
دره‌ختێك له‌باوه‌شی نه‌گرتم
وه‌ك زۆربه‌ی ئێوارانی وه‌رزی هاوین به‌نێو شه‌نگه بییه‌كانی خوار ماڵان و به‌نێو شه‌به‌نگی ره‌نگێكی كه‌سك هه‌نگاوم به‌ره‌و رووبار ده‌نا، ئه‌و رێچكه باریكهم ده‌گرت كه ده‌یگه‌یاندمه ئه‌وێ. ئه‌و توله رێیه‌ی له چوار ڕییانهكه جیاده‌بووه‌وه و به رووباری ده‌گه‌یاندم چناره به‌رزه‌كان له‌خۆدا ونیان ده‌كرد.. تا ده‌گه‌یشتمه سه‌ر رووبار ده‌ستم به خوناوی سه‌ر لاسكه گیاكان ده‌شووشت. بهههڵبهزینهوه و نهرمهغارێك هه‌نگاوم به‌ره‌و پێش ده‌نا. كاله‌كه‌م نوقمی ئه‌و نه‌رمه خۆڵه ده‌بوو، كه رێبواران وه‌ك ئارد هاڕیبوویان. ئه‌و نه‌رمه غاره له‌سه‌مای ده‌كرد.. سهمایهك له جیهانی ته‌نهای خۆیدا، جارجار فیكه‌یه‌ك له‌ده‌مم ده‌رده‌چوو، وام هه‌ست ده‌كرد هه‌زاران گوێ لێم وه‌رده‌گرنه‌وه و هه‌زاران رۆحی نادیار سه‌دا ده‌ده‌نه‌وه… ناو به ناویش پۆله په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك تیژ و نه‌وی به سه‌مایه‌كی نیوه بازنه‌یی به‌ده‌وری سه‌رم خولیان ده‌خوارد. ئه‌م توله رێیه‌ی ده‌یگه‌یاندمه سه‌ر رووباره‌كه، زنارێكی ناو رێگا خواری كردبووه‌وه، بهپێچكردنهوهیهك تا ناوقه‌دم بزرده‌بوو، كه دوا كه‌وانه‌ی سه‌ریشم ته‌واو ون ده‌بوو، رووباره‌كه له‌ڕێی شهپۆلهكانییهوه باڵێكی بۆ بهرزدهكردمهوه و پێده‌چوو ئه‌مه‌ی بۆ شكاندنی تۆقی تهنیاییهكهم بێت…هه‌رچه‌ند نزیكتر ده‌بوومه‌وه هه‌ستم به قه‌ره‌باڵغییه‌كی زیاتر ده‌كرد، حه‌زمده‌كرد وه‌ك ئه‌و مۆسیقاژه‌نه ته‌نیایه‌ی ئێواران بم ، كه هێدی هێدی ده‌هات ئاوازی لهشهپۆلهكان وه‌رده‌گرت و كۆڵانی پڕدهكردین له هاژه‌هاژی رووبار. یان وه‌ك به‌یبونی نیگاركێشبم، كه خاڵی خاڵی ده‌هات و پڕ بهههگبهكهی ره‌نگی له رووبار وه‌رده‌گرت… ئای چۆن ده‌یتوانی ئه‌م هه‌موو ره‌نگه له تابلۆیه‌ك ئاوێته بكات؟، بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگێك كار له‌شێوانی ره‌نگێكی دی بكات یان باڵاتر به‌دیار بكه‌وێت.
