چه‌مكی شوێن له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)ی….
چه‌مكی شوێن له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)ی ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح
ئارام سدیق
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری نه‌خشه‌ی چیرۆكی كوردی له پاش راپه‌ڕین بكه‌ین، چه‌ندین چیرۆكنووس ده‌بینین، كه زۆرێكیان خاوه‌نی كتێبی چاپكراون و هه‌ندێكیشیان تا ئێستا كتێبی چاپكراویان نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردتر سه‌رنج له چیرۆكنووسه‌كان بده‌ین، ده‌بینین “ئارام كاكه‌ی فه‌لاح” یه‌كێكه له‌و چیرۆكنووسانه‌ی هه‌وڵی جیاكردنه‌وه و به‌خشینی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به ئه‌زموونه‌كه‌ی داوه. به‌تایبه‌ت له دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی دواییدا (مه‌به‌ست له نووسینه‌وه‌ی دڕك و بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)ه، چونكه ئه‌م چیرۆكنووسه له كۆچیرۆكی زێرابدا (كه یه‌كه‌م كۆچیرۆكی چاپكراویهتی) له‌رووی ته‌كنیكه‌وه زیاتر درێژكراوه‌ی ئه‌زموونه‌كانی پێشخۆی بووه، به‌ڵام له به‌رهه‌مه‌كانی دواتردا هه‌ست به هه‌وڵی خۆجیاكردنه‌وه و هه‌وڵدان بۆ به‌كاربردنی ته‌كنیكی نوێ و ره‌نگڕێژكردنی سیمای ئه‌زموونه‌كه‌ی دهبینرێنت. پاشان له كۆچیرۆكی (نووسینه‌وه‌ی دڕك)دا له سێ چیرۆكی یه‌كه‌می ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا هه‌ست به به‌كاربردنی جۆرێك له هونه‌ری “میتا رۆمان” ده‌كرێت. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له رووی ته‌كنیكییه‌وه كۆی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه جیاوازه له ئه‌زموونه‌كانی پێشتری ئارام و ده‌كرێت ئه‌و كۆچیرۆك وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌ی ئه‌زموونی ئه‌م چیرۆكنووسه سه‌یر بكرێت.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه قسه‌كردنه له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)ی “ئارام كاكه‌ی فه‌لاح”، كه له‌لایه‌ن یانه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه له دوتوێی (114) لاپه‌ڕه‌دا چاپ كراوه. له هه‌موو چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا شوێن خاوه‌نی بایه‌خ و گرنگییه‌كی تایبه‌تییه و وه‌كو سه‌نته‌رێك هه‌موو رووداوه‌كانی له ده‌ور ده‌خولێنه‌وه. بێگومان هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه تا ئێستا له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا و به‌تایبه‌ت له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا ئه‌و بایه‌خه به شوێن نادرێت. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ره‌خنه و توێژنهوهش له‌مه‌ڕ ئه‌م چه‌مكه گرنگه زۆر كه‌مه، یان له ئاستی نه‌بووندایه.
من له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن و به‌كاربردنی له ئه‌ده‌بدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بوه‌ستم و هاوكات چۆنێتی به‌ركاربردنی ئه‌م چه‌مكه لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح شی بكه‌مه‌وه و هاوكات له‌وه‌ش بدوێم بۆچی شوێن له‌م چیرۆكانه‌دا بوونه‌ته سه‌نته‌ری رووداوه‌كان و به جۆرێك له جۆره‌كان ته‌واوی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیان له‌سه‌ر بونیادنراوه.
مێژووی چه‌مكی شوێن
چه‌مكی شوێن یه‌كێكه له‌و چه‌مكه گرنگانه‌ی له‌سه‌رتای سه‌رده‌می وشیاربوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه به گرنگییه‌وه ته‌ماشای كراوه، كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و به‌ركه‌وتنه به‌رده‌وامه‌ی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵا ئه‌م چه‌مكه‌دا. من له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی چه‌مكی شوێن بخه‌مه‌ڕوو گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی درككردنی مرۆڤ به گرنگی شوێن، كه ده‌بینین له پاش ئه‌و سه‌ره‌تایه هه‌ڵبژاردنی شوێنێك بۆ ژیان و دواتریش په‌ره‌پێدانی شارستانییه‌ت له‌و شوێنه په‌سه‌ند كراوانه‌دا، كه لای مرۆڤ جێی بایه‌خ بوون.
شوێن به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر فراوان كاریگه‌ری به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی مرۆڤه له ژیاندا هه‌بووه، كه وای له هه‌ندێك فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند كردووه باوه‌ڕێكی حه‌تمیان به‌و كاریگه‌رییانه هه‌بێت و ته‌واوی گۆڕانكارییه‌كانی مێژوو له‌و سه‌روبه‌نده‌دا راڤه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یه‌كه‌م نووسین، كه باسی له بایه‌خی شوێن كردووه، ده‌بینین نامه‌ی (كاریگه‌رییه‌كانی كه‌ش و ئاو و شوێن) به كۆنترین نووسراو داده‌نرێت، كه گوزارشت له بۆچوونی گریكه‌كان ده‌كات سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری شوێن له‌سه‌ر مرۆڤ و مێژووی نووسینی ئه‌و نامه‌یه بۆ سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له دوو توێی به‌رهه‌مه پزیشكییه‌كانی (هیبۆكرات)دا پارێزراوه. له‌و نامه‌یه‌دا زیاتر لایه‌نه جوگرافییه‌كه‌ی شوێن خراوه‌ته‌ڕوو و بۆیه هه‌ر به‌پێی ئه‌و لایه‌نه‌ش كاریگه‌رییه‌كانی شوێن له‌سه‌ر مرۆڤ بۆ سێ به‌ش دابه‌ش كراون كه لێره‌دا پێویست به باسكردنیان ناكات.
