
مەلا بەختیارو ترسی دەسەڵاتی کوردی …..
مەلا بەختیارو ترسی دەسەڵاتی کوردی
لە کارکردی شۆرشی تونس لە سەر نارەزایەتیە جەماوەریەکانی کوردستان!
سامان سەعید
هەروەک چۆن پریشکی ئاگری شۆرش لە تونس خەڵکانی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی ناعەدالەتی ناوچەکەی دڵخۆش کرد، لەبەرامبەریشدا ترس و دڵە راوکێی و خەوی ناخۆشی بۆ دەسەڵاتداران هێنا، لە کوردستانی لەمەڕ خۆشمان ئەو پەتا و ترس و لەرزە دەسەڵاتی گرتەوە، یەکێتی و پارتی، سەرکردەکانیان، سیاسیەکانیان، میدیای حیزبی و سێبەریان، رۆژانە خەریکن بەوەی بەخەڵک بڵێن کوردستان و شێوازی دەسەڵاتدارێتی ئێمە بەراورد مەکەن بە تونس.
لەم ڕاستایەدا مەلا بەختیار لە پەیوەند بەو ووتار و لێدوانانەی لە میدیا کوردیەکان، هێز و کەسایەتیە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی کوردستان،کە لە سەر شۆرشی جەماوەری تونس نوسراون ، ناعەدالەتی و زوڵم و زۆری سەرانی دەسەڵاتی کوردی بە تونس بەراورد کراوە، لە ووتارێکدا لە ژێر ناوی ( تونس و کوردستان بەراورد یان کاردانەوە؟) هاتۆتە قسە ودەیەوێت بەرگری لە دەسەڵاتی حیزبەکەی و پارتی بکات و بڵیت ئێوە کەسانی قین لە دڵن ئەگینا کوردستان تونس نیە.
مەلا بەختیار هەر وەک چۆن لە پەیوەند بە کەیسی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە وتارێکدا بەناوی (شەهید سەردەشت و ئازادی) بیانوی بۆ بکوژانی سەردەشت دەهێنایەوە، دەیووت بوو بە قوربانی باوەڕبوون بە خەیاڵی شیعاری ( ئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی) ، کوردستان هێشتا زۆری ماوە بۆ قبووڵ کردنی ئازادی ، لە کوردستاندا ترادسیۆنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، حیزبە سیاسیەکان، ئازادی قبول ناکرێت. کە دیارە بە ناراستەوخۆ دەست نیشانی بکوژانی سەردەشتی کرد، دەیسەلماند سەردەشت لەسەر ووتارەکانی تیرۆر کراوە.
لەم وتارە نوێ یەشدا سەر لە بەری قسەکانی ، ڕاستی قسەی هەموو ئەوانە دەسەلمێنێت کە خۆشحاڵن بە شۆرشی تونسی و بانگەوازی جەماوەری کوردستان دەکەن دەرس لەو شۆرشە وەربگرن دژی ناعەدالەتی دەسەڵاتی کوردی .
مەلابەختیار دەڵێت: (نهک لهتونس، بگره لهھهرکوێیهکی جیھاندا، حوکمی تۆتالیتاری، دیکتاتۆری، فاشی و سهلهفی کۆنهپهرست ھهبێت، یهکێتی لایهنگری گۆڕینیانه بهسیستمێکی دیموکراسی. لهھهر وڵاتێکی دونیاش، کێشهی نهتهوهیی، رهگهزی، جیاوازی و چهوساندنهوهی کۆمهڵایهتی ھهبێت، یهکێتی لایهنگری نهھێشتنی چهوساندنهوهو جیاوازییهکانه. لهھهر وڵاتێکیش ئازادی بیرو، ئازادی ویژدان و ئازادی رهخنهو ئازادی خۆپیشاندان نهبێت، یهکێتی بۆ بهدیھێنانی ئهو ئازادیانه، خهبات دهکات.) 1
بەڵام ئایا لە واقعدا، لە سیاسەت و پراکتیکی یەکێتی دا، ئەم قسەیەی مەلا بەختیار ڕاستە. دیارە ناڕاستەو زۆر ماندووبونی ناوێت پێچەوانەکەی بسەلمێنیت. باشترین نموونە حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێرانی دراوسێ ی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی یە، هەموو ئەو خراپیانەی مەلا بەختیار باسیان دەکات لە ماوەی 32 ساڵی تەمەنی ( جمهوری سێدارەی ئێران) وەك شێرکۆ بێکەس ناوی دەبات ، سەد بەرابەر خراپتر لە ئێران بە ڕێوە دەچێت، ئێوەی یەکیتی چاوپۆشی لێ دەکەن، نەک چاوپۆشی، یارمەتیشی دەدەن، یارمەتی دانی ئیسلامیەکانی کوردستان و دانی پارەی خەڵکی کوردستان پێ یان تا هەموو ڕۆژە نائارامی و تیرۆر ئەنجام بدەن، هەر بۆ دڵ ڕازی کردنی جمهوری ئیسلامی بوو.
