کریسکه‌ی ئاگر، ته‌پودووی دووکه‌ڵ
چیرۆک
چاره‌نووس ئێمه‌ی لێره بهگێرهێناوه، تازه لێ ده‌رچوونی ئه‌سته‌مه.. حه‌مه‌مراد وای وت. ئه‌مبوڵانسیش لێکدا لێکدا خنکاو و سووتاویان ده‌گواسته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ی هێزه‌کان وه‌ربوونه نێو ئه‌و خه‌ڵکه ئهوقبووه، قه‌ول وابوو ئێمه چیتر شانبه‌شان نه‌ڕۆین. جیا ببینه‌وه، دوور و نزیک ئاگاشمان له یه‌ک بێت، تاکو هیچ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌کێکمان گیرا، ئه‌وی ترمان، هه‌واڵه‌که بگه‌یه‌نێت. له‌و هه‌ناسه‌یه‌دا، که حه‌مه مراد ده پانزه هه‌نگاوێک له پێشمه‌وه بوو. دوو پۆلیس، که‌له‌پچه به قایشی پشتیانه‌وه، به‌هه‌نگاوی خێرا و سینگی ده‌رپه‌ڕیوه‌وه، واوه ده‌هاتن. خه‌ڵک ڕێیان بۆ چۆڵ ده‌کردن. به‌جووته پێشیان به حه‌مه مراد گرت. هاوکات جووتێک کۆتری سابوونی، هه‌ر یه‌که له‌سه‌ر شانێکی نیشته‌وه. له‌وه زیاتر چاوم به‌رایی نه‌دا سه‌رنجی ئه‌و دیمه‌نه تاسێنه‌ره بده‌م. بامدایه‌وه و سه‌رم له‌به‌رخۆم نا.
*
به‌دوای گرمه‌و ناڵهکهدا حه‌مه مرادی هاوسه‌فه‌رم به ڕه‌نگی زه‌رده‌وه، به‌م جۆره گله‌یی له به‌ختی هه‌ردووکمان کرد: ((ئاخر ئێمه خوا غه‌زه‌بی لێ گرتبووین، ئا له‌م ڕۆژه شوومه‌دا هاتین!)) ئاسمان بڕێک لێڵ، هه‌وا قورس و په‌یت، گه‌رماش سه‌ره‌گێژه‌ی پێ خستبووم. ئاوه‌هایه ئه‌م شاره. به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزه‌دا.
ئه‌و ده‌مه‌ی حه‌مه مرادی ڕه‌نگپه‌ڕیو، ئه‌م ناشکورییهی ده‌ربڕی، ته‌نیا په‌ڕه‌سێلکه به ئاسمانه‌وه بوون. پێش ڕووداوه‌که‌ش، به‌ده‌م ڕێوه چاوو زارم پێکه‌وه کردبوونه‌وه، وه‌ک یه‌که‌م جارم بێت رێم که‌وتبێته ئه‌م شاره جه‌نجاڵه، له ده‌وروبه‌ری خۆم ڕاده‌مام. وه‌ک چاوه‌ڕوانی پێشهاتێک بم، ها ئێستا ها تاوێکی تر بقه‌ومێت، بێ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و پێشهاته چییه و تا چه‌ند زیانم پێ ده‌گه‌یه‌نێت، چاوم ده‌گێڕا.
ئه‌و ساته‌ی مه‌زنه ڕاکێته‌که ته‌قییه‌وه، شان به شانه‌وه گه‌یشتبووینه پێش گازینۆیه‌کی به مرۆڤی سه‌ر ڕووتاوه و سه‌رسپی جه‌نجاڵ. له جامخانه‌که‌وه دیاربوون، ئه‌وان به‌ده‌گمه‌ن تێیاندابوو پرچی چڕ و ڕه‌ش بێت.
گرمه‌ی ڕاکێته‌که ئه‌مه‌نده مه‌زن بوو، هه‌ستم به داچڵه‌کان، هه‌ژانی هه‌ناوم، به ڕاته‌کاندن و هاتوچوونی پیاده‌ڕه‌وه شتایگهرکراوهکهی ژێر پێم و کاسبوونی گوێیه‌کانم کرد. جا له کاتی ڕووداوی وه‌ها هه‌ژێنه‌ردا، چی بکه‌ین باشه، ها؟ هیچ! جا ئێمه چیمان ده‌سته‌ڵاته، ها؟ ئه‌م پێشهاته نه‌فره‌تییه سه‌رله‌به‌ری پلانی ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌بیر بردینه‌وه. به‌شوێن ناڵهکهدا، به چاوی ترسا‌و و ههناوهکوتێوه خۆمان دانه‌واند و ده‌ستیشمان به ته‌پڵی سه‌رمانه‌وه گرتبوو. پاشان قیت بووینه‌وه و له‌وێدا وه‌ک مێخ چه‌قین. هه‌ر مه‌خلووقێک، له‌و هه‌ناسه‌یه‌دا له‌وێدا ئاماده‌بوو، وه‌ک ئێمه سه‌ری دانه‌واند. هه‌یانبوو چنگیشیان قژکردبوو. وه‌لێ دواتر سه‌ریان هه‌ڵێناو بهرچوار که‌ناردا چاویان ده‌گێرا و بێده‌نگ هه‌ستیان ڕاگرتبوو.
