با ئاگامان لە کێشەکانی نێو حەلقەی ( بێریڤان…) بێت…!!
با لە بینینی حەلقەکانی ( بێریڤانەوە…) بە ئاگا بێینەوە، با چاو وبیرمان بکەینەوە و بزانین لە سایەی دەستەڵاتی خۆماڵی کوردیدا و چی ڕوو دەدات ..؟! وە با سەیر بکەین و بزانین لە کۆمەڵگاکەماندا چی دەگوزرێت …؟! ئەوکات با ئێخەی داگیرکاران بگرین…!!
وەڵامێک بە وتارەکەی نوسەری بەڕێز ( مەجید سالح ) کە بە ناونیشانی ( با ئاگامان لە بێریڤان بێت..! ) کەلە ماڵپەڕە ئازیزەکەی دەنگەکاندا http://www.dengekan.info/dengekan/11/8117.html لە ڕۆژی ١٥-١٠-٢٠١٠دا بڵاوی کردبوەوە .
کاک مەجیدی بەڕێز:[ دڵنیابە مەبەستی وەڵامدانەوەم بۆ ئەوە نییە لە سەر ماکی وتارەکەی تۆ، خۆم بنیات بنێم و بەرزبکەمەوە.. وە ناشمەوێت وەک نوسەرە تەقیلیدیەکان کەسایەتی و توانایی نوسەریت بچوک بکەمەوە..! بەڵکو دەمەوێت لە ڕێگای وەڵام دانەوە و ڕەخنەکانم، دەرگایەکی گفتوگۆ بکەینەوە بۆ لێدوان لە سەر کێشەکان و چۆنیەتی دەستەڵات و پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی….!]
من دەڵێم گەر ئێمە بمانەوێت دەوڵەتی تورکی و سیاسەتەکانی بناسێنین دەبێت لە چۆنیەتی بەرنامە و بڕیارە سیاسییەکانیەوە بەرامبەر بە مافەکانی هاووڵاتیانی کورد دەست پێبکەین…!! نەک لە کێشەکانی نێو حەڵقەکانی ( بێریڤانە..)وە ، چونکە لێرەوە دەکەوینە هەڵەوە .. ئەو کێشانەی کە لەو حەلقەدا هەیە ئەوا کێشەی کۆمەڵایەتی و کولتورین کە لە هەردوو کۆمەڵگاکەدا بونیان هەیە، وە دەتوانم بڵێم کۆمەڵگای کوردی و تورکی، ئایین و کولتوری هاوبەشیان هەیە و لە یەکەوە نزیکن بۆیە لە کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە ماف و ئازادییەکاندا، لێکچونێک لە نێوانیاندا هەیە، گەر هەر کەسێک سەردانی تورکیای کردبێت و تێیدا ژیانی تەی کردبێت، ئەم کولتور و عادەتە هاوبەشانە هەست پێ دەکات و دەبینێت، کورد نەک لەگەڵ کۆمەڵگای تورکیدا بەڵکو لەگەڵ زۆربەی وڵاتە هاوسێکانیدا کولتور و عادەت وئایین و موناسەبەی هاوبەشی هەیەو لە یەکەوە نزیکن، وە دەتوانم بڵێم تەنانەت ئەم لەیەک چونە لە دەروونی هاوڵاتیەکانیشیدا بونی هەیە، وە هەتا لە بیر وخەیاڵی ڕۆمان نوس و شاعیرەکانیشیاندا دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، کەواتە کولتور و عادەت و نەریت وئایین و شێوەی ژیانمان بە ناشیرینی و جوانییەوە لە گەڵ ئەم کۆمەڵگا هاوسێیانەدا تا ئاستێکی بەرچاو هاوبەشیەکی تێدا هەیە..، وە ئەوەی زیاتر لە گەڵ ئەم هاوسێیانەدا جیامان دەکاتەوە و دەمانکاتە دژ و دوژمنی یەک، لەگەڵ میللەتەکانیاندا نییە..لەگەڵ کولتور و نەریتەکانیاندا نییە..! بەڵکو دوژمنایەتی ئێمە لەگەڵ دەوڵەت و دەستەڵاتەکانیانە…!