هاوكات هه‌ریه‌ك له ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆتالیس یش باسیان له بایه‌خی ئه‌م چه‌مكه كردووه. ئه‌فلاتوون یه‌كه‌مین كه‌سه كه به‌راشكاوی باسی له زاراوه‌ی شوێن كردووه، ئیتر له‌پاش ئه‌م ئاماژه پێدانه‌ی ئه‌فلاتونه‌وه چه‌مكی شوێن بایه‌خی له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوفانه‌وه پێ كرا. هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین خودی كتێبی (كۆمار)ی ئه‌فلاتوون مانای بایه‌خدانه به شوێن. هه‌روه‌ها ئه‌رستۆتالیس زیاتر دركی به گرنگی و بایه‌خی ئه‌م چه‌مكه كرد و شوێنی كرد به دوو به‌شه‌وه و كه ئه‌وانیش: (شوێنی گشتی و شوێنی تایبه‌تی) بوو.
ئیبن خه‌لدون یه‌كێكه له‌و زانایانه‌ی كه به درێژی له به‌رهه‌مه‌كانیدا باسی له كاریگه‌ری شوێن له‌سه‌ر سروشت و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ كردووه و ته‌نانه‌ت زیاده‌ڕه‌وی كردووه و به‌لایه‌وه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دیارده‌یه‌كی سروشتییه و بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له‌ژینگه و ئاو هه‌واوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بێگومان ئیبن خه‌لدوونیش وه‌كو (هیبۆكرات) روانینێكی جوگرافیانه‌ی به شوێن به‌خشوه و به‌و پێیه‌ی شوێنی بۆ سێ ناوچه دابه‌ش كردووه، كه ئه‌و ناوچانه‌ش بریتین له (باكوری سارد) و (باشووری گه‌رم) و (ناوه‌راستی مامناوه‌ند) ئه‌م دابه‌شكارییه‌ی ئیبن خه‌لدونیش زۆر له دابه‌شكارییه‌كه‌ی هیبۆكراتهوه نزیكه و پێده‌چێت له ژێركاریگه‌ری ئه‌ودا خرابێته‌ڕوو.
هاوكات هه‌ریه‌ك له (مۆنتیسكو و جان جاك رۆسۆش) باسیان له كارییگهرییهكانی شوێن كردووه له‌سه‌ر مرۆڤ، به‌ڵام سه‌رجه‌میان شوێنیان وه‌ك شوێنێكی جوگرافی، یان ژینگه‌یی ناوزه‌د كردووه و كه كاریگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و ژینگه رۆڵی له ئاراسته‌كردنی هزری مرۆڤدا ده‌بینێت. له راستیدا ئه‌مه ته‌نها به‌شێكی بایه‌خی شوێنه‌دا ده‌توانین بڵێین ئه‌مه لایه‌نێكی باسه‌كه‌یه، به‌ڵام له ئێستادا شوێن به‌ده‌ر له‌و لایه‌نه هه‌ڵگری چه‌ندین ره‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی تره و به‌تایبه‌ت له‌نێو دنیای ئه‌ده‌بدا ئه‌وه‌نده‌ی ئیش له‌سه‌ر ره‌هه‌نده فه‌لسه‌فییه‌كانی شوێن ده‌كرێت ئه‌وه‌نده لایه‌نه جوگرافییه‌كه‌ی شوێن به‌بایه‌خه‌وه سه‌یر ناكرێت. به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین له كۆندا و له مێژووی ئه‌م چه‌مكه‌دا زیاتر له لایه‌نه جوگرافییه‌كه‌ی شوێن خراوه‌ته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كراوه.
بایه‌خی شوێن له ئه‌ده‌بدا
چه‌مكی شوێن خاوه‌نی بایه‌خێكی تایبه‌ت و گرنگه له ئه‌ده‌بدا و زۆرجار ره‌خنه‌گره‌كان له‌پاڵا هه‌ر سێ ره‌گه‌زی (رووداو و كه‌سایه‌تی و كات)دا شوێنیش به ره‌گه‌زێكی گرنگ ئه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ئێستادا هه‌ندێك له چیرۆكنووسان ده‌ستكارییه‌كی ته‌واوی ئه‌م چه‌مكه‌یان كردووه و ئه‌و بایه‌خه‌یان وه‌ك پێویست بۆ ئه‌م چه‌مكه نه‌هێشتۆته‌وه، یان به‌پێی پێناسه باوه‌كان ناتوانرێت سه‌یری ئه‌م چه‌مكه بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا تا ئێستا لای به‌شێكی زۆر له چیرۆكنووسان شوێن بایه‌خ و گرنگی تایبه‌تی له تێكستدا هه‌یه.
گاستۆن باشلا‌ر فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (1882-1964) له ساڵی (1957)دا كتێبێكی گرنگی له‌باره‌ی ئیستاتیكای شوێنه‌وه له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا بڵاوكرده‌وه، كه ئه‌و كتێبه بایه‌خی گه‌وره‌ی شوێن له چۆنێتی تێڕوانینی مرۆڤدا بۆ ده‌وروبه‌ر و شته‌كان ده‌نوسێت و باشلا‌ر وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی فینۆمینۆلۆژیست به‌دوای كاریگه‌رییه سایكۆلۆژییه‌كانی شوێنه‌وه‌یه له تێكستی ئه‌ده‌بیدا و چۆن شوێن جێكه‌وتێكی به‌رچاو و له زه‌ین و حاڵه‌ته ده‌رونییه‌كانی مرۆڤ و نووسه‌ری داهێنه‌ر به‌رجه‌سته ده‌كات.
هاوكات له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووش‌دا ره‌خنه‌گری عیراقی (یاسین نه‌سیر) چه‌ند كتێبێكی له‌سه‌ر چه‌مك و ئیستاتیكای شوێن نووسوه، كه گرنگترینیان (ئیشكالیه‌تی شوێن له تێكستی ئه‌ده‌بیدا)یه، ئه‌مه بێجگه له كتێبی (رۆمان و شوێن)، كه دووبه‌رگه و ئه‌ویش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕوپڕه له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن له رۆمان‌دا.