له هیکڕا گازینۆیه‌که چۆڵ بوو. چاوم لێ‌بوو، چه‌ند کۆترێک به‌ده‌م فڕینه‌وه خۆیان پێدا کرد. له‌و شه‌قامه به ئاپۆره‌یه‌دا، بوو به هه‌را و هۆڕن لێدان. هه‌ر ئوتومبیل بوو‌و ده‌یویست له‌وه‌ی پێشی تێپه‌ڕێت و بۆشیان نهدهچووهسهر. له‌و هه‌نگامه‌یه‌دا، گوێم به (بانکی نێوه‌ندی) زرینگایه‌وه. هه‌رچی مه‌خلووقی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌یش بوو، ده‌ستیان کردبوو به سایه‌بانی چاویان و به‌رز سه‌رنجیان ده‌دا. کاتێک ئێمه‌یش به‌ره‌و هه‌مان ڕووگه ملمان وه‌رسووڕاند هیچمان لێوه دیارنه‌بوو. (فڕۆکه بوو؟ نانا، فڕۆکه نه‌بوو!) من وه‌هام گوت و یه‌کسه‌ر حه‌مه مراد به ده‌نگی له‌رزیوه‌وه پرسی: (چۆنت زانی فڕۆکه نه‌بوو؟)
(فڕۆکه بوایه هه‌ڵبه‌ت پێشتر گوێمان له ئاژێر ده‌بوو، دوای ئه‌وه‌یش فڕۆکهشکێنهکان لێیان ده‌هاتنه ده‌ست. له‌م شاره‌دا، هه‌ر ته‌لارێک به‌رز بێت فڕۆکهشکێنی له‌سه‌ر دابه‌ستراوه، نه‌ت بینی له‌سه‌ر…؟)
ئێمه‌ش جووڵاین. فیچه‌ڵفاچ به نێوان ڕیزی ئوتومبیله بهگیروهستاوهکاندا، په‌ڕینه‌وه ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که.
(ده‌مم وشکه!)
له تافی په‌ڕینه‌وه‌دا، حه‌مه مراد به‌ده‌م گورگهلۆقهوه وه‌های گوت. منیش زارم وه‌ک په‌ڵاس وشک بوو. له‌و به‌ره‌وه سه‌رم هه‌ڵێنا، نهۆمه نێوهڕاستینهکانی ئه‌و ته‌لاره گه‌وره‌یه دووکه‌ڵیان لێ هه‌ڵده‌سا. ته‌نکه دووکه‌ڵ ورده ورده ده‌بوو به چهپهدووکهڵ و به‌ره‌و نهۆمه‌کانی سه‌روتر ههڵدهکشاو ده‌ته‌نییه‌وه. حه‌مه مراد پرسی: (باشه ئێمه ئێستا چی بکه‌ین؟ ده‌ترسم بمانگرن!)
منیش هه‌ر شپرزه بووم، به‌ڵام نهمدهبرده سه‌ر خۆم، به‌ده‌م ههناوهکوتێوه چرپاندم:
(هیچ.. خۆ گوناهی ئێمه‌ی تێدا نییه! تیایه‌تی؟ عیراق له دۆخی جه‌نگدایه و ئاشکرایه ئه‌مه کاری ئێرانه!)
حه‌مه مراد له‌سه‌ری ڕۆی، وتی: (شه‌ماڵ، به‌گاڵته مه‌یگره، دهمانپێچنهوه!)
بۆچی دهمانپێچنهوه؟) بهدڵهڕاوکێوه پرسیم.
(ئاخر ئێمه کوردین!)
له‌و ده‌مه‌دا هیچ چاره‌یه‌کم به‌خه‌یاڵدا نه‌ده‌هات، ئه‌م قسانه‌یش ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و دڵپهرتییهکهی زیاتر کردبووم و وتم: (جاخۆ شته‌که ته‌واو ڕوونه. ئێمه دوکاندارین، بۆ کڕینی شمه‌ک هاتووین. شوناسی ژووری بازرگانیشمان پێیه، وا نییه؟) دواتر نه‌ختێک زیاتر له‌سه‌ری ڕۆیشتم: (با بگه‌ڕێینه‌وه.. هێشتا زۆر له ئوتێله‌که دوور نه‌که‌وتووینه‌ته‌وه!)
