یان له‌باره‌وه بكرێت، هه‌روه‌ك ئاراسته‌ی فیكری و فه‌لسه‌فی واده‌كه‌ن، ئه‌و لێكچوونانه لهپنتێكی دیاریكراودا، لێكجیاببنه‌وه، به‌ڵام كاتێك تۆ وه‌ك خوێنه‌رێك، ڕۆمانێك ده‌خوێنێته‌وه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت، كه ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ نێو دنیای ڕۆمانێكی تر، كه پێشتر نووسراوه‌و به‌رهه‌مهێنراوه، ئه‌وا ناتوانی له فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و ڕۆمانه‌ی پێشوو داببڕێیت، ئه‌مه‌ش ڕێك وه‌ك ئه‌و حاڵه‌ته‌یه، كه من له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی جه‌مشید خانی ماممدا تووشی هاتم و هه‌ستم ئه‌كرد ئه‌وده‌مه‌یه، كه بۆ یه‌كه‌مجار (گێله‌پیاو)م، تیاخوێندهوه. لێره‌وه گه‌شتمه ئه‌وه‌ی به‌خۆم بڵێم: به‌ڕاستی به‌ختیار عه‌لی نه‌یتوانیوه به قووڵی فیكرێكی دیاریكراو ته‌وزیف بكات، وه‌ك له شاری مۆسیقارهكاندا (بۆ نمونه) كردوویه‌تی، به‌ڵكو ئه‌و هاتووه هه‌ندێ سه‌ربوردی جیاجیای داوه‌ته پاڵ كه‌سایه‌تییه‌ك و به‌وه‌ش هێڵی گشتی و سه‌راپاگیری حیكایه‌ت له‌نێو ده‌قه‌كه‌دا نادیار و ونه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئێمه ده‌زانین یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه وائه‌كات ئاستی ده‌قێك به‌رزتر له ده‌قێكی تر، له ڕووی بنه‌ما ئیستاتیكییهكانهوه، پیشان بدات، ئه‌و زمانه‌یه، كه خاوه‌ن ده‌ق، له‌ڕێگه‌یه‌وه ویستوویه‌تی په‌یامی خۆی به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت. واتا زمانی ده‌ق مه‌رجی یه‌كه‌مه له دیاریكردنی ئاستی هه‌موو ده‌قێكدا، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌قه خۆی له چوارچێوه‌ی یه‌كێك له ژانره ئه‌ده‌بییه‌كاندا ببینێته‌وه، ئه‌گه‌ر وردتر‌و تایبه‌تی تریش قسان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌ڵێم: (ده‌قه گێڕانهوهبهندییهكان)و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ده‌قی ڕۆمان، پێویستی به زمانێكه، كه له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، تا ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌كانی ئاگایی، له‌لایه‌ن ڕۆماننووسه‌وه مامه‌ڵه‌ی ده‌گه‌ڵ كرابێ، ده‌نا به‌رله‌هه‌ر شتێك ڕۆمانه‌كه وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی لاواز، ده‌ر ده‌كه‌وێت و خۆی نماینده ده‌كات، هه‌روه‌ك ئه‌و تیمه‌و مژاره‌ی كه تێیدایه به‌هۆی كه‌موكورتی له زمانه‌كه‌یدا، تیا ده‌چێت و به‌وه‌ش په‌یامی ده‌ق ناگاته خوێنه‌ر.
