شۆڕش تەنها دەستی پێکردووە!
دوای ئەوەی بابەتێکم لە ژێر ناوی(شۆڕش دەستی پێکردووە، چی بکرێت)بڵاو کردەوە،بەڕێز تاهیر سالح شەریف لە نوسینێکدا لە ماڵپەڕی (www.kurdistan-post.inf)هەم سەرنجەکانی خۆی لە سەر ئەو نوسینەداوەو هەمیش بۆچوونی وایە کە(شۆڕش لە بار براو دەبێت چی بکرێت).من دەست خۆشی لێدەکەم کە بایەخی بەو نوسینەداوەو بە جۆرێکیش وروژاندوویەتی کە دووبارە هەوڵ بدەم هەم ڕەهەندەکانی ئەو نوسینە ڕۆشن و فرەوانتر بکەمەوەو هەروەها سەرنج لە سەر نوسینەکەی ئەویش بدەم.
سەرەتا ئەوە بڵێم من باز بەسەر ئەو بەشەی نوسینەکەی هاوڕێ تاهیردا دەدەم کە ڕوماڵێکی کورتی شۆڕشەکانی تونس و میسر دەکات،نەک لە بەر بێبایەخی بەڵکو سەرنجێکم لە سەریان نییە.
هاوڕێ تاهیر دوای ئەو سەرەتایە لە نوسینەکەی دەنوسێت:( ئهوهی که له ڕۆژی 17.2.2011 دا ڕوویدا، ڕاپهڕین نهبوو، بهڵکو پلانێکی ئاژاوهگێری بزووتنهوهی گۆڕان و چهند لایهنێک بوو بۆ لهباردنی زهمینه زاتیی و سیاسییهکانی ڕاپهڕینێک که لهدرێژهی خۆیدا کۆتایی به دهسهڵاتی دیکتاتۆرانهی بنهماڵهی بارزانی و تاڵهبانی دههێنا . هێرشکردنه سهر بارهگای لقی 4 پارتی، ئهوه هیچ شتێک نهبوو جگه له درێژکردنهوهی ئهو شهڕه که بنهماڵهی بارزانی و نهوشیروان مستهفا له ڕووداوی تیرۆکردنی سهردهشت عوسمانهوه ههڵیانگیرساندووه . نهوشیروان مستهفاو سهرانی گۆڕان به سودوهرگرتن له بارودۆخی شۆڕشگێرانه که له ناوچهکهدا دروست بووه و کوردستانیشی کردووه به ژێر سێبهری خۆیهوه، ههوڵیاندا که له ڕێگای ئاژاوهنانهوهیهکی حیزبییهوه، گشت بارودۆخهکه به قازانجی حیزبی خۆیان و دهسهڵاتی بنهماڵهی بارزانی و تاڵهبانی بگۆڕن و ڕاپهڕین و شۆڕش له کوردستاندا بۆ ماوهیهکی نادیار دوا بخهن)
بەبۆچونم لێرەدا هاوڕێ تاهیر دەکەوێتە ناو دوو هەڵەو کێشەی گەورەوە.کێشەو هەڵەی یەکەم تێکەڵ بوون و تێوەگلانە بە بانگەشەی پلان و ئاژاوەگێڕیی کە هەم پارتیی و یەکێتیی باسی لێوە دەکەن و هەم بزوتنەوەی گۆڕان و هاوڕێ تاهیریش!لەنێو ئەو هەموو پلان و ئاژاوەگێڕکارییەشدا ئەوەی دەبێتە قوربانیی و دەکرێتە ژێر باری پلانەکانەوە،خواست و ئیرادەی ڕاپەڕینی جەماوەری بەدەنگ هاتوو و ستەمدیدەی کوردستانە،واتە لەناو ئەو هەموو پلانگێڕێیەدا ئەوەی ون و کاڵ دەکرێتەوە،ئەو ئاسۆ و ئامانج و خەونانەیە کە پاڵی بە جەماوەرەوە ناوە خۆپیشاندان بکەن،ڕاپەڕن و شۆڕش بکەن،لێڵکردنی ئەو فەزا شۆڕشگێڕانەیە کە لە ئەنجامی دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەرو تۆقێنەری پارتیی و یەکێتییدا تا ئاستی تەقینەوەو ڕاپەڕین شکڵی گرتووەو لێشاوی خەڵکی هێناوەتە سەر شەقامەکان.گومانی تێدا نییە کە پلانگێڕیی لەلایێن دەسەڵاتەوە دەکرێت،پلانی زۆر ڕەش و ترسناک،بەڵام ئەوەی دەبێت لەو پلانە بە دوور بگیرێت و لە پلانگێڕان بپارێزرێت،چالاکیی و ناڕەزایەتییە جۆراجۆرەکانی خەڵکییە.
