Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
بۆتۆیزم له‌ نێوان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و بۆمبی تیرۆریستاندا

بۆتۆیزم له‌ نێوان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و بۆمبی تیرۆریستاندا

Closed
by January 4, 2008 گشتی

ئازاد به‌کر…..               
 
بێنه‌زیر بۆتۆی ژنی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆکی پارتی گه‌لی پاکستانی بووه‌ قوربانی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌شنی ڕژێمی سه‌رکوتگه‌ری ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانی سه‌ربازی پاکستان، به‌دوور له‌ هه‌موو خو و نه‌ریتێکی ئینسانی په‌نا بۆ تیرۆر و پاکتاوکردنی نه‌یاره‌کانی خۆیان ده‌به‌ن به‌ تایبه‌تی کاتێ که‌ زانیان هه‌ڵبژاردنی گشتی به‌ڕێوه‌یه‌ و دۆڕاندن و له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتیان مسۆگه‌ره‌.‌
  زولفه‌قار عه‌لی بۆتۆی باوکی بێنه‌زیر له‌ ساڵی 1977 دا به‌تاوانی گه‌نده‌ڵی ئیداری و کوشتنی نه‌یارانی سیاسی وه‌ک ئه‌حمه‌د ڕه‌زا کاسوری له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو زیائوئه‌لحه‌ق له ‌ئه‌نجامی کوده‌تایه‌کی سه‌ربازیدا گیرا و‌ پاشان له‌سێداره‌درا. بێنه‌زیر جڵه‌وی سیاسی پارتی گه‌لی پاکستانی بۆ به‌جێما و یه‌که‌م ژن بوو‌ له‌ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌ڵبه‌ندی بزووتنه‌وه‌ و گروپی ئیسلامی سیاسیدا دوو جار ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک وه‌زیران له‌ ساڵه‌کانی 1988 بۆ 1990 و 1993 بۆ 1996 به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت. له‌ ساڵی 1990 دا حکومه‌ته‌که‌ی به‌ گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری درایه‌ دادگا و تاوانبارکرا،  ئه‌مه‌ش بووه‌ له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات و نه‌واز شه‌ریف بۆ سه‌رۆک وه‌زیران هه‌ڵبژێرا. له‌ساڵی 1993شدا له‌سه‌ر هه‌مان گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و مێرده‌که‌ی له‌ ناو خراپه‌کاری ئابڕوبه‌رانه‌دا له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا به‌فه‌رمانی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت فاروق لیگاری له ‌ده‌سه‌ڵات ده‌رکرا، تا ساڵی 2006 حکومه‌تی پاکستانی داوای له‌ ئینترۆپۆڵ کردبوو بۆ گرتنیان و ڕاده‌ستی حکومه‌تی پاکستانیان بکه‌نه‌وه‌..
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت وه‌ک له‌زاری بێنه‌زیر خۆیه‌وه‌ ووتوویه‌تی ئه‌و سه‌ره‌تا دوودڵی نیشانداوه‌ و ئاره‌زووی تێکه‌ڵابوونی کاروباری سیاسی نه‌کردووه‌. به‌ڵام پاش له‌سێداره‌دانی باوکی کاروباری سیاسی پارتی گه‌لی گرته‌ ده‌ست. له‌ساڵی 1988 دا پاش کوژرانی زیائو حه‌قی سه‌رۆک وه‌زیران له‌ ڕووداوی که‌وتنه ‌خواره‌وه‌ی ته‌یاره‌دا، بێنه‌زیر توانی ‌بۆ یه‌که‌مین جار وه‌ک ژنێک ببێته سه‌رۆک وه‌زیرانی پاکستان، ئه‌مه‌شی زیاتر له‌ پێناوی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی باوکی و زیندووکردنه‌وه‌ی ناوی بنه‌ماڵه‌که‌یان بوو.
له‌ دوای ئه‌م هه‌موو کوده‌تا سه‌ربازی و هه‌ڵبژاردنانه‌ی ساڵه‌کانی پاش حه‌فتاکانه‌وه‌ هێشتا ئه‌م ووڵاته‌ ئارامی و ئاسایشی سیاسی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، له‌هه‌موو ساتێکی دانانی ماوه‌ی هه‌ڵبژاردندا شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و پشێوی زیاتر ڕووی له‌ دانیشتوانی ئه‌م ووڵاته‌ کردووه ‌و ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و باویشه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و نه‌یارانیشیان په‌نایان بۆ توندوتیژی و تیرۆری یه‌کتری بردووه‌.