له‌باره‌ی بایه‌خ و گرنگی شوێنه‌وه له بوونی مرۆڤدا ئه‌یان وات ده‌نووسێت: (ئێمه ناتوانین كه هیچ ساتێك له ساته‌كانی بوون وێنا بكه‌ین، تا نه‌یخه‌ینه چوارچێوه‌ی شوێنه‌وه). بێگومان چه‌مكی شوێن چ له كۆن و چ له ئێستادا به‌شێكی زۆر له گرنگی له ده‌ست نه‌داوه و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه رۆحییه‌ی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه به شوێنه‌وه، كه دواجار ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌نێو كایه‌ی ئه‌ده‌بیشدا ده‌بینرێت. بۆیه زۆرجار شوێن ده‌بیته ناسنامه‌ی نووسه‌ر و له‌وێشه‌وه ده‌بیته ناسنامه‌ی تێكست. وه‌ك چۆن گریك بۆته ناسنامه‌ی تێكسته‌كانی (نیكۆس كازانتزاكیس) هه‌ر له‌وێشه‌وه گریك بۆته ناسنامه‌ی تێكسته‌كان، بۆیه له‌گه‌ڵا ناوهێنانی ئه‌م رۆمانووسهدا مه‌حاڵه ئێمه گریكمان بیر نه‌كه‌وێته‌وه.
له‌پاش ئه‌و لێكۆڵینه‌وه جۆر به جۆرانه‌ی له‌باره‌ی چه‌مكی شوێنه‌وه كران چه‌ندین ره‌هه‌ندی جۆراوجۆری ئه‌م چه‌مكه په‌ی پێ بران و ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران هه‌ستان به پۆلینكردنی جۆری ئه‌و شوێنانه‌ی له ئه‌ده‌بدا به‌كار ده‌بران. ره‌خنه‌گری عیراقی (یاسین نه‌سیر) یه‌كێكه له‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی كه چه‌مكی شوێنی له ئه‌ده‌بدا بۆ سی به‌ش پۆلین كردووه كه ئه‌وانیش:
1- شوێنی گریمانكراوه، كه ئه‌ویش بۆ دوو به‌ش دابه‌ش ده‌كات، كه: ( شوێنی یۆتۆپی گریمانكراو) و (شوێنی كۆمه‌ڵایه‌تی گریمان كرا‌و)ه. له‌م جۆره پێناسه‌ی ئه‌م جۆره شوێنه‌دا (نه‌سیر) ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه شوێنی گریمانكراو شوێنێكه زاده‌ی خه‌یاڵێكی رووته و ده‌كرێت هه‌ندێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له واقیعه‌وه وه‌ربگرێت، به‌ڵام به دیاریكراوی نا.
2-شوێنی بابه‌تی، كه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م جۆره له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه پێكهێنه‌ره‌كانی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌ڵده‌هێنجرێت.
3- شوێنی تاك ره‌هه‌ند، شوێنێكی گشتییه و له‌كاری هونه‌ریدا ناسنامه‌ی تایبه‌ت به خۆی، ناسنامه‌ی چینایه‌تی، یان كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، واتا ره‌هه‌ندێكی پلاستیكی دیاریكراوه هه‌یه. و هاوكات شوێنی تاك ره‌هه‌ند به دژی شوێنی گریمانه‌یی داده‌نرێت و ده‌كرێت بڵێین به‌ره‌و پێشچونێكی سه‌ره‌تایی هۆشه بۆ شوێن.
دیاره بایه‌خی شوێن له نێو ئه‌ده‌بدا ته‌نها به‌وه دیاری نادات كه نووسه‌رێك هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری تێكسته‌كه فه‌رامۆش بكات و بایه‌خ به ره‌گه‌زی شوێن بدات، به‌ڵكو بایه‌خی شوێن له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه نووسه‌ر شوێنێك بخولقێنێت، یان شوێنێك پیشانی خوێنه‌ر بدات كه لای بمێنێته‌وه و هه‌ست به بوونی بكات و تێیدا بژی، یان ببێت به به‌شێك لێی. وه‌ك چۆن زۆرێك له خوێنه‌ران له‌گه‌ڵا خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كانی ئۆرهان پامۆكدا هه‌ست نزیكبوونه‌وه له ئه‌سته‌نبوك و كارس و ئه‌و شوێنانه‌ی تر ده‌كه‌ن كه پامۆك به وریاییه‌وه به‌كاریان ده‌هێنێت. بۆیه بایه‌خی شوێن له به‌خشینی سیمای هونه‌رییه به شوێن، نه‌ك زاڵكردنی به‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی تردا.
شوێن له چیرۆكدا
ره‌گه‌زی شوێن به‌گشتی له ئه‌ده‌بدا پێویستی به مامه‌ڵه‌كردنێكی هه‌ستیار و ورد هه‌یه. به‌ڵام به‌تایبه‌ت له چیرۆكدا حاڵه‌تی هه‌ستیارییه‌كه زیاتره به‌و پێیه‌ی پانتای چیرۆك بچووكتره له رۆمان، یان نۆڤلێت، بۆیه ئه‌گه‌ر چیرۆكنووس به وریاییه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه نه‌كات له‌به‌ری ئه‌وه‌ی پێگه و بونیادی چیرۆكه‌كه به‌هێزتر بكات به‌ره‌و داڕووخانی ده‌بات.
له‌باره‌ی پێگه و بایه‌خی شوێن له چیرۆكدا (نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د) له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه “شوێن له چیرۆكدا به‌ته‌نها پانتاییه‌كی جوگرافی یان قه‌واره‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی نییه بۆ رووداوه‌كان، هه‌ر وه‌ك شوێنی واقیعی دیاریكراو نییه به هه‌موو مانا و ورده‌كارییه‌كانی شوێنێكی راسته‌قینه، به‌ڵكو زۆرجار ده‌بیته شوێنێكی خه‌یاڵی، كه زمان دروستی ده‌كات. هاوكات ئاستی وه‌رگرتنی ره‌گه‌زه واقیعییهكانی “شوێن”ی راسته‌قینه له “شوێن” ی خه‌یاڵیدا، له چیرۆكنووسێكهوه بۆ چیرۆكنووسێكی تر ده‌گۆڕێت و لێره‌دا له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا شوێن ده‌بیته شوێنێكی گریمانكراو.
