شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی و به كۆیله‌كردنی مرۆڤ….
شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی و به كۆیله‌كردنی مرۆڤ له رۆمانی كاتژمێر 25 دا
قسه‌ی ئێمه له‌و نووسینه‌دا له‌سه‌ر لایه‌نه هونه‌رییه‌كانی رۆمانه‌كه و زمانی نووسین و ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ی گێڕانه‌وه نییه، كه گۆرگیۆ تا ئه‌وپه‌ڕی تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌جۆرێك كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا ناچارت ده‌كا ده‌ستبه‌رداری نه‌بیت. بۆ نموونه فلاش باك له‌ناو گێڕانه‌وه‌كه‌دا به‌جۆرێكه وا ده‌كات هه‌میشه رووداوه‌كان له زه‌ینی خوێنه‌ردا وه‌ك زنجیره‌یه‌كی نه‌پچڕاو بن و هه‌ست به هیچ جۆره لێڵی و ناجۆرییهك له به‌یه‌كه‌وه بهستینهوهی رووداو و كاراكته‌ره‌كان نه‌كات.
تا ئه‌و رۆمانه‌م نه‌خوێند بووه‌وه وام ده‌زانی له رابردوودا یه‌هودییه‌كان به ته‌نها قوربانی سیاسه‌ته‌كانی هیتله‌ر و نازییه‌ت بوون، بۆیه زۆرجار ئه‌و توندڕۆیی و خودپه‌رستی یههودییهكانم له‌م رۆژگاره‌دا وه‌كو جۆرێك له نه‌رجسییه‌ت ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام كاتێ رۆمانه‌كه ده‌خوێنیته‌وه و ده‌بینی مرۆڤی یه‌هودی له‌نێو زه‌بروزه‌نگی سوپاكه‌ی ستالین و سه‌ربازگه‌كانی یۆنانی و ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی و ئه‌مریكی و ژاپۆنی و ئه‌وانی تردا چ سته‌مێكی به‌رامبه‌ر كراوه و تا ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی له به‌رامبه‌ریدا به‌كار هاتووه و حیسابی مرۆڤی بۆ نه‌كراوه و به جۆره‌ها شێوازی ده‌روونی و جه‌سته‌یی رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه بۆته‌وه، ئه‌وكات ده‌زانی كه بۆچی له‌مڕۆدا یه‌هود هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری خۆی بێت و هه‌موو رێگایه‌كی ره‌وا و ناڕه‌واش له پێناو بوون و به‌رده‌وامی خۆی ده‌گرێته‌به‌ر و هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رچه‌كرداردا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانیدا ده‌كات، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و په‌رچه‌كردارانه‌ی سه‌رچاوه له مێژووی پڕ چه‌رمه‌سه‌رییان وه‌رده‌گرن. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ره‌وایی دان به كۆی ره‌فتار و سیاسه‌ته‌كانی ئیسرائیل و یه‌هود نییه له‌م رۆژگاره‌دا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست نیشاندانی ئه‌و راستییه‌یه كه ئه‌وان له خۆڕا و به‌بێ هۆ له‌مڕۆدا نه‌بوونه‌ته گرێكوێره‌ی زۆر له كێشه ئاڵۆزه‌كانی دونیا و به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌هه‌رحاڵ، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی قسه‌كردنی ئێمه له‌م نووسینه‌دا به كۆیله كردنی مرۆڤ و داشۆرینییهتی له هه‌رچی به‌ها و نرخی مرۆڤ بوونه له سای شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌و یاسا و دادگا میكانییانهی مرۆڤیان كردۆته كۆیله‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵ. له نێو فه‌زای ئه‌و رۆمانه‌دا مرۆڤ به هه‌موو ئازاره‌كانی نمایش كراوه. به نه‌هامه‌تییه‌كانی، چاره‌نووسی نادیاری، خه‌ونه كوژراوه‌كانی، نه‌گبه‌تییه به‌رده‌وامه‌كانی، كه تیایدا دواجار قوربانی خودی خۆیه‌تی، چ له ئاسته ماددییه‌كه‌ی یان مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی، به‌و پێیه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا كه ئامرازی كوشتنی مرۆڤه‌كان و له مرۆڤ خستنیانه، به‌رهه‌می عه‌قڵ و هوشیاری مرۆڤ خۆیه‌تی، یان ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه به بیانووی رێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كۆمه‌ڵگا داڕێژراون به‌رهه‌می خودی بیركردنه‌وه و دونیابینی مرۆڤن، دواجاریش خودی یاسا و رێساكان و دامه‌زراوه‌كانیان ده‌بنه‌وه جه‌للادی مرۆڤه‌كان و له‌په‌لوپۆ خستنیان، كه بێدادی و نایه‌كسانی دیوێكی بهرجهستهبوونیانه له ژیانی رۆژانه‌دا و له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان و له شوێنكاتی جیاواز و به ئاست و رێژه‌ی جیاواز هه‌ست به‌و سته‌مه‌ی یاساكان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌كرێ. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌كات نووسه‌ر بڵێ ” مرۆڤ ئیدی له هیچ كوێ ئاسایش به خۆیه‌وه نابینێ. زه‌وی چیدی هی مرۆڤ نییه”.
