Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
چیرۆک …. چاو سه‌وزه‌که‌م…..   فاروق هۆمه‌ر

چیرۆک …. چاو سه‌وزه‌که‌م….. فاروق هۆمه‌ر

Closed
by March 2, 2008 ئەدەب

به‌ر له‌ ڕوداوه‌که‌ به‌ ماوه‌یه‌کی زۆر، به‌ دایکم گووت.. هه‌موویم پێگووت . زۆر به‌ شێنه‌یی و له‌سه‌رخۆ، هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ دڵما بوو، بۆم هه‌ڵڕشت .
( دایه‌ .. ئه‌ی دایه‌ی گیانو دڵم . شتێک هه‌یه‌ له‌ دڵما په‌نگ ده‌خواته‌وه‌ ) .
 ( ده‌ی بینایی و هه‌ردوو دییه‌م پێم بڵێ، ئه‌و شته‌ چییه‌ له‌ دڵتا دێتو ده‌چێتو
  ئۆقره‌ی لێهه‌ڵگرتوویت ) .
کچه‌که‌م گه‌وره‌ بووه‌ و فێر بووه‌ شته‌کانیم بۆ ده‌گێرێته‌وه‌، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌وه‌ هه‌رچی به‌ چاوه‌کانی دیتوه‌ بۆم باسده‌کات، ده‌رباره‌ی هه‌موو کوڕه‌کانی ده‌ور و به‌ر قسه‌م بۆ ده‌کات و پێمده‌ڵێت، کامیان به‌ جۆرێک ته‌ماشای کردووه‌ و کامیان باوه‌شی کردووه‌ و چی لێره‌ و له‌وێ ده‌گوزه‌رێت .
( دایه‌، باوکم خراپ لێم ده‌ڕوانێت …… )
( دایه‌، له‌ سنگو مه‌مکم ورد ده‌بێته‌وه‌ و چاوه‌کانیم تێده‌بڕێت ) .
( دایه‌ گیان، ئه‌ی دوا ده‌ره‌تان و دۆستی به‌ وه‌فای من . نازانم چی ده‌گوزه‌رێت و
 چۆن گوزارا له‌و شتانه‌ بکه‌م که‌ له‌ ناوه‌وه‌ی ناوه‌، بۆ خۆشم نازانم ته‌واوێک له‌
 کوێ خۆیان حه‌شار داوه‌ و پێکدا هه‌ڵده‌پرژێن )
 ( دایه‌، باوکم بۆم پێده‌که‌نێت ….. )

( کچه‌ وردیله‌که‌م، چاو سه‌وز و قژ درێژه‌که‌م … )
کچان هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ نه‌گبه‌تیان له‌ چاره‌دا نوسراوه‌ . دایکم وایگووتو داوای لێکردم .
به‌ کچه‌که‌مم  گووت :‌
 ( ده‌بێت سنگو مه‌مکت جوان داپۆشیت، جوان دانیشیت ونه‌هێڵیت لنگه‌کانت
   لێک بترازێن )  .
له‌و ده‌مه‌وه‌ چاوه‌کانم له‌سه‌ر لنگه‌کانم هه‌ڵنه‌گرتوه‌، دایه‌ ئه‌ی گشت که‌سی من، به‌رده‌وام ئاگام له‌ لنگه‌کانمه‌ . ناهێڵم لێک بترازێن . هیچ مه‌ترسێ و خه‌مت نه‌بێت
 دایه‌، ناهێڵم هیچ نیگایه‌ک به‌ره‌و ئه‌وێ تێپه‌ڕێت . به‌ دایکم گووت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌م پێگووت که‌ چۆن له‌ ڕێی چوون بۆ قوتابخانه‌ سه‌رم دائه‌نوێنمو له‌ هیچ شتێک
ناڕوانم، ته‌نانه‌ت له‌ ڕێگاکه‌ش . کچه‌که‌م باسی هه‌موو ئه‌و کوڕانه‌ی بۆ ده‌گێڕامه‌وه
 که‌ گۆرانیان به‌ قه‌د و باڵا و چاوه‌ سه‌وزه‌کانیا هه‌ڵداوه‌ .
دایکم  به‌ سیمای زه‌رد و ترساوی به‌رده‌وام سه‌ری به‌سه‌ر به‌رماڵه‌که‌یدا شۆر
کردۆته‌وه‌ و خه‌ریکی بانگ وسه‌ڵایه‌ .
باوکم ده‌ڵێت ئه‌وه‌ که‌ی ژنه‌ هه‌ر خه‌ریکی نوکه‌ نوکه‌ .
 ( دایه‌، من بانگت ده‌که‌م بۆ گوێت لێم نییه‌ . ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ کوره‌که‌ی باجی تووبا پێیگووتم که‌ ده‌بێته‌ قوربانی قژه‌ کاڵه‌که‌م ) .
 
