
عه‌زابێك ژیانی ده‌بغ كردووم
چیـرۆك:
عیباره‌ت چی هه‌یه؟ هه‌ر سیمیا ته‌عبیری پێ لێده‌م
له دنیایه‌ك، عیباره‌ت بێ له مهحڤی هاتن و چوون
“مه‌حوی”
پاكانه‌یه‌ك بۆ خۆم:
قه‌سه‌م به هه‌رچی جوانه، نه‌مویست ئه‌مجاره‌ش خۆم پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه خراپه بم. قه‌سه‌م به پاكی گه‌ڵا، سوێند به پیرۆزیی ئاو، زۆر هه‌وڵمدا كه‌سێكی تر ئه‌م حیكایه‌ته بگێڕیته‌وه، تا هیچ نه‌بێ من له دووره‌وه یه‌كێك بم له ئێوه: ئێوه‌ی گوێگر، یان تۆ: تۆی خوێنه‌ر.. تۆی هاوڕێم. قه‌سه‌م به هاوڕێتیمان، ئه‌و هاوڕێتیهی كه ئاوسه به حهمكهیهك قسه، درۆ ناكه‌م و من نه‌مویست ئه‌م پاڵه‌وانه تێكشكاوه بم، كه ئێستا هه‌م، ئه‌م پاڵه‌وانه‌ی كه ئێستا ئهمخوێننهوهو ئیدی بۆ هه‌تاهه‌تایه به ههركوێندهرێی ئه‌م شاره‌دا ڕه‌ت بم، ئهمناسنهوهو په‌نجه‌ی ترسنۆكیم بۆ درێژ ئه‌كه‌ن و پێناسی تێكشكاویم به‌باڵادا ئه‌بڕن.
*** ***
زۆرجاران تێگه‌یشتن له دیوی دووه‌می دیمه‌ن و دیارده‌كان، سه‌ره‌تای هه‌موو ویشوومهو نه‌گبه‌تییه‌كه. تكایه حوكمی ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا مه‌ده‌ن، له‌وه‌ی گوایه من بانگه‌شه بۆ ده‌به‌نگی و گه‌مژه‌یی ئه‌كه‌م. هه‌ڵبه‌ت له كاتێكا وائه‌ڵێم، كه خۆم دڵنیام، له‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌م پێوه‌ندییه‌كی ته‌واوی به‌و گه‌مژه‌یی و دهبهنگییهمهوه هه‌یه، كه ساڵانێكه هه‌ستم پێكردووه، ئه‌مه‌ش مانای وانییه قه‌بوڵ بكه‌م، به‌ده‌ر له خۆم كه‌سی تر له‌وباره‌یه‌وه قسه‌م له‌سه‌ر بكا. مه‌به‌ستمه بڵێم: خۆم ئه‌زانم كه گه‌مژه و ده‌به‌نگم و ته‌نیا خۆشم ئه‌توانم ئه‌وه بسه‌لمێنم و بیڵێم، ده‌نا بۆ هیچ كه‌سی تر نییه شتی وام له‌سه‌ر ساغ كاته‌وه!
به‌رهه‌حاڵ، ئه‌بێ ئێوه‌ش له‌وه بێگومان بن، كه پرۆسه‌ی تێگه‌یشتنی ئێمه، ئێمه‌ی مرۆڤ له‌هه‌ر شتێك، كلیلی ده‌رگای یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌یه، وابههیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانمان نه‌كردوون، كه‌چی له‌ساتێكدا، كه ڕێك له ئێواره‌یه‌كی دره‌نگوه‌ختی ئه‌م شاره عاجزو لاتهریكهی من ئه‌چێ، كاره‌ساته‌كان دێن و چوون سووتانه‌وه‌ی كۆنهزامی سه‌ردڵ، ده‌س به قووڵ هه‌ڵكۆڵینی ده‌مار و ده‌روونمان ئه‌كه‌ن و به ده‌یان فه‌رسه‌خ دوور له ماڵومهنزڵی پرسیار‌و گومانه‌وه، بهتهنیاییمان ئه‌سپێرن. ته‌نیاییه‌كی ئه‌وتۆ، كه ئیدی ژیانمان لێده‌كاته سه‌رزه‌مینێكی پڕپڕ له وه‌ڵام، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی مه‌رگ و جاویدانه‌گی.. ئاخر بیرتان نه‌چێ، هه‌میشه وه‌ڵامه‌كان و تێگه‌یشتنی ئێمه‌ی مرۆڤ، دوو برای خوێنیی یه‌كدین و به هه‌زار شه‌یتانی وه‌ك ئه‌وه‌ی چیرۆكی سێوه‌كه‌ی به‌هه‌شت، موویه‌كیش چییه ناچێته نێوانیانه‌وه.