وە هەموومان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە.. گەر بە تەواوی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵاتانی تری دراوسێ نەناسین، بەڵام کردەوەکانیان کە هەڵێنجراوی سیاسەتەکانیانن بە خوێن دەناسین.. وە دەزانین کە هەموو هەوڵێکیان داوە و دەدەن تا ئەم میللەتەی ئێمە هەر بە ژێر دەستەیی و پاشکۆیەتی لە ژێر دەستەڵاتی خۆیاندا بهێڵنەوە، وە دەوڵەتی تورکیاش دەناسین و دەزانین چ دەوڵەتێکی فاشی و دڕندەیە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد لە کوردوستان، ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە گوێمان لە بۆمبەکانیانە و جار جاریش فڕۆکە شەڕکەرەکانیان بە ئاسمانی کوردوستانەوە دەبینین، کە چۆن بۆردومان دەکەن و گەریلا و هاوڵاتیانی سەرسنورەکان دەکوژن و دەسوتێنن..!
وە دوا بە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و صەدام ، کوردستان زیاتر ئارامی بە خۆوە بینی و حیزبە دەستەڵاتدارەکانی کوردوستانیش ئاهێکیان پێدا هاتەوە و ڕزگاریان بو لە شەڕی ڕوو بە ڕوو وخوێناوی نێوان خۆیان و ڕژێمی بەعس ، لە دوای ئەم شەڕانە ، شەڕی بازرگانی نەوتیان دەستپێکرد و کەوتنە نێو تموحی پارە و سەرمایە، وە فەزای گەندەڵی و دزی و بازرگانیان هێنایە کایەوە و کوردوستانیان کردە مەرزێکی گەورە …!! بەشێک لەم کارە بازرگانی و دزی و گەندەڵییەیان سەرەتا بە فرۆشتنی کەرەستەی دەزگا خزمەتگوزاریەکان و داگیرکردن و کڕین و فرۆشتنی زەوی و زارەکانی کوردستان دەستپێکرد .. بەو زەوی و زارانەی کە موڵکی گشتی هاوڵاتیانی کوردوستانن..! واتا فەزای مەزایدە و کڕین و فرۆشتنی زەوی و زاریان هێنایە کایەوە.
ئێستا ئەم فەزایە چوەتە خوارەوە بۆ نێو کۆمەڵگا. ئەم فەزایە ئێستا لە ووردە زەویدا وەستاوەتەوە کە بوەتە سەرچاوەیەکی گەورە بۆ دروستبونی چەندەها کێشە و شەڕی کۆمەڵایەتی نێوان هاوڵاتیان و پێکدادانی نێوان خێڵ و عەشرەتەکان کە ڕۆژانە لە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و دەرەوەی ڕۆژنامەکان دەیانبینین و دەیانبیستین ..!کە ڕووداوەکەی ئەم دواییەی دۆڵی جافایەتی، شەڕێ نێوان خەڵک و عەشرەتی ئەم ناوچەیە، ڕاستی و زیندوویی بونی ئەم کێشانە دەسەلمێنێت…!!
