شکستی کورد له عیراق و ئه‌رک و هه‌نگاوه‌کانی ئاینده
دیمانه‌یه‌که له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) دا، ستیڤان شه‌مزینانی ئه‌نجامی داوه و له گۆڤاری (نێوه‌ند)ی ژماره 48ی شوباتی2008 دا، وه‌ک به‌شێک له ته‌وه‌رێک له‌ژێر ئه‌و سه‌ردێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه.
پ 1 : هه‌نووکه له‌پێنج ساڵی ته‌واو نزیک ده‌بینه‌وه به‌سه‌ر داڕووخانی رژێمی به‌عس له ئێراقدا، ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه کورد وه‌ک لایه‌نێکی کاریگه‌ر به‌رده‌وام له‌کێشمه‌کێش و گفتوگۆ و جه‌نگی سارددا بووه له‌گه‌ڵ به‌غداد، وه‌ها ده‌بینرێت کورد به دریژایی ئه‌م پێنج ساڵه هیچ ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی به‌ده‌ست نه‌هێناوه به‌ڵکو سنوور و مه‌ودای ده‌سته‌ڵات و ده‌ستکه‌وته‌کانی له‌جێگه‌ی خۆیدا ڕاوه‌ستاون، ئایا ده‌کرێت بڵێین لایه‌نی کوردیی له ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌دا شکستخواردوو بووه؟ ئایا هه‌موو ئاماژه‌کان جۆرێک له شکست بۆ لایه‌نی کوردیی نیشان ناده‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: مه‌به‌ست له لایه‌نی کاریگه‌ر، لایه‌نێکه توانیبێتی و بتوانێ ڕای خۆی بچه‌سپێنێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی له ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و کارڕایی و ئه‌نجامدان و پێڕۆ و جێبه‌جێکردنی کاردا، بینیبێت و ببینێت و نۆره‌ی بڕیارده‌ر و دروستکا‌ری بڕیار ببینێت. کورد له به‌غدا، له سه‌رده‌می پاش به‌عسدا، هه‌رگیز ئه‌و نۆره‌یه‌ی نه‌دیوه و ناشبینێت. ئه‌و ڕۆڵه کاریگه‌رییه‌ی تۆ ده‌یده‌یه کورد له ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، زۆر زۆری لێ زیاده، کورد له ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی به‌ولاوه، چ نۆره‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بینیوه. کام تای ته‌رازووه‌که سووک بووبێت، کورد له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه له‌وێ دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌که وه‌ک یه‌کیان لێبێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی کورد به حوکوومه‌ته‌کان و ڕێژیمی عیراقی پاش به‌عسی کردووه، هیچ لایه‌نێکی دیکه نه‌یکردووه. کورد هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌هێزکردنی هه‌ردوو لایه‌نی سوننه و شیعه بووه و فره‌ترین سوودی به‌وان و نه‌خشه‌کانی ئه‌وان گه‌یاندووه و کۆمه‌کی به چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان کردووه. کورد له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکای داگیرکاری عیراقه‌وه و له لایه‌ن عیراقییانی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه، هه‌ر ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی پێ ڕه‌وا بینراوه. گه‌لێک جار بۆ ژیرکردنه‌وه‌ی لایه‌نێک له لایه‌نه‌کان، ڕۆڵی ناوبژیکار و گه‌لێک جاریش ڕۆڵی گورگه‌که‌ی نێو "گورگانه‌شه‌وێ" و جنۆکه و مێرده‌زمه‌ی پێدراوه و ده‌درێ. کورد له ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا، هه‌میشه