*** ***
هه‌ركات هه‌ستت كرد، ئازارێكی كزر له بنباڵی چه‌پته‌وه خه‌ریكه سه‌وز ئه‌بێ و چرۆ ئه‌كا، ئه‌وا پێویسته گورج فریای خۆت كه‌وی، ده‌نا ئه‌وه ڕۆژی كۆتایی هه‌موو شتێكه. ڕۆژی تێگه‌یشتنی تۆیه له حیكمه‌تی ئه‌و نهێنییه‌ی ته‌مه‌نێكت تیاخه‌رج كردووه، تا گرێكانی بكه‌یته‌وه، بێئه‌وه‌ی چ ئاگایه‌كت له‌و وه‌یشومه‌یه بێت، كه هه‌میشه مرۆڤ دوای گه‌یشتنی به حه‌قیقه‌ت تێیده‌كه‌وێت. كه‌واتا كردنه‌وه‌ی گرێكان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگری مانای گه‌یشتن به حهقیقهتیشن. بۆیه هیچ شه‌ڕێك هێنده‌ی شه‌ڕی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت سامبهخش و مه‌ترسیدار نییه، چونكه دوای دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر حه‌قیقه‌تێك ئارامییه‌كی ساخته ژیانمان داغن ئه‌كاو ڕوناكی بیركردنه‌وه‌مان لێدادهپۆشێ. ئه‌زانی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت گه‌وره‌بوونی ئینسانی به‌دوادا دێ؟ جا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره نه‌بین، پێویسته بێهیچ حه‌قیقه‌تێك بژین.
ئه‌و ئازاره‌ی له بنباڵی لای چه‌په‌وه سهرئهكا، پێوه‌ندی به دڵه‌وه هه‌یه. كه‌واتا هه‌ر له‌گه‌ڵ ساته‌وه‌ختی سووتانه‌وه‌ی دڵتدا، ده‌ست له هه‌موو شتێك بشۆوه، چونكه مرۆڤ له‌و شوێنه‌ی تێدا پرسیار كوشته‌ی ده‌ستی حه‌قیقه‌ته‌و خۆیشی مهحوكمی ته‌نیاییه، چیتر ده‌رفه‌تێك بۆ بیركردنه‌وه نامێنێته‌وه. ئاخر ئه‌وه حه‌قیقه‌تی هه‌موو دره‌نگه ئێوارانێكی ئه‌م شاره‌یه، كه بارگاوییه به دنیایه‌ك حاڵی‌بوون و تێگه‌یشتن له لوغزی ژیان، كه دوای هه‌ڵێنانی ئیتر ده‌رگاكانی نه‌مریی كڵۆم ئه‌درێن. ئاوایه ئێره، بۆیه‌كا ژیانمان كوشنده‌یه. ڕۆژگار تێدا بێهیچ پرسیارێك دێ و بێهیچ گومانێكیش ده‌ڕوا. وای چه‌ن خانه خه‌رابه ژیان، لێره.
*** ***
به درێژایی نۆ ساڵ ته‌مه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی پیره مامۆستایه‌كی غه‌ریب، فێری نیگاركێشان بووم، دنیایه‌ك تابلۆی سه‌یروسه‌مه‌ره‌م دروستكرد. دواتر و دره‌نگانێ سه‌رنجمدا: خۆ زۆربه‌ی ئه‌م تابلۆیانه هه‌مان حیكایه‌تیان گێڕاوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به درێژایی پانزه ساڵ من ئیشم له یه‌ك تابلۆدا كردبێ و هیچی تر نا.. تابلۆیه‌كی وا كه مه‌رامی گێڕانه‌وه‌ی گشت شتێكی هه‌بوو نه‌شیبوو! دواجار لهئێوارهیهكی دره‌نگوه‌ختدا، كه ده‌ستم لێهه‌ڵگرت، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی به‌دوادا هات بۆ من. بۆیه هه‌نووكه ته‌نیا ئاواتێك هه‌مبێت ئه‌وه‌یه، كه بتوانم به هێزی وشه و سیحری خه‌یاڵ، به‌شێكتان له‌و كاره‌ساته بۆ بنووسمه‌وه.. شتێكتان له‌و تابلۆیه بۆ ڕه‌سم كه‌مه‌وه. بێگومانیشم له‌وه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕه‌نگ و سێبه‌ر و دووری و نزیكییانهی له تابلۆیه‌كی هونه‌ریدا هه‌ن، كارێكی زۆرسه‌خت و ئه‌سته‌مه، گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ به وشه و خه‌یاڵ ڕه‌سمیان كاته‌وه و بیاننووسێته‌وه.. من نه‌هاتووم ژانری حیكایه‌ت و هونه‌ری نیگاركێشان لێكدابڕكهم و بیانخه‌مه دوو جیهانی لێكجیاوازهوه، به‌ڵام ئێوه ئه‌توانن به‌راوردی نێوان فڵچه و قه‌ڵه‌م بكه‌ن و بۆ خۆتان تێبگه‌ن، كه ته‌رجه‌مه‌كردنی ڕه‌نگی بۆ وشه، چ قه‌ده‌رێكی سه‌یره، بۆیه ئێستا ئه‌وه قه‌ده‌ری منه و گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌م له ئه‌ستۆیه. یاریكردن له‌نێوان كاره‌سات و تابلۆیه‌كدا، یاریكردن به ڕه‌نگ و وشه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی سامناكی ئینسانێك، كه پێكهاته ئه‌ندازه‌ییه‌كانی ته‌مه‌نی ئه‌و، وێنه‌ی ئۆرژیناڵی ته‌مه‌نی سه‌رتاپا مرۆڤایه‌تییه، چونكه گشتمان به‌شێوه‌یه‌كی دڵڕه‌قانه ناچارین به‌وه‌ی هه‌مان ژیانی هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆمان بژێینه‌وه.. چ سزایه‌كی قورس وچه‌ن بارێگی گرانه، تۆ به‌سه‌ر ئێمه‌تدا داوه خودایه!