(ئه‌وا تهگبیرت بۆ کردم! جاخۆ ئه‌وان له پێشدا به‌سه‌ر ئوتێله کورده‌کاندا ده‌ده‌ن!)
(حه‌مه مراد، زۆر گرینگه ئێمه به‌چپه بدوێین!) لێی چوومه پێشتر و، وام سرتاند.
(ئه‌م ڕووداوه وه‌ک خۆرگیرانه، له ته‌واوی شاره‌که‌وه ده‌بینرێت! چاو بازه، ناگیرێت و ده‌میش هه‌ر ناگیرێت!) حه‌مه مراد وه‌های وت.
گری نارنجی له ته‌لاری سپی و هه‌ڵکشاوی بانکه‌وه، بڵێسه بڵێس گه‌زاره‌ی ده‌کێشاو، چڕه دووکه‌ڵی قیرینیش به ئاسمانی نێوچه‌که‌وه که‌پرۆکه‌ی ده‌به‌ست.. سه‌دان کۆتری هه‌مه ڕه‌نگ، دووراودوور به چوارده‌وری ته‌لاری بانک و ته‌لاره‌کانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌سووڕانه‌وه. له پڕێکدا بوو به فڕکوهوڕی ئوتومبیلی پۆلیس. ڕێبوار و ئوتومبیلی هاووڵاتییان که‌ناریان ده‌گرت. ده‌یان ئه‌مبولانس و ئاگرکوژێنه‌وه، بهلوورهلوور به‌ره‌و ئه‌وێ، شوێن یه‌ک که‌وتبوون. هه‌ر له‌و ئانوساته‌دا بوو به لووره لووری ئاژێر. ئه‌م ئاژێر کۆتایی پێ ده‌هێنا، ئه‌وی دیکه وه‌ک گوڕگی برسیی چله‌ی زستان بۆی ده‌سه‌نده‌وه. کۆتره‌کانیش تا ده‌هات ژماره‌یان زیاد ده‌بوو، بۆ ته‌لاره نزمه‌کان داده‌گه‌ڕان. دابه‌ش و بیره‌بیره ده‌بوون. شپرزه و خێراتر له ئاسایی، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ڵۆ سه‌ری له‌دوو نابن ده‌فڕین. وه‌ک هه‌رچی کۆتری شاری به‌غدا هه‌یه خرۆشابن و مانیان له نیشتنه‌وه گرتبێت، بهیهکدادههاتن.. جا کۆتریش مانده‌گرێ؟
(وا فڕۆکه‌شی هاته سه‌ر.. هاکا په‌یدابوون!)
حه‌مه‌مراد، سه‌ری بۆ ئاسمانی به‌غدای به ته‌پودووی دووکه‌ڵ لێڵ هه‌ڵبڕی، ئه‌مه‌ی وت و له‌سه‌ری ڕۆی:
(جا کێ ده‌ڵێ دێنه سه‌ر به‌غدا؟ هه‌ر شوێن زۆره!)
منیش چرپاندم: (ده‌شێت ڕاداره‌کان ڕاکێتی نوێیان به ئاسمانه‌وه دیبێت! نابێت؟)
(ئه‌ی که‌وابێت، بۆچی به‌م ڕاکێتهیان نه‌زانی، ها؟)
وه‌ڵامی ڕاستم له‌لا نه‌بوو. له‌و ده‌مه‌دا، کۆتره‌کان له زه‌وی نزیک ده‌بوونه‌وه. له‌سه‌ر پۆنیتی ئوتوموبیل و له‌بان سه‌ری خه‌ڵکه‌که ده‌نیشتنه‌وه. خۆیان له شان و ملی ڕێبوار ده‌سوو، له‌سه‌رخۆ ده‌نووکیان لێ ده‌دان. له‌م کۆڵانه‌وه خۆیان پێدا ده‌کرد، له‌و کۆڵانه‌وه سه‌ریان ده‌رده‌هێنا. نازنم چلۆن ماندو نه‌ده‌بوون؟ کاتێکم زانی پۆلیس وه‌ربوونه بان پیادهڕو و گۆڕه‌پانه‌که. وێرای پۆلیسی نهێنی، که به جلکی سڤیله‌وه، به ده‌ماچه‌ی هه‌ڵتۆقیوی ژێر چاکهتیانهوه تووشی سام و دڵگوشینیان کردبووم. به‌ڵام تاکه کۆترێک چییه له‌سه‌ر شانی پۆلیسێک نه‌نیشته‌وه.
