Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
من له‌ ناو ته‌نیایی … ته‌نیایی له‌ ناو من*

من له‌ ناو ته‌نیایی … ته‌نیایی له‌ ناو من*

Closed
by February 15, 2011 ئەدەب

ته‌نیایی له‌ دانیشتنه‌ گه‌وره‌كاندا
له‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ دامده‌نێت
له‌ باڕه‌كاندا ڤۆدگام بۆ تێده‌كات و
زه‌یتوون به‌ ده‌ممه‌وه‌ ده‌كات
كام گۆرانییه‌م حه‌ز لێبێت
به‌ ده‌نگێكی نه‌رم بۆم ده‌چڕێت
به‌ كام سه‌یاره‌ بمه‌وێت
ده‌مگه‌نێته‌ ژووره‌كه‌م
له‌ كام سوچی ژیاندا عاشقبم
ئه‌ویش سور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و
تای عه‌شق ده‌یگرێت
****
له‌گه‌ڵ ته‌نیایی ده‌چینه‌ سینه‌ما و
كافتریاكان
گه‌ر بۆمان بڕه‌خسێت هه‌ر بۆ گاڵته‌
ده‌یكه‌ینه‌ شه‌ڕه‌ جنێو
یان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی ڕابكێشین
سه‌ر ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی یه‌كتر و
 تێر ده‌گرین.

ده‌چینه‌ پاركه‌كان و
بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ زیاتر له‌ دونیا بێزار نه‌بین
خۆمان ده‌ده‌ینه‌ پاڵ سێبه‌ری گۆرانییه‌كی (نامجۆ**)و
شێتێتی خۆمان به‌ گوڵ ده‌فرۆشین.

ده‌چینه‌ هاوینه‌هه‌واره‌كان و
سواری به‌له‌مێكی ته‌خته‌ ده‌بین و
به‌ ده‌م گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خواردنه‌وه‌
له‌ شینێتی ڕووبار ورد ده‌بینه‌وه‌.

ده‌چینه‌ چایخانه‌ و
قسان ده‌رباره‌ی شیعر ده‌كه‌ین
ته‌ماشای به‌رنامه‌ی ئاژه‌ڵان ده‌كه‌ین و
هه‌ر ده‌مه‌ی خۆمان ده‌چوێنینه‌ ئاژه‌ڵێك
جارێك ئه‌و ده‌بێته‌ كه‌نغه‌ر و
من ده‌بمه‌ كه‌نغه‌رێكیتر
جارێك ده‌بێته‌ سمۆره‌ و
من ده‌بمه‌ سمۆره‌یه‌كیتر
من و ته‌نیایی
له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌ نان ده‌خۆین
پێكه‌وه‌ ده‌چینه‌ ئاوده‌ستخانه‌
پێكه‌وه‌ ده‌ستمان ده‌شۆین
پێكه‌وه‌ كتێب ده‌خوێنینه‌وه‌
پێكه‌وه‌ ده‌نووسین
پێكه‌وه‌ پاڵده‌كه‌وین
پێكه‌وه‌ سێكس ده‌كه‌ین
پێكه‌وه‌ ده‌خه‌وین
پێكه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینین
له‌ خه‌ونماندا دوور ڕۆیشتووین
دوور له‌ خه‌ونماندا خه‌ون ده‌بینین.
****
له‌ هه‌ر شوێنێكبم، شوێنك بۆ ته‌نیایی چۆڵ ده‌كه‌م
له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بێت ته‌نیایی
جێگه‌یه‌كم بۆ ده‌گرێت و
هاوارم لێده‌كات
وه‌ره‌ براده‌ر وه‌ره‌
گونجاوترین شوێنم دیوه‌ته‌وه‌ بۆ شیعر
وه‌هایه‌ هۆگربوونی من و ئه‌و
ئه‌و واته‌ ته‌نیایی.
*****
من و ته‌نیایی
چه‌ندین فۆتۆمان پێكه‌وه‌ گرتووه‌
جارێك ده‌ستمان له‌ ملی یه‌كتره‌ و
جارێك ده‌ستمان له‌ كه‌مه‌ری یه‌كتر و
چارێك هه‌ردوو له‌ ناو یه‌كتر.
****
من له‌ ته‌نیایی بێزارنابم
ته‌نیایی له‌ من بێزار نابێت
من له‌گه‌ڵ ته‌نیایی
ته‌نیایی له‌گه‌ڵ من
له‌ ناو یه‌كتر هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین
له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌مرین
من و ته‌نیایی.

داستان به‌رزان
*له‌ ژماره‌(50)ی گۆڤاری گه‌لاوێژی (نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه‌.
**گۆرانبێژێكی هاوچه‌رخی  فارسه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.