سىَ نامەى بڵاونەكراوەى ئەنتۆنین ئارتۆ بۆ پاپلۆبیكاسۆ
وەرگێڕانى بۆ عەرەبى: حسین عجە….
وەرگێڕانو ئامادەكردنى: تاهیر عەبدولواحید….
چەند هەفتەیەك دواى دەرچوونى لە نەخۆشخانەى دەرونى لە (رودز)، ئەنتۆنین ئارتۆ ئەوپێنچ دەقە شیعریەى نووسى كە ناوى لێنان (ئارتۆ بۆ مۆمۆ). دواى بەربەستو قورسایە جۆراوجۆرەكان ئەو دەقە شیعریانە لەلایەن (كلوَد گالیمار)ەوە بەپێى نامەیەك لە (29/10/1946)دا ڕەت كرانەوەو بۆیان بڵاونەكردەوە، دواتر بەهۆى (بیر لویپ) ئارتۆ توانى خانەیەكى بڵاوكردنەوە بدۆزێتەوە ئەویش خانەى بڵاوكردنەوەى (بیربورداس)بوو كە ڕازى بو دیوانەكەى بەچاپێكى قەشەنگو بەتیراژێكى سنوردار بۆ بڵاوبكاتەوە، بەڵام بەمەرجێك چەند تابلۆیەكى(پاپلۆ بیكاسۆ)ى لەگەڵدابێت، ئەم سىَ نامەیەى كە پێش ئێستا بڵاونەكراونەتەوە ئەو هەنگاوانە دەست نیشان دەكەن كە ئارتۆ گرتونیە بەر لەگەڵ ئەو نیگاركێشە جیهانییەدا، ئەوهەنگاوانەى ئارتۆ هەڵیگرتن هیچ ئاكامێكى نەبوو و هیچ وەڵامێكیشى لەلایەن بیكاسۆوە دەست نەكەوت، ئارتۆ لە ماڵەكەى بیكاسۆ كە دەكەوتە سەرشەقامى (كرۆند ئۆگستین) پێشوازى لێنەكرا، دواتر بڕیارى دا تابلۆكان بەدەستى خۆى بكێشێت،. دیوانى (ئارتۆ بۆمۆمۆ) هەشت تابلۆى تیا كێشرا كە ئارتۆخۆى نیگارى كردن، دواتر و لەكۆتایى ساڵى(1974)دا لەلاى (بیربورداس) بینرانەوە، بەڵام سەربارى ئەمانەش پێویستە ئەوە بزانین كاتێك ئەوكارە هونەریانەى كەلەگەلەرى (بیربواردس)دا نمایش كران و بریتى بوون لە (تابلۆـ هێڵكارى ـ نەحت)و لە زیادكردنێكى ئاشكرادا لە (13/7/1946)دا فرۆشران، بۆ دابین كردنى بڕێك پارە بۆ پێًداویستیەكانى ژیانى ئارتۆ دواى دەرچونى لە خەستەخانەى دەروونى لە (رودز)، لەنێوانیاندا یەكێك لەوتابلۆیانە تابلۆى بیكاسۆ بوو كە بڕیارى دابوو پێى بدات،.. ئەم سىَ نامەیە دواى وەرگرتنى مۆڵەت لە(سێرگ مالوَسینا) كە لە ئەرشیفى مۆزەخانەكەى بیكاسۆدا لە پاریس پارێزرابون دیسان بڵاودەكرێنەوە:
نامەى یەكەم
پاپلۆ بیكاسوَى ئازیز..