ئێمه كه ئه‌وه‌نده به‌و پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژییه گهشاوینهتهوه، به‌و پێیه‌ی زۆرترین ئاسانكاری له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا بۆ كردووین، به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه رۆحییه‌ی خۆیشمان بیرچۆته‌وه كه بۆ هه‌ر یه‌كێكمانی دروستكردووه، نیگامان ئه‌و دیمه‌نانه‌ی به كۆیله‌بوونمان به ده‌ستی ئه‌و ئامێره بێگیانانه نابینێ كه خه‌ریكه بوونی مرۆییمان زه‌وت ده‌كات. كۆمه‌ڵگا و شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی به فۆڕمێك له‌ناوماندا ئیش ده‌كات، كه وای لێهاتووه هه‌موومانی كردۆته كۆیله‌ی بازاڕه‌كانی خۆی، سه‌رقاڵییه بێماناكانمان.. كاڵبوونه‌وه‌ی عاتیفه و سۆز و میهره‌بانیمان.. وشكبوونی خه‌یاڵی جوان بینی و زمانی گوڵڕهنگمان، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مگینی به‌رده‌وامی ناوه‌وه‌مان، هه‌موو ئه‌وانه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئامێره لهعنهتییانهن، كه دواجار خودی خۆیشمانی كردۆته ئامێری میكانیكی ده‌ستی خۆی. ئه‌و شارستانییه‌ته وه‌ك بوونێكی رۆحی خاوه‌ن هه‌ست و نه‌ست و سۆز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ناكات، وه‌كو مرۆڤی خاوه‌ن خه‌ون و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌ندێشه و خه‌یاڵكردن له‌ته‌كماندا ره‌فتار ناكات، به كورتی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌كنه‌لۆژی وه‌ك گۆشت و خوێن و رۆح و هه‌ست و سۆز ئێمه‌ی مرۆڤ ناناسێ، به‌ڵكو زێده‌تر چه‌شنی مادده‌یه‌كی رووتی بێ‌گیان سه‌ودامان له‌ته‌كدا ده‌كات، ئه‌وه دونیای ته‌كنه‌لۆژیایه ئێمه‌ی داگیركردووه و له هێزی بیركردنه‌وه و جوڵه‌ی ژیانی خستووین، نه‌ك ئێمه ئه‌ومان كۆت و كۆنتڕۆڵ كردبێت، تا ئه‌وه‌ی ” كۆمه‌ڵگای ته‌كنه‌لۆژی ئاگای له بوونی ئینسانه‌كان بڕاوه و ته‌نیا وه‌ك چه‌مكی ئه‌بستراكتی – غوڵام – مرۆڤ ده‌ناسێ”.
سه‌رنج بده‌ن چۆن هه‌ست به ئازارێكی زۆر ده‌كه‌ین كه كه‌سێك به كۆیله ناومان به‌رێ، چه‌نده ته‌رق ده‌بینه‌وه له‌وه‌ی به خزمه‌تچی و نۆكه‌ر پێناسمان بكه‌ن، به‌ڵام كه‌سمان له‌به‌رمبه‌ر به – غوڵام _ بوونمان به‌ده‌ستی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا ته‌ریق نابینه‌وه!!
