Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەرەو یادى 20 ساڵەى تاوانى ئەنفال… عومەرمحەمەد

بەرەو یادى 20 ساڵەى تاوانى ئەنفال… عومەرمحەمەد

Closed

وا لەیادى تاوانەکانى ئەنفالءکیمیاباران نزیک دەبینەوە، بەداخەوە یادکردنەوەى تاوانەکان، لەساڵانى رابوردوودا لەگەڵ هەموو خاڵە پۆزەتیڤەکانیشیدا هێشتا سنورى رۆتینء بگرە بازرگانى پێوەکردنیشیان نەبەزاندبوو، بەهیوام ئەمساڵ بەتایبەتى کە یادى 20 ساڵەى ئەوتاوانانەیەو دەکەوێتە دواى بریارى دادگاى هۆڵنداء دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراقەوە لەدۆسێى ئەنفالدا، هۆشداریەکمان لەبارەیانەوە پەیداکردبێءبتوانین بەقەد قەوارەى تاوانەکەو رەگەزەکانى ئەوتاوانە وەکو نەتەوەیەکى جینۆسایدکراو، بەهۆشیاریەکى یاسایىء سیاسیەوە مامەڵە لەگەڵ یادەورەیەکانیان بکەین، هەرهیچ نەبێ وەکو ئەرکێکى ئەخلاقى سەبارەت بەتاوان گەلێک کەبەگەورەترین پێشیلکارى مافەکانى مرۆڤء تاوان دژى مرۆڤایەتى دەژمێردرێن، بتوانین تیایدا ببینە خاوەنى پەیمانێکى کۆمەڵایەتى، ئەو رۆژانە 16/3- 14/4 ببنە رۆژى ئاشتبوونەوەى دڵلێکئێشاوەکان، رۆژى لێبوردەیىء بنیاتنانەوەى خۆشەویستىء بەهاى مرۆڤ، بەلاى کەمەوە حکومەتى هەرێم بتوانێ لەو یادانەدا لێبوردن بۆ هەموو ئەو زیندانیە حوکمدراوانە دەربکات، کە شایانى لێبوردنن، بۆئەوەى بەراستى رێز لە قوربانیەکان بگرین دەشێت گەلێک کارى گرنگتر بکەین، ئیتر لەوە تیبگەین ئەو تاوانانەى لەکوردستان بەتایبەتى ئەنفالء کیمیابارانکردنى شاروگوندەکانى کوردستان تاوانى ئاسایى نینء چیدى بە ئینشانوسینءجوینەوەى قەسەکانمان ناتوانین راسپاردەکانمان بگەیەنینە ئاستى بەرپرسیارێتى، تاوانى ئەنفال کەئێستا بەبریارێکى یاسایىء لەدادگایەکى تایبەتمەندا بەجینۆساید یەکلایى کراوەتەوەء خەسڵەتى تاوانى نێودەوڵەتی وەرگرتووە،  چیدى ناشێت وەکو تاوانێکى ناوخۆیى تەماشایان بکەین. بەڵکو حەقیقەت ئەوەیە ئەم تاوانەءتاوانەکانى تریش کە ئێستا دۆسێکانیان نەچوونەتەبەر دەمى دادگا هەرلەساتەوەختى ئەنجامدانیانەوە رەگەزى نیودەوڵەتیان هەبووەو بەهۆیەوە کێشەى سیاسى گەلى کوردیان ترازاندووەتە ناوکێشى نیودەوڵەتانەوە.  هەرلەبەر ئەم هۆیەشە گرنگترین تیڕوانین بۆ دۆسێى تاوانى ئەنفال ئەو تێروانینەیە کەلەڕوانگەى یاساو مافەکانى مرۆڤەوە تەماشاى تاوانەکەو تاوانبارانءگومانلێکراوانى ئەنفال بکەین.
هەتا ئەمرۆش گەورەترین ڕەخنە کەئاراستەى دەسەڵاتدارانى کوردستان دەکرێت لەو سۆنگەیەوەیە کەوا لێبوردنە گشتیەکەى ساڵى 1991 خەسڵەتى یاسایى نیەو بەبریارێکى سیاسی دەژمێردرێت، لەبەرئەوەى داڵدەدانى تاوانبارانى ئەنفال   پێچەوانەى یاسایە، ئەمەش بەئاشکرا دیارە کەوا ئەوانەى بەرلێبوردنە گشتیەکەى بەرەى کوردستانى کەوتن سودیان لێ نەبینىء لەبرى ئەوەى داواى لێبوردن لەقوربانیانء راى گشتى خەڵکى کوردستان بکەن، بێمنەتانە بەبەرچاوى خەڵکەوە تەراتین دەکەنء لەسەرمەزاجى خەڵکى قوربانى دەژینء پاڵیان بە جەبەرووتى حزبەکە دەسەڵاتدارەکانەوە داوەو بێمنەتن لەوەى بەشدارى تاوانەکەیانکردووەو ئامادەنین وەکو لێبوردراو خۆیان پیشانبدەن.
