)كورته چیرۆك)…. تاکسیی پێنج ڕیاڵـی
عه‌زیز نه‌سین….
له فارسییه‌وه: كه‌ریم تاقانه (سوید)
تا شۆفێره‌که گوتی:( کورتولـوش)، به په‌له ڕامکردو ده‌سکه‌ی ماشێنه‌که‌م گرت سوار بم… به‌ڵام هه‌رچیم کرد، نه‌متوانی ده‌رگای ماشێنه‌که بکه‌مه‌وه. ده‌سکه‌که سووڕی نه‌ده‌خوارد.
شۆفێره‌که له‌نێو ماشێنه‌که‌وه هاواری لێ هه‌ڵسا:
– به لای چه‌پدا سووڕی بده.
به لای چه‌پیشدا سووڕیمدا، سوودی نه‌بوو. شۆفێره‌که هاواری کرد:
– هێی کابرا! چ ده‌که‌ی؟. ده‌سکه‌که‌ت شکاند، کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ماشێن ئه‌وه‌ی ناوێ..
له پشتی تاکسییه پێنج ڕیاڵییهکهوه، سێ چوار پاس و ماشێنی باری کۆ ببوونه‌وه‌و هۆڕنیان لـێدهدا. پۆلیسی هاتوچۆش هه‌ر فیکهفیکی بوو.
ئاره‌ق به جه‌سته‌مدا چۆڕه‌ی دههاتو هێشتا ده‌گه‌ڵ ده‌سکه‌که خه‌ریکی زۆرانبازی بووم.
شۆفێره‌که دوو سێ جوێنی ته‌ڕی پێشکێش کردم و له حاڵێکدا ده‌ستی ڕاده‌کێشا تا ده‌رگاکه بکاته‌وه، گوتی:
– ڕووی هه‌موو دێهاتییهکانت سپی کرده‌وه! کابرا هێشتا ڕاستوچه‌پی خۆی لێک جیا ناکاته‌وه، ده‌یه‌وێ سواری ماشێن بێ…
شۆفێره‌که ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه‌و سوار بووم. تاکسییه‌که، که جگه له من چه‌ند مسافیرێکی دیکه‌ی تێدا بوو، که‌وته ڕێ. به‌ڵام شۆفێره‌که وێڵکه‌ری مامه‌ڵه نه‌بوو، ده‌یگوت:
– به قوربانی ئه‌و خوایه بم بۆ ئه‌م هه‌موو مهخلووقاتهی!. ئاخر ئێوه چۆن چۆنین ده‌ژین؟. تـف!.. حه‌یفه ئێوه نانی گه‌نم ده‌خۆن!.
ئه‌من خوویه‌کم هه‌یه… کاتێک که له کارێک‌دا تاوانبار بم، که‌سی به‌رانبه‌ر هه‌رچی بڵێ، وه‌ڵامی ناده‌مه‌وه. شۆفێره‌که، که دیار بوو یه‌کێکی دیکه دڵگیری کردووه، داخی دڵی خۆی به من داده‌ڕێشت و.. مسافیره‌کانی دیکه‌ش قاقا پێده‌که‌نین.
– مرۆڤێك نه‌توانێ ده‌رگای ماشێن بکاته‌وه، بۆ بنی گڵ چاکه!.
ئه‌منیش له‌شه‌رمدا سوور‌و سپی ده‌بوومه‌وه‌و له‌به‌رخۆمه‌وه ده‌مگوت:
– ههرچــی بڵێ حه‌قیه‌تی..
مسافیرهکانیش حه‌قیان به شۆفێره‌که ده‌دا. ئه‌و پیاوه قه‌ڵه‌وه‌ی له دوامه‌وه دانیشتبوو، گوتی:
– هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه له کار ورد نابنه‌وه.
خانمێکی پیرو قسهزلیش شاهیدیی دا:
-»به‌ڵێ عه‌زیزم، ئه‌م کارانه به گه‌وره و بچووکی نییه. هێندێ که‌س شعووری بڕ ناکا.«
شۆفێره‌که سه‌رێکی باداو گوتی:
– که‌سێ شعووری نه‌بێ، فلسێك ناهێنێ..