وە گومانم نییە کە تۆش خەمی کێشەکانی ئەم میللەتە پاڵنەری ئەوە بوە کە لە سەر حەلقەکانی (بێریڤان… ) بنوسیت و لە هەدەفی سیاسی دەوڵەتی تورکیا بە ئاگامان بێنیتەوە، کە لە پشتی ئەم حەلقەوە دژ بە کۆمەڵگای کوردی خۆی مەڵاس داوە..! منیش بە هەمان خەمەوە دەپرسم و دەڵێم ئەگەر هەمان کێشەکانی نێو ئەم حەلقانە لە ژیانی واقیعدا بونیان نییە، ئەی بۆ سەرنجی نەخوێنەوارترین هاوڵاتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و وەک خۆت دەبێژی لە کاتی ئەم حەلقەدا کەس بە شەقامەکانەوە نامێنێت و نابینرێن..؟؟!! وە بۆچی سادەترین هاوڵاتی ،بە ڕووداوە تراژیدیاکانی نێو ئەم حەلقەیە، بە ژنان و پیاوانەوە دێنێتە خەم و گریان..؟!! وە لە کاک مەجید ساڵح دەپرسم، ئایا خەڵکی کوردوستان بۆ زیاتر ئەم حەلقە کۆمەڵایەتیانە سەرنجیان ڕادەکێشێت و بە لایانەوە دۆشدادەمێنن..؟!! ئایا بۆچی ڕووداوەکانی نێو ئەم حەلقانە کاریگەری لە سەر دەروونی مرۆکانی کۆمەڵگای ئێمە هەیە و بە زوویی پێی سەرسام دەبن..؟! ئایا هۆی ئەوە نییە کە ئەو ڕووداوانە مێژوویەکیان لە ژیانی مرۆکانی ئەم وڵاتەدا هەیە..؟! یان ئەم کێشانە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە نزیکە..؟!
دڵنیابە منیش خەمەکانم بۆ ئەم کۆمەڵگایە لە خەمەکانی تۆ کەمتر نییە..!من ئەوەندەی خەمی کێشە چارە نەکراو و بەدیهاتوەکانی ئەمدیو و ئەودیوی کۆشک و تەلارەکانی ئاسیا و کۆڕەکم .. هێندە خەمی کەمی و نەبونی کۆشک و تەلارە لێکچوەکانی وەک کەنداو و دوبەییم نییە …!! ئەوەندەی خەمی ئازادی و عەدالاتیم بۆ ئەم کۆمەڵگایە هەیە .. هێندە خەمی تەلار و هۆتێلی چەند ئەستێرەیی وەک گردەکەی ڕیعایەم نییە..!! ئەوەندەی خەمی دواکەوتویی سیاسی و پاشکۆیەتی سیاسی ئەم میللەتەم هەیە.. هێندە خەمی بونی سەرۆکایەتی کوردم نییە لە دەستەڵات و دەوڵەتێکی دواکەوتویی وەک عێراقدا..!! ئەوەندەی خەمی دزی و گەندەڵی و داگیرکردن و بە تالانبردنی سامانی گشتی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەم هەیە لە لایەن سەرکردە و بنەماڵەی سەرەوەی حیزبەکان..!!هێندە خەمی گەڕانەوەی نەوتی کەرکوم نییە بۆ سەر هەرێمی کوردوستان..! ئەوەندەی خەمی بێ ئومێدی و نەبونی و بێ ئیرادەکردنی گەنجان و لاوانی کوردوستانم هەیە..!!هێندە خەمی کەمی و نەبوونی ماشین و ئۆتۆمۆبیلی لیمۆزین و هامەری درێژ و مۆدێرنم نییە، کە بە سەر شەقامە وێرانەکانی کوردستاندا بێن و بچن..!! چەندە ترسم هەیە لە مانەوەی عەقڵیەت و نەریتی دواکەوتو و کۆنەپەرستانە وبۆ پاشکۆیەتی ژنان .. ئەوەندەش ترسم هەیە لە یاسا و دەستورێک، کە بەندەکانی پڕ بێت لە باوەڕی کۆنەپەرستی و دواکەوتویی و سەرکوت دژ بە ئازادی فەردی و ئازادی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان..!
