ڕاپه‌ڕین له دووڕیانی ناکۆکیی ئامانجه‌کاندا
پێشینانی ناڕامیار نه‌یانوتووه، جام که پڕ بوو لێی ده‌ڕژێنرێت، به‌ڵکو وتوویانه “جام که پڕ بوو، لێی ده‌ڕژێت”. به‌داخه‌وه له‌به‌ر زاڵی مێنتا‌ڵیتی ده‌روێشگه‌رایی ئایدیۆلۆجیی به‌سه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی که خۆیان به ئازادیخواز ناوزه‌دکردووه و ده‌که‌ن، هێشتاکه واتای فره‌ڕه‌هه‌ندی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ڕوون نییه یا په‌یپێنه‌براوه، که باس له خۆبه‌خۆیی ڕژانی جامی تووڕه‌یی خه‌ڵکه، به‌بێ فه‌رماندان و دیاریکردنی خاڵی ده‌ستپێکردن، ده‌کات.
ئه‌وه‌ی له ڕاپه‌ڕینه‌کانی سه‌راپای مێژوودا به‌رجه‌سته بووه، ئه‌وه‌یه که ڕاپه‌ڕینه‌کان وه‌ك خاڵی هه‌ڵکشانی شۆڕشی دژی چه‌وسانه‌وه، هه‌رده‌م خۆبه‌خۆ و پهروهردێنراوی ڕووداوه‌کان و هه‌ڵکشانی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناڕازییه‌کانن، نه‌ك نه‌خشه و به‌رهه‌می بانگه‌وازی ده‌سته‌بژێره ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان. باشترین نموونه‌ش زنجیره ڕاپه‌ڕینه‌کانی ئه‌م ده‌مه‌ن (تونس- میسر تا عیراق و ئێران، ئه‌مه‌ریکا)، که پارته ڕامیاره‌کان و خۆبهرابهرزانهکانیان تووشی شۆك کردووه و وه‌ك خڵته‌ی سه‌رده‌مێکی به‌سه‌رچوو که‌نارگیریان کردوون.
یه‌کێك له‌و خاڵانه‌ی که زۆربه‌ی نووسه‌ران له‌به‌رچاوی ناگرن، ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه له‌م ساته‌دا که ناتوانێت به‌ده‌ربێت له‌و زنجیره ڕاپه‌ڕینه‌ی که جیهانی له (تونس)ه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریکا گرتووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ڕاپه‌ڕین چ له ئازاری 1991دا و چ له ئێستادا له ڕاپه‌ڕینی هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی عیراق به‌ده‌ر نییه. چونکه زنجیره ڕاپه‌ڕینه‌کان ته‌نیا دژی سه‌رۆکێکی دیکتاتۆر نین وه‌ك ماسمیدیا و قسه‌گه‌رانی زل و گچکه-ده‌وڵه‌تانی دونیا پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو دژی سیسته‌می نائازاد و نایه‌کسان و نادادوه‌ری سه‌رمایه‌دارین و ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین له تونس پاش وه‌ده‌رنانی سه‌رۆکی ده‌وله‌تی ئه‌و وڵاته، خه‌ڵك ناچنه‌وه ماڵ، له میسر خۆپیشاندانه‌کان ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ کارخانه‌کان و ده‌بنه زنجیره مانگرتن، له لیبیا راپڕین شیوه‌ی چه‌کدارانه و ئازادکردنی شاره‌کان به‌خۆوه ده‌بینێت و له (Wisconsin)ی ئه‌مه‌ریکا ڕاپه‌ڕیوان پارله‌مان داگیر ده‌که‌ن.
له‌وانه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی که 20 ساڵه خه‌ریکی ده‌سته‌مۆکردنی خه‌ڵکن بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی که هه‌ر ڕۆژه‌ی مانیفێستێك و به‌رنامه و تاکتیکێکی مردوو ده‌نووسنه‌وه و که‌سییان نییه به‌یاننامه‌کانیان بگه‌یێنێته جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، ئه‌وانه‌ش که بهههڵخڕانی ده‌مارگیری شارچییه‌تی و زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی جه‌لالیزم، چه‌ند ساڵه ده‌یانه‌وێت ناڕه‌زایه‌تی و هوشیاربوونه‌وه‌ی تاکی کۆمه‌ڵگه له‌باربه‌رن، ڕاپه‌ڕینی کوردستان تووشی شۆکیان بکات. به‌ڵام بۆ ئه‌و تاکه ئازادیخوازانه‌ی که له ڕاپه‌ڕینی 1991ه‌وه تا هه‌نووکه بانگه‌وازی خۆهوشیاری و خۆدهستبهکاربوون، ئه‌وانه‌ی که 20 ساڵه عه‌ره‌بانه‌کانیان دهشکێندرین و ئه‌وانه‌ی که یاساکانی سه‌روه‌ری بۆرجوازی کورد به چواریه‌کی پیاویان داده‌نیت و ئه‌وانه‌ی که له سایه‌ی سه‌روه‌ری نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه و نیشتماندا خۆزگه‌کانیان تیرۆر ده‌کرێن، ئه‌وانه‌ی که 13 ساڵ له بهناونیشتمانی خۆیاندا ئاواره‌بوون و هه‌نووکه له که‌رکووك له‌ژێر چادر و قوڕولیته‌دا خه‌ونه لهبارچووهکانیان ده‌ژمێرن، 20 ساڵه ڕاپه‌ڕین، گرکانی ناڕه‌زایه‌تی ناخیانه و چاوه‌ڕێی کهلینێك بۆ ته‌قینه‌وه و هه‌ڵچوون ده‌کات و بیست ساڵه به‌راوردی وێنه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی داگیرگه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مانی بۆرجوازی کورد ده‌که‌ن، بیست ساڵه چاوه‌ڕێی وه‌ها ڕۆژێك ده‌که‌ن، که ده‌نگی ئازادیخوازانی جیهان وه‌ك سێبه‌ری مه‌رگ به‌سه‌ر سه‌ری سه‌روه‌رانه‌وه له‌م وڵاته‌وه بۆ ئه‌و وڵات و له‌م کێشوهرهوه بۆ ئه‌و کیشوه‌ر، ده‌نگدانه‌وه‌ی ئاواته‌کانیان بێت.