له‌به‌شێكی تری هه‌مان لێكۆڵینه‌وه‌دا (نه‌وزاد ئه‌حمه‌د) ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه شوێن له تێكستی ئیبداعیدا له‌به‌كارهێنانه باوه‌كه‌ی ده‌ترازێ و فۆرمێكی تر له خۆ ده‌گرێت، واته ته‌نها شوێنێكی جوگرافی نییه بۆ رووداوه‌كان و جوڵانه‌وه‌ی كاراكته‌ره‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت به شوێنێكی دینامیكی كه فاكته‌ره سایكۆلۆژییه‌كان رۆڵی تیادا ده‌بینن.
شوێن له رۆمان و چیرۆكدا بۆ چه‌ندین جۆر دابه‌شكراوه كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نابێت هه‌موویان بخه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاماژه به بۆچوونه‌كانی دكتۆر (شجاع مسلم العانی) بده‌ین كه شوێن بۆ چوار جۆر دابه‌ش ده‌كات كه ئه‌وانیش:
1- شوێنی شانۆیی.
2- شوێنی مێژوویی.
3-شوێنی ئاشنا.
4-دژه شوێن.
شوێن له چیرۆكی كوردیدا به‌گشتی و له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا به‌تایبه‌تی گرنگی له‌ده‌ست نه‌داوه، به‌تایبه‌ت له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا ده‌توانین بڵێین گرنگی زیاتری پێ دراوه، یان گه‌مه‌ی ئیستاتیكی زیاتر له‌ته‌ك ئه‌م ره‌گه‌زه‌دا كراوه، كه ئه‌مه به‌رای من بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌شێك له چیرۆكنووسانی پاش راپه‌ڕین به وریاییه‌وه له‌م ره‌گه‌زه‌یان روانیوه و توانویانه ئه‌م ره‌گه‌زه به‌هه‌موو توانای خۆیه‌وه بهێننه نێو تێكسته‌وه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد نییه له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه، به‌ڵام به وردبوونه‌وه له‌و چیرۆكانه‌ی بڵاو ده‌كرێنه‌وه به‌ته‌واوی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، كه بایه‌خدان به‌م ره‌گه‌زه له پێش راپه‌ڕین زیاتره.
شوێنی بابه‌تی لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
بێگومان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بایه‌خی شوێن له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا ناتوانین ته‌نها ناوی (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) بهێنین و بڵێن ته‌نها ئه‌م چیرۆكنووسه به بایه‌خه‌وه ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی به‌كارهێناوه. به‌ڵكو ده‌توانین ناوی چه‌ند چیرۆكنووسێكی تریش ببه‌ین كه ئه‌وانیش به گرنگییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵا ئه‌م ره‌گه‌زه‌دا كردووه له‌وانه (عه‌تا محه‌مه‌د، كاروان كاكه سوور، هه‌ورامان وریا قانیع) و چه‌ندی دیكه‌ش، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌نێو چیرۆكنووسانی پاش راپه‌ڕین بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌م چیرۆكنووسه گرنگی و بایه‌خی تایبه‌تی به شوێن داوه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی شوێن له چیرۆكه‌كانی نێو كۆچیرۆكی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م) وه‌ك سه‌نته‌ری رووداوه‌كانی لێ هاتووه و به‌بێ بوونی تێكسته‌كان له‌و شوێنه‌دا چیرۆكه‌كه ناگێڕدرێته‌وه.
وه‌ك له پێناسه‌كه‌ی سه‌ره‌وه ره‌خنه‌گری عیراقی (یاسین نه‌سیر) بۆمان ده‌ركه‌وت كه شوێنی بابه‌تی، كه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م جۆره له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه پێكهێنه‌ره‌كانی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌ڵده‌هێنجرێت و لای ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح زۆر ده‌بینرێته‌وه و ده‌توانین نموونه‌ی چیرۆكه‌كانی (باوكی ناوته‌له‌فون، گرێبه‌سته له‌گه‌ڵا تاریكی، دیلی ده‌نگه‌كان و من به بوكێكی گه‌وره‌وه) ده‌یبینین، كه تاڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له شوێنه‌كان له‌یه‌كه‌وه نزیكن، یان ده‌توانین بڵێین هه‌مان شوێنن، به‌ڵام به جیاوازییه‌وه.