ئێستا ئێوه سه‌رنج بده‌نه ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی لای خواره‌وه، كه له‌ڕاستیدا نازانم هۆكاره‌كه‌ی به‌لای (به‌ختیار عه‌لی)ه‌وه، بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه: تۆ بڵێی بیه‌وێ ئه‌م جۆره زمانه به‌زۆر بكاته زمانی داهێنان و جوانكاری، كه هه‌رگیز ئه‌مه بۆ كه‌س ناچێته سه‌رو قابیلی قبوڵیش نییه؟
1. وشه‌ی (گه‌رداو) وشه‌یه‌كی لێكدراوه‌و له (گه‌رد + ئاو= گه‌رداو) پێكهاتووه، وه‌ك: (گوڵاو، خوێناو، چڵكاو، قوڕاو..)، به‌ڵام ئه‌و له چه‌ندین شوێندا له‌گه‌ڵ وشه‌ی (بـا)دا به‌كاری هێناوه، كه هیچ بیانوویه‌ك بۆ به‌كارهێنانی نییه. خۆ مادامه‌كێ باس باسی (با)یه، له‌بری (با و گه‌رداو)، (با و گه‌رده‌لوول)بووایه باشتربوو! {بڕوانه:ل6}
2. ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و بیستوومانه (به‌دگومان)و (دوودڵ)و (ڕاڕا)یه، ئیتر تێناگه‌م مه‌به‌ست له (دووگومان) چییه، كاتێك ده‌نووسێت: (باپیرم كه پیاوێكی وه‌سواس و دووگومانه).{بڕوانه:ل7}
3. پێڵاو و پۆستاڵ و كه‌وش و كڵاش، (لێوار)یان هه‌یه، نه‌ك (لێو)، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: (لێوانی پۆستاڵ) {بڕوانه:ل29}
4. (ناوچه حه‌رامه‌كان) مه‌به‌ستی له (منگقه محرمه) یان (اراچی محرمه)ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسه، كه هیچ كه‌س بۆی نه‌بوو پێ بخاته ئه‌و ئهرزانهو بچێته ئه‌و ناوچانه‌وه، چونكه به‌پێی بڕیارێكی به‌عس ئه‌و ئه‌رزو ناوچانه حهرامكرابوون. كه‌واتا (ناوچه حه‌رامه‌كان) هه‌ڵه‌یه، ده‌بوو بینووسیبا (ناوچه حه‌رامكراوه‌كان)، چونكه ئه‌مه‌یان (ئاوه‌ڵناوی كرا‌و)هو ئه‌ویتریان (گرێیه‌كی ئاوه‌ڵناوی)یه‌و جیاوازیشیان ئاسمان و ڕێسمانه. به به‌هه‌ڵه به‌كارهێنانیشیان واتای ڕسته سه‌قه‌ت ئه‌كه‌ن. {بڕوانه: ل49}
5. ئه‌گه‌ر ڕسته‌ی (گرفته‌كان چیین و كێشه‌كان چۆن ده‌بن. {بڕوانه: ل15}) به‌مشێوه‌یه بووایه (گرفته‌كان چین و چۆن ده‌بن) یان (كێشه‌كان چیین و چۆن ده‌بن)، كورت و پوخت و باشتر نه‌ده‌بوو؟
6. ڕسته‌یه‌كی وه‌كو (به‌چه‌ند مانگێك جارێك شه‌وێك ده‌هات بۆ لام..{ل117}) هه‌م له‌ڕووی سینتاكسییهوه جوان نییه‌و هه‌میش بۆ خوێندنه‌وه قورس و ڕه‌زاگرانه.. ئه‌ی ئه‌گه‌ر (چه‌ندمانگ جارێ شه‌وێك ده‌هات بۆ لام..)ی نووسیبا جوانترێك نه‌ده‌بوو؟
7. له لاپه‌ڕه (55)دا، هاتووه: (له به‌هاردا جگه له ده‌نگی بروسكه كه بێئه‌ندازه جه‌مشید خانی ده‌ترسان گرفتێكی زۆر گه‌وره‌مان نه‌بوو، زۆر ڕۆژ ئه‌وم به باوه‌ش هه‌ڵده‌گرت و به‌ره‌و باڵا سه‌رده‌كه‌وتم و له‌سه‌ر ترۆپكی چیاكانی ده‌وروبه‌ر مامم به خۆمه‌وه ده‌به‌سته‌وه‌و سه‌یری سروشتمان ده‌كرد). بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێن: (بروسكه) ده‌نگی نییه تا مرۆڤ به (جه‌مشید)یشه‌وه لێی بترسێت، به‌ڵكو ئه‌وه (هه‌وره‌گرمه)یه، ده‌نگی زۆر و ترسناكی هه‌یه. له‌لایه‌كی تره‌وه، كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌و په‌ره‌گرافه‌دا ناوی (جه‌مشید خان) هاتووه‌و دواتریش به جێناوی (ئه‌و)ی كه‌سی سێیه‌می تاك ئاماژه‌ی پێكراوه، ئیدی چ پێویست ئه‌كات بنووسرێت: (مامم به خۆمه‌وه ده‌به‌سته‌وه)، كه ئه‌مه له هه‌ڵه‌ی ڕێزمانی و سێبارهكردنهوه زیاتر هیچی تری به‌رهه‌م نه‌هێناوه.
