
میلله‌تی کورد له‌به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانی مێژوویدا!!!
میلله‌تی کورد ئه‌مڕۆکه له‌به‌رده‌م وه‌رچه‌رخاندنێکی مێژوویدایه، رووداوه جه‌ماوه‌رییه‌کان و قه‌یرانه سیاسییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کوردستان ته‌عبیر له کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی چۆنیه‌تی حکومڕانی ده‌کات که له ده‌سه‌ڵات و سوڵته‌ی کوردستاندا هه‌یه، که بیست ساڵه ئه‌و قه‌یران و کێشانه له ناو میلله‌ت و مه‌یدانی سیاسی په‌نگ ده‌خواته‌وه که له ئاکامی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و نه‌زۆکی سوڵته‌ی حکومه‌ته.
دوا پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن به سێ قۆڵی ( گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵه) له رۆژی 3-3 ته‌عبیرکردنه له چاکسازی ئیداری و حکومڕانی. ئه‌وه‌ی شایانی باسه بێت و په‌نجه‌ی بخرێته سه‌ر ئه‌وه‌یه که داواکارییه‌کان خاڵ به خاڵی حکومڕانی و ئیدارییه و دوور له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و فیکری و گه‌مه‌ی سیاسی. داخوازی و هه‌وڵه بۆ دروستکردنی حکومه‌تێکی کوردستانی راسته‌قینه، له لایه‌ک جێگای ره‌زامه‌ندی میلله‌ته و له لایه‌کی تریش هه‌وڵێک بۆ بیناکردنی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تێکی کوردستانی نرخدار که وڵاتان و حکومه‌تان رێزی بۆ دابنێن و وه‌ک حکومه‌تێکی سه‌رده‌م ئیعترافی پێ بکه‌ن که بنکه‌که‌ی ده‌ستوری و یاسایی و پاڵپشتی میلله‌ت هه‌بێت.
ئه‌و راستگۆییه‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له داڕشتنی خاڵه‌کانی چاکسازی دوور له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و فیکری شه‌رعییه‌ت به داواکارییه‌کان و پرۆژه‌که ده‌دا، و له لایه‌کی تریش داخوازی میلله‌ته و ته‌عبیر له میلله‌ت ده‌کات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م دوو خاڵه گرنگه‌یه که ده‌بێت هه‌موو کۆڕ و کۆمه‌ڵ و حیزبکانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به گه‌وره و بچوکه‌وه بێ لایه‌نی فیکری ده‌بێت پاڵپشتی بکه‌ن چونکه چاره‌نووس چاره‌نووسی هه‌موویانه، میلله‌ت ده‌بێت پاڵپشتی ته‌واوی بکات و چاره‌نووس و ئایندهی خۆیه‌تی، ئان و ساتێکه که ئایندهی کورد له وهرچهخاندایه.
هه‌رچه‌نده دوو خاڵی تێدا باسنه‌کراوه، یه‌که‌م مه‌سه‌له‌ی مێدیاکانی کوردستان و جیاکردنه‌وه‌ی ئۆرگانی حیزب له مێدیای گشتی. مانای ئۆرگانی حیزب بۆ ناوخۆی حیزبه به‌ڵام مێدیاکان به گشتی سه‌رچاوه‌یه‌کی زانیاریی گشتییه بۆ هه‌موو میلله‌ت. ده‌شێت که رۆژنامه یان ته‌له‌فیزیۆن مه‌یلی به لای لایه‌ن و حیزبێکدا هه‌بێت و به‌ڵام زانیاری گشتیش بڵاوده‌کاته‌وه ته‌ناته‌ت لایه‌نه‌کانی تریش و حکومه‌ت، ئێستا ئه‌م دۆخه له کوردستان نییه. له وڵاتانی ئه‌وروپا ئۆرگانێکی حکومی هه‌یه که چاودێری مێدیا ده‌کات( ئۆرگانی چاودێری مێدیا) و رێ‌و شوێنی بۆ داده‌نێت و ته‌نانه‌ت له تورکیاش هه‌یه. (( له کوردستانی بێ ساحێب و بێ حکومه‌ت رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریکا سه‌ر به حکومه‌تی ئه‌مریکی له‌سه‌ر شه‌پۆلی ف،م بڵاوده‌کرێته‌وه)) هیچ وڵاتێک رێگا نادات وڵاتێکی تر له وڵاته‌که‌ی راگه‌یاندنی هه‌بێت و به‌شێکه له یاسای نێووڵاتان و مافی ده‌ستتێوه‌رنه‌دانی ناوخۆ، له‌سه‌ر سه‌ته‌لایت و شه‌پۆلی کورت له ئاسماندا و کۆمپانیای ئه‌هلی شتێکی تره.
دووه‌م، خاڵێکی نوقسان به‌س گرنگ ئه‌مه‌یه: جێی نیگه‌رانییه که باسی دیموکراتیکردنی کۆمه‌گای کوردستانی و دیموکراتیکردنی به‌ڕێوه‌بردنی ئیداری نه‌کراوه، به به‌ڕیوه‌بردنی دیموکراتییانه بینای کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرادتی ده‌کرێت نه‌ک ته‌نها به هه‌ڵبژاردنی حیزبه‌کان بۆ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات. بۆ ئه‌مه‌ش پێویست ده‌کات وه‌زاره‌تێکی تایبه‌ت ( وه‌زاره‌تی دیموکراتیکردن) دروست بکه‌ن که له زۆر وڵات هه‌یه، ته‌نانه‌ت له سوید هه‌یه. که چاودێری پرۆسه‌ی دیموکراتی و گه‌شه‌ی دیموکراتی ده‌کات و بۆ به‌هێزکردنی دیموکراتی پێشنیار بۆ حکومه‌ت ده‌خاته به‌رده‌ست.
* ده‌بێت سووربن و چه‌خت له‌سه‌ر چاکسازی حکومڕانی بکرێت، ناڕه‌زایی به‌ده‌وام بێت، سه‌رکه‌وتنی کۆتای هه‌میشه سه‌رکه‌وتنی میلله‌ت بووه، دۆخه‌که بۆ میلله‌ت له‌باره و زروفێكی گونجاو ره‌خساوه. ده‌بێت میلله‌ت بزانێت که له پشته‌وه سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆک مام جه‌لال پاڵه‌پستۆیه‌کی زۆری وڵاتانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیاو و ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی تری له‌سه‌ره که سنوور نه‌به‌زێنن و چاکسازی بکه‌ن. هه‌ر بۆیه نه‌رمێتی پیشان ده‌ده‌ن و تا بێت له هه‌ڵوێسته‌کانیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه.
رزگار حه‌سه‌ن له – سویده – وه