تابلۆكان یان سكێچی مه‌رگی من؟
یه‌كه‌م:
تیشكی لایتی ئۆتۆمبێله‌كه، سه‌ری له شۆفێره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر شێوان. ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی سێ گه‌نجی ههژارههژاری دهگهیانهوه ئێره. ئه‌وان له سه‌حه‌ری مهلابانگدانێدا چووبوونه سه‌ر كار. نازانم له كوێ، به‌ڵام وا ئێواره‌یه و ڕۆحیان له‌گه‌ڵ قیژه‌ی ناڕێكی ئهمبۆلانسهكهدا ڕێك ئه‌گاته عه‌رشی خودا.
– قیژه‌ی ئهمبۆلانسهكهیه یان تێكه‌ڵه‌یه‌ك لهكڕووزانهوهی بزڕكاوی دایكی هه‌رسێكیان؟
+ نازانم.. زۆر قه‌ره‌باڵغه، ناتوانم به ته‌واوی گوێم له هه‌موو شتێ بێ..
دووه‌م:
دوای ئه‌وه‌ی به كۆڵێك ئازاری ڕۆحه‌وه، له سێبه‌ری دارێكی باخهنارهدا، باشباش خۆی مه‌ست ئه‌كا، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئێره، بیر ئه‌كاته‌وه: ئه‌گه‌ر ئاراسته‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌م به‌ره‌و ناو سیروان وهرچهرخێنم چ ده‌بێ؟ دواجار وائه‌كا و هه‌ر ئه‌و لهحهززهیهیش تێده‌گا، مه‌رگ چ سیمایه‌كی ته‌ڵخ و مۆنی پێوه‌یه.
سێیه‌م:
ئێستا له تهقاڵتووهكه* پیره‌ژنێك، دایكی پۆلێك شه‌هید، ده‌سته‌یه‌ك له‌مبه‌ر، ده‌سته‌یه‌ك له‌وبه‌ر، له‌پای هه‌موو جهرگسووتانێك، وێنه‌ی هه‌ردوو سه‌ركرده‌یان به دیواری ئهمبهروابهری ژووره‌كه‌یدا بۆ هه‌ڵواسیوه.
ژوورێك: بێكاره‌با (ته‌نانه‌ت ئه‌مپێرێكی مۆلیده‌ی گهڕهكیشی لێنییه)، بێهیچ.. هه‌ر یه‌كجاریی بێهیچ، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه بێ خودایش، ده‌مرێت.. پیره‌ژنه‌كه ده‌مرێت و ته‌نیا دوو كه‌س بهدیارییهوهن: ئیزرائیل، ئه‌وه‌تا دوو هه‌نگاوی تر له ژووره‌كه ده‌چێته ده‌ر. له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر، كه نایناسم.
ئه‌و پیره‌ژنه هه‌روه‌كچۆن هیچی نه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئاوایش هیچ له‌دوای خۆی جێناهێڵی، به‌ده‌ر له دنیایه‌ك ڕیسوابوون و شه‌رمه‌زاریی بۆ كۆی مرۆڤایه‌تی.
چواره‌م:
دوا پێنجشه‌ممه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له‌گه‌رمه‌ی شیرینی و شه‌كراو بهشینهوهدا، گه‌نجێك به ڕێژنه فیشه‌كێك، باوك و دوو ئامۆزای ئه‌و كچه ده‌كوژێت، كه به دڵ خۆشیده‌وێت. چل.. په‌نجا، یان ڕه‌نگه هه‌زارجار چووه‌ته داوای و نه‌یانداوه‌تێ. ئیتر ئێواره‌ی ئه‌و دواپێنجشهممهی خه‌زه‌ڵوه‌ره، زاوا له‌گه‌ڵ بووكی مه‌رگدا، ده‌چێته كه‌ژاوه‌ی زێڕینه‌وه.