ئه‌مه ئه‌و ساته‌یه که ئێمه‌ی چه‌وساوه به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه‌وه و له هه‌موو گۆشه‌کانی گۆی زه‌ویدا چاوه‌ڕێی هاتنی بووین و ئه‌و ساته‌یه که سه‌روه‌ران به درێژایی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی هه‌وڵی به‌رپێگرتنیان داوه. ساتێك که ویست (ئیراده)مان به‌ده‌ستده‌هێنینه‌وه، ساتێك که له بری دڕدۆنگی له هاوسێکانمان، داخوازییه‌کانمان ئاوێزانی یه‌کتر ده‌بنه‌وه، ساتێك که چرپهکانمان ده‌بنه هاواری شه‌قام و کۆڵان و کارخانه‌کان و داخوازییه‌کان جێی وێردی ناهوشیارانه‌ی مزگه‌وت و که‌نیسه وکلیسا ده‌گرنه‌وه، ساتێك که نه‌خشه و به‌رنامه‌ی فه‌رمانده‌ران و خۆبهرابهرکردووان ده‌بنه نه‌خشه‌ی سه‌رئاو، ساتێك که له تاو هاواری ئازادیخوازانه، پۆلیسه چێنراوه‌کانی ناخمان هه‌لدێن و سرووده‌کانی ئازادی ده‌بنه‌وه وێردی سه‌رزمان و به‌ده‌م ئاوازی ئازادییه‌وه جه‌سته‌ی له خوێنگهوزاومان له شه‌قامه‌کانی ههژاردیدا سه‌ما ده‌کات، ئه‌و ساته‌ی که ده‌می فه‌رمانده‌ران و ڕامیارانی زۆربلێ له به‌رامبه‌ر مستی گرمۆڵه‌ی ژێرده‌سته‌کانیاندا ته‌ته‌ڵه ده‌کات و ئه‌ژنۆی شلبوویان توانانی ڕاگرتنی جه‌سته‌ی تهوهزهلیانی نییه.
ڕاپه‌ڕین دیارده‌یه‌کی یه‌کشه‌وه یا به‌رهه‌می بانگه‌وازی ئه‌م و ئه‌و نییه، به‌ڵکو پێگه‌یینی ناڕه‌زایه‌تییه ڕۆژانه‌ییه جه‌ماوه‌رییه‌کانه، که له هه‌ر ساتێکی ژیانی ژێرده‌سته‌ییدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و کۆمه‌لایه‌تی ده‌بنه‌وه. ڕاپه‌ڕینی تونس و میسر و هه‌رێمی Wisconsin له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هه‌رێمی کوردستانیش له‌م بنه‌مایه به‌ده‌ر نین و خوێنه‌ران ده‌توانن بگه‌رینه‌وه سه‌ر ئه‌رشیڤی کورته فیلمی ناڕزایه‌تییه‌کانی تونس له چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا له (youtube)و هه‌واڵی مانگرتنه هه‌ر ڕۆژه‌ییه‌کانی کرێکارانی میسر له تضامن ، شقیق، عیراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستانیش وه‌ك ئاگادارین هه‌رده‌م مه‌یدانی سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رکوتی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناڕازییه‌کان بوون، له‌وانه ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه له ساڵیادی 2006 ی کیمیاباراندا، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی که‌لار و گه‌رمیان له سالیادی ئه‌نفالدا و …تد، بۆ هه‌ر ئازادیخوازێك که باوه‌ڕی به خۆبه‌خۆیی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری هه‌بووبێت، ئه‌وه‌ی هه‌نووکه ڕووده‌دات، شتێکی چاوه‌ڕوانکراو بووه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی که پێیانوابووه جه‌ماوه‌ر ڕانهمهرێكه و به‌بێ شوانه‌یی ئه‌وان ئاوه‌زی گه‌ڕانه‌وه ماڵی نییه، نه‌ك چاوه‌ڕوانکراو نه‌بوو، به‌ڵکو تووشی شۆکی مه‌رگهێنه‌ری کردن.
