Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
ئه‌م تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌ بۆ ڕۆژێ‌ بێ‌ هه‌ر ده‌ڕووخێ‌!

ئه‌م تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌ بۆ ڕۆژێ‌ بێ‌ هه‌ر ده‌ڕووخێ‌!

Closed
by January 18, 2011 گشتی

    سه‌ره‌تا وا باشه‌ خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ وشه‌ی تڕه‌كه‌ڵه‌ك ئاشنا بكه‌م، پێده‌چێت واتاكه‌ی به‌لای زۆرێك له‌ خوێنه‌رانه‌وه‌ ڕوون بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌دا وشه‌ی تری بۆ به‌كاربهێنرێت .
 تڕه‌كه‌ڵه‌ك به‌و دیواره‌ ده‌وترێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌نانی كۆمه‌ڵێك خشت‌و به‌رده‌وه‌ درووستده‌بێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان خشت‌و به‌رده‌كاندا هیچ مادده‌یه‌كی پێكه‌وه‌ گرێده‌ری وه‌ك قوڕ، گه‌چ، چیمه‌نتۆ به‌كاربهێنرێت، وشكه‌كه‌ڵه‌كیشی پێده‌وترێت. .
 له‌ هه‌ندێ‌ باوه‌ڕی ئه‌فسانه‌یی كۆندا هاتووه‌: ئه‌م زه‌وییه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژێین له‌ سه‌رشاخی گایه‌كه‌، گایه‌كه‌ش له‌سه‌ر كلكی ماسییه‌كه‌، ماسییه‌كه‌ش له‌ناو ده‌ریایه‌كدایه‌، هه‌ركات ئه‌و ماسییه‌ بجووڵێت زه‌ویش ده‌ستده‌كات به‌ جووڵه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش بوومه‌له‌رزه‌ درووستده‌بێت…!
   نازانم ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ چۆن هاتووه‌ته‌ ناو كتێبه‌ ئایینییه‌كانه‌وه‌، وه‌لـێ‌ ده‌زانم هه‌ندێ‌ وشكه‌سۆفی و كۆڵكه‌مه‌ڵا له‌ كۆندا بڕوای ته‌واویان پێی هه‌بووه‌و به‌ ده‌قی قورئان‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریان زانیوه‌و، ڕه‌نگه‌ هه‌ركه‌سێكیش باوه‌ڕی پێی نه‌بووبێت به‌ كافرو زندیقیان له‌ قه‌ڵه‌م دابێت!
    ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م جۆره‌ ئه‌فسانانه‌ لایه‌نگری خۆیان هه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو زه‌مان‌و سه‌رده‌مێكدا خه‌ڵكانێك هه‌بوون‌و هه‌ن گاڵته‌یان به‌و جۆره‌ قسانه‌ دێت‌و لاقرتێیان پێ‌ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ پیاوێكی وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌(مه‌لا موحه‌ممه‌دی جه‌لی)، كه‌ تا بڵێی زاناو شاره‌زا بووه‌ له‌ بواری دین و دونیادا، له‌ سه‌رده‌مێكدا ژیاوه‌ هه‌ندێ‌ شێخ و مه‌لا له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌ نزیكی پله‌ی په‌رستن كراونه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و باره‌ ناله‌باره‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بێت له‌ ئاست ئه‌و دۆخه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر به‌ توندی به‌ گژ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ بازرگانی به‌ ئایینه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و عه‌وام‌و ڕه‌شۆكی خه‌ڵك ده‌خه‌ڵه‌تێنن چووه‌ته‌وه‌، ئه‌و له‌ ساڵی 1957دا نامیلكه‌یه‌كی نووسیوه‌ به‌ ناوی “فڕی فڕی قه‌ل فڕی”، تێیدا تا خوا حه‌ز بكات گاڵته‌ به‌و شێخ و مه‌لایانه‌ ده‌كات كه‌ ئیددیعای كه‌رامات و خه‌وارق ده‌كه‌ن. .