ژیان ئه‌مڕۆ له‌وپه‌ڕی پووچی خۆی دایه، تاكه به‌هایه‌ك بۆ ژیان مابێته‌وه ئه‌وه‌یه مرۆڤ قوربانی به هه‌موو شته‌كانی بدات له پێناو مانه‌وه، ژیان ناچاری كردووین به‌رگه‌ی هه‌موو سه‌ختییه‌كان بگرین و به ئازار و خۆ خواردنه‌وه رابێین، ئاخر ” مرۆڤ به هه‌موو شتێ رادێ، ته‌نانه‌ت به نه‌گبه‌تیش”، مه‌گه‌ر سات به ساتی ژیانی زۆربه‌مان پڕنین له نه‌گبه‌تی و سیا چاره‌یی، پێداویستییه‌كانی ژیان وایكردووه مرۆڤ بچێته‌وه ژێر پله‌ی سفری بێ ویژدانی و دڵڕه‌قی، چونكه كه وای لێهات ” مرۆڤ له هه‌موو جێگایه‌ك خوێنی بدا”، كه باجی مانه‌وه و به‌رده‌وامی و ژیان خوێن و به‌های مرۆڤ بوون بوو، ئیدی خودی چه‌مكی مرۆڤ بوون و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كه‌ونه ژێر پرسیار. شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی به جۆرێكه كه وه‌ك كاڵا سه‌یری مرۆڤ ده‌كات و هه‌میشه ده‌یكاته ئامرازێكی بێ به‌های ره‌واج پێدانی خۆی، به‌رده‌وام مرۆڤ به‌ده‌ستی ته‌كنه‌لۆژیا رۆحێكی كوژراو و ویژدانێكی بیماره، ئه‌و شارستانییه‌ته توانیویه‌تی تا ئه‌وپه‌ڕی خزمه‌تی ماددیمان بكات، پێداویستی رۆژانه‌مان بخاته به‌رده‌ست، به‌ڵام له ئاستی رۆحیماندا وێرانی كردووین، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به چه‌شنێكه ” له دابینكردنی ئامرازی حهسانهوهشدا شتی له ده‌ست دێ، ته‌نیا چاككردنی رۆحی له ده‌ست نایه”، ئێمه‌ش كه له‌م رۆژگاره‌دا رۆحمان كوژراوه و هه‌ست و سۆزمان له جوڵه كه‌وتووه هه‌رگیز ئامێرێك ناتوانێ ژیانمان به‌به‌ردا بكاته‌وه، ئاخر رۆحی مرۆڤ كه بیمار بوو، كه تاریك داهات، كه هێزی ژیانی تێدا نه‌هێڵرا، ئاسان نییه بگه‌ڕێته‌وه دۆخی ئاسایی خۆی، هێزێكی میكانیكی و ئه‌لیكتڕۆنی نییه بتوانێ بیكاته‌وه به خۆی، هه‌ر بۆ نموونه ” هه‌رگیز ناكرێ رێگای ژیان و رۆحی مرۆڤ به كاره‌با رووناك بكرێته‌وه”.
” هه‌ڵه‌یه مرۆڤ به‌وه خۆشحاڵ بێت كه له زیندانێكه‌وه بیبه‌نه زیندانێكی تر”، سه‌یره! سته‌مدیده و ژێر ده‌سته‌كان به خۆیان ده‌نازن كه زیندانی سیاسی سته‌مكار و داگیركه‌ریان جێ هێشتووه، خه‌یاڵ پڵاوی و ساویلكه‌یی ئێمه له‌وێدایه كه زیندان له خه‌یاڵ و كۆنهستماندا ته‌نها له چوار دیوار و قامچی ده‌ستی جه‌للاده ئایدیۆلۆژییهكانمان كورت بۆته‌وه، له كاتێكدا خه‌ریكه ده‌چینه‌وه زیندانێك كه هه‌رچی بوونی مرۆییمانه زه‌وتی ده‌كات، زیندانێك خه‌ریكه هه‌رچی جوانییه سروشتییه‌كانی ژیانن له زه‌ینماندا ده‌سڕێته‌وه. ئێمه به پێی خۆمان ده‌چینه زیندانێك كه تا هه‌تایه رۆحمان هه‌لا هه‌لا ده‌كات.