ڕاپه‌رینی سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ری به واتای ڕزگاربوونی ناڕازییان له داوی ئایدیلۆجیای ناسیونالیستی (ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه) و مه‌زهه‌بی (ده‌سه‌ڵاتی خوا له‌سه‌ر زه‌وی) و سێکسیستی (ده‌سه‌ڵاتی پیاوان) و .. تد دێت و ته‌نیا ده‌توانێت له ده‌وری داخوازییه گشتییه‌کان و بنه‌ماکانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گشت دانیشتووان ڕێکخراوبێت و هه‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بێته مه‌رجی سه‌رکه‌وتنی له به‌دیهێنانی ئاماجهکانیدا و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش به شکست و گێڕانه‌وه‌ی باری پێش ڕاپه‌ڕین یا ته‌نانه‌ت هه‌ندیك جار به‌خراپتر ته‌واو ده‌بێت، وه‌ك شکستی ڕاپه‌ڕینی ڕێبه‌ندانی 1979ی ئێران. به‌و پێیه‌ی که ڕاپه‌رین کێشمه‌کێشی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی جه‌نگی نێوان بزاڤه ئازادیخوازه‌کان و کۆنه‌پارێزه‌کانه، له ناوخۆی ناڕازییانیشدا ئه‌م کێشمه‌کێشه له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شبوونی ناڕازییانی لایه‌ندار به‌سه‌ر پارت و ئایدیۆلۆجییه ڕواڵه‌ت جیاواز و ناوهڕۆك چونیه‌کی ده‌سه‌ڵاتخوازدا ئاماده‌یی هه‌یه و ده‌توانین له قه‌تیسمانه‌وه و لاوازی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌کانی عیراقدا به‌گشتی و هه‌رێمدا به‌تایبه‌تی ئه‌م کێشمه‌کێشانه به‌دی بکرێن. بۆیه به‌و ڕاده‌یه‌ی که لایه‌نێك بتوانێت دۆمینه‌یتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بکات، به‌و ڕاده‌یه ئه‌گه‌ری شکست و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆدانانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی ده‌سه‌ڵاتخوازانه یا تاکتیکیانه‌ی بالێکی ده‌سه‌ڵات، له ئارادا ده‌بێت، وه‌ك له‌م ڕۆژانه‌دا له هه‌رێمی کوردستان ده‌یبینین.
هه‌روه‌ها ناشبێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، که هاوکاتی ئه‌زموونگیری چه‌وساوانی وڵاتان له یه‌کتری بۆ نموونه خوێندکارانی بریتانیا له خۆپیشاندانه‌کانی یۆنان، ڕاپه‌ڕیوانی تونس له خۆپیشاندانه‌کانی خوێنداکارانی له‌نده‌ن، ڕاپه‌ڕیوانی میسر له هاوچینه‌کانیان له تونس و ڕاپه‌ڕیوانی هه‌رێمی Wisconsin ی ئه‌مه‌ریکای باکووری له ڕاپه‌ڕیوانی میسر و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی عیراق و ئێران له ئوردن و میسر و تونس، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌روه‌ری سه‌رمایه‌داری زیاتر له ئێمه و خێراتر له ئێمه ئه‌زموونگیری ده‌که‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن خاڵهلاوازهکانییان پڕبکه‌نه‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش ناوه‌نده جیهانییه‌کانی سه‌رمایه و ده‌زگه سیخوڕییه‌کانیان ده‌که‌ونه خۆ و هه‌موو توانایه‌کیان بۆ به‌هێزکردنی تابووری پێنجه‌م و گێڕانه‌وه‌ی نائومێدی ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و سه‌رۆکه له‌رزیوه‌کان په‌یامی هاوپشتی بۆ یه‌کتر ده‌نێرن و له‌یه‌کتر ده‌پارێنه‌وه که به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆیان بکرێت، جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو سه‌رکوت بکه‌ن، چونکه له که‌وتنی هه‌ر ده‌سکه‌لایه‌کی سه‌روه‌ری چ له ناوچه‌که و چ له جیهاندا مه‌رگی خۆیان و نزیکبوونه‌وه‌ی نۆره‌ی خۆیان ده‌بینن.
به‌و پێیه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کورد ته‌مه‌نێکی دوورودرێژیان له به‌رهه‌لستکاری چه‌کداریدا هه‌بووه و هاوکات له نیوسهدهی ڕابوردوودا له‌ژێر دێوجامه‌ی نه‌ته‌وه‌گه‌راییدا توانیویانه دۆمینه‌یتی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکه‌ن و هه‌نووکه‌ش له ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر و یه‌مه‌ن و ئوردن و به‌حره‌ین و لیبیادا وه‌خۆکه‌وتوون و کۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی زیندوو و مه‌یدانیان بهردهستکهوتووه و خۆشیان له ساڵانی 2006 به‌م لاوه خاوه‌نی چه‌ند ئه‌زموونێکن له سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریدا و هێشتاکه‌ش پرسی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ندیك ناوچه‌ی هه‌رێمدا به‌تایبه‌ت له کورکووکدا وه‌ك گۆچانه‌که‌ی مو‌سا به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه و جه‌ماوه‌ری پێ جادوودهکهن. بۆیه ده‌بینین، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتووتر له ده‌سه‌ڵاتدارانی تونس و میسر و یه‌مه‌ن و ئوردن و به‌حره‌ین و لیبیا و ئێران، توانیویانه سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بکه‌ن و ده‌نگی ڕاپه‌ڕین له ده‌ره‌وه بخهنکێنن.