نه‌مده‌زانی چ وه‌ڵامێکیان بده‌مه‌وه. ده‌ترسام ئه‌گه‌ر قسه بکه‌م، تێر‌و پڕیشم بکوتن. پیاوه قه‌ڵه‌وه‌که ده‌یویست له شه‌قامی (ئه‌مین ئونو) دابه‌زێ، به‌ڵام هه‌رچییه‌کی ده‌کرد، ده‌رگای ماشێنه‌که نه‌ده‌کرایه‌وه. شۆفێره‌که ئه‌مجاره‌یان به سه‌ر ئه‌ودا هاواری کرد:
– براکه‌ی باوکم.. دیاره تۆش وه‌کوو ئه‌وی.. ده‌سکه‌که به لای ڕاستدا سووڕ بده!.
– کاکه سووڕ ناخوا!..
شۆفێره‌که بۆڵاندی:
– ئه‌تۆ خه‌ریکی به لای چه‌پدا سووڕی ده‌ده‌ی.. به لای ڕاستدا سووڕی بده.
پیاوه قه‌ڵه‌وه‌که وه‌کوو ترومپا ده‌ستی بۆ چه‌پ و ڕاست ده‌برد؛ به‌ڵام ده‌رگاکه نه‌ده‌کرایه‌وه.
شۆفێره‌که خه‌ریک بوو له داخدا بته‌قێ، گوتی:
– کاکه.. گووی سه‌گت تێ کرد! ئاخر ئه‌وه‌ی ناوێ. له ده‌ره‌وه بۆ چه‌پ و له نێوه‌وه‌ش ده‌بێ بۆ ڕاستی سووڕ بده‌ی.
به‌ڵام ده‌رگاکه له شوێنی خۆیدا جووڵه‌ی نه‌ده‌کرد، هه‌رده‌تگوت دوعای لـێکراوه. شۆفێره‌که خۆی درێژ کرده‌وه‌و ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه..
کابرای قه‌ڵه‌و خۆی هاویشته ده‌ره‌وه. ئه‌منیش هه‌رچه‌ند ده‌مویست بۆ (کورتولوش) بڕۆم، له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ شۆفێره‌که ده‌نگم ده‌ر بێ، وام به چاک زانی تا ده‌رگا وازه، دابه‌زم.
هه‌میسان ماوه‌یه‌ک له سه‌ر شه‌قامه‌که چاوه‌ڕوان مامه‌وه. کاتێ که ماشێنێك گه‌یشته لام و پرسیی: (کورتولوش؟)، خێرا بازم دا‌و ده‌سکه‌که‌م گرت و وه‌ک ماشێنه‌که‌ی پێشوو به لای چه‌پدا سووڕیمدا، به‌ڵام نه‌کرایه‌وه، به لای ڕاستیشدا سووڕیم دا، هه‌ر نه‌کرایه‌وه.. جاری دووه‌م ئه‌وه‌نده توند زۆرم لـێ کرد زۆری نه‌مابوو ده‌ماره‌کانی ده‌ستم له‌به‌ر یه‌ک بچن!.
شۆفێره‌که هاواری لـێههڵسا:
– کابرا.. چمـا تازه له دێهاته‌وه هاتـووی؟!. ده‌سکه‌که بۆ سه‌ره‌وه ڕاکێشه.
ده‌رگاکه‌م کرده‌وه‌و سوار بووم.. شۆفێره‌که ده‌ستی به قسه کردن کرد:
– هه‌ر که‌سێ له داپیـرهی تووڕه ده‌بێ، دێته شار.. ئه‌مانه ده‌بێ سواری وڵاخ بن.. چووزانن ماشێن چییه!!
مسافیرهکانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌میان گرتبوو‌و ئه‌وه‌ی لێیان وه‌شایه‌وه پێیان کردم.
له ترسان ورته‌م له ده‌م نه‌ده‌هاته ده‌ر. ده‌مگوت نه‌وه‌ک بڕژێنه سه‌رم و تێر‌و پڕم بکوتن.
مسافیرێک ده‌یویست له (کاراکوی) دابه‌زێ. ئه‌ویش نه‌یده‌توانی ده‌رگاکه بکاته‌وه!.
