بۆ یه‌کتری قه‌بووڵ ناکه‌ین …. بژار
01-25-2011 بژار
من ده‌بینم کێشه‌که په‌یوه‌ندی به پرسیارێکی دیکه‌وه هه‌یه : ئایا ئازادی یه‌کتری به فه‌رمی ده‌ناسین ؟ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه ، ده‌بێت جۆری تێگه‌یشتنمان له‌سه‌ر ئازادی بخه‌ینه ڕوو . پێناسه کردنه‌وه‌ی ئازادی له‌م ڕووه‌وه گرنگه . من بۆ خۆم ئازادی ده‌به‌ستمه‌وه به بابه‌تی عه‌قڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه . واته عه‌قڵ و ئاره‌زووه‌کان ڕۆڵیان له‌سه‌ر یه‌کتری چییه و له‌وێشه‌وه په‌یوه‌ندییان به ئازادییه‌وه چییه ؟ مه‌سه‌له‌ی عه‌قڵ و ئاره‌زووه‌کان وپه‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان ، چه‌وساندنه‌وه و ڕزگاربوونی مرۆڤایه‌تی تیا به‌رجه‌سته‌کراوه . کۆنترۆڵ کردنی ئاره‌زووه‌کان له لایه‌ن عه‌قڵه‌وه ، چه‌وساندنه‌وه بۆ مرۆڤه‌کان به‌رهه‌م دێنێت وخزمه‌ت کردنی عه‌قڵیش به ئاره‌زووه‌کان ، ڕزگاربوون فه‌راهه‌م ده‌کات .
عه‌قڵ له بنه‌ڕه‌تدا نه‌ك هه‌ر به‌رهه‌می خه‌یاڵه ، به‌ڵكوو خوودی خه‌یاڵ خۆیه‌تی له حاڵه‌تی سنووربهندیدا . خه‌یاڵ بۆ خۆی سنوور نه‌ناسه و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤیش هه‌ر هه‌موویان سنوور نه‌ناسن . خه‌یاڵ له مرۆڤدا ته‌نها بۆ ئه‌وه دروست بووه که خزمه‌تی ئاره‌زووه‌کان بکات . واته خه‌یاڵ کاروباری ئاره‌زووه‌کان ڕاده‌په‌ڕێنێ . خه‌یاڵ له سه‌رێکه‌وه هۆش ده‌ڕژێنێته ئاره‌زووه‌کانه‌وه و له سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه یارمه‌تی کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کان ده‌دات . په‌یوه‌ندییه‌کانی خه‌یاڵ له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌کاندا میکانیکی نین ، ئۆرگانیکیین .هیچ ئاره‌زوویه‌ک ناتوانێت به‌بێ خه‌یاڵ بوونی هه‌بێت . خه‌یاڵ بۆخۆیشی به‌رهه‌می پێداویستییه‌کانی ئاره‌زووه‌کانه . ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ هێجگار زۆرن ، هه‌ر له سێکس و خۆشه‌ویستی و ڕابواردنه‌وه بیگره ، تا ده‌گاته خواردن و خواردنه‌وه و خه‌و و زانین و ده‌سه‌ڵاتخوازی و خاوه‌ندارێتی و ……هه‌تا دوایی .
ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی کرده‌یی بکرێنه‌وه ، ده‌بێت له حاڵه‌تی سنوور نه‌ناسینه‌وه بڕۆنه حاڵه‌تی سنووربهندییهوه . ئه‌وه‌ی که ئاره‌زووه‌کان ده‌باته حاڵه‌تی سنووربهندییهوه ، جگه له توانای سروشتیی ئاره‌زووه‌کان بۆ سنووربه‌ندی ، خه‌یاڵ و توانای سنووربه‌ندی خه‌یاڵه . وه‌ك چۆن ئاره‌زووه‌کان توانای سنووربه‌ندییان هه‌یه ، خه‌یاڵیش ئاوا توانای سنووربه‌ندی هه‌یه . ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه ، ئه‌و کاته‌ی که خه‌یاڵ ده‌چێته دۆخی سنووربهندییهوه ، ئیتر له خه‌یاڵیی ده‌که‌وێت و ده‌بێت به عه‌قڵ . یان وه‌کو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا عه‌قڵیش هه‌ر خه‌یاڵه ، به‌ڵام له حاڵه‌تی سنووربهندیدا .
ئاره‌زووه‌کان هه‌ر ته‌نیا له پرۆسه‌ی کرده‌یی بوونه‌وه‌دا ، سنووربه‌ندی به خۆیانه‌وه نابینن ،، به‌ڵکو له دۆخی تیۆریشدا که عه‌قڵ گوزارشتی لێده‌کات ، سنووربه‌ندی به خۆیانه‌وه ده‌بینن . نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده ، به‌ڵکو تا له ڕووی تیۆرییه‌وه سنووربهندییهکهی خۆیان دیاری نه‌که‌ن ، ناچنه پرۆسه‌ی کرده‌یی بوونه‌وه . من لێره‌دا ناچمه ناو تیۆری و پڕاکتیك و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیانه‌وه ، به‌ڵام هه‌میشه تیۆری بناغه‌یه بۆ پڕاکتیك . تیۆری بۆخۆی به‌رهه‌می چالاکییه‌کانی عه‌قڵ و خه‌یاڵه . واته تیۆری به‌رهه‌می خه‌یاڵه له هه‌ردوو دۆخه‌که‌یدا که سنووربه‌ندی و سنوورنهناسینه . تیۆری هه‌رچه‌نده که به‌رهه‌می عه‌قڵ و خه‌یاڵه ، به‌ڵام عه‌قڵ و خه‌یاڵیش که هه‌ردوو حاڵه‌تی سنووربه‌ندی و سنوورنهناسینی خه‌یاڵن ، به‌رهه‌می ئارهزووهکانن . واته تیۆری له دوایین لێکدانه‌وه‌دا له ئاره‌زووه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . کرده‌یی بوونه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ، دوایین حاڵه‌تی جووڵانی ئاره‌زووه‌کان و په‌یوه‌ندی به‌ستنیان به خه‌یاڵ و عه‌قڵه‌وه و له‌وێشه‌وه نه‌خشه داڕشتنی سنووربه‌ندی و دواییش بڕیاردانی کۆتاییه له لایه‌ن هه‌موویانه‌وه ( واته له لایه‌ن عه‌قڵ و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه ).
ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ به‌رهه‌می پێداویستییه‌کانی ئاره‌زووه‌کان بێت ، ئه‌وا ئاره‌زووه‌کانیش به‌رهه‌می پێداویستییه‌کانی جه‌سته‌ن . پرسیارێکی گرنگ لێره‌دا دێته پێشه‌وه : ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان سنوور ناناسن ، ئه‌ی بۆ جه‌سته که بناغه‌ی لێوهههڵسانی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه ، سنوور ده‌ناسێت . واته بۆ جه‌سته ماوه‌یه‌کی ته‌مه‌ن به‌سه‌ر ده‌بات و ده‌مرێت . ئایا دروسته له‌سه‌ر ته‌نێکی سنووربهندهوه که جه‌سته‌یه ، کۆمه‌ڵێکی زۆر سنوورنه‌ناس که لانی که‌م خه‌یاڵ و ئارهزووهکانن له‌دایك ببن ؟ ئه‌مه له‌کاتێکدایه که هه‌میشه سنووردار له بێسنووره‌وه له‌دایكده‌بێت . به واتایه‌کی دیکه ، ده‌بوایه جه‌سته ش هه‌ڵگری خاسیه‌تی سنوورنهناسین بووایه ، ئه‌وسا سنوورنهناسینهکانی دیکه‌ی له‌خۆیدا پیشانبدایه . به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م بابه‌ته لۆژیکمهندی تێدا نییه ، که خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان سنوورنه‌ناس بن و جه‌سته‌ش سنوورناس بێت . ده‌بوایه جه‌سته‌ش هه‌ر سنوورنه‌ناس بووایه و به هه‌مان شێوه‌ی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان توانای سنووربه‌ندی هه‌بوایه . ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که له زمانه فه‌لسه‌فییه‌که ده‌ربێنم و زۆر به ساده‌یی و بێ گرێوگۆڵ بیخه‌مه ڕوو ، ده‌ڵێم ده‌بوایه له‌شی مرۆڤ توانای نه‌مریی هه‌بوایه .
من به‌پێی ئه‌م میتۆده‌ی خۆم ، گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه که سروشت نه‌مریی له له‌شی مرۆڤدا حه‌شارداوه . ئه‌وه‌ی که ناهێڵێت مرۆڤ ، لانی که‌م ، به ته‌مه‌نێکی زۆر درێژتر بگات له ته‌مه‌نی ئێستای ، دوو گرفتی گه‌وره‌ن . یه‌کێکیان بوونی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه و ئه‌وی دیکه‌شیان دواکه‌وتنی زانستییانه‌ی مرۆڤه له هه‌موو بوواره‌کاندا . که ده‌ڵێم دواکه‌وتنی زانستییانه‌ی مرۆڤ له هه‌موو بوواره‌کاندا ، مه‌به‌ستم له بوواره زانستییه‌کانی کیمیا و فیزیا و ماتماتیك و …..هتدهکانیشه .
من ته‌نیا نموونه‌ی D.N.A دێنمه‌وه ، که له هه‌موو خانه‌یه‌کی له‌شی مرۆڤدا 185 سانتیمه‌تر درێژه وهێنده‌ش خۆی ههڵکردووهتهوه به ده‌وری خۆیدا که چه‌ندین تریلێۆن له ئینچێکدا ” گرێیه‌کدا ” جێگای ده‌بێته‌وه . هه‌ر جینه‌کانی سه‌ر D.N.A که ده‌وروبه‌ری سه‌د هه‌زار جینن له هه‌ر خانه‌یه‌کدا ، 3 ملیارد کۆدیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه . هه‌ر ئه‌و جینانه هۆکاری دروست بوونی نزیکه‌ی بیست هه‌زار و پێنجسه‌د جۆر پڕۆتینن له ناو خانه‌کانی له‌شدا . هه‌تا ئێستا نه D.N.A ، ئه‌وه‌نده‌ی پێویست بێت ، کراوه‌ته‌وه و خوێندراوه‌ته‌وه ، نه کاروباری جینه‌کان به ته‌واوی زانراوه و نه ئه‌و کۆدانه‌ش له ئاستێکی شیاودا کراونه‌ته‌وه . ئه‌مانه و ئه‌ڵبه‌ته هه‌رچی شتیش هه‌یه له له‌شی مرۆڤدا له ئه‌مینۆ ئهسیدهکانهوه که مۆڵۆکیولیان لێ‌دروست ده‌کرێت تا کۆئه‌ندامه‌کان ، هه‌ر هه‌مووی لای D.N.A وه‌کو زانیارییه‌کی هه‌ڵه هه‌ڵنه‌گر ، بوونی هه‌یه . پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه ، که‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌ستی به هه‌موو ئه‌و زانیارییانه ڕاده‌گات که له‌ناو D.N.A دایه ؟ کێ ده‌ڵێت له‌ناو خودی D.N.A دا نه‌مریی مرۆڤ هه‌ڵنه‌گیراوه . هه‌تا ئێستا زانیارییه‌کان ده‌رباره‌ی له‌شی مرۆڤ و به تایبه‌تی خانه و به تایبه‌تیتریش جینه‌کان و D.N.A له سه‌ره‌تادایه . که‌واته نه‌مریی مرۆڤ که من به خاسیه‌تی سنوور نه‌ناسینی له‌ش پێناسه‌ی ده‌که‌م ، ده‌کرێت و ده‌بێت له‌ناو له‌شی مرۆڤ خۆیدا بوونی هه‌بێت .
نامه‌وێت له باسه‌که‌مان که ئازادییه و له‌وێشه‌وه قه‌بوڵ کردنی یه‌کترییه داببڕێم و ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری . له پێشه‌وه باسم له‌وه کرد که مه‌سه‌له‌ی ئازادی به ته‌واوه‌تی به‌ستراوه‌ته‌وه به خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه . ووتیشم که عه‌قڵ هه‌ر خودی خه‌یاڵه له حاڵه‌تی سنووربهندیدا . که‌واته ده‌توانین بڵێین مه‌سه‌له‌ی ئازادی به‌ستراوه‌ته‌وه به عه‌قڵ و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه . ( بۆ ئاسان کردنه‌وه‌ی باسه‌که هه‌ردوو وشه‌ی عه‌قڵ و خه‌یاڵ به‌کار ده‌هێنم ، به‌ڵام هه‌میشه مه‌به‌ستم له عه‌قڵ حاڵه‌تی سنووربه‌ندی خه‌یاڵه و مه‌به‌ستیشم له خه‌یاڵ حاڵه‌تی سنوور نه‌ناسینی خه‌یاڵ خۆیه‌تی ) .