” ئه‌شكه‌نجه‌ی تێنه‌گه‌یشتن و نه‌فامی له كۆیله‌تی ترسناكتره”، تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ی كه ئه‌و شارستانییه‌ته قۆناغ دوای قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی به شێوه‌ی جیاواز له به‌های مرۆڤی كه‌م كردۆته‌وه و ده‌كاته‌وه، له قۆناغێكدا مه‌رگی ده‌سته جه‌معی، له یه‌كێكی دی به‌كاڵاكردنی مرۆڤ له بازاڕه‌كانی ره‌واج پێدانی خۆی، له یه‌كێكی تر كردنی مرۆڤ به ئاژه‌ڵێكی شه‌هوانی، كه غه‌ریزه زاكیره‌ی سندم كردووه. ئه‌و نه‌فامی و تێنه‌گه‌یشتنه، دیوێكی هه‌ره ترسناكی ئه‌و دۆخه رۆحییه‌یه كه مرۆڤ یا ئه‌وه‌تا هه‌ستی پێناكات، یاخود خۆی لێ ده‌بوێرێ و تازه ده‌ستبه‌رداری بوونی مرۆییانه‌ی خۆی بووه.
گۆرگیۆ له‌و رۆمانه‌یدا زۆر وه‌ستایانه و دوور له وروژاندنی سۆز، به‌ڵكو به لۆژێك و به‌رمه‌بنای وتوێژێكی وردی پشت ئه‌ستوور به به‌ڵگه و ئه‌رگۆمێنتی به‌رجه‌سته، ئه‌و دۆزه‌خه‌ی شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژیا بۆ مرۆڤایه‌تی هێناویه‌تی له‌سه‌ر زاری كاراكته‌ره‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌ی و ئهزموونكردنیانهوه دیوه هه‌ره كوشنده‌كه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌خاته روو، تا ئه‌وه‌ی ده‌گاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی بڵێ ” كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆ رێگای وای بۆ پاراستن و رێگاگرتن له راكردنی كۆیله‌كانی هه‌یه، كه یۆنانی و رۆمییه‌كان لێی بێئاگابوون”، ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ له هه‌ژموونی ته‌كنه‌لۆژیا له بازاڕی ژیاندا به‌سه‌ر خواسته مرۆیی و پێداویستییه رۆحی و ویژدانییه‌كان ده‌یبینین رووێكی دیاری ئه‌و نههامهتییهیه كه به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی گرتووه. كۆیله بوونی مرۆڤه‌كان به‌ده‌ست ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌وداسه‌ریان بۆ به‌رده‌وام دهستحستنی مۆدێل و ستایلی نوێی ته‌كنه‌لۆژیا له‌سه‌رجه‌م وارهكاندا، به‌ڵگه‌ی ئه‌و هه‌ژموون و باڵاده‌ستییه‌ی ته‌كنه‌لۆژیایه‌یه به‌سه‌ر بازاڕی ژیاندا، تا ئه‌وه‌ی ” ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بووه به قاڵبێك به پێی پێداویستییه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان دروست كراوه، نه‌ك به‌پێی پێداویستییه مرۆییه‌كان”.
له‌كاتێكدا كه مرۆڤ پێویستییه‌كی زۆری به دڵنیاییه، كه‌چی له‌مڕۆدا له‌هه‌ر رۆژ زیاتر پڕ وه‌سوه‌سه و جێ بهخۆنهگرتووه.. مرۆڤ كه پێویستی زیاتری به ئارامی و سه‌قامگیرییه، كه‌چی لێوڕێژه له مه‌راق و ترس و دڵه‌ڕاوكێ.. تادێت بۆشاییه رۆحییه‌كانی مرۆڤ زیاتر و كه‌لێنی غوربهتییهكانی ناوه‌وه‌ی فراوانتر ده‌بن و له به‌رامبه‌ریشدا خۆراكێكی شایسته شك نابا برسێتی رۆحی و تینوێتی هه‌ست و سۆزه‌كانی بشكێنێ.. مرۆڤێك له‌سای ئه‌و شارستانهییهتهدا نامۆیی له ناوه‌وه‌یدا كرمێی ده‌كا و هه‌میشه له خه‌یاڵی گه‌ڕان و سه‌فه‌ر دایه به شوێن جوگرافیای به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی و ده‌ستگیریشی نابێ، ئاخر ئه‌و شارستانییه‌ته ئه‌وه‌ی باكی پێ نییه خه‌مه مرۆییه‌كان و بوونی خودی مرۆڤ خۆی و بههاكانییهتی.