شۆفێره‌که ده‌ستی پێ‌کرد:
– کاکی خۆم بۆ سه‌ره‌وه‌ی ڕاکێشه!.
مسافیرهکه له لات و چه‌قۆکێشه‌کان بوو، وه‌ڵامی دایه‌وه:
– خۆ ده‌ستت نه‌شکاوه.. زووبه خۆت ئه‌م سهگخاوهنه بکه‌ره‌وه.
شۆفێره‌که درێژ بۆوه و ده‌رگاکه‌ی واز کرد. کابرا چووه خواره‌وه. منیش له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک داخی ئه‌و کابرایه به سه‌ر مندا بڕێژێ، وام به چاک زانی تا ده‌رگای ماشێنه‌که وازه، دابه‌زم.
به زه‌حمه‌ت ماشێنێکی دیکه‌م ده‌ست که‌وت. ده‌سکه‌م بۆ لای چه‌پ سووڕدا.. بۆ لای ڕاستم سووڕدا.. ڕامکێشایه سه‌ره‌وه.. به‌ڵام ده‌رگا نه‌کرایه‌وه.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– کـاکـه، پاڵی پێوه بنێ..
وه‌ڵامم دایه‌وه:
– کوێی پاڵ پێوه بنێم؟.
– هــه‌ی، هــه‌ی!. تۆ سه‌یر ئه‌مه، هه‌ر ده‌ڵێی تازه بــاره کاکه‌ی فرۆشتووه و هاتۆته شـار!!.
به توندی پاڵم به ده‌رگاکه‌وه نا. ((تهقو پۆق))ی وێ که‌وت. به‌ڵام نه‌کرایه‌وه.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– هێی خاڵۆ! بۆچ پاڵ به ده‌رگاکه‌وه ده‌نێی؟ ده‌سکه‌که پاڵ بده!!.
شوکور بۆ خوا ئه‌مه‌یان ئۆتوماتیک بوو‌و به‌هاسانی کرایه‌وه. به‌ڵام شۆفێره‌که له‌وانی دیکه زمانشڕتر بوو:
– ئێمه ده‌بێ شارستانه‌تیش پێشانی مسافیره‌کان بده‌ین!. چارهڕهشییهکه له‌وه‌دایه هێندێکیان ئه‌وه‌نده بێمێشکن باس ناکرێن..
شۆفێره‌که بێده‌نگ بوو. نه‌ختێ گوێی شل کرد‌و پاشان به یه‌کێك له‌و مسافیرانه‌ی گوت که له ته‌نیشت ده‌رگاکه دانیشتبوو:
– ده‌رگای لای تۆ وازه.
مسافیرهکه ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه و له‌سه‌رخۆ پێوه‌ی دایه‌وه.
شۆفێره‌که هاواری لـێههڵسا:
– نه‌به‌سترا، چما نانت نه‌خواردووه!. توند پێوه‌ی بده‌ره‌وه.
مسافیرهکه دیسانه‌وه ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه و ئه‌مجاره ئه‌وه‌نده توند پێوه‌ی دایه‌وه شۆفێره‌که میترێک به هه‌وادا چوو.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– ئه‌وه چته ڕه‌حمه‌ت له باوکت؟!. بۆ پێنج ڕیاڵ ده‌رگای ماشێنهکهت لـێکردهوه!. خۆ ده‌رگای قه‌ڵا نییه به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌به‌ستی!.
هاتوهاواری نێوان شۆفێر‌و مسافیرهکه نه‌بڕابۆوه که گه‌یشتینه (گالاتاسرای). ئه‌و مسافیرهی له‌گه‌ڵ شۆفێره‌که به شه‌ڕ هاتبوو، ده‌یویست دابه‌زێ. دیسان ده‌رگا نه‌ده‌کرایه‌وه!. ژاوه‌ژاوێک سه‌ری هه‌ڵدابوو باس ناکرێ!.
له‌ئاکامدا ئه‌وه‌نده ده‌سکه‌که‌ی بۆ سه‌ره‌وه‌و خواره‌وه‌و بۆ لای چه‌پ و ڕاست سووڕدا تا ده‌رگاکه کرایه‌وه. بینیم وا چاکه، پاش ئه‌م هه‌موو زه‌حمه‌ته که ده‌رگای ماشێنه‌که کراوه‌ته‌وه، ئه‌منیش دابه‌زم.. به په‌له بازم دایه خواره‌وه.
