Skip to Content

تکایە بەسە  ئێوە گەیشتنە کۆتایی

تکایە بەسە ئێوە گەیشتنە کۆتایی

Closed
by February 22, 2011 گشتی

تکایە بەسە  ئێوە گەیشتنە کۆتایی  نامەیەک بۆ دەسەڵاتداران لە باشور
نووسینی: حسێن حسێنی

بەرێزم کاکی دەسەڵاتدار لە کوردستان

ئەوەی ئێستا لە شاری هەڵمەت و قوربانی دەبینرێ سەرەتای ، دەستپێکردنی گۆڕانێکی گەورەی  کۆمەڵایەتی و سیاسیە لە کوردستانی باشور ، ئەم گۆڕانە هەموو کوردستان دەگرێتەوە ، لە سلێمانی وە دەستیپێکردوە ، هەمیشە  هەر وابووە  ، ئەگەر وابیردەکەنەوە  ئەوە گۆڕان و ئیسلامییەکانن ئاژاوەیان ناوەتەوە هەڵە دەکەن لەوانەیە وەک سروشتی ئۆپۆزسیۆن ئەوان هەندێک خاوەنداریەتی بکەن ، بەڵام دڵنییا بن گۆڕان و ئیسلامییەکانیش مانا لە ئێوەوە وەردەگرن ، بێ  بوونی ئێوە  بەو شێوەیە بوونی  ئەمانیش بەم شێوازە مانای نابێت. بەڵام  ئەگەر وابیر بکەنەوە ، ئەوە سلێمانییە و  لە خەمی رۆلەکانی شارەکەی  وا جوڵاوە دوبارە  هەڵە  دەکەن  لەم چەند ساڵەدا تەنها غەدر لە سلێمانی نەکرا ، لە هەولێرش کرا ، لە دهۆکیش کرا  ، سلێمانی لە سەر ئەوانیش هاتە جواب  ، بەڵام گوێتان لێنەگرت ، ئێستا سلێمانی هەمووان ناچار دەکات گوێی لێبگرن . کاتێک باوکی شەهیدێک رادەگەێنێت کورەکەی شەهیدی رێگای ئازادییە ، دڵنییا بن ئەمە ئیتر کۆتایی  سیاسەتی هەڵەی ئێوەیە . چەکدارتان هێنا دەوری نەبوو ، کوشتتان ، گرتتتان بریندارتان کرد دەوری نەبوو ، چی ترتان پێدەکرێت ؟ زیاتر کوشتن ؟ ! دڵنیابن پێتان ناکرێت . ئەوەی ئێوە دەپارێزێت کوڕی ئەو میلەتەیە ، بۆیە ئەویش لە کات ژمێری سفردا ئێوە ناپارێزێت . تکایە مەهێڵن  کار بگاتە کاتژمێری سفر . ئێوە شورشگیر بوون ، ساڵەهای ساڵ خەباتتان کرد بۆ ئەوەی گەل بە سەربەستی بژێت ، ئێستا گەڵ دەڵێت من خۆم دەزانم سەربەستی مانا بکەم نەک تۆی کۆنە شۆڕشگێر . بۆیە بهێڵن گەل خۆی  مانا بکات  لە عەرشی بەرز وەرە خوارەوە بەریزم ، وا مەزانە فێرعەونی ، ببینە ئەوانەی لەسەر جادەن زۆر هۆشیارن  هەم لە مانای وڵات دەگەن ، هەم لە مانای ئازادی و هەم لە مانای یاسا ، تۆش دەورت هەبووە لەم هۆشیار بوونەوەدا بۆیە رێزی خۆت بگرە وەرە تۆش گوێ لە رۆڵەکانت بگرە ، ئەوە گەلە هاوار دەکات دەڵێت من هەم . ئەو گەلە زۆر بەرێز و بەخشەندە و لێبوردەیە ، دڵنیابە دەتبخشێت لە هەڵەکانت  و باوەشت بۆ دەکاتەوە ، باوکی شەهید رێژوانتان نەدی؟  چۆن بەخشینی ، هەر بۆ ئەوەی رق و کینە نەبێت بە هەوێنی گۆڕان ،ئێستا ئێوەش با بە رێژەیەکی کەمی ئەو باوکە جەرگ بڕاوەش بێت مۆڕاڵ و عەشقی نیشتمانتان هەبێت بۆ یە تکایە رقی خەلک لەوە زیاتر هەلمەسێنن ، تۆ هەر ئەو کەسەی کە بە جلی خاکی و نانە رەقی ماڵان شاخە وشاخت دەکرد بۆیە پێویستە رۆحی ئەو جلانە ئاوێتەی رۆحت بکەیتەوەو بی بۆ بەر دەرکی سەرا ، مەیدانی ئازادی ، چونکو تۆش رۆڵەی ئەو میلەتەی نەک موستەبد ،باوەڕکە موستبدیت پێناکەوێت ، زۆرت لێناشیرینە  تۆ موبارەک و بن عەلی و قەزافی و خامنەای نیت ، لە بیرت نەچێت تۆ پێشمەرگە  بووی پێشمەرگە! . پڕ بە دڵ شانازی دەکەم بەوەی کە گەلەکەم تا ئەو رادەیە گەورە بووە و پێگەیشتووە، جا نازانم دڵنیا بم لەوەی دەسەڵاتدارانیش  لەو گەورە بوونە هیچیان بەرکەوتووە یان نا.

Previous
Next