لێرەوە منیش لە گەڵ تۆی بەڕێزدام و دەڵێم، با زۆر ئاگامان لە حەلقەکانی بێریڤان بێت و بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕووداو و کێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاکەمان ..، با ئاگامان لە دەستەڵاتدارانی کوردوستان بێت و بزانین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانەدا دەکەن ، چ فەزایەک ..چ فەوزایەکی ناشیرینیان بۆ دروستکردوین ..!! چۆن لە پێناوی بە دەستهێنان و جێگیرکردنی دەستەڵاتی خۆیاندا، هەر وەک داگیرکاران و دوژمنەکانی کوردوستان چەندەها کێشەی عەشیرەتی و خێڵەکیان زیندووکردۆتەوە…! ئەمانیش مەزایدە بە عەشیرەت وخێڵەکانی کوردوستانەوە دەکەن و هەر وەک ڕژێمی بەعس هەرچی کۆلکە سەرۆکی هۆز و عەشرەت و خێڵ هەیە لە پێناو خۆیاندا زیدوویان کردۆتەوە و پارە هەڵدەڕیژن بۆ کۆکردنەوە و گردبونەوەی زیاتری هاوڵاتیان لە ناو چوارچێوە و بۆتەی عەشیرەتی و خێڵەکی کۆنی سەردەمی دەرەباگایەتیدا..وە ئێستا هەر ئەمانن کە تەکیە و دیوەخانی زیاتر لە جارانیان دروست کردوە و دەستەڵاتی ناوچەیشان بەم سەرۆک خێڵ و عەشرەتانە بەخشیوە ..!! وە بە پێجەوانەشەوە سەرۆک خێل و عەشیرەتەکانیش .. بە تایبەت سەرۆک جاش و ئەنفالچیەکانی دوێنێ، ئەوانیش بە هەمان شێوە لە نێوان ململانێی دەستەڵاتی حیزبەکاندا ئەمبەر و ئەوبەریانە و مەزایدە بە وەزعی سیاسی کوردوستان و حیزب و دەستەڵاتەوە دەکەن و لە ڕێگەی ئەم مەزایدانەوە، بێ شەرمانە خۆیان لە تاوانی جاشیەتی و ئەنفال ڕزگارکردوە و دەکەن ..!!
بە دڵنیایەوە ئەگەر بەشێک لەم کێشانە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە واقیعەتیان هەبێت و لێکچونێکی تێدا بێت و بە زیندووی ببینرێت ئەوا هەدەفی سیاسی پشتی حەلقەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ڕاستی و دروستی خۆی بپێکێ و بسەلمێنی، ئەوا نەک تەنها کۆمەڵگای ئێمە، بەڵکو هەموو ئەو کۆمەڵگایەنەی کە هەمان کولتوری هاوبەش و لێکچونیان هەیە، ئەوانیش ناشیرین دەکات..! وە هەر حەلقەکانیش دەتوانن ببنە سەرچاوەی زانیاری و ئاگا کردنەوەی هاوڵاتیان لە کێشە کۆمەڵاتییەکانی خۆیان …!! وە ئەگەر کێشەکان درۆ و وەهم بێت و بونیان نەبێت ئەوا وەک بڵقی سەر ئاو دەڕوات و هیچ کاریگەریەک لە هۆش و دەروونی هیچ کەس و هاوڵاتیەکی میللەتانی تردا بەجێناهێڵێت و ئەم هەدەفە پێچەوانە دەبێتەوە بۆ نوسەر و کارەکتەری سیناریۆکان، وە لە لایەن کەسانی هوشیار و ئازادیخوازی ئەو میللەتانەوە وەڵام وەردەگرنەوە و قوڕ دەدری بە دەمیاندا..!