له چیرۆكی (باوكی ناو ته‌له‌فون)دا گێڕه‌ره‌وه لای سه‌ر كهرهوێتهی دكتۆری ده‌روونی چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. له چیرۆكی (گرێبه‌سته له‌گه‌ڵا تاریكی)دا گێڕه‌ره‌وه قاوشی نه‌خۆشخانه و له‌به‌رده‌م ژووری نه‌شته‌رگه‌ریدا ده‌ست به گێڕانه‌وه ده‌كات. هاوكات له چیرۆكی (دیلی ده‌نگه‌كان)یشدا پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه له ناو نه‌خۆشخانه‌دایه. وه‌ك ده‌بینین ئه‌م سێ شوێنه‌ی چیرۆكنووس بۆ ئه‌و سێ چیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردووه هه‌ر سێ شوێنه‌كه له‌یه‌كه‌وه نزیكن، به‌ڵام گۆڕانكاری هه‌یه له هه‌ندێك وردهكاریدا كه له‌راستیدا بونیادی چیرۆكه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه وردانه وه‌ستاوه. له چیرۆكی (باوكی ناو ته‌له‌فون)دا ناكرێت پاڵه‌وانه‌كه، چیرۆكه‌كه‌ی لای دكتۆری چاو بگێرته‌وه، بۆیه ئه‌و شوێنه‌ی لای پزیشكه ده‌روونییه‌كه گرنگی تایبه‌تی هه‌یه. هاوكات له چیرۆكی (گرێبه‌سته له‌گه‌ڵا تایكی)شدا به‌هه‌مان شێوه ناكرێت پاڵه‌وانه‌كه لای پزیشكی ده‌روونی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ چاوی بكرێت. به‌گشتی شوێن له‌م سێ چیرۆكه‌دا و هاوكات چیرۆكی (من به بوكێكی گه‌وره‌وه)ه كه شوێنه‌كه‌ی نێو فرۆكه‌خانه‌یه شوێنی بابه‌تین، ئه‌گه‌رچی به‌پێی پێناسه‌كه‌ی دكتۆر (شجاع مسلم العانی) له شوێنی شانۆیشهوه نزیكن، چونكه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه به‌شێوه‌یه‌كه كه وه‌ك ئه‌وه وایه گێڕه‌ره‌وه له‌سه‌ر شانۆ بێت و قسه بۆ ئه‌وانی تر بكات، یان قسه بۆ كۆمه‌ڵێك گوێگر بكات، كه ئه‌م حاڵه‌ته له هه‌ردوو چیرۆكی (من به بوكێكی گه‌وره‌وه و گرێبه‌سته له‌گه‌ڵا تاریكی) هه‌ست به هاتنه ناوه‌وه و ده‌ركه‌وتنی گوێگرهكانیش ده‌كه‌ین به‌تایبه‌ت له چیرۆكی (من به بوكێكی گه‌وره‌وه) كه چیرۆكه‌كه به پرسیاری رۆژنامه‌نووسه‌كان ده‌ست پێده‌كات.
به‌گشتی ده‌توانین بڵێین ره‌گه‌زی شوێن له‌م چوار چیرۆكه‌دا به‌ته‌واوی بایه‌خێكی گه‌وره‌ی له‌بونیادی رووداوه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه چیرۆكنووس له‌پێناو بایه‌خدان به‌م ره‌گه‌زه ئیتر ره‌گه‌زه‌كانی تری فه‌رامۆش كردبێ. نه‌خێر، له‌م چیرۆكانه‌دا له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی هه‌ست به راگرتنی باڵانسی هه‌موو ره‌گه‌زه گشتییه‌كانی چیرۆكه‌كه ده‌كرێت، هاوكات چیرۆكه‌كان وایان خواستووه كه له‌و شوێنانه‌دا بگێڕدرێنه‌وه، وه‌ك ئه‌و نموونانه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستماننهروو، كه ناكرێت ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی نابینایه و ده‌یه‌وێت نه‌شته‌رگه‌ری بكات بنێردرێت بۆ لای پزیشكی ده‌روونی. یان ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی كه نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه بنێردرێت بۆ لای پزیشكی چاو. واته بایه‌خدانی ئارام به‌م ره‌گه‌زه بایهخدانێكه كه چیرۆكه‌كه خواستوویه‌تی، نه‌ك بایهخدانێك بێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ره‌گه‌زه له چیرۆكه‌كانیدا زه‌ق بكاته‌وه.
شوێنی ئه‌لیكترۆنی
سه‌ره‌تا بۆ روونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستم له‌م جۆره‌ی شوێن پێویسته پێناسه‌یه‌كی چه‌مكه‌كه بكه‌م. شوێنی ئه‌لیكترۆنی، ئه‌و شوێنه‌یه، كه جێگای به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو مرۆڤ، یان دوو بوونه‌وه‌ر و زیاتره و سوود له ئامێرێكی ئه‌لیكترۆنیكی وه‌رده‌گیرێت، وه‌ك ته‌له‌فون و مۆبایل و ئینته‌رنێت. لێره‌دا زیاتر له‌سه‌ر (شوێنی ئه‌لیكترۆنی) نادوێم به‌ڵكو له دواتردا له باسكردنی ئه‌م جۆره شوێنه‌دا له چیرۆكدا مه‌به‌سته‌كه‌م روونتر ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ی من تا ئێستا له چیرۆكی كوردیدا بینیبێتم ته‌نها (عه‌تا محه‌مه‌د و ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) ئه‌م جۆره له شوێنیان به‌كار بردوو و من له چیرۆكی ئه‌م چیرۆكنووسانه‌وه ئه‌م ناوه‌م هه‌ڵێنجاوه. عه‌تا محه‌مه‌د له چیرۆكی (نه‌مری)دا ئاماژه به به‌یه‌كگه‌یشتی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه ده‌كات له‌گه‌ڵا مه‌رگدا. له‌و چیرۆكه‌دا شوێن یه‌كێك له سایته ئه‌لیكترۆنییه‌كانه، كه وه‌ك چیرۆكنووس ده‌نوسێت جیهانێكی گریمان كرا‌و بوو ده‌مانتوانی ژیانێكی تر بژین (لێره‌دا مه‌به‌ستی گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه و مه‌رگه). پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه زۆر به مهحزونییهوه له‌باره‌ی شوێنه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت:” من كه ئێستا له ئه‌به‌دیه‌تی یه‌كێك له‌و سایته ئهلیكترۆنیانهدا ده‌ژیم و به‌سه‌رهاتی خۆم ده‌گێڕمه‌وه، ده‌مه‌وێت باس له ئه‌زموونی ئه‌م ژیانه بكه‌م..” لێره‌دا عه‌تا مه‌به‌ستی له ژیانی ناو سایته‌كانه.