ڕۆڵی کوڕه گوێڕایه‌ڵ و سه‌لاره‌که و ڕۆڵی "وه‌ڕوێرکه"ی بینیوه. هه‌رچییه‌کیان پێ گوتبێ و به سه‌ریدا سه‌پاندبێ، ئه‌م نه‌ئی به زاردا نه‌هاتووه. ئه‌م هه‌ر له‌گه‌ڵ بووه. سه‌رانی کورد، له سه‌ر حیسابی گه‌ل و خاک و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، عیراقیان، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی مردوو و هه‌ڵوه‌شاوه و له‌تله‌ت، دروست کرده‌وه و گیانیان به‌به‌ردا کرده‌وه. بوونی کۆمه‌ڵه سیاسه‌تکارێکی کورد له به‌غدا و له نێو ده‌سه‌ڵاتی عیراقدا، له دوای ڕووخانی به‌عس و (سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌وه، هیچ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ک بوونی سیاسه‌تکارانی کورددا له به‌غدای سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و پێش سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین، به سه‌رده‌می(برایانی عارف) و عه‌بدولکه‌ریم قاسم و سه‌رده‌می(شا)یه‌تیشه‌وه، ڕه‌نگه ته‌نێ له ده‌موچاو و که‌سه‌کاندا جیاوازییه‌کی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر بنۆڕینه ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی کورد له به‌غدا، له دروستبوونی عیراقه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌ت و تا ئه‌مڕۆ، ده‌توانین ساڵانی 1970-1974 وه‌ک باشترین سه‌رده‌مێک بۆ سه‌رکرده‌یه‌تی کورد نێو ببه‌ین، که ئه‌وده‌م هاوپشکی ده‌سه‌ڵات بوو. له سه‌رده‌می (شا)یه‌تی عیراقیشدا که‌سانێکی لێوه‌شاوه و بوێر و ده‌مڕاست هه‌بوون، که جێده‌ستیان له سه‌ر نه‌خشی ڕۆژگاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا دیار بووه. کورد له سه‌رده‌می 1958-1961ی (قاسم)یشدا ڕۆڵی له‌به‌رچاوی له به‌غدا هه‌بوو و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا یه‌کسان بوو. ساڵانی 1966-1970یش حیزبی جه‌لالی، که ڕه‌وێک سیاسه‌تکاری له خۆ خڕکردبووه‌وه، له به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌غدادا بوو، به‌ڵام چ ڕۆڵ و کاریگه‌رییه‌کی هه‌بوو، له‌وه‌ی زیاتر خزمه‌تی به حکوومه‌ته‌کانی به‌غدای ئه‌و ڕۆژگاره و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی ده‌کرد و له پشته‌وه‌ش خه‌نجه‌ری له بڕبڕه‌ی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ده‌دا! ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی ئێستای کورد له به‌غدا، هه‌ر هێنده‌ی ڕۆڵی حیزبی جه‌لالی 1966-1970 و ڕۆڵی تاها موحیه‌ددین، هاشم ئاکره‌یی، عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، ئه‌رشه‌د زیباری، مه‌لا ماتۆر و موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی و زۆری دیکه‌ی سه‌رده‌می( سه‌ددام حوسه‌ین)ه. کورد به‌وه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی وه‌رگرتووه، چ سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکی چنگ نه‌که‌وتووه. ئه‌و دوو که‌سه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقن، که کوردن، له‌گه‌ڵ هیچ عه‌ره‌بێکی نه‌ته‌وه‌یی و عیراقییه‌کی داکۆکیکار له عیراق و عیراقییه‌تیدا، جیاوازییان