پاش مانه‌وه‌یه‌کی زۆر، تاکسییه‌کی دیکه‌م دۆزییه‌وه. له شۆفێره‌که‌م پرسی:
– ده‌چیه کورتولوش؟.
– به‌ڵێ.. فه‌رموون..
له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌میش یه‌ک بگرین، پرسیم:
– بۆ کـام لای ڕابکێشم؟.
شۆفێره‌که وه‌کوو یه‌کێک جنۆکه‌ی له‌نێو حه‌مامدا دیتبێ، هه‌ر دوو چاوی دهرپۆقینو گوتی:
– ئه‌مه پرسیار کردنی ناوێ، کاکی خۆم.. ئاشکرایه ده‌بێ بۆ لای خۆتی ڕابکێشی!.
ئیدی کاسه‌ی سه‌برم لێی ده‌ڕژا، پرسیم:
– ئاخر هه‌رکام له ئێوه جۆره سازێک لـێدهدهن.. تاوانی من چییه؟.
شۆفێره‌که له‌م قسه‌یه‌ی من زۆر دڵگیر بوو. گوتی:
– خۆ بۆمب دروست ناکه‌ی!. شاگردی شۆفێریش ده‌زانێ که ماشێنی فۆرد ده‌بێ بۆ لای چه‌پ و شۆفێرلێت بۆ لای ڕاست سووڕ بده‌ی. ده‌بێ مه‌رسیدس بێنز بۆ نێوه‌وه فشار بده‌ی. ده‌بێ هیلمن بۆ لای خۆت ڕابکێشی.. فیات بۆ سه‌ره‌وه ڕابکێشی..
شۆفێره‌که چه‌شنی قوتابییه‌کی زیره‌ک که له بن تهختهڕهشهدا وانه‌کانی وه‌ڵام ده‌داته‌وه، به دوای یه‌کدا شێوه‌ی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ماشێنه‌کانی ده‌گوت. مسافیرهکانیش کڕو کپ گوێیان شل کردبوو.
یه‌کێک له مسافیره‌کان گوتی:
– ده باشه بۆچی هه‌ر هه‌موویان وه‌ک یه‌ک دروست نه‌کردووه تا مرۆڤ سه‌ریان لـێدهربکا؟!
شۆفێره‌که ترشۆکهیهکی هـاتێو گوتی:
– چۆن ده‌بێ؟.. هه‌ر یه‌ک له‌و ماشێنانه هی وڵاتێک و کارگهیهکهو هه‌ر وڵاتێکیش وا ڕاهاتوون بۆ یه‌ک لای سووڕ بده‌ن!!.
زمانه بێخاوهنهکهی منیش که به هه‌ر زه‌حمه‌تێک بوو تا ئه‌و ساته ڕامگرتبوو، وه‌ک ته‌ڵه‌ی مشک که نێچیری لـێ نێزیک ده‌بێته‌وه‌و له‌پڕ ده‌ته‌قێ، بێده‌سه‌ڵاتانه کرایه‌وه‌و گوتم:
– ده‌سا ئێمه چ گوناحێکمان کردووه که ده‌بێ له‌گه‌ڵ سازی گشت وڵاتێک هه‌ڵپه‌ڕین!!.
شۆفێره‌که به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پێکه‌نیو گوتی:
– هـه.. هـه.. برا توێکڵه کاڵه‌ک فڕێ مه‌ده ژێر پێمان.. ئێمه ژن‌و منداڵمان هه‌یه. ده‌بێ خه‌رجی شه‌ش که‌س بده‌ین.
یه‌کێک له مسافیره‌کان که به سهروسهکوتیهوه وا ده‌رده‌که‌وت بێکاره نییه و هه‌ر دوو چاوی بڕیبوونه نێوچاوانی من، گوتی:
– ئێوه بۆچ وا ڕاهاتوون قسه‌ی بێ‌مانا بکـه‌ن؟.
یه‌کێک له مسافیره‌کان ده‌یویست له (ته‌قسیم) دابه‌زێ. هه‌رکه ویستی له ده‌رگاکه بچێته ده‌ره‌وه، ده‌نگی هاوارو ناڵه‌ی
به‌رز بۆوه:
– ئــۆف.. هـاوار!!..