کێشەی دووەمی ئەو بۆچوونەی هاوڕێ تاهیر لەوەدایە کە بەبێئەوەی فاکتێک بە دەستەوە بدات،دەڵێت: (ههوڵیاندا که له ڕێگای ئاژاوهنانهوهیهکی حیزبییهوه، گشت بارودۆخهکه به قازانجی حیزبی خۆیان و(واتە گۆڕان) دهسهڵاتی بنهماڵهی بارزانی و تاڵهبانی بگۆڕن و ڕاپهڕین و شۆڕش له کوردستاندا بۆ ماوهیهکی نادیار دوا بخهن)ئەگەر لەوە گەڕێین کە ئایە سینارێوی ئاژاوە نانەوە هەبووە یان نا،ئەو پرسیارە دروست دەبێت:بۆچی بارودۆخەکە بە قازانجی حزبیی و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی گۆڕاو بۆچی ڕاپەڕین و شۆڕش دوا خرا؟ بە بۆچوونم نە بارودۆخ بە قازانجی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی گۆڕاو نە تا ئێستاش ئاماژەیەک هەیە ڕاپەڕین و شۆڕشی دواخستبێت.بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، قەسابخانەکەی حەڤدەی شوبات زۆر بابەتی کەشف کردو زۆر پەردەی درۆو فریوکاریی و چاوبەستەگیی دڕاند کە مێژوویەکە پارتیی و یەکێتیی خۆیانی پێوە بادەدەن و چاوی خەڵکی پێکوێر دەکەن.لەوانە: هەموو پروپاگەندەیێکی ئەوانی لەمەڕ ئازادیی و بەڵێنە درۆیینەو سواوەکانی وەک مافی مرۆڤ و ئازادیی و مافی ئازادانەی بیروڕادەربڕین وئەفسانەی دیموکرسیی و زۆر شتیتر پوچ و بێمانا کرد،ڕۆخساری دزێو و ترسناکی ئەو دەسەڵاتەی وەک خۆی پیشانی دونیادا،قەیرانێک کە ئەو دەسەڵاتە تا بیناقاقای هاتبوو و هەناسەی لێبڕیبوو،چەند بەرابەر قوڵترو خنکێنەر بۆتەوەو ئەو دەسەڵاتەی تا کەناری مەرگ بردووە.لە سەرووی ئەوەشەوە ئەو خۆپیشاندانە دەکرێت وەک چەخماخەی ڕاپەڕینێک بیبینین کە کەش و زەمینەی بەرینبوونەوەو سەراسەریی بوونەوەی هەیەو هێشتا بەردەوامەو هیچ دەلیلێکی ڕۆشن و دروستمان لە بەردەستدا نییە کە شۆڕش و ڕاپەڕینی دواخستبێت.بەڵام هەمیشە مەترسیی دواخستن و شکست هەیە،هەروەها ئامرازو زەمینەی شکست پێهێنانیش هەیە،ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە پێویستە جەماوەرو خەڵکی کوردستان بە وردیی بیری لێبکاتەوەو نەخشەی ڕۆشن و دورستی بۆی هەبێت.ڕاپەڕین لە ڕۆژەکانی سەرەتایدایە،بێگومان کەم وکوڕیی هەیە، هێشتا ناڕێکخراوەو جۆرێک پشێویی و بێئاسۆیی پێوە دیارە.هەر ئەوەی کە یەکسەر دەچنە بەردەم لقی چواری پارتیی و بە ئاسانیی زەمینە بۆ چەتەکانی پارتیی خۆش دەکەن لوولەی بی کەی سی ئاراستەی مێشکیان بکرێت،یەکێک لە لاوازییەکانی ڕاپەڕینە.مەرج نییە ڕاپەڕین هەر دەبێت بارەگەکانی پارتیی و یەکێتیی و حکومییەکان بگرن.لە میسر هێندەی من ئاگەداربم چەند بارەگەیەک سووتا،بەڵام ڕاوەستانی میلێۆنی خەڵکیی لە مەیدانی ئازادییدا، هەرەسی بە دەسەڵات هێنا،هاواری بڕۆخێ و بڕۆی ئاپۆرەی جەماوەر،حکومەتی ئیفلیج کردوو لێکی ترازاندو هەموو دونیا گوێی لە هاژەی هەرەسی بوو.