  نه‌ك هه‌ر گه‌وره‌زانایان، به‌ڵكو زۆرجار وا رێكده‌كه‌وێ‌ كه‌سانی ساده‌ش هه‌بن بڕوایان به‌م جۆره‌ تووڕه‌هاتانه‌ نه‌بێ‌. .
  ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت له‌ كۆتایی بابه‌ته‌كه‌مدا بیخه‌مه‌ڕوو و په‌یوه‌ندیی جه‌وهه‌ری به‌ ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام په‌له‌ مه‌كه‌ن، سه‌رتاپای بابه‌ته‌كه‌ خۆی به‌سه‌رهاتێكی له‌و خۆشتره‌!
  له‌ ساڵی 1991دا، خه‌ڵكی ڕه‌ش‌و ڕووتی كورد له‌ به‌شه‌ كوردستانی سه‌ر به‌ عێراقدا هه‌لێكیان بۆ ڕه‌خسا تا ڕاپه‌ڕین بكه‌ن‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی عێراق له‌ كوردستان ڕابماڵن، هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه‌ بزاوتی كوردی له‌ كاتی ڕاپه‌ڕیندا، له‌ ئه‌وپه‌ڕی لاوازیدا بووو ئه‌گه‌ر خوا سه‌ری له‌ سه‌ددام تێكنه‌دایه‌‌و، ئه‌و بێئه‌قڵیی نه‌كردایه‌و كووه‌یتی داگیر نه‌كردایه‌، سه‌د ساڵی مابوو كورد بتوانێت ڕاپه‌ڕینێكی له‌و شێوه‌ بكات. به‌هه‌رحاڵ ڕاپه‌ڕین كراو كۆمه‌ڵێك پارتی سیاسی له‌ كوردستان په‌یدابوون، دوو حیزبی سه‌ره‌كی یه‌كێتی و پارتی، كه‌ پێشتر ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی سه‌رده‌می شاخیان ده‌كرد، هاتنه‌وه‌و خۆیانكرده‌وه‌ به‌ پێشڕه‌وو ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌شمان بیرنه‌چێت ئه‌م دوو حیزبه‌ پێش ڕاپه‌ڕینیش لووله‌ی تفه‌نگیان چه‌ند ڕوو له‌ سنگی دووژمن بووبێت، دوو هێنده‌ ڕووی له‌ سنگی یه‌كتر بووه‌، بڕوا ناكه‌م كه‌سێكی ئاگادار له‌ بارودۆخی ئه‌وكاته‌ هه‌بێت حاشا له‌م ڕاستییه‌ بكات، به‌ خودی ئه‌و دوو پارته‌یشه‌وه‌.. سێ‌ ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕیندا تێنه‌په‌ڕیبوو ئه‌م دوو حیزبه‌ ئه‌زموونی شاخیان هێنایه‌ ناو شاریشه‌وه‌و دیسانه‌وه‌ به‌ربوونه‌وه‌ گیانی یه‌كتر، له‌سه‌رچی؟!  له‌سه‌ر كورسی و ده‌سه‌ڵات، له‌سه‌ر پاره‌و داهات!!
     ساڵانێكی دورودرێژ شه‌ڕی گه‌رم و پاشانیش جه‌نگی سارد، به‌ درێژایی هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ش ده‌سه‌ڵاتیان له‌ نێوان خۆیاندا به‌شكردبوو، بۆ ساتێكیش له‌ هه‌ڵپه‌كردن به‌ دوای كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی زیاتردا رانه‌وه‌ستاون. .
     ساڵ هات‌و چوو، دونیا گۆڕا، شه‌ڕی بۆسنه‌ ته‌واوبوو، كێشه‌ی كه‌ره‌باغ كپ بووه‌وه‌، شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌فغانستان گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی، تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست و، په‌یكه‌ره‌كانی بووزای له‌بن ده‌رهێنا، تاڵیبان نه‌ما كارزای هات.