( دایه‌، ئه‌ی دۆست و خۆشه‌ویستی من، لای که‌س باسی ناکه‌یت،ئه‌مڕۆ مامۆستا پیاوه‌که‌مان که‌ وانه‌ی ڕه‌وشتو ماڵداریمان پێده‌ڵێته‌وه‌، ده‌ستی هێنا به‌ قژما و پێی گووتم که‌ من زیره‌کترین قوتابی ئه‌وم له‌ ماڵدارییا ) .
کچه‌که‌م باسی ئه‌و کوڕه‌ی بۆ گێرامه‌وه‌ که‌ هه‌موو ڕۆژێک تا به‌ر ده‌رگای
 ماڵه‌وه‌، شوێن پێی هه‌ڵده‌گرێت و چاوه‌کانی پڕن له‌ گریان . ئه‌و کوڕه‌ی شوێنی ده‌که‌وێت و ماوه‌یه‌کی درێژه‌، گه‌لێک درێژه‌ هیچی پێناڵێت .
بۆ دایکم باس کرد که‌ چۆن ئه‌و کوڕه‌ له‌ دوام دێت و له‌ دوام ده‌ڕوا، بێ ئه‌وه‌ی
 هیچ بڵێ، جێم ده‌هێڵێت . دایه‌ لێت ناشارمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک نه‌یبینم هه‌ست ده‌که‌م دونیا له‌ پێش چاوما هیچ و تاریکه‌ . ئه‌و ڕۆژه‌م لا ژه‌هری ماره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ست
 نه‌که‌م، هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و شوێن هه‌نگاوه‌کانم که‌وتووه‌ . خواردنم ده‌رده‌، بیناییم لێڵه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک ئه‌و پاسه‌ی ده‌مگه‌ینێته‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌وی تیا نه‌بێت و له‌ به‌رانبه‌رما دانه‌نیشت بێت . دایه‌ چاوه‌کانی پڕن له‌ گریان .. پڕن له‌ خۆشه‌ویستی .. پڕن له‌ سۆز و وه‌فا . پڕن .. پڕن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ من لێیان تێناگه‌م .
کچه‌که‌م پێی وایه‌ چاوه‌کانی ئه‌و کوڕه‌ پڕن له‌ سۆز و وه‌فا .
ئه‌و ڕۆژه‌ کچه‌که‌م شتێکی بۆ گێرامه‌وه‌،ته‌واو دایچڵه‌کاندم . گیانم پڕ بوو له‌ ترس و تۆقین . دایکم به‌ دڵێکی سارده‌وه‌ هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و که‌وته‌ ووشکردنه‌وه‌ی فرمێسکه‌کانی .
نازانم کچه‌که‌م، ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ من ده‌یبینم، یان حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌ .

ئه‌وه‌ تۆ ده‌ڵێیت چی دایه‌ . ئه‌وه‌ی بۆم گێرایته‌وه‌، نه‌ خه‌ونه‌ و نه‌ حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌ .
ئه‌وه‌ هه‌ر له‌م ماڵه‌دا و لێره‌ ڕوو ده‌دات . به‌ڵی لێره‌ و به‌ دزی تۆوه‌ . نه‌ک هه‌ر به‌ دزی تۆوه‌ به‌ڵکو به‌ دزی هه‌موو دونیاوه‌ .
ئه‌و گووتی له‌ کاته‌ ناخافڵه‌کاندا، باوکی دێتو له‌ پشتی ڕاده‌وه‌ستێت . ئه‌و گووتی ئه‌وه‌ باوکمه‌ و که‌سێکی تر نییه‌، له‌ پشتمه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و ده‌ستی ده‌هێنێت به‌ قژما و تا خواره‌وه‌ ده‌ڕوات .
دایه‌ چۆنت پێده‌ڵێم وا لێمی وه‌رگره‌، ده‌ستی ده‌بات، بۆ کوێی بوێت ده‌ستی ده‌بات .
دایه‌ من نازانم بۆچی باوکم له‌ پشتمه‌وه‌ راده‌وه‌ستێت .
ڕۆڵه‌ چیت پێ بڵێم . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی . .
باوکم له‌ پشتمه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێتو خۆیم تێ هه‌ڵده‌سوێت .
چیت پێ بڵێم بینایی چاوانم  .. چی …
دایکم له‌وێدا ده‌وستێت وهیچی نییه‌ پێم بڵێت، ئیدی ده‌گری، ده‌گری و فرمێسکه‌کان
 دێنه‌ خوارێ . من هه‌ست ده‌که‌م، هه‌موو ئه‌وانه‌ی کچه‌که‌م بۆمی ده‌گێڕێته‌وه‌
خه‌ونێک بێتو هیچی دی .
دایه‌ بۆچی باوکم ئه‌وه‌نده‌ له‌ پشتی منه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێت ؟.
دایه‌ ئه‌ی چاوه‌ سه‌وزه‌کانم، چیت بۆ بگێڕمه‌وه‌، ئیدی زمان ناتوانێت باس له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بکات که‌ له‌م ماڵه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت . دایه‌ ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، ئه‌وه‌ی له‌

نێوان من و باوکمایه وه‌ک ئه‌و شتانه‌ وان که‌ له‌ نێوان من و هه‌موو کوره‌کانی دیدا ڕوو ده‌دات . دایه‌ ئه‌ی خه‌نده‌ و بزه‌ی سه‌ر لێوانم، باوکم پێم ده‌ڵێت ئیدی شته‌کان بۆ که‌س مه‌گێره‌وه‌ .
مرۆڤ ده‌بێت شته‌کان له‌ ناخی خۆیدا هه‌ڵگرێت و، هیچ هه‌ر هیچ شتێک، بۆ که‌س هه‌ر بۆ که‌س، هیچ که‌س باس نه‌کا، بێده‌نگ و  بێده‌نگی .
جوانترین شتێک له‌ مرۆڤدا و به‌ تایبه‌تی بۆ ژنان ڕۆڵه‌که‌م بێده‌نگییه‌، له‌ باوکتی وه‌رگره‌ کچه‌که‌م بێده‌نگی جوانترین سروشتی ئینسانه‌ .
دایه‌، باوکم ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر لێم نزیک ده‌بێته‌وه‌ و زیاتر له‌ باوه‌شی خۆیا ده‌مهێڵێته‌وه‌ . ئه‌و باوه‌شم ده‌کاتو پێمده‌ڵێت، ته‌ماشای ئه‌و هه‌موو دره‌ختانه که‌ چۆن سه‌ریان له‌ ئاسمان ناوه‌ و کۆتر و باڵنده‌کانیش لێره‌ و له‌وێ به‌ ئاره‌زوی خۆیان ده‌جریوێنن .
من داوام له‌ کچه‌که‌م کرد که‌ بێده‌نگ بێت و هیچ بۆ که‌س نه‌گێرێته‌وه‌،به‌ تایبه‌تی بۆ دایکی .
 کچه‌که‌م نه‌ک هه‌ر باوکو برا به‌ڵکو ده‌بێت به‌ ئاگا بیت له‌ هه‌موو دونیا .
له‌ هه‌موو پیاوانی دونیا .
له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوو چاویان هه‌یه‌ و ده‌بینن، دوو ده‌ستیان هه‌یه‌ و ده‌یگێڕن .
که‌ شه‌وان ده‌خه‌وتم ده‌ستێک له‌ دوره‌وه‌ زۆر له‌ دوره‌وه‌ ده‌هاتو لێفه‌که‌می ده‌بڕی و خۆی ده‌هاویشته‌ ناو مه‌مکه‌کانمه‌وه‌ و یاریان له‌سه‌ر سنگم ده‌کرد . دایه‌ که‌ ئه‌مه‌ت بۆ

