هه‌زار خۆری دره‌وشاوه
هه‌زار خۆری دره‌وشاوه، دووه‌م رۆمانی رۆمانووسی ئه‌فغانی و ئینگلیزی نووس ( خالید حوسه‌ینی) یه و له‌لایه‌ن ( ئازاد به‌رزنجی) یه‌وه وه‌رگێڕدراوه بۆ سه‌رزمانی كوردی و ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
له‌راستیدا ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كی كورت له‌سه‌ر برای وه‌رگێڕ به‌گشتی و وه‌رگێڕانی ئه‌م رۆمانه تازه‌یه بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه (ئازاد به‌رزنجی) به‌ته‌نها وه‌رگێڕێك نییه به‌هۆی شاره‌زایی زمانه‌وه كاری وه‌رگێڕان بكات، به‌ڵكو ئه‌و به بوونی ئاگاییی و ئاستێكی به‌رزی رۆشنبیرییه‌وه له‌م لقه گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب واته وه‌رگێڕان ده‌ڕوانێت، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و ئه‌و كتێبانه‌ی كاری وه‌رگێڕانیان له‌سه‌ر ده‌كات، ته‌واو ده‌گه‌ینه ئه‌و یه‌قینه‌ی كه ناوبراو تێگه‌یشتنێكی قوڵی له‌سه‌ر دنیای تێكسته‌كه‌و ئه‌و چه‌مكو ره‌هه‌نادنه هه‌یه كه بوونیادی گشتی تێكسته‌كان پێكده‌هێنن، عه‌شقی ئه‌م وه‌رگێڕه به‌توانایه‌مان بۆ گواستنه‌وه‌ی مانا‌و ده‌لالات و جوانیه شاراوه‌كانی ناو تێكسته‌كان له‌و سنووره ده‌رچووه كه ته‌نها حه‌زێكی كاتیی بێت، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ پانتاییه‌كی فراوانتر كه له‌وێدا هه‌موو مانا به‌رز و به‌ها ئیستاتیكی و ده‌لالاته فكری و ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌كان به‌رجه‌سته ده‌بێت.
ئه‌گه‌رچی كاك ئازاد پێشتر له‌زمانی فارسییه‌وه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی وه‌رده‌گێڕایه سه‌ر زمانی كوردی و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و زمانه‌وه كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ناوازه‌ی وه‌ك رۆمان و شیعر‌و بابه‌تی فكری و فه‌لسه‌فی و رۆشنبیری پێشكه‌شكردین، به‌ڵام حه‌زو تامه‌زرۆیی ئه‌و بۆ فێربوونی زمانی زیاتر وایكرد به‌قوڵی به‌زمانی ئینگلیزیشدا شۆِربێته‌وه له‌ناو فه‌زای زمانه‌وانی و كلتووری‌و رۆشنبیری ئه‌و زمانه جیهانیه‌شدا به‌دووای ئه‌و تێكست و كتێبه گه‌ورانه‌دا بگه‌ڕێت كه وه‌ڵام به‌به‌شێك له‌حه‌زو ویستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به خوێنه‌ری كورد ده‌داته‌وه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌وه رووی كتێبخانه‌ی كوردی به‌كۆمه‌ڵێك شاكاردی دیكه‌ی جیهانی سپی ده‌كات.
(هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) یه‌كێكه له‌وشاكارانه‌ی ئه‌گه‌رچی نووسه‌ره‌كه‌ی ئه‌فغانییه به‌لام به‌زمانی ئینگلیزی نووسراوه‌و دوواتر به‌هۆی گرنگی و پڕ بایه‌خی رۆمانه‌كه‌وه بۆ زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراوه، ئه‌مه نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌وكاته‌دا ئه‌و ولاته له‌سه‌ر شانۆی جیهان جێگه‌ی تێڕامانی دنیای سیاستمه‌داران بووه به‌ڵكو له‌به‌ر قوڵوی و جوانی خودی رۆمانه‌كه‌وه ئه‌و بایه‌خه مه‌زنه‌ی په‌یدا كردووه، كاك ئازادیش راسته‌وخۆ له‌زمانی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه‌وه واته له ئینگلیزییه‌وه سه‌ركه‌وتوانه وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
به‌شبه‌حاڵی خۆم كه له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا دووجار رۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه، هه‌ستمكرد ئه‌گه‌ر له‌لایه‌كه‌وه به‌هۆی جوانی و گرنگی فه‌زای ناو رۆمانه‌كه‌و به‌سه‌رهاته‌كانیه‌وه بێت ئه‌وا له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و حه‌زه زۆره‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه بۆ ئه‌و ئاسته به‌رزه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا به‌ریكه‌وتم، به‌جۆرێك كه ئه‌گه‌ر ناوی هه‌ندێك شوێن و شاری ئه‌فغانی لێده‌ربكه‌ین مرۆ واده‌زانێت راسته‌وخۆ رۆمانه‌كه به‌كوردی نووسراوه، چونكه ئاخر كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌و ئه‌فغانساندا له‌م رۆمانه‌دا له‌یه‌ك ده‌چن،هاوكات برای وه‌رگێڕیشمان توانیویه‌تی رۆحیه‌تی زمانی كوردی بكاته به‌ری رۆمانه‌كه‌داو كۆی ئه‌و رووداو ده‌سته‌واژه‌و ئاماژانه‌ی ناو تێكسته‌كه بگوازێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك زه‌ڕه له‌به‌های جوانی و ماناكانی كه‌مبكاته‌وه یان خوێنه‌ر له‌بڕگه‌یه‌كدا تووشی مه‌له‌ل و دابڕان ببێت،وه‌ك چۆن له‌هه‌ندێك رۆمانی وه‌رگێڕدراودا تووشی نیگه‌رانی و دابڕان ده‌بین به‌ده‌ست هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و خراپ گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان و كه‌شی هونه‌ری و فه‌نتازی رۆمانه‌كه‌وه.
وه‌كچۆن ئه‌م رۆمانووسه به‌توانایه له‌رۆمانی ( كۆلاره باز) دا وێنه‌ی ژیانی ولاتی ئه‌فغانستانمان له رێگه‌ی چه‌ند كاره‌كته‌رێكه‌وه نیشان ده‌دات، له‌م رۆمانه‌شدا واته (هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) به‌هه‌مان شێوه خوێنه‌ر گه‌شتێكی قوڵ و دوور‌و درێژ به‌ناو ژیانی تاكه‌كانی ئه‌فغانستاندا ده‌كات، ئه‌و وڵاته‌ی كه به‌هۆی شه‌ڕ و ناكۆكی و داگیركارییه‌وه نه‌ك بیناو شه‌قامه‌كانی به‌ڵكو رۆحی مرۆڤه‌كانیشی وێران ده‌بێت و كه‌مترین مه‌ودا بۆ ژیانێكی ئینسانیانه ناهێڵێته‌وه.