لێرەوە بە بۆچوونم ڕاپەڕین و شۆڕش دەستی پێکردووەو بەردەوامە،بەڵام مەترسیی هەرە گەورەو تارمایی مەرگی ڕاپەڕین هەتا ئەم چرکە ساتە بزوتنەوەی گۆڕانە نەک دەسەڵات،دەسەڵات لە سەرەمەرگدایەو خەریکی پەلەقاژەی خۆیەتی!بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت هەڵوێستی سیاسیی خۆی بە ڕاشکاوانە بەیان بکات،لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندایە یان نا؟لەگەڵ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتیی پارتیی و یەکێتییە یان بەندوبەست و بڕێک چاکسازیی ساختەو ڕووکەشانە.ئەوە مەترسییەکە لە بۆسەدایە،پێویستە هەموو لایێک و جەماوەری ڕاپەڕیو لێی ئاگەداربن و لە ناو جەرگەی خۆپیشاندانەکانەوە؛ئەو هۆشیارییە بە جەماوەر بگەیەنن و تۆڕو کۆمیتەی سەربەخۆی جەماوەریی پێکبهێنن و ڕێگە لە هەر سات و سەودایەک بگرن کە گۆڕان لە پشتی پەردەوە بیکات.
هاوڕێ تاهیر لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێت:( بهڵام هاوڕێ کازم ئاکام و ئایندهی شۆڕشی فهرامۆشکردووه… کێشهی بنچینهیی له مهسهلهکانی شۆڕشدا،کێشهی دهسهڵاتی سیاسیی دواتره.ئایا ئهو دهسهڵاتهی که پاش له دهسهڵاتی دیکتاتۆری پێشوو دێته سهرکار،دهسهڵاتێکی دیموکراتیکی ئهو تۆ دهبێت که خهڵک پهشیمانی له بهرپاکردنی شۆڕشهکهیان دهرنهبڕن؟.بۆیه من بڕوام وایه پێش لهوهی قسه له بهرپاکردنی شۆڕش بکرێت، دهبێت قسه لهوه بکرێت شۆڕش بۆچی بهرپادهکرێت و دهسهڵاتی دوای شۆڕش دهبێت چ جۆره دهسهڵاتێک بێت.ئێستا پێویسته ههموو لایهکمان قسه لهسهر ئهوه بکهین که ئاڵتهرناتیڤی دواتر بۆ دهسهڵات چی بێت ؟.من وهک خۆم، ههرگیز لهگهڵ ئهوهدا نیم دهسهڵاتێکی دیکتاتۆر و گهندهڵ بڕوخێنیت و دووباره دهسهڵاتێکی گهندهڵ و دیکتاتۆری دیکه جێگای بگرێتهوه).
بێگومان ئەو پەرەگرافە هەم گرنگە قسەی جدیی لە بارەوە بکرێت و هەمیش هاوڕێ تاهیر تێیدا کەوتۆتە کورتبینیی و نەدیتنی حوکمەکانی مێژوو.چۆن؟با لەوێوە دەست پێبکەم کە ئاییندەی هەر شۆڕشێک،واتە وەک ئەوەی هاوڕێ تاهیر دەڵێت سبەی چ فۆرم و دەسەڵاتێکی سیاسیی دێنێتە ئاراوە؟هەڵبەت ئەگەر باسەکە لە سەر خودی دەسەڵات بوایە،واتە ئەگەر باسەکە ئەوە بوایە کە ئایە من چۆن لە دەسەڵات(هەر دەسەڵاتێک)دەروانم،دەبوا ئەو کاتە ڕای خۆم لەسەر مەسەلەی دەسەڵات بدایە،بەڵام لێرەدا باس لە ئاکام و سبەینێی ئەو دەسەڵاتە سیاسییانەیە کە ئەو شۆڕشانە(شۆڕشی ناسۆسیالیستیی)کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات و کوردستانیش وەک نمونەیێک.