ئه‌رێ كێ زات ئه‌كا بیر له‌وه بكاته‌وه رۆژێك له ڕۆژان له‌گه‌ڵ بووكی مه‌رگدا بچێته سه‌ر جێگه‌ی نووستن؟
پێنجه‌م:
چه‌ن جارێك و له چه‌ند كاتێكی جیاوازدا له دووره‌وه ده‌مبینی. خۆی ئهچهمانهوه و سه‌ری شۆڕ ئه‌كرده‌وه نێو یه‌كێ له‌و گۆڕه ئاماده‌كراوانه‌ی گۆڕستانه‌كه. پێی‌خۆش‌بوو هه‌ستی ئه‌و لهحهززهیه بژی، كه ده‌چێته زوڵوماتی دوامهنزڵهوه. كاتێ قامه‌تی ڕاسكردهوه، گوێم لێ‌بوو له‌به‌ر خۆیه‌وه وتی: بڕوانه مه‌ودای نێوان مه‌رگ و ژیان چه‌نده كورته، باری ئیلاهی، ته‌نیا بازێكی بچوكه و هیچی تر!
ئاخری خۆی تێفڕێدا، به‌ڵام داخه‌كه‌م دڵنیانیم هه‌ستی پێكردبێ، چونكه ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ دوو براده‌ره‌كه‌ی دیكه، ته‌رمه‌كه‌یمان شۆڕكرده‌وه نێو گۆڕه‌كه، ته‌واو له‌م دنیایه دابڕابوو.
تێبینی: ڕێك مانگێك دوای بهرفربارینهكهی ئه‌مساڵی ئه‌م جه‌هه‌ننه‌مه، به ده‌مانچه‌ی هاوڕێیه‌كی، خۆی كوشتبوو، هاوڕێیه‌ك كه هه‌میشه به‌ڕووی ژیانا پێده‌كه‌نی.
شه‌شه‌م:
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه شانۆنامه‌كه‌ی یوسف ئه‌ل-صائغ (ده‌رگا) له‌سه‌ر ته‌خته‌شانۆی هۆڵی هونه‌رمه‌ندانی كفری* نمایش ده‌كرێ، مشك و جرجی ناو هۆڵه‌كه‌ی ئێستا كه‌متر بوونه‌ته‌وه، بۆیه ده‌رهێنه‌رانیش له‌چاو ئه‌م ڕۆژگاره‌دا كه‌متر له كچه ئه‌كته‌ره ناسكۆڵهكانی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان توڕه ده‌بن، چونكه ئه‌وكاته له ترسی ته‌راتێنی مشك و جرج به ده‌م داچڵه‌كین و زیكهزیكهوه، دهورهكانیان جێناهێڵن. ئینجا من له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌و ڕۆژه‌ی (ده‌رگای) تیا نمایش ئه‌كرێ، ته‌واو بێتاقه‌ت ئه‌بم، چونكه دڵم به‌و ئه‌كته‌ره زۆر ئه‌سووتێ، كه نسێ و نسرمی شانۆكه‌دا، تیشكی كز و زه‌ردباوی بلاجێكتۆرهكه لای چه‌په‌وه ڕوومه‌تی ڕۆشن ئه‌كاته‌وه، بێئه‌وه‌ی ژنه‌كه ئه‌كته‌ره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ببینێت، چه‌ند هه‌نگاوێك ئه‌چێته پێشێ، دائه‌نیشێ، ده‌ست له‌سه‌ر نه‌عشی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی دائه‌نێ و ئه‌م حیواره ئه‌ڵێته‌وه: “هه‌رچی شته‌كانی ده‌وروپشتمانه به‌ره‌و مردنمان ڕاپێچ ئه‌كه‌ن”.
ئیتر منیش هه‌ڵئه‌سم و هۆڵه‌كه جێئه‌هێڵم. به ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژی په‌شیمانیدا، به‌ره‌و ماڵێ، ده‌كه‌ومه ڕێ. ڕێگه‌ی دوورودرێژی په‌شیمانی له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ی ئێستا تۆ ده‌یخوێنیته‌وه. ئه‌رێ.. هه‌تا ده‌گه‌مه‌وه ماڵێ و ده‌چمه ژووره‌كه‌ی خۆم، تێر تێر ده‌گریم.
من ده‌گریم و هه‌ركێیش ده‌مبینێ، پێیوایه هه‌مدیس گیرۆده‌ی عه‌شقی یاسه‌مینی ناو ڕۆحم بوومه‌ته‌وه.