وه‌ك وتم ئه‌مه هه‌م کۆمه‌لێك هۆکاری خۆیی هه‌یه و هه‌م کارایی و هه‌ژموونی کۆمپانیا جیهانلووشه‌کان و زلهێزه داگیرگهرهکانی له‌سه‌ره و به‌ڕێکه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه توانیویانه ئه‌م ده‌نگه له میدیای خۆراواییدا کپ بکه‌ن. کاتێك که بێکاران و خوێندکاران له تونس ڕاپه‌ڕین و کۆمه‌ڵگه‌یان به‌دوای خۆیاندا کێشایه ڕاپه‌ڕین، ده‌وڵه‌تانی خۆراوا که ناڕاسته‌خۆ له ڕێگه‌ی دهستکهلاکانیانهوه له وڵاتانی به‌ناو جیهانی-سێیه‌مدا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن، دهستهپاچهکرد و نه‌یانده‌زانی چۆن و نه‌یانتوانی ئۆپۆزسیۆنێکی فه‌رمی بۆ رامکردن خه‌ڵکی راپه‌ڕیو قوتبکه‌نه‌وه و ئاماده‌بوون ده‌ست بخه‌نه ده‌ستی هه‌ر هێزێکه‌وه، به‌مه‌رجێك بتوانێت جڵه‌وی ڕاپه‌ڕین بگرێت. هه‌ر بۆیه له ته‌ك ڕاپه‌ڕینی ئازادیخوازانی میسر، ده‌ستبه‌جێ (موحه‌مه‌د ئهلبهراده)یان نارده‌وه میسر، که زانیان ئه‌ویش که‌س لای لێ ناکاته‌وه، هانایان بۆ پارته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئیخوان ئه‌لموسلیمین برد. کاتێك ئه‌و تاکتیکه‌یان له میسر شکستی خوارد، له ئوردن هانایان بۆ ڕیفۆرم و به‌لێنه‌کانی پاشا برد. به‌ڵام ئه‌مه‌ش دادی نه‌دان و ڕاپه‌ڕین له داخوازی لابردنی سه‌رۆکێك و کابینه‌یه‌ك واوه‌تر چوو و وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ی ته‌نییه‌وه، له به‌رامبه‌ردا چاوپۆشی‌یان له سه‌رکوتی بێپه‌رده‌ی ناڕازییانی یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و ئێران و عیراق کرد. له پاڵ ئه‌م بۆلوانهدا که ده‌سه‌ڵاتی عیراقی و هه‌رێمی کوردستان بۆیان ڕه‌خسا، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ده‌سکه‌لا و ڕێکخراوه و دهستبهژێرهکانیان بۆ په‌شیمانکردنه‌وه و په‌خشکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی ژاراوی هاندا و هاوکات له‌بری دروستکردنی شهڕهکوتهی به ڕواڵه‌ت خه‌ڵکیی وه‌ك ئه‌وه‌ی میسر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کامێراکان ئاماده‌نین و که‌س نایانبینێت، بۆیه گروپه تیرۆریست و ڕفێنه‌ر و لێدهرهکانیان وه‌ك تابووری پێنجه‌م خستووهنا ناو خه‌ڵکی، ئه‌مه بێجگه له تیرۆری راگه‌یاندنیی و زۆر شێوازی فشاری دیکه، که له شاره‌کانی هه‌رێمدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه گیراونه‌ته‌به‌ر.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه کۆمپانیای وشه و لیسته به‌ناو گۆڕانه‌که‌یان له به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا له ناوچه‌ی سۆراندا وه‌ك نۆژه‌نکه‌ره‌وه و نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم و هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنی بزاڤه ناڕازییه‌کان له ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (ینک)دا وه‌ك هاوسه‌نگییه‌ك له به‌رامبه‌ر سه‌رکوتکراوی بزاڤه ناڕازییه‌کانی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (پ‌د‌ک) و پاراستنی هاوسه‌نگی هێز له چوارچێوه‌ی کێشمه‌کێشه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانیدا له (1966)ه‌وه تا هه‌نووکه و فشاردانان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی، بانگه‌وازی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کابینه‌ی ئیستای ده‌سه‌لاتی هه‌رێمیان راگه‌یاند، به‌ڵام کاتێك که زانیان جه‌ماوه‌ری نارازی به‌ڕه‌که له‌ژێر پێی خۆشیان ڕادهکێسێت و خه‌ڵکی ناڕازی واوه‌تر له چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئه‌وان ده‌ڕوات، که‌وتنه سه‌رکۆنه‌ی ڕاپه‌ڕین و ناوڕزاندنی ڕاپه‌ڕین به ئاژاوه‌گێڕی.
به‌داخه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده به‌سه‌ر زۆر نووسه‌ر و ئازادیخوازدا تێده‌په‌ڕێت، بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانخوازی هه‌رێمی کوردستان که له سێ چوار ساڵی ڕابوردوودا له‌سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رکه‌وتووه، له‌ته‌ك لیستی بهناوگۆڕانی نه‌وه‌ی سێیه‌می جهلالیستهکان یه‌کسان ده‌که‌ن و به‌م کاره‌یان له‌ڕێی خوادا لاوان به‌و لیسته ده‌سه‌ڵاتخواز و تاکتیکییه‌ی باڵی تاله‌بانی ده‌سه‌ڵات، خۆشباوه‌ڕ ده‌که‌ن، که له‌م ساته‌دا له‌ته‌ك بنه‌وان و پارتی نه‌یاریاندا له گفتوگۆدان و ده‌یانه‌وێت خۆپیشاندانه‌کان بکه‌نه ئامرازی فشاری به‌ده‌ستهێاننی داخوازییه گروپییهکانیان، که له‌لایه‌ك به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ن، که له جه‌نگی چوارساڵه‌ی ناوخۆدا بۆیان بهدهینههاتن، له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌ده‌ستهێانی به‌رته‌رییه بۆ ناڕازیانێکی ده‌سه‌ڵاتخواز که له لوتکه‌ی سه‌ره‌وه‌ی قوچکهی ئه‌و لیسته‌دا جێیانگرتووه و چاویان بڕیوه‌ته شالیاری و ده‌ستکه‌وتی ماددی زیاتر.
