ئیم‌یل سیوران,لوتكه‌ی ره‌شبینیی … عومه‌ر جه‌لال
ئیم‌یل سیوران له 8ی ئه‌پریلی ساڵی 1911 له گوندی (رازینار )له‌دایك بووه كه گوندێكی سه‌ر به (ترانسیلڤانیا)ی رۆمانیایه,باوكی خزمه‌تكاری كه‌نیسه بووه به‌ڵام دایكی به‌كه‌سێكی گومانكار ناسراوه به‌رامبه‌ر به‌ئایین , ئه‌م دژیه‌كییه كاریگه‌ری هه‌بووه له ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی ئایینی (سیوران), له ساڵی 1921 رووده‌كاته (سیبیۆ) و له‌كاتێكدا باوكی سه‌رۆكی كه‌نیسه‌یه‌ك بووه, دواتر رووده‌كاته (بوخارست) بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه,هه‌ر له‌وێ بۆیه‌كه‌م جار تووشی نه‌خۆشییه‌كی سه‌خت ده‌بێت ئیدی به‌رده‌وام بیر له‌خۆكوشتن ده‌كاته‌وه,ئه‌م خه‌مگینیی و وه‌ڕسییه‌ی له‌ژیان وای لێده‌كات هه‌ر له‌ته‌مه‌نی 23 ساڵیدا یه‌كه‌م كتێبی خۆی به‌نێوی (له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی غه‌م) ه‌وه له‌ساڵی 1934 بڵاوده‌كاته‌وه.
بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی فه‌لسه‌فی رووده‌كاته (به‌رلین) خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ وتنه‌وه‌ی وانه له‌په‌یمانگای (براسلۆڤ)هه‌ر له‌وماوه‌یه‌دا زۆرێك له وتاره‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه , به‌ڵام ئه‌وه‌ی حه‌زی پێنه‌ده‌كرد تێكه‌ڵبوون بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و هه‌میشه دوور بووه له دیمانه‌ی رۆژنامه و گۆڤاره‌كانه‌وه ,ته‌نانه‌ت هه‌میشه خه‌ڵاته‌كانی ره‌تكردۆته‌وه به‌تایبه‌ت له‌ساڵی 1988 خه‌ڵاتی (پۆل مۆران) ره‌تده‌كاته‌وه.
كاتێك لێی ده‌پرسن نووسین بۆ ؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت (نووسین له‌بیرچوونه‌وه‌ی شتێكه له‌پێناو ناونانی یان زانینی ,گوزارشته له‌چاوه‌ڕوانی بوونه‌وه‌رێك).
له‌كتێبی (دانپیانانه‌كان و نه‌فره‌ته‌كان) ده‌نووسێت (یه‌كه‌م بیرۆكه‌م ئه‌وه‌بوو كه هێرش بكه‌مه سه‌ر كه‌سێك كه له‌باره‌یه‌وه بنووسم و هه‌تا سه‌رسامبم پێی).
(سیوران) له‌قۆناغێكدا ژیاوه قسه‌ی له‌باره‌ی مۆدێرنه‌و پۆستمۆدێرنه‌وه كردووه به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی داوه له‌زه‌مه‌نی خۆی,هه‌وڵی تێكشكانی مانای داوه له‌پێناو ئه‌زموونی نامانایی,هه‌روه‌ها نامۆییه‌كی قوڵی ویستووه هه‌تا په‌یوه‌ستی نه‌بێت به‌م زه‌وییه‌وه.
چه‌مكی ئازار
چه‌مكێكی سه‌ره‌كی نووسینی (سیوران) ره‌شبینی و هه‌ستكردنی به‌رده‌وامبووه به‌ئازار و له‌زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا هه‌ستی پێده‌كرێت ته‌نانه‌ت له‌م چه‌ند دێره‌ی كه‌له‌باره‌ی ئازاره‌وه ده‌ینووسێت زیاتر وه‌ك كه‌سێكی غه‌مگین و ره‌شبین ده‌ناسرێت.
(ئه‌گه‌ر ئازار بچێژی یانی تۆ مرۆیه‌كی ته‌واوی)
(هه‌موو دیالۆگێك له‌ته‌ك كه‌سێكدا كه ئازار نه‌ناسێت پێی ده‌وترێت چه‌قه‌چناوه‌یی)
(ئای له‌و بڕه ئازاره‌ی كه مێشكم ئاسووده ده‌كات).