– چ بـوو؟.
په‌نجه‌ی که‌وتبووه به‌ر ده‌رگاکه.. ده‌ستی به ناسزا گوتن کرد:
– ئه‌م گو وه‌ناو بووه وه‌ک سه‌گ وایه!..
شۆفێره‌که تریقایه‌وه، پێی به گازدا ناو گوتی:
– ئه‌و که‌سه‌ی نه‌توانێ سواری ماشێن بێ، مردنی له مانی چاکتره!.
ئه‌میش تازه گرێی دڵی کرابۆوه. سه‌یرم کرد چاکتر وایه دابه‌زم و پاشماوه‌ی ڕێگاکه به پــێ ببڕم.. به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه کاره‌کان پێچه‌وانه بوون.. ئێستا که من بڕیارم دابوو به پێ بڕۆم، تاکسییه خاڵییه‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک ده‌هاتن، ڕادهوهستانو دهیانپرســی:
– کاکه، بۆ کوێ ده‌چن؟.
ئه‌من یان وه‌ڵامیانم نه‌ده‌دایه‌وه، یان به سه‌ر ئاماژه‌م ده‌کرد که ماشێنم ناوێ. سه‌ره‌نجام ماشێنێک له ته‌نیشتم ڕاوه‌ستاو گوتی:
– ده‌چنه کورتولوش؟.
سه‌یری ڕوومه‌تی شۆفێره‌که‌م کرد. پیاوێکی دهنێوهوهچوو بوو. له دڵی خۆمدا گوتم: (ئه‌مه‌یان ئیدی ناسزا ناڵێ). ماشێنه‌که سێ که‌سی دیکه‌شی تێدا بوو. پرسیم:
– تاکسییه‌که‌ی ئێوه مۆرکی کوێی پێوه‌یه؟.
شۆفێره‌که زۆری پێ ناخۆش بوو، گوتی:
– ڕه‌حمه‌ت له باوکت، چما به پێنج ڕیاڵتهوه ده‌ته‌وێ ماشێنه‌که بکڕی؟.
– نا، کاکه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌رگاکه‌ی چۆن چۆنین ده‌کرێته‌وه؟.
– بۆ نێوه‌وه پاڵی پێوه بنێ..
به‌ڵام ئه‌م ماشێنه هه‌ر ده‌سکه‌ی نه‌بوو. ئه‌منیش نه‌مده‌زانی ده‌بێ کوێی پاڵ پێوه بنێم.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– زووبه.. گیانت دهرچـێ.. سوار به!.
به دهستو ئه‌ژنۆو ئانێشک ده‌ستم به پاڵدانی په‌یکه‌ری ماشێنه‌که کرد.. شۆفێره‌که له‌نێوه‌وه یارمه‌تیی ده‌دا.. یه‌کێک له مسافیرهکانیش که له ته‌نیشت ده‌رگاکه دانیشتبوو، به هاوارمانه‌وه هات تا له ئاکامدا ده‌رگاکه کرایه‌وه‌و سوار بووم..
به‌ڵام هه‌رچی هه‌وڵم ده‌دا، ده‌رگاکه پێوه نه‌ده‌درایه‌وه.. ناچار بووم به هه‌رچی هێزێک که تێم دایه ده‌رگاکه پێوه بده‌مه‌وه.
شۆفێره‌که ده‌ستی به بۆڵه بۆڵ کرد:
– په‌نجا هه‌زار لیره‌م به‌م ماشێنه داوه. هێشتا ساڵێک نابێ، کردیانه که‌وڵه کۆنه.. مخابن بۆ عه‌ره‌بانه‌یه‌ک مرۆڤ بیخاته ژێر پێی ئه‌م خه‌ڵکه..
گه‌یشتینه ((کورتولوش)).. ماشێنه‌که ڕاوه‌ستا. ئه‌و مسافیرهی له ته‌نیشت ده‌رگاکه دانیشتبوو، ده‌یویست ده‌رگاکه بکاته‌وه؛ به‌ڵام هه‌رچی هه‌وڵی ده‌دا، نه‌ده‌کرایه‌وه.
