
شۆڕشی ڤیرتوهڵ یا شۆڕشی ڕاستی؟
له‌شۆڕشێکی ڤیرتوهڵهوه بۆ شۆڕشێکی کۆنکریتیی، چۆن بوونی جه‌ماوه‌رێکی ڕاسته‌قینه ده‌گۆڕدرێ بۆ ئامرازێکی شۆڕش، کاتێک یه‌که‌کانی ته‌نها له‌نێو ده‌قی کوورتکراوه‌ی فه‌یسبووک و توویته‌ر جێیانده‌بێته‌وه؟
ئاڵۆزیی و تا ڕاده‌یه‌ک چاوەڕواننەکراویی هه‌ڵچوونی شه‌قامی عه‌ره‌بیی بە پلەی یەکەم، پاشانش گۆڕانی بونیادی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه به‌ره‌و شۆڕشێک کە سه‌رتاپای میلله‌ت و هێزه سەربازیهکانی بگرێته‌وه، کارێکی سه‌خته بۆ زلهێزەکان. ئه‌وان له‌ترسی زیادبوونی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌کان، هه‌میشه پاڵپشتی ئه‌و رژێمه تۆتالیتاریانهیان کردوه. سه‌ڕه‌ڕای ورده‌کاریی زۆر له پلان و نه‌خشه ستراتیژیهکانیاندا سه‌باره‌ت به وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان، هه‌ژاریی میلله‌تیان پشتگوێ خستبوو و له حیساباتی ئێستاکێیاندا نه‌بوو، چاو‌ڕێی ئه‌وه‌شیان نه‌ده‌کرد له‌قۆناغی ”ئێستادا” شۆڕش بێته ئاراوه. له حیساباتی ئەواندا مانگرتن، خۆپێشاندان، تێهه‌ڵچون، ڕاپه‌ڕین و هه‌موو جۆره فۆرمێکی شۆڕش، ده‌بێ ئه‌وان نه‌خشه‌که‌ی بکێشن، له ناله‌بارترین باردا دەبێت له‌سه‌ر ئاماژه‌ی ئه‌وان یه‌که‌م هاواری لاچوونی سه‌رکرده‌کانی ئه‌و رژێمانه ده‌سپێکات. پرسیار لەوەدایە کە ئاخۆ ئه‌م باره نوێیه‌ی وڵاته عەرەبیەکان چاوڕێ ده‌کرا یان نا؟
له ڕووی عه‌مه‌لیه‌وه بارێکی ناهەموار هه‌بوو ده‌بوو بگۆڕدرێ. هه‌لومه‌رجه‌که‌ی له چرکه‌ی شۆڕشی تونسه‌وه خۆی سەپاند. ئێستا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بۆچی ئه‌و هێزانه بایه‌خ به شۆڕشێکی ڤێرتوەڵ ده‌ده‌ن؟ لەم جۆرە شۆڕشەدا شووناسی به‌شداربووان ته‌واو ونه و پارێزراوه. بهشدارییەکه کە کاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ی نیه، جه‌سته‌یه‌کی نیه، بەرزکردنه‌وه‌ی دەنگی هاوارێکی ڕاستی سه‌ر شه‌قامه‌کان نیه، به‌ڵکوو بهشداربوونێکه بێ ”زیانە”، کۆی ئه‌و دەنگانهیه که کاریگەریی ڕاسته‌قینه‌یان له‌سه‌ر زهمێنهی واقیع نیه، هه‌ن و نین، لێرەن و له‌وێن، هاوار ده‌که‌ن و بێده‌نگن، ده‌ڵێن وەرنه سه‌ر شه‌قام و به فیعلی له نێو هێڵه‌کانی ”فه‌یس بووک و توویته‌ر” ماونه‌ته‌وه. به‌هه‌مان ئه‌و واتایه ئه‌و زلهێزانه له ئاسمانه‌وه بیرۆکه‌ی ئه‌و ئامرازانه‌یان قوازتهوه که جه‌ماوه‌رێکی شۆڕشگێڕی ڤیرتوهڵی ”فه‌عال” به‌رامبەر بهجهماوهرێکی ”نافهعال”ی ڕاسته‌قینه درووستکه‌ن. هه‌ر لێره‌وه، جه‌ماوه‌رێک هه‌یه له بازنەیەکی خەیاڵیی هاندان و کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکدا ده‌سوڕێته‌وه و له بیرۆکه‌یه‌کی ”رۆمانتیکی” شۆڕشێکدا دەخولێتهوه. هه‌ر ئه‌مه‌شه راز و نیازی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و هێزانه ده‌رده‌خات، هیپوکرێتیی وته‌بێژه‌کانیان ئاشکرادەکات که یاری به ئەزموونی ئازادیی میلله‌تان ده‌که‌ن. هاندانی هیلاری کلینتون بۆ ته‌رخانکردنی بڕێک پاره‌ی وه‌به‌رچاو بۆ گه‌شه‌پێدان به‌و ئامرازی په‌یوه‌ندیه نوێیانه ته‌نها ئه‌م لایه‌نه ده‌سه‌لمێنێ که ئاماژه‌مان پێدا.
