
پۆرترێتی جه‌مال شارباژێڕی به قه‌ڵه‌می سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
دوو پۆرترێت
پۆرترێتی جه‌مال شارباژێڕی به قه‌ڵه‌می سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
مرۆڤی هه‌ستپه‌روه‌ر كه هه‌ستی ئێستێتیكی شیعریی لا دروست ده‌بێت و له كرانه‌وه و تێڕوانینیه‌وه ده‌كه‌وێته ناو خه‌مه‌وه، شوێنه‌واری خه‌میش له بیركردنه‌وه‌یدا بنبڕ ناكرێت، وه‌ك به‌خشینی په‌یامێك جێی خۆی ده‌گرێت و ده‌بێته هێما بۆ مانا و مه‌به‌ست. كرده‌ی شیعری ئاسایی كردنه‌وه‌ی باره غه‌مگینییه‌كه‌ی و پڕیشگ هاوێشتنیه‌تی تا باری خه‌مڵین و پێوه‌ندیداربوونی به‌و هه‌سته‌وه، دوای ئه‌و پێوه‌نداربوونه‌ی تووشی تاراوگه‌ی ناخ ده‌بێت و له‌ناو خۆیدا هه‌ست به نامۆیی و هاوده‌می هه‌میشه‌ییی خه‌م ده‌كات. خه‌م نه‌ك گۆشه‌گیربوون. له‌م باره‌شدا په‌نا بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی وه‌همی نابات تا ئاسووده‌ییی گیانی تێدا ده‌ست بكه‌وێت. شوێَنی ئاسووده‌یی بۆ ئه‌می هه‌ستپه‌روه‌ر ته‌نیا شیعری ڕاسته‌قینه‌یه. له شوێنی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ر كۆچ ده‌كات بۆ شوێنی ئیراده‌ی وشه و مه‌ودا ده‌نگییه‌كانه‌وه، هه‌ست و بینینی ده‌گۆڕێ له ده‌ربڕین له سروشت و كاركردن له كه‌ره‌سته‌كانییه‌وه بۆ ده‌ربڕین له ژیان و مرۆڤ و پێوه‌ندی دروستكردن له نێوانیان. شیعر ده‌بێته چاوگی نایابی جۆشێكی گه‌وره، به‌ڵام نابێته هه‌ڵسووڕێنه‌ری شته‌كان تا هه‌ست و هێز و شێوه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان مرۆڤ و سروشت بگۆڕێت و جۆره هه‌ست و گڕوتینێكی بێ ئه‌ندازه بخوڵقێنێ.
ئه‌م شاعیره له‌بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌نی تێڕوانینێكی ڕۆمانسی هه‌ستییه.به بۆچوونێكی ژیرانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا زمانی ڕۆمانسی هه‌ستی ده‌كات و هێزی تیشكدانه‌وه‌ی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به‌ڵام ترپه و ئاوازه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی زمانی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، دۆزینه‌وه‌ی ترپه و ئاوازه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی زمان شایه‌نی سه‌ركێشی بۆكردنن. ترپه و ئاوازی زمانی كوردی له شوێنه نه‌ناسراوه‌كاندا نه‌هاتووه، ڕه‌گی له‌ناو گه‌رمی و نه‌رمی خاكدا به‌هێز بووه و په‌یوه‌سته به كولتوور و ئه‌و نیمچه شارستانییه‌ی دروستی كردووه. له ڕۆمانسی هه‌ستیدا تێڕوانینی كامڵ و باڵا و پڕ بۆ ژیان و جیهان و بوون نییه، بگره وێناكردنی تاكه كه‌سی و گیانی به‌هێزی هونه‌رمه‌ندێتی هه‌یه، كۆششی بۆ ئه‌مه‌یه ئه‌م وێناكردنه وه‌ك ئه‌زموونێك له فۆرمێكی شیعریدا گه‌ڵاڵه بكات و دیدێكی ڕۆمانسی قووڵ له ڕێگای هه‌سته‌كانه‌وه بخه‌مڵێنێ و پاشان وه‌ك نموونه‌یه‌كی نوێبه‌خش نیشانی بدات، ڕۆمانسییه‌ت ده‌ربڕینه له هه‌ڵوێستێكی ویژدانی، كه بوون ڕه‌نگ و شێواز و وێنه‌یه‌كی تازه‌ی پێ ده‌دا، پێوه‌ندی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ژیان و جیهان و بوون نییه، بگره پێوه‌ندی پچڕپچڕ و هه‌ڵوێسته له ژیان و جیهان و بوون وه‌ریده‌گرێت. له‌گه‌ڵ دۆخێكی كاره‌ساتباردا ڕووبه‌ڕووی ده‌كاته‌وه. هیچ هونه‌رێكیش له واقیع جیانابێته‌وه. چاوگی ئه‌فسوون و هونه‌ره سه‌رسوڕٍهێنه‌ره‌كان قووڵایی واقیعن و كرانه‌وه و جووڵانه‌وه‌ن به‌سه‌ر ژیاندا.