ئه‌من که له شۆفێره‌کانی پێشووه‌وه فێر ببووم، له سه‌ر یه‌ک ده‌مگوت:
– بۆ چه‌پ.. بۆ ڕاست.. بۆ سه‌ره‌وه.. بۆ خواره‌وه..
یه‌کێکی دیکه له مسافیرهکانیش هاته یاریمان. به دوای ئه‌ودا ، سێیه‌م کهسو چواره‌م که‌سیش.. هه‌موومان به‌ر بووینه گیانی ده‌رگاکه.. پاشانیش شۆفێره‌که ماوه‌یه‌ک تێکۆشا. به‌ڵام ده‌رگای ماشێنه‌که نه‌ده‌کرایه‌وه.. ده‌رگاکانی دیکه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌یه..
هه‌موومان ده‌نێو ماشێنه‌که‌دا توند کرابووین.. شۆفێره‌که، که ئاره‌ق به جه‌سته‌یدا چۆڕه‌ی ده‌هات، هه‌زار جوێن‌و قسه‌ی ناشیرینی پێشکێشی هه‌مووان کرد.
ئێمه هه‌ریه‌که‌مان له‌گه‌ڵ ده‌رگایه‌ک مله ملهمان بوو؛ به‌ڵام سوودی نه‌بوو.
له پشتی تاکسییه‌که‌ی ئێمه‌وه، تراموای و ســی چــل ئۆتوموبیل ڕیزیان به‌ستبوو. پۆلیسی هاتوچۆ سه‌ره‌مڕ هاواری ده‌کرد:
– بکه‌وه ڕێ..
یه‌کێک له ڕێبواره‌کان کۆته‌که‌ی له به‌ر داکه‌ندو که‌وته هه‌وڵدان تا به‌ڵکوو ده‌رگاکه بکاته‌وه. ئه‌و خانمه‌ی له‌گه‌ڵ مسافیره‌کان له‌نێو ماشێنه‌که‌دا بوو، ده‌یقیژاند:
– خه‌ڵکینه! خێرا که‌ن.. یارمه‌تیمان بده‌ن.. فریامان که‌ون..
سه‌روسه‌کوتی جۆرێک بوو مرۆڤ وایده‌زانی ژان ده‌یگرێ. خه‌ڵک ده‌ورو پشتی ته‌نیبووین. هه‌ریه‌که‌و قسه‌یه‌کی ده‌کرد:
– چ بــووه؟.
– که‌سێک بۆته ژێره‌وه؟.
-له شتـــی داوه؟.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– نه، کاکــه!.. له‌نێو ماشێنه‌که‌دا ماوینه‌ته‌وه.. ده‌رگاکان ناکرێنه‌وه!.
ژنه مسافیرهکه هاواری ده‌کرد.. شۆفێره‌که جوێنی به خه‌ڵکی بێکاره ده‌دا.. ڕێبواره‌کانیش پێده‌که‌نین. هه‌تــا یه‌کێک له ڕێبواره‌کان گوتی:
– وا نابێ.. بڕۆن چه‌کوشێک بێنن.
یه‌کێکی دیکه گوتی:
– چه‌کوش سوودی نییه.. دهلــهمی ده‌وێ.
شۆفێره‌که هاواری کرد:
– چــما ده‌تانه‌وێ به‌رد بشکێنن؟.. به قه‌د قورسییه‌که‌ی ئهسکهناسم داوه!.
دنیا تاریک دهبووو ئێمه‌ش هه‌روا ده‌نێو ماشێنه‌که‌دا گیرمان خواردبوو. یه‌کێک له شۆفێره‌کان به شۆفێره‌که‌ی ئێمه‌ی گوت:
– برا، به‌خۆڕایی خۆت ده‌سخه‌ڕۆ مه‌که.. بڕۆ بۆ لای وه‌ستا (یونکا).. ئه‌منیش پێش چه‌ند ڕۆژ تووشی ئه‌م ده‌رده هاتم. بۆ لای هه‌رکه‌سێک ده‌چووم، نه‌یده‌توانی ده‌رگاکه بکاته‌وه.. له ئاکامدا، ئه‌و ڕزگاری کردم..