    له‌ ئێراندا چه‌ند سه‌رۆك هاتن و چوون، ڕه‌فسنجانی ڕۆیشت، خاته‌می هات ، ئه‌ویش دوای دوو خولی چوار ساڵه‌ چوو، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هات..
    له‌ ئه‌مریكایشدا بووشی باوك چوو، كلینتۆن هات، ئه‌ویش ڕۆیشت، بووشی كوڕ هات، ئه‌ویش ڕۆیشت، ئۆباما بوو به‌ سه‌رۆك. .
     له‌ پاكستان بونه‌زیر بۆتۆ نه‌ما، نه‌واز شه‌ریف هات، موشه‌ڕڕه‌ف هات شه‌ریفی لابرد، مووشه‌ڕڕه‌فیش ناچار به‌ وازهێنان كرا، زه‌رداری ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته‌ ده‌ست. .
     له‌ توركیادا ده‌سه‌ڵات له‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌مپه‌ڕی ڕاست گۆڕا، له‌ چیله‌ره‌وه‌ بۆ یه‌ڵمازو بۆ ئه‌ربه‌كان و حیزبی ره‌فاه و بۆ ئه‌جه‌ویدو تا ده‌گات به‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان و عه‌بدوڵڵا گویل و ئۆردوگان. . 
     له‌ ئیسرائیلیش ئیسحاق ڕابین كوژرا، نیتنیاهۆ چوو، ئیهۆد باراك نه‌ما، شارۆن تووشی CVA بوو، ئۆڵمێرت هات، جارێكی تر ناتنیاهۆ هاته‌وه‌.
     فه‌ڵه‌ستینیش دونیایه‌ك گۆڕانكاری تێیدا ڕوویدا، عه‌ره‌فات كۆچی دوایی كرد، ئه‌بوو مازن بوو به‌ سه‌رۆك، شێخ ئه‌حمه‌د یاسین تیرۆركرا، حه‌ماس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زۆرینه‌ی به‌ده‌ستهێنا، ئیسماعیل هه‌نییه‌ بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، پاشان حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌ماس به‌ بڕیارێكی مه‌حموود عه‌بباس هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ . .
     ته‌نانه‌ت سعودیه‌و سوریاش سه‌رۆكه‌كانیان گۆڕان_ هه‌ڵبه‌ت ماڵی مردن ئاوا بێت، ده‌نا ئه‌وان وا به‌ئاسانی نه‌ده‌گۆڕان _!_وا توونسیش ئازایانه‌ ڕاپه‌ڕین‌و بن عه‌لییان وه‌ده‌رنا_.
     دونیا سه‌رله‌به‌ر گۆڕا، یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر ڕوویدا، ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان ڕووخا، وا خه‌ریكه‌ جارێكی تریش دێته‌وه‌، سه‌ددام به‌ سه‌ددامی خۆی له‌سه‌ر كار لابرا، ده‌ستگیر كراو، پاشانیش ئیعدام كرا، كه‌ له‌سه‌یریش سه‌یرتر بوو!
    عێراقێك كه‌ بیست‌وچوار ساڵ بوو سه‌رۆكێكی تێدا نه‌گۆڕابوو، چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رۆك و نیمچه‌سه‌رۆكی تێدا ئاڵوگۆڕ كرا: جه‌ی گارنه‌ر، برێمه‌ر، ئه‌نجوومه‌نی حوكم، یاوه‌ر، عه‌للاوی، جه‌عفه‌ری، مالكی، تاڵه‌بانی. . .
    كه‌چی له‌م بسته‌ خاكه‌دا كه‌ ئێمه‌ی له‌سه‌ر ده‌ژێین ده‌سه‌ڵات تۆپێكه‌و له‌ نێوان شه‌قی دوولادا یاری پێده‌كرێت، ته‌ماشاكه‌رانیش، كه‌ هاونیشتیمانیانی منن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناڕێكی‌و بێدادییه‌ی ده‌یبینن، هێشتا له‌ چه‌پڵه‌لێدان ناكه‌ون!
    كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ له‌ شاخدا نانی ڕه‌قیشیان ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت بیخۆن، زیاد له‌ شانزه‌ ساڵه‌ داهاتی ئه‌م وڵاته‌ قوت ده‌ده‌ن كه‌چی هه‌ر تێر ناخۆن، حوتیش بوونایه‌ ده‌بوایه‌ ئێستا ته‌قیبان، له‌ به‌رمیلی كون ده‌چن!
    له‌ زانستی سیاسیدا زاراوه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت: مۆبۆكراسی، واته‌ حوكمی كه‌سانی هه‌رچی و په‌رچی و بێسه‌روبه‌ر، ده‌سه‌ڵاتی كه‌سانێكه‌ كه‌ له‌دوای هه‌ندێ‌ شۆڕشه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست و، پاش سه‌قامگیربوونی بارودۆخی وڵات، ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستده‌ده‌ن. .
    به‌ڵام مۆبۆكراسیه‌ته‌كه‌ی لای ئێمه‌ وا بیست ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدایه‌و كه‌چی پێناچێ‌ بیری له‌ وازهێنان كردبێته‌وه‌، كه‌سێكیش نییه‌ پێی بڵێت: بووه‌سته‌ كاتت ته‌واو بوو!
   ئه‌رێ‌ براده‌ران به‌ ئه‌قڵی چۆله‌كه‌یشه‌وه‌ ده‌چێت ده‌سه‌ڵاتێك بیست ساڵ ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌بێت، كه‌چی تا ئێستاش هیچ ساڵێك پلانی بۆ ساڵی داهاتوو نه‌بێت؟
   تا ئێستا ئامارێكی ڕه‌سمی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ی له‌لا نه‌بێت؟!
   ئاخر مه‌عقوله‌ وزاره‌تی په‌روه‌رده‌ نه‌زانێت چه‌ند قوتابی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌؟
   نه‌زانێت ئه‌مساڵ چه‌ند خوێندكاری كوڕو چه‌ندی كچ شه‌شه‌می ئاماده‌ییان بڕیوه‌؟
  وزاره‌تی خوێندنی باڵا ئاماری ژماره‌ی خوێندكارانی هاتووی بۆ زانكۆو په‌یمانگاكانی له‌لا نه‌بێت؟!
  باشه‌ ده‌كرێت زانكۆیه‌ك ته‌نها توانای وه‌رگرتنی 600 خوێندكاری هه‌بێت، كه‌چی ناوی 1800 خوێندكاری بۆ بێته‌وه‌؟! _ئه‌مه‌ نوكته‌ نییه‌‌و سێ‌ ساڵا له‌مه‌وبه‌ر ڕوویدا، ئه‌م بابه‌ته‌یش له‌و كاته‌دا نووسراوه‌_.
    سه‌دان خوێندكار له‌ باشووری عێراقه‌وه‌ دێن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ سوریاو ئێران و….یشه‌وه‌ دێن و به‌بێ‌ ڵێكۆڵینه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن، كه‌چی هه‌ر ماوه‌ی جارێك ڕاده‌گه‌یه‌نرێت: ئه‌مساڵ ناتوانین هه‌موو ده‌رچووانی شه‌شی ئاماده‌یی له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان وه‌ربگرین، چونكه‌ جێگا نییه‌!!
   ساڵانه‌ دونیایه‌ك خوێندكار له‌ زانكۆو په‌یمانگاكان ده‌رده‌چن و له‌ ماڵدا داده‌نیشن و حكومه‌تیش پلانێكی بۆ دامه‌زراندنیان نییه‌ . .
   ئه‌وه‌ كێشه‌ی عبوور باهه‌ر باس نه‌كه‌م، چونكه‌ زامی زۆر كه‌س ده‌كولێته‌وه‌ به‌و باسه‌، هه‌ر رۆژه‌ی بڕیارێك ده‌رده‌چێت‌و هه‌ر ساڵه‌ی مۆدیلێك پیاده‌ ده‌كرێت.