ئه‌م هاتنه‌م بڕیارێكی پێشوه‌خته نه‌بوو تا هانم بدات و سوورم بكات له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌وێ، به‌ڵكو پیاسه‌یه‌كی ئاسایی بوو بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئاره‌زوویێك… یان ره‌نگبێ ئاسكی حه‌زێك فریوی دابم و حه‌زبكه‌م شوێنپێیه‌كانی هه‌ڵبگرم یان ده‌ستگیری بكه‌م… به‌چه‌ند هه‌نگاوێك له‌و دیو گاشه‌به‌رده‌كانی قه‌راغ رووبار، گردێك ده‌كه‌وته پێشمه‌وه، كه وه‌ك لا مه‌مكی ژنێكی گه‌ڕاوه ده‌ینواند و دره‌ختێكی تاقانه‌ی له‌سه‌ر رووابوو، هه‌ر گه‌ڵایه‌كی ناوێكی پێوه‌بوو… سه‌یر له‌وه‌دابوو ناوه‌كانی هه‌مووی نێرینه‌بوون، ناوی مێینهیێَك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌كی تۆمارنه‌كرابوو، هه‌ستم پێی ده‌گوتم: تۆبڵێی ده‌ستێك هه‌بێت له‌نووسینی سهرگهڵاكاندا كه ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی نه‌ناسیبێ یان به‌هیچی نه‌زانیبێ؟ یان ئه‌م دره‌خته كچێك به‌لایدا گوزه‌ری نه‌كردبێ!!؟ تا ئه‌و ده‌مه زۆر ئاسایی بووم، بۆیه به‌هێوری ده‌گه‌ڕام به‌دوای ناوی یه‌كێك كه ناوی گوڵێكی له‌خۆگرتبێ، وه‌ك گوڵه‌ندام یان گوڵخاتر یان گوڵه‌باخ یان گوڵیزار.. به‌داخه‌وه ناوه‌كان نێرن هه‌ر گه‌ڵایه‌و مۆركی یهكێكیانی پێوه‌یه . ئاخر سه‌یره ناوی وای تێدایه كه‌سێتییه‌كه‌ی پولێك ناهێنێ، كه‌چی ناوی شێره‌ژنێكی وه‌ك شیلان سۆرانی تێدا نیه، كه دوژمنه‌كانی به به‌كری به‌كرێگیراو دهرمانخواردیانكرد، چونكه له‌هه‌موو هۆزه‌كه‌یان زیاتر حیسابیان بۆ ئه‌و ده‌كرد .. ئه‌ی وه‌نه‌وشه‌ی پارێزه‌ر كچه‌كه‌ی حاجی مه‌لاوسو بۆ ناڵێی هه‌ر ئه‌و نه‌بوو كه‌یسی كوشتنی شیلان خانمی گه‌یانده دادگا و بكوژه‌كانی له به‌ندیخانه قایمكرد.. یان بۆ شلێركاكهبایز ناڵێی ئه‌ی ئه‌و یه‌كه‌م كچ نه‌بوو هاته سه‌ر شانۆ و شه‌ڕی دابه ناشیرینه‌كانی كۆمه‌ڵگای كرد.؟
له‌ساتی تاسان و واق وڕمانم به‌رانبه‌ر به پرسیاره زۆره‌كان ، تارمایی پیرێكی گۆچان به‌ده‌ست، ورده‌ورده له‌نێو په‌رده‌یێكی لێڵ ده‌هاته‌ده‌ر و به‌ره‌و پێش ده‌هات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دواوه‌ی نایلۆنێك خۆی حه‌شاردابێ یان له‌نێو ته‌مێكی شین بێته‌ده‌ر به هه‌نگاوی سست به‌ره‌و پیرم ده‌هات، ئه‌و پیرێكی نورانی سه‌روڕیش تێكهه‌ڵی سه‌رتاپا سپی بوو.. سپی وه‌ك په‌ڕه‌ی په‌ڕاوی وێنه‌كانم، له‌نێو ئه‌و هه‌موو سپیایهتییهدا چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی قاوه‌یی و بۆر بهحهشاردراوی گوزارشتیان له روخساری ده‌كرد… روخسارێكی