Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024

‌گه‌نج و کارکردن …. ئاری ئەبوبەکر

Closed
by October 8, 2010 گشتی

 

لە دوا ژمارەکانی ڕۆژنامەی نم نم دا، بابەتێکم بەرچاوکەوت بە ناوی “هەندێک لە گەنجان بە تەنازوولی دەزانن هەموو کارێک بکەن”، ناونیشانی بابەتەکە سەرنجی ڕاکێشام، کە هۆی چییە گەنجانی کوردستان ئامادەنین هەموو کارێک بکەن، لە کاتێک دا لە شوێنی تر و زەمەنی تر دا ئامادەن یان ئامادەبوون هەموو کارێک بکەن، ڕەنگە نزیکترین نمونەش خودی خۆم بم، کە ئەو کارەی لە دانیمارک کردومە، هەرگیز ئامادە نەبووم لە کوردستان بیکەم.
 بۆ نمونە ، لەگەڵ خوێندنەکەمدا لە دانیمارک و بۆ ئەوەی بتوانم هەم خوێندن تەواوبکەم و هەم گیرفانیشم بەتاڵ نەبێت،لەدوای دەوام، لە ڕێستۆران و چێشتخانەدا قاپم شتوە و تەوالێتم پاککردۆتەوە، کە هەرگیز ئامادەنەبووم لە کوردستان لەو جۆرە کارانە بکەم.
هەڵبەت نمونە زۆرە و لە هەموو چینوتوێژێکی کۆمەڵی کوردی دا بەهەمانشێوەیە، بەڵام کورد واتەنی دەرزیەک بە خۆتا بکا ئینجا سوژنێک بە خەڵکدا، بۆیە زیاتر نمونەکەم لەسەر خۆم هێنایەوە پێش ئەوەی کە باسی خەڵک بکەم.
دیارە لە ناو کولتوری ئێمەدا جۆرە بۆچونێک دروستبووە و کراوەتە کولتور بەسەرماندا فەرزکراوە، کە ئەوگەنجانە بەکەم  سەیردەکات کە کارەکانیان، کارێکی مامناوەندی یان لە چینی خوارەوەی پۆلبەندی کارەکانی ناو کۆمەڵگایە، وە بە پێجەوانەشەوە.
یەکێک لەو ئیشکالیەتەی کە ئەم عەقڵیەتەی زاڵکردووە، بە هەند گرتن و بە “خزمەت” حسابکردنی هەندێک لەو کارانەیە کە لە ناو کۆمەڵگادان و بە کەمگرتنی هەندێکی تریانە. واتا کۆمەڵگا وەک کار سەیری کار ناکات، بەڵکو هەندێکیان بە خزمەت سەیردەکرێت، وە هەندێکیشیان نەک هەر بە خزمەت حساب نییە، ئەرزشێکی مەعنەوی ئەوتۆی نییە وەک خزمەتکردن بە کۆمەڵگا.
نمونە، کاری پزیشکی، کاری سیاسی، کاری هێزی پۆلیس و ئاسایش، کاری ئەندازیاری، کاری هونەری و … هتد لەو کارانەن کە هەمیشە وەک خزمەت دەناسرێنرێن، بەڵام کاری وەستاکانی بیناسازی، کاری چیشتخانە، شیرینیخانە، زەڕەنگەر، دەلاک، ئاسنگەر و… هەزارەها کاری تری ناو کۆمەڵگا، بە خزمەت حساب ناکرێت، لە کاتێکدا ئەسڵ وایە کە یان کۆی گشتی هەموو کارانەی ناو کۆمەڵگا خزمەتن و دەبێت بە چاوی ڕێزەوە لێی بڕوانرێت، یان دەبێت هیچ کارێک بە خزمەت حسابنەکرێت و هەموو کارو پسپۆڕییەک وەک وەسیلەیەکی ژیانی تاک سەیر بکرێت و کەس منەت بەسەر باقی کۆمەڵگادا نەکات بەوەی کە ئەو کارەی ئەم دەیکات، خزمەتە.
لەکاتێکدا لە ڕۆژئاوا بە پێچەوانەوەیە، هەموو کارێک بەڕێزە(بەڕێز و خزمەت، مەبەست ئەوەیە کە کارکردن هەمووی وەک یەک خاوەنی ڕێزە، نە کەمو نەزیاد) و بە خزمەت حسابە، جا هەر کەسەو بە ئەندازەی ئەو توانایەی هەیەتی و ئەو پسپۆڕییەی کە شارەزایە تێیدا، هەوڵ دەدات خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، چونکە پێشکەوتنی کۆمەڵگ بە کارێک و پسپۆڕییەک ناکرێت، بەڵکو ئەوە کۆی گشتی چینەکانی کۆمەڵگان کە کاردەکەن و توانای خۆیان بەکاردەهێنن بۆ پێشخستنی وڵات، جا لە شاگردی قاوەخانەیەکەوە تا دەگاتە سەرۆکەکان، هەموو خزمەت دەکەن، بەڵام هەر کەسەو بە پێی توانای خۆی.

کولتوری بەکەم سەیرکردنی کار وەک کار، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وادەکات گەنجی کوردستان ئەو هەستەی لەلا دروست ببێت، کە هەندێک ” کار” ی پێ تەنازوول بێت.
دیارە هۆگەلێکی تریش هەن، بەو هیوایەی لە کات و دەرفەتێکی تردا بتوانین بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم دیاردەیە و هۆیەکانی تری بدوێین.

لە گۆشەیەکی هەفتانەی نووسەر لە ڕۆژنامەی نم نم دا بڵاوکراوەتەوە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.