ڕاپه‌ڕین؟ نا سوپاس! …. سیروان عه‌بدول
ڕاپه‌ڕین؟ نا سوپاس!
سیروان عه‌بدول
ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی تونس و میسر له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌کانیاندا، باسی ڕاپه‌ڕینی وه‌ک ئامرازێک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و حوکمی ئۆتۆریتارانهی پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کردۆته بابه‌تێکی گه‌رمی ناو ناوه‌ندی سیاسیی و میدیاکان و تا ئاستێکیش ناوه‌ندی شه‌عبیی له هه‌رێمی کوردستاندا. ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ی زیاتر خستۆته سه‌ر ئه‌جێندای سیاسیی ڕۆژ، کارکردنی ئاکتیڤ و جیدییانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه وه‌ک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ جۆشدانی خه‌ڵک و هاندانیان بۆ ڕاپه‌ڕین له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تدا.
من پێموایه ڕاپه‌ڕین له‌ئێستادا بۆ دۆخی سیاسیی له هه‌رێمی کوردستاندا هیچ زه‌روره‌تێکی نییه و بگره هه‌ر ئیقدامێک به‌و ئاراسته‌یه‌دا زه‌ربه‌ی کوشنده ده‌دات له پرۆسه‌ی دیموکراتیی له‌و هه‌رێمه‌دا. بۆیه من ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یکات به کارێکی ته‌واو نامه‌سئولانه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی ده‌زانم له‌ئاست دۆزی دیموکراتییه‌ت و ئاسایشی مه‌ده‌نیی له هه‌رێمی کوردستاندا.
ڕاپه‌ڕین له هه‌رێمی کوردستاندا زه‌رووره‌تی نییه، زۆر به‌ساده‌یی چونکه پرۆسه‌ی سیاسیی له‌و هه‌رێمه‌دا خۆشبه‌ختانه ئه‌وه‌نده گیری نه‌خواردووه و ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه به‌و ئه‌ندازه‌یه تۆتالیتارییه‌تی خۆی به‌سه‌ر ناوه‌ندی شه‌عبیی و سیاسیی‌دا فه‌رز بکات که مومکین نه‌بێت به شێوه‌کاری تر پرۆسه‌ی دیموکراتیی ببرێته پێشه‌وه.
ڕاستییه‌کی ساده به‌ڵام گرنگ که ده‌بێت ئێمه بیزانین ئه‌وه‌یه که هه‌بوونی ئاسایش و ئارامیی مه‌ده‌نیی مه‌رجێکی سه‌ره‌کیی و فاکته‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموکراتیی له ناوچه‌یه‌کدا بتوانێت گه‌شه‌یه‌کی ئاسایی بکات و دۆزی دیموکراتییه‌ت له‌وێدا جێپێی خۆی قایم بکات. ڕاپه‌ڕین و شۆڕش ده‌بێت هه‌رده‌م دوائهڵتهرناتیڤ بێت که به‌ناچاریی و له‌حاڵه‌تی ته‌واو «جام»-بوونی پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا په‌نای بۆ ببرێت. پرۆسه‌ی سیاسیی له تونس و میسر تا ئاستێکی زۆر له دۆخێکی وادان، به‌ڵام له هه‌رێمی کوردستاندا نا.
ڕاپه‌ڕین و شۆڕش وه‌ک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی به‌داخه‌وه تا ئێستاش له زیهنی خه‌ڵکی ئێمه‌دا پیرۆزییه‌کیان هه‌یه و وه‌ک میتۆدێکی په‌سه‌ند – ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم وه‌ک تاکه میتۆد – بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی سیاسیی چاو لێده‌کرێن. ئه‌م مه‌یله له ئاکاری سیاسیی مرۆڤی ئێمه‌دا خه‌ته‌رناکه و من ساڵانێکی زۆره هۆشداریی ئه‌وه ده‌ده‌م که ده‌بێت کار بۆ لاوازکردنی ئه‌م جۆره شۆڕشگێڕییه‌ی تاکی کورد بکرێت. ئه‌مه ”بۆماوه”-یه‌کی سه‌رده‌می حوکمکردنی تۆتالیتارییانه‌ی حیزبی به‌عس و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده که له زیهنی خه‌ڵکی ئێمه‌دا هێشتا به دهستلێنهدراویی ماوه‌ته‌وه. من پێموایه ئێمه ده‌بێت کاری جیددی بۆ ئه‌وه بکه‌ین له‌و قودسییه‌ته بده‌ین که ڕاپه‌ڕین و شۆڕش تائێستاش له زیهنی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه‌تی چونکه ئه‌م بۆماوه‌یه پۆتێنسیالێکی خه‌ته‌رناکی بۆ موماره‌سه‌ی توندوتیژیی له پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا له‌ناو مرۆڤی ئێمه‌دا هه‌ڵگرتووه. هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کاندا ئه‌و هه‌رێمه‌ی داگرت له‌لایه‌ن ئه‌و جۆره خه‌ڵکه‌وه به‌جێ گه‌یه‌نران که باوه‌ڕیان به به‌زاندنی دوژمن له‌ڕێگای به‌سه‌ردادان و تهفروتوناکردنهوه هه‌بوو. خه‌ڵکی ئێمه ده‌بێت وا ساز بدرێت که ئیتر به ”ئارگیومێنتی باش” داوا سیاسییه‌کانی خۆی تێپه‌ڕێنێت نه‌ک به هێزی بازوو فه‌رزیان بکات. زه‌مینه‌سازیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک و په‌لاماردانی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی داواکارییه سیاسییه‌کان له‌ریگای ڕاماڵینی حکومه‌ته‌وه کارێکه به‌م ئاراسته پێچه‌وانه‌یه‌دا.