وه‌ك ده‌بینین شوێنی ئه‌م چیرۆكه ته‌واو شوێنێكی ئه‌لیكترۆنییه و پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه، كه هاوكات گێڕهرهوهشه، یان له‌نێو سایته‌كاندا یان له‌به‌رده‌م شاشه‌ی كۆمپیوتهركهیدا كه ئه‌ویش به‌ركه‌وتنه له‌گه‌ڵا دنیای ئهلیكترۆنیكیدا.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له چیرۆكی (باوكی ناو ته‌له‌فون)، كه یه‌كه‌م چیرۆكی نێو كتێبی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)ه، له‌وێدا ئه‌و شوێنه‌ی بۆته سه‌نته‌ر و رووداوه‌كان لێوه‌ی سه‌رچاوه ده‌گرن سه‌ر كهرهوێتهی لای پزیشكی ده‌روونییه، وه‌لێ سه‌ر هێڵی ته‌له‌فونیش بایه‌خێكی تایبه‌تی له چیرۆكه‌كه‌دا هه‌یه وه‌ك شوێنێكی ئه‌لیكترۆنی ده‌بینرێت. چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات (من باوكی ناو ته‌له‌فونم، كچێكم هه‌یه و رۆژانه به‌ته‌له‌فون قسه ده‌كه‌ین..) لێره‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، كه ئه‌و شوێنه‌ی كه چیرۆكه‌كه‌ی لێوه ده‌ست پێده‌كات سه‌ر هێڵی ته‌له‌فونه، ئه‌گه‌رچی ته‌واوی رووداوه‌كان له‌سه‌ر كهرهوێته و لای پزیشكی ده‌روونی ده‌گێڕدرێنه‌وه.
شوێن له‌م چیرۆكه‌دا دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوولایه‌ندا كه لایه‌نێكیان شوێنێكی شانۆییه، یان دروستتره بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پێناسه‌كه‌ی (یاسین نه‌سیر) كه پۆلینی كردبوو شوێنێكی بابه‌تییه. لایه‌نه‌كه‌ی تر، یان شوێنه‌كه‌ی تر شوێنێكی ئه‌لیكترۆنییه، مه‌به‌ست له‌م شوێنه سه‌ر هێڵی ته‌له‌فونه كه زۆرجار (باوكی ناو ته‌له‌فونه‌كه) له‌گه‌ڵا كچه‌كه‌یدا گفتوگۆی تێدا ده‌كات. له‌م شوێنه ئه‌لیكترۆنییه‌دا هه‌ردوو كه‌سه‌كه پێكه‌وه قسه ده‌كه‌ن به‌ركه‌وتنیان ته‌نها له‌رێی وشه‌وه‌یه، به‌ڵام له دوو شوێنی جیاوازدا و ره‌نگه هێنده‌ی نیوه گۆی زه‌وی له یه‌كه‌وه دووربن، یان ره‌نگه له هه‌مان شار و هه‌مان گهڕهكیشدا بن، ئه‌مه بایه‌خێكی ئه‌و تۆی نییه. به‌ڵكو بایه‌خی شوێن له‌م چیرۆكه‌دا له دوو خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه: یه‌كه‌میان به‌كاربردنی شوێنێكی نوێ كه سه‌ر هێڵی ته‌له‌فونه و من به شوێنی ئه‌لیكترۆنی ناوم بردووه. دووه‌میش سه‌ر كهرهویتهی لای پزیشكی ده‌روونییه، كه چیرۆكه‌كه زیاتر به‌ده‌وی ئه‌م شوێنه‌دا ده‌سوڕێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كهرهوێتهیه نه‌بێت ره‌نگه پاڵه‌وانی ئه‌و چیرۆكه نه‌توانێ چیرۆكه‌ی خۆی بۆ پزیشكی ده‌روونی بگێڕێته‌وه.
لێره‌دا ده‌كرێت باس له‌و خاڵه جیاواز و لێكچوانهی نێوان چیرۆكه‌كه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د) و چیرۆكه‌كه‌ی (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) بكه‌ین له هه‌ڵبژاردنی شوێنی ئه‌لیكترۆنیدا. وه‌ك ده‌بینین خاڵی هابه‌ش له‌نێوان ئه‌م دوو چیرۆكه‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوو چیرۆكنووس سودیان له ئامێری ئه‌لیكترۆنی بینیوه و شوێنێكی نوێیان خولقاندوو، كه بوونی له‌سه‌ر زه‌ویدا نییه، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین (عه‌تا محه‌مه‌د) ئه‌و شوێنه‌ی كه خولقاندوویه‌تی نێو سایته‌كانی ئینته‌رنێته، به‌ڵام (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) سه‌رهێڵی ته‌له‌فونه. به‌ركه‌وتن لای عه‌تا محه‌مه‌د له‌رێی هه‌ستی بینینه‌وه‌یه و لای (ئارام) به‌هۆی هه‌ستی بیستنهوهیه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له چیرۆكه‌كه‌ی (عه‌تا)دا به‌ته‌واوی شوێنی ئه‌لیكترۆنی زاڵه، به‌ڵام له چیرۆكه‌كه‌ی ئارام‌دا شوێنی ئه‌لیكترۆنی به به‌راورد به شوێنی بابه‌تی پێگه‌یه‌كی كه‌متری هه‌یه و وه‌ك شوێنێكی لاوه‌كی ئه‌ژمار ده‌كرێت نه‌ك سه‌ره‌كی.
به‌گشتی شوێنی ئه‌لیكترۆنی داهێنراوێكی دنیای چیرۆكی پاش راپه‌ڕینه و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م دوو چیرۆكنووسه داهێنرا و پێشتر له چیرۆكی كوردیدا نه‌بینراوه. لاموایه ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی كاریگه‌رییه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و چاخی ئهلیكترۆنیكه له‌سه‌ر مرۆڤ به‌گشتی نووسه‌ران به‌تایبه‌تی.
