
كەدەرسیم دیبەگەیی كوژرا ئیتر دروشم سودی چیە..؟
هەرچەندە لەم ماوەیەدا من لەدەرسیم دیبەگەیی توڕەم، جا هۆكارەكەی هەرچیەك بێت ئەوە نێوانی خۆمانە، بەڵام كەهاتە سەر ئەوەی هەڕەشەى ئاربیجی لێدان نەك لەخۆی بەڵكو لەخانەوادە كەشی بكرێت، ئیتر توڕەبوون نابێتە پاساوی ئەوەی داكۆكی لێنەكەینو بێدەنگی لەو هەڕەشانە بكەین، چونكە بروام وایە بەرگری كردن، لەدەرسیم بەتەنها بەرگری كردن نیە لەتاكە كەسێك، ئەگەرچی هەرداكۆكی نەكردن لەتاكەكەسیشە دەمانباتەوە سەرێگەی خەمساردیو بێباكی لەئازادیو بەرژەوەندی گشتی.
لەئێستادا داكۆكی لەدەرسیم داكۆكیە لەئازادیو ئابڕوی نەتەوەیەك كەخەریكە كوشتنی رۆژنامەنوسان تیایدا دەبێتە دیاردەو وێنەیەكی دزێو، ئەمەش روخساری ئەم هەرێمە لەكەدار دەكات، دەرسیم دیبەگەیی قەڵەمێكە لەبەرەی مەینەتبارترین مرۆڤەكانی ئەم هەرێمەدایە، ئەوانەش كەسوكاری ئەو قوربانیانەن كەبەبێ ئەوەی گوناهیان لەهەڵگیرسانی شەڕو جەنگدا هەبووبێ بوونە زۆرترین ژمارەی قوربانی سڤیلو كەمینەیەكیان نەبێت كەوا بەكەنەفتی لەنوگرەسەلمان گەرانەوە ئەوانی تربوونە نامۆترین شەهیدی جیهان.. ئەو مرۆڤانەی بیستودوو ساڵە دەستو پەنجەو چاویان لەبیابان هەڵوەریووەو تێكەڵ بەلم بوون، ئەو شەهیدانەی كەنەكفنو نەتەڵقینو نەگۆڕونەكێلیان پێ ڕەوابینرا، هەرلەوسۆنگەیەشەوە بوو كەدەرسیم سكالای لەدژی سوپاسالاری بەعس نزارخەزرەجی تۆماركرد، كەچی ئەمرۆش لەسایەی ئازادیدا كەسوكاری قوربانیان لەوپەری مەینەتیدا دەژینو پیاوەكانی خەزرەجیو كۆنە جاشو جەلادەكانی بەعس بەسەیارەی های مۆدیلو دەستەی پاسەوانەوە بەبێباكیەوە بەپێشچاویانەوە تەراتین دەكەن..!
داواكاری گشتیش لەبری ئەوەی شەرم لەم بێرێزیە بكات بەدادو هەیبەتی یاساو دادگاكان، پاساو بۆ ئەو دیاردە نایاساییانە دەهێنێتەوە،كەهیچ بەهایەكیان بۆ دادگا نەهێشتووەتەوە، سەیرە ..! ئەو بێحورمەتیەی لەم هەرێمەدا بەیاساو بەمرۆڤو بەنیشتمان دەكرێت نابنە مایەی هەڵوەستەی رێكخراوەكانو یاساناسانو داكۆكیكارانی بەناومافی مرۆڤ..؟!( ئەوانەی لەبیتوالمالی حزبەكان) دەمیان چەور كراوەو لەنێو هۆتیلە گرانبەهاكاندا،مەستوحەیراننو ئامادەن لەپێناوی ژەمێكی ناوئەوهۆتیلانەدا سەروەری ئەم میللەتەوخوێنی شەهیدەكان بدۆڕیننو بێباكن لەهەرهەڕەشەو چاوسوركردنەوەیەك لەخەڵكانی تر .