کاتێك که واوه‌تر له ده‌سه‌ڵات و بازنه‌ی کایه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌وانه لیستی گۆڕان، ڕێکخراوه به‌ناو نامیرییه‌کان، بۆ هه‌وڵه دهستهمۆکارییهکانی ڕاپه‌ڕین و بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دهگهرێنن، ده‌بینین، که‌م نین ئه‌وانه‌ی که به دروشمی فریوده‌رانه و به ڕواڵه‌ت ئازادیخوازانه ده‌یانه‌وێت په‌یکه‌ره‌ی ناره‌زایه‌تییه‌کان بکه‌نه په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتن بۆ ده‌سه‌ڵات و گیانبهبهرداهاتنهوهی جه‌سته‌ی چه‌ند ساڵ تهزیوویان به مژینی وزه و وره‌ی ڕاپه‌ین. ئه‌م ده‌سته‌یه له چه‌په‌وه بۆ راستی ئیسلامگه‌را ده‌گرێته‌وه، که ڕه‌خنه و جه‌نگیان له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌لاکانی وه‌ك لیستی گۆڕان له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ویست (ئیراده) و بڕیار بۆ تاکی ژێرده‌ست نییه، به‌ڵکو بۆ پاشقولگرتنه له‌و هێزه دهسهکهلایانهی که به‌راده‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ببنه کاندیدی ده‌سه‌ڵات له ڕووداوه‌کاندا.
ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه له‌خشته‌به‌ر و دهسهڵاتخوانه ده‌مێنێته‌وه جه‌ماوه‌ری ژێرده‌سته و ئازادیخوازه که نه دوێنێ و له ئه‌مڕۆدا چاوی نه‌بڕیوه‌ته به‌ده‌ستهێانی به‌رته‌ری ئابووریی و به‌شی زیاتر له تاڵانی و کورسی پارله‌مان و ناوبانگ و پله‌وپایه‌ی ده‌سته‌بژێری و سه‌روه‌ری، جه‌ماوه‌رێك که ته‌نیا خوازیاری ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه، به واتایه‌کی دیکه خوازیاری کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که هه‌مووان تێیدا وه‌ك یه‌ك له به‌رهه‌م و سامان و خۆشییه‌کانیدا به‌شدار بن و هه‌مووانیش له بنیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یدا هاریکار بن و هه‌مووان له ته‌بایی و ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌بێ جه‌نگ و زیندان و ترس بژین. ئایا ئه‌مه هه‌مان شته که پارته ڕامیاره‌کان و ده‌سته‌بژێره ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان ده‌یانه‌وێت؟
ڕاسته یه‌کێك له خاڵه هه‌ره گه‌ش و دڵخۆشگهرهکانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌رکه‌وتنی گیانی خۆبه‌خۆیی و خۆبڕیاردانی تاکه‌کانه، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه به‌و ڕاده‌ی که پارت و ده‌سته‌بژێره ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان کاراییان له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بمێنێت، ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌رته‌سك و ناوچه‌یی و ده‌سته‌مۆیی خۆشباوه‌ڕی به به‌لێنه دێموجامهییهکانی ناسیونالیزم و خوافهگهری ئایین و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌مۆی بیری سێکسیستی و ده‌مارگیری ناوچه‌یی ده‌بن، که به‌داخه‌وه له‌م بزاڤه‌ی ئیستای هه‌رێمی کوردستاندا به ئاشکرا ئه‌و لاوازییانه سێبه‌ریان به‌سه‌ر ده‌نگه‌کاندا کردووه، ته‌شه‌نه‌نه‌کردنی ڕاپه‌ڕین له‌به‌ر زاڵی بالێکی ڕامیاریی ده‌سکه‌لای بالێکی ده‌سه‌ڵات (لیستی گۆڕان و ئیسلامییه‌کان)، زاڵی سێکسیزم به‌هۆی زالی لیسته دهسکهلاکان، پارت پارتێنهی چه‌په‌کان و ڕۆڵی ناسیونالیزم له دابرانی ڕاپه‌ڕینه‌کانی ناوچه‌کانی عیراق.
له‌م نێوه‌دا به‌بێ لێکدانه‌وه و کارکردن بۆ تێکشکاندنی ڕێگرییه‌کان و تێگه‌یشتن له که‌تواری پشتپه‌رده‌ی نائاماده‌یی ژنان له‌م خرۆشانه‌ی ئیستادا، چه‌ند ده‌نگێکی ناسازی خۆبهڕابهرزانی فێمینیزمی بۆجوازی و مارکسیستی به‌بێ گوێدانه ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه ڕامیاییه زاڵه‌کان له‌و خرۆشانانه‌دا، که له پشتدهنگی ڕاپۆرته ڤیدیۆییه‌کاندا به ئاشکرا سێکسیستی و دژهمێینهییان دیاره، خوازیاری به‌شداری ژنانن وه‌ك پاشڕه‌وی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که هێشتاکه به ئاوه‌زی پاسه‌وانانی به‌رده‌م حه‌ره‌مسه‌راکانی ئوسمانییه‌کان و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و خێله‌کانیان له ژن و په‌یوه‌ندی ژنان و کۆمه‌ڵگه ده‌ڕوانن.
ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتخوازان و پاشڕه‌وانی پارته ڕامیارییه‌کان نایانه‌وێت کاری له‌سه‌ر بکرێت و ناتوانن لێی تێبگه‌ن، لێدانی سێکسیزم و شۆڤێنیزم و ده‌سه‌ڵاتخوازییه له ناو ڕێزه‌کانی خودی ناڕازییاندا وه‌ك پراکتیك و کارایی تاك و ئاراسته ئازادیخوازه‌کان له ڕاپه‌ڕیندا. یه‌کێك له‌و کاره جوانانه‌ی که ڕاپه‌ڕیوانی میسر و تونس پێی هه‌ستتان بۆ نموونه پارێزگاری له گه‌شتیاران و بیانیانێك که له‌و ساته‌دا له‌وێ بوون و ده‌سه‌ڵات و هێزه شۆڤێنیست و مه‌زهه‌بییه‌کان ده‌یانویست بیانکه‌نه نیشانه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك، دابه‌شکاری ناسێکسیستانه بوو له‌ناو کۆمیته‌کانی به‌رگری ڕاپه‌ڕین له‌نێوان ژنان و پیاوانی به‌شداربوو و ئاماده‌ی مه‌یدانیدا. به‌داخه‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه به هۆی زاڵی ده‌ستکه‌لاکانی ده‌سه‌ڵات و هه‌لپه‌رستی پۆپۆلیستانه‌ی چه‌په‌کان، که ده‌یانه‌ێت به‌هه‌ر نرخێك بووه خۆیان جه‌ماوه‌ری بکه‌نه‌وه و خۆیان بگه‌یێننه جێی دۆمینهیتگهرانی هه‌نووکه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا نامه‌وێت ته‌ڕ و وشکی چه‌پ پێکه‌وه بسووتێنم، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه که له وتاره فهرماندهرییهکانیاندا وێنه‌کانی خۆیان گه‌وره ده‌که‌نه‌وه و وه‌ك پیاوانی ڕدێن سپی و ژنانی سه‌ر سپی بزووتنه‌وه‌که خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و ڕۆژی چه‌ند به‌یاننامه و مانیفێستێك ده‌رده‌که‌ن و ژاواوی دهسهڵاتخوانهیان ده‌که‌نه مێشکی ناڕازیانی که‌مئه‌زموونه‌وه.
له به‌رامبه‌ر هه‌وڵی فه‌رمانده‌رانه‌ی ئه‌و فێمینیسته ده‌سه‌ڵاتخوازانه و ڤیدیۆگیرهکانی نه‌وه‌ی سێییه‌می جه‌لالیزم، که یه‌کێکیان بۆ ده‌رکه‌وتنی خۆی ئاماده‌یه ژنان بکاته پاشکۆی سێکسیسزیمی لایه‌نه دهسکهلاکان، ئه‌وی دیکه‌یان له‌ڕێی جنێوه پڕسووکایه‌تی و سێکسیستییهکانیانهوه، ئه‌و ژنانه‌ی که کوته‌کی ده‌سه‌ڵات و باوکسالاری و خورافه‌کانی مه‌زهه‌ب نه‌یتوانیوه گیانی ئازادیخوازانه‌یان ده‌سته‌مۆ بکات، وه‌به‌ر هێرش بدات. له‌م نێوه‌دا که‌م نین ئه‌و سایتانه‌ی که به شانازی و نۆره‌بڕی و لهیهكدزینهوه ئه‌و کورته فیلمه پڕ سوکایه‌تییانه به‌ژنان بلاوده‌که‌نه‌وه و له‌و ڕێگه‌وه ئاڵۆش و توندوتیژی ناخی خۆیان به‌رامبه‌ر ژنان داده‌مرکێننه‌وه. ئه‌وڕۆکه نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم و قوتابییه‌کانی قوتابخانه‌ی خێلایه‌تی بارزان، سادیزم و ئالۆشی سێکسیستیان وه‌ك ڕۆژانی شه‌ڕه ناوخۆییه‌کان به‌سه‌ر ژناندا داده‌مرکێننه‌وه و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری چینایه‌تی و شانازییه ناسیونالسیتییهکانیان له‌سه‌ر سووتماککردنی جه‌سته و گیانی ژنان بنیان ده‌نێن.
ئه‌گه‌ر که‌سانێك له‌به‌ر پاراستنی ده‌سه‌ڵات و که‌سانێك له‌به‌ر پوچدهرچوونی ڕابه‌رایه‌تی و پێویستی شوانه‌یی پارته‌کانیان له ڕاپه‌ڕینانه‌دا تووشی شۆك و پشێوی بوون، ئه‌وان ئازادیخوازانی هه‌رده‌م لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ڕاسته‌خۆی جه‌ماوه‌ری، شه‌یدایانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر به خۆنمایی سیکتاریسته مانیفیست و بهیاننامهنووسهکان و فێمینیسته فه‌رمانده‌ره ئهوروپانشینهکان و ڤیدیۆ سێکسیستییه‌کانی سه‌ر سایته‌کان تووشی شۆك بوون و ده‌بن و هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر هێشتا خۆبهڕابهرزانانێك په‌یدا ده‌بن و پاساو بۆ ئه‌و سێکسیزمه ده‌هێننه‌وه و نادیده‌ی ده‌گردن و هێشتا چاوه‌ڕوانیان له ژنان هه‌یه خۆیان بکه‌نه پاشڕه‌وی ئه‌و ده‌نگه سێکسیستانه، ئه‌وا ده‌پرسم ئایا پێداویستی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌جنێو و سووکایه‌تییه سێکستییه پشتدهنگییهی کورته فیلمه‌کان چییه، ئه‌گه‌ر ئامانج له بڵاوکردنه‌وه‌یان گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕازییانی ئه‌و هه‌رێمه‌یه به جیهان؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رنجه هێشتا له‌ته‌ك تۆمارکردنی کورته فیلمه‌کاندا له‌سه‌ر زاڵکردنی سێکسیزم و جنێودان سوورن و ئه‌و سایتانه‌ی که له بڵاکردنه‌وه‌ی ئه‌و جنێوفرۆشییه سێکسیستییهدا کێبركێ ده‌که‌ن، چ پاساوێکیان هه‌یه؟