هەموو ڕۆژێک ئەو ڕژێمە چالاکونانی سیاسی ، لەوانەش چالاکوانانی سیاسی کورد لە سێدارە دەدات، سنورەکانی کوردستان بۆردومان دەکات، کە ئێوە خۆتان دەسەڵاتدارن تێیدا، بەم هۆیەوە چەندین لادی چۆڵ کراون، کەچی ئێوە هەر چاوپۆشی بێ دەنگی لێ دەکەن.
ساڵی پار لە ئێران سەدان هەزار جەماوەری ناڕازی هاتنە سەر جادە و خوازیاری گۆرینی دەسەڵات بوون، دەكرێت بەیانامەی پشتیوانی حیزبەکەی بەرێزتان ( یەکێتی) نیشان بدەیت بۆ بەرگری لەو نارەزایەتیانە و ئەو قسانەی سەرەوەت بسەلمێنیت .نەک ئەوتان نەکرد بەڵکو ئاسایشەکانتان ڕێگریان کرد لە وەی لە سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە هەستانی جەماوەری دژی جمهوری ئیسلامی بکەن.
لەپەیوەند بە بەراوردی نێوان تونس و کوردستانیش مەلا بەختیار دەنووسێت (ئاخۆ رهوای ھهقه، یان لۆژیکی سیاسی و بهراوردکاری ئهقڵانی سیاسییه، تونس بهکوردستان بچوێنرێت؟ ئهگهر لهکوردستاندا، سیستمێکی تۆتالیتار ھهیه؟ بازاڕ قۆرغی یهک بنهماڵهیه؟ ئازادی بیرو ئازادی ویژدان و ئازادی عهقیدهو ئازادی فهلسهفه نییه؟ ئهگهر خۆپیشاندان و ناڕهزایی قهدهغهیه؟) 2
لە ڕاستیدا ئەوەی تۆتالیتاریزم لە کوردستان نەیتوانیوە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، مەرحەمەتی یەکێتی و پارتی نی یە، جەماوەری کوردستان قوربانی زۆری داوە بۆ سەپاندنی ئەو ئازادی ، لە هەر جێگایەک جەماوەر هێزی هوشیار و ئامادەباشی بۆ ڕوبەروبونەوە هەبێت ئەو ئازادی یەی بەسەر دەسەڵات ( یەکێتی و پارتی) دا فەرز کردووە ئەگینا عەقڵیەت و کەڵتوری سیاسی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، شتێک نیە جگە لە پیادەکردنی سەرکوت و تۆتالیتاریزم، هەموو ئەو کوشت و کوشتارەی لە شاخ و شەری ناوخۆی کوردستان هەر بۆ قبوڵ نەکردنی جیاوازی و خۆسەپاندن بوو، بەداخەوە بەشێک خەڵکی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دایە لە ئێستادا لەو توانایە بەهرەمەند نین و ئەوەتا پارتی لەو ناوچانە لە ڕژێمەکەی بن عەلی خراپتر دەسەڵاتی خۆی سەپاندەو و هەموو کەسیش لەوانە بەڕێزیشتان دەزانن ، ئەو دەسەڵاتەی پارتی خۆشەویستی جەماوەر نیە بۆی، مەسعود بارزانی دەڵێت (ئێمه باوهرِمان به پرۆسهی ههڵبژاردن ههیه و ناكرێ ئهزموونی خۆمان لهگهڵ رووداوهكانی تونس بهراورد بكهین ، ئێمه به هۆی تانك و زریپۆشهوه نههاتوینهته سهر دهسهڵات ، بهڵكو به هۆی ههڵبژاردنهوه و كێش له ئاینده به ههڵبژاردن دهیباتهوه با دهسهڵاتی پیرۆز بێت.) 3 کە لە ڕاستی دا زریپۆشەکانی بەعس لە 31 ئابدا بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پارتی لە کوردستاندا بەوجۆرە