ئاوازەکانى گژو گیا… هۆشەنگ شێخ محەمەد
رۆیشتن بەناو گوڵە هێرۆکاندا
وەک ئەوەى تازە لەدایک بم
هەست دەکەم.
* * * * *
نووستن لەبەر تریفەدا
تەعمیدکردنى هەستەکانمە
* * * * *
رۆیشتن بەناو تریفەدا،
پیاسەکردن بەناو گوڵە هێرۆکاندا
لە دایکبوونەوەیەکى نەرمە لەگەڵ گیادا
* * * * *
تنۆک تنۆک: بمخۆوە
دڵۆپ دڵۆپ: بمبارێنە
مەستم کە بە بۆنى لاسکەکانت ئەى نیسانۆک
* * * * *
گەڕان لەناو مژدا
سوڕانەوە لەبەر هەتاودا
ئەمکاتەوە بە خۆم، لە رۆژمێرى گژوگیادا
* * * * *
ئەو بایە ماچ ئەکەم
کە لەسەر برژانگى
گوڵە گەنمێکدا سەما ئەکات
* * * * *
ئەبارمە سەر ئەو هەنارەى لە
چاوەڕوانى بۆنى سێودا قەڵشەکانى پڕ ئەکا
لە کانى شەڕاب.
* * * * *
نوێژی مەحەبەت بۆ ئەو بارانەى
بۆ سەفەرى شەنگەبییەک
پەنچەرەکانى ئاسمان ئەشکێنێ.
* * * * *
رۆژوێک بۆ ئەو شەیتانەى
بۆ پیاسەى گژوگیاى تولە رێیەک
بە توڕەیى لە دەرگاکانى خوا ئەدات.
* * * * *
سڵاو ئەى گوڵەباغ
بۆ ئەو شکۆفانەى رۆژانە بۆ با
لە مەمکەکانتەوە ئەکەیتەوە.
* * * * *
من و کانى و هەتاو و پشیلە و مۆسیقا
هەموومان دەممان ناوە بە مەمکى گیا
* * * * *
هەموومان من و تریفە و کانى و خەزان
گوێمان داوە بە سەنتورى پایزى گیا
* * * * *
هەموومان، من و پایز و کانى و مانگ
چاومان داوە بە گلێنەى کەسکى رووناکى گیا
* * * * *
هەموومان من و رووناکى و کانى و پایز
دڵمان داوە بە چپەى نەرمى رۆیشتنى گیا لەناو بادا
* * * * *
من و رووبار و رووناکى و زستان
روحمان داوە بە سەماى گیا لە ناو بەفردا
* * * * *
من و هەموو شتێک
لەگەڵ کوریکەیەکدا لە ژوانى جوانین
* * * * *
من و بڕکە گیاکان
چیرۆک بۆ دارستان دەگێڕینەوە
* * * * *
"خاڵخاڵۆکەیەک بە مێروویەک دەڵێت"
رۆیشتنى من و تۆ لەناو ئەم عەشقەدا
هەموو شتێکمان لێ دەستێنێتەوە تەنیا
ئاوازەکانى گیا نەبێت:
* * * * *
لەناو ئەم عەشقەدا تەنیا پێویستیمان بە ئاوازە
* * * * *
هەر رۆژەى ئاوازێکم بۆ بچڕە
هەر رۆژەى ئاوازێکت بۆ دەدزم:
لە گوڵ، لە سنۆبەر،لە کۆتر و لە گیا
* * * * *
هێور هێور ببارە سەرم
با تریفەکانم تەڕ نەبن
ئەى گوڵە هێرۆ.
* * * * *
تنۆک تنۆک بمخۆوە ئەى تریفە
با پەڕە هێرۆکانم نەگەچڵێن.
* * * * *
بەدیققەت تەماشاى چاوى ئەو چۆلەکەیە کە
سواندەى باخێک ئەبینیت.
* * * * *
بە وردى تەماشاى دڵى منیش کە
سەفاى شعر لە لەرینەوەى گیایەکدا ئەبینى.
* * * * *
زۆر بە خێراش تەماشاى روحم کە
وێنەى خوایەکى کوژراو و جیهانێک لە گیا بە پێوە ئەبینى.
* * * * *
تەماشام کە، ئەوەندە روونم
مێژووى سەدان ساڵەى دار چنارێک لە داوە گیایەکدا ببینە
* * * * *
تۆش وەک شەنگەبى بەر باران
جواناوى هەقیقەتێک ئەڕژێنیە سەر گیا
* * * * *
تۆش وەک هەور
بەپەلەیت بگەیتە قەدى ئەرخەوانێک و
خۆت بگۆڕییە سەر باران تا بەرببیەوە ناو گلێنەى سێپەڕەیەکدا
* * * * *
تۆش وەک سنۆبەر بەپەلەیت شەو دابێت و جلى تاریکى بکەیتە بەرو
بڕژێیتە ناو چەپکە گیایەک
* * * * *
تۆش وەک گیا
وا شەق دەبەى بۆ رێبوارێک مەمکەکانت بگرێت
* * * * *
تۆش
عاشقانە بەناو گژوگیاى شعردا وەردەبیت.
منیش وەک شعر بەناو گژوگیاى تۆدا وەردەبم!
5/3/2008