دواى گەڕانەوەم بۆ پاریس پێنچ قەسیدەم نووسى كە ئازارێكى زۆرم لەپێناویاندا چەشت ، ڕۆژنامەى (لارى) كەڕازى بوو بەبڵاوكردنەوەى دوانیان، لەدەرچوون وەستا،، بەڵام سیانەكەى تریان ڕۆژنامەو گۆڤارە جۆراوجۆرەكان ڕەتیان كردەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا خانەیەكى بڵاوكردنەوەم دۆزیەوە ئەویش ڕێزدار(بیربورداس)ە كە ئامادەیى خۆى پیشاندا بە بڵاوكردنەوەیان، مەبەستم هەرپێنج قەسیدەكەیە، لەشێوەى نامیلكەیەكى شیعریدا، بەڵام ئەو داواى لێكردم پرس بەتۆ بكەم كە ئایا ئارەزوت هەیە نامیلكەكەم بۆ بڕازێنیتەوە بە پێنج تاشەش تابلۆى كێشراوى ئاویى زیوی یان بە چاپكردنى بەردى (لوتوگراف)؟؟ ئەمە كارێكى گەورە دەبێت، بەڵام، بۆتى دەنێرم دواى ئەوەى كە دەیانخوێنێتەوە، تۆ پاپلۆ بیكاسۆ، لەوانەیە شتێكیان دەربارە بڵێىَ، هیوادارم باوەڕ بەهەستو سۆزى نێو دڵم بكەیت سەبارەت بەتۆ..
(ئەنتۆنین ئارتۆ)
(نامەى دووەم)
پاپلۆبیكاسۆى ئازیز..
هاوڕىَ ئازیزەكەم.
پێنچ قەسیدەى تایپ كراو بە (چاپى دەستی )م گەیاندە ماڵەكەت،(بیرلویب) پێى ووتوى كە ( بیربورداس) ئارەزوى وایە بڵاویان بكاتەوە بۆم،(300) سى َسەدانەى قەشەنگم لەسەر جۆرە پەڕەیەكى نایاب بۆ چاپ دەكات، هەزار نوسخەش لەسەرپەڕەى ئاسایى، من داواى ئەوهەزار نوسخەیەى دوهەمم كرد، هەتا خوێندكارەكانو شاعیرە هەژارەكانو گەنجە بىَ پارەكان تواناى خوێندنەوەییان هەبێت، نەك تەنها دەوڵەمەندەكان ئەوانەى بازاڕى ڕەشیان قۆرخ كردوە، ئەمریكییە باكورىو باشورىوكاهینەكان،، (لامیەكان) ئەوانەى بۆ هەزارساڵ دەچێت چاویان بەجەنگەكان نەكەوتوەو لاى ئەوان نێرینە بەسەر مێینەدا زاڵ بوەو.. هتد…هتد )
ئەمەش بۆئەوەیە كە بڵێم ئەو قەسیدانە لەلاى من بانگەوازێكن كە ئێمە ئەمڕۆ ناویان دەنێین( هۆشیارى) چونكە هیچ زاراوەیەك لەوە باشتر نابینمەوە ، ئەى كەواتە هۆشیارى دەكەوێتە كوێوە لەوزەمەنەوە كە شەڕ دەسەڵاتى خۆى سەپاندوە؟ئەمەو جگە لەچەند پارچەیەك لە جەستە، هیچ شتێك لە هۆشیارى مرۆڤایەتیدا كردارێكى قێزەونى ئەنجام نەداوە، ئەوەى كە من پێى هەستاوم كارێكى هونەریى نیە كە تەنها قۆرخ كرابێت بۆ ئارەزومەندەكان، هەروەها بیریشم لەوەكردەوە كە پاپلۆ بیكاسۆ لەوانەیە ئارەزوو بكات جێدەستێك ببەخشێت، یان لێدانێك بە قەڵەمێكى پەیكەرتاشى ، یان شێوازێك لەوانەى كەلێیان هەڵدێیت وەكو من،
من نیوەڕۆى ڕۆژى شەممە دێمە دیدەنیت، مەگەر خۆت ئارەزونەكەیت.