(تۆ بڵێی کۆتر بتوانێت، پۆلیس و مه‌ردمی سڤیل له یه‌ک جیا بکاته‌وه؟)
(ئاخرزه‌مانه! بۆی هه‌یه.. ئه‌رێ ئه‌م هه‌موو کۆتره له کوێوه دێن؟)
چووزانم! وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه. ئه‌گه‌ر شه‌و بوایه ده‌مگوت به‌شه‌واره که‌وتوون. خه‌ڵکێکی زۆر له‌و دهوروناوه وشک وه‌ستابوون، به‌رز سه‌رنجی چڕهدووکهڵی ئه‌و مه‌زنه ته‌لاره‌یان ده‌دا. تاکوته‌رای ڕێبوار، به تایبه‌ت ژنان به‌ره‌و ژێرزه‌مینه‌کان ده‌خوشین. کۆترێکی سپی له‌سه‌ر ته‌پڵی سه‌ری ژنێکی چه‌ناگه خاڵاویی سهربهعهبا نیشتنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ژنه له‌ره‌ی بۆ بکات. چ قوورهته که‌سێک دڵی بێت کشهیهکیان لێ بکات. کۆتر هه‌روا ژماره‌یان زیاد ده‌بوو. له‌سه‌ر شانی منداڵانیش ده‌نیشتنه‌وه. ئه‌وانیش سووکێ ده‌یانگرتن، ماچیان ده‌کردن و به‌رز هه‌ڵیان ده‌دان. خه‌ڵکێکی زۆر له‌م سامشکان و تێکه‌ڵییه گه‌رمه‌ی نێوان کۆتر و مه‌ردم واق بووبوون و سه‌ریان له‌م په‌ڕجووه ده‌رنه‌ده‌کرد. به ده‌م ڕێوه له یهکودوویان ده‌پرسی و که‌سیش هه‌واڵی ڕاستی پێ نه‌بوو.
له پێشمه‌وه، پۆلیسێکی نهێنی، ناخافڵ شه‌ققه‌ی له پشتملی هه‌رزه‌کارێک هه‌ڵساند، کۆترێک به سه‌ر ته‌پڵی سه‌رییه‌وه نیشتبووه‌وه. له کاتێکدا ئه‌و به‌رز بۆ ته‌لاری بانک و بۆ کۆترکانی ده‌ڕوانی.. به کڕووزانهوهکهیدا (أنا مالیش ذنب) دیاربوو میسرییه.. کۆتره‌که‌ی بان سه‌ری ئاسمانی به کۆڵهوهگرت. دیتم هه‌مان کۆتر داهاته‌وه، له‌سه‌ر ده‌سکی پایسکلی مێردمنداێک نیشته‌وه. کۆترێکی شامی، ده‌نووک درێژی سه‌ر گه‌وره‌ی مه‌یله‌و قاوه‌یی خرپن. هه‌رزه‌کاره میسرییه‌که له کوتوپڕیی لێدانه‌که یه‌ک به‌خۆی ههڵبڵۆقییهوه و گوێی به فرمانی (نزل رأسک: سه‌رت دانه‌وێنه!) ئاودرا.. (هو جری أیه: ئه‌وه چی ڕووی دا؟) لاوه میسرییه‌که ئاوا هاتهزمان. کاتێک دیقه‌تی قه‌ڵافه‌ت و ڕدێنی تاشراو و ده‌مانچه‌ی ژێر چاکه‌تی ئه‌فه‌ندییه ڕه‌شتاڵه‌که‌ی دا، پتر سڵه‌مییه‌وه. ڕوخساری بڕێک تێکچوو. ده‌ستی بۆ پشت سه‌ری خۆی برد و له‌سه‌ر کورسییه نزمه‌که‌ی پانبووه‌وه. بێده‌نگ به دوورینه‌وه‌ی تاکه پێڵاوه‌که‌ی به‌رده‌ستی خۆی خه‌ریک کرد.
شریخه‌ی ئه‌م زلله له ناکاوه، منیشی به‌ئاگاهێنا و چیتر سه‌رم هه‌ڵنه‌بڕی. ڕێک بۆ پێش خۆم ده‌ڕوانی، نه‌مده‌وێرا پله‌یه‌ک له ئاستی ڕووانینی ئاسۆیی به‌رزتر سه‌رنج بده‌م. ئیتر بوو به شهقوهوڕی زلله، له‌وانه‌ی تا ئه‌و کاته‌یش ئه‌وقی زه‌بری ئه‌و ڕاکێته بووبوون و به‌رز سه‌رنجی ته‌لاره گڕتێچووهکهیان ده‌دا.