*** ***
سه‌روكارم له‌گه‌ڵ مه‌رگدا چیرۆكێكی ئه‌وه‌نده درێژ‌و تاقه‌ت پڕووكێنه، كه هێشتا ئه‌و هێزه‌م په‌ی نه‌بردووه تابتوانم وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه، شتێكیان له‌هه‌مبه‌ر بگێڕمه‌وه. پێده‌چێ ته‌نیا هێزی گێڕانه‌وه له‌نێو حیكمه‌تی خودی مه‌رگ خۆیدا بێت، چونكه ئه‌وكاته‌ی ئێمه له‌مسی مه‌رگ ئه‌كه‌ین، ئه‌وه چیدی ئه‌وپه‌ڕی ژیانه، ئه‌وپه‌ڕی سهرزهمینێكه تێدا به‌جۆرێكی ناباو، چێژی جوانی چه‌شتن و یهقكردنهوهی ترس له ڕۆحكێشان، لێكنزیك ده‌بنه‌وه، نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی هێند سه‌یر، چیتر قودرهتێك نامێنێ یاری به چاره‌نووسمانه‌وه بكات، چاره‌نووسێكی موحتهلكراو، گیرۆده به‌وه‌ی خۆی بجوێتهوهو دواجاریش به‌ره‌و ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕانی دڵ و ده‌روون بمانبات. ئه‌مه‌وێ زۆر به ئاسانی بڵێم: ئه‌و سه‌رزه‌مینه ته‌واوێك له‌و وێنه‌یه ئه‌چێ، كه له‌نێوان به‌هه‌شتێكی گه‌وره‌و دۆزه‌خێكی گه‌وره‌تردا بوونی هه‌یه. ئه‌مه وایلێكردووم هه‌رگیز شتێكم نه‌بێ ناوی ترس بێت له مردن. من له‌كاتێكا دان به‌مه‌دا ئه‌نێم، كه باش ئه‌زانم قسه‌كردن له‌باره‌ی هه‌ر شتێكه‌وه، ترسی تێدا بێت، ئه‌وه‌نده‌ی تر له كڵۆلێمان زیاد ئه‌كات، هه‌روه‌ك له‌وه‌ش تێگه‌یشتووم، به‌شێك له‌و هه‌سته‌ی هه‌مه، پێوه‌ندی به‌و خوێنه تیژڕه‌وه‌ی گه‌نجێتییه‌وه هه‌یه، كه هێشتا به‌خیلی ته‌مه‌ن لێینهسهندوومهتهوه.
بیرم نایه هه‌رگیز له دیمه‌نی مردووه‌كان داچڵهكیبم. بیرم نایه بۆ جارێكیش چییه، له چوونه گۆڕستان بێزار بووبێتم. ئه‌دی نه‌تانبیستووه من مهخلوقێكم له جنسی مه‌رگ، ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێك له‌م شوێنه‌دا دووباره ئه‌بێته‌وه‌و هه‌موومان ئه‌زموونی ئه‌كه‌ین. مه‌رگێك جارهجارێك وه‌ك كراسێكی شینی كاڵ دێته پێش چاوم و ههنێجاری تر وه‌ك ئه‌و قه‌مسه‌ڵه سووره‌ی له یه‌كه‌مین بازدانی مناڵیمدا ته‌وێڵم قرنجانێكی تێكه‌وت و باوكم بۆی كڕیم.. ئه‌و كاتانه‌یش مه‌حوی ئه‌خوێنمه‌وه، نازانم بۆ وابهجارێك مردن پهمبهیهكی كاڵ ئه‌نوێنێ و ژیانیش له‌وبه‌ری مێزه‌كه‌مه‌وه چاوه‌ڕێیه پێی بڵێم: ئاهـ.. چه‌ن دڵته‌نگم له‌و ڕه‌نگه سپی-یه مه‌یله‌و ڕه‌ش-هت!
*** ***
قسه‌یه‌ك هه‌یه هه‌موومان ده‌یزانین، چونكه له ژیانی یه‌ك به یهكماندا ڕووی داوه‌و به‌رده‌وامیش دووباره ئه‌بێته‌وه، ئه‌ویش: هه‌موو خۆشی و لهززهتهكان، كورتوكاتین. قووڵترین خۆشی ته‌مه‌ن له چه‌ن چركه‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناكا، كه‌چی كاره‌ساته‌كان به‌شی شێریان بۆ خۆیان له زه‌مه‌ن دابڕیوه، هه‌ربۆیه نه‌بڕاوه‌و به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یین.
ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌لله‌سه‌رم له‌نێو ته‌ونی پلوپهنجهكانما به‌ن ئه‌كه‌م و به فلاشباكێ دیمه‌نه پڕ له شه‌رم و حهیاكانی مناڵێم دێته‌وه یاد، وه‌خته گیان ده‌رچێ. ئاخر من بێگومانم دوای ئه‌م عه‌زابه، له ئێواره‌یه‌كا، كه وه‌ك ته‌بیعه‌تی به‌رده‌وامی خۆم، له ده‌س دیمه‌نی ئاوابوونی خۆر هه‌ڵدێم، جوانییه‌ك دێت و سه‌رانسه‌ر ژیانم باڵاپۆش ئه‌كا و دڵخۆش ئه‌بم به‌وه‌ی یه‌كێك له گرنگترین وانه‌كانی ژیان فێرده‌بم، ئه‌ویش: گه‌ر مرۆڤ هه‌ستی به گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كان كرد، چیتر لێشیان ناترسێ، به‌ڵام ئه‌فسوس، تازه ئه‌وكاته بۆ هه‌موو شتێ دره‌نگه، چونكه ڕۆحم كلۆر بووه‌و هیچی وهبهرهوه نه‌ماوه.