لەگەل َڕێزمدا
ئەنتۆنین ئارتۆ، (23) شەقامى (میرىَ ) ئەفرى سورسین
(نامەى سێهەم)
بۆ پاپلۆ بیكاسۆ
من كەسێكى سەرەتایى نیم بەدوى تابلۆكانى نیگاركێشێكى گەورەدا وێڵبم تاهەنگاوە سەرەتاییەكانى خۆى هەڵبێنێت، من پێشتر گوم كردۆتە سەر وە ئارەقم داچۆڕاندۆتە سەر ئەوكتێبانەى كە باڵا نابن لەگەڵ ئەوشەڕگە ترسناكەى كە من تازە لێی هاتومەتە دەرەوە، بەڵام تەنیا بۆخۆى بەس بوو. هیچ پێویستیەكى بەچاودێرىو یاوەرى هیچ كەسوهیچ شتێك نەبوو تا ڕێگەى خۆى بگرێتە بەر، لەنێوان ئەوكارانەى كە نووسیومن لە دواى دەرچوونم لە گۆشەگیرخانەى(رودز)، پێنچ قەسیدەم پاكنووس كردوە كە بەرپرسى خانەیەكى وەرگێڕانى ڕاكێشاوەو ئارەزووى ئەوەدەكات كە نامیلكەكە پێنچ تابلۆى ئاویى زیویى لەخۆبگرێت كە تۆ بیانكێشیت، ئەمە لە كاتێكدا گەربەدەست خۆم بوایە هەرگیز بیرم لەوەنەدەكردەوە،، من تواناى ئەوەم هەیە كە وێنە تاكەكەسیەكانى خۆم(پۆرترێتەكان) بكێشم، هەروەها ڕازاندنەوەى دەقەكانم بەوشێوەیەى كە بەسبێت بۆ ئەوەى كۆمەڵە وێنەیەك بن و ببنە جەستەگەلێكى زیندو،، بەوهۆیەى كەمن لە (رودز) نەوەستام لە پیرۆزكردنى جەستە زیندوەكان، بەڕێوبەریتى پۆلیسى نەخۆشخانە دەرونیەكانى فەڕەنسى دەستیان هەڵنەگرت لە ئەشكەنجە دانم،،
ئێستامن تەمەنم پەنجاساڵە،
لە(ئەفەرى) نیشتەجێم، پێنچ ساڵم بەزیندانى و لەگەڵ برسێتىو بەدخۆراكى ڕایی كرد، سىَ ساڵى نهێنى تریشى لەگەڵ زیندان، پڕوكاندن، مانەوەم لە ژێرزەمین بەجلوبەرگى شێتەكانەوە،، پێنچ مانگیش لە ژەهراویكردنێكى بەبەرنامە بەترشەلۆكى(سەنادیرو سیانورو پۆتاسیۆم)، دواتریش دووساڵى ترى بەدواداهات بەكارەبا لێدرام لە (رودز) كە پەنجاجار لە هۆشخۆچوونى بەدواوەبوو، لەپشتیشمدا زامێك كەبەچۆ لێمدرا و شوێنەوارى ترسناكى لێدانێكى قورس بە توڵێكى ئاسنین لە (دبلن) لە مانگى(9/1937)دا بڕبڕەى پشتمى كردبەدوو كەرتەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە كە بڵێم قورسە بەلامەوە لەم بارودۆخەدا كە جەستەم بەدواى خۆمدا ڕاكێشم، ئەوەش دڵسۆزى نییە لاى تۆوە كە وام لێبكەى پێنچ جار ئەو جەستەیەم ڕاپێچ بكەم لە (ئەفەرى)یەوە بۆ شەقامى (كرۆند ئۆگستین) ئەویش لە پێناوى هیچدا، لەوانەیە شیعرەكانم بەلاى تۆوە باشنەبنو ئەو بڕیارە بدەى كە من شایستەى ئەوەنیم تا هەوڵێك لەپێناوى مندا ببەخشى، بەڵام لانى كەم واپێویست بوو لەوە ئاگادارت بكردمایەتەوەو شەرەفى ئەوەت پێبدامایە كەوەڵامم بدەیتەوە، گەرئەو وەڵامە هەرچۆنێكیش بوایە.