کۆتره شینکه، سابوونی و باینجانی، له پێش ڕێبواردا ده‌نیشتنه‌وه و خۆیان ده‌نواند. هاقوو ده‌یانخوێند.. جووتێک عینوانیی سپی و په‌ڕله‌پێ، کلکیان کردبوو به‌کلکی تاوس و پفیان کردبووه بهرگهردنیان و، به‌حاڵ چاویان به‌ده‌ره‌وه بوو؛ خۆیان پیشانی ئه‌و هه‌موو مه‌خلووقه سام لێ نیشتووه ده‌دا. جووتێکی دیکه‌ی سپی، فڕینه سه‌ر تۆیۆتا کراونێک و له‌وێوه به‌ره‌و تاقی ئاسمان هه‌ڵکشان. پاشان به ته‌قله‌لێدان هاتنه‌وه سه‌ر هه‌مان ئوتومبیل. باڵیان وه‌ک ئاوێنه‌ی به‌ره‌و خۆر ده‌بریسکانه‌وه. ژماره‌یه‌ک پیره‌مێردی ئهوقبوو چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان. پیرێکی سه‌ر ڕووتاوهیش، خێرا خێڕا ده‌یوت: (ماشه‌ڵا له‌م په‌ڕجووه!) منیش لای خۆمه‌وه چه‌پڵه‌م بۆ لێدان. چ زوو له بیرمان چوو، که سه‌رهه‌ڵێنان قه‌ده‌غه‌یه؟
ڕاکێتێکی نابینا‌و نه‌شاره‌زا، له قووڵایی وڵاتی ئێرانه‌وه سه‌دان کیلۆمه‌تر فڕیبێت، گڕگڕ زرمه‌ی له گرینگ‌ترین بنکه‌ی پاره و سامانی ئه‌م وڵاته ههڵساندبێت، نێڵه‌نێڵ بسووتێت. چ مسیبهتێکه خودایه! چ ڕێکه‌وتێکه خالق! پێده‌چوو چاوساغێک به ئاسماندا، جڵه‌وی ئه‌م ڕاکێته نه‌فره‌تییه‌ی گرتبێت و ئه‌م ته‌لاره به‌شکۆیه‌ی نیشاندابێت.. پۆلیسێکی ڕوو گرژ به‌ره‌وڕووم هات. پله‌یه‌کی دیکه سه‌رم دانه‌واند. حه‌مه مرادی هاوسه‌فه‌ریشم هه‌ر وه‌های کرد. هه‌ردووکمان وه‌ک به‌راز ملمان خوزکردبوو. له‌م ده‌مه‌دا بابایه‌کی دیزداشه له‌به‌ری باڵابه‌رز به قه‌فه‌زێکی پر له کۆتری په‌رییه‌وه، له‌وێدا په‌یدابوو. له جێی خۆیه‌وه سه‌رنجی ده‌دا. له هه‌ڵسوکه‌وتی کۆتره‌کانی ئه‌مڕۆی به‌غدا ئه‌بڵه‌ق مابوو. له پڕێکدا ده‌ستی برد، ده‌ریچه‌ی قه‌فه‌زه‌که‌ی واڵاکرد. به‌ڵام کۆتره‌کانی نێوی فرتهیان نه‌کرد، به‌ڵکو ئه‌وان به‌شێنه‌یی و به‌شوێن یه‌کدا ده‌رهاتن و به پیاسه تێکه‌ڵ به خه‌ڵکه‌که بوون. په‌رییه‌کان، ده‌نووک وردیله‌ی سوور، که‌مێک گچکه‌تر له کۆتری ئاسایی. له‌به‌ر چڕیی په‌ڕه‌کانیان چاویان به ئاسته‌مێک به‌ده‌ره‌وه بوون. یه‌کێکیان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، ڕێک هه‌ڵیکرده سه‌ر شانی خاوه‌نه‌که‌ی. میسرییه‌ک بهشێوهزارهکهی خۆی وتی:
(من له‌وه‌ته‌ی له عیراقم گۆشتی کۆترم نه‌خواردووه، به‌ڵام ئه‌م کۆترانه له ئینسان ده‌چن، نه‌فسم ناچێته سه‌ریان، ده‌نا ئێستا شه‌ش حهوتێکم لێ گرتبوون!)
(بڵێی قاڵبه زێڕه‌کان، له‌م ته‌لاره‌دا بن؟)
به‌چرپه ئه‌م پرسیاره‌م له حه‌مه مراد کرد و ئه‌ویش ئاشکرا وتی:
(چووزانم.. مه‌گه‌ر هه‌ر خوا خۆی بزانی له کوێدا شاردوویانه‌ته‌وه!)
(نزمتر قسان بکه، دنیا پڕبووه له پاقله!)
(چی بکه‌م ده‌می خۆمم بۆ ناگیرێ شه‌ماڵ.. ده‌ڵێی ئاگر چووه‌ته که‌وڵم! دڵم خه‌به‌ری داوه ده‌مانگرن!)