*** ***
كه پرسیارێك ڕۆحم بكرۆژێ و وه‌ڵامێكی ئه‌وتۆی نه‌بێ تا شه‌وێ به ئاسووده‌یی سه‌ر بخه‌مه سه‌ر بالیفه‌كه‌م، ئه‌وه بۆ خۆی پرسیاری مهحروومییهته. ئه‌رێ من وای ناوده‌نێم: پرسیاری مه‌حروومییه‌ت. هه‌موو چه‌شنه مهحروومبوونێكیش جۆرێكه له جۆره‌كانی سزا. ئه‌گه‌ر به ته‌سلیمبوونی تێنه‌گه‌ن، ئه‌وا ئه‌و قسه‌یه‌م دهبهسمهوه به پرسیاری مه‌رگه‌وه، گه‌ر مه‌رگیش پێدراوێكی سهرووزهمینی بێ، باشتره هیچ له‌باره‌یه‌وه نه‌پرسین، به‌وه‌ش حوكمی سزادان له‌و پێدراوه ئیلاهییه دائهماڵین و ئیتر ڕه‌نگه بتوانین، شه‌وان به ئاسانی خه‌ومان لێبكه‌وێ، به‌ڵام بیرت نه‌چێ ئه‌و خهولێكهوتنه، ئاسووده‌ییه‌كه له‌سه‌ر حیسابی بێده‌نگبوون.. له‌سه‌ر حیسابی مهحروومبوون.
*** ***
ئه‌و هه‌موو ساڵه زۆره‌ی سه‌روكارم له‌گه‌ڵ مه‌رگدا، ڕۆژێك گه‌یاندمییه ئه‌و شوێنه‌ی له‌وه‌ی ئه‌بێ كۆتایی به‌م حیكایه‌ته شوومه بهێنم. ئه‌و شوێنه‌ی هه‌موو ئه‌نجامه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و سه‌خت له‌سه‌ر من و هاوڕێكانم كه‌وتن، قووڵ ئێسقانی یاده‌وه‌ریان بریندار كردین، هه‌رچی پێكه‌نینی مناڵیمان هه‌بوون، به نێو نۆته شپرز و ترازاوه‌كانی گریانی ئه‌م گهورهبوونهماندا، پرشوبڵاوبوونهوه. شوێنێك تێدا ڕووبه‌ڕوو چاوم به چاوی مه‌رگ كه‌وت: دێزه.. دێزهیهكی نه‌عله‌تی.
ئاخ عه‌زیزم.. چه‌نێك هه‌وڵمدا كه‌سێكی تر ببێته پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه. هه‌رچی كوچه ته‌نگ و تاریكه‌كانی ڕۆح هه‌ن تهیمكردن. هیچ سوقاقێك نه‌ما تیانهگهڕێم. چ پیره‌ژنێكی به‌رده‌ركه‌ی حه‌وشان نه‌ما به پرسیاره سه‌رشێته‌كان ئیزعاجیان نه‌كه‌م، ئه‌و پیره‌ژنانه‌ی خودا بۆ كاتێك دایناون، تا هه‌موو پێكه‌وه و له یه‌ك ڕۆژ و له‌یه‌ك ساتی وهكیهكدا عیزرائیل به ڕۆحكێشانیان ته‌كلیف بكا. له ڕۆژی ڕۆحكێشانی پیرهژنهكاندا، ئاسمان ڕه‌نگێك له‌خۆئه‌گرێ، كه مه‌یل به شێتبوونی ئینسان ئه‌كا. ڕه‌نگێ له‌نێوان ساتهوهختێكدایه، كه فڵچه‌ی نیگاركێشانت به‌ده‌سته و له‌سه‌ر بالیتهكه ته‌ماشای هه‌ردوو ڕه‌نگی سووری تۆخوتێر و ڕه‌شی قه‌ترانی هه‌نێجار بزڕكاو ئه‌كه‌ی، كه‌چی هه‌ر له‌و ساته‌دا به‌ئه‌سپایی بیرت لای كپی و مه‌نگی بههارهسهوزێكی ئه‌م گهرمیانهیه! به‌ڵێ ئه‌و ڕۆژه ئاسمان وه‌ها ڕه‌نگێك له‌خۆئه‌گرێ، له‌و شێوه‌یه، له‌شێوه‌ی ئه‌و خه‌یاڵه، كه هیچ هێزێك نییه له دابه‌شكردن و تێكه‌ڵكردنی ئه‌و ڕه‌نگانه‌دا سه‌ركه‌وتووبێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌لیقه‌و ئاره‌زوویه‌كی باشت له دیقه‌تدانی تابلۆكه هه‌بێ، ئه‌وا هه‌ڵبه‌ت ئه‌شتوانی تێبگه‌ی من باسی چ ڕهنگێكت بۆ ئه‌كه‌م. ڕه‌نگی توڕه‌بوونی خودا.