زەمەن ترسناكە پاپلۆبیكاسۆ…
كتێبەكان، نووسینەكان، تابلۆكان، هونەر هیچ نین، ئەوەى كە بڕیار لەسەر مرۆڤ دەدات ژیانیەتى نەك كارەكەى، ئەوكارە چیە گەر هاوارى ژیانى نەبێت؟!كارى من كارى پیاوێكى ئەشكەنجەخواردووە، بەڵام پاكە، من تەنیا دەژیم، پێم وایە ئەوەى كە زیاتر لەهەمووشتێك وایلێكردوى وەڵامم نەدەیتەوە ئەوئەهریمەنەیە كە ئێستاو لەم تەمەنەشتدا كە پێى گەیشتوى داگیرى كردویت و وایلێكردوى چۆك دابدەى،،بەڵام نازانم بۆ چ سەرقاڵىو راڕاییەك؟
چ كۆیلە بونێكە بۆ سێكس،
هەستى رقلێبوون كە هەمووشتێكى داگیركردووە خۆى بەچەندین هۆكارەوە گرێداوە لەناوئەو كەسانەى كە پێیان وابوو ئەو ساتە ئارەزوى ئەوەیان هەیە بازێك بدەن و لەو ئاژەڵییەى تیایدان دەربازببن، لەنێو ئەو هۆكارانەشدا ئاسودەیى خۆشەویستیەكى شەهوانى هەیە كە ئەوەندەى بەڵێن دەدات هێندە (بەجێناهێنێت)1
خواوەند لە گەڕانەوەى(من)ەوە لە دایكبوو، لەسەر دەفەى شانى ڕەگەزێكى بۆش، لێرەوە ناوى لەخۆینا ڕۆح نەك جەستە، ئەمەش كێشەى كەمۆكەیەك لە پیاوان نەبوو كە پێیان وابوو ئەوان بۆدژایەتیكردنى نەگریسى لە دایك بوون، بە چونەنێو فێڵى
( ناوپێنەدراو)2
سێكسیان دروست كرد،، یارى خودایى فاشییانەو هەتاهەتایى..
ئەنتۆنین ئارتۆ
************************************************
شاعیرو نیگاركێشوشانۆكارو نووسەرى بەتواناى فەڕەنسى (ئەنتۆنین ئارتۆ) لەساڵى(1869) لەدایكبووە و لەساڵى (1948)دا كۆچى دوایى كردووە. خاوەنى چەندین نووسینو كتێبە لەوانە(نهێنى پەنهانى – 1925)و (تەرازوى كۆئەندامى دەمارـ1925) دواتریش ( چەند نامەیەك بۆ جاك ریڤییرـ1927) خاوەنى گوتارێكى نوێگەرانەیە لە هونەرى شانۆدا،چەند كتێبیشى لەوبارەیەوە نووسیوە لەوانەش (مینگستۆى شانۆى توندوتیژى)و(شانۆ و هاوەڵەكەى)، ئارتۆ لەپپَناو چەسپاندنى بنەماو ئاماژە شانۆییەكانى كەبەردەوام خەونى پێوەدەبینین و كارى بۆ دەكردن، ئەزمونێكى نووسى كە ئەویش تراژیدیاى (ئال میشنشى)بوو و لەدەقەكانى (شیلى و ستاندال)ەوە وەریگرتبوون، بەڵام شكستێكى گەورەو تاڵى خواردو بەوهۆیەشەوە بارى دەروونى ئاڵۆزو خراپ بوو و بۆماوەى (10)ساڵ خرایە( نەخۆشخانەى دەرونى) یەوە..
پەراوێز:
1ـ ئەم نامەیە بەئامێرى چاپى دەستیى نووسراوەو ئارتۆ خۆى ئەوتێكستانەى بەپێنووس بۆ زیادكردوە لەنامەكەدا.
2ـ وشەیەكى تاڕادەیەك روون و دیارنیە لەنامەكەدا
سەرچاوە: پێگەى (ادب فن)
tahercen@yahoo.com