ئازادی لای منه‌وه به‌رهه‌می خزمه‌ت کردنی عه‌قڵ و خه‌یاڵه به ئاره‌زووه‌کان . واته به‌و ڕاده‌یه‌ی عه‌قڵ و خه‌یاڵ خزمه‌تی ئاره‌زووه‌کان ده‌که‌ن ، مرۆڤ ئازاده ،، وه به‌و ڕاده‌یه‌ش که عه‌قڵ و خه‌یاڵ کۆنترۆڵی ئاره‌زووه‌کان ده‌که‌ن مرۆڤ ئازاد نییه . خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان سنوورنهناسن و ئازادیش به‌رهه‌می ئه‌وانه ، که‌واته ئازادیش بۆخۆی سنوورنهناسه . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ، توانای سنووربه‌ندییان هه‌یه ، که‌واته ئازادیش توانای سنووربه‌ندی له سروشتیایهتی . سنووربه‌ندییه‌کان بۆ ئازادی و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ، بێکۆتایین . به ده‌ربڕینێکی تر ، هه‌موو سنوورنهناسینێك له ژماره‌ی بێ‌کۆتایی سنووربه‌ندی پێکهاتووه . مرۆڤ ناتوانێت بێ سنووربه‌ندی یان بێ سنوورنهناسین بژی .
گرفتی ئێمه له ئازادی‌دا ، گرفتی سنووربه‌ندی یان سنوورنهناسین نییه . گرفتی ئێمه له بنچینه‌دا گرفتی تاڵان کردنی ئازادییه . واته ڕۆژانه به به‌رچاوی خۆمانه‌وه تاڵانبهران ، ئازادییه‌کانمان تاڵان ده‌که‌ن . کێ ئازادییه‌کانی ئێمه تاڵان ده‌کات ؟ من له یه‌ک وه‌ڵامی زۆر کورت‌دا ده‌ڵێم : به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت . ئه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت کێیه ؟ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که به هه‌ر بڕێك بێت و له هه‌ر ڕوویه‌که‌وه بێت ، تاڵانی ده‌که‌ن . ئه‌ی چۆن به‌ر به‌م تاڵانییه ده‌گیرێت ؟ به ڕای من به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای ڕاسته‌وانه ده‌بێت . ئه‌ی ئه‌م دوو کۆمه‌ڵگایه کامانه‌ن ؟ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، کۆمه‌ڵگایه‌که له‌سه‌ر یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بنیات نراوه و کۆمه‌ڵگای ڕاستهوانهش کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌بێت که له‌سه‌ر سیستمی تاکایه‌تییه‌وه بنیات ده‌نرێت .
کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یه که تاکو ئێستا مرۆڤایه‌تی به خۆیه‌وه بینیویه‌تی . واته له هه‌موو ژیانی مرۆڤایه‌تیدا بۆ ته‌نیا جارێك و ته‌نانه‌ت بۆ ته‌نیا ساتێکیش کۆمه‌ڵگای ڕاسته‌وانه دانه‌مه‌زراوه . ئه‌ڵبه‌ته کۆمه‌ڵگای سۆشیالیستی ” مارکس “یش هه‌ر کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له‌سه‌ر بنه‌مای خێزانه‌وه که یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه دامه‌زراوه . وه تا خێزان مابێت کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ده‌مێنێت و تا کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌ش بمێنێت ، خێزان ده‌مێنێت . تا ئێستا شۆڕش به دژی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه نه‌کراوه . هه‌موو ئه‌و شۆڕشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویانداوه ، به شۆڕشی سپارتاکۆس و شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسا و کۆمۆنه‌ی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ریشه‌وه ، شۆڕشی ڕیفۆرمیستی ” واته شۆڕشی چاکسازی ” بوون ، نه‌ك شۆڕشی گۆڕانه بنه‌ڕه‌تییه‌کان . شۆڕشی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و شۆڕشه یه که مرۆڤایه‌تی له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالاری ڕزگار بکات .
کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، کۆمه‌ڵگای یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و دهستڕاهێشتنی عه‌قڵه به‌سه‌ر ئاره‌زووه‌کاندا . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، کۆمه‌ڵگای تاڵان کردنی یه‌کترییه . جیاوازی کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆی جیهان ، جیاوازی شێوازی تاڵان کردنه . چاکسازییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا پێویستن ، به‌ڵام بۆ هاوئاهه‌نگ کردنی ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و ڕێکی به‌خشینه به شێوازی تاڵانی بردنهکانیان . هیچ هێزێکی سیاسی نییه له دونیادا که ئه‌ندامی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت نه‌بێت . به واتایه‌کی تر هیچ هێزێکی سیاسی نییه له دونیادا که تاڵانچی نه‌بێت .
تاڵانی هه‌موو شتێك له کۆمه‌ڵگادا ده‌کرێت . هه‌ر له تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵات و ئامڕازه ئابوورییه‌کانه‌وه تا ده‌گاته تاڵان کردنی ڕۆشنبیری و خاسیه‌ته که‌سایه‌تییه‌کانی مرۆڤه‌کان . ته‌نانه‌ت تاڵان کردنی ئه‌خلاقیش دیارده‌یه‌کی زه‌ق و جیهانییه . تاڵان کردن ، هه‌م سیستمه و هه‌م جه‌وهه‌ری کۆمه‌ڵگایه . ئه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره نییه که له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی جیهان و له هه‌موو کون و قوژبنێکیشیاندا تاڵانی سیستیماتیك و به‌ربڵاوه ، به‌ڵکو ئه‌وه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه که بڵێن له کۆمه‌ڵگایه‌کدا یان له شوێنێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ، تاڵانی نییه . دروشمی هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی جیهان ، له کۆنه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ، ئه‌وه بووه که یان تاڵان بکه یان ڕێگه بده تاڵان بکرێیت. ئه‌م دروشمه ، دروشمێکی هه‌ره گرنگی ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه . کۆمه‌ڵگایه‌ك که له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنه‌وه دامه‌زرابێت ، چۆن ئازادی تیایدا به‌رقه‌رار ده‌بێت ؟ ئازادی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا هه‌ڵپێکراوه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت . واته به‌و بڕه‌ی ئه ندامی ئه‌و به‌ره‌یه بیت ، وه‌یان خزمه‌تی تایبه‌تی پێبکه‌یت ، به‌و بڕه ئازادی وه‌رده‌گریت . هه‌رچه‌نده به ڕه‌هایی ، تاڵانیی ئازادی هیچ که‌س ناکرێت وهیچ که‌سێکێش به ڕه‌هایی خاوه‌نی ئازادی نییه ، به‌ڵام پرۆسه‌ی تاڵان کردنی ئازادی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا بێکۆتاییه .