لێره‌وه ده‌مه‌وێت ده‌رك وسه‌رنج و پێشبینی خۆم له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کان بخه‌مه به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی به‌سه‌رنج و ئازادیخواز. به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر هێشتا زاڵی و کوتهکبوونی پرسی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ندێك ناوچه‌دا ڕێگیریمان ده‌کات، ئه‌گه‌ر هێشتا باوکسالاری به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا یا لایه‌نیکه‌م به‌سه‌ر تۆره‌کانی هه‌واڵی ڕاپه‌ڕیندا زاڵه، ئه‌گه‌ر هێشتا ناڕازییان له‌ژێر کارایی شارچییه‌تی و هه‌ژموونی نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم به‌نێوی ڕێفۆرم و گۆڕانخوازییه‌وه به‌سه‌ر هوشمه‌ندی زۆرێکدا زاڵه، ئه‌گه‌ر هێشتا جه‌ماوه‌ر بروا و متمانه‌ی به هێزی ڕوخێنه‌رانه‌ی خۆی له هه‌موو ناوچه‌کانی عیراق و هه‌رێمی کوردستاندا نییه، ئه‌گه‌ر به‌جۆرێك هه‌ژموونی ڕیفۆرمیستی ڕێکخراوه به‌نێو نامیرییه‌کان (NGO) به‌سه‌ر توێژه ناوه‌نجیی و خوێندکارییه‌کاندا زاڵه، ئه‌وا ڕێگه‌چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه و پاشه‌کشێ نییه. به‌ڵکو هه‌وڵدانه بۆ تێکشکاندنی ئه‌و هه‌ژموونانه له ڕێیی ئاژیتاتسیۆنی ئازادیخوازانه و گرتنه‌به‌ری شێوازی خه‌بات و خۆڕێکخستنی سه‌ربه‌خۆ و پێکهێنانی کۆمیته‌کانی به‌رگرییه له ڕاپه‌ڕین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌کرێت ئازادیخوازان له هه‌ر شوێنێك هه‌ن؛
هه‌وڵی گرێدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به چوون و په‌یوه‌ندیگرتن له‌ته‌ك گه‌ڕه‌ك و شار و گوند و ناوچه‌کانی دیکه بده‌ن، چ به چوونی ڕاسته‌وخۆ چ به په‌یوه‌ندی له‌ڕێگه‌ی تۆره ئینته‌رنێتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، تاوه‌کو دووره‌په‌رێزی و لێکدابڕانی ڕیزه‌کان جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆجی و ..تد لاواز بکه‌ن و بناخه‌کانی هاودهردری و هاوخۆزگهیی و هاوده‌می یه‌کتر پته‌وتر بن، بۆ ئه‌مه‌ش دروشمگه‌ل و په‌یامی مرۆڤدۆستانه و هاوداخوازییانه پێویستن.
ئه‌گه‌ر سێکسیزم و نه‌بوونی داخوازییه‌کانی ژنان له ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا ڕێگرن له‌وه‌ی به‌شداری بکه‌ن و ببنه به‌شێك له په‌یکه‌ره‌ی ڕاپه‌ڕین، ئه‌وا ده‌کریت ژنان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی پیاوانه‌وه، له گه‌ڕه‌ك و نێوه‌نده‌کانی خێزان و شوێنه‌کانی کار و خوێندن و فه‌رمانه‌وه هه‌وڵی پێکهێنانی کۆمیته ئازادیخوازه ناسێکسیستییهکان بده‌ن و خۆیان له ده‌وری داخوازی و ئامانجه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه ڕێك بخه‌ن، چۆن له تونس ده‌نگی ژنانی لاو له ده‌نگی پیاوان به‌رزتر و ڕادیکاڵتر بوو، چۆن له یه‌مه‌ن ڕیزی ژنان یه‌کگرتووتر و دروشمه‌کانیان ڕادیکالتر بوون، ئاوا ڕاپه‌ڕین، ڕادیکاڵ بکه‌نه‌وه و له بنبه‌ست ڕزگاری بکه‌ن، که سه‌ره‌کیترین لاوازی ڕاپه‌ڕین نائاماده‌یی ژنانه و مێژووی هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌کان نیشانی داوه، که ئه‌وه ژنانن پێشه‌نگی ڕاپه‌ڕینن نه‌ك پیاوانی ده‌سه‌ڵاتخواز و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه و خوا. ده‌کرێت دروشمی له‌م جۆره “ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، سێکسیستن … به‌ره‌و زبڵدانی مێژوو بڕۆن”. به‌ڵام پێویسته ژنان له‌بیر نه‌که‌ن، که سته‌م و هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ریان، به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، ده‌سته‌بژێری، ده‌وڵه‌ت، ناسیونالیزم، مه‌زهه‌ب، پارت، له‌شکر، سه‌روخواری خێزانه و به‌بێ لێدان له پایه‌کانی هه‌ڵاواردن، ئه‌وانه‌ی ئه‌ورۆکه به‌نێوی ژنانه‌وه قسه له ڕابه‌ری ده‌که‌ن، شوێنی ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌گرنه‌وه، له‌وانه‌یه چوار-ژنه بکه‌نه دوو-ژنه یا یه‌ك-ژنه، به‌ڵام بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری خۆیان له جه‌نه‌راله سمێڵ زله‌کانی ئێستا خراپترمان پێده‌که‌ن.