*** ***
سه‌رده‌مانێك هیچ كوچه‌یه‌كی ئه‌م شاره نه‌مابوو به نیگاره‌كانی من نه‌ڕازابێته‌وه. هیچ ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرس و ئاغایایهك نه‌مابوو تابلۆیه‌كی منی تیا هه‌ڵنه‌واسرابێ و له دانیشتنی به‌كۆمه‌ڵی دیوه‌خاناندا جێگه‌ی مشتومڕو گهرمهباسی نه‌بێ. هیچ شوێنێك نه‌مابوو ده‌ستی من و ڕه‌نگی من و بۆنی منی تیانه‌بێ و ساردی مه‌رگی منی پێینهگهشتبێ. ته‌نانه‌ت مه‌لای مزگه‌وتی گه‌وره‌ش ڕه‌وایه‌تی به خۆی دابوو، له‌وه‌ی یه‌كێ له تابلۆ زۆر سهیروسهرمهرهكانم له میحرابی مزگه‌وته‌كه‌یدا هه‌ڵبواسێ، ئینجا هاتبوو یهكدوو ئایه‌تێكی قورعان و چه‌ند حه‌دیسێكی پێغه‌مبه‌ری له كتێبه تۆزگرتووهكاندا بۆ دۆزیبووه‌وه، به‌وه‌ش خۆی له گلله‌یی و گازنده‌ی ئه‌هلی جه‌ماعه‌ت قوتار كردبوو و كه‌س نه‌یده‌پرسی: ئاخر كو ده‌بی وێنه‌ی كچهكی نیوه‌ڕووتی پێست ئه‌سمه‌ر، له ده‌ركه‌ی به‌هه‌شتی ڕاوه‌ستاو، له‌نێو ماری خودای هه‌ڵواسرێ؟ هه‌روه‌ك كه‌سیش نه‌بوو بڵێ: ئه‌مه كاری گاورانه و نه‌بووه و نابێ..
بیرمدێ به جیا له عاده‌تی ئاسایی خۆم، له گۆشه‌ی لای چه‌پی خواره‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیه‌وه به خه‌تێك، كه بۆنی عاجزییهكی تیژی لێئه‌هات، نووسیبووم: “فریشه‌ی خودا یان یاسه‌مین..” نازانم تابلۆكه شتێكی ئه‌وتۆ بوو، هه‌ركه‌سه‌و به پێی ئاره‌زووی خۆی ئه‌یتوانی بیری لێبكاته‌وه. نهێنی ئه‌و تابلۆیه له‌وێوه ده‌ست پێئه‌كات، كه ئه‌وه‌تا ئێستا من ئه‌توانم بڵێم: كچه‌كه كڕنوشی بۆ مه‌رگ بردبوو، ئه‌مه‌ش به‌وپێیه‌ی كه خاڵی كۆتاییم له‌سه‌ر دواڕسته‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانم دانا، ڕێك ئه‌و ڕۆژه بوو، كه بۆ یه‌كه‌مجار بیرم له‌وه كرده‌وه سكێچێكی خۆم بكێشم. نه‌فره‌ت له هه‌موو ڕۆژێكی ئاوا.. باشه؟ ڕۆژی له‌و نه‌زمه ته‌واو چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێ، ئاخر هه‌موو كه‌سێك، كه دێته دنیاوه تاقه ڕۆژێكی له‌و جۆره‌ی له ژیاندا هه‌یه، تاقه ڕۆژێك و به‌س. هه‌موو مرۆڤێك كه له دایك ئه‌بێ، بۆ ته‌نیا ڕۆژێك له دایك ده‌بێ و ته‌واو. ئه‌ركی هه‌موومان، هه‌موو ئاوات و تهماكان له ته‌نیا ڕۆژێكدا دێن و ده‌گه‌نه چڵه‌پۆپه و كۆتاییان دێ، ئه‌وجا نهێنی ئه‌وه‌ی كه گوایه مرۆڤ له سه‌ره‌مه‌رگدا ئه‌گه‌ر عومری نوحیش ژیابێ، هه‌ر به چركه‌یه‌كی ئه‌زانێ، ئه‌مه‌ش ئه‌و تێڕوانینه‌یه، كه به‌ڵێ وایه ئێمه ته‌نیا بۆ ڕۆژێك ده‌ژین، به‌ڵام تا لێواری مه‌رگ پێینازانین. بۆیه من هه‌میشه له ڕۆژگار ترساوم، چونكه ده‌زانم به درێژایی عومرێكی ئاوا، ته‌نها ڕۆژێك بۆی هه‌یه هه‌موو شتێكم سه‌رله‌به‌ر پێتێكبدا. نا نا.. تكایه وه‌ك پێموتن به ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و كورتبینی تێمه‌گه‌ن و به كابرایه‌كی ناته‌واوم له‌قه‌ڵه‌م مه‌ده‌ن، چونكه قه‌ده‌ری سه‌رانسه‌ر مرۆڤایه‌تی كوشته‌ی سیحری ته‌نها ڕۆژێكه، بێئه‌وه‌ی بمانه‌وێ، ئه‌و دێت.. ئه‌رێ دێت و ناشهێڵی مه‌راقی دواقسهمان له دڵ ده‌رچێ. وه‌خ له مه‌راقی دڵ.