حه‌مه مراد وه‌های سرتاند. شان به شانه‌وه پیادهڕهوهکهمان گه‌ز ده‌کرد.. مه‌فره‌زه‌یه‌ک خاکیپۆش به په‌له دایان بهتهکماندا و به شه‌ق و زلله مێردمنداڵێکیان برد. دیاره سه‌ری هه‌ڵب…!
بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێ نه‌کات، به‌و هاوینه گه‌رمه‌ی به‌غدا، ده‌ستی ڕاستی له گیرفانی ئاخنی. له‌پڕ سه‌ری هێنا و چرپاندی:
(شه‌ماڵ، من ته‌حه‌ممول ناکه‌م به‌ربه‌ر چاومه‌وه بانکی نێوه‌ندی بسووتێت و سه‌یر نه‌که‌م. چی ده‌بێ باببێ!)
دۆخێکی سامپژێن باڵی به‌سه‌ر به‌غدادا کێشابوو. له‌و ده‌مه‌دا ڕیزێکی درێژی پیره‌میرد و مێردمنداڵ سه‌رنجی ڕاکێشام. به‌گوێی حهمهمراددا چپاندم:
(شوێنم که‌وه و هه‌قت نه‌بێت!)
من پێم هه‌ڵگرت و حه‌مه مراد به‌شوێنمدا هات.. له کۆتایی ڕیزێکی درێژدا وه‌ستام و حه‌مه مرادیش له دوامه‌وه ڕاوه‌ستا. دیسان چرپاندی:
(له شه‌ربه‌تی ئه‌م پیاوه سوودانییهم خواردووه‌ته‌وه، تامی هیچ نادات! به‌ڵام بڕێک چاری دهموشکییهکهم ده‌کات!)
(خۆ نامانکوژێت، گرینگ شه‌ربه‌ته‌که نییه!)
ڕێک بۆ ئاستی بۆقه‌ته‌ی ملی پیره‌مێرده ده‌ست به گۆچانه‌که‌ی پێشم ده‌مڕوانی. ئاواتم ده‌خواست هه‌رچی زووتره بگه‌مه به‌رده‌م شه‌ربه‌تفرۆشه‌که. ئه‌و پیاوێکی به‌قه‌ڵافه‌ت و له نێوه‌ڕاستی ته‌مه‌ندا، سمێڵ زل و ددان شاش بوو، پێچێکی سپیی به‌ستبووه سه‌ری و پشتوێنێکی چه‌رمی ڕه‌شی پانی له‌سه‌ر دیزداشه سپییه‌که‌ی به‌ستبوو.. به جووتیک پێی ڕه‌شی هه‌ڵقرچاوی نێو سۆلی چه‌رمه‌وه، له پێش شووشه‌یه‌کی زه‌لامدا، به‌م ده‌ست و به‌و ده‌ست په‌رداخی له تهغاراوهکهی پێشی هه‌ڵده‌کێشا و پڕی ده‌کرد له شه‌ربه‌ت. له‌م ده‌مه‌دا، پۆله پاساری، په‌ڕه‌سێلکه و کوکوختی تێکه‌ڵ کۆتره خرۆشاوهکان ده‌بوون. کۆترێک ڕێک له بان مێزی شه‌ربه‌ته‌که نیشته‌وه. شه‌ربه‌تفرۆشه‌که به ده‌ستی ته‌ڕه‌وه گرتی، سه‌ری ماچکرد و به‌رز هه‌ڵیدا. هاوکات سه‌یرێکی ته‌لاره ئاگرتێبهربووهکهی کرد.
(ئه‌م کۆترانه مژده‌ی وه‌ستانی جه‌نگیان پێیه!) وهستاوێک له ڕیزی شه‌ربه‌تدا وه‌های وت.
(ڕه‌نگه بۆ گیانی ئه‌و کۆترانه‌ی وا له‌م شاڵاوه‌دا به‌رکه‌وتن خرۆشابن!) پیره‌مێردێکی چاویلکه له چاو ئاوا وه‌ڵامی دایه‌وه.
(ئه‌وه‌یش بزانه، خراپ له کۆتره‌کانیش قه‌وماوه!) پیره‌مێردێکی دیکه ئاوا ڕای خۆی ده‌ربڕی.
(به‌چاوی خۆم دیتم کۆترێکی شینکی، له‌سه‌ر شانی کچێکی سفوور نیشتبووه‌وه، هۆن هۆن ده‌گریاو فرمێسکی هه‌ڵده‌وه‌راند!) وهستاوێکی ڕێزی شه‌ربه‌ت وه‌های وت و ئه‌وه‌ی پێشی، که گه‌نجێک بوو، جووتێک دارشه‌قی له بن هه‌نگڵ بوو وتی:
(ئاخرزه‌مانه، هه‌موو شتێک شیمانه‌ی ڕوودانی هه‌یه!)