ئێستا ئاینده‌ی سیاسی ئه‌م ووڵاته‌ ڕوو له‌ مه‌ترسی زیاتره‌، له‌لایه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربازی که‌ په‌روێز موشه‌ڕه‌ف و ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و له‌و لاشه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنێکی دیمه‌کراسی سه‌ر به‌غه‌رب و ئه‌مه‌ریکایی و له‌ هه‌مان کاتدا بوونی حیزب و گروپ و تۆڕی ئیسلامی توندڕه‌و و کۆنه‌په‌رست.  ‌
ده‌وڵه‌تی پاکستان نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌یه په‌یوه‌ندی به‌هێزی سیاسی و ئابووری و په‌یماننامه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی غه‌رب و به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکادا هه‌یه‌‌، کاتێک ڕژێمی شای ئێران له‌سه‌ر کاربوو، پاکستان و ئێران دوو هاوپه‌یمانی گرنگ و ستراتیژی ئه‌مه‌ریکا بوون. ئه‌وکاته‌ی ووڵاتی ئه‌فغانستان له‌ لایه‌ن یه‌کێتی سۆڤێتی جارانه‌وه‌ توشی داگیرکاری بوو، حکومه‌تێکی خوازراوی خۆی تیا دامه‌زراند، ئیتر ئه‌مه‌ریکا و غه‌رب دوو ووڵاتی خوارووی ئاسیا پاکستان و ئێرانیان کرده‌ مۆڵگه‌ی چالاکی بزووتنه‌وه ‌و ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان و کۆمه‌ک و یارمه‌تی ماڵی و دارایی و جه‌نگی لۆژیکیان به‌و ڕه‌وته‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ ‌کرد.
هه‌تا ڕووخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تاڵیبان له‌ئه‌فغانستان، پاشان ڕووخانی شای ئێران و هاتنه‌ سه‌رکاری جمهوری ئیسلامی هێشتا ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی به‌کرده‌وه‌ پاڵپشت و هاوکاری  ئیسلامی سیاسی بوون. چونکه‌ ڕۆژئاوا ساڵانێکی زۆر له‌گه‌ڵ یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا له‌ شه‌ڕێکی ساردی درێژخایه‌ندا بوون له‌ پێناوی ده‌ست به‌سه‌راگرتن و کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌ی که‌نداو خوارووی ئاسیادا.
له‌به‌ر گرنگی پاکستان له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌مه‌ریکا له‌ساڵی 1959 وه‌ په‌یماننامه‌ی ئه‌منی ستراتیژی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و ساڵانه‌ ملیاره‌ها دۆلار یارمه‌تی ده‌کاو کۆمه‌کی سه‌ربازی و لۆژیستیکی پێده‌کاو کردویه‌تیه‌ خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمی و دوانزه‌هه‌مین سوپایه‌ له‌ جیهاندا له‌ ڕووی سه‌ربازی و چه‌کی ئۆتۆماتیک و نوێ و پێشکه‌وتووه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار ناکۆکی که‌وتۆته‌ نێوان سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مه‌ریکیه‌وه‌ له‌سه‌ر یارمه‌تی میلیتاری و ئابووری پاکستان چونکه‌ هێندێکیان پێیان وایه‌ هیندستان یه‌که‌مین هاوکاریان بێت و په‌یوه‌ندی زۆر پته‌ و کۆنتریان  له‌گه‌ڵیدا‌ هه‌یه. کێشه‌ی کۆنی سنوری نێوان پاکستان و هیندستان وایکرد هاوکاری هیندی و سۆڤیه‌تی جاران بێته‌کایه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا  ساڵی 1971 له ‌سه‌رده‌می نیکسۆنی سه‌رۆکی ئه‌وکاته‌ی ئه‌مه‌ریکادا شه‌ڕێکی گه‌وره که‌وته ‌نێوان ئه‌و دوو ووڵاته و ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌نگلادیش جیابووه‌وه‌ و ناوچه‌ی بلوجستانیش به‌هۆی ویستی جیابوونه‌وه‌وه‌‌ زه‌برێکی توندی سه‌رکوتی به‌رکه‌وت‌‌. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی پاکستان هه‌میشه‌ پشتگیری و هه‌ڵوێستیان له‌گه‌ڵ شه‌ڕ و داگیرکاری ئه‌مه‌ریکادا له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌، ئه‌م نۆکه‌رایه‌تیه‌ش وایکردووه‌‌ هه‌رده‌م ئه‌م ووڵاته‌ ڕژێمی دیکتاتۆری و میلیتاریستی سه‌رکوتگه‌ر و پێشێلکه‌ری مافی دانیشتوانه‌که‌ی بێنێته‌کایه‌وه‌‌.