هه‌ڵهاتن له شوێن
یه‌كێكی تر له‌و شتانه‌ی كه له به‌كاربردنی شوێن لای (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)دا ده‌بینرێت هه‌ڵهاتنه له شوێن، یان گۆڕان له شوێندا. ئه‌م چیرۆكنووسه له هه‌ردوو چیرۆكی (ئه‌و كوڕه‌ی له زۆركه‌س ده‌چێت و دڵێك له كه‌لاوه)دا هه‌ست به هه‌ڵهاتن و گۆڕان له‌شوێندا ده‌كرێت. له چیرۆكی (ئه‌و كوڕه‌ی له زۆركه‌س ده‌چێت)دا پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه پهنابهرهو لای به‌شی په‌نابه‌ران لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. له‌سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌دا هه‌ست به هه‌ڵهاتن له شوێن ده‌كرێت و چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات: “به برینداری هه‌ستامه‌وه و په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه و بۆی ده‌رچووم. هیوادارم بڕوام پێ بكه‌ن گه‌ر بڵێم هه‌میشه وا بوو، هه‌میشه له ده‌رگاوه ده‌هاتمه ژووره‌وه و له په‌نجه‌ره‌وه رامده‌كرد… ژیانی من بێجگه له هاتنه ژووره‌وه‌یه‌كی كه‌م خایه‌ن و راكردنێكی به‌رده‌وام هیچی تر نییه..” ئه‌م چه‌ند رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه ره‌نگه گوزارشتكردنێكی دروست بێت له حاڵی كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك، چونكه مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌رده‌وام پڕ بووه له شوێنبهدهر كردن و ههڵهان له‌م ناوچه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه، یان ده‌توانین بڵێین زنجیره‌یه‌كه له ده‌ركردن و راگوێزان. بۆیه هه‌ست ده‌كرێت پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی رۆحی تاكانه‌ی خۆی له چیرۆكه‌كه‌دا پاراستووه، هاوكات گوزارشتكهریشه له‌و رۆحێكی ده‌سته‌جه‌معی نه‌ته‌وه، كه كورده.
گومانی چیرۆكنووس له‌وه‌ی له ته‌نها شوێنێكدا ئارام بگرێت درێژه ده‌كێشێت و تا ده‌گاته‌وه ئه‌وه‌ی له چیرۆكی (ئه‌و كوڕه‌ی له زۆركه‌س ده‌چێت)دا پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه خۆزگه‌ی ئه‌وه ده‌خوازێت ببێته خاوه‌نی ماڵێك ئیتر ئه‌و ماڵه له موقهباش بێت پێی رازی ده‌بێت. پاڵه‌وانه‌كه ده‌ڵێت:” دواجار ده‌مه‌وێت ماڵێكم هه‌بێت، ماڵێك له موقهباش بێ قه‌ینا، به‌س هی من بێ، نا من باسی ماڵێكی ره‌مزی ناكه‌م، چونكه ئه‌ویش وه‌كو ره‌مزێك سه‌یری من ده‌كات، من ماڵێكی راسته‌قینه‌م ده‌وێت، ماڵێك كه رۆژ به رۆژ گومانی زیاترم هه‌یه ببمه خاوه‌نی”.
بوونی گومان بۆ بوون به خاوه‌نی ماڵێك كه دواجار ده‌بێته شوێنی ژیانی كۆمه‌ڵێك ئینسان ره‌نگه له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، كه كورد وه‌كو نه‌ته‌وه ده‌یه‌وێت ببێته خاوه‌نی كیانێكی سه‌ربه‌خۆ و خۆی خاوه‌ن ماڵ بێت، خۆزگه‌ی تاكێك ره‌نگه له ئاسته بچوكه‌كه‌یدا بۆ خۆزگه‌ی ده‌ستكه‌وتنی ماڵێك بێت، به‌ڵام خۆزگه‌ی ته‌واوی نه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خۆزگه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه. واته دیسان پاڵه‌وانی چیرۆكهكهگوزارشتكهره له رۆحێكی دهستهجهمیكی كه رۆحی نه‌ته‌وه‌یه.
له چیرۆكی (دڵێك له كه‌لاوه)شدا دیسان هه‌ست به ههڵهان له شوێن ده‌كرێت و پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه (كه هاوكات گێڕهرهوهشه) له ئۆفیسی دڵڕه‌قی له‌سه‌ر مێزێك چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گێڕیته‌وه، وه‌ك ده‌بینین لێره‌دا شوێنی چیرۆكه‌كه شوێنێكی تایبه‌تییه. به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا پاڵه‌وان باس له‌و ههڵهانه له شوێنی خۆی ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌دات كه به‌ناچاری له تاراوگه گیرساوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی له كۆرسی دڵره‌قی بۆ ئه‌وه‌یه، كه گه‌ڕایه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی هێنده سۆزی بۆ وڵاته‌كه‌ی نه‌جوڵێت، چونكه دڵنیایه له‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌بری بونیادنانه‌وه‌و پاراستنی كولتورهكهی، به‌ره‌و وێران بوون براوه. پاڵه‌وانه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه یه‌كه‌مجار سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی كردۆته‌وه ئه‌و باخچه‌ی ساوایانه‌ی به منداڵی لێی بووه كراوه‌ته باره‌گای حزبێك و ئه‌و قوتابخانه‌ی له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا لێی خوێندویه‌تی كراوه‌ته سه‌ربازگه و قوتابخانه‌ی ئاماده‌یشی كراوه به گه‌راج، هاوكات ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه سینه‌ماكانی وڵاته‌كه‌ی وه‌كو له‌سه‌ر نه‌خشه سڕابنه‌وه نه‌ماون.
ئه‌وه‌ی له‌م دوو چیرۆكه‌دا تێبینی ده‌كرێت هه‌ڵهاتنه له شوێن، به‌ڵام جیاوازی ئه‌م دوو چیرۆكه له‌وه‌دایه، كه له چیرۆكی یه‌كه‌مدا ته‌نها هه‌ست به هه‌ڵهاتن ده‌كرێت له شوێن، وه‌لێ له چیرۆكی دووه‌مدا (مه‌به‌ست له چیرۆكی دڵێك له كه‌لاوه‌یه) له‌گه‌ڵا هه‌ڵهاتن له شوێنیش، هاوكات بیركردنه‌وه له گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنیش ده‌كرێت، وه‌ك ده‌بینین پاڵه‌وانه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌چێته كۆرسی دڵڕه‌قی تا به‌رگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بگرێت بۆ وڵاته‌كه‌ی.