ئێمه ئازادی یه‌کتری به فه‌رمی ناناسین ، چونکه کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ڕێگه‌یه‌مان پێنادات . ئێمه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی تاڵان کردنی ئازادی یه‌کتریدا و له پێناوی ئه‌و تاڵان کردنه‌دا دان به ئازادی یه‌کتریدا ده‌نێین . ئێمه له ڕوانگه‌ی خۆویستنه‌کانی خۆمانه‌وه ئازادییه‌کانی به‌رانبه‌ره‌کانمان دیاری ده‌که‌ین . ئازادی هه‌ر که‌سێك له‌گه‌ڵ خۆویستنه‌کانی خۆماندا نه‌یه‌ته‌وه ، ئه‌و ئازادییه گرنگییه‌کی شیاو لای ئێمه‌وه په‌یدا ناکات . ئه‌م قسانه‌ی من به‌و واتایه نییه که هه‌ستی مرۆییمان نییه ، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا هه‌سته مرۆییه‌کانیشمان تاڵان ده‌کرێت . ئازادی مرۆڤ که له جه‌وهه‌ردا ئازادی پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کانه ، له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ته‌نیا ئه‌وه‌نده ڕه‌وایه‌تی هه‌یه و ڕێگای پێده‌درێت ، که له بازنه‌ی خزمه‌ت کردن به به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ده‌رنه‌چێت . سه‌رکوت کردنی ئاره‌زووه‌کان له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا سیستمه . واته مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا ، که‌م و زۆر ، له به‌رانبه‌ر یه‌کتریدا سه‌رکوتی ئاره‌زووه‌کانی یه‌کتری ده‌که‌ن .
عه‌قڵسالاری له کۆمه‌ڵگادا له سه‌رکوتی ئاره‌زووه‌کانه‌وه په‌یدا ده‌بێت . سه‌رکوت کردنی ئاره‌زووه‌کان ، له‌خزمه‌ت کردن به به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی کۆمه‌ڵگایه له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆی جیهاندا ، به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته . به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت له‌سه‌ر بناغه‌ی تاڵان کردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانییه‌وه دێته ده‌ره‌وه . به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت هه‌ر به ته‌نیا چینی چه‌وسێنه‌ر نییه ، به‌ڵکو چینی چه‌وسێنه‌ر ته‌نها به‌شێکیه‌تی . هه‌موو هێزه ئازادیخواز و یهکسانیخوازهکانیش ، کۆمه‌ڵێك به‌شی دیکه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تن . هه‌موو حزبه ڕادیکال و کۆمۆنیسته‌کانیش ، ده‌بن به چه‌ند به‌شێکی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت . له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ناکرێت گرووپێك ، حزبێك ، هێزێك ، ده‌وڵه‌تێك هه‌بێت و ئه‌ندام نه‌بێت له به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا . ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی ، نه‌ك به چه‌ند دێڕێك ، به سمینارێکیش ته‌واو نابێت ،، بۆیه من لێره‌دا له باسکردنی زیاتری خۆم ده‌بوێرم .
من پێشتر باسی ئه‌وه‌م کرد که ناتوانین ئازادی یه‌کتری به فه‌رمی بناسین ، چونکه به فه‌رمی ناسینی ئازادی یه‌کتری ، به فه‌رمی ناسینی پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کانی یه‌کترییه . ئێمه نه‌ك هه‌ر ئاره‌زووه‌کانی یه‌کتری به فه‌رمی ناناسین ، به‌ڵکو سیخوڕیشین له زۆر شت‌دا به‌سه‌ر یه‌کترییه‌وه . کێ هه‌یه له بواری ئه‌خلاقدا سیخوڕ نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌وانی تره‌وه ؟ کێ هه‌یه حه‌زی به زانینی خه‌وشه‌کانی ئه‌وانی دیکه نه‌بێت ؟ ئه‌رستۆ که ده‌ڵێت مرۆڤه‌کان هه‌ر به سروشت حه‌زیان به زانینه ، له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، سیخوڕی ده‌بێت به به‌شێك له‌و زانینه . سیخوڕی کردن به‌سه‌ر یه‌کترییه‌وه ، پاشکۆی هه‌لومه‌رجی تاڵان کردنه . تا تاڵان کردن مابێت ، ئه‌م سیخوڕییه ده‌مێنێت . بوونی خێزان و ئه‌خلاق و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و کو‌لتوور و ئایین ، له‌و فاکته‌ر و پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه‌ن که سیخوڕی له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا ده‌که‌ن به دیارده‌یه‌کی باو .
ئه‌م دیارده دزێو و ناشرینانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا ، له نه‌بوونی ئازادی تاکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن . له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه هه‌تا ئێستا ، ئازادی تاك کراوه به قوربانی بۆ گشتایه‌تی . فه‌یله‌سووفه‌کان ، هه‌رله هیراکلیتۆس و ئهمپادۆکڵیس و ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆوه تا ده‌گات به هۆبز و کانت و هیگڵ و مارکس و هایدگه‌ر و سارته‌ر،تاکایه‌تییان له خزمه‌تی گشتایهتیدا به فه‌رمی ناسیوه . فه‌یله‌سوفه‌کان با جیاوازییه‌کی به‌رچاویشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا سه‌باره‌ت به ئازادی تاك هه‌بێت ، گرنگ جۆری تێڕوانینیانه که له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه تێناپه‌ڕێت . کام فهیلهسوفهیان زۆر به‌رگری له ئازادی تاك ده‌کات ، ناتوانێت خۆی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ده‌رباز بکات . گرفته‌که‌یان گرفتی مرۆڤدۆستی و خه‌بات و بیرکردنه‌وه و ڕۆشنبیری چڕ‌وپڕیان نییه ، به‌ڵکو گرفتی وهستانهوهیانه له به‌رانبه‌ر سه‌رله‌به‌ری دیارده‌کانی کۆمه‌ڵگا و خودی کۆمه‌ڵگا خۆیشی . په‌ی نهبردنیانه به‌وه‌ی که ئازادی تاك له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا هه‌رگیز به‌رقه‌رار نابێت . فه‌یله‌سوفه‌کان نه‌یانتوانیوه و هه‌نووکه‌ش ناتوانن ئه‌م هاوکێشه‌یه ڕاست بکه‌نه‌وه . واته ناتوانن هاوکێشه‌ی تاك له پێناوی گشت‌دا بگۆڕن بۆ گشت له پێناوی تاکدا . ته‌نیا که‌سێکیان که له ڕسته‌یه‌کدا گوزارشتی له گۆڕینی ئه‌و هاوکێشه‌یه کردووه نیتشه‌یه . نیتشه هه‌رچه‌نده به ئاشکرا ناڵێت گشت ئه‌بێت له خزمه‌تی تاکدا بێت ، به‌ڵام له سیستمی نوێنه‌رایه‌تی ده‌دات . لێدان له سیستمی نوێنه‌رایه‌تی ، لێدانه له بیرۆکه‌ی تاك ده‌بێت له خزمه‌تی گشت‌دا بێت . نیتشه له‌سه‌ر زوانی زه‌رده‌شته‌وه به موریده‌کانی ده‌ڵێت : هه‌تا ئێوه شوێنم بکه‌ون من ناگه‌ڕێمه‌وه لاتان . واته ئه‌و کاته ده‌گه‌ڕێمه‌وه لاتان که شوێنم ناکه‌ون . نیتشه له‌م ووته‌یه‌یدا ، بیرۆکه‌ی شوانێتی له په‌یوه‌ندییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ڕه‌تده‌کاته‌وه .