چوونه‌پێشه‌وه‌ی دۆزی دیموکراتییه‌ت و مافه‌کانی مرۆڤ له مه‌رجی هه‌بوون و زۆریی ژماره‌ی شۆڕشگێڕانێکی کلاسیکیی دڵگه‌رمی له‌و چه‌شنه‌دا نییه که بڵێن «یان مافه دیموکراتییه‌کانمان، یان نه‌مان». دیموکراتییه‌ت ناتوانێت له‌پاڵ ئاماده‌یی خه‌ڵکانێک و هێزگه‌لێکی وادا گه‌شه‌یه‌کی ئاسایی بکات که بۆ جێپێگرتنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی خۆیان باوه‌ڕیان پێیه‌تی، ئاماده بن په‌نا ببه‌نه به‌ر فه‌رزکردنی قیسریی و نواندنی توندوتیژیی. ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستاندا جۆره هێزێکی له‌م چه‌شنه‌یه. هه‌رچی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامییشه، هه‌ر خودی چوونیان له ئیماندارانێک به ئایدۆلۆژیایه‌کی دینییه‌وه بۆ هێزێکی سیاسیی، له‌سه‌ر کۆنسێپتێکی وا دامه‌زراوه. جا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش بڕۆین و به‌و شه‌ڕانگێزییه‌وه په‌یوه‌ست بین که ئه‌و هێزانه له سیاسه‌تکردندا په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، هیچ ناکه‌ین به‌غه‌یری ئه‌وه‌ی به‌هاکانی دیموکراتییه‌ت و مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک به‌هاگه‌لێکی سهنگدار له گه‌مه‌ی سیاسیی ده‌که‌ینه ده‌ره‌وه و کۆمه‌ڵگای کوردیی ده‌به‌ینه پای گه‌مه‌یه‌کی سیاسیی واوه که تیایدا سه‌رده‌ستیی بۆ ئه‌وانه ده‌بێت که ده‌توانن به کاریگه‌ریی پڕۆپاگه‌نده‌ی سیاسیی و جه‌نگیی، زۆرترین خه‌ڵکی توندڕه‌و و شه‌ڕکه‌ر له خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه. له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه نابینێت که له گه‌مه‌یه‌کی وادا و به تێکچوونی ئاسایشی مه‌ده‌نیی، به هۆی پڕچهکیی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ئیسلامیسته‌کانه‌وه، هه‌ر بزووتنه‌وه‌که‌ی ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و له کایه‌ی سیاسیی ههڵدهبڕدرێت. به‌داخه‌وه سه‌رانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هێشتا له‌و ڕاستییه ساده‌یه تێنه‌گه‌یشتوون که وجودی سیاسیی ئه‌وان ته‌واو به‌ستراوه به هه‌بوونی ئاسایشی مه‌ده‌نیی و تۆکمه‌بوونی جێپێی خه‌باتی مه‌ده‌نییه‌وه له هه‌رێمی کوردستاندا، نه‌ک به شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و ته‌فروتوناکردنی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه. به مانایه‌کی تر، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ستراتیجییه‌تێکی ئانارشیستیانه ده‌گرێته به‌ر و به زه‌مینه‌سازیی بۆ ڕاپه‌ڕین خه‌ریکی نانه‌وه‌ی ئاشوبێکه که تیایدا هه‌ر ته‌نها خۆیان و دۆزه‌کانی دیموکراتییه‌ت و مافه‌کانی مرۆڤ له کوردستاندا لێی زهرهرهمهند ده‌بن.
