له په‌راوێزی عیرفان دا.
پرسیارێك له میحرابی شه‌وێكی ته‌ماوییدا!
هێمن خورشید
خودایا! تۆ كه دونیات درووستكرد كه‌ی بوو؟ شه‌و بوو یان ڕۆژ؟ ئه‌رێ به ڕاست شه‌و‌و ڕۆژت له كوێ خوڵقاند؟ ئه‌و كات (شه‌و)ت خوڵقاند چ ساتێكی (ڕۆژ) بوو؟ به‌یانی بوو یان نیوه‌ڕۆ؟ عه‌سر بوو یان ده‌مه‌و مه‌غریب؟ ئه‌ی ڕۆژت له چ ساتێكی شه‌ودا هێنایه بوون؟ نێوانی خۆرئاوابوون‌و نوێژی خه‌وتنان؟ دوای نیوه‌شه‌و؟ یان ده‌مه‌و به‌یان؟! خودایا! من كاسم‌و بێ‌حه‌واسم له ئاست توانای له بننه‌هاتووی تۆدا، تۆ به بێ یار‌و بێ هاوكار ئه‌م هه‌موو كارانه‌ت كرد، ئه‌م هه‌موو جه‌نجاڵییه‌ت له هیچه‌وه هێنایه ده‌ر، ئه‌و بێده‌نگی‌و ماتییه‌ت چۆن وا گۆڕی بۆ ئه‌م جه‌نجاڵی‌و قاڵه‌یه؟!
خودایا! من زۆر حه‌زم له بێده‌نگییه، حه‌زم له دانیشتنی كه‌نار ڕووباره، ته‌نها دوو ده‌نگم حه‌ز لێیه بیانبیستم: ده‌نگی ئاو كاتێك به‌سه‌ر به‌رد‌و زیخی بن ڕووباردا ده‌ڕوات‌و ده‌نگی بولبول كه به‌سه‌ر چڵه‌كانه‌وه بۆ هاوده‌نگێك ده‌جریوێنێ، به‌م تازه‌ییانه جار‌و بار حه‌زم له ده‌نگی ” قغه قغی ” بارینی كچیشمه، لێ هه‌ندێ شه‌وان كه به‌گریانێكی ناقوڵا خه‌و یان خوێندنه‌وه‌م لـێ تێكده‌دات، زۆر لـێی توڕه ده‌بم . .
من حه‌زم لێیه له كه‌نار ڕووبارێك دانیشم‌و قه‌ڵه‌مێك‌و كاغه‌زێكم له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، دارێكیش سێبه‌ری له‌سه‌ر سه‌رم كردبێت‌و بولبولێكیش له‌م چڵا بۆ ئه‌و چڵا بێت‌و بڕوات و بجروێنێت، زوو وتومه:
دارستانێكی چڕ‌و پڕ
ڕووبارێكی له ته‌نیشته
جارجار قوڵپه‌ی ئاوی ڕووبار
ڕووحی مرۆڤی له مشته
خۆری گه‌رمی نیوه‌ڕانیش
میوانێكه
ئه‌م دیمه‌نه خۆی به ته‌نیا
دیوانێكه!
خودایا! تۆ ئه‌م دونیایه‌ت بۆچی درووستكرد؟ ئه‌م هه‌موو ده‌نگه ده‌نگ‌و قیژه‌و هاوار‌و هۆڕنی ماشێن‌و هاڕه‌ی مه‌كینه‌و ته‌قه‌ته‌قی چه‌كوش‌و ده‌نگی قامچی‌و شریخه‌ی شمشێر‌و زڕه‌ی زنجیر‌و ناڵه‌ی زۆرلێكراو‌و قیڕه‌ی زۆر دارانه‌ت له پای چی هێنایه بوون؟ خودایا بمبووره گله‌یی ناكه‌م، پرسیارێكه‌و له دڵمایه، چه‌ندین ساڵه له زمانمم شاردووه‌ته‌وه، كه‌چی قه‌ڵه‌م لـێی دزیم‌و خستیه سه‌ر كاغه‌ز!
خودایا! هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن تۆ مرۆڤ و جانه‌وه‌ر‌و ئه‌رز‌و ئاسمانت بۆ ئه‌وه دروستكردووه تا گه‌وهه‌ری شاراوه‌ت ده‌ركه‌وێت، ئه‌وان ده‌ڵێن تۆ فه‌رمووته: [ كنت كنزا مخفیاً فأحببت أن أعرف، فخلقت الخلق لكی أعرف . . .]
(( من گه‌وهه‌رێكی شاراوه بووم حه‌زم ده‌كرد بناسرێم، خه‌ڵقم دروستكرد تاكو بناسرێم )).
خودایا! ئه‌و مرۆڤه‌ی دروستتكرد زۆر سپڵه‌و به هیچ نه‌زانه، زۆرێك له‌وان نه‌ك تۆیان نه‌ناسی، به‌ڵكو خۆیشیان نه‌ناسی، ته‌نها خه‌ریكی ژاوه‌ژاو درووستكردن بوون..