ئه‌م دروشمه‌ی که ده‌ڵێت تاك ده‌بێت له پێناوی گشت‌دا بێت ، دروشمێکی سه‌رله‌به‌ر کۆنه‌په‌رستانه‌یه . سه‌رله‌به‌ر نامرۆییانه‌یه . سه‌رله‌به‌ر درۆیینانهیه . دروشمه‌که هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌یه ، چونکه دیوه‌که‌ی تریمان پیشان نادات . دیوه‌که‌ی تری ئه‌م دروشمه ، خزمه‌ت کردنه به تاکه تایبه‌ته‌کان . هه‌موو کاتێك گشت نوێنه‌ری هه‌یه ، جا ئه‌و نوێنه‌ره هه‌ر له حکومه‌ت و حزب و ڕێکخراوه‌کانه‌وه ، تا بۆرژوا و ئاغا و سه‌رۆك خێڵ و بنه‌ماڵه و ……هتد ، ده‌ست پێده‌کات و ده‌ڕوات و وه‌کو تۆڕێك گشت کۆمه‌ڵگات بۆ ده‌گرێته‌وه . ئه‌م تۆڕه‌ی که نوێنه‌رایه‌تی فڕێی ده‌داته ناو کۆمه‌ڵگاوه ، سیستمی یهکانگیریهتی و کار کردنی تاکه تایبه‌ته‌کانه . ئه‌م تاکه تایبه‌تانه که چه‌وسێنه‌رانن ، بێ بوونی تاکه هه‌موانییه‌کان که چه‌وساوه‌کانن ، بوونیان نییه . ئه‌م تاکه تایبه‌تانه ، هه‌میشه ، له هه‌ر شوێنێکدا بن نوێنه‌رن . ئه‌مانه هه‌میشه نوێنه‌ری گشتن له کۆمه‌ڵگادا . هه‌موو تاکێك که ده‌بێت خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بکات ، له ڕاستیدا واتای خزمه‌ت کردن به‌م تاکه تایبه‌تانه ده‌گه‌یه‌نێت . ئه‌م تاکه تایبه‌تانه‌ن که نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتیین . ئه‌گه‌ر دروشمه‌که هه‌ڵبگێڕینه‌وه و بڵێین ده‌بێت گشت له خزمه‌تی تاکدا بێت ، ئه‌وه به‌و مانایه دێت که بوونی تاکی تایبه‌ت کۆتا ده‌که‌ین . ئێمه ده‌بێت بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که بۆچی هه‌موو هێزه سیاسی و ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دونیا ، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکن وهاوڕان ، که ده‌بێت تاك له خزمه‌تی گشت‌دا بێت ؟ بۆجی ده‌بێت له‌م ڕووه‌وه بزووتنه‌وه ئایینی و ناسیۆنالیستی و لیبراڵی و کۆمۆنیستییه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا گرفتێکیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا نه‌بێت ؟ بۆچی ده‌بێت هه‌موویان پێکه‌وه وه‌کو برا ڕێبکهوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تاك ده‌بێت له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه که خۆیان نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتیین . هه‌ر هه‌موو بزووتنه‌وه‌کان تاڵانچین . هه‌ر هه‌موویان له پشتی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه خۆیان شاردووه‌ته‌وه . شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا ، شه‌ڕی نوێنه‌رایه‌تی کردنه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی . بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌کان له کۆمه‌ڵگادا بووه‌ستێنرێن ، ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی کردنه‌کان بووه‌ستێنرێن . ده‌بێت ڕۆشن بکرێته‌وه که به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌فسانه‌یه . ده‌بێت دروشمی تاك له پێناوی گشت‌دا بگۆڕدرێت بۆ دروشمی گشت له پێناوی تاکدا .
له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که عه‌قڵسالاری سیستم بێت ، که ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیستم بێت ، که نوێنه‌رایه‌تی سیستم بێت ، چۆن ده‌کرێت مرۆڤه‌کانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ئازادی یه‌کتری به فه‌رمی بناسن . که ئازادی یه‌کتریش به فه‌رمی نه‌ناسن ، چۆن ده‌توانن یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ن . من نامه‌وێت نه خۆم و نه ئێوه‌ش ڕه‌شبین بکه‌م ، به‌ڵام گه‌شبینی له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا به په‌یوه‌ست به به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه هه‌یه . چاکسازییه‌کان له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا که جێگای خۆشبینییه بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ، بۆ من جێگای گه‌شبینی و ڕهشبینییشه . چاکسازییه‌کان جێگای گه‌شبینیین ، چونکه بارودۆخه‌که ئه‌گه‌ر نائاسایی بێت ، ئاسایی ده‌کاته‌وه و ئه‌گه‌ر “ئاسایی “ش بێت ئه‌وا به‌ره و پێشه‌وه‌ی ده‌بات . به‌ڵام هه‌ر ئه‌و چاکسازییانه بۆ من جێگای ڕهشبینییشه ، چونکه له دووتوێی ئه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌هێزتر ده‌بێت .
پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه ، ئایا ڕێگاچاره‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئاسان نییه ، به‌ڵام وه‌ڵامیش هه‌یه بۆی .
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که بدۆزینه‌وه با تۆزێك ووردتر بچینه ناو باسه‌که‌وه . ئێمه تێڕوانینه‌کانمان بۆ که‌سه‌کان و ده‌وروبه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمانه‌وه هه‌ڵده‌ستن . بهرژهوهندییهکانیشمان به ده‌وری خۆویستنهکانماندا ته‌وه‌ره‌یان به‌ستووه . ئێمه ڕۆژانه خۆویستنهکانیشمان له لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه تاڵان ده‌کرێت . وامان لێهاتووه خۆشمان هه‌ندێکجار به‌و تاڵان کردنانه ڕازین . ڕازین ، چونکه له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌سه‌ڵات ئابڵۆقه‌ی داوین . ده‌سه‌ڵات بڕستی لێبڕیوین . ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به خۆی و داموده‌زگا و یاساکانیه‌وه ، ده‌سه‌ڵاتی حزب و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته ئابوورییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته ڕۆشنبیرییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته کولتوورییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته ئاینییه‌کان ، ده‌سه‌ڵاته ئه‌خلاقییه‌کان ، ئه‌مانه و چه‌نده‌ها ده‌سه‌ڵاتی تریش ، ڕۆژانه ئابڵۆقه‌مان ده‌ده‌ن و تاڵانمان ده‌که‌ن و سه‌رکوتمان ده‌که‌ن . ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه هه‌موویان به دژی ئازادییه‌کانمان کارامه‌ن . هیچ شوێنێکی کۆمه‌ڵگا نه‌ماوه که ئێمه و ئازادییه‌کانمان بتوانین لێیبین و له ژێر چه‌پۆکی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بین . ئێمه ، ئازادییه‌کانمان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه دیاریکراوه . ته‌نیا ئه‌وه‌نده ئازادیمان هه‌یه که بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات پێویسته . ئێمه له بارودۆخێکی ئاوادا ناتوانین ئازادییه‌کانی یه‌کتری به فه‌رمی بناسین . ئاخر زۆربه‌ی ئازادییه‌کانمان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه به به‌رده‌وامی تاڵان کراوه و تاڵان ده‌کرێت . ئه‌وه‌ش که ماوه‌ته‌وه به پێی یاسامه‌ندی کۆمه‌ڵگا له پرۆسه‌ی تاڵان کردنی یه‌کتریدا مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌که‌ین .