ڕۆڵی ئینته‌رنێت له‌و ڕووداوانەدا که‌م نیه. نه‌وه‌یه‌کی نوێ په‌یدابووه که پشت به ئیدیولوژیایهکی پێشووتره‌وه نابەستن، بیروڕایان بهرههمێهنانهوهی گوتاره‌کانی پێشووی خۆیان نیه. ئه‌مه گرنگه له‌به‌ر چاو بگیرێ، به‌ڵام مەترسی له‌وه‌دایه ئەم نەوەیە به‌ڕه‌هایی پشت به‌و تۆڕه کۆمهڵایتیانه ببه‌ستن و ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌پێگه‌یاندنی شۆڕشێکدا پشتگوێخه‌ن. گوومانی تێدا نیه ونبوونی ئۆپۆزیسیۆنی به‌هێز، ئه‌و جیاوازیه هه‌ره گه‌وره‌یه‌یی له نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاردا هه‌یه، پانتایی ئه‌و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی به‌رفراوانتر کردوه، که‌چی که شۆڕش کۆنکریتانه بەرجهسته دەبێ، به نموونه‌ی ”خدج” ئه‌چێ، واته منداڵێکی ناکامڵ ماوه‌یه‌کی پێویسته تا پێناسه‌ی منداڵی پێ ده‌بخشرێ.
ئه‌م تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیانه، هه‌روه‌ها پانتاییه‌کی ڤێرتوەڵی ڕێکخه‌ری ئه‌و خه‌ونانه‌یه که به‌زنجیره و بێ سانسۆر خۆیان خۆیان ده‌گێڕنه‌وه و له شووناسی بازنه‌ی ”هاوڕێ”دا خۆیان کوورت دهکەنەوه. ڕاسته ”فه‌یس بووک و توویته‌ر” بێلایه‌نن، ژینگه‌یه‌کن بۆ چاندنی تۆوی وشه‌ی ئازاد، وه‌لی ئه‌و هێزانه پێویستیان به‌و بێلایهنیهیه بۆ ئه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده بۆ خۆیان بکه‌ن و ڕێنمایی خه‌ڵکی لێوه بکه‌ن. ئه‌وێ گه‌ردوونێکه ده‌ستکردی ”Big Brother’ه و ره‌نگه ئه‌مه ڕووه ترسناکه‌که‌ی ئه‌و تۆڕانه بێ.
بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاریی له‌و تۆڕانه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک په‌تایه‌که. ئه‌مه ته‌نها پێشێلکردنی ماف ناگه‌ینێ، گوایه تاکه‌کان ده‌نگیان له‌و که‌ش و با پاڵێوراوه ده‌دۆزنه‌وه وشه‌پۆلێکی به ته‌وژم پێکده‌هێنن، به‌ڵکوو سهنتراڵبوونی زانیاریه، ناوه‌ڕۆکی گوتاره‌که‌ی له‌ده‌م ئه‌و هێزانه‌وه ده‌رده‌چێ و دواتر له قوڕگی جه‌ماوه‌رێکدا دەتهقێتهوه. ته‌نانه‌ت ستروکتووری ئه‌و گوتاره به چه‌ند قۆناغێکدا تێدەپهڕێ و به چه‌ند که‌ناڵێکی ئه‌ستوونیی ڕێی خۆی دهگڕیتەبهر، پاشان فۆرمێکی دی له‌خۆ ده‌گرێ و ده‌بێته که‌ناڵێکی ئاسۆیی و له نێو شه‌قام وگهورهپاندا خۆی دەنوێنێ. ناوڕۆکی ئه‌و ئه‌زموونه نوێه له ”سیبەر سپاس” تێناپه‌ڕێ. له ئه‌نجامدا، خه‌باتی ڕاسته‌قینه ده‌گوازرێته‌وه بۆ خەباتێکی دیژیتاڵ.
به‌یان سه‌لمان/پاریس