من بیر له‌وه ئه‌كه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌رگ گه‌شته به‌رده‌م ژووره‌كه‌م، پێش ئه‌وه‌ی بێته ئه‌مدیوی ده‌رگاوه، پێیئه‌ڵێم: دێزه‌ی نابووت، ڕووخسه‌ت بفه‌رموو تا دوا مه‌سیج بۆ كچه‌ی ناو ڕۆحم بنێرم.
ئێستا هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا پێكه‌نین ئه‌مگرێ. ماسولكه‌كانم خاو ئه‌بنه‌وه. وه‌خته ئهپچڕێم، پێكه‌نینه‌كه هێشتا ته‌واو نه‌بووه، دوو دڵۆپ فرمێسك چاوم ته‌ڕ ئه‌كه‌ن، چونكه بێده‌سه‌ڵاتی خۆمم بۆ ئیسپات ئه‌بێ، من ئه‌مه‌وێ خۆم له‌وه نهبانكهم، كه ئیتر ئه‌وه‌تا، ئه‌وه ڕۆژی مه‌رگه‌و عیزارئیل وا به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه.
ته‌واو، وا ئێستا هه‌موو شتێك كۆتایی دێ. دوافڵچه له‌سه‌ر ڕه‌نگی ڕه‌ش هه‌ڵده‌گرم و له‌سه‌ر سكێچی ئه‌و تابلۆیه‌ی داده‌نێم. نه‌ختێكی تر، به‌ر له ته‌واوكردنی دهیشكێنم و فڕێی ده‌ده‌م. تابلۆیه‌كی شووم، هه‌موو شتێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كۆتایی دێ، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی گه‌وره‌ترین پرسیاره‌كانی وجود، پرسیاره گرانه‌كان و هه‌موو شتێكی تریش كۆتاییان دێ، تابلۆكه و من و یاسه‌مینیش.
*** ***
چرك.. چرك..چرك. له ده‌نگی سه‌عاته‌كان ئه‌ترسێم، چونكه ده‌مباته‌وه به‌رده‌م ده‌رگای پرسیارێك، كه ئێجگار زووه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه. هه‌نووكه شه‌وه، باشتروایه دوانزه چاره‌ك كه‌م بێ، به‌ڵام نا..نا من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانم پێتبڵێم سه‌عات چه‌ن بێ باشه، چونكه ئه‌وه‌تا خۆر ورده‌ورده له زه‌رده‌ی ئاوابووندا خۆی ئه‌شارێته‌وه.. بۆیه خوێندنه‌وه‌ی سه‌عات له ئێوارانی ئه‌م شاره‌دا ئیشێكی ئێجگار خراپه، سیمای ئه‌و له‌هی بهدقومێكی ته‌واو ئه‌چێ.
ببه‌خشن ئه‌زانم به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه بێسه‌روبه‌ره‌ی مه‌رگه‌وه سه‌رقاڵم كردن. ببوورن له‌وه‌ی سه‌رقاڵم كردن و هیچم له بارگرانیتان كه‌م نه‌كرده‌وه. دڵنیام هێنده‌ی تر عهزێتمداون، به‌ڵام ئه‌و غه‌ریزه كوشنده‌یه‌ی ساڵانێك له ڕۆحما خۆی شاردبۆوه و ببووه دنیایه‌ك عه‌زاب، وادواجار به‌سه‌ر ئێوه‌شدا بهشیمهوه.
چه‌ن خۆپه‌رستانه‌یه ئه‌م قسه‌یه؟
چه‌ن سه‌قه‌ته ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه؟
مه‌رگ له پای چی؟
وای كه پیسه ئه‌م پرسیاره..
*** ***
دوێ شه‌و تابلۆ ته‌واو نهبووهكهم هاته خه‌وم. ڕێك ته‌بیعه‌تی مه‌رگی گرتبوو، چونكه دوای ئه‌وه‌ی پێیوتم: عه‌زیزم وا له خۆت مه‌كه، عومرت خه‌سار مه‌كه.. ئیتر لای لێنهكردمهوهو نه‌یهێشت ئه‌و پرسیاره‌ی لێبكه‌م، كه ده‌بوو بمكردبایه.
ئیعتیرافێك بۆ تۆ:
ئێستا ده‌ردێكی ترم هه‌یه..
بێز له هه‌موو شتێك ئه‌كه‌مه‌وه.
هێڵنجم دێ، بۆنی مه‌رگی پێوه‌یه..
* كفری: شارێكی دێرینی ناوچه‌ی گه‌رمیانی كوردستانی باشووره.
* تهقاڵتوو: یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شاری كفری.
تێبینی/ – ئه‌م چیرۆكه به‌شداری (13)مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژی كردووه.
– له گۆڤاری (مه‌ڵۆ)یش بڵاوبۆته‌وه.
ئاری عوسمان خه‌یات
arikhayat@yahoo.com