 ده‌گێڕمه‌وه‌ خودا ده‌زانێت چۆن دڵم قوڵپ ده‌دات و خه‌ریکه‌ له‌ قه‌فه‌زه‌ی سنگمه‌وه‌ دێته‌ ده‌رێ . به‌ چاوانی پڕ له‌ ئاوه‌وه‌ ئه‌مه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ . له‌ قوڵایی دڵمه‌وه‌ داوات لێده‌که‌م که‌ باوڕم پێ بکه‌یت .
دایه‌ ئه‌ی میهره‌بانترین دڵو ده‌روون له‌ دونیای مندا، من وامده‌زانی خه‌ون ده‌بینم و شه‌یتانی ده‌بم .
من وامده‌زانی ئه‌و ده‌سته‌، ده‌سته‌کانی کوڕه‌که‌ی باجی تووبان . دایه‌ ڕووم نایه‌
 پێتبڵێم که‌ ئه‌و ده‌ستانه‌ ده‌ستی کێن . ئاخر پێت بڵێم ده‌ستی کێن .
 ڕه‌نگه‌ بڕوام پێنه‌که‌یت . دایه‌ ئه‌و ده‌سته‌  .. ئاخر با پێت نه‌ڵێم .. هه‌ر ئه‌و ده‌ستانه‌ بوون که‌ به قه‌د ژماره‌ی ئه‌ستێره‌کانی ئاسمان، که‌ هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و گه‌ڵایانه‌ی وه‌رزی خه‌زان، لێره‌و له‌وێ .. له‌ ماڵه‌که‌مان و له‌ گه‌ڕه‌که‌که‌مان ده‌وه‌رێنو
‌ ده‌ڕژێن، مه‌مکه‌کانی تۆیان گرتووه‌ . هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دایه‌ . هه‌مان ده‌ست دایه‌ مه‌مکه‌کانی تۆش و مه‌مکه‌کانی منیش ده‌گرێت .
ئه‌و ده‌ستانه‌ دایه‌ .. ده‌سته‌کانی بابه‌یه‌ . شه‌وان که‌ تۆ ده‌نویت دایه‌ ده‌خزێته‌ ناو
 سنگی من و یاری به‌ مه‌مکه‌کانم  ده‌که‌ن دایه‌ .
کچه‌که‌م تا بێت ره‌نگی زه‌رد و زه‌ردتر هه‌ڵده‌گه‌رێت . کچه‌که‌م ئه‌و کچه‌م که‌ هه‌ر ده‌تگووت ماره‌ و گلاراوی گرتووه‌ .. که‌ هه‌ر ده‌تگووت باڵنده‌یه ‌و ئاسمان شه‌ق ده‌کات، نازانم بۆ تا بێت بێده‌نگ و بێده‌نگتر ده‌بێت .. کچه‌که‌م وه‌ره‌ باوه‌شم و تێر سه‌رت بنێ به‌ سنگمه‌وه‌ .

با هه‌ردوکمان پێکه‌وه‌ بگرین دایه‌ .
نازانم بۆ چی ئه‌وه‌نده‌م حه‌ز له‌ گریانه‌ دایه‌ .
کوڕه‌که‌ی باجی تووبا پێمده‌ڵێت ( ئه‌ی چاو سه‌وزی پڕ له‌ ئه‌فسون به‌ حه‌یرانت بم )  .
کوڕه‌کانی دراوسێ پێمده‌ڵێن ( ده‌ک له‌به‌رت مرین، ئه‌ی جوانترین کچی دونیا ) .
( ده‌ک شێت و شه‌یدات بین، ئه‌ی جوانترین چاو سه‌وزی دونیا ) .
دایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ نێوان منو بابه‌دا ڕووده‌دات، له‌ نێوان هیچ کچ و باوکێکدا ڕوو نادات .
کچه‌که‌م داوام لێده‌کات پێکه‌وه‌ بگرین .
کچه‌که‌م وه‌ره‌ بۆ ژوره‌که‌ی من دانیشه‌ . باوکم بانگی کردم بۆ ژوره‌که‌ی و له‌ لای خۆیه‌وه‌ داینیشاندم . ئه‌و کاته‌ که‌س له‌ ماڵ نه‌بوو .
که‌ من له‌ ماڵه‌وه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نیا کچه‌که‌م و باوکی له‌ ماڵه‌وه‌ بوون . مێرده‌که‌م داوای لێکردم بچم بۆ شوێنێک . هه‌ر شوێنێک بێت .
 باوکم داوای لێکردم له‌گه‌ڵیا بخۆمه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی من خواردمه‌وه‌ نازانم چی بوو .
مێرده‌که‌م داوای له‌ کچه‌که‌م کردبوو له‌گه‌ڵی بخواته‌وه‌ .
کچه‌که‌م ئیتر له‌وێدا وه‌ستا، به‌ بیری نایه‌ته‌وه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ چی ڕویداوه‌ .
دایه‌ زوو زوو دڵم تێکه‌ڵ ده‌خوا و ده‌ڕشێمه‌وه‌، خه‌ریکه‌ دڵم ده‌ر‌دێت .
هیچ نییه‌ جه‌رگو هه‌ناوم، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ سه‌رمات بووه‌ .