ئه‌و جوانییانه‌ی ئه‌ده‌ب دۆزیویه‌تییه‌وه و لێی دواوه زۆر كه‌متره له‌وه‌ی له واقیعدا بوونی هه‌یه و ڕووبه‌ڕوو دێنه ناو ژیانمان و كاریگه‌ری ده‌بێت.
ڕۆمانسیه‌ت له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه هێز وه‌رده‌گرێت ئه‌میش چاوگی خه‌مه، دواتر ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ تاراوگه‌ی ناخ و به‌رده‌وام له ناو وێناكردنی ڕابردوودا ده‌ژی، وێناكردنی ڕابردوو هۆكارێكی بنچینه‌ییه و زاڵه. پله به پله‌ش ئه‌م هه‌سته‌ی لا قووڵ و به‌هێز بووه‌ته‌وه تا خاڵی دامه‌زراندن، به‌ڵام مانه‌وه له‌ناو ڕابردوودا ده‌ربڕین له ژیان و هه‌ست و بینینی تازه ناكات، چه‌شنێكی دیاریكراوی مرۆڤ و سروشت ده‌خولێنێته‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما و بنچینه‌یه‌شه‌وه به‌رده‌وامی به توانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی داوه.
ترپه و ئاواز له‌گه‌ڵ زماندا دێته بوون و وێنه‌ش ڕووناكییه‌كه له وشه‌وه هه‌ڵدێت و ته‌واو هه‌ستیاره ، شیعری كوردی له شه‌سته‌كاندا له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی (جه‌مال شارباژێڕی) شێواز و ترپه و ئاواز و مۆسیقایه‌كی ده‌گمه‌نی به‌خۆوه بینی كه پێش ئه‌م به‌خۆیه‌وه‌ی نه‌بینیبوو. ده‌قی (كردگار- فرمێسكی نهێنی، كۆ شیعر، چاپخانه‌ی كامه‌ران، سلێمانی، ساڵی 1968، ل: 63 تا 67) له ئه‌زموونی سه‌ره‌تاكانیه‌تی. مامه‌ڵه‌یه‌كی نائومێدانه‌ی له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی بوون و نه‌بوون كردووه و تێهه‌ڵكێشی یه‌كتریان ده‌كات و له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌ت و چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌دا لێكیشیان جیا ده‌كاته‌وه. گرینگیی شیعره‌كه له ڕایه‌ڵا و هه‌ڵسووڕاندنی پرسیاره‌كانیدایه، ڕووداوه‌كانیشی له ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنێكی دیاریكراودا ڕووناده‌ن. له ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنیش هاوتایییه‌ك بۆ خۆی له‌گه‌ڵ خه‌یامدا ده‌هێنێته به‌ر دید و پاشان گفتوگۆ و هه‌وڵدان بۆ لێك تێگه‌یشتن، یان پرسیاره‌كانی خۆی له‌سه‌ر هێڵێكی درامیدا ده‌باته‌وه ناو پرسیاره‌كانی خه‌یام و درێژه‌ی پێ ده‌دات، پرسیاره‌كانیش كاریگه‌رییان به‌سه‌ر سۆزه‌وه هه‌یه، به‌هۆی سۆزه‌وه‌ش ده‌یباته ناو ڕایه‌ڵی هۆش و هه‌سته‌كان و ده‌یخه‌مڵێنێ. داڕژان و ئاوازه‌كه‌شی له بارانی نمه ده‌چێت و كاریگه‌ریی زۆره بۆ ئارامبوونه‌وه‌ی ده‌روونی خه‌مبار. شێوازیشی بۆ قۆناغی سه‌ره‌تایی شێوازێكی له‌بار و گونجاو و داهێنه‌رانه‌یه، جۆرێك تۆوی نوێبه‌خشی تێدا وه‌شاندووه. تاكو ئێستاش ئه‌م شێوازه ماوه و له‌ملا و له‌ولای شیعری كوردیدا كاری پێ ده‌كرێت. ئه‌م بزاوت و جووڵه و مانه‌وه‌یه‌ش له سروشتی داهێناندا به‌هایه‌كی ئێستێتیكییه، جوانی و شێوازی به‌رهه‌مهێناوه. به‌های ئێستێتیكیی به‌هره و سرووش ده‌به‌خشێته مرۆڤی نموونه‌یی و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی ئاگایی كۆمه‌ڵگا و كه‌سایه‌تی ده‌خه‌مڵێنێ.