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که زه‌روره‌تێک بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی تونس و میسر ده‌بینم، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه بۆ داهاتوویه‌ک که چاوه‌ڕێی ئه‌و دوو وڵاته ده‌کات چونکه ترسی ڕاسته‌قینه هه‌یه هێزه نادیموکراتییه‌کان له چه‌شنی ئیسلامیسته‌کان یان سوپا ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و به چه‌شنی نموونه‌ی عێراق، ئارامیی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژێر ده‌ستی دیکتاتۆرییه‌ت و سه‌رکوتگه‌ریی سیاسیی بگۆڕنه‌وه به فه‌وزا و خوێن و دواکه‌وتوویی. هه‌ر شڵه‌قانێکی ڕاپهڕینئاسای دۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌مان ئیحتیمالی له‌به‌رده‌مدایه. گۆڕان ده‌بێت هه‌ست به مه‌سئولییه‌ت بکات و ئه‌و ڕاستییه ببینێت که به‌داخه‌وه له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای کوردییدا هه‌ر ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بۆ سه‌ر عه‌لمانییه‌تی کۆمه‌ڵگا و مافه دیموکراتییه‌کانی خه‌ڵک چه‌که‌ره‌ی کردووه و گومانیشی تێدا نییه که هه‌ر که‌وتنه‌وه‌یه‌کی فه‌وزا و هه‌ر زهربهخواردنێکی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی، له قازانجی به‌هێزتربوونی هێزه کۆنه‌خواز و نادیموکراته‌کان ته‌واو ده‌بێت.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌دئیستیفاده له تووڕه‌یی خه‌ڵک له پیاوانی ده‌سه‌ڵات ده‌کات و له‌پێناو هێزگرتنی خۆیدا نامه‌سئولانه دۆخێکی دراماتیکیی ده‌ستکرد ده‌خوڵقێنێت. سه‌رۆکی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت زۆرجار هیچ دوودڵییه‌کی نییه له هاوکارییکردن له‌گه‌ڵ هێزه نادیموکراته‌کاندا و له تهبهنییکردنی گوتارێکی کۆنه‌خوازانه و خه‌ته‌رناکی ئایندۆستییدا ته‌نها له‌پێناو هێزگرتن و دروستکردنی سه‌غڵه‌تیی بۆ پارتیی و یه‌کێتییدا. ئه‌مه سیاسه‌تێکی ئۆپۆرتۆنیستیی خه‌ته‌رناکه و ئێمه ده‌بێت به‌ئاگا بین له کارکردنی نامه‌سئولانه‌ی سه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و نه‌هێڵین وه‌همێکی وا ده‌رخواردی خه‌ڵکی ئێمه بده‌ن که گوایه گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرات و دادپه‌روه‌ر مومکینه ته‌نها له‌ڕێگای دژایه‌تییکردنی سه‌رسه‌ختی پارتیی و یه‌کێتییه‌وه بێته دی.
ئاماده‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی دژایه‌تیی خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات تا ئاستی هاندانی خه‌ڵک بۆ چوونه‌سه‌ر داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و تا ئاستی په‌نابردنه به‌ر هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ هێزه ئیسلامییه‌کاندا و، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌بوونی هاوپه‌یمانێتیی ئه‌هریمه‌نانه‌ی نێوان پارتیی و یه‌کێتیی، موژده‌به‌خشی داهاتویه‌کی ئارام نییه به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی سلێمانییدا. من ترسی ده‌ستوه‌شاندنی سه‌ربازیی یه‌کێتییم هه‌یه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ک چۆن دوانزه ساڵێک پێش ئێستا له‌به‌رامبه‌ر کۆمۆنیسته‌کاندا کردی. له‌به‌رامبه‌ردا ترسی هه‌یمه‌نه و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شاری سلێمانییم هه‌یه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حیزبه ئیسلامییه‌کانه‌وه. داوای کردنی سلێمانیی به هه‌رێمێکی فیدڕاڵیی ئه‌گه‌رێک نییه له داهاتوودایهکی زۆر دووردا وه‌ستابێت. ڕه‌نگه هه‌ندێک هه‌بن گرتنه‌ده‌ستی شاری سلێمانییان له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه پێ خراپ نه‌بێت، به‌ڵام بۆ من ئه‌مه ئیتر لهبهریهکههڵوهشانێکی زیاتری کۆمه‌ڵگای کوردییه و زیادبوونی هه‌رێمێکی تره بۆ سه‌ر ئه‌و دوو هه‌رێمه‌ی یه‌کێتیی و پارتیی هه‌ریه‌ک بۆ خۆیان داپچڕیوه. ئه‌مه به مانایه‌کی تر ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و پارچه‌پارچه‌یی و ئه‌و ناسهقامگرییه سیاسیی و ئه‌منییه‌یه که له‌و سه‌رده‌مدا هه‌بوو. گرنگه له‌ئێستادا ئێمه بتوانین له خستنه‌وه‌ی دۆخێکی وادا به‌شدار نه‌بین.
sirwanebdul@yahoo.com
30.01.11