خه‌مگین، ته‌واو له‌و روخسارانه ده‌چوو، كه جاروبار مامۆستا هێمنی ئارت ناچاری ده‌كردین، وێنه‌یه‌ك له په‌ڕاوی وێنه‌كاندا بكێشین، منیش هه‌ر ئه‌م وێنه‌یه ده‌زانم بكێشم، كه له‌م ئه‌تمۆسفێره شینه‌دا كه‌سێك به روخسارێكی ته‌ڵخ به‌رانبه‌رم وه‌ستاوه و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵم بدوێت… له‌وێ له‌م قه‌راغ چه‌مه‌دا هاڵاوێك هه‌ڵده‌ستا، نه‌مده‌زانی له زه‌وییه‌وه هه‌ڵده‌ستێ یان وه‌ك شنه‌ی( با) له‌لایه‌كه‌وه هه‌ڵیكردووه و نه‌وازش له‌گه‌ڵ ریشه درێژه تاسه‌ر سنگ هاتووه‌كه‌ی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنیدا بۆنێك بهبادهكات له بۆنی مقهبایهكی كۆن ده‌چێت، كه له عه‌مبارێكی شێ‌دار هه‌ڵگیرابێت.. له‌گه‌ڵ راوه‌شاندنی شاقه‌لی كراسه درێژه عارهبییهكهی په‌لكه داره‌كان ده‌شنانه‌وه، ناوه‌كان به‌ئاشكرا دیاردهكهوتن ، خوازیاربووم ناوێك ببینم گوزارشت بێت له ناوی مێینهیێَك … له ته‌واوی باڵه‌كانی دره‌خته‌كه‌م رووانی، به‌خێرایی بروسكه چاوه‌كانم به‌ڕاست و چه‌پی قهدهكاندا خشاند له ره‌نگه تێكههڵهكانی په‌لكه‌كان وردبوومه‌وه، بێهوده ناوێكی مێیینه‌م نه‌دۆزیه‌وه.
پیره پیاو: ئه‌ی ئاده‌می چیتر مه‌گه‌ڕێ… ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا هاتووی بۆت مه‌یسه‌ر نابێت.. ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا هاتووی گوناهێكی گه‌وره‌یه، ره‌نگبێ هۆزه‌كه‌ت ئه‌وه‌ت لێ قه‌بوول نه‌كه‌ن .. ئه‌وه‌ی تۆی به‌دوادا ده‌گه‌ڕێی شانازی هۆزه‌كه‌ت له‌كه‌دارده‌كات. رووی سووریا‌ن بۆ ناهێڵێته‌وه. ئه‌وه‌ش بزانه ره‌نگه ناوێك گه‌ر به‌هه‌ڵه له‌سه‌ر پهلكێك تۆماربكرێ دوورنیه ره‌شه‌با ره‌گه‌كانی هه‌ڵكێشێ، تۆ به چ ئه‌قڵێك به‌دوای تۆماری ناوی مێینه كه‌وتووی تا پیره‌دارێك بتوانێٍ ناوه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێ .
بۆ یه‌كه‌مجار گۆچانه‌كه‌ی نێوده‌ستی هه‌ڵبڕی و تاڕاستی كه‌مه‌ری به‌رزیكرده‌وه له‌جیاتی به‌ده‌ست ئاماژه‌یه‌ك بۆ دره‌خته‌كه بكات، گۆچانه‌كه‌ی به‌كارهێنا: تا ئێستا كه‌س ته‌مه‌نی ئه‌م دره‌خته نازانێ، وه‌لێ ئه‌وه‌ی لێی ده‌زانن ئه‌وه‌یه ئه‌م دره‌خته جاران ئه‌وه‌نده به لقوپۆپ نه‌بوو ئه‌وه‌نده پهلكهی له‌خۆ بارنهكردبوون…په‌لكه‌كان هه‌مووی له‌چه‌ند ره‌نگێك پێكده‌هاتن، كه‌چی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌رچاومانه و ده‌یبینی هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه و به‌رچاوت كه‌وتووه له په‌لكه‌كان به‌رجه‌سته‌بوون.