کوڕه‌که‌ هه‌ر شوێنم ده‌که‌وێتو هیچ ناڵێت، له‌ وێستگه‌ی پاسه‌کان چاوه‌رێم ده‌کات .
 من زۆر جار له‌وێدا به‌ ئاره‌زوو خۆم دوا ده‌خه‌م .
  تا دواین پاسی دوا نیوه‌ڕۆ دێت من له‌ شوێنی خۆم نابزوێم .
ئه‌ویش له‌ وێستگه‌که‌دا له‌گه‌ڵم ده‌مێنێته‌وه‌ . تا دواین قوتابی ناو وێستگه‌که‌ و
به‌ڵکو تا دواین قوتابی به‌ شه‌قامو کۆڵانه‌کانه‌وه‌ مابێت، من ناجوڵێم .
 ئه‌ویش ناجوڵێت .
ده‌ی خودایه‌ به‌ڵکو شتێکم پێ بڵێت . ده‌ی بدوێ .. ئه‌ی خۆشه‌ویشتی من شتێکم پێ بڵێ .. وا دیاره‌ به‌رد بدوێت تۆ نادوێیت . ئه‌ویش نا جوڵێت ..
ده‌ شتێ بڵێ پڕوکام .. ده‌ی ئازا به‌و بێ ترسو دڵه‌ ڕاوکێ وه‌ره‌ پێشێ ..
 ده‌ی گوڵی من .. وه‌ره‌ و به‌ ده‌نگی ناسکت، شێتو هارم که‌ و تێر تێر له‌
 باوه‌شتم بگره‌ . وه‌ره‌ و وه‌ک شازاده‌یه‌ک به‌ خۆت و ئه‌سپه‌ شێکه‌ته‌وه‌
له‌م زیندانه‌م هه‌ڵگره‌ و بمبه‌ بۆ چیاکان .. بمبه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که‌ ته‌نیا هه‌ڵۆکان
هێلانه‌ی تیا ده‌که‌ن . ته‌نیا ته‌ماشام ده‌کاتو ڕوانینه‌کانی پڕن له‌ گریان .
ئه‌ی خودایه‌، تۆ بڵێی ئه‌م کوڕی گریانه‌ی من که‌ڕو ڵاڵ نه‌بێت .
وه‌ره‌ و پیم بڵێ خۆشم ده‌وێیت، وه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ خۆتم به‌ره‌ و هه‌ڵم گره‌ .
 له‌گه‌ڵت دێم بۆ هه‌ر شوێنێک تۆ پێت خۆشه‌ .