ئه‌م رۆمانه به‌مانای وشه ده‌قێكی غه‌مناكه و چه‌مكی غه‌م به‌قوڵی له‌رووخساری كاره‌كته‌ر و دیمه‌ن و رووداوكانیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، رۆمانه‌كه كراوه به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه و تێیدا دوو كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی له‌ناو رووداوه‌كاندا رۆڵ ده‌بینن، ئه‌وانیش (له‌یلا و مریه‌م) ن، ئه‌م دوو ئافره‌ته وێنه‌ی ژیانێكی پڕ له‌نه‌هامه‌تی سه‌رجه‌م ژنانی ئه‌فغانستانن له‌سایه‌ی حكومڕانی هێزه توندره‌و و تاریكبینه‌كاندا، له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌دا ژن وێنه‌یه‌كی تاریكی هه‌یه كه خاوه‌نی نه‌ك جه‌سته‌ی خۆی ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كانی خۆشی نییه، ژن كۆیه‌له‌یه و پاشكۆی پیاوه و خاوه‌نی هیچ بڕیارێك نییه، له‌به‌رامبه‌ردا وێنه‌ی ده‌سه‌لاتی پیاوسالاری له‌ناو كه‌سایه‌تی (جه‌لیل و ره‌شید) دا ده‌بینینه‌وه كه هه‌رچی ئاره‌زووی بكه‌ن وه‌ك مافێكی ره‌وای خۆیان ته‌ماشای ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ریشدا ژن جگه له‌ده‌زگایه‌ك بۆ تێركردنی حه‌زه سێكسیه‌كانی ئه‌مان و جگه له‌كارگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی منداڵ چ شتێكی تر نییه.
ئه‌م رۆمانه به‌ته‌نه‌ها خوێنه‌ر ئاشنا ناكات به‌و جه‌نگ و ماڵكاولیه‌ی كه به‌هۆی ئاكامه‌كانی داگیركاری و هه‌رماوه‌و هاتنی ده‌سه‌لاتێك و هێزێك بۆ حكومڕانی و به‌هۆیانه‌وه تێكچوونی ئیقاعی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك و وه‌ستانی مرۆڤ له‌خراپتیرن هه‌لومه‌رجی گوزه‌راندا، چونكه ئاخر ئه‌وكاتانه‌ی هێزه‌كان به‌هه‌ر شێوازێك سیستمی حكومڕانی به‌ده‌ست دێنن و ده‌چنه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ئیدی نه‌زمو نیزامی سیاسی و جۆری په‌یوه‌ندی كۆمه‌لایه‌تی و بیر‌و باوه‌ڕی خۆیان ده‌كه‌نه به‌رنامه‌و فه‌رزی ده‌كه‌ن به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی بكه‌ن، وه‌ك وتمان هه‌زار خۆری دره‌وشاوه به‌ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك ره‌هه‌ندی ژیانی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی ولاتی ئه‌فغانستان نه‌وه‌ستاوه یاخود په‌رده له‌سه‌ر یه‌ك دیمه‌نی شانۆی یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی مێژوویی ئه‌و ولاته لانادات، به‌ڵكو له‌خیلالی گێڕانه‌وه‌و به‌ركه‌وتنمان له‌گه‌ڵ زنجیره رووداوه‌كاندا مێژوویه‌كی دێرینتری ئه‌و وڵاته ده‌بینین، تێده‌گه‌ین كه سه‌رده‌مانێك رۆژه‌كانی ئه‌و وڵاته رووناكترو ئاسمانی ساماڵتر بووه، به‌وه‌ی كه له‌بڕگه‌یه‌كی مێژویدا ئه‌فغانستان ولاتێك بووه خاوه‌نی شارتانیه‌ت و خه‌سڵه‌تو تایبه‌تمه‌ندی كلتووری خۆی بووه، رۆژانێك مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌زی ئازاد بوون، له‌شاره‌كاندا سینه‌ما هه‌بووه و هونه‌رو مۆسیقا به‌شێك بووه له‌پێداویستییه رۆحیه‌كان مرۆڤ، به‌تایبه‌ت ژنان رۆڵیان له‌ژیاندا هه‌بووه‌و به‌شداریان له‌پڕۆسه‌ی سیاسی و چالاكی فه‌رهه‌نگی و بنیادنانی شارستانیه‌ت هه‌بووه‌و به‌رگرییان له‌و ده‌ستكه‌وته مۆدێرنانه كردووه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوونیان هه‌بووه.