8. هه‌رگیز پێموانییه به‌كارهێنانی هه‌ندێ وشه‌ی عه‌ره‌بی، كه له‌نێو زمانی كوردیدا جێگه‌یان بووه‌ته‌وه، ببێته مایه‌ی لاوازی لایه‌نی زمان له ده‌قدا، به‌ڵام كه وشه‌ی (ده‌ریا)مان هه‌یه، گوناح نییه بنووسین (به‌حر)! {بڕوانه:ل106 و هتد..}، كه (هه‌واڵگر)مان هه‌یه‌و جوان و چه‌سپیوه، چ پێویست ده‌كات بیكه‌ینه (خهبهرگر) {بڕوانه:ل42}؟ ئه‌دی حیكمه‌ت له‌وه‌دا چییه (ڕه‌شه‌با) هه‌ڵگێڕینه‌وه‌و بیكه‌نه‌وه به (باڕه‌ش)؟
9. ئه‌گه‌ر كه‌سێك (گوێ)ی نه‌بێت، بێگومان ناشتوانێ گوێ بگرێت، ئیدی چ پێویست ده‌كات بڵێین: (گوێره‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گوێنه‌گری بێگوێ..)؟ {بڕوانه:ل124} هه‌رچییه‌ك و هه‌رچۆنێك بێت، وشه‌ی (بێگوێ) له سیاقی ئه‌و ڕسته‌یه‌دا زیاده‌یه.
10. له‌لاپه‌ڕه (126)دا هاتووه: (من دڵنیابووم به‌شه‌و ده‌فڕێت و بۆ سه‌عاتی درێژ له ئاسماندا ده‌مێنێته‌وه)، دیاره مه‌به‌ست له (سه‌عاتی درێژ) (كات یان ماوه‌ی زۆر و درێژه)، به‌ڵام ئه‌و به‌كارهێنانه زۆر ناڕێكه، چونكه (سه‌عاتی درێژ) بیرمان به‌لای (سه‌عاتی كورت و سه‌عاتی بچوك و سه‌عاتی پان و هی بازنه‌یی و..هتد)یشدا ده‌بات.