ئێمه هه‌موومان تاڵان کراوین ، به‌ڵام کۆمه‌ڵگا به‌مه‌ش لێمان ڕازی نابێت . له هه‌لومه‌رجێکدا دایناوین که ده‌بێت ئازادییه‌کانی یه‌کتری تاڵان بکه‌ین . له پرۆسه‌ی تاڵان کردنی ئازادی یه‌کتریدا ، ئێمه داوای به فه‌رمی ناسینی ئازادی یه‌کتری ده‌که‌ین . له پرۆسه‌ی قه‌بوڵ نه‌کردنی یه‌کتریدا ، ئێمه داوای قه‌بوڵ کردنی یه‌کتری ده‌که‌ین . به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه و له‌م ڕه‌وشه ناهه‌مواره‌شدا و به‌و پێودانگ ” ستاندارد ” انه‌ش که بۆیان داناوین ، ئێمه ههردهتوانین به بڕی جۆراوجۆر ، ئازادی یه‌کتری ڕێز لێبگرین و یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین . له‌به‌ر ئه‌وه نا که واز له تاڵان کردنی یه‌کتری و داگیر کردنی یه‌کتری دێنین ، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له لایه‌که‌وه هه‌موومان لاوازین و له لایه‌کی تریشه‌وه به پێی هه‌لومه‌رجه‌کانی چوونه پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ده‌رگایه‌ك له‌م باره‌یه‌وه به ڕووماندا ئاوه‌ڵایه . جگه له‌م دوو فاکته‌ره ، فاکته‌ری بردنه پێشه‌وه‌ی خۆویستنه‌کانی خۆمان و فاکته‌ری جیهانبینیمان بۆ ڕووداوه‌کان و ده وروبه‌ر و پرسه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، به‌شدارن له‌م پرۆسه و مه‌یدانی یه‌کتر قه‌بوڵ کردنه‌دا . ئێمه ده‌توانین به پێی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی باسم کرد پرۆسه‌ی یه‌کتر قه‌بوڵ کردن بخه‌ینه گه‌ڕ ، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له بیر بچێت ، که له‌م یکتری قه‌بوڵ کردن و ته‌وه‌ره بهستنهماندا به ده‌وری یه‌کتریدا ، دابه‌ش ده‌بینه‌وه له ناو یه‌کتریدا بۆ تاکه تایبه‌ته‌کان و تاکه هه‌موانییه‌کان . ئه‌مه‌یان له ده‌سه‌ڵاتی که‌سدا نییه ، چونکه یاسامهندییهکی کۆگه‌رایانه “واته گرووپگه‌رایانه ” یه له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا هیچ جۆره ده‌سته و تاقم و کۆڕوکۆمهڵێك نییه که دابمه‌زرێت و دابه‌ش نه‌بێت به‌سه‌ر دوو جۆر له مرۆڤدا ” واته تاکی تایبه‌ت و تاکی هه‌موانی ” .
ئێمه له کاتێکدا یه‌کتری قه‌بوڵ ده‌که‌ین که پێویستیمان به‌و یه‌کتری قه‌بوڵ کردنه هه‌بێت . به‌ڵام ئه‌م یه‌کتری قه‌بوڵ کردنه هه‌رگیز له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی یه‌کسانی نایه‌ته ئاراوه . یه‌کتری قه‌بوڵ کردن بۆ ئێمه دروشمێکه و ئامانجێکه ، به‌ڵام له پشتی ئه‌و دروشم و ئامانجه‌وه ، به‌رژه‌وه‌ندییه خودییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه حزبی و سیاسی وفکری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان ڕاوه‌ستاون . ئێمه که ده‌مانه‌وێت یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین ، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی پرۆسه‌که‌وه دابه‌ش بوونه‌که‌مان به‌سه‌ر تاکه تایبه‌ت و هه‌موانییه‌کاندا ده‌ست پێده‌کات . هه‌ر ئه‌م پرۆسه‌ی یه‌کتری قه‌بوڵ کردنه ، پرۆسه‌ی یه‌کتری تاڵان کردنیشه . هه‌موو پرۆسه‌یه‌کی یه‌کگرتن له هه‌رشوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا بێت ، ئه‌م یاسای تاڵان کردنه زاڵه به‌سه‌ریدا . خودی کۆمه‌ڵگا له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر ئه‌م یه‌کتری تاڵان کردنه دامه‌زراوه . له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ڕێگای سێیه‌م له به‌رده‌می هیچ که‌سێکدا نییه . هه‌ر ئه‌م دوو ڕێگایه له به‌رده‌می هه‌موو مرۆڤێکدایه که یان ده‌بێت تاڵان بکات ، یان ده‌بێت تاڵان بکرێت . یه‌کگرتنه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا زۆروزه‌به‌نده ، به‌ڵام هه‌موو یه‌کگرتنه‌کان زۆره‌ملێیانه‌ن و هیچ یه‌کێکیان له جه‌وهه‌ردا ئاره‌زوومه‌ندانه نییه . واته ئازادی تاك له هیچ یهکگرتنێکدا ، به مانای ووشه ، پارێزراو نییه .