 ناجێگیری بارودۆخی سیاسی پاکستان زه‌ختێکی زۆری خسۆته‌ سه‌ر واشنتۆن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی، به‌ تایبه‌تی کاتێک ئه‌و ووڵاته‌ بۆته‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی و هێزی سه‌ربازی گه‌وره‌ له‌لایه‌ک و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی قاعیده‌ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی لێ ی وه‌ بوونی ڕژێمێکی سه‌ربازی نه‌خوازرا و دژ به‌خه‌ڵک که‌ هه‌موو کات له ‌مه‌ترسی له‌ ناو چووندایه‌.
ئا له‌م کاته‌دا ئیتر غه‌رب و ئه‌مه‌ریکا ده‌بێ به‌ به‌رنامه‌ی نوێوه‌ بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی جڵه‌وی بارودۆخه‌که‌یان له‌ده‌ست ده‌ربچێ و به‌ده‌ردی عێراق و ئه‌فغانستان بچن، ده‌بێ ئه‌لته‌رناتیڤی خۆیان بدۆزنه‌وه‌، هه‌روه‌کو چۆن شۆڕشی خه‌ڵکی ئێرانیان تووشی شکست کرد و ئیسلامی شیعه‌یان کرده‌ ده‌سه‌ڵاتدار و شای کۆنه‌ هاوکار و خۆشه‌ویستیان به‌و ده‌رده‌چوو.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداوه‌کان و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ناڕازیی و توڕه‌یی خه‌ڵکی پاکستان له‌ نا ئارامی و ئاڵۆزی سیاسی و خراپی باری ئابووریدا و نه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیڤێکی شوڕشگێڕانه‌ی نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی  خه‌ڵکی مافخوراو و هه‌ژاری ئه‌و ووڵاته‌، ئه‌مڕۆ  بێنه‌زیر بۆتۆ و حیزبه‌که‌ی جارێکی تر به ‌هاوکاری و پاڵپشتی به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریکا دێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌.
ئیتر بێنه‌زیر ده‌بێته‌ سونبولی ئازادی و دیموکراسی و ڕزگارکه‌ری به‌شێکی خه‌ڵکی بێبه‌ش و بێمافکراوی  ئه‌و ووڵاته‌ و له‌ژێر فشاری غه‌رب داوا له‌ په‌روێز مشه‌ڕه‌ف ده‌کرێت ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ بێنه‌زیر نه‌گیرێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئیتر وای کردووه‌ موشه‌ڕه‌ف بڵێت (ئه‌مه‌ریکا ملی پێ که‌چکردم). به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ ئیسلامی سیاسی له‌ پاکستاندا زۆر ده‌ست ڕۆشتووه‌ و وه‌ک زه‌واهیری ده‌ڵێت (ڕازی نابن ژن و سه‌ر به‌ غه‌رب و ئه‌مه‌ریکا ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتدار، چونکه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی حوکمی ئیسلامه)‌، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران واز له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان ناهێنن و تا دوا چرکه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک داکۆکی له‌ خۆیان ده‌که‌ن، سه‌ر ئه‌نجامیش تیرۆرکردنی بێنه‌زیر بۆتۆی لێده‌که‌وێته‌وه‌.