دێت به‌ڵام هیچ ناڵێت، دێت به‌ڵام چاوه‌کانی پڕن له‌ گریان .
وه‌ره‌ و له‌ جیاتی باوکه‌ ،تۆ له‌ باوه‌شم گره‌ و کۆڵمه‌کانم ماچ که‌ و بیان لێسه‌وه‌ .
دایه‌ گیان، من ئیتر ناچمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، شتێک له‌ هه‌ناومدا ده‌جوڵێت .
کچه‌که‌م، هیچ نییه‌ مه‌ترسێ .. ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ سه‌رمات بووه‌ .
ته‌نیا ئاوێکی تاڵ و تیژ بوو، به‌ هه‌ناوما چووه‌ خوارێ و ئاگری له‌ناو جه‌رگما کرده‌وه‌.
 باوکیشم له‌گه‌ڵما خواردییه‌وه‌ .
وه‌ره‌ باوه‌شم کچه‌که‌م، وه‌ره‌ باوه‌شی باوکه‌ دانیشه‌ .
 من و ئه‌و له‌ باخچه‌که‌ دانیشتبووین .
ئه‌و له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ و منیش له‌ باوه‌شی ئه‌وا دانیشتبووم . ده‌ستی ده‌هێنا به‌
قژما و پێی ده‌گوتم، که‌س هه‌یه‌ له‌ هاوڕێکانت ئاوا له‌ باوه‌شی باوکیاندا دانیشن .
باوکم ده‌یویست بزانێت، کام له‌ هاوڕێکانم له‌ باوه‌شی باوکیاندا داده‌نیشن .
بۆ نا، له‌وانه‌یه‌ هه‌موو باوکه‌کان کچه‌کانیان له‌ باوه‌شیاندا دانێنن .
 به‌ڵام که‌س باسی ناکات .
تۆ بیرت نایه‌ت داوات لێکردم باسی هیچ نه‌که‌م .
کچه‌که‌م شته‌کان بۆ که‌س مه‌گێره‌وه‌، ته‌نانه‌ت بۆ دایکیشت .
ئه‌و له‌ باوه‌شی خۆی دانابووم و لێی ده‌پرسیم حه‌زم له‌ چ باڵنده‌یه‌که‌ .

له‌و کاته‌دا هه‌موو شتێک بێده‌نگ بوو، جار جاره‌ باڵنده‌کان نه‌بێت که‌ بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک دونیایان ده‌خسته‌ نێو جریوه‌ . ده‌نا هیچ ده‌نگێکی دی نه‌بوو .
 حه‌وزه‌که‌مان پڕ بوو له‌ گه‌ڵای ووشک .
دایه‌ زوو زوو دڵم تێکه‌ڵ ده‌خوات و خه‌ریکه‌ ده‌ڕشێمه‌وه‌ .
کچه‌که‌م نازانم چیت پێ بڵێم، به‌ڵام …. . دایکم ئیتر بێ ده‌نگ ده‌بێت .
دایه‌ زۆر ده‌ترسێم، شتێک له‌ هه‌ناوما تا بێت گه‌وره‌ و گه‌وره‌تر ده‌بێت .
مه‌ترسێ بینایی دایه‌ . هیچ نییه‌ ته‌نیا سه‌رمات بووه‌ .
 دایه‌ ئیتر ناچمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ .
کچه‌که‌م ئه‌و به‌یانییه‌ به‌ زۆری من و باوکی چۆوه‌ بۆ قوتابخانه‌ .
به‌یانییه‌ک چوو بۆ قوتابخانه‌و ئیدی نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ . هه‌موو ڕۆژێک له‌ نزیک ده‌رگاکه‌وه‌
 داده‌نیشم و ده‌ڕوانمه‌ دونیا . به‌ڵکو خودایه ‌له‌ ناکاوێک چاو سه‌وزه‌که‌م بێته‌وه‌ .
دایه‌ هه‌موو هاوڕێکانم و خه‌ڵکیش له‌ سکم ده‌ڕوانن .
 پێم بڵێ توخوا سکم بۆ وا به‌رز بۆته‌وه‌ .
بینایی دایه‌، هیچ نییه‌ ته‌نیا سه‌رمات بووه‌ .
زوو زوو دێته‌ خه‌وم و پێم ده‌ڵێت ( سه‌یرم که‌ دایه‌ چۆن خوێنم لێ ده‌تکێ … )
من ئه‌مڕۆ که‌ ئه‌م حیکایه‌ته‌ بۆ تۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ ،ئیدی شتێک نییه‌ لێی بترسێم و