زۆر به‌ترسه‌وه لێم ده‌ڕوانی، ته‌نها بۆجارێك له‌چاوه‌كانی وردبوومه‌وه خه‌ریكبوو ببورێمه‌وه، دووچاوی قووڵ، وه‌ك دوو مۆمی زه‌یتونی كزكز ده‌سووتان، ده‌نگه‌كه‌شی وه‌ك ده‌نگی ئاسایی ئێمه نه‌بوو .. هه‌ستم پێی ده‌گوتم: له‌پشت گرده‌كه‌وه یه‌كێك ده‌دوێ و به‌و پیاوه‌ی ده‌رده‌بڕێ.. له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه سستهكانیشیدا كه به‌ره‌ولام ده‌هات، هه‌ستم ده‌كرد یه‌كێك به‌توندی پاڵم پێوه‌ده‌نێ. فشارم ده‌خاته سه‌ر سنگ و ده‌یه‌وێ قرتقرتۆكم بگرێت‌و بمخنكێنێ، ده‌مه‌ویست رابكه‌م ، كه‌چی قاچه‌كانم له‌نێو پارچه‌یه‌ك زه‌وی قورقوشمین پاوانهكرابوون… ده‌شترسام هاواربكه‌م و ئه‌و له‌و ترسه‌م وهئاگابێنم و نیازپاكیهكهی به‌دیوه‌كه‌ی تر وه‌رچه‌رخێ و هیچ چاره و ئومێدێكم له‌و كایه شینباوهدا نه‌مێنێ.. تا زیاتر ده‌مامه‌وه زیاتر تینم بۆ ده‌هات، گڕه زهیتوونییهكهی ناو چاوه‌كانی هه‌روا بلێسهیان ده‌دا، تا نزیكتر ده‌كه‌وته‌وه گه‌رمایی له‌شم پتر ده‌بوو، ده‌ترسام ئه‌و گڕه بمسوتێنێ، به‌ته‌واوی شڵاڵی نێو ئاره‌قه ببووم، خه‌ریك بوو هۆش له‌ده‌ست بده‌م و ئه‌ژنۆكانم كه‌وتبوونه له‌رزین، تاكه ئومێد هاواركردن بوو، بۆیه ناچار پڕ به گه‌رووم هاوارم كرد، دایه.. دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌م هاواركردنهم سه‌رم له بالیفه‌كه راست ببووه‌وه و ئه‌و ده‌مه‌ی وهئاگاهاتم و به‌ته‌واوی هاتبوومهوهسهرخۆم، سه‌رم له‌سه‌ر كۆشی خوشكه گه‌وره‌كه‌م بوو، تازه له‌رز بهریدابووم، به‌ڵام ته‌واو نغرۆی نێو ئارهقهببووم، وڕێنهكانیشم ببوونه مایه‌ی خه‌فه‌ت بۆ خوشكه‌كه‌م. تنۆكه فرمێسكه‌كانی به‌ر روخسارم كه‌وتبوون، ئه‌وه‌نده به‌گه‌رمی له‌باوه‌شی گرتبووم هێدی هێدی فێنكی ده‌كردمه‌وه، فرمێسكه‌كانی زیاتر ئاگاداریان كردمه‌وه، كه به‌شی ئێمه هه‌ر فرمێسك رشتنه ..هه‌ر په‌راوێزخستنه.. نه‌موێرا خه‌ونه‌كه‌ی بۆ باس بكه‌م نه‌بادا ئه‌ویش رقی توندتربێت به‌رانبه‌ر به ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر، ئاخر ئه‌و دهزگیرانداربوو.. ئه‌وه‌نده هۆگری ده‌زگیرانه‌كه‌ی بوو هه‌میشه ناوی له‌سه‌ر زار بوو، شانازی پێوه‌ده‌كرد كه پیاوێكه له كۆژانی ژنان تێده‌گات.!!
1\11\2010 رواندز
حه‌سه‌ن مسته‌فا
r.hassan28@yahoo.com