Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
دیمانە لەگەڵ جۆرج مەنسور وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى مەدەنى

دیمانە لەگەڵ جۆرج مەنسور وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى مەدەنى

Closed
by March 4, 2008 گشتی

دیمانە: فەرەیدون بێوار ــ  هەولێر   

*رێکخراوە مەدەنییەکان لەدەرەوەى حکومەتن، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى مەدەنى و دامەزراندنى ئەم فەرمانگەیە لەلایەن حکومەتەوە، بەو مانایەیە کە حکومەت لەرێگاى ئەم فەرمانگەیەوە دەیەوێ دەستوەربداتە کاروبارى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆنتڕۆڵیان بکات؟
ــ بەپێچەوانەوە! مەبەستى حکومەت ئەوە نییە دەستوەربداتە کاروبارى ناوخۆى رێکخراوە مەدەنییەکان. دەبێ ئەوەش روون بکەمەوە کە ئێمە وەزارەت نین، واتە فەرمانگەیەکین.
   بەڵام من وەکو وەزیرى هەرێم بۆ کۆمەڵگەى مەدەنى، مەبەستمان ئەوەیە یارمەتى رێکخراوەکان بدەین، بۆ ئەوەى بۆ خۆیان، رێکخستنى خۆیان بکەن، نەک ئێمە کۆنترۆڵى ئەوان بکەین.
هەرلە کۆنفرانسى هەرێمایەتى بۆ رێکخراوەکانى کە لە 6/6/2007 بەسترا بە ئامادەبوونى کاک نێچیرڤان بارزانى، ئەو جەختى کردەوە کە حکومەت نایەوێ کۆنترۆڵیان بکات، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە تەنزیمى کارى رێکخراوەکان بکات و رۆڵى کاراى رێکخراوەکانى مەدەنى بۆ پرۆسەى بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى چالاکتر بکات و زەمینەیان بۆ خۆش بکات.
   هەروەها مەبەست رێکخستنى پەیوەندى نێوان رێکخراوەکان و حکومەتە. چونکە حکومەت ناتوانێ لە هەموو بوارێکدا کار بکات لەم ڕووەوە رێکخراوەکان دەتوانن هاوکارى حکومەت بکەن و پێکەوە بۆ بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى وچارەسەرى کێشەکان کار بکەن.
   بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەم لە شارەکانی  هەولێر و سلێمانى و دهۆک لەگەلڕ رێکخراوەکان سازداوەو بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کردووە.
* تا چەند لە دامەزراندنى رێکخراوێک پرس بە ئێوە دەکرێ، یاخود ئایا ئێوە مۆڵەت دەدەن بە رێکخراوەکان؟
ــ تا ئێستا ئێمە پەیوەندیمان بە مۆڵەتدانى رێکخراوەکانەوە نییە. واتە مۆڵەتدان لاى ئێمە نییە.
   بەڵام لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکى حکومەت جەختى کردەوە ئەوا وەزیرى هەرێم بۆ کۆمەڵگەى مەدەنى، دەبێ ببێتە دەرگایەک بۆ رێکخراوەکانى مەدەنى.
   دەبێ ئەوەش بڵێم کە تا ئێستا کارى رێکخراوەکان مونەزەم نییە، ئێمە وا خەریکین بە هاوکارى هەموویان تۆرێک بۆ رێکخراوەکان دروست بکەین بۆ ئەوەى لەناوخۆیاندا هاوکاربن و پەیوەندیان پێکەوە هەبێت، حکومەتیش لەگەلڕ ئەو تۆڕە     ( دەستەیە ) معامەڵە بکات.  ئێستا زیاتر لە ( 500 ) پێنج سەد رێکخراو هەیە، حکومەت ناتوانێ لەگەلڕ هەموویان راستەوخۆ تەعامول بکات؟ بەڵکو دەبێ ئەوانە نوێنەرى خۆیان هەبێت بۆ ئەوەى حکومەت بتوانێ کاروبارەکانیان بۆ رایی بکات.
* تا ئێستا چیتان کردووە بۆ رێکخستنى رێکخراوەکان و دامەزراندنى ئەنجومەنێکى باڵاى رێکخراوەکان؟
ــ وەکو گوتم چەند جارێک لە سلێمانى و دهۆک و هەولێر لەگەلڕ رێکخراوەکان کۆبوومەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر مەسەلەکان. ئێستاش رێکخراوەکان لەناو خۆیاندا هەوڵدەدەن تۆڕێک یان ئەنجومەنێک دروست بکەم.بە مەبەستی نوێنەرایەتى کردنى رێکخراوەکان و راییکردنى  کارەکانیان.
 هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەردانى کەنەداو پۆلۆنیاو واشتنۆنم کردووە و لەگەڵیاندا کۆبوونەوەم هەبووە. بۆ ئەوەى زیاتر بایەخ بە رێکخراوەکانى ناحکومى بدەن لە کوردستان.
زۆرێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان یارمەتى زۆرى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەدەن لە بەغدا، بەڵام لە کوردستاندا یارمەتیەکە بەو جۆرە نییە و بەپێى پێویست نییە.
   مەبەست لەسەردانەکە ئەوە بووە کە پاڵپشتى نێو دەوڵەتى بۆ رێکخراوەکانى کوردستان پەیدا بکەین و هاوکاریان بکەن.