بەهێز بکات، هاوکات دزینی سەروەت و سامانی خەلکی کوردستان و پێکەوەنانی هێزی چەکداری زۆرو زەبەند، ناچار کردنی خەڵک بەوەی کە نانی ڕۆژانەیان لەدەستی ئەو دەسەڵاتەدایە، (هەر وەک ئەو هەرەشەیەی لێپرسراوێکی پارتی لە لقی 4 وتی ئەگەر خەلکی سلێمانی دەنگمان پێ نەدەن هیچیان بۆ ناکەین). لەبەین بردنی هەر دەنگێکی نارازی ، ڕاونانی هەر میدیایەکی ئەهلی و ئازاد و دانانی ژمارەیەکی زۆری میدیای حیزبی و سێبەر بۆ کۆنترۆڵ کردنی عەقڵیەتی جەماوەر، سیستمە سەرکوتکەرەکانی دنیاش هەر ئەوانەیان پیادە کردووە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا قسەکردن لە هەڵبژاردن گاڵتەجاڕیەکی تەواوە، جگە لە ئێوە کەسی تر براوەی هەڵبژاردن نابێت .
مەلا بەختیار دەڵیت ئەگەر بازار قۆرگی بنەماڵەیە.4
جا کێ هەیە ئەو ڕاستی یە نەزانێت کە بازاڕی کوردستان ، وەک تونس قۆرغی چەند بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداری ناو هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانە، لەوانەش بەشی شێر بۆ بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی و دەست و پێوەندەکانیانە.کەس لە کوردستان ناتوانێت پرۆژەیەکی ئابوری دامەزرێنێت، ئەگەر ئێوەی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان ، بەشتان نەبێت تیایدا یان سەرانەی لێ وەرنەگرن. لەڕاستیدا زۆرترین نارەزایەتی خەڵکی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی ئێوە(یەکێتی و پارتی) لەسەر ئەم خاڵەیە. لەسەر ئەوەیە کە ئەوەی لە تونس بازاڕ قؤرغ کرابوو، لێرەش هەر وایە، ئاخر خۆ خەڵک دەزانێت، ئێوە کە لە ساڵی 1991 هاتنەوە جگە لە جل و بەرگەکانتان خاوەنی هیچ نەبوون ، ئەو سیحرە چی بوو وا بوون بە ملیاردێر، جگە لە دزینی سەروەت و سامانی کوردستان و پاشان قۆرغ کردنی بازار و ئابوری کوردستان. ڕاپەڕینی سبەینێ ی جەماوەریش دژ دەسەڵاتەکەتان هەر لەم پەیوەندەوە دەبێت ،راپەرین دەبێت بۆ گەرانەوەی عەدالەت بۆ کۆمەڵگا، شۆرش دەبێت بۆ دابەشکردنی عادلانەی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ سەرجەم دانیشتوانی کوردستان، دیارە لەم نێوەندەشدا هەموو ئەو مڵک و ماڵانەی بردووتانە لێتان وەردەگیرێتەوە . سبەینی بە دڵنیای یەوە جەماوەر دادگایتان دەکەن، لەبەرامبەر ئەو ناعەدالەتیەی ئەمرۆ دەیکەن.
ئەو رەخنانەی لەدەسەڵات دەگیرێت و مەلا بەختیار بە رق کاردانەوە ناوی دەبات ، هەر ئەو ڕقە پەنگخواردەوە بوو لە تونس لە ساتێکی مێژووی دا موحەمەد ئەلبوعەزیزی بە گیان بەختکردن و سوتانی گیانی خۆی کڵپەی شۆرشی هەڵگیرسان. دەسەڵاتی سەرکوت کەری 23 لە بەین برد.
ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵاتی کوردی دەگرێت ، بانگەوازی جەماوەر دەکات بۆ هوشیار بونەوە و خۆ رێکخستن و رووبەرو بونەوەی هۆشیارانە ، بە پێچەوانەی ترسی مەلا بەختیار ، ئەوان بەرپرسیارن لە بەرامبەر کۆمەڵگا و نایانەوێت کوردستان بەرەو خراپتر ببەن ،
هێزی ناڕازی جەماوەری لە کوردستان ئەوەی هەموو ڕۆژێک یەخەی دەسەڵات دەگرێت ،شانازی بەوەوە دەکات بە هەر ئەندازەیەک ئازادی لە کوردستان هەیە، بەرگری لێ دەکات ، خەبات دەکات بۆ گەشەدار کردنی، بە پێچەوانەوە ، ئێوەی دوو حیزبی حاکمی چەند بنەماڵەیەک هەموو رؤژە لە هەوڵی بەر تەسک کردنەوەی ئەو ئازادیەدان.
هێزی ناڕازی جەماوەری لە کوردستان دەیەوێت سەروەت و سامان بە عەدالەت بۆ هەموو تاکێکی کوردستان بێت ، ئەوە ئێوەن قۆرغی دەکەن و بەتاڵان دەیبەن، خەڵک کێشەی خانوو، کارەباو نانی هەیە، لەکاتێکدا ئەوسەروەتەی لە کوردستان هەیە بەشی سەد بەرابەری چارەسەری ئەو کێشانە دەکات. ئێوە ئەوسەروەت و سامانە دەدزن ، ئێوەن فیرعەون ئاسا دەژین.
هێزی ناڕازی جەماوەری لە کوردستان دەیەوێت حکومەت و سیستمی دسەڵاتدارەتی بۆ هەمووان بێ ، لە رێگای دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی کۆمەلگای مەدەنی هەموان شەریکی دەسەڵاتدارەتی بن، بەڵام ئەوە ئێوەن ناتانەوێت لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەو دوو حیزبە و دەست و پێوەندەکانتان زیاتر کەس شەریکی دەسەڵات بکەن.
هێزی ناڕازی جەماوەری لە کوردستان شانازی دەکات بەوەی لە خەباتدا بووە بۆ سەبەخۆیی کوردستان، لەڕاپرسیەکدا زۆربەی جەماوەری کوردستان دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا، ئێوەی (یەکێتی و پارتی) ، کوردستانتان لکانەوەی بە عێراق و شانازی بەوەوەش دەکەن دەست پێشخەربوون لەوەی رێگا بگرن لە بەریەک هەڵوەشانەوەی عێراق و لایەنە عێراقیەکانتان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی لەرزۆک کۆکردەوە.
مەلا بەختیار ڕویەکی قایمی هەیە ووتاری لەو جۆرە دەنوسێت و خەریکی بەرگری لە دەسەڵاتی (یەکێتی و پارتی) دەکات، ئەو جۆرە لە نوسین و لێدوان ، هاوتای لیدوانەکانی محمد سعید سەحافن و ناتوانن پەردە بەسەر ئەو حەقیقەتی ناعەدالەتیە بدات کە خەڵکی کوردستان زۆر لە مێژە دەیبینێت ، ئێستا لە خەباتدایە بۆ گۆڕینی.
Jan 25/2011
تێبینی/
– خالەکانی 1,2,4 ، نوسینی ناو کەوانەکان لە ووتارەکەی مەلا بەختیار وەرگیراوە. سەیری ئەم لینکە بکەن بۆ ووتارەکەی بەلا بەختیار
http://www.pukmedia.com/kurdish/index.php?option=com_content&view=article&id=17260:2011-01-23-07-42-18&catid=38:2009-10-08-14-18-58&Itemid=182
– خالی 3نوسینی ناو کەوانەکە قسەو باسی مەسعود بارزانی یە لە رۆژی 25/1/2011 سەیری ئەم لینکە بکەن http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=220843