نییه و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێکی میانڕه‌و و عیراقییه‌کی دیموکراتیخواز بووایه‌ن، پتر که‌ڵکیان به کورد و کێشه‌کانی گه‌لی کوردستان، گه‌یاندبا. ئه‌وان، به تایبه‌ت سه‌رۆککۆماره‌که‌یان، له داهۆڵێک بۆ توقاندنی کورد زیاتر، شتێکی دیکه نین. سه‌رانی کورد به‌وه‌ی له به‌غدا ته‌نیا به گرێی ملدا ده‌ده‌ن و هه‌میشه له‌گه‌ڵن و ئیملایان پێ ده‌کرێ، بوون و نه‌بوونیان له به‌غدا چوون یه‌که. ئه‌وان چ کێشه‌یه‌کی کوردیان چاره‌سه‌ر نه‌کردووه و چ پرسێکی کوردیان به‌ره‌وپێش نه‌بردووه. گرنگترین پرسی کورد، به درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستایش، پرسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستانه، که کێشمه‌کێشیان له سه‌ره، سه‌رانی کورد چی‌یان بۆ کردووه، له‌وه‌ی زیاتر، که کوردستانیبوونی (که‌رکووک)یان خسته ژێر گومانه‌وه به‌وه‌ی، که به ده‌نگدان و مادده‌ی 140ی به‌دناو قایل بوون، که ڕه‌وشی که‌رکووک وه‌ک ڕه‌وشی تکریت و نه‌جه‌ف و ئه‌وانه ته‌ماشا ده‌کات، که بڕێک گۆڕانکاری له سنووری ئوستانه‌کانیاندا ڕوویداوه. بوونی سه‌رۆککۆمارێک و کۆمه‌ڵێک وه‌زیر و گزیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و سیاسه‌تکار و حیزب و هه‌زاران کوردی دیکه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی کورد له به‌غدا، تاکه یه‌ک قانوونی (سه‌ددام حوسه‌ین)ی له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه نه‌سڕییه‌وه! ناوی یه‌ک گه‌ڕه‌کی که‌رکووکی عه‌ره‌بێنراوی له ئه‌لعورووبه و ئه‌لبه‌عس و ئه‌لقادسیه و ئه‌لواسیتییه‌وه، نه‌کرده ناوێکی کوردی! تاکه یه‌ک گوندی دابڕاو له که‌رکووک، که خراوه‌ته سه‌ر تکریت یا دیاله، نه‌گێڕایه‌وه سه‌ر که‌رکووک! یه‌ک عه‌ره‌بی داگیرکاری به‌عسی و کۆنه‌ئاساییش و موخابه‌رات و سیخوڕی ڕێژیمی، له که‌رکووک وه‌ده‌رنه‌نا! ته‌واوی نه‌خشه و سیاسه‌ته‌کانی تورکیا و عه‌ره‌بی سوننه و وڵاتانی عه‌ره‌بی به هه‌موو ورده‌وه‌ڵاکانیانه‌وه‌ی به سه‌ردا تێده‌په‌ڕێنرێ و ئه‌میش ملی خۆی لێ خه‌واندووه و هه‌ر باکیشی نییه! گچکه‌ترین کێشه و ده‌ردیسه‌ری تاکه کوردێکی فه‌یلی، که هه‌موو ژیان و دیرۆکیان گرفت و نه‌هامه‌تی و کێشه بووه و بۆ خۆیان دانیشتووی به‌غدان و دوو هه‌نگاو له کۆشکه‌کانی به‌رپرسانی کورد له"ده‌ڤه‌ری که‌سک – المنطقةالخضراء"ه‌وه دوورن، چاره‌سه‌ر نه‌کرد! سیاسه‌تکارانی کورد له "ده‌ڤه‌ری که‌سک"ی به‌غدان، چونکه بژێو و ته‌ڕ و چه‌ور و ڕازاوه‌یه و عه‌ره‌ب گوته‌نی:"ئاو و سه‌وزایی و ڕوومه‌تی جوان(الما‌ء والخضراء والوجه الحسن)". ئه‌وان له به‌غداوه پاره‌وپووڵی خه‌یاڵییان ده‌ستده‌که‌وێت و بودجه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کوردستانیشیان، هه‌ر له به‌غداڕا پێ ده‌گات، بۆیه به‌غدا بۆ ئه‌وان، خوان و گیرفان و گه‌شت و ڕایه‌خی سوور و خۆشگوزه‌رانییه، ده‌نا ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه، هه‌ر زوو به‌غدایان جێده‌هێشت و ده‌گه‌ڕانه‌وه ماڵی خۆیان. ئه‌وان هیچ سیاسه‌ت و کارێکیان له به‌غدا، سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ستنه‌هێناوه. ئه‌گه‌ر له تاکه یه‌ک سیاسه‌تیاندا سه‌رکه‌وتوو بووبن، له عیراقیاندنه‌وه و سووککردنی پرسی کورد و باشووری کوردستاندا بووه. مانه‌وه‌ی ئه‌وان له به‌غدا، ته‌نیا چه‌قین و ڕاوه‌ستان بووه له شوێنی خۆیاندا و ئه‌گه‌ر شتێکیش پێشان بدات، ئه‌وا شکستی سیاسه‌تی ئه‌وان و بووده‌ڵه‌یی ئه‌وان پێشان ده‌دات.