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ که‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ ده‌یانه‌وێ به‌نرخی ڕۆژ ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن ، هه‌روه‌ک چۆن محمد زیائولحه‌ق کێبڕکێ ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی هه‌شتاکاندا ده‌کرد له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا‌ ووڵاتی به‌موسڵمانکرد و قورئانی کرده‌ سه‌رچاوه‌ی ( یاساکانی تاوان و مه‌ده‌نی) له‌ پاکستاندا و ده‌نگ و پشتگیری پیاوانی ئایینی به‌لای خۆدا ڕاکێشا و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ هه‌مان شێوه‌‌ بێنه‌زیر بۆتۆی چه‌ند ساڵ له‌ ئه‌وروپای شارستانی ژیاو ویستی لاسایی زیائولحه‌ق بکاته‌وه‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئان و له‌ چکه‌وه‌ بچێته‌وه‌ له‌ پاکستاندا نفوزو ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بارودۆخ گۆڕاوه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ ده‌کرا ئه‌مڕۆ ناکرێت ئێستا پاکستان مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی ئیسلامی سیاسی و پێگه‌ی تیرۆره‌ له‌ جیهاندا، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تریش سه‌ره‌ڕای بوونی جه‌ماوه‌ری تایبه‌ت به‌ حیزبه‌که‌ی خۆی، خه‌ڵکی پاکستان ئه‌زموونی دووجار سه‌رۆک وه‌زیریان ‌ له‌گه‌ڵ بێنه‌زیر بۆتۆدا هه‌یه.
به‌م جۆره‌ ئیتر بۆتۆیزم شکستی سیاسی پێشتری تۆمارکردووه‌ ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی بێنه‌زیر بۆتۆش چاره‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووریا نه‌ ناکات، له‌گه‌ڵ داخی زۆری هه‌موو مرۆڤ دۆستێکدا بۆ تیرۆرکردنی جه‌سته‌یی ئه‌و ئافره‌ته‌ جوان و نازداره‌‌ که‌ نیشانه‌ی نه‌بوونی ئازادی سیاسی و ڕاده‌ربڕین و قبوڵ نه‌کردنی گفتوگۆو دیالۆگی ئازاده‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ڕه‌وته‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ی له‌ و کۆمه‌ڵگایه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنی کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتوویه‌وه‌.
ڕاستیه‌کی دیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ‌حیزبه‌که‌ی بێنه‌زیریش وه‌ک ووتمان نوێنه‌ری زۆربه‌ی خه‌ڵکی پاکستان نی یه‌ و زۆر ئاشکرا تر دوای تیرۆرکردنی یه‌کسه‌ر کوڕه‌که‌ی ده‌خرێته‌ شوێنه‌که‌ی که‌ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌که‌ له‌ دیکتاتۆریه‌ت و بیرۆکراتیه‌تی زاڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌و حیزبه‌دا که‌ له‌ کوڕێکی 19 ساڵان به‌ولاوه‌ به‌ڕه‌وای نابینن که‌سایه‌تیه‌کی تر له‌ حیزبه‌که‌ی خۆشیاندا له‌ شوێنی بێنه‌زیر دابنێن. ئیتر به‌م جۆره‌ ئه‌مانه‌ و هاوشێوه‌کانیان ‌‌ زیاتر میراتگری سامان و ماڵی ئه‌و حیزبه‌و ده‌سه‌ڵاتیان لا مه‌به‌سته‌ و ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌ بایه‌خی نی یه‌  داخوازی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی بێبه‌شی ئه‌و ووڵاته‌یه‌.
له‌ناو ئاپۆڕه‌ی ئه‌م گێژاوه‌ پڕ مه‌ترسیه‌دا که‌ تێکه‌ڵه‌ له‌ ململانێ و کێشمه‌کێشی سیاسی و چینایه‌تی و ئه‌سنیکی و ناوچه‌یی و ئایینی و زه‌بروزه‌نگی دیکتاتۆری میلیتاریستی ده‌سه‌ڵاتدار، ووڵاتی پاکستان به‌ره‌و نائارامی و گرژی و پشێوی و خراپبوون و قه‌یرانی زیاتری باری سیاسی ده‌چێت، هه‌روا ئاسان نی یه،‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی زۆری ده‌وێت تا سیسته‌مێکی ئازاد و گونجاو له‌بار بتوانێ ئاسۆ و ئایینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ره‌ و کرانه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ گونجان و دواڕۆژێکی ڕووناک و خۆشگوزه‌ران ببات.   

                                                کۆتایی دیسه‌مبه‌ری 2007

Previous
Next