پۆرترێتی جه‌لالی میرزا كه‌ریم به قه‌ڵه‌می سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌كه‌وێته نێوان شیعر و كۆمه‌ڵگا به چ ڕێگایه‌ك ده‌گاته دۆخی شكۆمه‌ندی به‌كارهێنان و داهێنان، شاعیر به چ زانیاری و پێوه‌رێك ئاسۆی نێوان شیعر و كۆمه‌ڵگا ده‌پێوێت. زمانی كۆمه‌ڵگا كه‌متر له‌ناو ڕۆشنبیری نوێبه‌خشدا كارا و چالاكه، بگره له ئاستی ده‌ستنیشانكردنی شته‌كاندا ئه‌فسوون و هێزی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. له‌هه‌مان كاتیش‌دا زمانی كۆمه‌ڵگا زمانێكی فره ده‌نگه و توانای داهێنانی زمانی تێدایه و وزه‌كانی ده‌ربڕین په‌ره پێده‌دات، پێویست نییه شاعیر وه‌ك گومان و ترسێك لێی ورد بێته‌وه و خۆی لێ تار و ته‌ریك بگرێت، كۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام له ڕێگای داهێنانه هه‌مه جۆره‌كانییه‌وه وزه‌ی زمانی به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له شیعردا زمانی سۆزی بۆ خه‌ون و داوا و پێشبینی و هه‌ست….. تاد، هه‌یه و ئاستێك دیاری ده‌كات و به‌سه‌ر پێكهاته ده‌روونییه‌كانی ده‌كرێته‌وه.
له كرانه‌وه‌یدا كاكڵی كاكڵه‌كانه. ده‌ستبڵاوی له به‌كارهێنانیدا مه‌به‌ست و مانا ماندوو ده‌كات، له‌هه‌مان به‌كارهێنانیشدا چڕكردنه‌وه‌ی زیاد له پێویستیش دیسان مه‌به‌ست و مانا ماندوو ده‌كات. له هه‌ردوو باری به‌كارهێناندا زمان توانای پاراستنی بێده‌نگی نامێنێت. (جه‌لالی میرزا كه‌ریم) به بڕوایه‌كی پته‌وه‌وه به‌شداری له ڕۆشنبیری زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆیدا كردووه.
زمان له ده‌قی (ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام- گۆڤاری به‌یان، ژماره 8ی ساڵی 1973، ل: 39 تا 40)دا ڕووداوێكی ده‌گمه‌ن نییه، درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌یه دوابه‌دوای شیعری كلاسیكی دێت و پێ به‌پێ تا دێته خواره‌وه كاڵا و كاڵتر ده‌بێته‌وه. زمان تێیدا ئاسۆی یه‌ك ئاستی وه‌رگرتووه و پێكهاته و سروشتێكی باڵا‌و جه‌ربه‌زه ڕووبه‌ڕوومان نابێته‌وه. واته سه‌ر له نوێ هه‌ستی پێناكرێته‌وه. هه‌ست به‌شتێك بكه‌یت و نه‌زانی چییه. سه‌رسامی و دۆزینه‌وه‌ی نادیاریی له‌م نوخته‌ی نه‌زانین چییه‌دا دێته كایه‌وه و وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو و په‌ی پێ نه‌بردراو فۆرمی زه‌ینی وه‌رده‌گرێت.
