
فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی ئه‌ركی هه‌موومانه..
((گاندی فه‌رموویه‌تی: پاڵه‌وانانی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، خزمه‌تكاری نیشتمانن.))
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌شوێن بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاشتیخواز‌و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردندا ده‌گه‌ڕێت، ده‌بێت ئه‌وه بزانێت كه (توندوتیژی) حه‌شارگه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه تا هه‌نووكه له بچووكی خۆیان ده‌رنه‌چوون و توانای دیالۆگ و به یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن و ڕاگۆڕینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت گوێگرتنیشیان له‌گه‌ڵ حزب و گروپه بچووكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا نییه.
ده‌بێت وه‌كو گاندی و ماندێلا بۆی چوون و به پراكتیك سه‌لماندوویانه، ئه‌وه‌ش بزانن كه كۆمه‌ڵگه‌ی ناتوندوتیژو ئاسووده به‌بێ دان به‌خۆداگرتن و به‌خشنده‌یی و لێبوورده‌یی و دڵفراوانی نایه‌ته‌دی، ئه‌وه‌تا (بیرمه‌ندی ئێرانی/ رامین جیهانبه‌گلوو) وتوویه‌تی: ناتوندوتیژی پرۆسه‌ی به ئه‌خلاقیكردنی سیاسه‌ته، دواجاریش بۆ گه‌یشتن به خه‌باتی ناتوندوتیژی پێویسته كۆتایی به فه‌رهه‌نگی ڕق و قینه‌و نه‌فرینكردن و یه‌كترسڕینه‌وه بێنین..
خه‌باتی ناتوندوتیژیش، له ستراتیژ‌و ده‌رئه‌نجامدا، په‌روه‌رده‌كردنی هاووڵاتییه، واته گرنگیدانه به چه‌مكی هاووڵاتی و جێگرتنه‌وه‌و دانانیه‌تی له شوێنی خێڵ و هۆزگه‌راییدا، كه ئێمه‌ی كورد له‌م چركه‌ساته‌دا وه‌كو نان و ئاو پێویستیمان پێیه‌تی. دروستكردنی هاووڵاتی، یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی كۆڵه‌كه‌كانی مه‌ده‌نییه‌ت كه له شێوه‌ی كرده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا خۆی ده‌نوێنێ. له‌مبواره‌شدا، وه‌ك چۆن جۆن ستیوارد میل فه‌رموویه‌تی، رێزگرتن له‌ژیان و سه‌رله‌نوێ ناساندنه‌وه‌ی (ئه‌ویتری جیاواز‌و نه‌یار) گرنگییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له خه‌مڵاندنی دیمۆكراسییه‌تداو هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به‌ره‌و ناتوندوتیژی و پێكه‌وه‌ژیان.
ئێمه‌ی كورد ده‌توانین بۆ جیهانی بسه‌لمێنن كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناكۆكییه خێڵه‌كییه‌كان و دژایه‌تیه حزبییه‌كانمان، خاوه‌نی ئاستێكی به‌رزی هاووڵاتیبوونین كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته سه‌رمایه‌یه‌كی مۆراڵی و دیموكراسی بۆ داهاتوومان. باشترین روخساری ئه‌و سه‌رمایه ئه‌خلاقییه‌ش له ناتوندوتیژی هاووڵاتیانی كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا خۆی ده‌بینێته‌وه. له بیرمان نه‌چێت (وه‌ك به‌گلوو ده‌ڵێ) كه داكۆكیكردن له‌فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی ته‌نیا شێوازێكی خه‌بات نییه به‌ڵكو شێوازی ژیانی هاوڵاتیبوونیشه. نائارامی و پێكه‌وه هه‌ڵنه‌كردن ته‌نیا له رێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی هاوڵاتیبوونه‌وه له‌ناوده‌چێت.
ئه‌مه‌ش پێویستی به‌لێكدانه‌وه و په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژییه له‌ناو خه‌ڵكدا و ئه‌ركی سه‌رشانی ده‌سه‌ڵاته له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا. كه‌واته ئه‌گه‌ر بنه‌مای سه‌ره‌كی له فه‌راهه‌مكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاشتیخواز و پێكه‌وه‌ژیاندا به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بێت، ده‌بێت (مه‌ده‌نییه‌ت) مه‌یسه‌ر ببێت. دواجار ئه‌گه‌ر ویستی مه‌ده‌نییه‌تیش به‌رگریكردن له یاسا‌و پارێزگاریكردن له مافی هاووڵاتیان بێت، ئه‌وا مه‌رجی ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م ویسته‌مان گه‌یشتنه به فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی.
فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی به‌مانای رێزگرتنه له‌ئاست و كه‌رامه‌تی مرۆڤـ و راگرتنی ئه‌و حورمه‌ته‌ش پێویستی به‌ئاگایی مۆراڵی هه‌یه. ستراتیژی ئه‌و ناتوندوتیژییه، خۆشه‌ویستییه بۆ سه‌روه‌ری یاسا‌و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و دوركه‌وتنه‌وه‌یه له‌ڕق و قین. ناتوندوتیژی مه‌ده‌نی هه‌ستانه‌وه‌یه له‌به‌رده‌م شه‌ڕو نادادپه‌روه‌ریدا.
بیرمان نه‌چێت كه ماندێلا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئاپارتایدی ئه‌فریكادا، فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی و ئاشتی و پێكه‌وه ژیانی دروستكرد.
ده‌بێت ئه‌م پرسیاره له‌خۆمان بكه‌ین: ئایا ئێمه‌ی كورد ته‌نیا به‌رهه‌مهێنی توندوتیژین؟ ئایا ده‌توانین ببینه خاوه‌نی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكرات و شه‌فاف و كراوه؟ به‌ڵێ ئه‌مێستاكه، به فه‌رهه‌نگی ناتوندوتیژی ده‌توانین زه‌مینه‌سازی بۆ هاووڵاتیبوون و مۆراڵی مه‌ده‌نی بكه‌ین. كه دواجار مرۆڤ له بچووكی و په‌راوێزی قووتار ده‌كات.
تێبینی:
ئه‌م وتاره‌م له ده‌ره‌نجامی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی شاری سلێمانی 17-02-2011 دا نووسیووه كه له سه‌ره‌تادا زۆر باش هه‌ڵسوڕابوو مه‌ده‌نییانه‌و شارستانییانه بۆ مه‌به‌ستی پشتگیری له خۆپیشاندان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی وڵاتانی تونس و میسر و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی چاكسازی و نه‌هێشتن و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و سه‌روه‌ركردنی یاسا و مه‌یسه‌ركردنی عه‌داله‌ت و دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی رێكخرابوو، تا ئێره ئه‌وانه زۆر جوان و پیرۆزه، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند كاژێرێك و دواجار له‌گه‌ڵ رۆیشتنی جه‌ماوه‌ره گه‌نج و لاوه خۆپیشانده‌ره‌كان به‌ره‌و شه‌قامی مه‌وله‌وی و شاڕێ و شه‌قامی سالم، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان بۆ به‌رده‌می لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سلێمانی، ئاراسته‌ی ئه‌و خۆپیشاندان و داخوازییه مه‌ده‌نیی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی ئه‌و خۆپیشاندان و رێپێوانه زۆر خراپ شكایه‌وه‌و ده‌ستی ئاژاوه‌گێڕی و فیتنه‌نانه‌وه‌و تێكشكاندن و هه‌رانانه‌وه‌و ره‌فتاری هه‌رزه‌كارانه، دیمه‌نی ناشرین و قێزه‌ونی له هه‌ردوولاوه خۆیان نوومایشكرد (واته:خۆپیشانده‌ران و پاسه‌وانانی لقی چواری پارتیش).
واته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌ردبارانكردن به رێژنه‌ی گولله‌و كوشتن و برینداركردنی گه‌نجانی سنگ رووت و بێچه‌ك كارێكی زۆر ناشرین و ره‌فتارێكی فاشیستانه‌یه.. من له‌و چركه ساته‌دا له باخی گشتی سلێمانی بووم كه نزیكه‌ی 20-25 مه‌تر له‌و رووداوه‌وه نزیك بووم و ئاگاداربووم هیچ گولله‌یه‌ك له خۆپیشانده‌رانه‌وه به‌ره‌و لقی چوار نه‌ته‌قیووه، ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه چوار- پێنج پاسه‌وانی لقه‌كه له‌سه‌ربانه‌وه ده‌ستیان كرد به سه‌لیه ته‌قاندن و
راكردن و بڵاوه لێكردنی خۆپیشانده‌ران، دواجار له‌پشته‌وه گه‌نجانێكی زۆریان برینداركرد و ئاكامیش رێژوان عه‌لی ئه‌حمه‌دی هه‌ژده‌ساڵ ( كه خوێندكاری دووی ناوه‌ندییه شه‌هیدبوو).. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه كار‌و كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر نامه‌ده‌نییانه‌و عه‌فه‌وییانه‌بوو، كه ده‌بوایه كۆمه‌ڵگه‌و رێكخراوه‌ی مه‌ده‌نی له شاری سلێمانیدا كۆنترۆڵێكی مه‌ده‌نییانه‌و عاقڵانه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی بكردایه‌و ئه‌و كاره‌ساته تراژیدییه‌ی لێنه‌كه‌وتایه‌ته‌وه.