به‌لام ئیدی كاتێك ده‌سه‌لات هه‌ر ماوه‌و ده‌كه‌وێته ده‌ست هێزێك و گروپێكه‌وه، هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ینه‌تیه‌كان له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا ده‌ستپێده‌كات ئه‌وكاته‌ی سه‌ربازه‌كانی سۆڤیه‌ت دێنه ولاتی ئه‌فغانه‌وه و وه‌همی به‌هه‌شتێك به‌ناوی سۆسیالزمه‌وه بلاو ده‌كه‌نه‌وه، بوونی ده‌بابه‌و دیمه‌نه سه‌بازیه‌كانی رووسیا له‌بازاڕو شه‌قام و شوێنه گشتیه‌كانی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا سه‌ره‌تای مه‌ترسییه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه كه ئیدی ئه‌و وڵاته به‌ه‌رو چ ئاقارێك ده‌برێت؟ به‌بێ ویست‌و ئاره‌زووی تاكه‌كانی، به‌دووای ئه‌مه‌وه شه‌ڕی ناوخۆی هێزه ئسوڵیه‌كان ده‌ستپێده‌كات، جه‌نگێكی وه‌حشیانه كه به‌هۆی بۆمبارانی به‌رده‌وامی شاره‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه ماڵ و بیناو پاركه‌كان ده‌ڕمێنێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بیروباوه‌ڕی ئه‌و هێزانه رۆحی ئینسانه‌كان به‌ته‌واوی كاول ده‌كات و ئازدی و ئاره‌زووه‌كانیان ده‌خاته ژێر سایه‌ی نه‌زمه‌كانی خۆیه‌وه.
به‌تایبه‌ت ژنان كه له‌م رۆمانه‌دا میحوه‌رێكی سه‌ره‌كی و پانتاییه‌كی فراوانی داگیر كردووه‌و له‌ڕێگه‌ی دوو كاره‌كته‌ری وه‌ك ( مریه‌م و له‌یلا) وه تێده‌گه‌ین كه له‌سایه‌ی ده‌سه‌لاتی هێزه ئیسلامیه‌كاندا چۆن سوكایه‌تی به‌ئازادی و حورمه‌تی ژنان ده‌كرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودا به‌خوێنه‌ر خۆی بده‌ین چێژ له‌م رۆمانه وه‌رگرێ و به‌دنیای ناو تێكسته‌كه‌و سایكۆلۆجیه‌تی كاره‌كته‌ره‌كان و رووداوه‌كان ئاشنا ببێ رێگه به‌خۆمان ناده‌ین قسه له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ره‌هه‌ندانه بكه‌ین كه له‌م رۆمانه‌دا هه‌ن، یاخود ناكرێت له‌تاكه دیدگایه‌كه‌وه بیروباوه‌ڕی خۆمان به‌سه‌ر خوێنه‌ردا بسه‌پێنین و كۆی چیرۆك‌و به‌سه‌رهات و كۆتاییه‌كه‌ی بخه‌ینه پێش چاو، به‌لام هێنده ده‌ڵێین كه هه‌زار خۆری دره‌وشاوه، له‌جۆری ئه‌و رۆمان و شاكاره جیهانیانه‌یه، كه خاوه‌نی خه‌سڵه‌ت و تایه‌بتمه‌ندی خۆیه‌تی، هه‌ناسه‌كانی ئه‌م رۆمانه و رووداو به‌سه‌رهاته‌كانی له‌هیچ به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی ناچێت، ته‌نانه‌ت كه ( خالید حوسینی) خاوه‌نی رۆمانێكی دیكه‌یه به‌ناوی ( كۆلاره باز)ه‌وه، كارێكی وای كردووه كه له‌چه‌ندین رووه‌و ئه‌م رۆمانه‌ی له‌وی پێشووتری جیاواز بێت، ئه‌م جیاوازییه‌ش خۆی له‌چه‌ند روویه‌كدا ده‌بینێته‌وه، كه دیارترینیان به‌كار هێنانی زمانێكی ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ وه‌سفێكی پێویستدا بۆ ئاشنا بوونی خوێنه‌ر به رووداو به‌سه‌رهاته‌كان، روویه‌كی دیكه‌ی ئه‌م جیاوازییه