11. ئه‌وه چ پێویستییه‌كی زمانه‌وانی یان ئیستاتیكییه وا ده‌كات، كه ڕۆماننووس (ماچی كچانه و گلله‌یی ژنانه) له‌نێوان دوو كاراكته‌ری كچدا، كه هێشتا شوویان نه‌كردووه و نه‌بوونه به ژن، به‌كاربهێنێ؟ (خه‌زاڵ له‌به‌ر دوكانه‌كه‌دا كۆنه هاوڕێیه‌كی خۆی ده‌بینێت كه ناوی سافیناز خانه.. به ده‌ستووری كچان یه‌كتری ماچ ده‌كه‌ن و دوای گله‌یی ژنانه له‌یه‌كتر، خه‌زاڵ پێشنیاری ئه‌وه بۆ سافیناز ده‌كات كه بیگه‌یه‌نێت بۆ ماڵه‌وه..) {بڕوانه:ل64} كه‌وابێ ژنگهلێكیش هه‌ن، به ده‌ستووری ژنانه یه‌كتر ماچ بكه‌ن و گلله‌یی كچانه‌ش له‌یه‌كدی بكه‌ن.. وانییه؟
12. (جه‌مشید له كرده‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو و ڕاسته‌وخۆی عاشقانه‌دا ده‌ستی سافیناز ده‌گرێت و تكای لێده‌كات له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌ر شه‌وێك با بوو، سه‌عات یه‌كی شه‌و كه خه‌ڵك هه‌موو ده‌خه‌ون بچێته سه‌ربان و چاوه‌ڕوان بكات، چونكه شتێك ده‌بینێت و ده‌بیستێت كه پێشتر نه‌یبینیوه، به‌ڵام نابێت لێی تێك بچێت). پێشا وادیاره ڕۆماننووس بیری چووه ته‌واوی بكات و بڵێت: (كه پێشتر نه‌یبینیوه‌و نه‌یبیستووه). خۆ ئه‌گه‌ر ته‌واویشی بكردایه، هه‌ر له‌و هه‌ڵه‌یه قورتاری نه‌ده‌بوو، چونكه هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی له‌وه‌ی كه سافیناز پێشتر نه‌یبینیوه (بابردنهكهی جه‌مشیدخان)ه، ئه‌وه‌شی كه ده‌بێ پێشتر (نه‌یبیستبێت)، ده‌نگی جهمشیدخانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، چونكه دیسانه‌وه وادیاره ڕۆماننووس بیری چووه‌ته‌وه، كه لاپه‌ڕه‌یه‌ك پێشتر، له‌و دهعوهتهدا، كه خه‌زاڵ خان ڕێكی ده‌خات، ئه‌و ڕۆژه جه‌مشید خان تائێواره له‌گه‌ڵ سافینازدا ده‌باته‌سه‌ر و به‌رده‌وام قسه ده‌كات و باسی ژیانی خۆی ده‌كات.. ئایا ئیتر ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه‌و سافیناز نهییستبێ چییه؟! {بڕوانه:ل 65-66} هیچ، چونكه له‌لاپه‌ڕه‌كانی دواتردا ڕۆماننووس شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراومان بۆ ناگێڕێته‌وه.
13. دواتر هه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌دا، ده‌ڵێت: (سافیناز له سه‌عات یه‌كدا ده‌چێته سه‌ربان و له‌سه‌ر به‌رزترین ستاره‌ی ماڵی خۆیان ده‌وه‌ستێت.. {بڕوانه:ل69}) ئه‌وه‌ی دوو ڕۆژ له‌به‌رده‌ست وه‌ستایه‌كی به‌ننادا ئیشی كردبێت، ده‌زانێ (ستاره) ده‌كاته چ شوێنێكی ماڵه‌كان (خانووه‌كان)؟ ئیدی نازانم سافیناز چۆنچۆنی چووه‌ته سه‌ر به‌رزترین ستاره‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیان؟
14. له وه‌سفی جه‌مشید خاندا هاتووه: (.. پێستێكی ناسكه و به‌سه‌ر هه‌ندێك ئێسكی باریكدا وشكبۆتهوه. {بڕوانه:ل7}) پێش هه‌رشتێك ئه‌گه‌ر پێستێك (ناسك) بێت، بێگومان (وشك)نییه، خۆ ئه‌گه‌ر هات و (وشك)بێت، بێگومان (ناسك)یش نابێت.. واتا وشكی و ناسكی دوو به‌شی جیاوازی دوو سیفه‌تی پێچه‌وانه‌ن، ئیتر تێناگه‌ین چۆن ئه‌م (پێسته ناسكه) به‌سه‌ر ئێسكی جه‌مشید خاندا (وشك) بۆته‌وه؟
هه‌ر له‌باره‌ی وه‌سفی جه‌سته‌ی جه‌مشید خاندا ده‌نووسێت: (من ته‌نیا فریای ئه‌وه كه‌وتم سه‌رسام سه‌یری ته‌نكی و لاوازییه‌كه‌ی بكه‌م. {بڕوانه:ل12})، كه‌واتا جه‌سته‌ی جه‌مشید خان (ته‌نك و لاواز) بووه، كه‌چی له‌هه‌مان لاپه‌ڕه‌و دێڕێك یان دووان له خوار ئه‌وه‌وه، خهیاتێكی تایبه‌ت دێت تا به‌پێی (گه‌وره‌یی و ته‌نكی) جلی تایبه‌تی بۆ جه‌مشیدخان بدروێت (نه‌ك جلی بۆ بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆماننووسی نووسیویه‌تی)، هاوكات له‌لاپه‌ڕه (13)شدا ده‌نووسێت: (جه‌مشید خۆشحاڵانه له پێشمانه‌وه ده‌ڕۆی، پیاوێكی بچوك و ته‌نك..)، ئێستا ئێمه شایه‌تومان به‌كاملادا هه‌ڵده‌ین: جهمشیدێكی (گه‌وره‌و ته‌نك) یان (ته‌نك و لاوازه) یان (بچوك و ته‌نك)!