خودایا! ده‌نگه ده‌نگی شاره‌كان كاسیان كردم، به هه‌ر كوێ‌دا ده‌ڕۆم هه‌ر ده‌م ده‌بینم، گوێیه‌ك نه‌ماوه، هه‌موو هه‌ر ده‌وه‌و قسان ده‌كاتن! كه ته‌له‌فزیۆن داده‌گرسێنم هه‌ر ده‌م ده‌بینم، له مۆبایلدا هه‌ر ده‌م ده‌بینم كه ڕادیۆ ده‌گرم به ده‌سته‌وه هه‌ر ده‌م ده‌بینم، خودایا! لێم مه‌گره ئه‌م هه‌موو ده‌مانه بۆ؟!
خودایا! ئه‌و ئه‌رزه‌ی له‌سه‌رینی بیست‌و چوار سه‌عات ده‌سوڕێته‌وه، كه‌چی هێنده به ئه‌ده‌به به‌قه‌ده‌ر ده‌ستاڕێك كه گه‌نمی پێ ده‌كه‌ن به ساوه‌ر ده‌نگی لێوه نایه‌ت، ئه‌و دڵه‌ی كه له قه‌فه‌زی سنگی مرۆڤدایه له شه‌و‌و ڕۆژێكدا چركه‌یه‌ك ناوه‌ستێت‌و، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ماندوێتی‌و كارزۆرییه ئه‌وه‌نده به شه‌رمه، به چرپه نه‌بێت قسه ناكات! ئه‌ی ئه‌م مرۆڤه بۆ هێنده حه‌زی له ده‌نگی خۆیه‌تی! قه‌ت تێر له قسه‌كردن ناخوات؟
نــاوت ده‌بـه‌م ، دڵم به زووبــانم حه‌سه‌د ده‌بـــا
یادت ده‌كه‌م له‌گه‌ڵا دڵــه‌كه‌م دێتــه شـه‌ڕ زوبان
هه‌ر حه‌رفی كوشتنه كــه ده‌مــی پێ بپشكـوێ
ئه‌م توتیـــه به خــونی پــژاوه مـه‌گـه‌ر زوبان
بۆ شـوكــری جه‌وری ئه‌و دوو برۆیه لـه قه‌تڵمـا
هه‌ر بن موێكه میپلی گوڵی شه‌صت په‌ڕ زوبـان
(مه‌حوی)
خودایا! ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستیی ده‌كه‌ن ڵاڵن‌و ناتوانن قسه بكه‌ن، ئه‌وانه‌یشی به‌رده‌وام قسه ده‌كه‌ن‌و باسی تۆ ده‌كه‌ن له خۆشه‌ویستیی نه‌گه‌یشتوون، خۆشه‌ویستیی‌و بێده‌نگی دوو یاری دێرینه‌و دوو هاونشینی زۆر كۆنی یه‌كترن، زوبان له باسی خۆشه‌ویستییدا ڵاڵ‌و ناته‌وانه:
هه‌ر چی گویم عشق را شـرح‌و بیان
چون به خود ێ‌یـم خجل بـاشم از ان
گرچی تفسیر زبــان روشــنگر است
لیك عشق بی زبـــان روشنـتر است
(مه‌ولانا)
خودایا! تۆ بڵێی سه‌رده‌می بێده‌نگی مرۆڤ به‌سه‌ر چوو بێت؟ من ئیتر له هیچ كوێیه‌كدا ئارامی‌و بێده‌نگی نابینم، شار هیچ كه به كه‌ڵكی ژیان نه‌ماوه، لادێیش چیتر شوێنی ئارامی نییه . .
خودایا! ڕووحی من هی سه‌رده‌می شه‌ڕه‌تیر‌و سواری ئه‌سپه، گیانی من له سه‌رده‌می چرا‌و فانۆسدا به‌جێماوه، هه‌میشه بیر له (په‌ڕ)ه‌كه‌ی ده‌ستی (جاحڤ) ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و پیاوه ناشرینه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می بێده‌نگییدا نه‌ژیایه كه‌ی ده‌یتوانی شه‌ش سه‌د به‌رگ كتێب بنووسێت؟ ئه‌گه‌ر (ئیمامی سه‌رخه‌سی) له چه‌رخی ئینته‌رنێت‌و فڕۆكه‌و هاڕه‌ی ماتۆڕدا ژیابا، كه‌ی ده‌یتوانی پانزه به‌رگ كتێب ته‌نها ده‌رباره‌ی فیقهی ئیمامی (ئه‌بو حه‌نیفه)، ئه‌ویش له ناو(بیر)دا‌و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندانبانه‌كانی (خه‌لیفه)دا بنووسێت. .؟! (دستۆیفسكی) به‌و هه‌موو نه‌خۆشی‌و ده‌رده‌دارییه‌وه، به ده‌ردی په‌ركه‌م‌و قرخه قرخ و سنگئێشه‌وه چۆن پێی ده‌كرا (برایانی كارامازۆف) بنووسێت؟!