* ئایا ئێوە یاساى تایبەت بە فەرمانگەکەتان هەیە؟
ــ نەخێر ئێمە یاسامان نییە، چونکە وەزارەتى فێعلى نین، ئێمە نووسینگەمان هەیە. لەبەر ئەوە پێویست نەبووە ، یاسایەکى تایبەتمان هەبێت.
* ئەى هاوکارییەکانى ئێوە بۆ رێکخراوەکان لەسەر چ بنەمایەکەو کاروبارەکانتان چۆن رایی دەکەن؟
ــ ئێمە خاڵى پەیوەندین لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکاندا. هەوڵدەدەین داخوازییەکانى رێکخراوەکان بگەیەنینە سەرۆکى حکومەت.
   هەروەها هەوڵدەدەین لەگەلڕ وەزارەتەکانى دیکەش کاربکەین بۆ ئەوەى ئەوانیش یارمەتى رێکخراوەکان بکەن.
چونکە دروست کردنى کۆمەڵگەى مەدەنى لە کوردستان، کارێکى سانا نییە. هیچ لایەنێکیش بە تەنیا ناتوانێ ئەو کارە بکات. دەبێ هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەو  مەبەستە.
* راسپاردەکانى کۆنفراسەکە چی بوون و چەندی جێ بە جێ کراون؟
ــ من لەگەلڕ ژمارەیەک ( 5 ) کەس لە نوێنەرانى رێکخراوەکان چووینە لاى سەرۆکى حکومەت و راسپاردەکانمان پێشکەش کرد، چاوەڕوانین کە جەنابى وەڵامى هەبێت.
   ئەوانە راسپاردەى کۆنفرانسى هەرێمایەتى بۆ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بوو کە نزیکەى نوێنەرى ( 140 ) رێکخراو بەشداریان تێدا کردو خۆشیان رێکخەرى کۆنفراسەکە بوون و ئێمە تەنیا نوێنەرمان هەبوو.
   لیژنەى نووسینەوەى راسپاردەکانیش ( 12 ) کەس بوون.
* ئایا ئێوە لەلایەن حکومەتەوە منحەى تایبەتیتان هەیە؟
ــ ئێمە بۆ منحە کتابمان کردووە بۆ ئەنجومەنى وەزیران کە بودجەیەکى دیاریکراومان بۆ تەرخان بکات. بەڵام تا ئێستا کە بوودجەمان نییە، هەوڵماندواوە هەر رێکخراوێک کە مەشروعێک پێشکەش دەکات ئێمە نووسراو بۆ ئەنجومەنى وەزیران دەکەین بۆ خەرج کردنى پارەى تێچووى مەشروعەکە.
* لەو نووسراوەدا ئێوە داواى ئەوەتان کردووە کە منحەى رێکخراوەکان لاى ئێوەوە بێت و ئێوە هاوکارى ماددیان بکەن؟
ــ سەرۆکى حکومەت لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ ئەوەى کاروبارى رێکخراوەکان هەڵسەنگێنێ لەگەلڕ منحەکەیان لە وەزارەتى دارایی. ئێمە لەو لیژنەیەدا بەشدارنین، چونکە ئەوە  پەیوەندى بەداراییەوە هەیە.
   ئێمە ئێستا کار لەسەر داتاو کارى رێکخستنى رێکخراوەکان دەکەین و ئەوەش وەختى دەوێت. چونکە رەوشەکە بەباشى تەنزیم نەبووە.
* مەبەستت لە تەنزیم کردنى رێکخراوەکان ئەوەیە کە دەسەڵاتییان کۆنترۆل بکرێت و بخرێتە ژێر کۆنترۆڵەوە؟
ــ نەخێر، تا ئێستا یاسایەک نییە بۆ رێکخستنى رێکخراوەکان. ئەمە شتێکى سروشتییە و دەبێ هەبێت بۆ ئەوەى بەربەرەڵایی نەبێ.  ئێمە دەمانەوێ بناغەیەکى باش بۆ کارى رێکخراوەکان دابنرێت.
   بۆ ئەم مەبەستەش بە هاوکارى رێکخراوەکانى ناحکومى پرۆژە یاسایەکمان تەقدیمى سەرۆکى حکومەت کردووە و چاوەڕوانى رەئى کاک نێچیرڤانین بۆ ئەوەى تەقدیمى پەرلەمان بکرێت.
* خەڵکى گلەیی ئەوە لە رێکخراوەکان دەکەن کەوا چالاک نین و تەنیا بۆ بەرژەوەندى شەخسى و مادى کاردەکەن و ئەوانیش گەندەڵیان تێکەوتووە و مانگانە پارەیەکى زۆرى منحە لە وەزارەتى دارایی وەردەگرن؟
ــ تاڕادەیەک ئەوە راستە، بەڵام بەو شێوەیەش نییە. چونکە ئێمە دەزانین کە هەندێک رێکخراو هەیە زۆر ئەکتیڤ  کاردەکەن، بێ ئەوەى پارە لە حکومەت وەربگرن. بەڵام هەیە پارەیان لە حکومەت وەرگرتووە و هیچ کاریشیان نەکردووە. لەبەر ئەمەش کاک نێچیرڤان ئەو لیژنەیەى پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنى کارى رێکخراوەکان. بەڵام تا ئێستا لێژنەکە کارەکانى تەواو نەبووە.
* دوا پرۆژەت چییە؟
ــ ئێستا پرۆژەى دامەزراندنى پەیمانگایەکم بەدەستەوەیە لە کوردستان.  ئەم پرۆژەیەشم لەگەلڕ خۆم بردوو بۆ واشنتۆن، ئێستا ئەوانیش دیراسەى دەکەن.
پێویستە لە کوردستان پەیمانگایەک هەبێت بۆ پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا بۆ کردن لە رێکخراوەکانى مەدەنى، چ لەڕووى مەنهەجى و پراکتیکییەوە. دەمانەوێ ئەم پەیمانگایە سەربەخۆ بێت بە هاوکارى حکومەت.
  
f_bewar@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.