Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
هه‌موو له‌ شه‌قام ئه‌مێننه‌وه‌.. كه‌س ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌

هه‌موو له‌ شه‌قام ئه‌مێننه‌وه‌.. كه‌س ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌

Closed
by February 21, 2011 گشتی

“وه‌ختی خۆته‌و هه‌لمه‌بوێره‌ هه‌ر ئێستاكه‌ وه‌ره‌ ده‌رێ‌ خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده‌ چونكه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ زۆر ته‌مه‌ن كورته‌” ئه‌و دێره‌ی شانۆگه‌ری (مارا- صاد) له‌هه‌موو ساته‌وه‌ختێكی شۆڕشدا ڕه‌وایه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێت له‌په‌یوه‌ندیی نێوان هاولاتی وده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و ده‌مه‌ی هاولاتی شه‌قام ئه‌كاته‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵات به‌دوای فیشه‌گه‌كانی هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌كات كه‌ به‌ده‌نگ هاتن له‌ ده‌سه‌ڵات به‌واتای ئیدی ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌واندا ئه‌بێت خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین كه‌ ده‌ست وقاچمان ببردرێته‌وه‌، چونكه‌ شه‌قام بۆ ده‌سه‌ڵات مانای فیتنه‌ گیَِڕیه‌، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ ساته‌وه‌ختێكدا كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ست به‌ مه‌ترسیه‌كان بكات به‌ حاله‌تێكی سرووشتی وه‌رئه‌گیرێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات دڵنیایه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ فیتنه‌گێڕیی نیه‌ شه‌قامی هێناوه‌ته‌ له‌رزین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بێ‌ دادپه‌روه‌ری و زوڵم وسته‌می بیست ساڵی حاكمیه‌تی كوردیه‌، حاكمیه‌تێك ئیدی ئه‌وان چاوه‌ڕوانن به‌ماوه‌یه‌كی كورت شه‌قام هێمن بێته‌وه‌و هه‌موو بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نی كورتی هاتنه‌ شه‌قام به‌هۆی ئارامبوونه‌وه‌ نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ كورتی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌رفه‌تی باشی هه‌بوو بۆ خۆ چاككردن نه‌یكرد بۆیه‌ ئێستا به‌زه‌بری به‌رد باران كردن هاولاتیان چاكی ئه‌كه‌ن، ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتیش واز له‌ میلیشیاكانی و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كردنێك بێنێت بۆ هه‌ر قه‌سابخانه‌یه‌كی خوێناوی، ئێستا ئیدی شه‌قامه‌كان پڕ ئه‌بن له‌ ده‌نگ، چونكه‌ ئیدی ده‌رفه‌تێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆ شاردنه‌وه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی شه‌قامه‌كان یه‌كده‌نگی ئێمه‌ن حزبه‌كان چیتر ناكرێ‌ وێنه‌ی ڕابردویه‌كمان به‌ سه‌روه‌ری به‌سه‌ردا بفرۆشنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی  تا ئه‌مڕۆ به‌نه‌وه‌یه‌كی ناڕازیی به‌دنیا فرۆشرایه‌وه‌ ئیدی ئه‌فسانه‌یه‌كه‌و سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه‌ چیتر حیكایه‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ خورافیه‌ توانای به‌شداری كردنی نیه‌ له‌ناو زینده‌گی ئێمه‌دا، ئاره‌زووی ژیاندۆستی وامان لێ‌ ده‌كات كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری نیشتیمان په‌روه‌ر بین ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ له‌پێناو نیشتیماندا بمرین، مردن له‌پێناو نیشتیمان له‌ئێستادا جگه‌ له‌ حیكایه‌تێكی به‌سه‌رچوو هیچیتر نیه‌، چونكه‌ ئه‌كرێ‌ نیشتیمانپه‌روه‌ریت بگاته‌ لووتكه‌ ونه‌شمریت، به‌لام ده‌سه‌ڵات چونكه‌ له‌ نیشتیمانپه‌روه‌ری نه‌وه‌یه‌ك دڵنیایه‌ بۆیه‌ ئه‌یانكوژێت.. ئێمه‌ كه‌ نیشتیمانمان خۆش ئه‌وێ‌ ئه‌مانه‌وێ‌ خزمه‌تی بكه‌ین ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ ساتێك جێمان نه‌هێشتووه‌ وه‌ك ئێوه‌ مانگانه‌ سه‌فه‌ر ناكه‌ین و ناسنامه‌ی ووڵاتانی ترمان له‌ گیرفان بێت، بۆیه‌ كه‌ نیشتیمانمان خۆش ئه‌وێ‌ كه‌ جێی نایه‌لین به‌ڵام ناشمانه‌وێ‌ له‌پێناویدا بمرین نه‌خێر ئه‌مانه‌وێ‌ له‌پێناویدا بژین.. ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی دنیای كوردی له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر نیشتیمان ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بژی نه‌ك بمرێت، ئێوه‌ كه‌ خۆتان رۆحی خۆتان كوشتووه‌ بۆ ئه‌تانه‌وێ‌ گه‌نجان بمرن.. بۆ خه‌ونی مردنی ئه‌وانتان هه‌یه‌ ئاخر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ خۆتان مردوون، كه‌رنه‌ڤاڵی سازكردن بۆ كوشتنی گه‌نجانی ڕاپه‌ڕیوو جگه‌ له‌ نائومێدبوون وتاریكترین ساته‌وه‌ختی مێژووی ئێمه‌ هیچیتر نیه‌ كه‌ شانازی به‌ ته‌قه‌كردن وبرینداركردن وشه‌هیدكردنی گه‌نجان بكه‌نه‌وه‌.. ئه‌وه‌ كه‌ڕنه‌ڤاڵ نیه‌ نه‌خێر ئه‌وه‌ مردنی خۆتانه‌.. ته‌نیا بۆ جارێك تێبگه‌ له‌وه‌ی كه‌ وا ئیدی ساته‌وه‌ختیه‌تی كه‌ خۆتان له‌ ڕاستی نه‌دزنه‌وه‌.. له‌ناو ژووری داخراو وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ چیتر به‌ پاسه‌وان و فیشه‌گ و چه‌ك خۆتان مه‌شارنه‌وه‌ خۆتان نیشانی خه‌ڵك بده‌ن وه‌رن پێیان بڵێن ئێمه‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی ئێوه‌ ئه‌ترسین بۆیه‌ ته‌قه‌تتان لێ‌ ده‌كه‌ین تا زووه‌ فریای خۆتان بكه‌ون چونكه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ زۆر ته‌مه‌ن كورته‌ ته‌مه‌نی كورته‌ بۆ ئێوه‌ سه‌ركه‌وتنیش ئه‌به‌دیه‌ بۆ ئێمه‌ ئیدی ده‌بێت ئه‌م ئێواره‌یه‌ش كه‌ شه‌قام ئه‌خرۆشێت پڕ به‌ده‌نگ هاوار له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكه‌ین “وه‌ختی خۆته‌و هه‌لمه‌بوێره‌ هه‌ر ئێستاكه‌ وه‌ره‌ ده‌رێ‌ خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده‌ چونكه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ زۆر ته‌مه‌ن كورته‌” خێراكه‌ خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده‌ چونكه‌ هه‌موو له‌ شه‌قام ئه‌مێنینه‌وه‌.. كه‌س ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

 

نیهاد جامی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.