(ڕه‌نگه بۆ ڕۆحیانه‌تی ئه‌و بێگوناهانه خرۆشابن، که ئه‌مڕۆ وهغریان کرد!) من به عاره‌بییه‌کی کرچ وکاڵ وه‌هام وت.
(هۆیه‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، خۆزگه‌م به‌خۆیان. ئه‌وانه باڵدارن، کۆت و زنجیر ناکرێن، که‌سیش ناتوانێت چاویان ببه‌ستێت! ئه‌وان له ئێمه ئازادترن! سه‌یرده‌که‌ن و باکیان به‌که‌س نییه. یارمه‌تیی ئێمه‌ش ده‌دن تاکو سهرههڵێنین و ئاگره‌که به چاوی خۆمان ببینین!) له تافی قسه‌کردندا ڕه‌شێنه‌ی چاوی ناجێگیر، ڕوویشی له‌من بوو.
(نازانم مرۆڤ چلۆن ده‌توانێت، خۆی له کریسکه‌ی ئه‌م ئاگره بێ سه‌ر و سامانه نه‌بان بکات، وا نییه کاکه؟) هه‌مان که‌س وه‌های وت. دیاره به عاره‌بییه ناڕهوانهکهمدا زانیوێتی کوردم. منیش سه‌رم بۆ له‌قاند. په‌رداخێک شه‌ربه‌تم وه‌رگرت و لاکهوتم. حه‌مه مرادیش به‌دواما.. په‌رداخه‌که نێولهپمی فێنک کردبوو. به گوێی حه‌مه مراددا چپاندم:
(تۆش وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه، ڕوو بکه‌ره ته‌لاری بانک و که‌م که‌م بیخۆره‌وه، وا بزانه ئاره‌قی فه‌له!)
حه‌مه مراد بزه‌ی هاتێ و بڕێک ڕووی کرایه‌وه. سه‌رو په‌رداخ شه‌ربه‌تی بێتام له مستدا؛ به چاوی ترساوه‌وه، به‌ده‌م ورده مژه‌وه سه‌رمان هه‌ڵده‌بڕی و سه‌رنجی بانکی گڕگرتووی سهربهدووکهڵمان ده‌دا.. چه‌ندین په‌یژه‌ی درێژی ئاگرڤه‌مراندن به‌قه‌د ته‌لاره‌که‌وه نرابوون. ده‌یان پیاوی ئاگرکوژێنه‌وه به جلک و کڵاوخوودهی تایبه‌ته‌وه، به سۆنده‌ی ئه‌ستووری ئاوه‌وه، خه‌ریک بوون و فریاش نه‌ده‌که‌وتن. زمانه‌ی گڕ له نیو چڕه دووکه‌ڵی قیرینهوه هه‌وراز هه‌ڵده‌کشا. تاوێک پێشتر به‌سه‌ر دوا نهۆمی ئه‌م ته‌لاره‌وه ئاڵایه‌کی سێ ئه‌ستێره، به‌ده‌م باوه ڕاشهکاوه، به‌ڵام ئێستا دووکه‌ڵ به‌ژێریه‌وه کردووه. له زه‌مینه‌وه ده‌نگی ئه‌مبوڵانس ده‌هات. هه‌ر یه‌که ژماره‌یه‌ک کوکوختی و کۆتری له سه‌ر نیشتبوونه‌وه. پۆله پاسارییش به‌شوێنیاندا ده‌فڕین.
(ئێستا چی پاره‌ی تێدایه سووتاوه، چی زێڕیشی تێدایه تواوه‌ته‌وه!)
حه‌مه مراد وه‌های سرتاند. ئه‌و په‌رداخه شه‌ربه‌ته‌که‌ی نیوه‌یی کردبوو. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و شه‌ربه‌ته له‌وه‌دابوو، له بنکیدا دوو کاکڵه گوێز هه‌بوون. دهمجاوین و هه‌ر دهمجاوین، به‌ده‌م جاوینه‌وه سه‌ریشم هه‌ڵێنابوو، چاوم له کڵپه‌ی ئاگری ته‌لاری پڕ له بلۆکه پاره‌ی سووتاو بڕیبوو. ئێمه به‌ده‌م سه‌یرکردنه‌وه، خاوه‌خاو، شه‌ربه‌تی بێ تامی، به بۆنی دووکه‌ڵ و ترس ئامێتهمان ده‌نۆشی. دووکه‌ڵیش ته‌لار، دره‌خت، ئوتومبیل و جلوبه‌رگی هاووڵاتییان خۆڵه‌مێشی ههڵدهگهڕاند. له‌و ده‌مه‌دا، که ئاژێڕی دووه‌م بێده‌نگ بوو، حه‌مه مراد چرپاندی:
(تازه‌ی نه‌که‌ینه‌وه؟)
به‌شوێن یه‌کدا ملمان ناو، دیسان له کۆتایی ڕیزه‌که‌دا وه‌ستاین. ڕیزی ئه‌مجاره، سێ به‌رامبه‌ر، لاوی دارشه‌ق له بنهه‌نگڵ، پیره‌مێرد و مێردمنداڵی زیادکردبوو. سه‌دان باڵنده‌ی لانه‌واز و ترسا‌و ده‌فڕین. زمانه‌ی گڕ، له‌نێو گه‌واڵه دووکه‌ڵی چڕ و لوولخواردوودا، له په‌نجه‌ره‌کانییه‌وه نێڵه‌نێڵ گه‌زاره‌ی ده‌کێشا. بانکی میللی چڵهچڵ ده‌سووتا.