بەڵام بە خەمێکی قوڵەوە .. بە دڵگرانییەوە .. وە بە ڕاستگۆیییەوە دەڵێم: بەڵێ بەشێکی زۆری ئەو کێشانە لە کۆمەڵگای کوردی لە هەر چوارپارچەکەیدا بونی هەیە..!! وە لە دەرەوەی جوگرافیای کوردوستانیش بەشێک لە کوردەکانی هەندەران هەڵگری ئەم کێشە وکولتورانەن و نەوەکانیان هەر ئێستا گیرۆدەی بون و لە نێوان ئەم چەند کولوتورەدا وەستاون و نازانن بە کام باردا خۆیان ساخ بکەنەوە..؟!! کوشتنی کچانی وەک ( فاتیمە لە سوید .. شەوبۆ لە بەریتانیا.. هتد ) بە تۆمەتی عەشق و خۆشەویستی نەک لەسەر (بەرەڵایی…!!) لەلایەن باوک و مامەکانیانەوە لە ئەورپا، لە ناو چەقی شارستانیەت و مەدەنیەت و مۆدێرنەدا کوژران .. نمونەی زیندووی کولتور و دیدی دواکەوتوی کۆمەلایەتی کۆمەڵگاکەمانن..!! لە سەر مەتنی ئەم نمونە زیندوو و ئاشکرایانەی سەرەوە ، ئێستا ناتوانم لەگەڵ هاوڵاتیانی کورد و هاوڵاتیانی میللەتانی دی هەرگیز ئینکاری و حاشا لەم کێشانە بکەم، بەڵکو کێشەکان بە برینێکی درێژخایەن دەزانم لە جەستەی کۆمەڵگای کوردیدا، چونکە ێەکەم: هەر دەستەڵاتێک ڕۆشتوە و هاتوە، لە پێناوی جێگیربونی دەستەڵاتی خۆیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئەم پەیوەندییە دواکەوتوانە و ئەو پەیوەندیانەی زیندوو کردۆتەوە و پەرەی پێداوە. دووەم: مێژوویەکە ئێمە لەگەل کێشەو برینی ئەم پەیوەندیانەدا ڕاهاتوین و بوەتە کێشەیەکی باو و ڕۆتین، وە خۆشە بوین و زۆر هەست بە ئازارەکانی ناکاین..! بەڵام کاتێک کە دوژمن و دژەکانمان دەستی بۆ درێژ دەکەن و دەیکولێننەوە، ئەوکات وا هەست دەکەین کە برینێکی نوێیە..!
بۆ نمونە ئەگەر بەردبارانکردن و کوشتنی ( دۆعا ) و کوشتن و وونکردن و خۆسوتاندنی کچان و ژنانی کۆمەڵگاکەمان، بە فیلم بۆمان لێبدەن و پیشانمان بدەنەوە هەرگیز ناتوانین سەیریان بکین و بیانبینین…!!، وە ئەگەر پێمان بڵێن ئەمە لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕوویداوە..! ئایا ئەوانە کێن کە دەتوانن پاساوێکی وەهای بۆ بهێنینەوە کە ئەم کارە شەرعیەت پێ بدا و ئاسایی بکاتەوە و بە شانازیوە شەرەفماندانەی خۆی پێ بناسێنن..؟!!گەر کۆمەڵ و گروپێکی وا نەبێت کە خاوەنی ئەم پاساوە بێت، ئەی کوا ئەو وەڵامە کۆمەڵایەتیەی کە ئەم کارە قیزەونە ڕەفز دەکات ..؟! ئایا ئەوانە کێن کە دەتوانن بڕوا بە خۆیان بهێنن و بڵێن ئەمە سیناریۆیەکە بۆ ناشیرین کردن و ئەتکردنی کۆمەڵگای کوردی لە لایەن دوژمنەکانییەوە دەرهێنراوە و دروستکراوە ..؟! نمونەیەکی دی: ئەگەر فیلمێک لە سەر شەڕە ناوخۆییکانی کوردوستان و شەڕی نێوان عەشرەت و خێڵەکانی کوردستان دەربهێنرێت و وەک خۆی سیناریۆی بۆ بنوسرێت، ئایا کێ دەتوانێت حاشا لە بونی ئەو شەڕانە بکات و بڵێت، نا کارەساتی لەوشێوەیە لە وڵاتی ئێمەدا هەرگیز ڕووی نەداوە..؟!! یان ئەگەر فیلمێک لە سەر نەبونی ئازادی بیروڕاو و ئازادی ڕٶژنامەگەری و چۆنیەتی سانسۆری سەر نوسینی نوسەران ..