ئه‌گه‌ر چی وه‌ك فه‌یله‌سوف ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵاَم ئه‌و دۆخه ده‌روونییه و ره‌شبینییه‌ی وای لێده‌كات كه رووه شیعر و ئه‌ده‌ب هه‌نگاو بنێ بۆ ئاسووده‌بوونی وه‌ك خۆی پێی وایه له‌فه‌لسه‌فه‌دا ماندووه و ده‌یه‌وێت كه‌مێك به‌خته‌وه‌ر بێت به‌ڵام دواتر ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه له شیعریشدا نادۆزێته‌وه ,ژیانی له‌نێوان خه‌مگینی و ته‌نیاییدا بردۆته سه‌ر و هه‌میشه بیری له‌خۆكوشتن كردۆته‌وه.
ئه‌م فه‌یله‌سوفه زۆر په‌یوه‌سته به (نووسه‌ره خۆكوژه‌كانه‌وه) وه‌ك (نیچه و پۆل ڤالێری و بۆدلێر) هه‌میشه ئه‌وه‌ی چه‌ند جار له‌چه‌ند شوێنێك وتووه كه ده‌نووسێت (خۆتان بكوژن,به‌ڵام دوای بخه‌ن) جگه له‌وه‌ش پێی وابووه مردن كوڕی ژیانێكی هه‌تیوه,نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
(سیوران) فه‌یله‌سوفێكی شاعیربووه ,به‌ڵام به‌درێژای ته‌مه‌نی خۆی به‌كه‌سێكی غه‌مگین ناساندووه و هه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م كتێبی ئیدی هه‌تا له‌ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا ده‌مرێت مۆته‌كه‌ی خۆكوشتن وازی لێ ناهێنێت و ره‌شبینییه‌كی وای هه‌بووه هه‌تا جارێكیان ده‌نووسێت( من یه‌كه‌م په‌یامبه‌ری ره‌شبینییم).
كاریگه‌ری به نووسه‌ر و شاعیره هیچگه‌راكانی وه‌ك (نیچه‌و شۆپنهاوه‌ر) ه‌وه زۆربووه, تا جارێكیان ده‌نووسێت(ته‌نیایی, زۆر ئاسووده‌م ده‌كات هه‌تا ئه‌و پله‌یه‌ی كه‌هه‌ر پێكگه‌یشتنێك به‌مانای له‌خاچدانم بێت),(ئێمه ته‌نیایی ده‌ناسین و ده‌زانین چییه,كاتێك گوێ له بێده‌نگی شته‌كان ده‌گرین),
هه‌روه‌ها زۆر كاریگه‌ربووه به‌نووسینه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) كه‌ئه‌ویش وه‌ك كه‌سێكی ره‌شبین و غه‌مگین ناسراوه, هه‌ر ئه‌م بێزارییه‌ی وای لێده‌كات له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی (هاملێت ) كه ده‌ڵیت (من هه‌م یان نیم) سیوران ده‌نووسێت (باشتر وایه نه‌بیت).
ج چائه‌وه‌ی له زۆر شوێندا هاوڕا بووه له‌گه‌ڵ (سارته‌ر) و سه‌رسامبووه به‌رامبه‌ر به‌نووسینه‌كانی بۆ نموونه ئه‌وه‌ی كه (سارته‌ر) ده‌ینووسێت (ئه‌وانی دی دۆزه‌خن) ره‌نگدانه‌وه‌ی لای (سیوران) هه‌یه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا زۆر هاوڕایه له‌دۆزه‌خیی ئه‌وانی دی تا ئه‌و كاته‌ی ده‌نووسێت (ئه‌وی دی ناهێلێت من خۆم بم)
(من نیم كه به كه‌ڵكی جیهان نایه‌م ,ئه‌وه جیهانه به‌كه‌ڵكی من نایه‌ت)
هه‌ڵهاتن له خێزان
جارێك ژیانی به (نه‌خۆشییه‌كان) پێناسه‌كردووه و هه‌رگیز ئاره‌زوی درووستكردنی خێزانی نه‌كردووه و هه‌ر خۆی ده‌نووسێت (بڕوام وایه درووستكردنی ئیمپراتۆریه‌تێك ئاسانتره لای من ,له‌درووستكردنی خێزانێك).