15. به‌ختیار ده‌نووسێت: (جه‌مشید خۆشحاڵانه له پێشمانه‌وه ده‌ڕۆی، پیاوێكی بچوك و ته‌نك كه هه‌موو گونده‌كه به گه‌وره‌و منداڵییه‌وه هاتبوونه سه‌یری. ئه‌و چه‌ند پیره‌ی له دێكه‌دا ده‌ژیان و له‌دایكبوونی باوكی جه‌مشیدیان له‌یاد بوو، هاتن بۆ به‌خێرهاتنی و له نهێنی ئه‌و پهتهشیان پرسی كه سه‌رێكی به‌رده‌وام به ده‌ست من یان سمایله‌وه بوو. {بڕوانه:ل13} به‌وپێیه بێت، هه‌موو خه‌ڵكی گوند به گه‌وره‌و منداڵییه‌وه، ئه‌وه‌یان زانیوه كه جه‌مشید په‌تی لێبهستراوه، تا با نه‌یبات، هه‌روه‌ك خۆیشی (به‌لووت به‌رزییه‌وه) بۆ ئه‌و چه‌ند پیره‌ی له دێیه‌كه‌دا هه‌بوون، ڕوونی ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: (ئه‌و په‌ته بۆ ئه‌وه‌یه له كاتی ڕه‌شه‌بادا نه‌فڕم و گه‌ر گێژهڵوكهی گه‌وره هات به‌ڕێزمان با نه‌یبات){بڕوانه/ ل13} كه‌چی له لاپه‌ڕه (18)دا، مه‌سه‌له‌ی بابردنهكهی جه‌مشید (نه‌ك فڕینه‌كه‌ی جه‌مشید، وه‌ك ڕۆماننووس له چه‌ند شوێنێكدا بابردن و فڕینی لێ تێكه‌ڵ بووه)، وه‌ك نهێنییه‌ك باسی لێوه ده‌كرێت و نابێت كه‌س پێیانبزانێت، ئه‌وه‌تا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: (ده‌بێته ئابڕوچوونێكی گه‌وره بۆ من و بۆ هه‌موو خانه‌دانانی تایهفهكهمان گه‌ر ڕۆژێك له جێگایه‌كی گشتیدا با بمبات.) {بڕوانه:ل18}.