وە لە سەر چۆنیەتی دادگایی کردنی ڕۆژنامەنوسان و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسانی وەک ( سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە ) تیرۆریی نهێنی چەندەها کەسایەتی سیاسی دیی لە شاخ و لە شارەکانی کوردوستان..!!! لە لایەن وڵاتانی دیەوە وەک فیلم دەربهێنرێت و بڵاو بکرێتەوە و پەخش بکرێت و لەم فیلمەدا دەستە شاراوەکان ئاشکرا بکرێت..!! ئایا دەبێت وەڵاممان چی بێت ..؟! وە بەرامبەر بەم فیلمانە دەبێت چی ڕوو بدات..؟! من بە دڵنیاوە دەڵێم هەرگیز ڕێگا نادەن ئەم فیلمانە نەک لە تەلەفیزیۆنەکان پەخش بکرێت بەڵکو لە سینماکانیش ڕێگا نادرێ..! وە وەستاندنی پەخشی زنجیرە درامای ( گەرمیان و کوێستان ) هەرچەند لە نوسەریەوە تا سیناریۆ و ئەکتەرەکانیشی هەموو خۆماڵی بوون، بەڵگەیەکی زیندووی ئەم سانسۆرە سیاسییە..!!هتد.
وەڵام بۆ بە درۆ خستنەوەی ئەم سیناریۆ بەدیهاتوانە، ئەوەیە کە دوا بەدوای ئەو ڕووداوانەی کە لە ماوەی بیست ساڵی دەستەڵاتی خۆماڵیدا ڕوویدا، لەم هەل ومەرجە ئاسایی و ڕوونەی وەک ئەمڕۆدا لە سایەی ئەم دەستەڵاتە خۆماڵیەدا، با بتوانینن بە ئازادی وەک کۆمەڵگایەکی ژیان دۆست و ئینسان دۆست بونی خۆمان بسەلمێنن ..با پراکتیزەی دیموکراتی و ئازادی وەک خۆی بکەین و دەستەڵات و بەڕێوەبردنی خۆماڵی جوان و مرۆیی پیشان بدەین، ئەوکات هیچ هیزێک نییە بتوانێت جوانیەکانمان پێچەوانە بکاتەوە و بیکاتە وێنەیەکی ناشیرین و پیشانی میللەتانی دیی بدا..!! وە بێگومانیشم کە چەندەها حەلقەی وەک (بێریڤان) ناتوانێت کاریگەری هەبێت لە پێچەوانەکردنەوەی پێناسەی ئێمە لە پێشکەوتویییەوە بۆ دواکەوتویی..! لە ئازادیخوازیەوە بۆ بیروکراتی..! بەڵام گەرشێوەی بەڕێوەبردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ژیانکردنمان پێچەوانەی ژیانی سەردەم ودیموکراتی و ئازادی بێت، ئەوا هەموو سیاسەت و پلان و مەبەستێکی ئاشکرا و شاراوە لە ( حەلقەکان و دەرەوەی حەلقەکاندا ) بە ئاسانی بۆ داگیرکاران و دژەکانی ئەم میللەتە ژێر دەستە دەچێتە سەر و بەری خۆی دەگرێت…!!!
لە کۆتاییدا بە کورتی دەڵێم، گەر هەر کاتێ ( هەستی عەشق و دەنگی ئازادی ) لە نێوماندا ئەتک نەکرا و نەخنکێنرا..!! ئەوا دەتوانین بڵێین خاوەنی دەستەڵاتێکی مەدەنی و دیموکراتین .. وە لێرەوە خاوەنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئازاد دەبیین..و هەموو هاوڵاتیەکیش لە پێناویدا ئامادەی قوربانی ق پاراستنیەتی…!!
کامەران عەزیز
Kamaran91@gmail.com