پ 2 : ئه‌و دیمه‌نه‌ی به ڕوونی له هاوکێشه‌ی سیاسی ئێراقدا هه‌ستی پێده‌که‌ین، لایه‌نی عاره‌بی له ڕێگه‌ی ده‌ستی ده‌ستی و کاتکوشتن و خۆدزینه‌وه‌وه له‌مپه‌ر له به‌رده‌م ویسته‌کانی لایه‌نی کوردیی داده‌نێت یان به‌مانایه‌کی تر هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی جوگرافیای ده‌ستکه‌وته‌کانی کورده له‌ئیراقدا، به‌شێک له‌چاودێران وه‌های ده‌بینن ده‌بێت کورد بایکۆتی حکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی بکات چونکه ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کابینه‌که‌ی مالیکی، هه‌ندێکی دی ڕایده‌گه‌یه‌نن هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار ماوه بۆ گفتوگۆی زیاتر، به بۆچوونی ئێوه کام هه‌نگاو دروست و واقیعیتره و چ کارێک پێویسته کورد له‌و ڕووه‌وه پێی هه‌ستێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به بڕوای من، کێشه‌که ته‌نیا کابینه‌که‌ی مالیکی نییه، کێشه‌که کابینه‌کانی پێش (مالیکی)یشه، عه‌للاوی و جه‌عفه‌ری و کێشه‌که په‌رله‌مان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و زۆرێک له حیزبه‌کانی دیکه‌ی عیراقیشه. ئه‌وان به هیچ جۆرێک له چوارچێوه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بایه‌تی نه‌چوونه‌ته ده‌رێ. ئه‌وان ئێستاش چ جیاوازییه‌کی مه‌زنیان له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و به‌عسدا نییه و ئێستایش بۆ کورد، له ماڵ و که‌لاوه‌که‌ی خۆیشیدا(کوردستان)، حیسابی میوان ده‌که‌ن. به دید و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌وه، دیاره چاوه‌ڕێی هیچی باشتر، له‌و لایه‌نه عیراقییانه‌ی نێو ده‌سه‌ڵات له به‌غدا(سوننه، شیعه، تورکمان. فه‌له و هه‌موو ناکوردێک) ناکرێت. کێشه‌که جۆری دید و هزرین و بۆچوونی ئه‌وانه، به‌رانبه‌ر کورد. ئاوه‌ز و هزری ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب، له هیچ کونجێکی خاکی عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بستاندا، له شام و به‌غداوه تا ته‌نجه، هیچ ناعه‌ره‌بێک قه‌بووڵ ناکات. بنۆڕه ئه‌مازیغییه‌کانی مه‌غریب و ئه‌لجه‌زائیر و عیساییه‌کانی خوارووی سوودان و دارفۆرییه ئه‌فریقاییه ناعه‌ره‌به‌کانی سوودان و قوپتییه‌کانی مسر و کوردی ڕۆژاوای کوردستان(سووریا) و کوردی باشووری کوردستان(عیراق)، کێشه‌ی هه‌موو ئه‌م خه‌ڵکانه یه‌ک جۆره، کێشه‌ی گیرخواردنی که‌مینه‌یه، به ده‌ست زۆرینه‌یه‌کی لووتبه‌رز و خۆبه‌زلزان و ملهوڕ و داخراوه‌وه، که له جیاوازی تێناگات و هیچ شتێک، به ئه‌وی دیکه، ڕه‌وا نابینێت. ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا، ئه‌وه‌ی پێیان بکرێت، بۆ کاتبه‌سه‌ربردن و ده‌ستی ده‌ستی و کێشه‌سازکردن و خۆدزینه‌وه، له هه‌موو خواست و ویستێکی گه‌لی کوردستان، کردوویانه، به‌ڵام بۆ ئه‌و فریو و خۆخڵافاندن و پشتگوێخستنه، به سه‌ر سیاسه‌تکارانی کورددا تێپه‌ڕێت! بۆ سه‌رانی کورد ئه‌وه قه‌بووڵ ده‌که‌ن! ئه‌مه جێی ڕامانه و کێشه‌که له‌وه‌دایه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی لایه‌نی عه‌ره‌بی یا ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به‌شێکی کێشه‌که بێت، ئه‌وا به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی، له چڕی و خه‌ستیی، تێکه‌ڵکردنه‌وه و گرێدانه‌وه‌ی کوردستانه به عیراقه‌وه، که له ئه‌ستۆی سه‌رانی کورددایه، ئه‌وانن ئه‌نجامده‌ری، و له خۆشبڕوایی خه‌ڵکی کورده‌وه‌یه، به سه‌رانی خۆی و عیراقییه‌کان. کێشه‌که له سستی و خاووخلیچکی سه‌رانی کورد و نوێنه‌رانی کورددایه له به‌غدا. سیاسه‌تکارانی کورد، له‌بری هه‌ڕاکردن وه‌دووی عیراقییه‌کاندا، ده‌بوو خۆکێشانه‌وه‌یان له به‌غدا، وه‌ک گوشار و هه‌ڕه‌شه، به‌کار بردبا و وه‌ها کارێکیان زووزوو کردبا و حوکوومه‌ت له دوای حوکوومه‌تیان، به‌مه‌ی (مالیکی)یشه‌وه، که له هه‌موویان شایسته‌تری ڕووخاندنه، ڕووخاندبا، تا خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان به سه‌ردا ده‌چه‌سپاندن و ده‌سه‌پاندن. من هه‌رگیز له‌وانه تێناگه‌م، که ده‌ڵێن، هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر ماوه! سه‌رانی کورد هه‌ر به‌وه‌ی کوردستانیان لکانده‌وه عیراق و گه‌لی کوردستانیان عیراقییانده‌وه، گه‌وره‌ترین سووکایه‌تییان به گه‌لی کورد کرد و گه‌وره‌ترین سازشکارییان ئه‌نجام دا و ده‌سبه‌رداری خواستی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوون، که به کرده‌وه زه‌وینه‌ی بۆ ڕه‌خسابوو. ئه‌و نۆره‌یه‌ی ئێستا سه‌رانی کورد له به‌غدا ده‌یبینن، هیچ جیاوازییه‌کی له‌و نۆره‌یه‌ی سه‌رانی فه‌تح و فلستینییه‌کان نییه، که له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا ده‌یبین. ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به ئه‌مه‌ریکاییاکانیشه‌وه، هیچی بۆ کورد پێ نییه. جوگرافیا و چوارچێوه‌ی ئاوه‌ز و هزری نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب (دیاره ئێستا قسه‌که له سه‌ر عه‌ره‌به، ده‌نا ئه‌وه سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌که)، جێی کورد و هیچ ناعه‌ره‌بێکی تێدا نابێته‌وه. گه‌لی باشووری کوردستان، به هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و سازشکارانه و پاشکۆیه‌تی سه‌رانییه‌وه، له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه، ڕۆژ له دوای ڕۆژ، سه‌ری پێ شۆڕ ده‌کرێ و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سکه‌وته‌کانی که‌م و کورت‌تر ده‌کرێنه‌وه و ته‌واوی مه‌رجه‌کانی خه‌ڵکانی دژه خواسته‌کانی خۆی، به سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێن و ناچار ده‌کرێ، واز له خاکه داگیرکراوه‌که‌یشی بهێنێ. مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ده‌ڵێ:"ئه‌و بنه‌مایه قه‌بووڵه، داوا له داگیرکه‌ر و زه‌وتکه‌ر بکرێ، ده‌ست له داگیرکراو هه‌ڵگرێ و بیداته‌وه به خاوه‌نی خۆی، نه‌ک لایه‌نی تاڵانکراو، ناچار بکا، ده‌سبه‌رداری ئه‌وه‌یش