به‌گشتی شوێن له‌م دوو چیرۆكه‌دا ده‌توانین بڵێین دابه‌شكارییه‌كی ئیستاتیكی تێدایه، كه له چیرۆكی چیرۆكی (ئه‌و كوڕه‌ی له زۆركه‌س ده‌چێت)دا شوێنی سه‌ره‌كی به‌پێێ پێناسه‌كه‌ی (یاسین نه‌سیر) شوێنێكی بابه‌تییه، به‌ڵام هه‌ست به هه‌ڵهاتن له شوێنیش ده‌كرێت، كه ئه‌مه‌یان وه‌كو ره‌هه‌ندێكی تری شوێن ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ند مانایه‌كی تر له پشت ئه‌م گوزارشته‌وه په‌نهان ماوه‌ته‌وه و ئێمه لێره‌دا ته‌نها له به‌شێكی كه‌می دواین. هه‌روه‌ها له چیرۆكی (دڵێك له كه‌لاوه)شدا له‌گه‌ڵا بوونی شوێنی بابه‌تی هاوكات هه‌ڵهاتن له شوێن و پێچه‌وانه‌كه‌شی ده‌بینرێت كه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شوێن. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی هه‌ست به هاتنه ناوه‌وه‌ی چه‌مكی گۆڕان له شوێنیش‌دا ده‌كرێت.
ده‌توانین چه‌مكی (گۆڕان له شوێن)دا له نموونه‌كانی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌وه بیهێنینه‌وه له گۆڕانی باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌كان تا سڕانه‌وه‌ی سینه‌ماكان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شار. بێگومان ئه‌م گۆڕانه له شوێندا چه‌مكێكی گرنگه له چیرۆكنووس ئاماژه‌ی بۆ كردووه و لێره‌شه‌وه ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بایه‌خنه‌دانی گه‌لی كورد به كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی، چونكه دواجار ئه‌و شوێنانه بوونه‌ته ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، بۆیه خه‌مساردی به‌رامبه‌ر ئه‌و شوێنانه و نه‌پاراستنیان ده‌بێته هۆی سڕانه‌وه‌ی كولتووری نه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌م به‌شه‌دا خرانه‌ڕوو دواجار پاڵه‌وانه‌كانی ئارام له‌م دوو چیرۆكه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌یه به‌ر نه‌فره‌تی شوێن كه‌وتبن. نه‌فره‌تێك كه سره‌وتیان نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها پاڵه‌وانه‌كانی ئارام نین، كه به‌ر نه‌فره‌تی شوێن كه‌وتووین، به‌ڵكو به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه كه ناوی كورده و له هیچ شوێنێك ژیانێكی ئارامی پێ ره‌وا نابینرێت.
به‌رله‌كۆتایی
به‌كارهێنانی چه‌مكی شوێن له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی له‌نێو نووسه‌راندا جیاوازه، هاوكات له‌نێو به‌رهه‌مه‌كانی نوسهرێكیشدا جیاوازبێت، بۆیه من به دیاریكراوی له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ته‌نها چیرۆكه‌كانی نێو كتێبی (بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م)م به نموونه وه‌رگرتووه و نه‌مویستووه چیرۆكه‌كانی پێشتر یان دواتری ئه‌م چیرۆكنووسه به نموونه وه‌ربگرم، چونكه پێده‌چێت به‌كاربردنی چه‌مكی شوێن له به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌م نووسه‌ره‌دا به‌شێواز و ستایلی جیاوازتر بێت. به‌ڵام شوێن له‌م چیرۆكانه‌دا تاڕاده‌یه‌كی زۆر بوونه‌ته سه‌نته‌ری رووداوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك حیكایه‌تی پاڵه‌وانه‌كان ته‌نها له‌و شوێنانه‌دا ئه‌گه‌ری گێڕانه‌وه‌یان هه‌یه و پێناچێت له هیچ شوێنێكی تردا بگێڕدرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و خه‌سڵه‌ته خۆڕسكهیه، كه ئه‌م چیرۆكنووسه به‌م چیرۆكه و چه‌مكی شوێنی به‌خشوه.
دواجار ناكرێت چه‌مكی شوێن له ته‌نها دیدگایه‌كه‌وه سه‌یر بكرێت و ته‌نها یه‌ك ره‌هه‌ندی وه‌ربگیرێت، به‌ڵكو له‌م چیرۆكانی (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)دا له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی ئیستاتیكی و جوانكاری نێو چیرۆكهكانن و هاوكات بونیادی چیرۆكه‌كان پێكدێنن، هاوكات مانای فه‌لسه‌فیشیان له هه‌ناویان هه‌ڵگرتووه. ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا خرایه‌ڕوو هه‌وڵێكی سه‌ره‌تاییه بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكی شوێن لای ئه‌م چیرۆكنووسه و ده‌كرێت له دیدگای تر و له لێكۆڵینه‌وه‌ی تردا به‌وردی له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه و پاڵه‌وانه بریندار و گه‌شبینه‌كانی نێو چیرۆكه‌كانی ئه‌م چیرۆكنووسه هه‌ڵوه‌سته بكرێت.
—————————————————————————————————
سه‌رچاوه‌كان:
*ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م-چیرۆك، له بڵاوكراوه‌كانی پرۆژه‌ی كتێبی یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی (2010).
*نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، چه‌مك و مه‌وداكانی شوێن له چیرۆكدا-لێكۆڵینه‌وه- كتێبی به‌رهه‌مه بڵاوكراوه‌كانی سێیه‌مین فیستیڤاڵی رۆشنبیری سلێمانی (2008).
*سه‌باح ئیسماعیل، چه‌مك و ئیستاتیكای شوێن له ئه‌ده‌بدا-لێكۆڵینه‌وه، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس-هه‌ولێر (2009)
*كامه‌ران محه‌مه‌د، له نێوان مرۆڤ و شوێن و كاتدا-لێكۆڵینه‌وه، گۆڤاری هه‌ژان ژماره (23) ساڵی (2010) .
*عه‌تا محه‌مه‌د، نه‌مری-چیرۆك، په‌یك پاشكۆی رۆژنامه‌ی “رۆژنامه” ژماره (5) رۆژی (4\11\2007).