Skip to Content

Wednesday, July 24th, 2024
هه‌ره‌شه‌ له‌ ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌ ئازادی و دادوه‌ری

هه‌ره‌شه‌ له‌ ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌ ئازادی و دادوه‌ری

Closed
by November 4, 2010 گشتی


ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی شاره‌زا له‌ بواری گه‌لکوژی ئه‌نفال به‌ گشتی و تاوانبارانی تاوانی ئه‌نفال به‌تایبه‌تی، که‌سێکی ماندووه‌ له‌م بواره‌دا و هه‌میشه‌ خه‌ریکی نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌کانی گه‌لکوژی و پاکتاوی ره‌گه‌زیی که‌ به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان کراون، یه‌کێ له‌ کاره‌ گرنگه‌کانی له‌مباریه‌وه‌ کۆکردنه‌وه‌ و روونکردنه‌وه‌ و زانیاری به‌خشین له‌سه‌ر تاوانبارانی تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال له‌ دووتوێی کتێبێکدا.
ده‌رسیم وه‌کو که‌سێکی شاره‌زا له که‌سایه‌تی‌ تاوانبارانی ئه‌نفال به‌تایبه‌تی سه‌رۆک جاشه‌کان که‌ دژی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان پێش له‌شکری ئه‌نفالچی که‌وتن و ژنومندالی کوردیان ئه‌نفال کرد، شاره‌زایی‌ باشی هه‌یه‌، وه‌ هه‌میشه‌ به‌پێویستی زانیوه‌ که‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ به‌ خه‌ڵک بناسێنێت و ریسوایان بکات.
خالیدی خوله‌ سوور یه‌کێ له‌ سه‌رۆک جاشه‌کانه‌ که‌ به‌شداری له‌ تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا کردووه‌ و خاوه‌نی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت و فه‌وجی خه‌فیفه‌ی جاشان بووه‌. له‌سه‌ر به‌شداری له‌م تاوانه‌دا وه‌کو سه‌دان سه‌رۆکجاشی دیکه‌ له‌لایه‌ن دادگای ئێراقی داوا کراوه‌. دیاره‌ ره‌وایه‌  له‌ پرۆسه‌یه‌کی دادگایی ره‌وادا ئاستی تاوانه‌کانی ئه‌و یه‌کلابکرێته‌وه‌ و بڕیاری سزا به‌پێی تاوانه‌کان دیاربکرێن. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دادگاییه‌ زۆر پێویسته‌، که له‌ کوردستاندا‌ ناکرێ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی بوونی کیشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌. خالید دادگایی ناکرێت، که‌چی ئه‌و قه‌رزاریشمان ده‌کاته‌وه‌ و هه‌رشه‌ له‌و‌ پێنوسه‌ ده‌کات که‌ باس له‌ تاوانه‌کانی ئه‌و و نمونه‌ی ئه‌و ده‌که‌ن، به‌مجۆره‌ دادوه‌ری و پرۆسه‌ی به‌دادگاییگه‌یاندنی تاوانبارانی گه‌لکوژی ده‌خاته‌ژێرپێی‌ خۆی، به‌رژه‌وه‌ندی که‌سوکاری قوربانیان‌ ده‌خاته‌ ژێرپێی خۆی و ئارپیچی به‌و که‌سانه‌ وه‌ده‌نێ که‌ به‌رگری له‌ مافی که‌سوکاری قوربانیان ده‌که‌ن.
ئه‌م هه‌ره‌شانه‌ پرسیار له‌سه‌ر بوون و مه‌به‌ستی بزوتنه‌وه‌ی گۆران داده‌نێن. جیاوازی گۆران له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی له‌مباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟ ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل ناگۆڕنه‌وه‌، داخ و که‌سه‌ری نه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وان واتایه‌کی نییه‌. به‌لام گۆڕان په‌نای سه‌رۆک جاش له‌به‌رچی ده‌دات و چۆن ده‌توانێ پاکانه‌ی بۆ بکات؟ ئه‌گه‌ر گۆران خۆی به‌ دلسۆزی گه‌ل و نیشتیمان ده‌زانێ له‌سه‌ریه‌تی نه‌ک هه‌ر ئه‌و سه‌رۆکجاشه‌ تاوانباره‌ ده‌ربکه‌ن به‌ڵکو ده‌بێ خالیدی خوله‌سور راده‌ستی دادگا بکه‌ن، یه‌که‌م له‌سه‌ر هه‌ره‌شه‌ی له‌ناوبردن له‌ نوسه‌رێکی ئازاد و خۆنه‌ویستدا، دووه‌م له‌سه‌ر به‌شداری ئه‌و له‌ تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا. له‌راستیدا سه‌یره‌ گۆران ده‌نگی نییه‌ و نوقه‌ ناکات!
ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ی‌‌ خالیدی خوله‌ سوور هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌ هه‌ر پێنوسێکی ئازاد، هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ به‌گشتی. چۆن ده‌کرێت کۆنه‌ سه‌رۆکجاشێکی تاوانبار له‌سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا هه‌روا ئاسان شانازی به‌ خۆیه‌وه‌ بکات و هه‌ره‌شه‌ له‌ نوسه‌ری ئازاد بکات، ئه‌گه‌ر تاوان و ناپاکی و گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاتدا هه‌رمینیان نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌کو گه‌لانی دیکه‌ی ئازاد خاوه‌نی دادگای ره‌وا و ده‌سه‌لاتی نیشتیمانی ره‌وا باین بێگومان ئێستا خالید و خالیده‌کانی دیکه‌ به‌ سزای خۆیان گه‌یشتبوون.
ئه‌گه‌ر خالید و سه‌رۆکجاشه‌کانی دیکه‌ خاوه‌نی مۆرال و ویژدان بان، داوای لێبووردنیان له‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرد، خۆیان ده‌چوونه‌ به‌رده‌م دادگا و تاوانه‌کانی خۆیان راده‌گه‌یاند، ئه‌وسا دادگا ئاستی تاوانه‌کانی ئه‌وانی دیار ده‌کرد. به‌مجۆره‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌یتوانی مێژوویه‌کی دروست له‌مباره‌یه‌وه‌ بنوسیته‌وه‌ و ئه‌وانیش کۆتاییه‌کی دروستیان پێشانی خه‌ڵک ده‌دا.

شاخه‌وان شۆڕش
31ی ئۆکتۆبه‌ری 2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.