گۆرگیۆ ده‌یه‌وێ له میانی ئه‌و گوزارشتانه بیرمان بخاته‌وه كه مرۆڤ كائینێك نییه غه‌ریزه و ئامێر فریای ژیاندنی بكه‌ون، بوونه‌وه‌رێك نییه بتوانێ میكانیكی بژیێت و توانا و ده‌ستپێشخه‌ری لێ زه‌وت بكرێ و به‌بێ ویست و ئیراده‌ی خۆی بچێته ژێر جه‌بری شێوه ژیانێكی نه‌ویستراو، چونكه ” رۆحی شه‌ڕه‌فمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌وه پێداگره كه به دڵ و شێوه‌ی خۆی بژیێت و رۆحێكی عاقڵ هیچ تامه‌زرۆی ژیان نییه”، ژیانێك كه پێشتر و له ده‌رره‌وه‌ی ویستی مرۆییانه‌ی خۆی فۆڕمێكی دیاریكراو و قاڵبێكی كۆنكرێتی بۆ داڕێژراوه، كۆمه‌ڵگای ته‌كنه‌لۆژی ئه‌و شارستانییه‌ته‌یه كه ده‌یه‌وێ (تا ئه‌وپه‌ڕیش توانیوویه‌تی) ئه‌و فۆڕمه ژیانه بۆ مرۆڤ دیاری بكات كه خودی ته‌كنه‌لۆژیا ده‌یه‌وێ، نه‌ك مرۆڤ. ئه‌وه نه‌ك ته‌نها له مۆدێلی جلوبه‌رگ و خۆراك و پێداویستییه رۆژانهییهكان ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له ئاستی ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و ته‌نانه‌ت ده‌ست گه‌رمكردن له‌گه‌ڵ سروشت و جوانی و ره‌نگ و ریتمیشدا به ئاسانی هه‌ستی پێده‌كرێ. ته‌كنه‌لۆژیا و پێداویستییه‌كانی ژیان وایان كردووه به‌شێكی زۆری مرۆڤ و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ته‌نها له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنیان و مانه‌وه‌ی خۆی، خۆشه‌ویستی به رق.. په‌یوه‌ندی به دووركه‌وتنه‌وه.. دۆستایه‌تی به به‌رژه‌وه‌ندی.. راستگۆیی به درۆ.. متمانه به قۆڵبڕین.. ئیمان به نیفاق….تد، بگۆڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر به ته‌نیا كۆمه‌ڵگای كوردی به نموونه وه‌ربگرین، كه دوای راپه‌ڕین و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و چاوه‌ڕوان نه‌كراو هه‌ژموونی ته‌كنه‌لۆژیا و شارستانییه‌ته‌كه‌ی ته‌واوی كونج و كهلهبهركانی ژیانی گرته‌وه، خه‌ریكه وای لێدێت مرۆڤه‌كانی ئیراده و سۆز و هه‌سته مرۆییه‌كانیان راده‌ستی ئه‌و ته‌وژمه ده‌كه‌ن و ده‌بێته هۆكارێك بۆ له‌یه‌كترازانی شیرازه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌بێته سه‌نگی مه‌حه‌ك له سه‌رله‌نوێ گرێدانه‌وه‌ی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان تاكه‌كان.
دواجار پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئێمه هه‌رگیز به مانای ره‌تكردنه‌وه‌ی گرنگی و بایه‌خ و زه‌روره‌تی سوود وه‌رگرتن له شارستانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی نایه‌ت، و بۆ ئه‌وه‌ش نه‌نووسراوه، ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره به‌هیچ كلۆجێك له‌گه‌ڵ شێوه‌ژیانی ئێستا و پێداویستییه‌كانی ناكۆكه و نایه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌مان راوه‌ستانێكی خێرایه له‌سه‌ر جۆری مامه‌ڵه‌ی ئێمه له‌سای ئه‌و پێشكه‌وتنه له‌ته‌ك مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌رمان و یه‌كتریدا، تا به نزیكترین كه‌سمان ده‌گات. ئه‌وه چش له لاوازی ئاستی هوشیاری و نائاماده‌یی گیانی به‌رپرسیارێتی له به‌كاربردنیان، كه هه‌ر به‌راستی ئه‌و شارستانییه‌ته ئێمه‌ی كردۆته كۆیله و گوێڕایه‌ڵ و له زۆر له هه‌ست و سۆزه مرۆییه‌كان و پابه‌ندییه رۆحی و مۆڕاڵییه‌كان و به‌رپرسیارێتییه‌كانی داشۆراندووین.
* سه‌رجه‌می ده‌سته‌واژه‌ی نێو كه‌وانه‌كان له رۆمانی (كاتژمێر 25 – نووسینی كۆنستانتین گۆرگیۆ – وه‌رگێڕانی سلێمان دڵسۆز) وه‌رگیراون.
نوری بێخاڵی