شۆڕش_هەر شۆڕشێک_بەرهەمی قۆناغێکی گەشەکردووی مێژوویی کۆمەڵایەتییە،هەر قۆناغێک کە تێیدا شۆڕشێک ڕوو دەدات بارگاوییە بە جۆرێک لە خەون و خەیاڵ،ئاسۆ و ئامانجی سیاسیی و فەرهەنگیی تایبەت،کۆدەنگیی وهابەشیی و لەسەر کۆمەڵێک داواکاریی سیاسیی،فەرهەنگیی،ئابوریی …تاد،لێرەدا خاڵی گرنگ ناسینی خەسڵەتەکانی شٶڕش و ئەو باکگراوندە کۆمەڵایەتییەیە کە پاڵ بە شٶڕشەوە دەنێت و شۆڕشەکان دەخولقێنێت. واتە شۆڕشێک کە خەریکە ڕوودات_هەر شۆڕشێك_کەرەستە،زەخیرەو ئامرازەکانی ئامادەبووە،واتە بە پێچەوانەی ئەو ڕایەی هاوڕێ تاهیرەوە کە دەڵێت من نامەوێت دیکتاتۆرێک بە دیکتاتۆرێک بگۆڕمەوە،بە پێچەوانەی ویستی من و هەر کەسێکەوە شۆڕشەکان ڕوو دەدەن.شۆڕشەکان ڕەگ و ڕیشەیان لە ناو مێژوودایەو ئەو مێژووەش ئەمڕۆ و لە چرکەساتی ڕوودانی شۆڕشەکاندا بە هەموو هێزە مادیی و مەعنەوییەکانێوە ئامادەیە.واتە ئامانج و ئاسۆ و داهاتووی شۆڕشەکان هەرچییەک بن دەبێت ڕوو بدەن.کێ دەیتوانی بەر بە شۆڕشی مەیدانی ئازادیی میسر بگرێت و بڵێت نابێت ئەو شۆڕشە بکرێت نەکا ئیخوان موسلمین دەسەڵات بگرێت؟یان موبارەکێکیتر بێتە سەر تەختی دەسەڵات؟یان کە هاوڕێ تاهیر نمونەی ڕاپەڕێنی ٩١ خەڵکی کوردستان دێنێتەوە کێ ئەو ماف و ئەو هێزەی هەبوو بڵێت ڕاپەڕێن مەکەن چوونکە پارتیی و یەکێتیی دێن و لە بەعس خراپتر دەکەن؟هیچ کەس.چوونکە ئەو کاتە کۆدەنگیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی کۆمەڵگە ئەبوو کە دەبێت ئەم دەسەڵاتە بڕوات،کەسیش نەیدەزانی،یان ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە بەریینە کە پاڵی بە ڕاپەڕینەوە دەنا نەیدەزانی دەسەلاتی پارتیی و یەکێتیی وەک دوو ئەژدیهای ترسناک دێن و خەڵکی قووت دەدەن.پێوستیی، هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی ئەو قۆناغە ئەوەبوو کە بەعس بڕوات و پارتیی و یەکێتیی دەسەڵات بگرن و هیچ هێزێکیش نەبوو بەر بەو واقعیەتە بگرێت.ئێستاش هەر هەروایە،ئەو هێزە جەماوەرییە هاتۆتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکات،دوا شۆڕش_ شۆڕشی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی_نییە،بەڵکو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی هێزگەلێکی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی فرە دەنگ و ڕەنگی چۆراوجۆرە کە لە شوێنێکدا یەک دەگرنەوە،ئەویش ڕۆیشتنی دەسەلاتی ئێستایە و زۆر شتیتر.ئەوە بەرهەم و ئاراستەی کۆی تێکۆشان و گەشەیێکی دیاریکراوی مێژووی بیست ساڵی خەڵکی کوردستانە، هەر لێرەدا دەتوانین بە هاوڕێ تاهیر بڵێین:بەڵێ قسە لە سەر ئاییندەی شۆڕش کراوە،ئاییندەکەشی هەرچۆنێک بێت،بە دڵی من و هاوڕی تاهیرو هەر کەسێکیتریش نەبێت لە ناو کۆی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا قەبووڵ کراوە،
لێرەدا قسەی کۆتاییم ئەوەیە،نەمانیی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی و سەرکەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان،دەروازەیێکی گەورە بە ڕووی بەرەی ئازادییخوازیی و پێشکەوتنخوازیی دەکاتەوەو سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەبات و گەشەی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی دەست پێدەکات.هەمیشە بڕێک تەوق و زنجیر هەن دەبێت تێکبشکێندرێن،بڕێک کەلەپچە هەن دەبێت شل بکرێنەوە تا بتوانین دەستمان لە سەر ڕۆخسارمان دابنێین،دەست لەو شتانە بدەین کە ئارەزوومانە دەستیان لێبدەین!
کازم قادر
22.02.2011