وه‌ك ده‌بینین، ڕیفۆرمیستان و ده‌سته‌بژێره‌کان بۆ پاراستنی پایه‌کانی سیسته‌مه‌که، داوای ئارامی و نیشتنه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی ناڕه‌زایه‌تیمان لێده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بمانکێشنه پای پارانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتداران بۆ فڕیدانی پارووهنانێك بۆ به‌رده‌ممان، له‌ولاشه‌وه ده‌سه‌ڵاتخوازانی هه‌لپه‌رست له چه‌پ و ڕاسته‌وه، بۆ قهرهباڵخکردنی بنکه چۆڵه‌کانیان، هیچ باکیان نییه به‌گژی داروبهرماندا بده‌ن و له چوارچێوه‌ی کۆمه‌لێك داخوازی و شێوازی ناڕه‌زایه‌تی ڕامیاری دا ڕامانگرن. وه‌ك ده‌بینین، پێویسته ئه‌وه بزانین، خوێنڕشتنی زۆر، ناکاته ده‌ستکه‌وتی زۆر، به‌لكو ده‌کاته توندوتیژی زۆر و کاردانه‌وه‌ی نیگه‌تیڤی زۆر. بۆیه ئه‌گه‌ر له گه‌ڕه‌کێك، گوندێك شارێك، نه‌کرا وه‌ك شوێنه‌کانی دیکه جوولانه‌وه‌که به‌ره‌وپێش ببرێت، ئه‌وا پێویسته شێوازی دیکه بگیردرێته به‌ر و له‌بیرمان نه‌چێت، که خه‌باتی ڕاسته‌خۆ و بێ میانجیگه‌رایی ده‌سه‌ڵاتخوازان و ڕیفۆرمیستان مسۆگه‌رگه‌ری سه‌ربه‌خۆیی ڕیزه‌کانمان و سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵه‌کانمانه.
به‌داخه‌وه ئه‌وه بۆ دوو هه‌فته ده‌چێت جه‌ماوه‌ری ناڕازی ڕووبه‌ڕووی لێدان و ته‌قه و کوشتن و زیندان و هه‌ڕه‌شه و تیرۆر ده‌بێته‌وه، که‌چی هانا بۆ شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌باتی ئابووری نه‌براوه. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات (خۆپیشاندان) ئاسانتر بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازان و ڕیفۆرمیستان ده‌سته‌مۆ و کۆنترۆڵ و له‌بار ده‌برێت یا خێراتر ده‌توانن ده‌ستکه‌وته پارتیی و ههلپهرستانهکانیان بچننه‌وه، ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه به‌شداربووه‌کان له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا بواریان بۆ ئاوڕدانه‌وه له شێوازه‌کانی وه‌ك مانگرتنی گشتی، بایکۆتی ماسمیدیا به ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆکانییهوه، دانشتن و داخستنی ڕێگهسهرکییهکانی شار و په‌کخستنی کار و فه‌رمانگه و خویندنگه‌کان، نه‌هێشتووه‌ته‌وه. چونکه له‌م شێوازانه‌ی خه‌باتدا که به خه‌باتی ڕاسته‌خۆ یا کاری ڕاسته‌خۆ ناسراون، بوار بۆ دۆمینهتکردنی بزاڤه‌که له‌لایه‌ن هه‌لپه‌رستانه‌وه ناهیلیتهوه، گیانی خودکارایی و هوشیاری و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی په‌ره‌پێده‌ده‌ن و پڕۆژه ڕامیارییه‌کان و پیلانه میرییی و پارتییه‌کان تێیایاندا شکست ده‌خۆن.
پێکهێنانی کۆمیته‌کانی به‌رگری، هاریکاری، کۆمه‌ککردن و فریاگوزاری، تۆڕی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆبوونه‌وه گشتییه‌کان له شوینی کار و گه‌ره‌که‌کاندا و زۆر شتی دیکه پێداویستی هه‌نووکه‌یی و ژیانیی ڕاپه‌ڕینن و به‌بێ ئه‌و هه‌نگاوانه چانسی شکست زیاتر و به‌رهه‌می هه‌وڵه‌کانمان که‌متر ده‌بن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دروشمه‌کانی ڕاپه‌ڕیوان ڕسواگه‌ری سه‌روه‌ری و هه‌ڵاواردن (سێکسیزم، شۆڤێنزم، ڕاسیزم) و ڕیفۆرمیزمی قانگدراوی نیئۆلیبرالیزم و ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌سته‌بژێره‌کان و پارته ڕامیارییه‌کان نه‌بن، ئه‌وا نه ڕاپه‌ڕین ده‌بێته ده‌نگی کۆمه‌ڵگه و نه داخوازییه‌کان جه‌ماوه‌ری ده‌بنه‌وه و نه‌ك گۆڕان ڕیشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌کوتێت.
ماوه بڵێم، ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین نه‌توانیت سنووره‌کانی سه‌روه‌ری، نه‌ته‌وه، نه‌ژاد، ڕه‌گه‌ز، ئایین، ئایدیلۆجیا و پارت و ده‌سته‌بژێری و دێمۆکراسی ناڕاسته‌خۆ (دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تی- بۆرجوازی) ببه‌زێنێت، ئه‌وا به گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان کۆتایی دێت و بۆ چه‌ند ساڵ یا چه‌ند ده‌هه‌ی دیکه مۆری خامۆشی و ده‌سته‌مۆیی و ناکارایی و ناده‌ربه‌ستی و په‌ره‌وازه‌یی و بڕوابهیهکترنهبوون له بزاڤه کۆمه‌لایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌دات. ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین ئازادی و یه‌کسانی ژنان وه‌ك نیوه‌ی کۆمه‌ڵ له په‌یامی خۆیدا هه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌وا له وێستگه‌ی به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی چه‌ند ده‌موچاوێکی باوکسالاری دیکه‌دا کۆتایی دێت، که ژنان بێجگه له کۆیله‌تی خۆیان چیدیکه‌ی تێدا به‌دی ناکه‌ن.
هه‌ژێن