ببێ، که لای ماوه‌ته‌وه و ده‌ستی له بنی هه‌مانه‌وه پێ ده‌ربکا". سه‌رانی کورد، بۆ خۆیان، له پێناوی هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و بنه‌مایه‌یان پێشێل کرد و ده‌سبه‌ردای که‌رکووکی تاڵانکراو و زه‌وتکراو و داگیرکراو بوون و ده‌ستیشیان له بنی هه‌مانه‌که‌وه پێ ده‌ر کرا. جووله‌که ئێستاش، که باسی مێژووی خۆیان و به‌سه‌رهات و لێقه‌ومان و ئاوشڤه‌یز(Auschwitz) و هۆڵۆکوۆست (Holocaust) ده‌که‌ن، ناوی "جه‌نگی ته‌واونه‌بوو یا جه‌نگی نه‌بڕاوه یا جه‌نگی کۆتایینه‌هاتوو(The Unfinished War)"ی لێده‌نین. ئه‌وان، که ئێستا بۆ خۆیان که‌ڵه‌گای جیهانن و بۆ خۆیان جه‌نگ به خه‌ڵک ده‌فرۆشن، پێیانوایه ئێستایش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگیان له سه‌ره و هه‌میشه له جه‌نگدان و ئه‌و جه‌نگه له دژیان بووه، هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه، واته: ئه‌وان له جه‌نگێکی هه‌میشه‌ییدا ده‌ژین. کورد گه‌ره‌که له دوو ڕووه‌وه ته‌ماشای ڕه‌وشی خۆی بکات، یه‌که‌م: هه‌ڕه‌شه و جه‌نگێکی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بڕاوه و کۆتایینه‌هاتووی، هه‌ر له کۆنه‌وه له سه‌ره و درێژه‌ی هه‌یه و درێژه‌یشی ده‌بێت و دووه‌م: جه‌نگێکی نه‌بڕاوه و کۆتایینه‌هاتوویشی له پێشه، بۆ ناچارکردنی داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌ی، بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌وه‌ی داگیریان کردووه. ئێدموند بوێرک(Edmund Burke، 1729-1797)، سیاسه‌تکار و تیۆریزان و نووسه‌ر و فیلۆسۆفی ئایرله‌ندی، ده‌ڵێ:"ئه‌وانه‌ی جارێک، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵیش بێت، ده‌رده‌ده‌سه‌ڵاتیان گرت و سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکیان چنگ که‌وت، هه‌رگیز به خواستی خۆیان ده‌ستبه‌رداری نابن". سه‌رانی کورد له به‌غدا، شینی "هه‌ریسه"که ده‌که‌ن، نه‌ک شینی ئیمام "حوسه‌ین". ئه‌وان کوژراو و مه‌ستی ده‌سه‌ڵاتن و ناتوانن ده‌ست له‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته ماددی و تایبه‌تمه‌ندییه که‌سه‌کییانه‌یان هه‌ڵگرن.
پ 3 : بۆچوونێک هه‌یه ده‌سته‌ڵاتی سیاسی کوردیی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات خۆی ڕۆڵی هه‌یه له‌خولقاندنی گرفت و قه‌یرانی سیاسی له‌ئیراقدا ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی داپۆشینی قه‌یرانه‌کانی ناوخۆی کوردستان، تۆ پێتوایه سه‌رکردایه‌تی کورد هه‌میشه له‌ڕێی پاساوی قه‌یرانه‌کانی ئیراقه‌وه بیه‌وێت قه‌یرانه لۆکاڵییه‌کانی ناو کوردستان له‌بیر باته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێموانییه سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، هێنده زیره‌ک بێ له‌وه‌ی، بتوانێ گرفت و قه‌یرانی سیاسی له عیراقدا بئافرێنێ، ئه‌وه بیر و بۆچوونی نه‌ته‌وه‌په‌رستانی عه‌ره‌ب و عیراقییه یه‌ک ده‌نده‌کانه و ئه‌وان وای لێکده‌ده‌نه‌وه و ده‌بینن. دوو زلحیزبه‌کانی کوردستان(پارتی و یه‌کیه‌تیی)، تا سێ ساڵێکیش له دوای ڕووخانی به‌عس، هێشتا یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست نه‌بوون و هه‌ریه‌که‌یان حوکوومه‌ت و میرنشین و هه‌رێمۆکه‌ی خۆی هه‌بوو، ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، که به ناو، یه‌ک حوکوومه‌تیان هه‌یه، هێشتا شوێنه‌واری دووهه‌رێمۆکه‌یی و دوومیرنشینی و دووحوکوومه‌تییان پێوه دیاره و به چاوی کزی، بێ چاویلکه‌ی گه‌ردیله‌بینیش، درزه‌که‌ی نێوانیان، ده‌بینرێ. ڕه‌نگه ئه‌مان له سازکردنی کێشه و گرفت، بۆ یه‌کدی و بۆ گه‌لێ کوردستان، نه‌ک بۆ عیراق و عیراقییان، گه‌لێک زیره‌ک و لێهاتوو بن. دیاره مێژووی ئه‌م نیوسه‌ده‌یه‌ی دواییه، گه‌واهی ئه‌وه ده‌دا. کێشه‌کانی باشووری کوردستان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی، گه‌لێ کوردی، له‌وێ تێدا ده‌ژی، به هیچ بێژنگ و سه‌ره‌ن و په‌رده‌یه‌ک داناپۆشرێن و ناشێردرێنه‌وه. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه، وه‌ک مرۆڤ و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی سه‌ر ڕووی ئه‌م گۆی زه‌وییه، بۆ خۆی له قه‌یران و کێشه‌دایه. خاکه‌که‌ی، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی، زمانه‌که‌ی، ژینگه‌که‌ی، پێوه‌نده جڤاکییه‌کانی، کشتوکاڵ و ژێرخان و ئابوورییه‌که‌ی و هه‌رچی هه‌یه، له قه‌یراندایه. کورد وه‌ک به‌شێک له مرۆڤایه‌تی، هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ هیچ یه‌کێک له‌و قه‌یرانانه‌ی تێیدا ده‌ژی و هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ داهاتوو و نه‌وه‌کانی داهاتووی، نییه و سه‌ران و سیاسه‌تکاران و به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیش، له‌وه‌ی زیاتر، ڕاوه پاره‌وپووڵ و سامان و موڵک و ژن ده‌که‌ن، چ په‌رۆشێکی دیکه‌یان نییه. تۆ ته‌ماشای ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه بکه، که گه‌لی باشووری کوردستانی تێدا ده‌ژی: ئاو، ئه‌له‌کتریک، کشتوکاڵ، سووته‌مه‌نی، ڕێگه‌وبان، گه‌نده‌ڵی، دزی، هه‌ڕه‌شه و که‌ڵه‌گایه‌تی و هێرشی تورکیا، خۆراکی ژاراوی، که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره داگیرکراوه‌کانی دیکه، زمان و شێوه‌زار، بارهێنان و خوێندن و په‌روه‌رده، ژنکوشتن، خۆعه‌ره‌باندن و خۆتورکاندن و خۆفارساندن، داڕووخانی فه‌رهه‌نگی، ده‌رد و نه‌خۆشی، نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین، خراپتربوون و داڕزاوی باری ژیانی خه‌ڵکی هه‌ژار، به‌رینبوونه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی، نه‌خۆشی و ده‌رمانی کاتبه‌سه‌رچوو، گرانی و … سه‌دان ده‌ردی دیکه، که جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان کون‌کون کردووه و له ڕه‌گه‌وه ده‌یهه‌ژێنن و به‌ره‌و داته‌پین و ڕووخان و لێکترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌به‌ن. کورد له باشووری کوردستان، ئه‌مڕۆ، له سایه‌ی 17 ساڵی کارگێڕیی، "کۆنه پێشمه‌رگه و شۆڕشگێڕانی ئه‌وسا" و "تازه دز و گه‌نده‌ڵ و شۆڕشگێیانی ئێستا"یه‌وه، بووه‌ته گه‌لێکی بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆر و هه‌ڵڵووش و مفتخۆر و مووچه‌خۆر، که هه‌ر "ده‌خوا و ده‌ڕێ" و ژینگه پیس ده‌کات و وڵاته‌که‌یشی بووه‌ته تاقیگه و گوفه‌کی هه‌رچی قڕێژ و قڕێژی و پیس و پیسی، وڵاتانی ده‌وروبه‌ری و هه‌ندێک له وڵاته دووره‌کانیش. ئه‌و وڵاته له دواکه‌وتن و به‌ره‌وپاشگه‌ڕانه‌وه‌دا پێشکه‌وتووه. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هه‌موو تاکه‌کانی به یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کرێن و یه‌ک قانوون، کار و بار و ژیانیان به‌ڕێوه نه‌بات و هه‌موو یه‌ک جۆره ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خسێنرێت، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی پێشکه‌وتنی لێناکرێت، به‌ڵکه چاوه‌ڕوانی داڕووخان و داته‌پینی لێ ده‌کرێت. وڵاتێکی ئه‌م سه‌رده‌مه جه‌نجاڵ و ئاڵۆز و پڕگۆڕان و جیهانگه‌رییه، بیر و دید و جیهانبینی و هۆش و ئاوه‌زی هۆزگه‌رایی، خێڵگه‌رایی، ده‌سته‌گه‌رایی، گرۆگه‌رایی، خێزان و بنه‌ماڵه‌گه‌رایی، حیزبگه‌رایی، سه‌رکرده‌په‌رستی، ناتوانێت و ناشێت، به‌ڕێوه‌ی ببات. پێشکه‌وتنی جڤاک و ده‌ربازبوون له قه‌یران و کێشه، به خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و بنه‌ما و سه‌ره‌تا و ڕیشه‌ی قه‌یران و کێشه‌کان و تاوتوێ و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێفێربوونه‌وه ده‌کرێ، که هۆش و ئاوه‌زێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گه‌ره‌که. هۆش و ئاوه‌زێک، هه‌رچی شته و هه‌رچی که‌سه و هه‌رچی مێژووه و هه‌رچی نه‌ریته و هه‌رچی پیرۆزییه، بخاته ژێر پرسیاره‌وه. وه‌ها عه‌قڵێک ده‌توانێت، ته‌کانێک به کورد بدات و بیخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد، له‌و ئاسته‌دا نییه و خودانی ئه‌و عه‌قڵه‌ش نییه و ناتوانێتیش کورد به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ببات. کورد بۆ خۆیشی وه‌ک نه‌ته‌وه هێشتا له په‌راوێزی گۆڕانه‌کاندا ده‌ژی و به‌م بیرکردنه‌وه لاساییکارییه و خۆنه‌ناسینه‌ی ئێستایه‌وه و به وه‌رگرتنی توێکڵ و خه‌ڵته‌ی به‌ناو"پێشکه‌وتن"، گه‌لێ سه‌خته وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، بتوانێت له که‌نارێکی ئاسووده و ئارام‌دا له‌نگه‌ر بگرێت و درێژه به ژیان بدات. ئه‌و وڵاته (باشووری کوردستان) هه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ناوی "گه‌نده‌ڵستان' و 'قه‌یرانستان"ی لێ بنرێت. ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، له 1991ه‌وه، به‌رپرسه له ته‌واوی ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی له‌و وڵاته‌دا هه‌بوون و هه‌ن و دێنه گۆڕێ. هیچ پاساوێک بۆ ئه‌و قه‌یرانانه نییه و مرۆڤی دووربین و هۆشیار و دڵسۆزی خاک و خه‌ڵک، ئه‌و قه‌یرانانه و که‌مته‌رخه‌ی و گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، ڕوون و ئاشکرا ده‌بینێ. ئه‌وه‌ی جێی داخه، خه‌ڵکی وڵاتی ئێمه، خه‌ڵکه لێقه‌وماو و به‌شخوراو و سته‌مدیده‌که، هێشتا ده‌سه‌ڵات وه‌ک چه‌تر و نوێنه‌ری خه‌ڵک و پارێزه‌ر و سێبه‌ری خودا، ده‌بینن و هه‌موو مفتخۆری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دزییه‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانیشیان، پێ ڕه‌وایه و وه‌ک خواپێدان و به‌ش، بۆیان حیساب ده‌که‌ن.
2-2-2008