زمانی له خودی شیعرییه‌وه نه‌بردووه‌ته ناو خودی كۆمه‌ڵگاوه، بگره له خودی كۆمه‌ڵگاوه بردوویه‌تییه ناو خودی شیعرییه‌وه و جۆرێك توندوتیژی و ترس و تۆقانی خستووه‌ته‌وه. به‌م شێوه‌یه‌ش زمان ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌زمووندار نابێت، له ده‌روونڕۆشنی به‌تاڵا ده‌بێته‌وه و هه‌ست و نه‌شونما ده‌وه‌ستێت. له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا بارودۆخی ژیانی حه‌فتایه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی و زه‌مینه‌ی شیعریشی ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا بوو ئه‌و زمانه وه‌ربگرێت و قبووڵی بكات. له ئاستی به‌كارهێنانی هێماشدا قووڵایی هێمای نه‌پاراستووه، له قووڵاییه‌كی پێویستدا هێما به‌ره‌و ژیانێكی بزێو ناڕوات، بگره به‌رهه‌مێك ده‌هێنێته‌كایه‌وه و له‌ناوی ڕوون ده‌بێته‌وه و به‌شداری خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
(كاروانی وشه‌ی ڕاچه‌نیوو ) كۆ شیعری یه‌كه‌می ئه‌م شاعیره بووه . ساڵی 1974 ئاماده‌ی چاپی كردووه و بردوویه‌تییه چاپخانه و ته‌نانه‌ت بووه‌ته فیلمیش . به هۆی بارودۆخی سیاسی له چاپخانه‌دا وه‌رگیراوه‌ته‌وه . شاعیریش له‌م كاته‌دا به‌غدای جێهێشتووه و بووه‌ته پێشمه‌رگه ، به ئامانه‌ت لای براده‌رێكی ئه‌دیبی داناوه (……….) ، دوای نسكۆی شۆڕش ساڵانێكی زۆر وه‌ك په‌نابه‌ری دژه ده‌سه‌ڵات له ئه‌مریكا ژیا و له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕیندا گه‌ڕایه‌وه كوردستان و هاته‌وه ناو كۆمه‌ڵگای پڕ جووڵه و زیندووی خۆی و كانگای هه‌ڵڕشتنی هه‌سته‌كانی. كوردستان و كۆمه‌ڵگای كوردی ناو و ناولێنانێكن بوونی ڕاسته‌قینه‌یان له شیعره‌كانیدا هه‌یه و شاده‌ماری خوێنین، ماوه‌یه‌كی كه‌م تێیدا مایه‌وه و كۆچی دوایی كرد ، كه‌چی ئه‌م ئامانه‌ته سه‌ره داوێكی نه‌درایه ده‌ست كه‌س . كه گرینگ‌ترین كۆ شیعری نوێبه‌خشی قۆناغی ڕوانگه‌یه ، ده‌ربڕین له زمان و فۆرم و داڕشتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بكات.
گه‌ردوون به‌جۆرێك ترپه و ئاوازی دامه‌زراو، به دوای یه‌كدا هاتنی تاریك و ڕووناكی و وه‌رزه‌كان…… تاد، هه‌ڵده‌سووڕێنێ. ئه‌و جۆره ترپه و ئاوازی كه گه‌ردوون به‌ڕێوه ده‌بات گواستراوه‌ته‌وه ناو ده‌روونی مرۆڤ و وزه‌یه‌كی زۆری له بیر و مێشكی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ هێنانه كایه‌ی به‌ها ئێستێتیكییه‌كانی ژیان ڕێكخستن. لێدانی ده‌ماره‌كانی له‌شی مرۆڤ جۆرێك ترپه و ئاوازی به‌ڕێوه بردنن. گرینگ‌ترین ترپه و ئاواز له ڕۆیشتنی مرۆڤه‌وه په‌یدابووه و خۆی له‌گه‌ڵا حه‌قیقه‌تدا گونجاندووه و جۆرێك چاوگی هۆشیار بوونه‌وه‌یه.
له شیعریشدا له‌یه‌كه‌م دێڕیه‌وه تا دوا دێڕی ڕۆیشتنێكی نه‌رم هه‌یه و ترپه و ئاوازی ئه‌و ڕۆیشتنه ده‌بێته ئاهه‌نگ. شیعری ئه‌م شاعیره‌ش به‌هۆی بوونی سروشتێكی ترپه و ئاوازییه‌وه ده‌ربڕین له‌باره بوونییه‌كان و ده‌رخستنی مانا ده‌كات، به‌ڵام ته‌نیا له ڕێگای ترپه و ئاوازه‌وه ناگه‌ینه ناخی ئه‌ده‌ب، ناخی ئه‌ده‌ب خۆره و زه‌وی وه‌ك پێكهاته‌ی مه‌وداكان به ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه. ناشزانین كامه‌یان سه‌رچاوه و بنه‌وانه و كامیان پێكهاته‌یه. هه‌ر كاتێكیش بمانه‌وێ به ته‌واوی ئه‌و زانیارییه بزانین و بناسین ون ده‌بین.
شاعیری داهێنه‌ر هه‌ر به داهێنه‌ری خۆی ده‌مێنێته‌وه. خوێنه‌ری هه‌مه جۆریش ناتوانێت خۆی له ئه‌فسوون و كاریگه‌رییه‌كانی به‌دوور بگرێت. پێوه‌ری ئه‌فسوونی داهێنان شوێنی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات. له‌م ده‌ستنیشانكردنه‌دا پێوه‌ندییه داهێندراوه‌كان ده‌دۆزرێنه‌وه. به دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێین كه هه‌یه و قسه‌ی له باره‌وه ده‌كه‌ین.