چل ملیۆن هەورو بروسكە !!
قوبادى جەلى زادە…..
قەندیل ،
دەریایەكە لە نوور …
لەوىَ ،
تێكەڵى یەك دەبن
هەر چوار رووبار :
رۆژهەلات – رۆژئاوا
باكوور – باشوور !
قەندیل ،
ئاسمانێكە لە هەڵفڕین …
لە وێندەرىَ ،
كۆترەكانى كوشتەى عیشق
لە شەققەى باڵى خوێن دەدەن :
خەج و سیامەند
مەم و زین .
لاس و خەزاڵ
فەرهادوو شیرین !
قەندیل ،
پردێكە لە خوێن و بەفر …
لەو كێوە موقەدەسەدا،
باوەش بە یەكتردا دەكەن :
سنە و قامشلو .
سلێمانى و دیار بەكر !
لەوىَ … لە قەندیل ،
بەفر چەكى هەڵگرتووە .
رووبار تەلبەندى كەمینە .
باران دوور بینى شەهیدى كردۆتە چاو .
كانى بە برژانگى خوڕە ،
لە گاشە بەرد
شاسەنگەرى هەڵكەندووە .
_ با _ ى تەزیو ،
هەردوو دیدەى دوژمنانى ،
لە دەرزیلەى
ترس و روندك ، پڕ كردووە !
لەوىَ … لە قەندیل …
شۆڕەژنى وڵات پارێز ،
بەرەو لوتكە
هەنگاو بە هەنگاو ، پىَ بە پىَ .
بە هەلهەلە
تفەنگ دەهێنێتە سەر پىَ !
شۆڕە ژنى وڵات پارێز ,
سینگى دەكا بە كێَڵگەى مین
بە دەورو پشتى مەتەرێز !
لە وىَ ..
لە قەندیلى سوورو سپى ،
ژنان شەستەى ،
چلوورەى چەقۆو ژیلەمۆن
دادەبارن .
ئەوان بەسەر پشتى ئەسپى ،
بەفروو خەبات و خوێنەوە
چل ملیۆن هەوروو بروسكەن .
چل ،
چل ملیۆن شۆڕەسوارن .
لەقەندیل . لەوىَ
لەژێر تۆفى ژەهروو سوژن ،
گەریلاى پیاو
پێشمەرگەى ژن
لە رەشبەلەكى هەڵمەتان.
سترانى ئازادى دەڵێن
تارى سەركەوتن دەژەنن !