
تووڕه بوون له‌رابردوو …. ئیدریس عه‌لی
مرۆڤی جدی و زیندوو ته‌نها به هه‌واو خۆراك و ئاو ناژی، هه‌ست و ویژدان و خه‌یاڵیش به‌شێكن له‌پێكهاته‌ی مرۆڤ و گۆشه‌یه‌ك له‌ژیانی مرۆڤ نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی توانای بینینی جوانی و به‌ها به‌رزه‌كانیان نییه، جۆره مرۆڤێكن له‌بنه‌ڕه‌تدا بێ خه‌ون و خه‌یاڵ و هه‌ست ده‌ژین، هیچ به‌لامه‌وه سه‌یر نییه‌و جێگه‌ی پرسیاریش نییه كه مرۆڤگه‌لێك به‌ناوی خه‌ون بینین به دنیایه‌كی جوانتره‌وه په‌نا ببه‌ن بۆ ناشرینكردنی ئه‌و دنیایه‌ی كه تێیدا مرۆڤی دیكه ده‌ژین، سه‌رم ناسوڕمێت ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێكیش به‌ناوی ئه‌وه‌ی دنیاكه‌ی خۆیان جوانتره ئه‌و دنیایه له‌خه‌یاڵدا بكوژن كه كه‌سانی دیكه به‌خه‌ون و وشه بۆ خۆیان چنیوه.
رۆژگارێك مرۆڤه‌كان كاریان ته‌نها ئه‌وه بوو به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا بگه‌ڕێت كه له‌هه‌ناوی سرووشت و چوارده‌وریاندا سه‌ری هه‌ڵده‌دا، ئه‌وه قۆناغێكی ژیان بوو كه به‌شه‌ره‌كان تاكه خه‌میان ژه‌مێك تێربوونی سكیان بوو،به‌لام كاتێك گه‌ڕان و كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه‌ی پانتایی دیكه و تازه بوویه به‌شێك له‌خه‌ون و خولیای ئه‌و مرۆڤانه، ئیدی بیركردنه‌وه له ژیانی تازه و خۆشگوزه‌رانی ده‌ستی پێكرد و له‌گه‌ڵیشیدا هێدی هێدی خه‌ونی گه‌وره‌و خه‌یاڵی به‌رین به ئازادی و دنیای جوانتره‌وه له‌دایكبوون.
مرۆڤی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زیاد له‌مرۆڤی كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ی جیهان دڵشكاو و بریندارن، كلتوورێك كه رابردووی ئێمه پێكده‌هێنێت، هیچ نییه جگه له‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌رق و چاوی تۆڵه‌وه ته‌ماشای یه‌كتر بكه‌ین، ئه‌و سه‌ركوتوو زیندان و كوشتاره‌ی كه له رابردووماندا تۆمار كراوه، ته‌نها جه‌سته‌و فۆڕمی ژیانمانی وێران نه‌كردووه، به‌ڵكو رۆح و خه‌یاڵ و خهونهكانیشمانی داڕمان، لێره‌وه‌یه ئه‌و كلتووره بۆ ئێستاشمان درێژ ده‌بێته‌وه و هه‌موو شته‌كانمان بهمهنفهعهتی خۆی ئاراسته ده‌كات، لێره‌وه‌یه ئیدی مرۆڤ ته‌نها خه‌ون و خه‌یاڵ و دنیاكه‌ی خۆی پێ جوانه‌و بۆ ئه‌وه‌ی بیشیسهلمێنێت كه دنیاكه‌ی خۆی تایبه‌ت و شایسته‌یه دێت خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی وانی دیكه ده‌كوژێت.
بالێگهڕێین ولاته‌كه‌مان جێگه‌ی هه‌موو خه‌ونه‌كانی تێدا ببێته‌وه، بهێڵین خه‌یاڵه ره‌نگاو ره‌نگه‌كان له‌ئاسمانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌لای یه‌كدا بده‌ن له‌شه‌قه‌ی باڵ و سه‌ری سڵاوێك بۆ یه‌كتر دانه‌وێنن، ئاخر بۆچی ناكرێت ببینه خاونی نیشتمانێك هێنده جوان بێت هه‌ریه‌كه‌و به‌شی خۆی به‌زیادیشه‌وه لێبه‌رێت؟ بۆ چیی ناكرێت هێند له‌یه‌كتره‌وه نزیك بین هه‌ست به‌ترپه‌ی دڵی یه‌كتر بكه‌ین و موو نه‌چێت به‌به‌ینی خه‌ون و خهیاڵهكانماندا؟.
ئێستاش وێڕای هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی كه به‌دڵمان نه‌بوو، وێڕای هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه به‌ره‌و خۆشبه‌ختی ئێمه نه‌نران، وێڕای هه‌موو ئه‌و به‌دحاڵیبوون و خوێندۆستییهی كه چاو و ده‌ستی یه‌كتری پێ سووركردین، وێڕای هه‌موو ئه‌و گومان و رقه‌ی رۆحی تژی كردین له‌توڕه‌یی و دڵی پڕكردین له‌نیگه‌رانی، وێڕای هه‌موو شته نه‌شیاوه‌كان، هه‌ناسه‌یه‌كی دیكه ماوه پێكه‌وه هه‌ڵیمژین،له‌م ئاسمانه به‌رینه‌دا كۆترێكی سپی‌تر ماوه هه‌مووان وه‌ك یه‌ك گوێ له‌ئاوازی گمهكانی بگرین، هێشتا له‌م باخچه بچكۆلانه‌ی ژیاندا كۆمه‌ڵێك گوڵی ره‌نگاو ره‌نگ ماون هه‌مووان به‌یه‌كسانی ره‌نگه‌كانی به‌سه‌ر خۆماندا بهشكهین و ئیدی هیچ كه‌سێك نه‌ڵێت: رهنگكهی من له‌وه‌ی هه‌مووتان جوانتره.