چووین بۆ کارگه‌که‌ی وه‌ستا (یونکا). به‌ڵام وه‌ستا دوکانی داخستبوو. یه‌کێکمان بۆ ماڵیان نارد. دوو، سێ سه‌عاتێکی دیکه تێپه‌ڕی.. وه‌ستا دیار نه‌بوو. خه‌ریک بووین له‌نێو ماشێنه‌که‌دا شه‌قمان ده‌برد!. خوا ڕه‌حمی کرد وه‌ستا گه‌یشت، ئه‌گینا وه‌زعی هه‌موومان خــراپ ده‌بوو. ئه‌ویش نیو سه‌عاتێک له‌گه‌ڵ ماشێنه‌که ده‌ستوپه‌نجه‌ی نه‌رم کرد؛ به‌ڵام نه‌یتوانی بیکاته‌وه. گوتـی:
– بیبه‌نه (تارلاباشی) بۆ لای (ئیبو)ی قوفڵســـاز.
چووینه لای (ئیبو). ئه‌ویش سه‌یرێکی قوفڵه‌که‌ی کرد‌و گوتی:
– زمانه‌ی قوفڵه‌کان خراپ بوون!.
– چ بکـه‌یـن؟.
– به شه‌و نابێ.. ڕۆژێک کار ده‌بـا.. بڕۆن سبه‌ینێ زوو بێنه‌وه تا چاکی بکه‌مه‌وه.
ده‌ستمان به پاڕانه‌وه کرد:
– بیکه بۆ خاتری خوا ڕزگارمان بکه.
– لانیکه‌م به مێرده‌که‌م بڵێن ئه‌من لێره‌م.
(ئیبو) که دڵی پێمان سووتابوو، ده‌ستی به کارکردن کرد. نزیک به نیوه‌ی شه‌و ده‌ستی له کار ههڵگرتو گوتی:
– کاکه نابێ.. ئه‌م سهگخاوهنانه کاتێک که په‌کیان ده‌که‌وێ، هیچیان له‌گه‌ڵ ناکرێ..
– ده‌سا ئێمه چ بکه‌ین؟.
– له پهنجهرهکهڕا بێنه ده‌ره‌وه.
سه‌ره‌تا نۆره‌ی خانمه‌که بوو. سه‌ری له په‌نجه‌ره‌که‌وه برده ده‌ره‌وه. هێندێک که‌س له ده‌ره‌وه ڕایاندهکێشاو ئێمه‌ش له‌نێوه‌وه پاڵمان پێوه ده‌نا تا سه‌ره‌نجام چووه ده‌ره‌وه.
دوای ئه‌و، ئه‌من چوومه ده‌ره‌وه.. هه‌ناسه‌م خه‌ریک بوو بپچرێ که خه‌ڵک فریام که‌وتن. به‌دوای مندا مسافیرێکی قه‌ڵه‌و ده‌یویست بێته ده‌ره‌وه. هه‌تا نێوقه‌د ڕامانکێشایه ده‌ره‌وه. به‌ڵام له نێوه‌ڕاستدا گیری کرد. بێچاره سه‌ره‌مڕ هاواری ده‌کرد:
– کاکه لێم گه‌ڕێن بچمه‌وه نێو ماشێنه‌که‌وه.. نامه‌وێ!.
به‌ڵام نــه ده‌یتوانی بچێته‌وه ژووره‌وه، نــه ده‌شیتوانی بێته ده‌ره‌وه!.. ئه‌من زۆر دواکه‌وتبووم و ئێستا ده‌بوو له‌گه‌ڵ دایکی منداڵه‌کانیش ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک بکه‌م و بۆی لێکبده‌مه‌وه که تاكوو ئێستا له کوێ بووم.
به‌په‌له به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه.. نــازانم ئه‌و بێچاره‌یه چیی به سه‌رهات.. به‌ڵام ئه‌من به‌ڵێنم به ژنــهکهمدا و سوێندم خوارد که چیدی سـواری تاکسیی پێنج ڕیاڵی نه‌بم و گشت شه‌وێک ڕێگای (کورتولوش) به پــێ ببڕم…
ســه‌رچاوه: (تاکسی پنج ریالـی)، عزیز نسین، ترجمه: رضا همراه، ص. 10-21