كاره‌كه هه‌ر به‌وه‌نده‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ئه‌و په‌ته‌ی كه خه‌ڵكی گونده‌كه بینیان و پرسیاریان له‌باره‌وه كرد‌و جه‌مشیدیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌و بۆی ڕوون كردنه‌وه له‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه چییه، ده‌بێته (كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌ره‌تایه‌مان چۆنێتی و چه‌شنی گوریسه‌كان بوو. ئه‌و گوریسانه‌ی ده‌بایه له ڕۆژدا و بۆناو خه‌ڵك به‌كاریانبهێنین، گوریسی زۆر كورت بوون كه جه‌مشیدیان به ئێمه‌وه ده‌نووسان، به‌جۆرێك هه‌ندێجار ده‌بایه وه‌ك سیانهیهكی پێكه‌وه‌لكاو بڕۆیشتباینایه تا خه‌ڵك زۆر سه‌رنجی په‌ته‌كه‌ی نێوانمان نه‌ده‌ن و بایه‌كی خێراش جه‌مشید له ده‌ستمان نه‌فڕێنێت. {بڕوانه:ل18} ئه‌رێ ئه‌مه‌یان ناوبنێین چی؟
16. له‌لاپه‌ڕه (33)دا ده‌نووسێت: (پسپۆره‌كانی سوپا هه‌ندێك جلی تایبه‌تیان بۆ مامم ده‌سته‌به‌ر كرد، كه ڕه‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌موو تۆنه جیاوازه‌كانی ڕه‌نگی ئاسماندا ده‌گونجا و په‌تی وه‌هایان بۆ هێناین، ئاویی و ڕوون بوون و له هه‌وادا نه‌ده‌بینران). ئێمه قبوڵمانه، په‌تێك ڕه‌نگی ئاویی بێت، نابینرێت، به‌ڵام ئاخر په‌تێكی ئاویی كه ڕوون بوو، ئیدی چۆن باوه‌ڕ به خۆمان بكه‌ین، كه نایبینین؟ كه‌واتا ئه‌گه‌ر سیفه‌تی (ڕوون و ڕوونێتی)مان خسته پاڵ هه‌ر شتێك، با ئه‌و شته په‌تێكی ئاوییش بێت، ئه‌وا وه‌ك (ڕۆژی ڕوون) به‌رچاومان ئه‌كه‌وێت و ئه‌یبینین.
17. هه‌ر له ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌وه، خوێنه‌ر تێده‌گات، كه هه‌میشه هه‌ر (بــا) جه‌مشید ده‌بات، ئیدی چ پێویست ده‌كات باسی (هه‌وا)یش بكه‌ین و بڵێین: “با سرته‌ی نه‌ده‌كرد و هه‌وا هیچی نه‌ده‌بزواند. {بڕوانه:ل32})، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هات و ئێمه بزانین (بــا) و (هــه‌وا) دوو شتی ته‌واو جیاوازن. ڕه‌نگه ئه‌و جیاوازییه‌مان به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ته‌واوتر بۆ ڕوون بێته‌وه، ئه‌گه‌ر بزانین (بـــا واتا ریــاح). بۆیه (هه‌وا) كه هی هه‌ڵمژینه، ناتوانێ (جه‌مشید) له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، چما ناوهێنانی له‌پای چی؟
18. به وردی ئه‌م ڕسته لێكدراوه بخوێنه‌وه: (ئه‌و له ئاسمانه‌وه چه‌ندین شاری وێرانكراوی ئێرانی بینی، له‌سه‌ره‌وه‌ڕا ده‌یان هه‌زار لاشه‌ی تێكه‌ڵاوی سوپاكان كه‌وتنه به‌رده‌می.. {بڕوانه:ل34})، له ڕسته‌ی یه‌كه‌مدا تێده‌گه‌ین، له‌وه‌ی كاتێك جه‌مشید به‌ئاسمانه‌وه بووه، چه‌ندین شاری وێرانكراوی ئێرانی بینیوه، به‌ڵام له ڕسته‌ی دووه‌مدا، له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئاوهڵكرداری (له‌سه‌ره‌وه‌ڕا)، ڕۆماننووس ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، كه جه‌مشیدخان له‌كاتێكدا به‌حه‌واوه بوو، ههرلهوكاتهشدا (لهسهرێڕا)ی جه‌مشیده‌وه (كه مه‌گه‌ر هه‌ر كاك به‌ختیار خۆی بزانێ چه‌نێك به‌رز بووه)، ده‌یان هه‌زار لاشه‌ی تێكه‌ڵاوی سوپاكان كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌می! وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران-عێراق، به‌ره‌یه‌كی له ئاسمانیشه‌وه دامه‌زرابێ و ئێمه پێمان نه‌زانیبێ!