(تۆ هه‌روا سه‌رنج بده، هه‌ر باڵنده‌یه‌ک به‌نیازی فڕین بێت، له پێشدا سه‌ری هه‌ڵده‌بڕێت، ئه‌وجا ئه‌ندامه‌کانی دیکه‌ی!) حه‌مه‌مراد وه‌های وت.. دوای که‌مێک چرپاندم:
(پێده‌چێت کۆتره‌کان پتر به‌ته‌نگ یه‌که‌وه‌بن تا مرۆڤ! ئه‌م هاقووه سابوونییهی له پێشمدا وه‌ستاوه، پێده‌چێ له‌و ده‌مه‌وه ڕاکێته‌که ته‌قیوه، یه‌کبین بخوێنێت!)
جووتێک کۆتری عینوانیی ڕه‌شی بێ نیشان و په‌ڕله‌پێ، له‌به‌ر چڕیی په‌ڕه‌کانیان چاویان به‌ده‌ره‌وه نه‌بوو، تاکێکیان له‌سه‌ر شانی حه‌مه مراد و تاکێک له‌بان سه‌ری من نیشته‌وه. شنه‌بایه‌کی شاد، سه‌ری کێشایه که‌لاوه‌که‌ی ڕۆحم و به ده‌م بزه‌وه بۆ یه‌کمان ڕوانی. کۆتره‌کان فێریان کردین به‌رز بڕوانین و ئاگریش ده‌ته‌نییه‌وه.
*
جووتێک کۆتر له‌سه‌ر جهرداخی موغازهیهکن. یه‌کێکیان سه‌ر پهژێر باڵ و ده‌نووک به‌ژێر په‌ڕه نه‌رمه‌کانی به‌رگه‌ردنی ئه‌وی دیکه‌دا ده‌گێڕێت. نمایشی کۆتر، وه‌خته ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م ڕاکێته ناگههانهیان له بیر بباته‌وه. هۆهۆی گاکۆترم ده‌هاته به‌رگوێ. هه‌ر له‌م کاته‌دا، پۆلیس به ژماره‌ی زۆر، به‌نێو مه‌یدان و سه‌ر شه‌قامه‌که‌دا بڵاو بوونه‌وه. من و حه‌مه مرادیش دورونزیک چاومان له یه‌ک بوو، کاتێکم زانی جووتێک پۆلیس، ڕێک به‌ره‌وڕووی حه‌مه‌مراد هاتن، پێشیان پێ گرت و یه‌کێکیان که‌له‌پچه‌ی له پشتوێنی ترازاند. دیاربوو چی ده‌گوزه‌رێت. چاوم به‌رایی نه‌دا له‌وه‌زیاتر سه‌یری ئه‌و دیمه‌نه بکه‌م. له‌جێی خۆم بامدایه‌وه. ئیدی پۆلیس ههڵیانکردبووه بان ئوتومبیله ڕاوه‌ستاوه‌کان و له‌وێوه ده‌یانڕوانی.
لێره به‌دواوه، خۆم وه‌ک دیلی جه‌نگ هاته پێش چاو. نیوهڕوت، پێخاوس و چلکن، سکی به پشتییه‌وه نووسابێت. له سه‌ربازگه‌یه‌کی به تێلدڕوو گه‌مارۆدراوی بیاباندا، کێشکچیی کڵاوئاسن به‌سه‌ر، له قوللهکانهوه، به بڵندگۆ پێی بڵێن، تۆ له بووکه‌شووشه‌یه‌کی پلاستیکی زیاتر نیت. ئه‌وه‌نده بۆت هه‌یه بجووڵێیت، تا قورمیشهکهت ته‌واو ده‌بێت.
کۆبنهاون
20 October 2008
فیچه‌ڵفاچ: زیگ زاگ
پاقله: به‌رله ڕاپه‌ڕین، وه‌ک پهڕلهیهک، خه‌ڵکی سلێمانی، به پۆلیسیان ده‌وت پاقله.