بێزاربوونی له درووستكردنی خێزان و پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رانه ودرووستكردنی منداڵ به‌كاره‌ساتێكی گه‌وره وێنا ده‌كات,به‌تایبه‌ت بۆ ژیانی خۆی وه‌ك ئه‌م دێڕه‌ی كه ده‌نووسێت (ده‌توانم خراپترین تاوان بكه‌م,به‌ڵام نه‌بم به باوك).
ژیانی له فه‌ره‌نسا
ئه‌م فه‌یله‌سووفه ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی ده‌گاته 27 ساڵ رووده‌كاته فه‌ره‌نسا ,هه‌ر له‌وێ وته‌یه‌كی به‌ناوبانگ ده‌نووسێت كه ده‌ڵێت (من خاوه‌نی هیچ ره‌گه‌زنامه‌یه‌ك نیم ,ئه‌مه باشترین دۆخه بۆ رۆشنبیر) و له‌و باره‌یه‌وه كتێبێكی به‌نرخ بڵاوده‌كاته‌وه‌و هه‌ر له‌سالی 1941 دا به‌نێوی(له‌باره‌ی فه‌ره‌نسا)ه‌وه
ئیدی به‌ته‌واوه‌تی رۆده‌چێته نێو رۆشنبیری فه‌ره‌نسی و ته‌نانه‌ت ده‌یچوێنێت به‌رۆشنبیرییه‌تی یۆنانی كۆن ,له ژورێكی چكۆلانه ده‌مێنێته‌وه و هه‌تا دوا ساتی ته‌مه‌نی له‌فه‌ره‌نسا به‌ته‌نیا ده‌بێت ,چ جای ئه‌وه‌ی ئیدی له‌فه‌ره‌نسا ده‌مێنێته‌وه بۆ خوێندنی دوكتۆراكه‌ی و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماوییه‌تی له‌وێدا به‌سه‌ری ده‌بات , زۆر سه‌رسام ده‌بێت به‌شاعیر و فه‌یله‌سووفه‌كانی فه‌ره‌نسا و ته‌نانه‌ت شیعره‌كانی (مالارمێی) وه‌رده‌گێڕێته رۆمانیی و گرنگی به‌كوولتور و فیكری فه‌ره‌نسی ده‌دات و به‌یه‌كێك له‌وڵاته خاوه‌ن شارستانییه‌كان ده‌ناسێنێت و تاكی فه‌ره‌نسی به‌ئازاد له‌بیروڕا پێناسه ده‌كات و شارستانییه‌تی به‌نرخ ستایش ده‌كات.
مردنی
(سامۆئیل بێكت) ی هاورێی وا پێناسه‌ی ده‌كات(نووسه‌رێكی ره‌شبین نه‌بووه,هه‌میشه تیشكێكی شینی چكۆڵانه‌بووه)هه‌ر به‌چه‌ند رۆژێك له‌دوای مردنی له‌جوڵای ساڵی 1995 دا رۆژنامه‌ی (گاردیان)ی به‌ریتانی ده‌نووسێت (ئه‌سته‌مه به بێ “سیوران” بیر له‌ئاینده‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه كه فه‌ره‌نسییه‌كان پێیان ده‌وت “رۆح” ).
به‌ڕای زۆرێك له‌ره‌خنه‌گران رووداوێك ده‌گێڕنه‌وه له‌باره‌ی منداڵیی(سیوران)ه‌وه كه هۆكاری ئه‌و ره‌شبینییه‌ی زۆرتربووه له‌وه‌ی دایكی پێی وتووه (ئه‌گه‌ربمزانیبایه ئه‌وه‌نده غه‌مگین ده‌رده‌چیت به‌منداڵیی له‌باری خۆمم ده‌بردی و نه‌مده‌هێشت بێیته ژیانه‌وه)جگه له‌مه‌ش ره‌خنه‌گه‌ران پێیان ده‌ووت (پاسه‌وانی ئاسنین) به‌هۆی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌موو ره‌شبینییه‌ی كه به نووسینه‌كانییه‌وه ده‌بینرێت.
ژێده‌ر:
www.el7ad.com
www.alawan.org
www.liilas.com
*له‌هه‌فته‌نامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوی ژماره (825) ی 40-23-3020-بلاوبووه‌ته‌وه