مه‌جید پاشای تارمایی
كورته‌چیرۆك:
كلۆدیۆس جێمس ڕیچ، له‌و دانیشتنه‌دا ئاماده‌بوو، كه پاشای بابان، 189 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، تێدا وتی: “جگه له مێژووی پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان، ئه‌وه‌نده‌ی بتوانم له ڕۆژگارو گوزه‌رانیان بزانم، ئیتر زۆر تامه‌زرۆی مێژوو نیم، له شانامه‌یش زیاتر، شتێكی لێناخوێنمه‌وه”..
ئیدی ئه‌و: مسته‌ر ڕیچ، گورج ده‌فته‌ره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كات و له بیره‌وه‌رییه‌كانی حه‌وتی تشرینی سه‌دو هه‌شتاو نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا، به سه‌رسوڕمانه‌وه له‌و كورده پاشا عاجباتییه، ئه‌نووسێ: “مه‌حمود پاشای بابان حه‌زی به مێژوو نییه، جگه له مێژووی پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكان، له شانامه‌ش زیاتر هیچی لێناخوێنێته‌وه!”
ئه‌نجا ڕێك بیست ساڵ دوای ئه‌و ڕۆژه، یه‌عنی سه‌د و په‌نجاو نۆ ساڵ پێش ئه‌مڕۆ، كه مێژوومان وه‌ك هه‌میشه پڕیه‌تی له بزڕكانی خه‌ونه‌كان، ئاوا خه‌ونی بابانییه‌كانیش ئه‌بزڕكێ و هه‌موو شته‌كان زۆر به‌ئاسانیی كۆتاییان دێ.
هه‌ڵبه‌ت به ڕێكی نازانرێ چه‌نێك دواتری ئه‌و ڕووداوانه، یان چه‌نێك پێشی به‌رێ، پیاوێك له ته‌پوتۆزی خه‌ونه‌كانی ناو مێژووی بابانه‌وه، سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ده‌گاته مه‌مله‌كه‌تێ، كه تا ڕۆژی قیامه‌ت ڕۆحی به‌بێزاری تێدا پیاسه‌ی وشك و بێتام ئه‌كا. ئه‌و پیاوه له‌و مه‌مله‌كه‌ته ناخۆشه‌دا، هه‌ر به‌ڕێكه‌وت شتێك ده‌نووسێ، شتێك زیاتر له ده‌رده‌دڵ ئه‌چێ تا یاداشت، چونكه جۆرێك له په‌شیمانی و شپرزه‌یی پێوه دیاره، ده‌نووسێ: “من تارمایی ئه‌و پیاوه‌م، غوباری خه‌ونێكی نازانم چۆنچۆنیم، له ئێواره‌یه‌كی ته‌ڵخ و تۆزاویدا، ئێواره‌یه‌كی وا، كه به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، پتر له‌وه‌ی ئینسان تیا دا‌نیشێت و چینێكی باش بۆ خۆی بگری، گه‌یشتمه شارێك ئاوێنه‌كانی ڕاست و چه‌پی تێدا وه‌كخۆی ده‌رئه‌كه‌وێ، ئاوێنه‌كانی ئه‌م شاره له جنسی ئاوێنه‌كانی هیچ شوێنێكی سه‌ر زه‌مین ناچن، هیچ شتێك پێچه‌وانه ناكه‌نه‌وه، بۆیه گه‌ر بته‌وێ ته‌ماشای خۆت بكه‌ی، ده‌بێ پشت به سێبه‌ر ببه‌ستی، تا كاتێك دێت هه‌ستی ئه‌وه داگیرت ئه‌كا، كه ئێره شارێكه به‌ده‌ر له سێبه‌رێكی كاڵ، كه به‌سه‌ر سه‌رته‌وه‌یه، هه‌رگیز شتێكی ئه‌وتۆی نییه به تۆی ببه‌خشێ بۆیه لێره له سێبه‌ر و وه‌هم زیاتر شتێكی تر نییه خۆتی تیا ببینی و خۆتت بخاته‌وه یاد. ئه‌م شوێنه به كه‌ڵكی ئه‌وه دێ مرۆڤ خۆی تیابخنكێنێ، شوێنێكه ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ مه‌رگدا سه‌روسه‌ودای هه‌یه، هێنده حه‌زی به ژیان نییه.”
هه‌ر له‌و ئێواره ته‌ڵخ و تۆزاوییه‌وه، پیاوه‌كه یه‌قینی ته‌واوی لادروست ئه‌بێ، له‌وه‌ی ئێره ئه‌و شوێنه خراپه‌یه، كه ده‌بێ بۆ ئه‌به‌د خۆی تیا ون بكات و هه‌رگیز جارێكی تر، وه‌ك پاشا، چاوی به خۆی نه‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و ئه‌نووسێ: “من.. منی پاشا، پاشا؟ ئه‌رێ منی كوڕه پاشا، منی پاشماوه‌ی میرنشینێك، كه هیچ له مێژووی خۆم نازانم، هاتم و لێره بۆ ئه‌به‌د قاچه‌كانم له وه‌همدا چه‌قین. تكایه بۆ ناسینه‌وه‌ی پاشازاده‌ییم، هه‌رگیز مه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كانی مێژوو، گوێ له‌وانه‌ش مه‌گرن، كه خۆیان كردووه‌ته مێژوونووس و ئاسه‌وارناس و ده‌م له گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌تی ڕۆژگاری پیره كۆشكی من ئه‌كوتن، ئاخر من خۆشم نازانم كێم؟ كه‌چی بوومه‌ته جێی شانازی خه‌ڵكی ئه‌م شاره، من هیچ له مێژووی خۆم نازانم، چونكه هه‌رگیز فێر نه‌بووم و فێریش نه‌كراوم، هیچ نه‌بێ له په‌ڕاوێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕیچی گه‌ڕۆكدا، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم بنووسمه‌وه، بۆیه ئێستا من پتر له تارماییه‌ك هیچی دی نیم، من: مه‌جید پاشای بابان.. مه‌جید پاشای تارمایی.. مه‌جید پاشای با..تا..”.
ئـاری عوسمان خه‌یات
arikhayat@yahoo.com