شتێکیش نییه‌ خه‌می لێ بخۆم . دڵنیاشم  که‌ جارێکی دی کچه‌که‌م ناگه‌ڕێته‌وه‌ .
دایه‌ باوکم به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر لێم ده‌ڕوانێت .
 سه‌یر، گه‌لێک سه‌یر له‌ سکم ورد ده‌بێته‌وه‌ .
دایه گیان ده‌ڕۆم ماڵێکی دی ده‌دۆزمه‌وه‌ .. ماڵێک له‌ نزیک هه‌ور .
ژنه‌که‌م وه‌ک جارانی نییه‌، ده‌بزڕکێنێ و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌  قسه‌ ده‌کات .
کچه‌که‌م ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه‌ و باوکیشی خه‌می نییه‌ له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی .
دڵنیام که‌ جارێکی دی قژ کاڵه‌کام ناگه‌ڕێته‌وه‌ . ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ له‌ ماڵ چووه‌ ده‌رێ
 دڵم لێی دابوو که‌ شتێک ڕوو ده‌دات .
له‌ حه‌وشه‌که‌ دانیشتوم و له‌ ڕێگاکه‌ ده‌ڕوانم . حه‌وزه‌که‌ پڕ بووه‌ له‌ گه‌ڵای ووشک . ماڵه‌که‌ بێده‌نگه‌ .. بێده‌نگی له‌ ڕۆحمه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت و ده‌ڕژێته‌ ده‌رێ .
 بێده‌نگی هه‌موو شوێنێکی گرتۆته‌وه‌ .
جار جاره‌ قه‌ڵه‌ره‌شکه‌یه‌ک، له‌ شوێنێکی باخچه‌که‌دا ده‌یقاغاند .
له‌وه‌تی کچه‌که‌م دیار نه‌ماوه‌، ژنه‌که‌شم هۆشی له‌ ده‌ست داوه‌ .
ئه‌مشه‌و کچه‌که‌م هاته‌ خه‌وم و پێی گووتم ئیدی  چاوه‌ڕێی نه‌که‌م .
 دایه‌ چاوه‌ڕێم مه‌که‌، ئیدی من ناگه‌ڕێمه‌وه‌ .
 ڕۆڵه‌که‌م وا مه‌ڵێ من هه‌ر چاوم له‌ ڕێگه‌یه‌ و دڵنیام ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی هه‌ر دێیته‌وه‌ .

دایه‌ باوکم خراپ لێم ده‌ڕوانێت .
 کچه‌که‌م هیچ نییه‌ سه‌رمات بووه‌ .
گوێم له‌ ده‌نگێکه‌ له‌ نزیکمه‌وه‌ بانگم ده‌کات . رامکرده‌ نزیک په‌نجه‌ره‌که‌ و ڕوخسارم
 نا  به‌ شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ و ته‌ماشای ناو تاریکاییه‌که‌م ده‌کرد .
 چاوم له‌ تارماییه‌ک بوو له‌ناو گوڵه‌کاندا ڕاوه‌ستا بوو .
مانگ له‌ناو دره‌خته‌کاندا خۆی شاردبۆوه‌ .
 گوێم له‌ ده‌نگێکه‌، دڵنیام ئه‌وه‌ زرنگانه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌وه‌ ..
ده‌نگی چاو سه‌وزه‌که‌مه‌ .. ئه‌وه‌تا هه‌ستی پێده‌که‌م  .. له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ .. له‌ دوامه‌وه‌ .. له‌ هه‌ر شوێنێک .. له‌ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ڕۆم .. ده‌یبینم له‌ گه‌ڵما هه‌نگاو ده‌نێت .
دایه‌ ناتوانم له‌ناو ئه‌و هه‌موو پیسو پۆخڵیه‌ هه‌ڵکه‌م .
 من تازه‌ گیانم ئاشنای ئازادی بووه‌ .
ده‌مه‌وێت وه‌کو باڵنده‌یه‌ک له‌ شه‌قه‌ی باڵ بده‌م و بفڕم .
ئای کچه‌ ته‌نیا و بێده‌ره‌تانه‌که‌م، تۆ وه‌کو فریشته‌یه‌ک له‌ شه‌قه‌ی باڵت دا و دور که‌وتیته‌وه‌ .
منت له‌ نێو ئه‌م ماڵه‌ نه‌فره‌تیه‌ جێهێشت که‌ دار و په‌ردووی بۆگه‌نیان کردووه‌ .
دایه‌ تازه‌ من کچێکی بێ شانو شکۆم، خوێن له‌ گیانم .. له‌ له‌شم .. له‌ پاشه‌ڵم ده‌چۆڕێته‌وه‌ .