له‌وه‌دایه كه سایكۆلۆجیستانه لایه‌نی ده‌روونی سه‌رجه‌م كاره‌كته‌ركانی ده‌رخستووه، نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی وریایانه‌و زیره‌كانه له‌سه‌ره‌تای هه‌ر دیمه‌نێكدا زه‌مینه‌یه‌كی ره‌خساندووه‌و بۆ پێناسه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان و دوواتر به ئیقاعێكی هێمن و له‌سه‌ر خۆ خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كات بۆ ناو چیرۆكه‌كان و به‌سه‌رهاته‌كان، ئاخر خۆ راسته ماجه‌راكانی هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ی ئه‌م نووسه‌ره له‌سه‌ر ولاتی ئه‌فغانستانه‌و كێشه‌ی شه‌ڕ و داگیر كاری و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیانه‌ی تاڵیبان میحوه‌رێكی سه‌ركییه، به‌لام ئه‌و له‌هه‌ر دوو رۆمانه‌كه‌دا دوو دیوی ئه‌و مێژووه و دوو لایه‌نی ئه‌و ولاته نیشان ده‌دات، كه ده‌كرێت به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو رۆمانه‌كه وه‌ك حاڵه‌تێكی ته‌واوكه‌ری زنجیره رووداوه‌كان لێی بڕوانین.
دیاره خالید حوسه‌ینی واته نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه له‌ساڵی 1965 له‌كابول هاتۆته دنیاوه له‌وكاته‌دا كه ئه‌م منداڵ بووه كابول شارێكبووه پڕ له زانكۆ‌و سه‌نته‌ری رۆشنبیری، مرۆڤه‌كان له‌باری ره‌گه‌زییه‌وه تا ئه‌ندازیه‌كی زۆر ئازاد بوون و جیاوازی نه‌كراوه له‌نێوان ژن و پیاودا، بۆخۆشی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنبیر و ئه‌ده‌ب دۆستدا په‌یدا بووه‌و كه‌شی خێزانی و جۆری په‌ییوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكاته‌ی كابوول كاریگه‌ری له‌سه‌ر دنیابینی و خه‌ون و خولیای ه‌م هه‌بووه بۆ به‌نووسر بوون، به‌لام له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا و داووی داگیركاری سۆڤیه‌ت له‌لایه‌ن رووسیاوه، به‌خاو خێزانه‌وه نیشتمانی خۆیان جێده‌هێڵن و رووده‌كه‌ن ولاتی ئه‌مریكا، نووسه‌ر له‌وێ له‌ئه‌مریكا درێژه به‌خوێندن ئه‌دات و كۆلێژی پزیشكی ته‌واو ده‌كات و ده‌بێته پزیشك، هه‌نوكه‌ش له كالیفۆرنیا ده‌ژی.
خالید حوسینی له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا كه هاوپێچ له‌گه‌ڵ ئه‌م رۆمانه‌یدا بلاوكراوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌جیاوازی كاری پزیشكی و رۆمانننووسین ده‌ڵێت: من چێژم له‌كاری پزیشكی بینیوه‌و خۆم هه‌میشه به‌شه‌رف مه‌ند زانیوه كه نه‌خۆشه‌كان متمانه‌یان پێكردووم كه ئاگام له‌خۆیان و كه‌سه ئازیه‌كانیان بێت، به‌لام نووسینیش هه‌میشه خولیام بووه وه‌كو ( ئه‌میر ) له‌رۆمانی كۆلاره‌بازدا، من لێكچوونی زۆرم له‌نێوان ئه‌و دوو پیشه‌یه‌دا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ردووكیان یارمه‌تیت ده‌ده‌ن سه‌رنجی وردی سرووشتی مرۆڤ بده‌یت.
ئیدریس عه‌لی