یه‌کێك له خاسیه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه گرووپگهراییه . هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ك به‌سه‌ر هه‌زاران گرووپی گه‌وره و بچوکدا دابه‌ش بووه و هیچ تاکێك ناتوانایت به‌بێ گرووپ بژی . حزبه سیاسییه‌کان ، ڕێکخراوه‌کان ، کۆڕوکۆمه‌ڵه‌کان ، ناوه‌نده ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فکرییه‌کان ، به‌یاننامه‌کان ، ئایینه‌کان و دامه‌زراوه ئایینیه‌کان ، هه‌رهه‌موویان گرووپگهران . ته‌نانه‌ت هاوڕێیه‌تیش به‌پێی یاساکانی گرووپگه‌رایی داده‌مه‌زرێت . کۆمه‌ڵگا که له کۆبوونه‌وه‌ی خێزانه‌کان پێکهاتووه ، ده‌توانین بڵێین له کرووپه بچوکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێکهاتووه . ئاخر خێزان یه‌که‌م گرووپی کۆمه‌ڵگا و دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵگاشه . کۆمه‌ڵگایه‌ك که له بناغه‌وه له یه‌کگرتنی ئه‌م گرووپه بچوکانه‌وه پێکهاتبێت که خێزانه ، ئیتر چۆن گرووپگه‌رایی دیارده‌یه‌کی زه‌ق و خاسیه‌تێکی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و فاکته‌رێکی ژیانی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵگا نابێت ؟
ئێمه که ده‌مانه‌وێت یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین ، له ڕاستیشدا ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا بچینه حاڵه‌تی پێکهێنانی گرووپه‌وه . گرووپگه‌رایی له کۆمه‌ڵگادا فره شێوازه و شیوازهکانیش هه‌میشه له گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندندان . ئێمه‌ش بۆخۆمان لێره ده‌مانه‌وێت شێوه‌یه‌کی تازه‌ی گرووپگه‌رایی دابێنین . نه‌ك میکانیزمه‌کانی دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی گرووپه‌کان له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه دیاریکراوه ، به‌ڵکو میکانیزمه‌کانی داهێنانی شێوازی تازه‌ش بۆ گرووپگه‌رایی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه دیاریکراوه . له کۆمه‌ڵگادا و به تایبه‌تی له مه‌یدانی گرووپگهراییدا هه‌رچییه‌ک بکرێت ده‌چێته باخه‌ڵی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه . به‌ره‌ی تاکه تایبه‌ته‌کان هه‌م خاوه‌نی کۆمه‌ڵگا و هه‌م خاوه‌نی گرووپه‌کان و هه‌م خاوه‌نی چالاکییه‌کانیان و هه‌م خاوه‌نی داهێنانهکانیشیانن . جا ئێمه که لێره‌دا قسه له‌سه‌ر پێکهێنانی بارودۆخێك ده‌که‌ین بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له مه‌یدانی یه‌کتری قه‌بوڵ کردندا ، واته قسه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆمان و جهانبینییمان ده‌که‌ین له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و خزمه‌تکردن پێیاندا .
گرووپه‌کان له کۆمه‌ڵگادا هه‌میشه له‌سه‌ر دابه‌شبوون به‌سه‌ر تاکه تایبه‌ت و هه‌موانییه‌کاندا دروست ده‌بن . هه‌ر ئه‌م دابه‌ش کردنه بۆخۆی ” واته له جه‌وهه‌ردا ” تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵات و خۆده‌رخستن و ناوبانگ و مه‌زنگه‌رایی و ڕاشکاوی و کرانه‌وه و چوونه پێشه‌وه‌ی له‌خۆگرتووه . ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر که‌سێك له هه‌ر گرووپێکدا زیاد ببێت ، له‌سه‌ر حسابی تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی دیکه‌یه . ده‌سه‌ڵاتی زۆر له گرووپدا له نه‌بوونه‌وه نایه‌ته بوون ، به‌ڵکو ئه‌دزرێت . ئه‌م دزینی ده‌سه‌ڵاته که من به تاڵان کردنی ده‌سه‌ڵات ناوزه‌دم کردووه و ده‌یکه‌م ، له کۆمه‌ڵگادا ڕه‌وایه‌تی پێدراوه . ڕه‌وایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا به هه‌موو جۆره تاڵانییهك که له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ده‌رنه‌چێت دراوه . نه‌ك هه‌ر ڕه‌وایه‌تی به تاڵان کردن دراوه ، به‌ڵکو بۆ هه‌موو جۆرێك له تاڵان کردن کۆمه‌ڵێك یاسا دانراوه . من دژی هه‌بوونی یاسا نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌م . من دژی جاکسازی نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی پته‌وبوون و تۆکمه‌تر بوونی ده‌سه‌ڵاتم له پشتی ئه‌و چاکسازییانه‌وه . من دژی یه‌کگرتن نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی ئه‌و پرۆسه‌ی تاڵانییهم که له ناو یه‌کگرتندا به‌ڕێوه ده‌چێت . من دژی سیستمی دیمۆکراسی نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکۆ دژی ئه‌و دیکتاتۆرییهتهم که له پشتییه‌وه ڕاوه‌ستاوه . من دژی ڕزگار بوونی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی ئه‌و دابه‌شبوونه جیهانییه‌ی مرۆڤایه‌تیم که کۆیله‌یه‌تی به بڕی جیاواز ، بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌کانی دونیا ، به‌رقه‌رار ده‌کات . من دژی هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازی نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی ئه‌و کۆتوبهندانهم که له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتووه . من دژی یه‌کتری قه‌بوڵ کردن نیم له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو دژی ئه‌و یه‌کتری قه‌بوڵ نه‌کردنه‌م که یه‌کتری قه‌بوڵ کردنی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت .
ئێمه بۆ یه‌کتری قه‌بوڵ ناکه‌ین ؟ چونکه که‌س نایه‌وێت تاکی هه‌موانی بێت . ئه‌ی بۆ هه‌مووشمان ده‌ڵێین با یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین ؟ چونکه هه‌موومان ده‌مانه‌وێت تاکی تایبه‌ت بین . ئه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م گرفته چییه ؟ ڕیفۆرمه . ڕیفۆرم که چاکسازییه له‌م مه‌یدانی یه‌کتری قه‌بوڵ کردنه‌دا به واتای چی دێت ؟ له‌م مه‌یدانه‌دا ڕیفۆرم به واتای به‌ش پێدان و لێسه‌ندنه‌وه و تاڵان کردنه‌وه‌ی زیاتر دێت .