گیانی گیانه‌که‌م، چاو سه‌وزم ته‌نیات کردم . ئیدی ده‌بێت من له‌ نێو ئه‌م
 خامۆشییه‌ بێکۆتاییه‌دا هه‌ڵکه‌مو هه‌ناسه‌ی ته‌نیایی و بێکه‌سی هه‌ڵمژم .
ئه‌وه‌ باوکمه‌ به‌ پاشه‌ڵی پیسه‌وه‌ به‌ لۆژه‌ لۆژ له‌ ژورێکه‌وه‌ ده‌ڕواته‌ ژورێکی دی و له‌ دوای خۆیه‌وه‌ هه‌موو شته‌کان پیس ده‌کات . ده‌ست له‌ هه‌رچییه‌که‌وه‌ بدات بۆنی سه‌گی تۆپیووی لێدێت .
ژنه‌که‌م تازه‌ له‌ ده‌ست ده‌رچوو، ئه‌وه‌ی عه‌قڵ و هۆش بێت تازه‌ له‌ مێشکیدا نه‌ماوه‌ .
دایه‌ بۆ تا بێت سکم به‌رز ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌ی هاوه‌ڵه‌ ئازیز و تاقانه‌که‌م، من ده‌زانم بۆ سکت به‌رز بۆته‌وه‌ .
به‌ په‌له‌ ڕامکرده‌ داڵانه‌که‌، هه‌ستم به‌ خشه‌ خشێک کرد له‌ناو دره‌خته‌کانه‌وه‌ ..
 شوێن خشه‌ خشه‌که‌ که‌وتم . هه‌نگاوێک تا ده‌هات دور ده‌که‌وته‌وه‌ ..
خۆم کرد به‌ ناو باخچه‌که‌دا و هاوارم کرد ..
قژ کاڵه‌که‌م .. چاو سه‌وز .. له‌ تاریکییه‌که‌دا بۆی ده‌گه‌ڕام .
هه‌ستم به‌ بریسکانه‌وه‌ی چاوه‌کانی ده‌کرد … بینیم به‌ره‌و لای من ڕایده‌کرد .
 قژه‌ کاڵه‌که‌ی له‌ ئاسماندا باکه‌ په‌رش و بڵاوی ده‌کرده‌وه‌ . به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ ئاستی من قژه‌ کاڵ و درێژه‌که‌ی شه‌پۆل شه‌پۆل به‌ ناو شانیا تا خوار پشتی خه‌رمانه‌ی دابوو .
وه‌ره‌ ماچم که‌ دایه‌ ..

کچه‌که‌م ..
دایه‌ من توله‌ سه‌گێکم بوو .. ئه‌وه‌تا باوه‌شم کردووه‌ .
کچه‌که‌م .
ژنه‌که‌م ته‌واو شێت بووه‌ .
ئه‌وه‌تا چاوم لێیه‌ .. له‌و دیوو په‌نچه‌ره‌کانه‌وه‌ .. له‌و دیوو گوڵه‌کانه‌وه‌ ..
 له‌ ژێر تریفه‌ی مانگه‌ شه‌ودا .. به‌ جله‌ سپییه‌کانییه‌وه‌ وه‌کو کارمامزێک وێستاوه‌ و
 پێم ده‌ڵێت، په‌رێشانی من مه‌به‌ دایه‌ .. ئیدی من ناگه‌ڕێمه‌وه‌ و
له‌ بارودۆخێکی ئاوادا مردن له‌ لام گه‌لێک له‌ ژیان جوانتره‌ .
چاوم له‌ دایکمه‌ له‌ داڵانه‌که‌دا به‌ سه‌رپۆشه‌که‌ی چاوه‌ هه‌ڵاوساوه‌کانی
شاردۆته‌وه‌ و فرمێسک گلێنه‌کانی سور سور کردوه‌ .
 کچه‌که‌م  هه‌ستێکی سه‌یرم هه‌یه‌، پێم ئه‌ڵێ .. وه‌ک باڵنده‌یه‌کی کۆچکردوو
جارێکی دی هه‌ر دێیته‌وه .. سه‌ر ده‌ده‌یته‌وه‌ ..
به‌ڵام ته‌نیا له‌ من .. له‌ که‌سی دی نا .. ته‌نیا له‌ من .. سه‌ر له‌ من ده‌ده‌یته‌وه‌ .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.