بێگومان یادکردنەوەى تاوانى ئەنفالءکیمیاباران، تەنها ئەرکى حزبء حکومەتى کوردستان نیە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لاى ئەوان ببوبێتە ئەرکێکى ناچارى،  ئەوا بۆهەندێک لایەنى تایبەتمەند دەبێتە ئەرکێکى ئەخلاقى ء مرۆڤایەتیش، چونکە زیندو راگرتنى ئەویادانەو ناساندنیان بەدنیاى دەرەوە ئەرکى هەرتاکێکى کوردە بەتایبەتى رێکخراوە تایبەتمەندەکانى مافى مرۆڤء رێکخراوە مەدەنىء کلتوریەکان، بەهاوکارى کەسایەتیە شارەزاو تایبەتمەندەکان کەهەریەکەو بە دیدوتیروانینى خۆیەوە بۆى بێتە مەیدان، ئەوسا ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشە، بەجدى هاوکاریان بکات، بەبێ ئەوەى دەست لەکاروباریان وەربداتء رێگەیان بۆهەمواربکات.
نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کەوا تووشى دوفاقیەکى گەورە دەبین ئەگەربێتءلەسۆنگەى تاوانى ئەنفالەوە دەمارگیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسێیە بکەین، ناشێت لەلایەک دەم لەڕێوشوێنى یاسایى بکوتینء بەدیوێکى تریشدا دڵرەقانەء دەمارگیرانە بمانەوێ تۆڵە بکەینەوە، ناشێت وەکو لایەنى قوربانى بەهەمان نەغمەى جەلادو بەهەمان رەفتارى تۆتالیتاریانەوە باس لەئایندەء دادگایى کردنى تاوانبارانء گومانلێکراوان بکەین، لەوەها تیڕوانینێکدا ئەگەر بەپێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤەوە قەراربگرینء باس لەیەکلایى کردنەوەى کێشەکە بکەین، بەرلەهەرکەس ئێمەى قوربانى تیایدا زەرەرمەند دەبین.. چونکە بەلاى کەمەوە دەبێت ئەوە بزانین تاوانى جینۆساید تەنها تاوان نیە دژ بەگەلى کورد بەڵکو گەورەترین پێشیلکاریە دژ بەمافەکانى مرۆڤء کۆمەڵگەى نیودەوڵەتى، راستە کورد زەرەرمەندى یەکەمە کە لەسەدەى رابوردوودا ئەوتاوانەمان لەدژ ئەنجامدراو تائەمرۆ کە 20 ساڵ بەسەریدا تێدەپەرێت هێشتا لەژێرکاریگەریەکانى ئەوتاوانە دەنالێنینء بە رەفتارەکانى بەعسەوە ئاڵودەبووینءلەیەخەمان نابێتەوە، بەڵام دواجار دەبێت هەرخۆمان رەفتارەکانى بەعس لەریشەوە هەڵکیشینء بەرەو مەدەنیەت هەنگاو هەڵگرینء سودمەندى یەکەم بین، لەبەرئەوەى کە زۆرترین خوینمان داوە، ناشێت قایلبین بەوەى لە ئیستاو ئایندەدا چیدى خوێنمان لەبەربرواو تواناى داهێنانء وزەى مرۆڤایەتیمان بە فیرۆ بچێت.
کەواتە با بەسادەیى بلێین: مادام پێشیلکاریەکان گەیشتنە ئاستى تاوانى نیودەوڵەتى "جینۆساید" ئەرکى سەرشانمانە بەرلەهەرکەسێک خۆمان مرۆڤانە هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆمانء دەوروبەرمانء قوربانیاندا بکەین، لەگەڵ تاوانبارانى جینۆسایددا رەفتارمان مرۆڤانەبێت، ئەمەش بەو مانایە نیە، نەرمى لەگەڵ تاوانبارانء گومان لێکراوان بنوێنین تا ئاستى لێخۆش بوونء چاوپۆشى کردن، نا نەخێر ئەگەر ئەوەمانکرد هەر غەدر لەقوربانیەکان ناکەین، بەڵکو سوکاسیەتى بە یاساو بە مرۆڤء مافەکانیشى دەکەین. دیارە ئەمە ئەرکى یەکلایەنەى ئێمە نیە، بەڵکو ئەرکى کۆمەڵگەى عێراقىء کۆمەڵگەى نیودەوڵەتیشە، لەپێش هەموانەوە ئەرکى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراقە داواکراوەکانى دۆسێى ئەنفال راکێشێتە بەردەمى دادگاء بریار لەبارەیانەوە بدات. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.