ئیدی ئەم دیدی مەرگدۆستیەی لەناوكوردا بووەتە دەردێكی كوشندە دەبێت كۆتایی پێبێت، هەڵەبجەییەكان زستانان لەناو قورولیتەدا دێنو دەچن حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیان مەزاری شەهیدان دەرازێنێتەوە..؟ كەسوكاری شەهیدانو قوربانیانی ئەنفال لەوپەری مەینەتباریدا دەژینو ژیانیان بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بووەتە دۆزەخ، كەچی بەڵینو وەفا بۆشەهیدەكانیان دوپات دەكەنەوەو دوعای چوونە بەهەشتیان بۆ دەخوازن. رۆژنامەنوسان لەم هەرێمە كاتێك رێپیوانو مەراسیمیان بۆساز دەكرێت كەكوژرابن..؟! دەنا تۆمەتدروستكردنو هەرەشەو چاوسوركردنەوە لێیان بەپێشیلكاری حساب ناكرێ، كورد ووتەنی جا لەپاش باران كەپەنكم بۆچییە..؟ كەدەرسیم كوژرا پۆستەرولافتەكان چی دەگۆڕن؟ رۆژنامەنوسان تا لەژیاندان شایانی داكۆكی لێكردنن لەپاش مەرگمان دروشممان بۆچیە..؟
خالیدی خولەسور لەهەڕەشە نامەكەیدا كەوتووەتە هەڵەیەكی تریشەوە كەناوی ناوەندەكەی ئێمەی بردووە، بەڵام ( ناوەندی چاك ) كێشەی شەخصی لەگەڵ ئەو موستەشارانەدا نییە، ئەوەی هەیە لەنێوان ئەوانو مافی قوربانیدایەو ناوەندی چاك داكۆكی كارە لەكەسوكاری قوربانیانی ئەنفال، ئەوەی ئەومەبەستێتی كەمو زۆر پەیوەندی بەناوەندی چاكەوە نیە. بەڵكو لێی شێواوەولایەنێكی ترە نەك ناوەندی چاك..! چونكە هەرگیز لەدۆسێێ ئەنفال نەكشاوەتەوەو كۆڵی نەداوەو بەكردەوەش هاوكارو هەماهەنگی یاساو دادگا دەكاتوخۆشی بۆ تەنها تۆمەتبارێك لەبۆسە نەناوە .
نازانم ئەوجاشانەی كە دەرسیم لەسەری نوسیوون، یەكێتین یان پارتی یان گۆڕان، بۆمن سەربەهەرلایەك بن گرنگنیە، بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیرە لەهەرەشە نامەكەیدا داكۆكی لەگۆڕان دەكات..! بەلامەوە سەیرە كە ئەمە چۆن گۆڕانێكەو دەیەوێت بەم هەڕەشانە چی بگۆرێت..؟ كاك خالیدی خولە سور ئەگەر بەڕاست هەواداری بزووتنەوەی گۆرانەو بەراستی دەیەوێت بارەكە بگۆرێت، یەكەم هەنگاوی سودمەند بۆ هەموولایەك ئەوەیە لەكەناڵی (K.N.N) ەوە داوای لێبوردن لەمیللەتەكەی بكاتو لەوێشەوە داوا لەوكەسانە بكات كەسكاڵایان لەسەری هەیە، تاپێكەوە بچن لەدادگا گەردن ئازادی لەیەكتربكەن.. بەوەها هەنگاوێك دەتوانێت یەكەم كۆنەجاش پەشیمانی خۆی دەربڕێو ببێتە ڕچەشكێنی شەرمەزاركردنو ریشەكێشكردنی رەفتاری دزێوی جاشایەتیش لەئایندەی ئەم میللەتەدا، بێگومان ئەگەر هەواداری گۆڕان بێت ئەوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش هەنگاوێكی گرنگو بەرچاو دەبێت.. لەبری ئەم هەڕەشانە دەیتوانی بەقەڵەم وەڵامی دەرسیمو هەركەسێكی تر بداتەوە، بێگومان ئەومافی ئەوەی هەیە داكۆكی لەخۆی بكات، ئەمەلەكاتێكدا ئەگەر دەزانێ بێگوناهەوپەرێزی پاكەو غەدری لێكراوە، تەنها لەدادگا دەتوانێ ئەوغەدرەی وەربگرێتەوە، تەنها دادگاش دەتوانێ بێگوناهیو تاوانباری ئەو یەكلایی بكاتەوە، ئەوسا دەتوانێ داوایەكی یاسایی لەسەردەرسیم دیبەگەییش تۆماربكات.. بێگومان ئەركی دەرسیم یان هەركەسێكی تریشە لەكاتی دەركەوتنی ڕاستیەكاندا ملكەچی یاسابێتو رێزو حورمەت بۆتۆ بگێرێتەوە ..بێگومان جاشەكان كەدەچنە بەردەمی دادگا تیایاندا هەیە لەتاوانی ئەنفال بێگوناه دەردەچێو لەوبەچاوی سوك تەماشاكردنەش رزگاری دەبێت.. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كەئەوان باكەسیشیان نەكوشتبێت هێشتا مافی گشتیان بەسەرەوە دەمێنێت، لەبەرئەوەی جاشایەتیو خیانەتی نیشتمانیان كردووە، ئەویش بەداوای لێبوردنو بەخواردنی سوێندی یاسایی كەجارێكی تر وەها رەفتارێك دوبارەنەكەوە لەدژی میللەتەكەیان ئیتر سەربەرزانە دۆسێكەیان كۆتایی دێت.
عومەرمحمەد