خودایا ڕوو له تۆ نا ڕوو له خۆم . . تف له هه‌رچی شتی نوێیه . . من كۆنه‌په‌رستم، حه‌زم له په‌ڕی(عه‌له‌شیشه) بۆ نووسین، حه‌ز له سواری مایین ده‌كه‌م، ئاواتم نووسینی به‌ر چرایه، من كۆنه‌په‌رستم ڕقمه له هه‌رچی كه تازه‌یه، بێز له هه‌رچی شتی نوێیه ده‌كه‌مه‌وه، منیش له‌گه‌ڵا (ئه‌لیكسیس كارل)دا ده‌ڵێم: ” پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لادێكان، وه‌ك باو‌وباپیرانمان بژێین، به‌یانیان زوو له‌خه‌و هه‌ستین‌و شنه‌ی نه‌سیم هه‌لمژین . . )، منیش له‌گه‌ڵا ( جبران خلیل جبران)دا هه‌ناسه بۆ جوانییه‌كانی ڕابردوو هه‌ڵده‌كێشم، بۆ جوانییه له ده‌ستچووه‌كانی لادێ . . ئه‌گه‌رچی ئه‌و جوانی (لوبنان) ده‌بینێت‌و منیش له (گه‌رمیان)دا له جوانی بێبه‌شم!
خودایا! هێنده بێده‌نگمكه تا پڕ ده‌بم له مه‌عنا . . خودایا زوبانم وه‌ختێك بخه گۆ هه‌ر پیتێكی كه لێی ده‌رده‌چێ گه‌وهه‌رێك بێ. .
خودایا! له وه‌ڕه‌ی سه‌گ‌و له زووبانی ئه‌وانه‌ی خۆیان به فه‌یله‌سوف ده‌زانن و كه‌چی هێشتا له نه‌زانینی خۆیشیان بێ‌ئاگان بمپارێزه. .
خودایا! غه‌رقمكه له خۆشه‌ویستی و هه‌ڵمكێشه له بێده‌نگی. .
خودایا! له (جه‌هلی مووره‌كه‌ب)دا مه‌مخنكێنه، ئاخر زۆرێك له وانه‌ی خۆیان به دانا ده‌زانن هێشتا نازانن ڕێگه‌ی (سلوك) ڕووی له كام لایه:
به میعراجـــی سلوكی سـالیكــاندا تــا نه‌چی ڕۆژێ
له ناو جه‌هلی موره‌ككه‌ب دا ده‌مێنی هه‌ر وه‌كو ماوی
(نالی)
خودایا! خۆت ده‌زانی من له تاو چڵك‌و ژاوه‌ژاو‌و پیسیی ئه‌م ژیانه هانام بۆ مردن بردووه، ها كه‌ی ئه‌م شیعره‌م وتووه:
ئه‌ی ئـــاو!
له خۆتم هه‌ڵژه‌نــــه‌و
سپیمكه‌ره‌وه وه‌ك مناڵ
خۆ دووكه‌ڵی ئه‌م شارانه ڕه‌شیانكردم..
ئه‌ی گـــوڵ!
مشتێك له جوانی خۆتم بده‌رێ
خۆ دڕك وداڵی ئه‌م ده‌شته
له جوانی بێبه‌شیانكردم
ئه‌ی ئاسمـــان!
نزمبه‌ره‌وه سه‌رسه‌رم
با هێند سه‌رنجت لێ بده‌م
تا چاوه‌كانم شین ئه‌بن
خۆ ئه‌وه‌نده غه‌رقی ته‌ماشای زه‌وی بوون
وا خه‌ریكه
به ته‌واوی بێ تین ئه‌بن..
هۆ زارۆ خنجیلانه‌كه!
ده‌ستم بگره‌و
بمبــــه‌ره‌وه
به‌ره‌و جیهانه پاكه‌كه‌ت
خۆ ئه‌وا چڵكی گه‌وره‌یی خنكاندمی
هۆ مردن هاوڕێی ته‌نیایی!
وه‌ره له‌گه‌ڵ خۆتدا بمبه
هاكا ته‌پوتۆزی ژیان تاساندمی . .
خودایا! ئه‌رێ تۆ كاتێ (شوێن)ت درووستكرد چ زه‌مانێ بوو؟ (زه‌مان)ت له چ شوێنێكدا هێنایه بوون؟ كه (ڕۆژ)ت درووستكرد (شه‌و) له كه‌یدا بوو، كه (شه‌و)ت خوڵقاند چ كاتێكی (ڕۆژ) بوو؟ خودایـــــــا. .!
ئیمه‌یلی نووسه‌ر:
Hemnxurshid79@gmail.com