به‌ش پێدان ، به‌شداری کردنی هه‌ر یه‌کێك له مه‌یدانه ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و کارگێڕی و سیاسی و فکری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ده‌گرێته‌وه . واته هه‌ر که‌سه و ده‌یه‌وێت له بووارێکدا جێگاوڕێگایه‌کی شیاو به که‌سایه‌تی خۆی هه‌بێت . به واتایه‌کی تر هه‌ر یه‌که و ده‌یه‌وێت که‌سایه‌تییه‌که‌ی له ئاستێکی به‌رچاودا و له‌م دامه‌زراوه‌یه‌دا و له بوواری کرده‌یی بوونه‌وه‌یدا به فه‌رمی بناسرێت . هه‌ر که‌سه و ده‌یه‌وێت به‌شدارییه‌کی سه‌ربه‌خۆی له بردنه پێشه‌وه‌ی کاروباره‌کانی دامه‌زراوه‌که‌دا هه‌بێت . به‌شداری کردن له واتا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا ، به‌ده‌ستهێنان و دابین کردنی پێگه‌ی تاکی تایبه‌ته . به‌شداری کردن له به‌ش پێدانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . (بهشپێدان به شێوه‌ی دیمۆکراسییانه یان به شێوه‌ی ئۆرستۆکراتییانه ؟ ئه‌مه‌شیان بۆخۆی جێگای باسێکی دیکه‌یه و من لێره‌دا ده‌رفه‌تی بهسهرکردنهوهییم نییه ) . به چ ڕاده‌یه‌ك به‌شی پێبدرێت ، به‌و ڕاده‌یه ده‌توانێت به‌شداری بکات . ئه‌گه‌ر بهشپێدان و به‌شداریکردن بوون به که‌توار ” واقع ” ، ئه‌وا قۆناغی دووه‌م و سێیه‌م که لێسه‌ندنه‌وه و تاڵان کردنی زیاتره ده‌ست پێده‌کات .
لێسه‌ندنه‌وه له ڕئفۆرمدا هه‌میشه له‌گه‌ڵ بهشپێدان و دوابه‌دوای بهشپێدان ده‌ست پێده‌کات . لێسه‌ندنه‌وه ، به زۆری ، مه‌رج نییه له هه‌مان بهشپێدانهوه ده‌ست پێ‌بکات ، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کانی دیکه و به بڕی جیاواز ده‌ست پێده‌کات . بۆ نموونه : یه‌کێك له هه‌ردوو بوواری ئه‌ده‌بی و کارگێڕیدا توانای به‌رچاوی هه‌یه بۆ کارکردن ، که‌چی له بوارێکیاندا داده‌نرێت و بواره‌که‌ی دیکه‌ی لێده‌سێنرێته‌وه . نموونه‌یه‌کی تر : یه‌کێك له بواری ڕاگه‌یاندندا توانایه‌کی باشی هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌و زه‌مینه سازییه ناکه‌ن که بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و توانایه پێویسته . لێسه‌ندنه‌وه هه‌ندێك جار ده‌چێته مه‌یدانی که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه و ئه‌و پێگانه‌ی که شیاوه بۆیان نایاندرێتێ. واته جیاوازی له پله‌ی ڕێزلێناندا له مامه‌ڵه کردنی ڕۆژانه‌دا له نێوانیاندا دێته ئاراوه . لێسه‌ندنه‌وه هه‌ندێك جارله کاری زیاتردا خۆی ده‌بینێته‌وه . واته به بیانووی بهشپێدانهوه کارێکی زیاتری له ڕێژه‌ی دیاریکراو و به شێوه‌یه‌کی منه‌ت پێبارکردنیش ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ریدا .
تاڵان کردنیش بۆخۆی که بنه‌مای لێوهههڵسانی پرۆسه‌کانه و فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تی ڕیفۆرمیشه ، بڕه‌که‌ی له‌گه‌ڵ لێسه‌ندنه‌وه و دوای لێسه‌ندنه‌وه ده‌چێته سه‌ر . تاڵان کردنه‌کانیش هه‌م جۆراوجۆرن و هه‌م شێوازی به‌کارهێنانیش له به‌رانبه‌ریاندا زۆروزهبهندن . تاڵانییه‌کان : هه‌ر له به قورس نه‌گرتنی که‌سایه‌تی وئابڵۆقهدانی ده‌ور بینین و زانیاری لێشاردنه‌وه و نه‌پاراستنی مافی قسه کردن و ئایدیا به هه‌ند وه‌رنه‌گرتن وگوێبیست نه‌بوونی به ئه‌نقه‌ست و زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌رنه‌که‌وتن و ڕێگرتن له نوێنه‌رایه‌تی کردنی ئاشکرای دامه‌زراوه‌که و به‌شداری نه‌کردن له لیژنه‌ی باڵای به‌ڕێوه‌بردن و دوورخستنه‌وه له بهرنامهکارییهکان و وه‌لاخستن له نه‌خشه داڕشتنه‌کان و….هتده‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته زه‌وت کردنی مافی بێباوه‌ڕی و دژه کولتووری و دژه ئایدۆلۆژی و دژه ئه‌خلاقی . تاڵانییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و دابه‌ش بوونه‌وه‌ی هه‌موو گرووپێك بۆ تاکه تایبه‌ت و هه‌موانییه‌کان و پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان و هه‌لومه‌رجه هه‌بووه‌کان ” مه‌وجوده‌کان ” ه‌وه داده‌مه‌زرێت و ده‌چێته پێشه‌وه .
ئێستا ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که بکه‌ینه‌وه و بڵێین : ئایا ده‌توانین یه‌کتری قه‌بوڵ بکه‌ین ؟ من بۆ خۆم ، وه‌ڵامه‌که له‌م ڕسته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا کورت ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم : مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگای پێجهوانهدا به پێی پێداویستییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و به پێی پێداویستییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و به پێی پێداویستییه‌کانی ڕێکیی به‌خشین به تاڵان کردنی یه‌کتری و به پێی چۆنیه‌تی له‌باربوونی بارودۆخه‌کانیش بۆیان ، به بڕی جۆراوجۆر ده‌چنه پرۆسه‌ی قه‌بوڵ کردنی یه‌کترییه‌وه .
——————————————————
تێبینی I : ئه‌م نووسینه‌م له ئێواره کۆڕێکدا خوێنده‌وه له ڤانکوڤه‌ر که له لایه‌ن ” ماڵی کورد ” ه‌وه ، له 30-01-2011 سازدرابوو . دوو ڕۆژیش دوای ئه‌وه ته‌له‌فزیۆنی کۆرده‌کانی ڤانکوڤه‌ر ، کۆڕه‌که و ته‌واوی خوێندنه‌وه‌که‌ی منی پیشاندا . من بۆ خۆم ، سوپاسی ئه‌ندامانی ماڵی کۆرد و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی کۆڕه‌که و کارمه‌ندانی دامه‌زراوه ته‌له‌فزیۆنییه‌که وته‌واوی به‌شداربووه‌کان ده‌که‌م .
تێبینی 2 : ئه‌و زانیارییانه‌ی که له‌سه‌ر D.N.A له نووسینه‌که‌مدا خستوومه‌ته ڕوو ، له گۆڤاری ” TIME ” ه‌وه ، ( CANADIAN EDITION / FEBUARY 17, 2003 ) وه‌رم گرتووه .