19. له‌لاپه‌ڕه (49)دا باس له (كه‌می بژێوی و كورتی زه‌خیره) ده‌كات، به‌ڵام له‌په‌ڕه‌ی دواتردا (سێ مانگ پتر خه‌ریكی زه‌خیره‌خستن) ده‌بێت، بێئه‌وه‌ی خه‌مێكی (كورتی زه‌خیره) بخوات؟ بێگومان (كورتی زه‌خیره)ش گرێیه‌كی تری بێمانایه و هه‌ر نهیخستایهته ئه‌و ڕسته‌یه‌وه، بۆ هه‌موومان باشتر ده‌بوو.
20. ئه‌و غه‌زه‌به‌ی كه چاره‌نووس به‌سه‌ر جهمشیدخانیدا هێناوه، هه‌ر ئه‌وه نه‌بووه، كه (با) بردبێتی و به ئاره‌زووی خۆی ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری پێكردبێت، به‌ڵكو وا ده‌ر ئه‌كه‌وێت، كوردگوته‌نی، تووكهڕیشی جه‌مشیدخان، (لهگووا بووبێ)، ئه‌وه‌تا ڕۆماننووس ده‌نووسێت:”ئێوارانیش كه هه‌ڵده‌ستاین جه‌مشید هه‌رده‌م مه‌زاجێكی خراپی هه‌بوو، كه‌م قسه‌ی ده‌كرد، زۆر له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی دهستشۆرهكهدا ده‌وه‌ستا، چه‌ند جارێك ڕیشی ده‌تاشی…)!!{بڕوانه:ل99}
له‌كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه بڵێم، به‌داخه‌وه: له‌م ڕۆمانه‌دا، هه‌رچی پێگه و شوێن و ئاراسته‌ی جوگرافی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی وا تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كراون، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر وردترین نه‌خشه‌ی جوگرافییش بۆمان نادۆزرێنه‌وه. به‌ختیار عه‌لی وه‌ك چۆن له كۆشكی باڵنده غهمگینهكاندا (عیزرائیل و جوبرائیل)ی لێتێكچووبوو، له‌مه‌شیاندا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ سامناك زاراوه‌كانی (باكور و باشوور و كرمانجی و كوردی باكور و كوردستان و باكوری عیراق و كه‌ركوك و..هتد)ی شێواندووه، گومانم هه‌یه له‌وه‌ی بتوانین به كۆمه‌كی به‌رنامه‌یه‌كی وه‌ك (گۆگڵ ئیرس)یش بتوانین پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وانه لێكجیابكه‌ینه‌وه! بۆ ئه‌وه‌ش به‌ده‌ر له لاپه‌ڕه‌كانی (40، 46، 97، 96 و..تد)، بڕوانه ئه‌مه، كه ده‌ڵێت:”یه‌كه‌مین فڕینی له زیندانێكی تایبه‌ت له كه‌ركوكه‌وه ده‌ست پێده‌كات و كاته‌كه‌شی شه‌وێكی ساردی زستان ده‌بێت.”{ل4}، ئه‌نجا له لاپه‌ڕه (6)دا، ده‌ڵێت: (بایه‌ك كه جه‌مشید له باشوره‌وه بۆ باكور هه‌ڵده‌گرێت..). ماڵوێرانییهكه هه‌ر له‌وه‌دا نییه، كه ئه‌م براده‌ره (كوردستان) به (باكوری عێراق) ناوده‌بات، به‌ڵكو له‌وه‌دایه، (كه‌ركوك) به (باشووری عێراق) ده‌زانێ؟
تێبینی/ له ناونیشانهكهداو بۆ مه‌به‌ستی جوانكاری سینتاكسی، (م)ی جێناوی كه‌سی یه‌كه‌می لكاوی سه‌ر ناوی (مام) قرتێنراوه..
28/8/2010