بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت لهبیرمانبنهوه..قاسم ئاغایان بۆ هێناین!
قسه‌كانی پارێزگاری هه‌ولێر (نه‌وزاد هادی) ده‌رباره‌ی هه‌ڵهاتنی قاسم ئاغای كۆیه له‌نوكته ده‌چوو تاوه‌كو حه‌قیقه‌ت، نوكته‌یه‌كی بێتامی وه‌ها كه هه‌ركه‌س ده‌بوو بێگڕێتهوه نه‌وزاد هادی نه‌بێت، چونكه ئه‌م پارێزگاره به‌رێزه لای كه‌سانێكی زۆر مایه‌ی قبوڵكردن و رێز‌و خۆشه‌ویستی بوو ئه‌ویش به‌هۆی كاره چاكه‌كانی له‌هه‌ولێردا.
گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌یه‌كی وه‌ها ده‌بوو كه‌سانێكی دیكه پێ هه‌ڵبسن، بۆ نمونه له‌جۆری لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، یاخود ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی حزب كه بونه‌ته سه‌رمایه‌دار به‌ناوی رۆژنامه‌نوسی و نوسهرییهوه.
نوكته‌كانی (نه‌وزاد هادی) چه‌نده له‌نوكته ده‌چون هێنده‌ی ئه‌وه‌ش مایه‌ی دڵته‌نگی و ئازاربوون، چه‌نده فریوده‌رانه بوو، هێنده‌ی ئه‌وه‌ش حه‌قیقه‌تێكی تاڵ بوو، ئاخر چ كه‌سێك بڕوا به‌وه‌ده‌كات پارێزگارێك نه‌زانێت كۆنه ئه‌نفالچی و بكوژی پێشمه‌رگه‌یه‌ك تاوانباره، بۆ چما به‌رێز پارێزگار خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نیه؟ ئه‌دی خه‌ڵكی كوێیه؟.
من باوه‌ڕ به‌قسه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر ناكه‌م، برواشناكهم كه‌سێك هه‌بێت باوه‌ڕیان پێبكات، ده‌سه‌ڵاتدارانێك چه‌ندین ده‌زگای ئه‌منی و ئاسایشیان هه‌بێت، چه‌ندین راپۆرت نوس و زانیاری پێدهریان هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتدارانێك شانازی به‌وه‌وه بكه‌ن نه‌هێڵن هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی ئه‌نجامبدرێت له هه‌رێمه‌كه‌یاندا، تیرۆرست به‌رله‌وه‌ی بیرلهوهشبكاتهوه ببێت به‌تیرۆرست ئه‌مان بیدۆزنه‌وه‌و ئاشكرای بكه‌ن ، ئیدی چۆن نه‌یانزانی قاسم ئاغا كێیه و بۆ كوێ هاتوه‌و بۆ كوێ ده‌ڕوا؟.
ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی چه‌ندین ساڵه فێره دروستكردنی سیناریۆی سه‌یر سهیربوون، بگره دروستكردنی سیناریۆی وه‌ها كه هه‌موو كه‌سێك هه‌ر له‌رێگاوه ده‌زانێت كه سیناریۆكانیان چۆن چۆنی دروستكردووه، ته‌نها ئامانجیش له‌م سیناریۆیانه له‌بیربردنه‌وه‌ی مهسهلهگهلێكه هیچ وهڵامدانهوهیهكیان بۆ پرسیاره‌كانی پێ نیه، مه‌سه‌له‌گه‌لێكی وه‌ها كه توشی ئیحراجبونی كردون.
بانمونهیهك وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌بیرمانبێت به‌ر له‌هاتنه‌وه‌ی قاسم ئاغا هه‌موو شه‌قامی كوردی به مه‌سه‌له‌ی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت و ئه‌نجامه سهیروسهمهرهكانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی مهشغولببوو، هه‌مومان باسمان له‌مه‌ترسی لێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌ها لیژنه‌یه‌ك ده‌كرد كه ئه‌وه‌ی پیشه‌یی بون و زانستی بون و واقیعیهتبون بووله‌و لیژنه‌یه‌دا نه‌بوو.
پارتی دیموكرات كه وه‌ڵامێكی گونجاو و راسته‌قینه‌ی پێنه‌بوو، كه نه‌یده‌توانی لیژنه‌یه‌كی بێ لایه‌ن و پیشه‌یی و راستگۆ دروستبكات، توشی پرسیارگه‌لێكی جیدی هاتبوو كه نه‌ده‌یتوانی وه‌ڵامیان بداته‌وه و نهتواناشی هه‌بوو خۆی لێ قوتاربكات، ده‌بوو شتێكیش بكات.
به‌بڕوای من هاتنه‌وه‌ی قاسم ئاغای كۆیه كتومت بۆ ئه‌وه‌بوو هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ئێستای له‌سه‌ر دروستبكرێت و دۆسیه‌ی سه‌رده‌شت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت له‌بیری شه‌قامی كوردی بباته‌وه.چونكه ماقوڵ نیه پارتی مێژوو كه‌سایه‌تی ئه‌م پیاوه نه‌زانێت و وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی ته‌ماشای بكات.
هاتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌م پیاوه جیاواز له‌هاتنه‌وه‌ی كه‌سه‌كانی دیكه بوو، له‌لایه‌ك بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی خوێنی سه‌رده‌شت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئاماژه‌یه‌كی بچوكی پارتی بوو بۆ یه‌كێتی نیشتمانی، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی نزیكبونهوهتان له‌گۆڕان هاوكێشه‌ی نوێ دێنێته كایه‌وه و هه‌موو مه‌سه‌له‌كان ده‌گۆڕێ، پارتی ویستی به‌به‌ردێك دوو نیشانه بشكێنێ ، به‌ڵام بێ ئاگابوو له‌وه‌ی ئه‌م میلله‌ته میلله‌تی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان نیه، ئه‌م خه‌ڵكه خه‌ڵكی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ نیه، دونیاكهشی دونیای پاوانكردن و شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و له‌خشته‌بردنی جه‌ماوه‌ر نیه.
هاتنه‌وه‌كه‌ی قاسم ئاغا نه‌ك هه‌ر تێكشكێنرا به‌ڵكو دۆخێكی تازه‌ی دیكه‌ی دروستكرد كه كۆده‌نگیه‌كی نیشتیمانی هێناوه‌ته كایه‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی جیدی‌تر و چارهنوسازتر كه ئه‌ویش رێگهخۆشنهكردنه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تاوانباران.
ویستیان به قاسم ئاغا خوێنی به‌ناهه‌ق رژاوی سه‌رده‌شتمان له‌بیربه‌رنه‌وه، به‌ڵام هه‌یه‌و لهخهیاڵیان، ئێمه نه‌ك هه‌ر سه‌رده‌شتمان له‌بیرناچێت به‌ڵكو سورترو مكوڕتر ده‌بین له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی ئه‌و خوێنه به‌ناهه‌ق رژاوه.
به‌ختیار عه‌لی وته‌نی تكایه درۆیهكمان بۆ بكه‌ن هه‌ندێك له‌حه‌قیقه‌ت بچێت، درۆیه‌ك كه هه‌موومان یه‌كسه‌ر هاوار نه‌كه‌ین (پاشا روته …پاشا رووته)!.
Hemnm1979@yahoo.com
ده‌ربه‌ندیخان
2010