    له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خۆپیشاندان به‌تایبه‌ت خۆپیشاندانی خوێندكاران، بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی به‌رچاو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌م كێشه‌ هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
    بارودۆخی وڵات ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بێت.. جاده‌ی نێوان هه‌ندێ‌ له‌ شاره‌كان له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ وه‌ك خۆیه‌تی و ده‌ستكاری نه‌كراوه‌. . هه‌ركه‌س بیه‌وێت له‌ كه‌لاره‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی بچێت، ده‌بێت پێشتر وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی بنووسێت ئینجا له‌ ماڵ ده‌رچێت، چونكه‌ جاده‌كه‌ی ئه‌و به‌ینه‌ (ئه‌نجه‌رمۆله‌قه‌یه‌)!!
  ئه‌وه‌ كاره‌با هه‌ر مه‌پرسه‌، ڕه‌نگه‌ به‌ باسكردن له‌ گرنگی كێشه‌كه‌ كه‌م بكه‌مه‌وه‌!
  ئه‌گه‌ر بیرتان نه‌چووبێت له‌ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌مه‌وه‌ وه‌عدم پێدان له‌ كۆتاییدا به‌سه‌رهاتێكتان بۆ بگێڕمه‌وه‌: له‌ حه‌فتاو هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی گه‌رمیاندا مه‌لایه‌ك وتاری دابوو، له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی درووستبوونی ئه‌رزو ئاسمانی كردبوو، له‌ گه‌رمه‌ی قسه‌كردندا بوو‌و له‌ كاتێكدا باسی ئه‌وه‌ی كردبوو ئه‌م ئه‌رزه‌ له‌سه‌ر پشتی گایه‌كه‌و گاكه‌ش له‌سه‌ر كلكی ماسییه‌كه‌و….، پیاوێكی قسه‌خۆش كه‌ وا دیاره‌ قسه‌كه‌ی مامۆستا به‌ ئه‌قڵییه‌وه‌ نه‌چووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی وتاره‌كه‌دا هه‌ڵده‌ستێت‌و به‌رامبه‌ر مامۆستا ده‌وه‌ستێت‌و ده‌كاته‌ جواو: “مامۆستا قسه‌كه‌یشت به‌ شه‌كر له‌ ده‌مدا ده‌بڕم، به‌پێی ئه‌م قسه‌یه‌ بێت كه‌ تۆ ده‌یكه‌ی و زه‌وی به‌م تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌ وه‌ستابێت، ده‌ی سێ‌ به‌ سێ‌ ته‌ڵاقم كه‌وتبێت ئه‌م تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌ بۆ ڕۆژێ‌ بێ‌ هه‌ر ئه‌ڕووخێ‌!! “، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو به‌ مه‌لایشه‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌ قاقای پێكه‌نین .
  منیش وا هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌ كه‌ ڕێك له‌ تڕه‌كه‌ڵه‌ك ده‌چێت، زۆری به‌به‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌و، پایه‌كانی له‌ق بوونه‌، نازانم چۆن‌و كه‌ی؟ به‌ڵام هه‌رچی سه‌یرده‌كه‌م ئه‌م تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌ توانای خۆگرتنی نه‌ماوه‌و هاكا به‌لادا هات . .
   ئیتر نازانم ئێوه‌ (ئامین)م بۆ ده‌كه‌ن، یان” وه‌ی خوا نه‌كا، ده‌مت لاربێت”م پێ‌ ده‌ڵێن؟!
   هه‌رچی ئێژن گه‌ردنتان خۆش‌و ئازاد بێت..! 

 

• تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ دوو سێ‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه‌، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك زانیاری‌و ساڵی تێدا ده‌ستاكاری كراون، به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵا ئێستادا بگونجێت .
• ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com

 

        هێمن خورشید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.